
بەشی یەکەم
دوای چەندین دەیەی حوکمی ڕژێمی بەعسی لەسوریا و کوردستانی ڕۆژئاوا، دوای دەستپێکردنی شۆڕشی گەلانی سوریا لەدژی ڕژێمی ئەسەد، بۆجاری یەکەمە کوردستانی ڕۆژئاوا ڕزگاری ببێ و بەرگی ئازادی بپۆشی و لەسایەی بەڕێوبەرایەتیەکی کوردستانی گەلانی کوردستانی ڕۆژئاوا بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانەی پڕ لەئازادی سیاسی و کۆمەڵایەتی پێکەوەژیان هەڵبژێرن و بەشداری بەڕێوبەرایەتی خودی ( الادارة الذاتیة ) ببن .
بۆ بەدەستهێنای وێنەیەکی ڕاستەقینە و ئاشنابوون لەنزیکەوە لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابووری کۆمەڵایەتی ڕۆژئاوای کوردستان دێلیگاسیۆنی ئینتەرناسیونال سەردانی کوردستانی ڕۆژئاوای کرد، لەم ڕێپۆرتاژەدا تیشک دەخرێتە سەر شێوازی شۆڕش و ئابڵوقەی ئابووری و دروستکردنی دیواری شەرم و کاردانەوەکان و کۆچبەربوون و بارودۆخی شەڕ و ڕۆڵ و فاکتەرە سەرکیەکانی بەردەوامبوونی ئەو شەڕە و هەڵوێستی ووڵاتانی ناوچەکە و پارتە سیاسیەکانی ناوخۆی کوردستانی ڕۆژئاوا و ئۆپۆزیسیۆنی سوریا .
دێلیگاسیۆنی ئینتەرناسیونال کە لە ووڵاتی ئەڵمانیاوە هاتبوون، ڕۆژی ٢٠١٣/١٠/٩ گەشتێکیان بەرەو کوردستانی ڕۆژئاوا دەستپێکرد، ئەندامانی بەشداربووی گەشتەکە بریتیبوون لە : د. نیکۆلاوس . ب ( مێژوو نووس و ڕۆژنامەنووس و کارمەندی فراکسیۆنی پارتی چەپ لەپەرلەمانی ئەڵمانی)، فوئاد زیندانی (سەرۆکی فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان و ڕێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان / ئۆڕتە )، برگیتە . ک ( پارێزەر و ڕۆژنامەنووس و ئێکسپێرت لەبواری کێشەی کورد )، میشێل . ک ( مێژوونووس و چالاکی بواری مافەکانی مرۆڤ )، گول جوزەل ( ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافەکانی ژنان و منداڵان) . دوای پەڕینەوەی سنورە دەستکردەکانی نێوان باشور و ڕۆژئاوای کوردستان و دەرگای سمێلکا دواتریش گەیشتنە شاری دێرک، لەگەڵ گەیشتنی شاندەکە چەند خولەکێک دواتر زانرا کە ژنێکی گەنجی خەڵکی ئەو شارە شەهید بووە، بەم هۆیەوە خەڵکێکی زۆری شارەکە بەشداری ڕێپێوان و ناشتنی شەهیدەکەبوون ناوی شەهید (حەیات ) بوو . شاندەکە ئێوارە سەردانی ناوەندی گەشەسەندنی ئابووری ڕۆژئاوای کوردستان و وەهەروەها نوسینگەی (ئەلپارتی – الپارتي ) کرد کە لەناو بازاڕی دێرکە، دوای بەخێرهاتن کردنی شاندەکە دواتر گفتوگۆ و پرسیار و وەڵام دەستیپێکرد هەمووی لەسەر بارودۆخی کوردستانی ڕۆژئاوابوو، هەر لەو دانیشتنەدا سەرۆکی حزبی یەکیەتی سریانی سوریا (اتحاد السریان سوریا ) ئاماددەبوو .
