بەشی پێنجەم و کۆتایی
خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان
شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێکەوت سەریهەڵنەداوە، بەڵکو لەئەنجامی خەباتێکی درێژخایەنی گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان لەدژی سیستەمی دیکتاتۆری بەعسی سوریا کەمێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەیان ساڵ بەرلەئێستا دەستیپێکردووە و سەریهەڵداوە، بەتایبەتی سەرەتای بەڕێکخستنکردنی گەلی کورد لەوبەشەی ووڵات دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمانەی کە ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (عەبدوڵا ئۆجەلان ) لە سوریا بووە و توانیویەتی لەڕێگای تێکۆشانی بەردەوام ئەو بۆشاییە سیاسیەی گۆڕەپانی خەبات لەو بەشەی ووڵات پڕبکاتەوە و بەشێوەیەکی ڕێکخراو بیگەیەنێتە سەرکەوتن . وویستگەی سەرەکی ئامادەکاریەکانی ئەو شۆڕشە لەساڵی (2004) وە بەچڕی دەستی پێکردووە، لەدوای دەستپێکردنی شۆڕشی گەلانی سوریا لە (٢٠١١/٣/١٥) گەلی کورد لەهەموو گەلانی تری سوریا باشتر خۆی بەڕێکخستن کردبوو، هەر لەسەرەتاوە هەڵسەنگاندنی تەواوی بۆ هەستیاری قۆناغەکە کردبوو، ڕۆژانە بەشێوەیەکی چالاک لەشارە کوردیەکان لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕش خۆپیشاندان لەدژی ڕژێمی بەعسی بەشێوەیەکی ئاشتی دوور لە توندوتیژی و بەکارهێنانی چەک بەردەوامبوو . شۆڕشی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان هێڵی سێیەمی بەبنەماگرت، واتە نەلەگەڵ سوپای سوریا ئازاد و ئۆپۆزسیۆنی چەکدار و نەلەگەڵ ڕژێمی ئەسەد بوو، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ماوەیەکی زۆر شارە کوردیەکان دووربن لە شەڕی چەکداری و بۆمبارانکردن و وێرانکردن، سەرکەوتنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان سەرکەوتنی سیاسەتی هێڵی سێیەم دەسەلمێنێ کە شۆڕشی کورد ئەو هێڵەی گرتۆتەبەر لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی سوریادا . دوای ئەوەی ڕژێمی بەعسی سوریا وەکو ڕژێمی بەعسی عیڕاق لەسەردەمی سەدام حسێن کە لەدوای ڕاپەرینی ساڵی (١٩٩١) دا دامودەزگاکانی لەهەرێمی کوردستان کێشایەوە، بەهەمانشێوە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد دوایئەوەی گەیشتە ئەو باوەڕەی کەناتوانێ ئیدی لەسەرپێ بوەستێ و بەرەنگاری شۆڕشی گەلی کورد ببێتەوە، دامودەزگاکانی لەڕۆژئاوای کوردستان کێشایەوە بەبێ شەڕ . هەروەها هاوشێوەی سوپای عیڕاقی سەردەمی سەدام حسێن کە لەدوای ڕاپەڕێنی خەڵکی هەرێمی کوردستان، ماوەیەکی زۆر سوپای عیڕاق چەند بنکەیەکی بێکاریگەری سەربازی لەناو شاری هەولێر و شارەکانی تری هەرێمی کوردستان مابوون، بەهەمانشێوە سوپای سوریا لەفڕۆکەخانەی شاری قامیشلۆ بنکەیەکی سەربازی ماوە، وە لەناو شارەکەش دوو بنکەی بێکاریگەری ڕژێم ماون بەشێوەیەک توانای جووڵەیان نیە . هێزەکانی " یەپەگە و یەپەژە " لەتوانایاندایە بەئاسانی ئەو هێزەی ڕژێم لە شاری قامیشلۆ ڕاماڵن، بەڵام ڕاماڵینی ئەو بنکە سەربازیانەی قامیشلۆ دەبێتە هۆی کردنەوەی بەرەیەکی تری جەنگ و بۆمبارانکردن و کاولکردنی شارەکە لەلایەن ڕژێمی بەعسی کەئەوەش