دەمامکەکانی حزب و حکومەت لەبانگەشەی هەڵبژاردندا ئاشتی گەرمیانی . . ئەڵمانیا. . کۆڵن

لە جیهانی هەڵبژادنی جیهاندا وا بووە یان دەتوانم بڵێم لە پرۆسەی دیموکراسی جیهانیدا حکومەت و فراکسیون و حزبەکان بەرنامەی ئەوەیان هەیە کە بەدوای چارەسەری كێشەی هاوڵاتیاندا بگەڕێن یان چارەی زیادە ڕەوی و گرانی و بیکاری و دۆزینەوەی پلانی خزمەتگوزاری و داهاتوویەکی ڕۆشن بۆ میللەتەکەیان دەکەن، بەو دۆسیەو بەرنامە یاسایانەی کە ڕێگە دەدات بە حزب و دەسەڵات و ڕێکخراوەکان کە پێش کەشی دەکەن لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا، بەڵام کارێك کە دەنگ بەدەست بهێنێت وە بەرنامەیەك کە خزمەتی خەڵکی ووڵاتەکەیانی پێ بکات، وە هەندێک بەرنامەی تر کە مرۆڤ لەناو کۆمەڵگاکەیاندا دوور بکاتەوە لە تووندو تیژی یان لە کاری خراپە وە لاو گەنجیان ڕزگار کات لە کاری خۆ کوژی . ئەمانە بنەمایی پرۆسەی بانگەشە کردنە وە بەم جۆرە بەرنامانەوە خەڵك دەنگ دەداتە کاندیدی ئەو حزبانە یان ئەو پارت و ڕێکخراوانە، لە پرۆسەی هەڵبژاردنی کوردستانی خۆماندا سەرەتا کێشەکان لە نادەستووری و دەستووری یەوە سەر هەڵدەدات وە حزبەکان دروستکەری ئەو کێشانەن کە هاوڵاتیان پێوەی دەناڵێنن، تاکە کۆڵکە سیاسییەکانە بەرنامەی خەیاڵی دادەنێن تا لەناو خەڵکدا بتوێتەوەو بیرو هزی ئەو خەڵکە بەو جۆرە بیرۆکانە ئاو دەدەن کە شەڕی پەڕۆ ببێتە شەڕی باوکە ڕۆ ؟

هیچ لە پارتە کوردییەکانم ئەوەیان نەخستۆتە ڕوو کە کێ چی دەکات وە چ بەرنامەیەکی هەیە بۆ ئاوەدانی ئەو ووڵاتە، ئەوەندە قسەیان کردووە وە ئەوەندە بەڵێنیان داوە وەئەوەندە ئیمزایان کردوە، هیچ لە ئیمزاکانیان لە کۆمپیوتەردا ناخوێنرێتەوە وە هیچ لە قسەکانیان جێگای متمانەی نەماوە، ئیدی دەمامکەکانی هەڵبژاردن زۆرن . . سەردانی ماڵە شەهیدەکان تەنها لەکاتی هەڵبژاردنە وە بۆ ئازایەتی خۆیانە، سەردانی شەرمەزاریان وە کاندیدی دەوڵەمەند کە تەنها پارە مەحەکەکەیەتی، زۆر خەونی خەیاڵاوی ووڵاتی منی داپۆشیوە کە هیچیان ڕاست نین ودوورن لە ڕاستی تەنها بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنە، دەمامکەکانی هەڵبژاردن درۆیەکی زاق و قوڵن کوڕە هەژارو مرۆڤی سادەی ووڵاتەکەمی پێ دەخەڵەتێنن . . هەر یەك لەژێر ناوێکدا وە ڕەنگێکەوە . . . پیاوە حزبیەکانیش واسیدە دەکەن بۆ خۆ بەرەو پێش بردنە پێشەوە لەوەی کە خەونی بوون بە ئەندامێتیان هەبێت لە پەرلەماندا، کۆنەکانیش لە پەلەقاژەی جێگاکانیاندان، بۆیە ڕووحی خزمەت لەسەر ئەساسی نەتەوەیی کەمترە وەك لەوەی ووڵاتێك ئاوەدانی و پرۆسەی دیموکراسی بە خۆیەوە ببینێت .


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.