شاری دێرک زۆر ئارامبوو، ژیان زۆر ئاسایی بوو، بارودۆخەکە سروشتی بوو، هەرچەند بیرمانکردەوە نەمانزانی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ بەو ژمارە زۆرە کۆچبەریان هەڵبژارد و ڕوویانکردە هەرێمی کوردستان ؟ خۆ دەیانتوانی لەشاری دێرک نیشتەجێببان . ڕۆژی دواتر هەواڵی شەهیدبوونی (شەرڤان ساڵح موسلم ) ڕاگەیەنرا، شەهید شەرڤان کوڕی هاوسەرۆکی پەیەدە ساڵح موسلم لەبەرەکانی شەڕدا لە ٢٠١٣/١٠/٩ شەهیدبوو . شاندەکە دواتر سەردانی شاری قامیشلۆیکرد لەوێ ژمارەیەکی زۆر دیدار و سەردانی ئەنجامدا، ژیان لەقامیشلۆ زۆر ئاسایی بوو، شارەکە شارێکی گەورەیە زۆر قەرەباڵغی لە شەقام و بازاڕەکانی بەدیدەکرێ هەرکەس سەرقاڵی کاری خۆیەتی، کاتێک مرۆڤ شاری قامیشلۆ دەبینی وێنەیەک لەلای دروستدەبێ کەهیچ هاووڵاتیەکی کوردستانی ڕۆژئاوا کۆچبەرنەبووە، هەموو حزب و لایەن و ڕێکخراوەکان ئازادانە کاری خۆیان دەکەن، شارەکە لەلایەن ئەنجوومەنی شاری قامیشلۆ بەڕیوەدەبردرێ، ئەنجوومەنەکە کورد و سریان و عەرەب و کەمەنەتەوەکان تیاییدا بەشدارن و بەڕێوبەرایەتی شارەکە دەکەن، چەندین کۆمیتەی ئابووری، خزمەتگوزاری و هتد . . . دامەزراون چالاکانە کارەکانیان ئەنجامدەدەن و خزمەتی شارەکەیاندەکەن، هێزی ئاسایشی کوردی پارێزگاری ڕەوشەکە دەکات، وە هێزەکانی سەربە ڕژێمی بەعسی لە فڕۆکەخانەی شاری قامیشلۆ بنکەی سەربازیان هەیە، وە لەناو شارەکەش لە دوو شوێنی جیاوازدا بوونیان هەیە، بەڵام هیچ کاریگەریان نیە، لەتوانایان دانیە هیچ هاوڵاتیەک بگرن، تەنیا بەشێوەیەکی کارتۆنی ماون . لەشاری قامیشلۆ شاندی ئینتەرناسیونال سەردانی یەکیەتی ڕاگەیاندنی ئازاد – اتحاد الاعلام الحر، (قایشی سنور – حزام الحدود) یکرد، وەهەروەها سەردانی نوسینگەکانی سازی و ڕێکخراوەکان و پارتەکانی کرد لەناویاندا : حزبی ئاشوری دیموکراتی، حزبی یەکیەتی دیموکراتی – پەیەدە، حزبی یەکگرتووی سریانی – حزب الاتحاد السریانی، سازیا زمانێ کوردی، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ڕۆژئاوای کوردستان، ئاسایشی گشتی قامیشلۆ، پارتی دیموکراتی نیشتمانی کورد لەسوریا، ناوەندی پەروەردە و زانستا ژنان، ئینسیاتیفی ژنان، کۆمیتەی خزمەتگوزاری – دەستەی بلند، پارتی چەپی دیموکراتی کورد، مالا یەزیدیان، خێزانە کۆچبەرەکانی دەربازبوو لە کۆمەڵکوژی تەلعەران و تەلحاسڵ، گۆڕستانی شەهیدان .
گرنگترین کۆسپە سەرەکیەکان دژبە شۆڕشی گەلی کورد و گەلانی کوردستانی ڕۆژئاوا بریتین لە : ١- ئابڵوقەی ئابووری . ٢- شەڕی سەپێنراو واتە هێرشە سەربازیەکانی ئیسلامیەکان . ئابڵوقەی ئابووری سەپێنراوە لەلایەن ووڵاتی تورکیا و داخستنی سنور و دروستکردنی دیواری شەرم و ڕێگەگرتن لە بازرگانیکردن و هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا بۆ باکوری کوردستان، وەهەروەها ئابڵوقەی چەتە ئیسلامیەکان ناهێڵن لە شارەکانی دیمەشق و حەلەب هیچ شتێک بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان دەربازبێت . دەوڵەتی تورک تەماشادەکا لەهەر شوێنێکی سەرسنوری نێوان باکور و ڕۆژئاوای کوردستان سەقامگیری هەبێت لەوێ دیواری شەرم دروستدەکات، وە بەپێچەوانەوە لەکوێ سەقامگیری نەبێت لەوێ دەرگا بۆ تیرۆریستان دەکاتەوە و پشتگیریان لێدەکات و یارمەتی لۆجیستیکیان پێشکەشدەکات و لەو ناوچانەدا چەتە ئیسلامیەکان بەئارەزووی خۆیان هاتوچۆدەکەن ! وە سەبارەت بەسنوری نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان (سنور کراوەتەوە و داخراوە ) لەیەک کاتدا، کراوەتەوە بۆ ئەوکەسانەی ڕێگایان پێدەدرێ، وە داخراوە بۆ ناردنی یارمەتی مرۆیی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، وە داخراوە بە ڕووی بازرگانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان گەر بیانەوی بەپارەی خۆیان پێداویستیەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا بکڕن، یا گەنم و بەرهەمە کشتوکاڵیەکانیان هەناردەی هەرێمی کوردستان بکەن . ئەو ئابڵوقە ئابووریەی کەهاوکات لەهەموولایەک بەسەر کوردستانی ڕۆژئاوا سەپێنراوە، شێوازی خنکاندنی ئابووری لەخۆدەگرێ بەواتایەکی تر خنکاندنی گەلانی کوردستانی ڕۆژئاوایە لەڕووی ئابووریەوە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو بارودۆخە ئەنجوومەن و کۆمیتەکانی سەر بەو ئەنجوومەنانەی کە کوردستانی ڕۆژئاوا بەڕێوەدەبەن سیستەمی کۆمین (کۆمۆن) یان هەیە کە بزووتنەوەی