دەربارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ... حاکم قادر

دەمەوێ‌ روونی بكەمەوە كەوەك هەمیشە لەسەنگەری داواكارو داكۆكیاری سەرسەختی پرۆسەكانی هەڵبژاردندا دەبم، بەڵێ با هەرچی زووترە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بڕیاری لێبدرێت. وە پەكخستن یان دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم بەهەر هۆیەك بێت بەناڕاست ‌و نادروستی دەزانم، چونكە ئەوە مافێكی ئاسایی‌و یاسایی هاووڵاتیانە كەدەستاودەستكردنی دەسەڵات ‌و كارگێڕی خولاو خول، ئەنجامبدەن‌و بێبەشكردنیان لەو مافە سەرباری ئەوەی نەنگییەكی ئاشكرایە بۆ تەجروبەكە بەگشتی، مەترسییشە بۆ سەر دیموكراسی‌و ئازادییە سیاسییەكان. كاتی خۆیشی هەمان بۆچوونم بەچەندین نوسراوی فەرمی راگەیاندووە، كە ئەنجومەنی شارەوانییەكان لەكاتی خۆیاندا هەڵبژێردرێنەوە كە ئەنجام نەدرایەوە. لای من ئیفلیجكردنی ئەم پرۆسەیە خەوشكردنە سەر ئاسۆی كاروانی پێشخستن‌و چاكسازییە. كە بڕوام بەپێچەوانەكەی هەیە ئەویش شەفافیەت‌و حوكمی یاسایە. من سەرجەمی بیانووەكان بۆ دواخستن یا پەكخستنی هەڵبژاردنی پارێزگاكان بەم شێوەیە بەناراست دادەنێم، چونكە ئەمیش وەك هەڵبژاردنەكانی تر پێویست و گرنگە. هەروەك چۆن مانەوەی ئەم ئەنجومەنانە بەبێ هەڵبژاردن دەچێتە خانەی (نایاسایی)بوونەوە.

ئەو رژێمانەی كە (گەل) بەسەرچاوەی دەسەڵات حسابناكەن، ئەوە تەمومژی گەندەڵی‌و مەحسوبیەت‌و ئیحتیكاری بازاڕ‌و ژیانی دەوێ‌‌و دەیەوێت بیانكاتە واقیع، ئەمانەش دژ بە بەرنامەكانی ی. ن. ك و بیروباوەڕمانە. هەربۆیە كاتێ‌ ی. ن. ك (گەل) بەو سەرچاوەیە بزانێ‌ ئیتر چۆن ئەو مافە زیندووە پیرۆزەی لێ زەوت دەكات؟ وەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وەك حاكم قادر پرسی هەڵبژاردنی پارێزگاكان لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانییەكان بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی قەزا و ناحیەكانیشەوە تەنانەت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گوندەكانیش، هەڵبژاردنێكی ئازاد و پاك و بێگەرد و دوو لەهەموو دەستتێوردان و ساختەكارییەك، بەپێویست و گرنگ دادەنێم.

لێرەوە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەم كە پەلەبكەن لە رێكارە یاساییەكانی تا هەرچی زووترە ئەنجامبدرێن‌و چیتر دوانەكەون. خۆشم وەك هەردەم داواكار و داكۆكیاری سەرسەختی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان بووم‌و هەرواش دەمێنمەوە، چونكە هەڵبژاردن مافێكی رەوا و حقوقی خەڵك و خەباتێكی بەكۆمەڵە.


 


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر