تکايه ههرکهس و لايهنێک پشتيوانيی لهم پهيامه دهکات، ناوی خۆی بنووسێت بۆمان و ئێمهش ناويان له ليستی ناوهکاندا تۆمار دهکهين.
راگەیاندنی ھاوبیرانی کوردایەتی سەبارەت پەیامەکەی ئوجەلان لە نەورۆزی ٢٠١٣ دا
بەپێی ئەو راستییەی کە مەسەلەی کورد لەھەموو پارچەکانی کوردستاندا, یەک مەسەلەیە و ھەر گۆرانکاریەک لە ھەر پارچەیەکیدا، کاریگەری ئەرێنی یان نەرێنی لەسەر پارچەکانیتر ئەبێ.بە ئەرکی خۆمانی ئەزانین باری سەرنجمان بەرامبەر پەیامە سەرسورھێنەرەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئوجەلان پیشانبدەین.
سەرەتا ئەڵیێن، بەپێی ھەموو پێوەرە یاساییەکان کەسێکی زیندانیکراو ئەھلیەتی یاسایی نیە و خاوەنی ئیرادەی تەواوەتی خۆی نیە چجای کەسێکی وەک ئوجەلان کە١٤ ساڵە لە زیندانێکی تاکە کەسیدایە و لەژێر گوشار و ترس و تۆقاندنی رەگەزپەرستانی تورکدایە کە ئەوەش لەوانەیە بووبێتە ھۆی نا ئومێدی ئەو، سەرباری ئەوەی ئەو بەڕێزە دوورە لە واقیعی نەتەوەکەی و گۆرانکاریەکانی کوردستان و جیھان.
لەماوەی ساڵانی زیندانیەکەیدا ھەندێ ھەڵوێستی ھەبووە کە دژ و پێچەوانەی دید و بۆچوونەکانی پێش زیندانیکردنەکەی بوو.لەوانە، وەک ویستبێتی حاشا لە کوردبوونی خۆی بکا، جارێک وتوێتی من دایکم تورکە.لە پەیامێکیشیدا کەوتبووە مەدح و پیاھەڵدان بەسەر پەیمانی لۆزاندا!! ئەوە جگە لەوەی ئامانجی پەکەکەی لە سەر بەخۆییەوە گۆڕی بۆ پێکەوە ژیان لەگەل تورکدا.ئێستاش لەم پەیامەیدا وەک ناوی پەکەکەی لەبیرنەمابێ، یا وەک ئەوەی خۆی بەگەورەتر لە پەکەکە و کورد بزانێ (کەئەمانە ئاسایی نین) بەناوی تەنیا خۆیەوە ئەدوێ! ھەروەھا بەبێ را و راوێژی سەرکردایەتی پەکەکە و رێکخراوە سیاسیەکانی تری باکور بریاری تاکەکەسی ئەدات!.بۆیە لەخوارەوە بەکورتی ئەو پەیامە و ھەڵوێستی دەسەڵاتی تورکیش ئەخەینە ژێر ھەندێ پرسیارەوە.
دوای ئەوەی ھەوڵەکانی تورک لەماوەی ٩٠ ساڵی رابردوودا بۆ قەلاچۆ و تواندنەوەی کورد، ئامانجیان نەپێکا, دیسان دوای ٣٠ ساڵیش شەڕی پەکەکە، نەیتوانی چۆک بەگەریلاکانی کورد دابدات.ھەروەھا دوای زیندانیکردنی عەبدوڵا ئوجەلان، ئەو خەونەی نەھاتەدی کە بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد لە باکووردا لەناوبەرێ, بەڵکو بەپێچەوانەوە، ئاگری بزووتنەوەکە تابێ زیاتر کڵپە ئەسێنێ، بۆیە ئێستا رووی لەرێبازێکی تر کردووە تا ئەوەی بەشەر بەدەستی نەھێنا، بە ئاشتی بەدەستی بھێنێ، ئەویش چەک دانانە بە گەریلا و کۆتایی ھێنانە بە شۆڕشی گەلی کوردستان لە باکووردا.پەیامەکەی ئوجەلانیش (کە جێگەی چەندین گومان و پرسیارە) وائەنوێنێ بەشێکبێ لەو ھەوڵەی تورک!.