- Details
- Category: دڵسۆز حەمە
- Hits: 566

سوپاس بۆ ووشەکانت کە پڕی راستگۆیین ، من بۆ عەوام نانوسم ، بۆ ناوبانگ و بەرشاشەکان نانوسم ، بۆ ڕۆژگارێکی هەرزان و سادەبونەوەی ئینسان هەتا دەبێتە پوشیکی دەمڕەشەبا ، بۆ ئەو ڕۆژگارە نانوسم ، بۆ مرۆڤێک دەنوسم کە هێندە قوڵ ودەگمەن وهۆشیار وجوانبینە لە جێگایەکی تری ژیانە ، لە ئەستێرەیەکی تری پڕ ئومێدە ، بۆ کەسانێک کە وەکو تۆن ، من نەک هەر لە شیعر ولە نوسیندا بەر غەدری گەورە کەوتوم ، هاوڕێی ئازیز ، ژیانم خۆی غەدرێکی گەورەیە ، وەکو ژیانی زۆربەی ژن وپیاوە جوانەکان ، بە جوانی وهۆشیاری وڕاستگۆیی وعاشق بونی خۆم دەچەوسێمەوە ،هیچ چاوەڕوانیەکەم نیە لە ژیان ودنیایەک کە لێوانلێوە لە نادادوەری و ناشرینی ومرۆڤی ساختە ، کافکا و نیتشەش لە زەمانی خۆیانا نەدەناسران وەکو پێویست ، هەمیشە ئەوانەی کۆدێکی گرانتر وبەهایەکی زیاتریان هەیە ، ئەوانەی کە دوای فەوزا ناکەون ، قوڵتر ژیان دەخوێننەوە ،ناچنە پێشەوەی حەشامات ، ژیان بۆ من تەنهاییەکە لە قەرەباڵغیدا ، شیعرێکە بۆ تەنها کەسێکی دەنوسیت ، کەسێک کە هەمو مرۆڤەکان لە خۆیدا کورت دەکاتەوە ، ساتەوەختێکی ڕاستگۆییە لەگەڵ ژیاندا کە لە دڵەوە پێبکەنیت ، یان هێندە بگریت کە دڵت دەخوسێتەوە ، دەست خۆش هاوڕێی شیرینم ، شانازیە بۆ من کە ژنێکی خوێندەوار وسەنگین و هۆشیاری وەکو تۆ بمخوێنێتەوە ، خۆشمدەوێی.
******
نوسینەکەی باخچە محمد.
ئەی پیاوی خراپ،
ئەی پیاوی بەردین!
ئازارم جوامێرتر و
تەنهاییم زۆر میهرەبانتر و
کەلاوەی کۆڵانەکانی جێهێشتن ئاوەدانترە
لە داڵانی تاریک وپێچیدەی پێکەوەبون لەگەڵ تۆدا...پیاوی خراپ!
لە دوێنێوە ئەم ووشانە و هەموو ئەو شیعرانەی تری دلسۆز حەمە کە لە ئێوارە کۆڕێکی ئۆنلایندا گوێبیستیان بووم، میوانی خەیاڵمن ونایانەوێت دەست لە بەرۆکی ڕۆحم بەردەن!
من دڵسۆز وشیعرەکانی تازە ناناسم، لەمێژە ئاشنای ئەو دەنگە پڕ هەست و ئەو خامە بوێرەم. جاران کە بەدڵێکی مەستەوە شیعری بۆپیاو وبۆعەشق ئەوت، ئێستاش کە ئازاری ژنبوون و دایک بوون و تێکشکان ئەگێڕێتەوە، هەر خۆیەتی، هەمان ژن وهەمان و دەنگ.