بەزەرەری گەلی کورد تەواو دەبێت، بەو هۆیەوە ئەو هێزانەی ڕژێم تائێستاش لەو شوێنانە بەبێکاریگەری ماون . لەڕووی ئابووریەوە خەڵکێکی زۆر لەفەرمانبەران و مامۆستا و کارمەندانی شارەوانی . . هەموو ئەوانەی مووچەخۆرن لەڕۆژئاوای کوردستان تا ئەمڕۆ مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی ناوەندیەوە بۆخەرجدەکرێ ، ڕاماڵینی ئەو سەربازانەی ڕژێم لە شاری قامیشلۆ بێگومان دەبێتە هۆی بڕینی مووچەی سەرجەم کارمەندانی کورد، خەڵکەکەش زەرەرمەند دەبن و کاریگەری ڕاستەخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و بازاڕ دەبێت، بەتایبەتی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆژئاوای کوردستان لەم قۆناغەدا لەڕووی ئابووری تواناکانی سنوردارە، واتە ئیستا لەتوانای دانیە مووچەی ئەو مووچەخۆرانە دابین بکات، جگەلەوەش ڕژێمی ئەسەد دەڕوخێ وەئەگەر نەشڕوخێ زیندوو نابێتەوە وەکو پێشوو بتوانێ کوردستان داگیربکاتەوە، ئەو توانایەی نیە بەرەنگاری گەلی کورد ببێتەوە بەهێرشی سەربازی چونکە هێزەکانی " یەپەگە و یەپەژە " ڕۆژئاوای کوردستان دەپارێزن، وە کارێکی باش دەکەن کە بەهەموو توناکانیانەوە خاکی کوردستان دەپارێزێن و لەدەرەوەی کوردستان ناکەونە شەڕ لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد، چونکە کورد پێوویست ناکات خۆی بکاتە سووتەمەنی شەڕێک کەلەبەرژەوەندی کورد دا نەبێت و بەقازانجی چەتە ئیسلامیە تیرۆریستەکان تەواوبێت کەلەلایەن هێزە دەرەکیەکانەوە ئاڕاستە دەکرێن دژ بەگەلی کورد، وە لایەنی کوردی پێوویست ناکات شەڕێک بکات کەلەبەرژەوەندی ئۆپۆزیسیۆنێکدابێت کەبەهیچ شێوەیەک دان بە مافەکانی گەلی کورد دانانێت . لەوشارە کوردیانەی کە ڕژێمی سوریا دامودەزگاکانی کێشایەوە، لەبەر ئەوەی گەلی کورد ئاماددەکاری پێشتریانکردبوو، توانرا دوای کشانەوەی بەعس، خۆیان ئەو بۆشاییە ئیداریە پڕبکەنەوە و ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەببەن .
گەلی کورد هەموو کاتێک دەزانێ کە ووڵاتانی داگیرکەری کوردستان و نەتەوەی سەردەست (دەسەڵاتدار) لەو ووڵاتانەدا چاویان بەدەستکەوتەکانی کوردان هەڵنایەت، لەسوریا ڕژێمی ئەسەد و بەهەمانشێوە ئۆپۆزیسیۆنیش تائێستا ئاماددەنین دان بەمافەکانی گەلی کورد دابنێن . ئەوەی لەو بارودۆخەدا چاوەڕێی نەدەکرا ئەوەبوو، هێزە تیرۆریستیەکانی سەربە ڕێکخراوی تیرۆریستی (ئەلقاعیدە) بەناوی ئیسلام لەهەموو جیهان کۆبکرێنەوە بەپاڵپشتی تورکیا و تاقمی فەتحوڵا گوڵەن و سعودیە و قەتەڕ بەبێ هۆکار شەڕی گەلی کورد بکەن، بەتایبەتی ماوەی ساڵێکە تورکیای هاوپەیمانی ناتۆ کە لەهەمانکاتدا بووە بە هاوپەیمانی تیرۆریستان، بەئاشکرا پێشوازی لە تیرۆریستان دەکات کە لەهەموو جیهان دێنە تورکیا و دەیانهێنن بۆ سەر سنوری سوریا و دەیانێرنە ناوەوە بەهەموو توانایان شەڕی گەلی کورد دەکەن، شەڕی گەلێک دەکەن کە زۆرینەی خەڵکەکەی موسڵمانە و بەردەوام چەوسێنراوەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی لایەنی کوردی بەگشتی وە پارتی یەکیەتی دیموکراتی (پەیەدە) بەتایبەتی زۆر باش خۆیان بەرێکخستن کردووە تائێستا سەرکەووتووانە توانیویانە هەموو پیلانەکان تێکبشکێنن .
