لە تورکیا، هەروەک چۆن دەنگدەری کورد ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبووە لە هەموو سەرکەوتنەکانی ئاکەپەدا، لە دوایین هەڵبژاردنەکانی ناوەخۆیشدا هەمان دەنگدەر ڕۆڵی کەمەرشکێنی هەبوو لە دۆڕاندنی هەمان حزب لە شارە گەورەکانی ئەو وڵاتەدا.
ئەحمەد داودئۆغڵو و عەلی باباجانیش کە دوو کەسایەتیی کاریگەری ناو ئاکەپە بوون و ئێستا سەرقاڵی دامەزراندنی حزبی نوێن، ئەو ڕاستییە باش دەزانن و لەمێژە لەوە حاڵی بوون کە کاری سیاسی لە تورکیا بێ ئاوڕدانەوە لە گەلی کورد و دۆزەکەی لە باکور و تەنانەت لە پارچەکانی تریش، بێ ئاکام دەبێت.
داودئۆغڵو حزبی خۆی دامەزراند، بەڵام زۆر شەرمنانە و کورد گوتەنی، لەژێر لێوەوە باسی لە دۆزی کورد کرد. وەلێ پێ دەچێت باباجان زیاتر خۆی لە پرسەکە نزیک بکاتەوە و بیکات بە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی پارتەکەی کە بڕیار وایە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا ڕایبگەیەنێت. باباجان لە ماوەی ڕابردوودا پێشوازی لە کۆمەڵێک سیاسەتمەدار و کەسایەتیی کورد کردووە و دوایین جاریش هەفتەی ڕابردوو چاوی بە شاندێکی مافناسانی کورد کەوتووە و پرسی کوردی لەگەڵیان تاوتوێ کردووە.
ئیلهامی ئیشک کە سەردەمانێک لە ناو ئاکەپەدا ڕاوێژکاری کاروباری کورد بوو و ئێستا لەگەڵ باباجان کار دەکات، ئامادەی هەموو دیدارەکانی ناوبراو و شاندە کوردییەکان بووە و هەر خۆیشی ڕێکخەری دیدارەکان بووە. ئیشک لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی (T24)ی تورکی بە شێوازێکی جیاواز لەوەی کە لە سیاسەتی تورکیادا باوە، باس لە بۆچوونی باباجان بۆ پرسی کورد دەکات و دەڵێت: "
"کوردەکان چاوەڕووانییەکی گەورەیان لە پارتەکەی باباجان هەیە. باباجان لە دوای دامەزراندنی پارتەکەی، دەستەواژەی ڕوونتر دەربارەی پرسی کورد بەکاردەهێنێت. ئەو پایە ڕەوایەی کە کوردەکان لە دنیادا بەدەستیان هێناوە، لەمەودوا لە سیاسەتی تورکیاشدا ڕەنگ دەداتەوە و هەرکەسێک بیەوێت ببێت بە جێگرەوەی ئەم دەسەڵاتەی ئێستا، ناچارە هەڵوێستی لەمەڕ پرسی کورد ئەرێنی بێت."
با چاوەڕێ بین و ببینین!
لینکی هەواڵەکە
 
---