کۆمەڵگای دیموکراتیک (تەڤدەم) دایڕشتووە، لەهەموو گەڕەک و ناوچەیەک نانەواخانەکان یەک کیلۆ و چوارسەد غڕام نان بەنرخێکی زۆر زۆر هەرزان دەدەن بەهاوڵاتیان بەبێ جیاوازی نەتەوەی، ئایینی . . . ئەوەش وایکردووە نان بۆ هەموو هاووڵاتیەک مسۆگەر ببێت بەپشتبەستن بەبەرهەمە ناوخۆییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، وە کۆمیتەکان سەرپەرشتی دابەشکردنی (نەوت – مازۆت) دەکەن بەسەر هاووڵاتیان بەبێ جیاوازی بەبڕێکی یەکسان . بارودۆخی ئابووری هەرچەندە دژوارە بەڵام بەتواناکانی خۆیان توانیویانە بەرەنگاری زەحمەتیەکان ببنەوە بەتایبەتی ژمارەی کۆمینەکان لەزیادبووندایە لەگەڕەکەکان، بەم شێوەیە کۆمینەکان هەموویان پێکەوە ئەنجوومەنی شار دروستدەکەن، وە ئەنجوومەنی شارەکان پێکەوە ئەنجوومەنی ڕۆژئاوای کوردستان پێکدەهێنن، ئەو ئەنجوومەنە هەرسێ دەسەڵاتی تەشریعی واتە داڕشتنی یاسا، وە دەسەڵاتی جێبەجێکردن (تنفیذي) و دەسەڵاتی دادی تیایە واتە ئەوەی لەلایەن بزووتنەوەی کۆمەڵگای دیموکراتی (تەڤدەم) داڕێژراوە لەلایەن ئەنجوومەن(مەجلس) جێبەجێدەکرێ، ئەنجوومەنیش لە کورد و سریانی و عەرەب و کەمینەکانی تر پێکهاتووە، گەل حکومەتە وە حکومەتیش گەلە، ئەوەش سیستەمێکە هاوشێوەی شۆڕش و خەباتی شۆڕشگێڕانەی گەلانی ووڵاتانی ئەمەریکای لاتینیە لەوانەش فەنزوێلا و بۆلیڤیا و نیکاراگوا .
شۆڕشی کوردستانی ڕۆژئاوا جیاوازە لە شۆڕشی گەلانی تر، لەبەر ئەوەی میللەتان لەکاتی شۆڕشدا بۆ گەیشتن بەئازادی و ڕزگاری زۆرجار لەدژی بەرەیەکی دیاریکراودا لەشەڕدابوونە، بەڵام ئەوەی شۆڕشی کوردستانی ڕۆژئاوا لەشۆڕشەکانی تر جیادەکاتەوە ئەویە کە کوردستانی ڕۆژئاوا کەوتۆتە نیوانە چەندین بەرە، واتە لەیەک کاتدا ڕووبەڕووی جەندین بەرە دەبێتەوە لە ڕووی سەربازی بەتایبەتی، جگە لەبەرەی ئابووریش، لەهەموو بەرەکاندا کوردستانی ڕۆژئاوا پشتئەستورە بە خەڵکی خۆی، ئەوەش وایکردووە میللەت بەپرەنسیپ و بڕاویەکی پۆڵایین بەرگری لە خاک و گەل و نیشتمانەکەی بکات، لەشەڕەکانی دژ بە چەتە ئیسلامیەکان هێزەکانی کوردی (یەکینەکانی پاراستنی گەل – یەپەگە) و ( یەکینەکانی پاراستنی ژنان – یەپەژە ) توانیویانە بچنە ناو مێژوو لەفروانترین دەرگاکانیەوە، هەرچەندە جەتەکانی سەربە بەرەی نوسرە و دەولەتی ئیسلامی عیراق و شام کەهەردوکیان گرێدراوی ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدەن وە لەسەدا هەشتای یەکینەکانی سوپای سوریای ئازاد کە ئیسلامیی توندڕەون هێڕش دەکەنە سەر گەلی کورد بەپاڵپشتی دەولەتی تورکیا و حزبوڵای تورکی و تاقمی فەتحوڵاگوڵەن و ووڵاتانی کەنداو سعودیە و قەتەڕ و چەند کوردێکی خیانەتکار، لەو ووڵاتانە یارمەتی لۆجیستی و چەکی قورس و تەنانەت خواردنی ڕۆژانەیان بۆدێت بەڵام ناتوانن بەرەنگاری هێزەکانی یەپەژە و یەپەگە ببنەوە، ئەو پرەنسیپ و بروابەخۆبوونەی لەو دوو هێزە کوردیەدا هەیە وایکردووە کوردستان ببیتە گۆڕستان بۆ ئەو چەتانە، وەهەروەها بۆتە مایەی سەرسوڕمان بۆ ئەو ووڵات و تاقمانەی پشتگیری ئەو چەتانە دەکەن . ئەگەر مرۆڤ سەردانی شاری سەرێ کانیێ بکات ئەوکات دەردەکەوێ ئیسلامیەکان لەڕژێمی سەدام و ئەسەد و هیتلەر و مۆسۆلینی زۆر پیسترن، هیچ خانووەک نەماوە لەسەرێ کانیی بەدەیان گولـلەی بەرنەکەوتبێ، هیچ خانووەیەک نەماوە بەهۆی زوڵم ستەمی ئەو تیرۆریستانە چۆڵنەکرابێ و تاڵان نەکرابێ، تیرۆریستەکان بەدەیان گولـلەیان لەدەرگای کڵێسای شارەکەداوە، بەزمانی عەرەبی لەسەر دەرگای کڵیسا نوسیویانە ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی لەناوتان ببەین لەخوارەوە نوسیویانە بەرەی نوسرە، زۆربەی دیوارەکانی خانووەکانی سەرێکانیان پیسکردووە ناوی ڕێکخراوەکانی تیرۆریستیان بەعەرەبی لەسەر نووسیوە، چەتەکان لەکوشتنی هاووڵاتیان و دزیکردن و تاڵانکردنی ماڵان و ڕفاندنی هاوڵاتیان و ئەشکەنجەدان و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان دەستیان نەپاراستووە، خانووی هاووڵاتیەکیان داگیرکردبوو بەکاریانهێنابوو وەکو زیندان بۆ ئەشکەنجەدانی خەڵک، وە باڵەخانەیەکی حکومی کەلەسەردەمی ڕژێمی بەعسی شوێنی دەزگای هەواڵگریبووە (امن السیاسي)، چەتەکان لەوێ هاوشێوەی ڕژێمی بەعسی دەزگایەکی داپڵۆسێنەر و دادگایەکی کارتۆنیان دامەزراندبوو بەئارەزووی خۆیان دەیان نارد بەدوای خەڵک بۆ ئامادەبوون لەو دادگایە، خەڵکیان حوکمداوە بەئیعدام بەناوی شەریعەتی ئیسلامی سەربەچەتەکان .