هێزەکانی( یەپەگە و یەپەژە) وەکو هێزێکی نیشتمانی چەندین شاری کوردیان لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕزگارکردوە، وە بەردەوامن لە ڕزگارکردنی خاکی وولات، گەلی کورد و گەلانی ڕۆژئاوای کوردستان دەپارێزن، تیرۆریستەکانیش لەشکستی بەردەوامدان .
ئەوەی کە زۆر کاریگەری کردبووە سەر گەلانی ڕۆژئاوای کوردستان، ئابڵوقەی ئابووری هەمەلایەنە بوو کەلەلایەن تورکیا و چەتە ئیسلامیەکانەوە سەپێندرابوو، وە داخستنی سنوری هەرێمی کوردستان ببووە هۆی ئەوەی هیچ یارمەتیەکی مرۆیی و پێداویستی پزیشکی و خواردن نەگاتە ڕۆژئاوای کوردستان . داخستنی سنوری هەرێمی کوردستان و ڕێگا گرتن لەهاتنی هاوسەرۆکی پەیەدە (ساڵح موسلم) بۆ هەرێمی کوردستان هەڵەیەکی سیاسی گەورەبوو، بەتایبەتی لەوکاتەدا (شەڕڤان) ی کوڕی ساڵح موسلم لەبەرەکانی شەڕدا لەکاتی بەرگریکردن لەخاکی کوردستاندا بەدەستی ئیسلامیە تیرۆریستەکان شەهید ببوو، وە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان زەرەرمەندی یەکەمی ئەو سیاسەتە هەڵەیە بوون چونکە هیچ دەرگایەکی ئالتەرناتیف نەبوو . ساڵی ڕابردوو سەرۆکی هەرێم بەبێئەوەی لایەنگری لایەنێکی سیاسی ڕۆژئاوای کوردستان بکات لە ٢٠١٢/٧/١١ سەرپەرشتی ڕێکەوتنی نێوان ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی و ئەنجوومەنی گەلی ڕۆژئاوای کوردستانی کرد کە بە (ڕێکەوتنی هەولێر ) ناسراوە، پێوویستبوو بۆ پاراستنی بێلایەنی ڕۆڵی سەرۆکی هەرێم کەلەسایەی ئەودا ڕێکەوتنێکی مێژووی گرنگ واژو کرابوو، ڕێگای هاتنە ناو هەرێمی کوردستان لە هاوسەرۆکی پەیەدە (ساڵح موسلم ) قەدەغە نەکرابا، وەدەرگای سنوری نێوان باشور و ڕۆژئاوای کوردستان دانەخرابا و کێشەی نێوان کوردان پەرەینەسەندبا، بەتایبەتی گەلانی ڕۆژئاوای کوردستان لەڕووی ئابووری و سیاسی و سونبولی چاوەڕوانی زیاتریان لەحکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرد، بۆیە پێویستە ئەو هەڵەیە ڕاستبکرێتەوە .
سەبارەت بە کۆچبەربوونی دەیان هەزار هاووڵاتی ڕۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی لەدوای مانگی تەمووزی ٢٠١٣ وە بۆ هەرێمی کوردستان هۆکارەکانی سەرەکی ئەو کۆچبەربوونە بریتین لەم خاڵانە : کۆمەڵکوژکردنی کوردان بەدەستی بەرەی نوسرە و دەولەتی عیڕاق و شام کەگرێدراوی ڕێکخراوی تیرۆریستی قاعیدەن، بەتایبەتی کەدانیشتوانی کورد لە شارۆچکەی تەلعەران وتەلحاسڵ لە ٢١/٧/٢٠١٣ لەلایەن ئەو دوو هێزەوە کۆمەڵکوژکران . هۆکارێکی تری کۆچبەربوونەکە بێکاری و باروودۆخی ئابووری و گرانی نرخی بازاڕ بوو، جگەلەوەش هۆکارێکی تری کۆچبەریەکە ئەوەبوو هەندێک لە ڕاگەیاندنەکان بەبڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکاری، لەڕووی دەروونیەوە کەشێکی تۆقێنەریان بۆ هاووڵاتیان دروستکرد .