ئێمە لەگەڵ رێزماندا بۆ خەبات و بەرھەمەکانی ئوجەلان، ئاماژە بۆ ئەو راستیەش ئەکەین کە ئەوبەڕێزە، ئەگەرچی لەسەردەمێکدا تێکوشەرێکی ماندوونەناس و رابەرێکی بەتوانابوە، بەڵام ئێستا بەپێی ئەوەی زیندانیەکە و چەن ساڵێکە کاربەدەستانی تورک ھەموو ھۆکارێکی ترساندن و پزیشکی و ھونەریان لەگەڵدا بەکارھێناوە بۆ شتنەوەی مێشکی، ھەر را و بڕیارێک لەو بەرێزەوە، لەم بارودۆخەی ئێستایدا ئاسایی نیە و ئەبێ گەلێ حیسابی لۆجیکی و زانستیانەی بۆبکرێ و فەرمانەکانی کوێرانە جێبەجێ نەکرێن و پیت بەپیتی وتەکانی شیکرێتەوە و بزانرێ لەژێر چ کاریگەریەکدا و بۆ چ مەبەستێک ئەدوێ یا بەکۆمەڵێ دەستەواژەی تەمومژاویەوە ھێناویانەتە دواندن، وەک: (دەسپێکی سیاسەتی دیموکراتیک و مۆدێرنتەو..ھتد) کە ئەمانە زیاتر دەستەواژەی فەلسەفین و چەندین لێکدانەوەی جیاواز ھەڵئەگرن نەک دەستەواژەی سیاسی کە ئەبێ وەک زمانی ماتماتیک روون و بێ تەمومژبێ.ئەم شێوازە تەمومژاویەش ھەمیشە دوژمنانی کورد لەکاتی لاوازیاندا بەکاریان ھێناوە بۆ ئەوەی لەکاتی ھێزیاندا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان شرۆڤەی بکەن! لەم روانگەیەوە ئێمە بەئەرکی خۆمانی ئەزانین کە ئەم باری سەرنجانەمان بخەینە روو:
- لەپایچی دوای ٣٠ ساڵ قوربانیدان گەریلاکانی پەکەکە چەک دانێن و کۆتایی بە شۆرشەکەیان بێنن!؟
- دەرکردنی گەریلاکان لە نیشتمان و لە زێدی خۆیان، مانایچی!؟ لە کۆتایی چ جەنگ و چ شۆرشیکدا، مەرجی وا ئابڕووبەر، قبووڵکراوە؟ بۆچی ئەو تێکۆشەرانە، شۆڕشیانکرد و ھەزاران شەھیدیاندا، بۆ ئەوە بوو لە ئەنجامدا شاربەدەرکرێن و لە خێزان و منداڵیان دوور خرێنەوە!؟
- بەرامبەر بەچی، دیلە تورکەکان ئازادکران؟ لەکاتێکدا دەھەزار تێکۆشەری کورد لە زیندانەکانی تورکیادان و ھیچ ھەنگاو و بەڵێنێک نیە بۆ ئازادکردنیان.
- بەرامبەر ئەم پەیامەی ئوجەلان، دەسەڵاتی تورک نەھەنگاوێکی ناوە، نەھیچ گفتێکی داوە بۆمافی نەتەوەیی زیاتر لە ٣٠ملیۆن کورد لەباکووردا.
- ھێشتا پەیامەکەی ئوجەلان، ٣ رۆژی بەسەردا تێنەپەریبوو، ئەردۆگان و گیول کەوتنە گلەیی و گازندە و بڕوبیانوو سەبارەت بەوەی لە ئاھەنگەکانی نەورۆزدا ئاڵای تورک بەرزنەکراوەتەوە.ئەمەشیان بە ئاستەنگێک دانا لە رێگەی پرۆسەی ئاشتیدا.ھەروەھا سەر ۆکی پەرلەمانی تورکیا جەمیل چیچەک، دوای پەیامەکەی ئوچەلان، بە گەریلاکانی قەندیل ئەلێ (تیرۆرست و پیاوکوژ و بەبێ پیاوکوشتن ناتوانن دانیشن).بەپێی ئاژانسی جیھانی تورکیش، دەستەی ئەرکانی سوپای تورکیا، ھەواڵەکانی وەستاندنی پرۆسەی سەربازی رەتدەکاتەوە!
- دروستکردنی ئەنجومەنی دانایان, گوایە بۆ چاودێری پرۆسەی ئاشتی و کۆتایی ھێنانە بەتیرۆر! راستییەکەی بۆ خڵافاندنی کوردە تا ئەردۆگان بەتەواوی مەبەستەکانی ئەپێکێ.ئەم ئەنجومەنە وەک ئەو لیژنانەیە کە بۆ لەگۆڕنانی مەسەلەیەک پێک ئەھێنرێن.ئەگینا کێشەیەکی گەورەی وەک کێشەی کورد بە ئەنجومەنێکی لەو جۆرە چارەسەر ناکرێت.تورکیا دەوڵەتێکە خاوەنی پەرلەمان و حکومەت و دەستور و یاسایە.ئەو کێشەیە ئەبێت لەو کەناڵانەوە چارەسەر بکرێ.