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
لێرەدا پێویستە بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای دەستپێکردنی کێشەکان لەشاری سەرێکانی بۆ ئەوەی ڕایگشتی زیاتر ئاشنابێ بە بارودۆخەکە .
لەبەرواری ٢٠١٢/١١/٨ کاتژمیر یەکی شەو هێزەکانی نوسڕە و سوپای سوریای ئازاد و هەندێک عەرەبی ناوچەکە هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی ڕژێمی بەعسی سوریا لەسەرێکانی، ئەو کاتە ڕژێم لەسەرێکانی نەمابوو، تەنیا بنکەیەکی مابوو بەناوی ئاسایشی سەربازی (امن العسکري)، کاتێک هێرش کرایە سەر ئەو بنکەیە، ئاسایشەکانی سەربازی ڕژێم ماوەی ٧٢ کاتژمیر بەرگریانکرد لەکۆتاییدا هەموویان کوژران تەنیا یەکێکیان بەبرینداری مایەوە دواتر دەستبەسەرکرا و بردیان . دوایئەوەی ڕژێم نەما ئیسلامیەکان دەستیانکرد بە تۆقاندنی خەڵک، بەژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمۆبیل بەناو شارەکەدا دەسوڕانەوە و هاواریاندەکرد ئەڵاهوئەکبەر، دواتر لیستێکیان لە بنکەی ئاسایشی سەربازی ڕژێم دەستکەوتبوو هەرکەسێک ناوی لەلیستەکەدا هەبوایە هێرشی ئەو کەسانەیانکرد، هەریەکەیان (500) هەزار لیرەی سوریان لێئەسەند . دوای ئەوەی هەلیکۆپتەرێکی ڕژێم بەسەر شارەکە سوڕایەوە، دواتر فڕۆکەی شەڕکەر شارەکەی بۆردوومانکرد، لەیەکەم بۆردووماندا ماڵێکی کورد بەربۆردوومانەکە کەوت لەئەنجامدا کچێک گیانی لەدەستدا و ژنێکیش برینداربوو، دواتر بۆ ماوەی 5 تا 6 ڕۆژ هەموو ڕۆژێ لەنێوان کاتژمێرەکانی 9 تا 10 ی پێشنیوەڕۆ فڕۆکەی شەڕکەر بۆمبارانی شارەکەی دەکرد، دیسان ماڵێکی کورد بەربۆردوومانەکە کەوتن، 2 مناڵی کورد کوژران و 3 منداڵی خەڵکی حەلەبیش لەوێ برینداربوون . بەرەی نوسرە و سوپای سوریای ئازاد کاتی بۆمبارانکردن بەرەو تورکیا دەچوون، وە بریندارەکانی خۆیان دەبردە تورکیا، وە ڕۆژانە خواردنیان لەتورکیاوە بۆ دەهات . لەئەنجامی بۆمبارانکردنەکان بەگشتی 10 کەس کوژران، ژمارەی دانیشتوانی سەریکانی 50 هەزار کەسبوو بەڵام زۆربەیان شارەکەیان جێهیشت . دوای ئەوەی ڕژێم نەما لەسەرێکانی دانیشتوانی شارەکە داوایانکرد هێزەکانی سوپای سوریای ئازاد و بەرەی نوسرە و یەکینەی ئەحفادی محەمەد شارەکە چۆڵ بکەن چونکە هیچ هۆکارێک نیە ئیتر لێرە بمێننەوە، بۆ ئەم مەبەستە ئەو خەڵکەی لەشارەکە مابوونەوە خۆپیشاندانێکی ئاشتیانەیان لەدژی مانەوەی ئەو هێزانە سازکرد، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکە ئەو هێزانە تەقەیان لەجەماوەرکرد، هەروەها هێرشیانکردە سەر یەپەگە کە لەو کاتەدا دوو بازگەی لەشارەکەدا هەبوو . ئیسلامیەکان ئەندامێکی ئەنجوومەنی ڕۆژئاوای کوردستان لە سەرێکانیێ کەناوی عابد خەلیل بوو لەگەڵ دوو کوردی تر خالید و ساڵح کەهەردووکیان ئەندامی ئەنجوومەنی ڕۆژئاوای کوردستانبوون ئەوانەیان