ئەگەر دڵسۆزى و نیازى باش هەبێت هیچ گرفتێک بەبێ چارەسەر و کۆتایى هێنان نامێنێتەوە، حکومەت بڕیارى قەدەغەکردنى فرۆشتنى جگە بەنزینى بێجى واتە هەموو بەنزینە بەناو موحەسەن و نۆرماڵ و سوپەرو. . هتد دا، هەرپاشى یەک رۆژ بانزینخانەکان وەکو بیسمیلات لێکردبێتن قەرەباڵخى و ئەزمەى سەرەى بەردەمیان بونى نەما. . .
بڕیارەکەى حکومەت لەو دەرەنجامەوە دراوە پاشى ئەوەى پشکنیان بۆ جۆراو جۆرەکانى بانزینى بانزینخانەکان کردووە ڕونبۆتەوە کە هەمان بێجیە حەیاتەکەیەو بە ئەنواع مەوادى کیمیاوى و ئەلوان وەکو بڵێى مکیاجێکى باشیان بۆ کردووەو بە چەند قات دەیفرۆشنەوە. . . ئیدى هەم ژینگە توشى دەرد و پەتا دەکات و هەمیش ئۆتۆمبێلەکان دادەرزێنێت. . .
ئەو بڕیار و پشکنینەى حکومەت و دەزگا دڵسۆزەکان ئەوە دەسەلمێنن هۆکارێکى سەرەکى بەش نەکردنى بەشە بەنزینى حکومى و هەر زوو دەرگا داخستنى بانزینخانەکان لەژێرەوە رۆکردنیەتى بۆ بانزینخانە ئەهلیەکان و تا ئەوان بەحساب بانزینى تاجیکستان و تورکمانستان و بەو مکیاجە کیمیاویەوە بە گران بیفرۆشنەوە بە هاووڵاتیان و لە کون فەیەکونێکدا چەند ملیاردێرێکى دیکەى پێوە هەڵتۆقێت. . .
نازانم حکومەت تا چەندە بیستویەتیەوە بەڵام لەناو هاووڵاتیاندا بیستراوەو لەزۆر جێگە باسکراوە بانزینخانەو کارى ڕەشى کڕین و فرۆشتنى سوتەمەنى ڕێگایەکى فرە ئاسان و خێراى دەوڵەمەندکردن و بە ملیۆنەربوونە نەخاسمە لەو دەم و رۆژانەى ئەزمە دروست دەکەن و لە پشتەوە مەگەر خۆیان و خودا بزانێت چى دەکەن. . .
پاشى دەرچونى ئەو بڕیارە هەندێک لە خاوەن بانزینخانە ئەهلیەکان هەڕەشەى داخستنى بانزینخانەکانیان دەکەن. . . ئێ وایە ئەو لێشاوە دەستکەوتە خەیاڵیە بێ ماندووییە لەکوێ بە ڕیگەى ساغ و دروست دەست دەکەوێت. . .
هیوادارم حکومەت لەژێر فشارى پێڕێک بەرژەوەندى تایبەتى خوازى کەرتى تایبەتى سوتەمەنیدا لەو بڕیارەى پەشیمان نەبێتەوە. . . چونکە ئەوەتا پاشى یەک رۆژ لە دەنگۆى بڕیارەکەو نزیکى جێ بەجێکردنی ئەزمە بە تەواوى کەم بوەتەوە. . . ئیدى با کۆتایى بەو تێڕوانینە بهێنرێت کەپێى وایە ئەگەر قەیران و مەشخەڵەت بۆ هاووڵاتیان دروستبکەیت حکومڕانى باش دەچێت بەڕێوە. . . نەخێر وڵات و خەڵک لە ئارامى و سەقامگیرى و بێ کێشەو قەیرانیدا زیاتر و زیاتر ئینتیمایان بۆ نیشتمان گەورەدەبێت. . .
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
