سەركردایەتی كورد لەبەردەم هەلێكی مێژووییدایە ... مێژوونوس: د. محمد بەرزنجی/ ئەندامی یەكێتی زانایانی جیهانی موسوڵمان

هەرچەند تا ئێستا میللەتی كورد یەك ڕیز نییە، بەڵام بە ڕای من ئەمڕۆ كورد بۆ یەكەم جار لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوویدا قۆناغێكی گرنگی بڕی، هەرێمی كوردوستانی عێراق سەرەڕای هەموو گیروگرفتەكانی بۆتە قەڵایەك بۆ كوردی ستەملێكراو لە پارچەكانی تری كوردوستان, ئیتر ئەوە جەنگاوەرانی پەكەكە بن كە زیاتر لە سی و سێ ساڵە لە جەنگدان، یان ئاوارەكانی سوریا كە تا ئێستا ڕژێمی بەعسی عەلمانی دان بە مافەكانیان نانێت، یان خەڵكی كوردوستانی ئێران كە هەڵدێن لە دەست ئەو دۆزەخەی حكومەتی مەزهەبیی ئێران بۆ كورد و نەتەوەكانی تری ناو ئێران سازیداوە، بەجۆرێك هەر ڕۆژ نا ڕۆژێك لاوانی كورد یان لە ناوەڕاستی شارەكان لە سێدارەدەدرێن یان لەسەر سنوورەكان بەفیشەك دەكوژرێن. لە سنووری باشووری هەرێمیشەوە سەدان هەزار هاوڵاتی عێراقی (ئەگەر سوننی بن یان مەسیحی) لە ترسی كوشتن و گرتن ڕوویان لە هەرێم كردووە، (ئەگەر شیعەش بن) لە دەست بێ ئیشی و كەم دەرامەتی، بەكورتی هەرێمی كوردوستان هەرچەند وەك كییانێك لە دەزگا نێودەوڵەتییەكان دانی پیانەنراوە، بەڵام بۆ خەڵكانی دەورووبەری بۆتە ئەوروپا!!!

لێرەدا پرسیارێك دەكەم: ئایا ئەم قەڵایە (هەرێمی كوردوستان) لە ناوەوە ئەوەندە پتەوە كە بتوانێت بەرگری لە مەترسییەكانی دەرەوەی بكات؟

 بەداخەوە قەیرانی ئەم دواییە ئەوە دەگەیەنن كە هەرێم لە مەترسییەكی گەورەدایە. . هەلی مێژووییش هەموو جارێك دووبارە نابێتەوە. . ئەمڕۆ هەموو لایەنە كوردییەكان لە بەرامبەر مەسئولییەتێكی گەورەدان: ئایا هەموو لایەك (دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن) ئامادەن واز لە بەرژەوەندی حزبی خۆیان بهێنن لە پێناو خزمەتی ئەم میللەتە هەژارە كە بە سەدان هەزار قوربانیداوە و دەیان ساڵیشە لە شاخ و لە شار گوێڕایەڵی سەركردەكانی دەكات؟؟ ئایا پاداشتی ئەمڕۆی خەڵكی كوردوستان یەكسانە بەوەی كە بەخشیویانە؟؟

وابزانم یەكەم قۆناغی چاكسازی بۆ دەرچوون لەم قەیرانە دانهێنانە بە كەموكورتییەكان, ئەویش ئێستا ڕوون و ئاشكرایە چونكە هەردوولا بۆ نموونە دان بەگەندەڵی دارایی و ئیداری دەهێنن، كەواتە نۆرەی دووەم قۆناغە كە ڕێزگرتن و گفتوگۆی ڕاستەقینە و ڕاستەوخۆیە لەگەڵا یەكتر، بێگومان خوای میهرەبانیش سەركەوتوومان دەكات ئەگەر نیازی سەركردەكان هەوڵدانی جیددی بێت بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و خزمەتكردنی میللەتی ستەمدیدە و ئازادی بیرووڕا. لە كۆتاییشدا دەڵێم میللەت غەیری زەرەر و زیان هیچی لەم قەیرانە دەست ناكەوێت، هەروەك مامۆستا مەسعود عبدالخالق دەڵێت: (هیچ لایەنێكیش- نە پارتی و نە یەكێتی و نە ئۆپۆزسیۆن - لەو قەیرانە قازانج ناكەن).

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

 

 

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.