قۆڵبەستکرد و کوشتیان، وە هەروەها کوردێک ناوی عەبدولڕەحمان حەمۆ بوو بریندارکرا . بەرەی نوسرا پلانی لەناوبردن و پاکتاوکردنی گەلی کورد بەگشتی و یەپەگە بەتایبەتی هەبوو، . لەشەڕێکدا لە ناوەڕاستی مانگی دیسێمبەری ٢٠١٢ کاتژمێر ٢ ی دوای نیوەڕۆ ژنێک لەڕیزەکانی یەپەگە شەهیدبوو، وە ١٤ چەتەی ئیسلامی کوژران، دواتر سەعات ١١ ی شەو لەگوندی عەلۆ یەپەگە هێرشی کردەسەر بازگەیەکی نوسرە، سەرکەوتنی بەدەستهێنا، کاتژمیر ١ی شەو یەپەگە لەسەرێکانی هێرشی کردە سەر چەتەکان لەو شەڕەدا (١٢٠) چەکداری نوسرە کوژران و ٢٠ ئۆتۆمۆبێل و چەکێکی زۆر و دۆشکەیەک کەوتە دەستی یەپەگە، دواتر ئەنجوومەنی سەربازی سەربە سوپای سوریای ئازاد ناوبژیوانی شەڕەکەی کرد لەئەنجامدا ماوەی ١٥ ڕۆژ تەقە ڕاگیرا، کەشوهەوا زۆر ساردبوو ئاو و کارەبا و خواردن لەشارەکە نەبوو، شارەکە ببووە شارێکی زۆر مەترسیدار، ڕۆژانە نان و خواردن لە شارەکانی قامیشلۆ و دەرباسیە بۆ سەرێکانیێ دەهات . سوپای سوریای ئازاد و بەرەی نوسرە دەستیان بەتاڵانکردنی ماڵی هاووڵاتیانکرد، بەتایبەتی سوپای سوریای ئازاد تاڵانی زۆریکرد، بەهۆی ئەوەی نانەواخانەیەک لەشارەکە لەژێر دەستی یەپەگەبوو، سوپای سوریای ئازاد بۆ ئەوەی نانەواخانەکە بخاتە ژێر کۆنتڕۆلی خۆی شەڕی هەڵگیرساند، لەئەنجامدا چوار یەپەگە شەهیدبوون و 150 چەکداری سوپای ئازاد کوژران، ماوەی چەند ڕۆژێک لاشەکانیان لەوێ کەوتبوو سەگ دەیانخوارد، دواتر لاشەکان لەلایەن یەپەگە و خەڵکی سڤیلی شارەکە ژێرخاککران، وە شەهیدەکانی یەپەگە و خەڵکی سڤیل لە گۆڕستانی ڕۆستەم جوودی لەدەربەسیە بەخاک دەسپێردران، دواتر بەرەی نوسرە بووە ناوبژیوان لەنێوان یەپەگە و سوپای سوریای ئازاد بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕەکە، هێزەکانی یەپەگە توانی ٢ کیلۆمەتر ڕێگای حەسەکە کۆنتڕۆڵ بکات کەدەکاتە کۆنتڕۆڵکردنی یەک لەسەر سێ واتە چارەگەکی شارەکە . چەند یەکینەیەکی کوردی لەوانەش یەکیەنەی مەشعەل تەمۆ، پارتی ئازادی سەربە موستەفا جومعە هاریکاری بەرەی نوسرەیاندەکرد، دەولەتی تورک داوای لێیاندەکرد کێڵگە نەوتیەکانی ڕومێلان کۆنتڕۆڵ بکەن . دوای بیست ڕۆژ مانگی شوباتی ٢٠١٣ بوو دیسان هێرشکرایە سەر یەپەگە، ئەو شەڕە شەڕێکی گەورەبوو بەشەڕی 15 ڕۆژە ناسراوە لەبەر ئەوەی ماوەی ١٥ ڕۆژ بەردەوامبووە، ئەمجارە یەپەگە توانی نیوەی شارەکە کۆنتڕۆڵبکات لەئەنجامی ئەو شەڕەدا ١٢ کەس لەپەپەگە شەهیدبوون و 250 چەتەش کوژران و لاشەکانیان بەکۆمەڵ ژێرخاککران، ژمارەی کوژراوانی چەتەکان زۆر بوو لەبەر ئەوەی بێپرەنسیپن خۆشیان نازانن بۆ هاتوونە شەڕی گەلی کورد دەکەن، جگە لەوەش نازانن شەڕبکەن، دواتر ئەندامێکی بەرەی نوسرە کەناوی موهەننەد ئەلڕومانی بوو دەبێتە ناوبژیوانی شەڕەکە لەنێوان یەپەگە و سوپای سوریای ئازاد، ماوەی 10 