هەر سەردەمەو ئاستى ئامادەسازى خۆى پێویستە، سەرکردایەتى ڕابردوولە دنیایەکدا بوو ئێستاش دنیایەکى دیکەیە.
لەم سەردەمى تەکنەلۆژیاو زوو گەیشتنى زانیارییەدا، لە ئێستاى چاوکراوەیى و دنیا بینى خەڵکدا بووە بە پێویستى حەتمى کە دەبێت ئەو کەسانەش لە سەرکردایەتى حیزبەکاندان لە ئاستى ئەو قۆناغ و بەرەو پێش چوونەدابن.
ئەوەى گرنگە لەبەرەو پێش چوونى ئاستى دەرک و ئاوەزاى کەسانى سەرکردەدا دەست خستەیە، هیچ پەیوەست نیە بە گرێى تەمەن و جۆرى ڕەگەزەوە ئەوەندەى پەیوەستە بە بوونى هەوڵى پێگەیشتن و فام و عەقڵ و لێوەشاوەیى یەوە، گەرچى گومانى تێدانیە نەوەى نوێى سەردەم باشتر و نزیکتر نماو گەشە لەگەڵ بارو دۆخى نوێدا دەکات بەڵام ئەمە بۆخۆى بەتەنیا مافى جێ پێ لەقکردنى ئەوانى دیکەى پێ نادات.
ئەو دەرک و پێگەیشتنە تایبەتیەو گەورەیەى لە کەسى سەرکردایەتیدا پێویستە هەبن دیسانەوە ڕوو لە حیزبێکى دیارى کراو و ئایدیایەکى تایبەتى ناکات، بەجیا ڕوو لە عەلمانیەک یان ئیسلامیەک ناکات، بەڵکو هەروەک چۆن هەموو بیرو تێڕوانینە جیاوازەکان هاوبەشن و چوون یەک سوودەمەندن لە دنیاى نوێداو ئەوەش هەمووان بە ڕەواى حەقى خۆیانى دەزانن؛ بە هەمان شێوەش نوێ خوازى و گونجان و بوون لەئاستی قۆناغە زانستى و دەرک و ئاوەزییەکەشیدا چوون یەکن.
من چەند تێبینیەکم هاوشانى چەند خاڵێک کە بە پێویست و ئەرکى دەزانم لە دەرک و ئاوەزاى کەسانى سەرکردایەتیدا –بەجیاوازى هەموو تێڕوانین و بیرو باوەڕەکانەوە-هەبن دەخەمە ڕوو:
١-ناکرێت کەسى سەرکردایەتى ناڕۆشنبیرو نەخوێندەواربێت، بە واتا نا وریایى ونەبونى بەدواداچونى نوێگەرى و خوێندنەوەى بەردەوامى نەبێت، (جگە لە بە ئاگایى لە ڕووداوە ناوخۆییەکان پێویستە لەهەمان ئاستدا ئاگایى هەرێمیشى هەبێت، تەواو زانیارى لە مەسەلە گرنگەکانى دنیاش هەبێت، لەگەڵ وشەو زاراوەو دەربڕینى نوێدا ئاشنابێت، بڕوام نیە گومان لە بونى وەها کەسانێکدا هەبێت کەخزاوەتە سەرکردایەتى حیزبێکى دیارى کراوەوە، لە ڕاستیشدا هیچ جێگەى گومان نیە، زۆرن خەڵکانێک بەهۆى باڵ باڵێن و نزیکى لە ستافێکى دیارى کراوەوە بەبێ لێکدانەوەى ئاستى رۆشنبیرى و لێوەشاوەیى و بەقودرەتى تەکەتول دەگاتە ئاستە باڵاکانى حیزب و ئیتر هەرگیز نایەتە خواریشەوە، کەس هەبووە لە ئاستى باڵاى حیزبدا پێى گوتراوە کۆلارە، واتا بەرزکردنەوەو نزمکردنەوەى بەدەست سەروترەوە بووە بەڵام دواتر ئەو کۆلارەیە تەواو لەدەست دەرچووە).
