کەمپەینێک بۆ گوشارخستنە سەر پارتیی، لەهەمبەر گەمارۆی ئابووریی کوردستانی رۆژئاوا ...

گەلی ئازادییخوازی کورد:

ئەکادیمیستان و رۆشنبیران:

ماوەیەکە بە ئاشکرا، پارتیی دیموکراتی کوردستان، لەڕێگەی هەندێ مورتەزیقەوە کە لە هەولێر خزمەت دەکرێن، دەیەوێ شەڕێکی خوێناویی لە کوردستانی رۆژئاوا بنێتەوە. پارتیی بەهۆی گوشارەکانی دەوڵەتی تورکیەوە، دەیەوێ کۆمەڵێ حیزبۆکەی مورتەزیقە و هەندێ کەسایەتیی وابەستەی بنەماڵەی بارزانیی بە چەک و پارەوە بنێرێتەوە بۆ ناو کوردستانی سوریە ( کوردستانی رۆژئاوا) و لەوێ شەڕ بە یەکینەکانی گەل و هێزە ئاشتیی پارێزەکانی کورد بفرۆشن. کاتێکیش پەکەکەو لایەنگرانی پەکەکە، رێگە لەکارێکی موخابەراتیی و جاسوسیی لەو شێوەیە دەگرن، پارتیی لەڕێی سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە، سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دادەخات و گەمارۆیەکی بێبەزەییانە دەخاتە سەر ژیان و گوزەرانی چەندین میلیۆن کورد.

ئەوەی جێگەی داخە، رۆشنبیران و نووسەران و ئازادییخوازان و میدیای کوردیی لە هەردوو کوردستانی باشوور و کوردستانی رۆژهەڵات، تا ئەندازەیەکی زۆر بێدەنگییان لەم تاوانە سیاسیی و مرۆییە کردووە. برسییکردنی گەلێک بۆ ئەجێندایەکی دەرەکیی، دەبێ بچێتە خانەی تاوانی سیاسییەوە و وەک خیانەتێکی نیشتمانیی و تەنانەت نەتەوەییش سەیر بکرێت. زۆربەمان گەمارۆی ئابووریی جیهانمان لەسەر عێراق لەبیر ماوە، گەمارۆی حکومەتی عێراقیشمان لەسەر هەرێمی کوردستان و گەمارۆی پارتییش لەسەر ناوچەکانی یەکێتیی، لەسەردەمی شەڕی ناوخۆدا، لەیاد ماوە. ئێستا پارتیی چەکی برسییکردن و کوشتنی شێنەیی ئینسانی کورد بە فەرمانی تورکییە جێبەجێ دەکات.
بۆ رێگرتن لە شەڕێکی خوێناویی لە نێوان زۆرینەی کوردەکانی کوردستانی رۆژئاوا لەلایەک، لەگەڵ مورتەزیقەکانی پارتیی دیموکراتی کوردستاندا، پێویستە بە توندیی ئیدانەی ئەم سیاسەتە پاشکۆییەی پارتیی بکەین. زۆر گرینگە، گەلی کورد بەگشتیی و رۆشنبیران و نووسەران و ئازادییخوازانی کورد بەتایبەتیی، وەک مەسەلەیەکی نەتەوەیی سەیری ئەم دۆسیە هەستیارە بکەن و گوشار بۆ سەر پارتیی و بنەماڵەی بارزانیی دروست بکەن. لەناوخۆێ هەرێمی کوردستان و پارچەکانی کوردستان و هەندەران، کەمپەینی ریسواکردنی ئەم سیاسەتە پاشکۆییەی پارتیی بۆ تورکیە دەست پێبکرێ. ئەم کەمپەینە، دەتوانرێ هەرکەسێک وەک تاک، ویژدانی خۆی ئاسوودە بکات، یان بە کاری هەرەوەزیی لە ناو کۆمیونیتی کوردییدا برەوی پێبدرێ و پارتیی ناچار بە پاشەکشە بکرێت و بۆ ئەوەی لەپێناو بەرژەوەندییەکای تورکیەدا، ٣١ ی ئابێکی تر لە پارچەیەکی تری کوردستان نەخوڵقێنێتەوە.

Botin kurdistani 4/6/2013


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.