- ئوجەلان کاتێک ئەتوانێ رایەکی دروست و جێگەباوەر بدات کە لەزیندان ئازادکرێ و لە ژێر ھیچ گوشارێکدا نەمێنێ.
- رژیمی تورک ئەگەر بەراستێتی ئاشتەوایی ئەوێ، ئەوا ئەبێ جگە لە ئوجەلان، لەگەڵ قەندیل و دیاربەکریش دانوستان بکات.سەرەتا ئەبێ بەفەرمی واز لەو دروشمە شۆڤێنیەی بێنێ کە ئەلێ: (یەک نە تەوە، یەک زمان، یەک ئاڵا، یەک نیشتمان).ھەموو زیندانیە کوردەکان بە ئوجەلانیشەوە ئازادکات، بەفەرمی ئاگربەست راگەیەنێ.
- رژیمی تورک لە سۆنگەی ھێزەوە داوای ئاشتەوایی ناکات.بەڵکو گورزە کوشندەکانی گەریلا و خۆڕاگری قەندیل و راپەڕینی جەماوەری شارەکانی باکوور و پەلەقاژەی بۆ بەئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپا و زاڵبوونی PYDلەرۆژئاوای کوردستان و چاوبڕینە نەوت و بازارەکانی باشوور پاڵیان پێوەناوە کە پەنا بباتە بەر بەڕێز ئوجەلان بەڵام بە ھەرزانترین نرخ!! لە ھەمان کاتیشدا ئەیەوێ بە تیرێک ٢ نیشان بپێکێ کە نیشانی دوەم نانەوەی ٣بەرەکیە لەنێوان ئیمیرالی و قەندیل و دیاربەکردا!.بەرامبەر ئەم راستیانەش ئێستە تای ترازووی کورد سەنگینترە و رۆژ رۆژی پێداگرتنە نەک سازش یا دەسخەرۆبوون بە بەلێن یا دواخستنی خواستەکان و دابەشکردنی بەسەر چەند قۆناغێکدا!
لەبەر ئەوە، داوا لە سەرکردایەتی پەکەکە ئەکەین کە خۆڕاگربن و ئەو راستییە بزانن کە ئیستە لەلوتکەی ھێزدان و نەکەن بەو پەیامە دەستخەرۆبن.گەریلاکانیشیان لە باکوور نەکشێننەوە تا مافە نەتەوەییەکانی کورد لە دەستووری تورکیادا جێگیر ئەکرێ و بەکردەوەش و بە گەرەنتی و بە زەمانەتێکی نیودەوڵەتیش ئەو مافانە پارێزراوبن.لەبارەی چەک دانانیشەوە، بەھیچ جۆرێک چەک دانەنێن، بەڵکو تابتوانن چەکەکانیان زیاتر و کاریگەرتر بکەن.چەک بۆ ھەمووکاتێک پێویستە.لەسەردەمی شۆرشدا بۆ بەرگری, لەسەردەمی قەوارەیەکی کوردیدا بۆ پاراستنی ئەو قەوارەیە.یا وەک بەڕێز بێشکچی ئەڵێ: بۆچی ھەموو لایەک چەکداری ھەبێ و تەنیا داوا لە کورد بکرێ چەک دانێ!؟
نابێ پەکەکە خۆی و خوێنی ئەو ھەموو شەھیدانە بکاتە قوربانی ئەم پەیامەی ئوجەلان کە جێگەی گەلێ گومانە!، یا بۆ ئازادکردنی ئوجەلان، کە تورکیا، یا ھەر ئازادیناکا، یا ئەگەر ئازادیشیکرد ئەوا دوای گورزێک لە تەندروستی ئوجەلان ئازادی ئەکات.دیسان نابێ پەکەکە بەو پشتگیریە فرەلایەنە بۆ پەیامەکەی ئوجەلان دەسخەڕۆبێ.ئەوانە ھەر یەکەو لە گۆشەنیگای بەرژەوەندیی خۆیەوە ئەو پشتگیرییە ئەکات!
لەلایەکیترەوە، نەپەیامەکەی ئوجەلان و نە وتەکانی ئەردۆگان تا ئێستە ئاماژەیەکیان تیانیە بۆ مافی نەتەوەیی کورد.بەپێچەوانەوە، ئوجەلان لە نامەکەیدا ئەڵێ (ئەمرۆ رۆژێکی نوێیە بۆ تورکیایەکی نوێ) ئەمەش ئەوە ئەگەیەنێ کە ئەگەر ئوجەلان لەژێر گوشارێکدا ئەو پەیامەی بڵاونەکردبێتەوە، ئەوا بە داخەوە ئەو ئێستە لەخەمی تورکیادایە نەک کورد.