ڕۆژ تەقە ڕاگیرا، دواتر یەپەگە هێرشیکرد تا گەیشتە کڵێسا، بەرەی نوسرە (باڕێک) ی تەقاندبۆوە وە کڵێساکەشی ئاماددەکردبوو بۆ تەقاندنەوەی، بەڵام دوای ئەوەی یەپەگە کڵێساکەی ڕزگارکرد نەیهێشت بۆمبەکان بتەقێندرێنەوە . دوای ڕزگارکردنی کڵێساکە خەڵک دەستیانکرد بەگەڕانەوە بۆ شارەکەی خۆیان سەرێکانی، تا مانگی تەمووز شەڕ ڕووینەدا لەو ماوەیەدا لایەنی کوردی دەستیکردبە چاککردنەوەی ئاو و کارەبا و خاوێنکردنەوەی شارەکە، لە تەلخەلەف کە ٣ کم لە سەرێکانیێ دوورە، چەتەکانی نوسرە و سوپای سوریای ئازاد کۆگای گەنمی شارەکەیان تاڵانکرد و فرۆشتیانە تورکیا . لەمانگی ڕەمەزان ئەندامێکی یەپەگە کاتێک ئایسکرێم دەخوات لەلایەن بەرەی نوسرە دەستبەسەردەکرێ و لووتی دەشکێنن، یەپەگەش مۆڵەتی دوو کاتژمیر دەداتە بەرەی نووسرە بۆ ئازادکردنی ئەندامەکەی یەپەگە، پێیاندەڵێ ئەگەر ئازادی نەکەن ئەوا هێرش دەکەینە سەرتان، نوسرە ئەندامەکەی یەپەگەی ئازادکرد، بەڵام دواتر یەپەگە هێرشیکردە سەریان ئەمجارە بەتەواوی کۆنتڕۆڵی شاری سەرێکانی کرد، لەوکاتەوە تائێستاش هیچ هێزیکی نوسرە و دەولەتی عیڕاق و شام و سوپای سوریای ئازادی تیا نەماوە، تەنیا هێزەکانی یەپەگە لەوێن، شارەکە دەپارێزن، بەڵام هەردوولا شەو و ڕۆژ ٢٤ کاتژمیر بەرامبەر یەکترن لەپشت فەردەخۆڵەکانی ڕەبایە چاودێری یەکتریدەکەن هەرکەسێک لەهەرلایەک سەری لەفەردە خۆڵەکە زیاتر بەرزبکاتەوە ئەوا دەکرێتە ئامانجی چەکی (قەناس – قناص) ی لایەکەی تر . لەتەنیشت دوایین ڕەبایەی سەربازی یەپەگە کەبەرامبەر هێزەکانی ئیسلامیەکانن لەوێ دەولەتی تورک دیواری شەرمی دروستکردووە، دروستکردنی دیوارەکە ڕۆژی ٢٠١٣/١٠/١٢ تەواوبوو، پێشتر ئەوێ دەرگای فەرمی نێوان سنوری ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری کوردستانبوو لەسەرێکانی، لەسەر دیوارەکەش هێزەکانی تورکیا کامێرای چاودێریان داناوە هەموو جوڵەیەک لەو دەوروبەرە دەبینن، دوورنیە لەڕێگای ئەو کامێرایە تورکیا چاودێری هێزەکانی یەپەگە بکات و زانیاریش بداتە هێزە تیرۆریستیەکان . هەر لەتەنیشت دیواری شەرم واتە دووری چەند مەترێک ئەولاتر باڵەخانیەک هەیە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی یەپەگەدایە، لەوێدا لەشەڕێکدا کاتێک هێزەکانی یەپەگە شارەکە ڕزگار دەکەن چەند کەسێکی سەربە بەرەی نوسرە و دەولەتی ئیسلامی عیڕاق و شام لەناو ئەو باڵەخانەیە تەقەدەکەن دواتر لەلایەن یەپەگەوە دەستبەسەردەکرێن و دوایی دەرکەوت هەندێکیان کوردی باشوری کوردستانن خەڵکی هەڵەبجە و شاری سلێمانی بوون . سەرباری ئەو بارودۆخە دژوارە بەمشێوەیە یەپەگە شارەکە دەپارێزێ، خەڵکی شارەکە بەئارامی دەژین، بەرەی نوسرەش هەڕەشە دەکات دەڵێ دێینەوە بۆ سەرێکانی، ئامانجی لەو هەڕەشەکردنەوە ئەوەیە خەڵکی سڤیل بترسن دووبارە شارەکە جێبهێڵن .