بەهای ئەزموونی شیعری دلسۆز تەنها لە گەیاندنی ئازاری ژنبووندا خۆی نابینێتەوە، بەڵکو ئاستی ئستاتیکیەتی، کە تایبەتمەند و ناوازەی دەکات .ئەو جوانیەیە کە بە ئازاری ئەبەخشێت، ئەتباتە جێیەک کەنەزانیت ئەوە ئازارە جوانی لێئەچۆڕێت، یاخود جوانیە و نوقمی ئازارە.
دلسۆز دوور ئەڕوات، تا شوناسێکی مێینە بۆ زمان و ڕەهەندێکی جیاواز بۆ دەربڕین بدۆزێتەوە. بۆیە هەم شوێن لە شیعرەکانیدا، فەزایەکی ژنانەیە و هەم بە چاوێکی ژنانەوە ووردەکاریەکان ئەبینێت و ئەگێڕێتەوە. تەنانەت لە هەڵبژاردنی ووشە و دەربڕینەکانیدا توانیویەتی زمان لە هەیمەنەی (ڕاشیۆ-پیاوسالاری) رزگاربکات وشتێک لە ڕۆح نزیکتری بکاتەوە. دلسۆز گەرچی شیعرەکانی درێژکراوەی هەمان چیرۆک و هەمان ئازارن بەڵام هەرگیز ڕستەیەکی شیعری لەوی تر ناچێت، و نەک دووبارە نیە، بەڵکو بەدووبارەبونەوەشیان هێشتا تینوێتیت لێیان ناشکێت...
تێکشکاندنی وێنای ستریۆتایپی پیاو و ئاوێنە دانەدەست پاتریاکی، تا بەڕوونی دەموچاوی ناشرینی خۆی ببینێت، ئەو هونەرەیە کە دلسۆز تیایدا زۆر بەهرەمەندە... هاوتەریب توانای سەرلەنوێ داڕشتنەوەی کەسایەتی ژنی وەک کارەکتەرێکی بەهێز ودایکێکی خولقێنەر هەیە. هەرچەندە لەبەر ئەم خەسڵەتانە، ئەکرێت بەرهەمی شیعری دلسۆز وەک ئەدەبی فیمینیزم و ئیمانسیپاتۆری ئەژمار بکرێت، بەڵام هزر و رۆحی شیعری ئەو بە ئازادی ئەمێنێتەوە،کە ئایدۆلۆژیا، قووڵی و مانای لێنەسەندۆتەوە.
دلسۆز مەودایەک لە نێوان خۆی و شیعرەکانیدا ناهێڵێتەوە، بە زمانێکی ڕاستەوخۆ قسە ئەکات. ئەو، ئەوێرێت پاڵەوانی چیرۆکەکانی بێت و ئەوێرێت بەناوی کەسی یەکەمەوە قسە بکات، بێ باکانە پەردە لەڕووی کەوتن و تێکشکانی خۆی هەڵماڵێت.
ئەدەبی فێمینستی دلسۆز ئەدەبێکی ریلاتڤست نیە. ئەو ناگەڕێ بە دوای لێکچوون و سەرقاڵی بەهانە هێنانەوە نیە. کێشەکان ناخاتە تەنها ئەستۆی پاشخان و فاکتەرە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکان. بەڵکو زیاتر وەک ئیسێنشیالستێک دەنگێکی باوەڕ بەخۆبووەو لەسەر جیاوازیە بایەلۆجی و دەروونیەکانی پیاو و ژن کارئەکات و هەر ئەو جیاوازیەشی کردووە بەکەرەستە وهەوێنی دونیای شیعری خۆی.
بەداخەوە ئەم خامە ڕەسەنە هەرگیز هێندەی بەهرە و توانای بەخشینی خۆی پانتایی وەرنەگرتووە... لەمەشدا دلسۆز هەر ئەزموونەکەی ژنانەیە. ژنێکە لە کایەی نوسین وپەخشدا کە لەلایەن پیاوەوە مۆنۆپۆل کراوە.
- Details
- Category: دەریا هەڵەبجەیی
- Hits: 418

جوانتریین بیانووی ژنێکی تەنیایه
ساردی ئەم کانوونه
بۆ باوەشێکی گەرمی تۆ..