ئەم پەیامەی ئوجەلان ئەگەر نسکۆیەکی بەدوادابێ، ئەوا ئەبێتە کوشندەترین گورز بۆ ھەر چوارپارچەکەی کوردستان، بەتایبەتی بۆ رۆژئاوای کوردستان کە ئێستا کوردی رۆژئاوا خەریکە ئەکەوێتە سەرپێی خۆی.ھەروەھا گورزێکی گرانە بۆ ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان و ساڵەھایەک دوایئەخات، لەکاتێدا ئێستە گەلێ ئاماژە ھەیە بۆگەیشتن بەو ئامانجە.گریمان ئەردۆگان و حیزبەکەی نیھادیان پاکبێ، بەڵام ئەبێ بزانین کە حاکمی رەھا لە تورکیادا تەنھا ئەوان نین.تورکیا وڵاتێکە تا ئێستە عەسکەر خاوەنی بریاری کۆتاییە تیایدا, ئەوە جگە لەبوونی چەند حیزبێکی تری رەگەزپەرستی کەمالی کە لەھەر ھەڵبژاردنێکدا ئەگەری ھاتنە سەر حوکمیان ھەیە.ئەوەشمان لەبیرنەچێ کە ئەم ھەنگاوەی ئوردوگان بەناوی ئاشتەواییەوە، جگە لەو مەبەستانەی ئاماژەمان بۆکرد، ھەوڵێکیشە بۆ لەباربردنی نەخشەی نوێی رۆژھەڵاتی ناوەراست کە کوردستانێکی سەربەخۆی لەخۆگرتوە.ھەروەھا پروپاگانتەیەکە بۆ ھەڵبژاردنەوەی پارتەکەی.
ئێمە وەک ژمارەیەک ھاوبیرانی کوردایەتی، بڵاوکردنەوەی ئەم راگەیاندنەمان ھەفتەیەک دواخست تا بزانین کاردانەوە و ھەلوێستی رژێمی تورک چی ئەبێ، لە ئەنجامدا دەرکەوت یەک ھەنگاو لە لووتبەرزی و رەگەزپەرستیی خۆی نەھاتۆتە دواوە! وەک پەکەکە شکست و دۆڕاوی جەنگبێ!.بۆیە وا ئێستە راگەیاندنەکەمان، وەک نامەیەکی کراوە، ئاڕاستەی سەرکردایەتیی پەکەکە و رای گشتی ئەکەین.داواش لە ھەر لایەن و ھاوبیر و رۆشنبیریکیدی ئەکەین (ئەوانەی پێڕانەگەیشتین پەیوەندیان پیوەبکەین) دەنگیان بخەنە پاڵ دەنگمان بە ناردنی ناویان بۆ ئەو کەناڵانەی ئەم راگەیاندنە بڵاوئەکەنەوە، تا ناوەکانیان بخرێنە پاڵ ناوەکانمان، یا بە وتاریک، یا بە بەدواداچوونیک رای خۆیان پیشاندەن.
بە رێزو سوپاسەوە.
ناوەکان: کامیل ژیر، پشکۆ ئەمین، فەرھاد عەبدولحەمید، فەرھاد کاکە خاس، حەمەرەشید ھەرەس، د.دلێر شاوهيس، د.ھۆگر مەحمود، د.ئەحمەد میراودەلی، د.حسەین خەلیقی، د.حسەین محەمەد عەزیز، د.ئازاد مەنتک، سیروان کاوسی، سمکۆ عەلی ئەمین وەیسی، شوان بەرزنجی، یونس سیڤەر، ھاورێ میرۆیی، کەژاڵ مەرزبان، رزگار موکری، رێبوار نەلاسی، حەسەن مەرزبان، نیعمەت کاوسی، حەکیم کاکەوەیس، ھەڵۆ محەمەد بەرزنجی، بەختیارى شەمەیی، عوسمان تۆفیق، ئارام قادر، عەلی حەمە ساڵح، ئاراس نوری ئەحمەد تەھا، بروسکە ئیبراھیم، ئیسماعیلی دەلاک.ئەیوب رەحمانی، شوان خەفاف، زمناکۆ نوری ئەحمەد تەھا، تهها دهروێش نادر، ساسان دهروێش.بهرزان سهعيد گهوههر، ئومێد سهعيد گهوههر، کارزان سهعيد گهوههر، ئاکۆ ئهحمهد محهمهد پۆليس، نزار ئهحمهد عارف، کاروان ئهمين ئهحمهد خهفاف، نهورۆز مهلا عهلی، بينايی پشکۆ، رزگار شهمهيی. عومەر فارس عەزیز.
لایەنەکان:
پاسۆك - لقی ئەوروپا،
مەڵبەندی ئاوێستا،
بزووتنەوەی لاوانی ١٧ی شوبات،
کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان – باشوور.
٢٨/٣/٢٠١٣
28.03.2013
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