٢-ناکرێت کەسى سەرکردایەتى زۆر بڵێ بێت و لە دەرەوەى بوارى تایبەتى خۆى-ئەویش لە چوارچێوەى نوسینگە حیزبیەکەى خۆیدا- هەرچى هاتەپێش ئەو قسەى تێدا بکات و سەرنج و تێبینى لەسەرى هەبێت و لەسەرى بنوسێت، لەم هەڵمەتى هەڵبژاردنەى دواییدا برادرێک ئەوەندە درێژەى دایە قسەکانى نیوەزیاترى مەجلیسەکە بڵاوەیان لێکرد (ئاخر لەم سەردەمى زوو بڵاوەکردنى هەواڵدا؛ گەیشتنى جۆراو جۆرى قسەکان دەبنە بەڵاو نەگبەتى بۆ گیانى حیزب و جارى واهەیە هەتا هەتایە لێدوان و سەرنجێکى کەسێکى سەرکردایەتى بۆ سەرتا خوارى حیزب پینە ناکرێت و عەوەز ناکرێتەوە، ئەمە سەربارى نەگونجاو دەرکەوتنى کەسى زۆر بێژ لەلایەکى دیکەشەوە فرە سەرى و پشێوى ئەو حیزبە دەردەخات، ئێ خۆ مەسەلەى دانانى وتەبێژى دیارى کراو بۆ چارەسەرى ئەم گرفتەیە لە بنەڕەتدا، بەڵام من خۆم کەسى سەرکردایەتى ئەو حیزبانە دەبینم لەبرى ئەوەى کارى جدى لە ئۆرگانە تایبەتیکەى خۆیدا بکات کەچى لە سەدو یەک مەسەلەى جیاواز لێدوان و سەرنج و نوسین و شتى واى هەیە، کە هەریەکێک لەو مەسەلانە لە دنیاى سیاسیدا ڕەهەندى جیاواز و کارگەرى بەسەر حیزبەکەى خۆیى و حیزبە نەیارەکانیشیەوە هەیە، جار و بار دەگەمە ئەو دڵنیاییەى کەس سەرنج و قسەکانى بەهەند وەرناگرێت ئەگینا دەبوو هاو سەرکردایەتیەکانى هەر خەریکى چارەسەرى کێشەى دەرهاویشتەى قسەو لێدوانەکانى ئەوبونایە).
٣-ئەوەى لە کەسایەتى سەرکردەدا گرنگەو کاریگەرى هەیە کردارە نەک گوتار، ( خەڵک بەئاسانى دەگاتە دەرەنجامى مەزەندە کردنى کەسایتیەکى دیارى کراو، ئایا گونجاو و شایستەى پلەو ئاستى سەرکردایەتیە یان بە پێچەوانەوە، دەیان کەسى ئاستى باڵاى حیزب هەن خەڵکیان لە خۆیان وەڕس کردووە، ئاخر ئیتر ئەو عالەمە تاقەتى گوێگرتن و سەرنجدانى قسەى ئەوانى نەماوە، لەکاتێکدا لەبەر کەمى کردەوەو ڕەنگدانەوەو بەرجەستەنەکردنى قسەو نوسینەکانى بۆ تەنیا دەرکەوتنێکى بە دەیان جۆر و وەستان و جوڵە وێنەى خۆى دەگرێت و بڵاوى دەکاتەوە، ئاخر ئەگەر تۆ کەسێکى پراکتیکى بیت چ ئیحتیاجێکت بە دە بارەکردنەوەى ئەو وێنانەت هەیە، خەڵکى ئێستا و کۆنیش ئەوەنە کردەوەیان دەوێت قسەیان ناوێت)
٤-ئەتەکێتى تایبەتمەندى و دنیابینى و باگراوەندى دوور و نزیکى حیزبەکەى خۆى هەبێت، ئەگەر ئاینى یە ئاینى و ئەگەر نیشتمانى یە نیشتمانى و. . هتد، (ئەمەش یەکێکە لە گرفتە زەقەکانى دنیاى حیزبیمان، گەرچى ئەوەش سەرى لە تێهەلکێشى و لێڵى پێک هاتەى کۆمەڵگەوە گرتووە بەڵام چۆن دەبێت کەسى سەرکردایەتى خۆى بداتە دەم شەپۆلەوەو لەخۆیەوە دەست پێنەکات!).
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
