هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سروشیانه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق!. . . . خالد گڕاوی
پرۆسه‌ی ئازادی عێراق و هاتنی هێزی زۆر و پڕ ته‌كنۆلۆجیای ئه‌مریكا نه‌یتوانی چاره‌سه‌ری بۆ كێشه بنه‌ڕه‌تیه‌كانی ئه‌و وڵاته ده‌سته‌به‌ر بكات، قه‌یرانه‌كان له به‌رده‌وامی دان و نه‌وه‌ستاون، هه‌موو ئه‌و ڕێگه چارانه‌ی كه دوای 2003 بۆ یه‌كپارچه‌یی عێراق و یه‌كگرتووی میله‌ته‌كه‌ی پێشنیار كراون یا وه‌ك یاسایه‌ك كاری له‌سه‌ر كراوه، بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م له ژێر گوشار و فاكته‌ری هێزی ده‌ره‌كی بێده‌نگی به دۆخه‌كه داوه، سه‌رجه‌م بڕیار‌و یاساكانیش ته‌نها توانیویانه كێشه‌كان خه‌فه بكه‌ن، تا گه‌یشته ئه‌مڕۆ كه ده‌توانین ناوی لێبنێن لوتكه‌ی بنبه‌ستی كێشه‌كان.
له مێژووی عێراق به‌هۆی هاوسه‌نگ نه‌بونی هێز له نێوان سونه‌و كورد‌و شیعه، متمانه له نێوانیان ون بوه، بۆیه هه‌ر لایه‌نه به‌دوای زیاد كردنی یا به‌لانی كه‌م هاوسه‌نگ كردنی بلانسی هێزه‌كه‌ی كاری كردوه.
مه‌سه‌له‌ی پێكه‌وه ژیان له‌ناو ئه‌م سی پێكهاته ئاڵۆزه‌دا پێویستی به لانه‌دان و خۆ نه‌دزینه‌وه له جێبه‌جی كردنی بڕگه ده‌ستوریه‌كان هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌نێك به‌ته‌نها هه‌وڵی كۆنترۆڵ كردنی لایه‌نه‌كانی تر نه‌دات، له عێراقی به‌ناو ئازاد بۆ به‌رجه‌سته كردنی ده‌سته‌ڵاتی دیموكراسی، ته‌نها حوكم كردن به شێوازه ته‌وافقی یاسایی و ده‌ستورییه، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگر بیت له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی ڕه‌های خۆ سه‌پێنه‌ر و زه‌مانه‌تێك بێت بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی ترسی كه‌مینه به‌رامبه‌ر زۆرینه.
شیعه‌كان له‌ئه‌نجامی زاڵ بونی بیری مه‌زهه‌بی و، وه‌ك براوه و زۆرینه له په‌رله‌مان، له هه‌وڵی ئاشكرا دان بۆ باڵا ده‌ستی له حوكم كردن، وه په‌راوێز خستنی سونه‌كان و دورخستنه‌وه یان له حوكم، ده‌رهاویشته‌ی ئه‌و بۆچونه‌یان بوو، وه خواستی هه‌رێمی كوردستانیش له ده‌وڵه‌تی عێراق، بریتیه له كار كردن به‌بنه‌ما ده‌ستوریه‌كان و دڵنیا بون له سه‌روه‌ری خاكه‌كه‌ی و ڕه‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و ترسه‌ی له سه‌ده‌ی رابردوو به میرات بۆ كورد جی ماوه.
بۆیه حه‌قه سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد، بیرله ڕێگا چاره‌ی تر بكاته‌وه له كاتێكدا كه له عێراق، سی بۆچونی جیا، سی بیركردنه‌وه‌ی جیا، سی كه‌لتوری جیا هه‌ن، كه خواستی پێكهاته‌كان بۆ پێكه‌وه ژیان هه‌ست به‌بونی ناكرێت، هیچ هه‌وڵێكی جدی نێو ده‌وڵه‌تیش نابینری بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كان، ده‌ركه‌وتوه تا زمانی لێك تێگه‌یشتن و گیانی لێبورده‌یی و كار كردن به بنه‌مای ته‌وافی نیشمانی بونی نه‌بی، تارمایی بێئومێدی باڵ ده‌كێشی و هه‌رگیز دیدێكی ڕوونیش بۆ پێكه‌وه ژیان سه‌رهه‌ڵنادا، ئه‌م وڵاته تاسه‌ر ناتوانی وه‌ك وڵاتێكی یه‌كگرتو بمێنێته‌و هیچ سیسته‌مێكی سیاسی له توانایا نیه حوكمی ئه‌م سی پێكهاته بكات، و هیچ یاسایه‌ك و هێزێك ناتوانی سی ویست و خواست و بۆچون و كه‌لتوری جیا به‌سه‌لامه‌تی و پارێزراوی تێكه‌ڵ بكات، له‌كاتێك سه‌ره‌تاكانی لێك دابڕانی سروشتی به‌رجه‌سته بوه و، به‌ره‌و لێك جیاكردنه‌وه‌ی یه‌كجاره‌كی، سی پارچه‌ی سه‌ربه‌خۆ گوزه‌ر ده‌كه‌ن.
Khalidabdula2000@yahoo. com
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