ساردی و زوقمی ئەم بەفرانباره
هەستی هەندێ کەس بەشێوەیەک دەیبەستێت
بیریان دەچێت تۆ هەیت..
من نەبێت
هەتا دونیا سارد تر بێت..
زیاتر هەست به گەرمی بوونت دەکەم له ڕۆحمدا..
بیرتە وتت هیچ مەترسه
لای تۆ ئەبم
کاتێک یەکەم بارانی پاییز و
یەکەم بەفری کانوون باری..
باران باری
بەفریش باری
هاتنی تۆ نەبوو دیاری..
دەی بزانه ئەم کانوونه
چەند باوەشی من قەرزاری..
گەرم نابنەوە
گەرم نابنەوه
دەستەکانم..
کە لێم دوور دەبیت..
.ئیتر ئەوەندە لە نامە ساردەکانتا
پێم مەڵێ خۆشم دەوێیت..
هەمیشه له بیرم دەچێت
تۆ لێرە نیت
نازانم بۆچی هەموو ڕۆژێک
چاوەڕوانی هاتنت دەکەم..
درۆ گەرمەکانی تۆ
که بۆت دەنووسیم خۆشم دەوێیت
سەرمای ئەم تەنیاییەی لەبیر بردوومەتەوه..
چەنده شیرینە درۆ پیاوانەکانت..
ئەمڕۆم له دوێنێم ناچێت
لەم عەشقەی تۆدا..
هەموو ڕۆژێک خۆشم دەوێیت
تۆزێک زیاتر
له ڕۆژێ تر..
پیر نابم لە عەشقی تۆدا
وایه ئیتر..
دەریـــا هەڵەبجەیـے
- Details
- Category: دەریا هەڵەبجەیی
- Hits: 537

وانەی یەکەم..
کوردی ..
یەکەم پیت ز..
یەکەم وشه زارا..
لەسەر تەختەی ڕەشی ساڵ وا نووسرابوو..
زارا به پێکەنین هاته پۆل
منداڵەکان لەبەری هەستان..
وانەی کوردی لێرەوە دەستی پێ کرد..
هۆ منداڵان
لێره بە دواوە
له زارا وه
یەکەم پیت
فێر دەبین..
له زارا وه
یەکەم وشه
کوردستانه
که دەینووسین..
دەی منداڵان
بێ ڕاوەستان
بۆ پیتی ( ز )
زارا بنووسن
نەک زیندان..
جەرەس لێی دا..
ززززززززز
منداڵێک لەسەر تەختەی ڕەشی پۆل
بە پەله نووسی..
ز ...... زارا...
دەریـــا هەڵەبجەیـے
- Details
- Category: دەریا هەڵەبجەیی
- Hits: 297

ئێرە کوردستانه...
ڕۆژەکانی هەر له شەوەکانی دەچێت...
ئەمڕۆی لە دوێنێ و
سبەی کە دێت
هیچ ناگۆڕێت..
ئەگەر دانەر نەڕۆشتایه
بابە نوئێل دەهات..
بەفریش دەباری..
کۆڵانیش پڕ دەبوو له پێکەنین و یاری..
ئەگەر دەستگیرانی ئەو کوڕە غەریبه
نەخنکایه..
جوانتر دەبوون لێره گشت ئێوارەکان..
عەشق نەی دەبینی دابڕان و
دڵشکان..
ئەگەر مووچە ئەدرا
منداڵە بچووکەکەی دراوسێمان
وڕکی بەدایکی نەدەگرت بۆ چوونە دەرەوە..
باوکێک له شەرمەزاریدا
نەدەگریا..
ئەگەر وڵات سەرۆکی هەبوایه..
کەس بیری لەسەفەر نەدەکردەوه..
کەس دڵی نەدەهات شار به جێ بهێڵێت..