ئەو شارانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کوردی بەڕێوەدەبردێن ئارامن هێمنی و ئاسایش بەرقەرارە سەروماڵی هاووڵاتیان پارێزراوە . باشترین چارەسەر بۆ ئەو کۆچبەرانە ئەوەیە هاوشێوەی ئەو کامپانەی لەهەرێمی کوردستان بۆیان دروستکراوە، لەناو ڕۆژئاوای کوردستان کامپیان بۆ دروستبکرێ و بگوازرێنەوە بۆ ناو ڕۆژئاوای کوردستان باشترە، بەواتایەکی تر ئەو یارمەتیەی لەهەرێمی کوردستان وەریدەگرن لەوێ لەسەریان دابەش بکرێ باشترە لەبەر ئەوەی لەڕۆژئاوای کوردستان خاکەکەیان لەدەست ناچێ و وە لەوێ سوودی زیاتر لەو یارمەتیانە وەردەگرن، جگە لەوەش لە ڕۆژئاوای کوردستان بابەتی مۆڵەتی مانەوە و کارکردن و هاتنەدەرەوە لەکەمپ و چوونە ناو شارەکانیان نابێتە کێشە، لەهەمانکاتدا بۆ لایەنی پەیوەندیدار لەهەرێمی کوردستان و لە نەتەوەیەکگرتووەکان لەڕووی ئابووری زۆر هەرزانتر دەوەستێ .
کاردانەوەکان دوای ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی کاتی لەڕۆژئاوای کوردستان دەریخست، کە ئۆپۆزیسیۆنی سوریا (هاوپەیمانی نیشتمانی سوریا) هاوشێوەی ڕژێمی ئەسەد دان بەمافەکانی گەلی کورد دانانێت، لەبەر ئەوە دژایەتی ڕاگەیاندنی بەڕیوەبەرایەتی کاتی دەکات .
تورکیا بەهەمانشێوە هەر دەستەکەوتێک بۆ گەلی کوردبێت دژی دەوەستێتەوە، ئەوەش بابەتێکی نوێ نیە لەهەڵوێستی تورکیا، چونکە لەدوای ڕاپەڕینی باشوری کوردستان لەساڵی (١٩٩١) دا هەمان هەڵوێستی هەبووە .
سەبارەت بەکاردانەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، خودی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر کۆمەڵکوژکردنی کوردان بەدەستی چەتەکانی دەولەتی ئیسلامی عیڕاق و شام، بەرەی نوسرە لە ناوچەکانی تەلعەران و تەلحاسڵ کاتی کۆمەڵکوژیەکان، ڕایگەیاندبوو : کە تیرۆریستە ئیسلامیەکان خەڵکی مەدەنی – سڤیلی کوردیان لەو ناوچانە کۆمەڵکوژکردووە . ئێستا وەزارەتی ناوبراو دوای ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی کاتی لەڕۆژئاوای کوردستان، ڕایدەگەیەنێ ئەمەریکا لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی سوریایە . ئەو هەڵوێستەی ئەمەریکا تازە نیە چونکە ئەمەریکا هەردەم پشتگیری چوار حکومەتە ناوەندیەکەی کردووە کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، جگەلەوەش کورد داوای دابەشبوونی سوریای نەکردووە . لەلایەکی تر باڵوێزی ئەمەریکا لەسوریا ئاماژەی بەوە کردووە کە گرووپە ئیسلامیەکان هێرشیان کردە سەر خەڵکی مەدەنی – سڤیلی کورد، لێرەدا ئەو هەڵوێستەی باڵوێزی ئەمەریکا، ئەو ڕاستیانە دەردەخەن کە گەلی کورد لەڕۆژئاوای کوردستان کراوەتە ئامانج لەلایەن گرووپ و چەتە ئیسلامیە تیرۆریستەکان، بۆیە گەلی کورد مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بکا، هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە بەشێوەیەکی گیان لەسەردەست ڕووبەڕووی ئەو ئیسلامیە تیرۆریستانە دەبنەوە کەشەڕی بەوەکالەت بۆ ووڵاتانی وەکو تورکیا و هێزەدەرەکیان دژ بەگەلی کورد دەکەن، کەواتە ئەگەر میللەتان لەکاتی شۆڕشدا بەرامبەر بەرەیەکی دیاریکراو شەڕیانکردبێ یا بەرگریان کردبێ، ئەوا شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بەرامبەر چەندین بەرە لەیەک کاتدا بەرگری دەکا، ئەوەش یەکێکە لەتایبەتمەندیەکانی ئەو شۆڕشە .