کاتێک شاندی ئینتەرناسیونال سەردانی شاری سەرێکانی کرد لەیەکێک لەشەقامەکانی نزیک لە هێڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوە، ژنێکی عەرەب ڕەشپۆشبوو فۆتەی لەسەربوو واتە محەجەبە بوو، هات وەستا گووتی تکایا وێنەم مەگرن من دەمەوێ قسەتان لەگەڵبکەم، بەڵام ئایا ئێوە عەرەبی دەزانن ؟ گوتمان بەڵێ فەرموو، گووتی من عەرەبم موسڵمانم خەڵکی سەرێکانیم ناوم (م. ا. ک ) هاوسەرەکەم ناوی (عبدالرحمن . م. بیضون ) ە لە ڕۆژی ٢٠١٣/١/٢٤ بە ئۆتۆمۆبیلەکەی خۆی لەسەرێکانی ڕۆیشت بۆ شاری حمص بۆ ئەوەی سەوزە و میوە لەوێ بکڕێ و لێرە لەدوکانەیدا بیفرۆشیتەوە، بەڵام ڕۆیشت نەگەڕایەوە، دوای چەند ڕۆژێک ئۆتۆمۆبیلەکەیم دیت لێرە لەسەرێکانی بەدەست سوپای سوریای ئازادبوو، منیش پەنامبرد بۆ یەپەگە، بابەتەکەم بۆیان باسکرد، ئەوانیش هاتن ئۆتۆمۆبیلەکەیان دۆزیەوە دوو کەسی سوپای سوریای ئازادی تێدابوو، هەردوکیان دەستبەسەرکرد، شەو هێزێکی سوپای سوریای ئازاد هاتنە ماڵەکەم هەڕەشەیان لێمکرد گوتیان ئەگەر ئەو دوو کەسە و ئۆتۆمۆبیلەکە ئازادنەکرێن ئەوا خۆت و هەر شەش منداڵەکەت دەکوژین، منیش لەم ترسە چووم داوام لەیەپەگە کرد کە ئازادیان بکەن ئۆتۆمۆبیلەکەشیان پێبدەنەوە، لەو کاتەوە هاوسەرەکەم چۆن ڕۆیشتووە تا ئێستا بزرە، تکادەکەم گەر بتوانن یارمەتیم بدەن .
لەناو شاری سەرێکانی کاتێک شاندی ئینتەرناسیونال سەردانی کڵێسای شارەکەیکرد، دەرگای کڵێساکە داخرابوو، لەسەر دەرگاکە شوێنەواری گولـلەی زۆر بەدیدەکرا وە بەعەرەبی نوسرابوو لەناودەبردرێن بەتەمای خودا (ستبادون بآذن الله)، دواتر ژنێکی کریستیان هات دەرگاکەی کردەوە، گووتی ئەم کڵێسایە ئێستا نوێژی تێدا ناکرێ چونکە مامۆستای ئایینی کڵێساکە لەترسی گیانی خۆی ڕۆیشت لێرە نەماوە، کەسیش نیە جێگای ئەو بگرێتەوە، کڵێساکە زیانی زۆری پێگەیشتووە ئیسلامیەکان کڵێساکەیان بۆمبڕێژ کردبوو ئامادەیانکردبوو بۆ تەقاندنەوە بەڵام کاتێک یەپەگە شارەکەی ڕزگارکرد بۆمبەکانی لابرد نەیهێشت بۆمبەکان بتەقێتەوە، پاشان چەند کەسێکی تری کریستیان هاتن، ژنێک و پیاوێک هاوسەری یەکتر بوون گوتیان ئیسلامیەکان کوڕەکەی ئێمەیان ڕفاند دوای ئەوەی ئەشکەنجەیاندابوو داوای (500) هەزار لیرەی سوری و ئۆتۆمۆبێلەکیان لێمانکرد تا ئازادی بکەن ئەگەرنا بەبێهۆکار دەیانکوشت، ئێمەش ناچاربووین پارە و ئۆتۆمۆبیلێکمان بۆیانبرد تا ئازادیانکرد . کوڕێکی گەنج لەوێ وەستابوو ناوی یۆنان بوو ئەویش کریستیان بوو بەهەمان شێوە لەلایەن هێزە ئیسلامیەکان ڕفێندرابوو، دوای ئەشکەنجەدان بەهەمانشیوە بەپارە ئازادکرابوو، دواتر هەموو ئەو کەسانەی لەوێبوون کریستیان بوون گوتیان ئێمە هەژارین لەڕووی دارایی توانای ئەوەمان نیە شارەکەمان جێبهێڵین، ئیسلامیەکانیش بەبێهۆکار دەمانکوژن، ئێستا لەسایەی هێزەکانی یەپەگە ئێمە پارێزراوین و کڵێسا و شارەکەمان پارێزراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا داوا لە ئێوە دەکەین دەنگمان بگەیەننە ڕایگشتی لەئەوروپا بەڵکو یارمەتیمانبدەن چارەسەرێکمان بۆ بدۆزنەوە . شایانی ئاماژەپێکردنە گەڕەکە نزیکەکانی هێڵی ڕووبەڕووبووونەوی سەربازی بەدەگمەن خەڵکی تیا ماوە، کۆڵانەکانی ئەو گەڕەکانە زۆر چۆڵن تەنانەت ئەگەر دوو کەس پێکەوە بەدەنگی بەرز قسەبکەن گوێ بیستی سەدای دەنگی خۆیاندەبن، بەڵام کاتێک مرۆڤ دەچێنە ناو شاری سەرێکانی لەسەرەتای شارەکە تا ناوەندی شارەکە و تا کڵێساکە ژیان زۆر ئاساییە و ئاوەدانە و خەڵک کاری ڕۆژانەی خۆیان دەکەن و بازاڕ و دوکان کراوەتەوە .