هیچ دانەرێک لافاو نەی دەفڕاند..
ماڵی پێش مەرگەیەک
نەدەسووتا لە بێ نەوتی..
هیچ کەسیش خەونی به مردنەوە نەدەبینی..
شار پڕ نەدەبوو له بەدبەختی..
سوپاس سەرۆک..
چەندە میهرەبانیت
کاتێک ئەم هەموو ڕووداوه ئەبینیت و ئەبیستیت
تۆ هیچ ناڵێیت و
وەک هەمیشه
بێدەنگی هەڵ دەبژێریت...
ڕووتان ڕەش و
تاریک و تار...
وەک کۆڵان و
شەقامی شار...
دووهەزار و بیست و دوو جار
دڵتان بشکێت..
قەزای جەستەی سارد و ون بووی
سەدان دانەر
هەزاران گەنجی دەربەدەر
له ناو دڵی ئێوەکەوێت..
دڵم نایه
بڵێم ساڵی نوێ پیرۆز بێت..
بێت یان نەیەت
له وڵاتی نەوت و ئاڵا
هیچ ناگۆڕێت...
دەریــــا هەڵەبجەیـے
- Details
- Category: دەریا هەڵەبجەیی
- Hits: 651

بەیانیت باش گەورەم..
نیوەڕۆت باش پەرلەمان..
ئێوارەت باش حکومەت..
شەوت باش دەسەڵات..
دوێێت باش جەنابی سەرۆک..
بە هیوام باش بن..
سەلامەت بووبن لەم لافاوە..
پەنجەرەی ڤێلاکانتان نەشکابێت..
فەرشی ئاوریشمی ڕاڕەوەکانتان ئاو نەیبردبێت..
جێگەی گەرمی خەوتان تەڕ نەبووبێت ..
خەوی شیرین و قوڵتان لێ تێک نەچووبێت..
بەهیوام گریانی دانەر ئێوەی بێزار نەکردبێت..
گلەییەکانی دایکی لە دڵ نەگرن
گەورەم گرنگ سەلامەتی ئێوەیه..
با شار ئاو بیبات..
ئێوە خۆش بن..
هیچ کێشه نیه..
دڵتەنگ مەبن..
خۆتان تێک مەدەن..
ئاهەنگی سەری ساڵ بەڕێوەیه..
ڕوخساری جوانتان مەشێوێنن..
نزا ئەکەم باران نەبارێت ئیتر..
بۆ ئەوەی ئاسمان ئارام بێت
ئەو کاتەی ئێوە بەنیازی گەشتن بۆ دەرەوەی وڵات..
بیرم چوو بپرسم
هەرچەندە حەدی ئەوەم نیه
کوێتان هەڵبژاردووە بۆ شەوی سەری ساڵ..
دڵنیایی بدە بە ژن و مناڵەکانتان
هیچ نیه ..
ئەوەی ڕوویدا تەنها لافاوێک بوو..
تەواو بوو...
گرنگ سەلامەتی ئێوەیه..
میللەت بەقوربانی ئێوە بێت..
بخەونەوە...
ئاسۆکان لێرەن بێ خەم بن ئێوە
خەوێکی ئارام..
شەوتان شاد گەورەم...
لە ئێستاوە ساڵی نوێتان پیرۆز بێت..
سوپاس بۆ لوتفی پڕ موحیبەتی ئێوە..
دانەری بچکۆلە تەنانەت پێویستی به کفن و گۆڕیش نەبوو..
خودا لە باوەشی گرت..
فریشتەکان بەو ئەرکه هەستان..
پرسە و سەرەخۆشیتان زیادەیە ئیتر..
دانەری شیرینم بنوو چیتر باران نابارێت..
لافاویش ڕوونادات..
تۆ کۆتا ئازاری ساڵ بوویت..
بنوو جەرگم
ڕۆحم بە فیدات..
دەریـــا هەڵەبجەیـے