کاتێک چەتە ئیسلامیە تیرۆریستەکان لە ئەفغانستان، سعودیە، کەشمیر، ئەندۆنیسیا، تونس، لیبیا لەڕێگای تورکیاوە دێن شەڕی گەلی کورد دەکەن، وە بەفەتوایەک ژنانی کورد حەلال دەکەن، خەڵک سەردەبڕن بەپاڵپشتی تورکیا و سعودیە و قەتەڕ دەیانەوێ ڕۆژئاوای کوردستان داگیربکەن و ببنە دراوسێی هەرێمی کوردستان، گەلی کوردیش مافی ڕەوای خۆیەتی بەرەنگاریان ببێتەوە، دەولەتی ئیسلامی عیڕاق و شام، بەرەی نوسرە کەگرێدراوای ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدەن لەسەرەتای دروستبوونیانەوە تا ئێستا هیچ شەڕێکیان لەدژی ڕژێمی بەشار ئەسەد نەکردووە، تەنیا هاتوون شەڕی میللەتی کورد دەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن ئەو ووڵاتانەی لەسەرەوە ئاماژەم بەناوەکانیان کردووە دروستکراون و یارمەتی دەدرێن، ئەوکاتەی چەتە ئیسلامیە تیرۆریستەکان کۆمەڵکوژی کوردەکانیان دەستپێکرد لە ناوچەی تەلعەران و تەلحاسڵ هێزەکانی ڕژێمی سوریا (3) کیلۆمەتر لێیان دوور بوو، بەڵام ئەوان شەڕی ڕژێمی بەعسی سوریا ناکەن، بەڵکو ڕوویان لەگەلی کوردە و شەڕی گەلی کورد دەکەن، چونکە لەلایەن حکومەتەکانی تورکیا، سعودیە، قەتەڕ وا ئاڕاستەکراون . سەبارەت بەکۆمەڵکوژکردنی کوردان لەتەلعەران و تەلحاسڵ هاوشێوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئەوکات وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیاش کۆمەڵکوژکردنی کوردانی لەلایەن ئیسلامیە تیرۆریستەکانی پشتڕاستکردەوە .
پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، زیاتر جیاوازی هەڵوێست و بۆچوونەکان لە نێوان پارتی دیموکڕاتی کوردستان کە مەسعود بارزانی سەرۆکایەتی دەکات و پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" کە عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆکایەتی دەکات سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستان دەردەخات، وە لەهەمانکاتدا ئەو جیاوازییە بەدیدەکرێ لەنێوان پارتی یەکیەتی دیموکراتی "پەیەدە " کە ساڵح موسلم هاوسەرۆکایەتی دەکات و " ئەلپارتی " کە عەبدولحەکیم بەشار سەرۆکایەتی دەکات . ئەگەر ئەلپارتی بەپڕاکتیک بەشداربوایە لەدامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی کاتی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەوکات پەیامەکەی سەرۆکی هەرێم بەشێوەیەکی تر دەبوو .