لەمانگی سێپتێمبەری ٢٠١٣ دا بەرەی نوسرە و دەولەتی ئیسلامی عیڕاق و شام هاتنە گوندی دەردارە کە گوندێکی عەرەبیە، دواتر گوندی (عەلۆک )یانگرت و ڕێگای سەرێکانیان گرت ماوەی ٢ ڕۆژ ڕێگاکە گیرا، پاشان هێزەکانی یەپەگە هاتن لەگوندی عەتیە دەستیانکرد بەڕزگارکردنی گوندی عەلۆک، شەڕەکە زۆر گەورەبوو ڕۆژی ٢٠١٣/٩/١٦ هێزێکی هاوبەشی بەرەی نوسرە و دەولەتی ئیسلامی عیڕاق و شام کەژمارەیان (2000) کەس بوون لەگوندی عەلۆک بوون، یەپەگە هێزی نارد بۆ ڕزگارکردنی عەلۆک، یەپەگە سۆزی دابوو هەرچەند شەهید ببن دەبی گوندی عەلۆک ڕزگاربکات، چونکە ئەگەر عەلۆک ڕزگارنەبێت ئەوا شاری سەرێکانی لەدەستدەچێت وە ئەگەر سەرێکانی لەدەستبچێت ئەوا دەرباسییە لەدەستدەچێ، لەئەنجامدا توانرا هەرسێک گوندی عەلۆک، دەردارا، چاڤا ڕزگاربکری وەبەگشتی ٢٥ کەس لەڕیزەکانی یەپەگە شەهیدکران و 400 لەچەتە ئیسلامیەکان کوژران، دوای عەلۆک ماوەی ٢ ڕۆژ لە چاڤا شەڕ بوو، چاڤا گوندی کوردانی یەزیدیە لە ٢٠١٣/٩/٢٦ دا ڕزگارکرا وە رٶژێک دواتر گوندەکانی تر ڕزگارکران، لەوکاتەوە تا نووسینی ئەم بابەتە لەو ناوچەیە شەڕ وەستاوە، بەڵام هەردوو لا بەرامبەر یەکتر وەستاون دووری نێوانیان لەنێوان (1کم تا 1. 5 کم ).
دێلیگاسیۆنی ئینتەرناسیونال سەردانی گوندەکانی (عەلۆک، جاڤا، دەردارا )یکرد، ئەو تاوانەی ئیسلامیەکانی سەربە بەرەی نوسرە و دەولەتی ئیسلامی عیراق و شام لەو سێ گوندە بەگشتی و لەگوندی چاڤا بەتایبەتی ئەنجامیانداوە لەمێژووی مرۆڤایەتی تاوانی بەم شێوەیە ڕووینەداوە، لەسەردەمی ڕژێمی سەدام و ڕژێمی ئەسەد و ڕژێمی هیتلەری نازی مۆسۆلینی فاشی کاری وا دڕندانە و دژە ئەخلاق دژ بەمرۆڤایەتی ڕووینەداوە، دانیشتوانی ئەو سێ گوندە کە عەرەب و کوردن تەنیا فریای ئەوە کەوتوون گیانی خۆیان دەربازبکەن و ماڵەکانیان جێبهێڵن . دوای ئەوەی یەپەگە هێرش دەکات بۆ ڕزگارکردنی ئەو ناوچانە، چەتەکان دڵنیابوونە لەوەی کەناتوانن بەرەنگاری هێزەکانی یەپەگە ببنەوە، بەم هۆیەوە چەتەکان هەرهەموو خانووەکانیان دوای تاڵانکردن سوتاندووە، کاتێک شاندی ئینتەرناسیونال چووین بۆ گوندی عەلۆک و چاڤا دیتمان شەقامی گوندەکە کە قیرتاوە شوێنەواری زنجیری تانک – دەبابەی تورکی لەسەرماوە، شوینەوارەکانی زنجیر بەئاسانی دەبینرێ، لەو شەڕەدا 4 تانک – دەبابەی تورکی بەشداربووە، وە ماسکەی سەربازی تورکی لەلای چەتەکان هەبووە، کاتێک سەردانی زۆربەی خانووە سوتاوەکانمانکرد لەناو زۆربەی خانووەکاندا هەمان جۆری قوتووی خواردنی تورکی لەسەر زەوی کەوتبوو، تەنانەت پاشماوەی نان – سەموونی تورکی کەوتبوو، قەوان و فیشەکی تورکی ئێستاش لەوێ کەوتووە، چەتەکان سێژەمە خواردنی تورکیان پێگەیشتووە . هەندێک ماڵ نەیانتوانیەوە کلیلی دەرگای ماڵەکانیان لەکاتی ڕۆیشتنیان لەگەڵ خۆیاندا ببەن، کاتێک مرۆڤ سەردانی ئەو شوێنانە دەکا ئەوکات ناسنامەی ڕاستەقینەی ئەو گرووپە تیرۆریستیانە بەتەواوی بۆ دەردەکەوی، وە ڕووی ڕاستەقینەی تورکیا و ووڵاتانی عەرەبی کەنداو دەردەکەوێ و ڕووی ڕەشی ئەو تاقم و کوردە خیانەتکارانە دەردەکەوی کەلەدژی خەڵکی هەژاری کوردستان شانبەشانی دوژمن لەدژی نەتەوەی خۆیان شەڕیانکردووە .
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