پێوویستە لە ڕۆژئاوای کوردستان یەک هێزی سەربازی نیشتمانی هاوبەش هەبێت ئەرکی پاراستنی خاک و هاووڵاتیان لەئەستۆ بگرێ، وە پێویستە هەموو لایەن و قەوارەیەکی سیاسی ڕۆژئاوای کوردستان بەشداری هەڵبژاردنی گشتی بکەن، لەدوای هەڵبژاردنی گشتی، ئابووری ووڵات بەپێی یاسا لەچوارچێوەی عەدالەتی کۆمەڵایەتی لەخزمەت ووڵات و سەرجەم هاووڵاتیان دابێت، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەگەر هێزی سەربازی و ئابووری ووڵات بەپێی بەرژەوەندی تەسکی حزبەکان لەژێر کاریگەری ووڵاتانی داگیرکەری کوردستان لە ڕۆژئاوای کوردستاندا دابەش دوو بکرێن، سیاسەتی (پەنجا بە پەنجا ) بەزۆر بسەپێندرێ، ئەوا چاوەڕێی ئەنجامی باشی لێناکرێ چونکە سیاسەتی پەنجا بە پەنجا دۆڕاوترین سیاستە لە قۆناغی شۆڕشکردندا .
پەیەدە واقیعە لەڕۆژئاوای کوردستان، وە ئەوەی بەدەستهاتووە تائێستا لەسایەی پەیەدە بووە، پێوویستە هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ ئەو واقیعە بکات، وە لەهەمانکاتدا دەبێ پارتە سیاسیەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی بەشداربن لەپرۆسەی دیموکراتی ڕۆژئاوای کوردستان، چونکە یەک حزب و دوو حزب لەهەر هەرێمێک بەتەنیا دەسەڵات بۆخۆیان بقۆزنەوە، ئەوە نیشانەی سەرنەکەوتنی پرۆسەی دیموکراتیە لەو هەرێمەدا، ئەلپارتی لەشارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان وەکو پارتێکی سیاسی هاوشێوەی پارتەکانی تر بەشێوەیەکی ئازاد کاری خۆی دەکات، ئەوەی پێوویستە بکرێ ئەلپارتی و پەیەدە و هەموو پارتە سیاسیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان پابەندبن بە رێکەوتنی هەولێر، وە لەداهاتوودا پێکەوە کاربکەن بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتی لە ڕۆژئاوای کوردستان، چونکە ڕۆژئاوای کوردستان بە قۆناغێکی هەستیار و مێژووییدا تێدەپەڕێ بۆیە پێوویستە جیاوازیەکان بەلاوەبنرێن و هەموو تواناکن ڕێکبخرێ و یەکبخرێ لەپێناو بەرژەوەندی گشتی گەلی کورد .
بۆ سەرخستنی پرۆسەی ڕزگاری، دەبێ گەلی کورد و پێکهاتەکانی تر و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان پێکەوە کاربکەن، وە پێوویستە لە هەرێمی کوردستان پەرلەمان و حکومەت بەشیوەیەکی فەرمی لەگەڵ ستاتوی ڕۆژئاوای کوردستان مامەڵە بکات، وە لەهەموو بەشەکانی کوردستان هەر تاکێکی کورد و هێزە چەپ و دیموکراتخوازەکان و مرۆڤدۆستەکان پشتگیری ئەو شۆڕشە بکەن . لە ڕۆژئاوای کوردستان شانبەشانی شۆڕشی سیاسی، شۆڕشی فێربوونی خوێندن و نووسینی زمانی کوردی و شۆڕشی کولتوری و پێکەوە ژیان هاوتەریبن، کەواتە زیاتر لەیەک شۆڕش لەیەک کاتدا بەردەوامە، ئەوەش تایبەتمەندیەکی تری شۆڕشە نموونەییەکەی ڕۆژئاوای کوردستانە .
ئەوگەلەی لەپێناو گەیشتن بەئازادی و ڕزگاری دوای دەیان ساڵ هێشتا بەردەوامە لە قوربانیدان، شایستەی ئەوەیە پەرلەمان و حکومەت و سەربەخۆیی خۆی ڕابگەیەنێ . ئەو تایبەتمەندیە گرنگەی لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا هەیە ئەوەیە : هەرچی لەخوارەوە بڕیاری لەسەردەدرێ لەسەرەوە واتە لەلایەن لوتکەوە دەبێ جێبەجێبکرێ، گەل حکومەتە وە حکومەتیش گەلە، ئەوەش پێچەوانەی هەموو دەسەڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆربەی دەسەڵاتەکانی جیهانە کەهەردەم لەلایەن لوتکەی دەسەڵاتەکانەوە بڕیارەکان بەسەر هاووڵاتیاندا دەسەپێندرێت .
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
