له ساڵی 1974 كاتێك به‌شی زمان و ئه‌ده‌بی كوردیم له زانكۆی به‌غدا ته‌واو كرد، ده‌بوو بچمه سه‌ربازی و ماوه‌ی ساڵ و نیوێك سه‌ربازی بكه‌م، چونكه ڕژێم بڕیارێكی ده‌ركردبوو، به پێی ئه‌و بڕیاره ده‌بوو هه‌موو ئه‌وانه‌ی بڕوانامهیش وه‌رده‌گرن، چ بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس یان ماجستیر، ته‌نانه‌ت دكتۆرایش بێت، سه‌ربازی بكه‌ن، به‌ڵام كه چوومه ده‌زگه‌ی سه‌ربازگیری له خانه‌قین ڕه‌وانه‌ی نۆژداریان كردم كه له‌به‌ر كزی چاوی چه‌پم بڕیاری دا ته‌نیا بۆ سه‌ربازی بێ چه‌ك ده‌شێم، بۆیه دوای دوو مانگ پاش هاوه‌ڵه‌كانم ڕه‌وانه‌ی فێرگه‌ی سه‌ربازگه‌ی جه‌له‌ولایان كردم، ماوی سێ چوار مانگێك له‌وێ مامه‌وه، دواتر له جیاتی فوئاد حوسێن ئه‌حمه‌د كه به‌عسی بوو ناوی هاتبووه‌وه بۆ به‌سره بگوێزرێته‌وه، منیان ڕه‌وانه‌ی سه‌ربازگه‌ی هێزی ده‌ریایی له مه‌عقه‌ل له به‌سره كرد، ئه‌وه‌بوو پاش ساڵ و نیوێك سه‌ربازیم له 2/5/1976 ته‌واوكردو گه‌ڕامه‌وه بۆ به‌غدا، ئه‌و كاته ماڵمان له به‌غدا بوو، باوكم كۆچی دوایی كردبوو، هه‌وڵم دا له شوێنێك دامه‌زرێم، زۆرتر ئاره‌زووم له ئیشی ڕۆژنامه‌نووسی بوو، ئه‌و كاته‌یش ده‌زگه‌ی ڕۆشنبیری و بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردی له به‌غدا بوو، نزیك گۆڕه‌پانی (خلانی) بوو، به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگه‌كه (عوسمان فایه‌ق) بوو، كه سه‌رنووسه‌ری چاپه‌مه‌نییه‌كانی دهزگهبوو، كابرایه‌كی به‌عسی بوو، ده‌یانگوت ئه‌و بوو یه‌كه‌مین به‌یاننامه‌ی كووده‌تای به‌عسییه‌كانی ساڵی 1968ی له ڕادیۆو ته‌له‌فزیۆنی به‌غداوه خوێندبووه‌وه، ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره دوو ژنی هه‌بوو، ژنه گه‌وره‌كه‌ی خه‌یریه محه‌مه‌د كه‌ریم بوو، ئه‌و ژنه‌كه‌ی دیكه‌ی خه‌ڵكی خانه‌قین بوو وابزانم ناوی به‌دریه بوو، ئه‌و ڕۆژه‌ی چووم داواكارییه‌كم پێشكه‌ش ده‌زگه كرد كه له‌وێ دامه‌زرێم چیرۆكێكی منداڵانم له عه‌ره‌بییه‌وه وه‌رگێڕابوو، ئه‌و چیرۆكه له گۆشه‌ی مندڵاندا له دوایه‌مین لاپه‌ڕی هه‌فته‌نامه‌ی (هاوكاری) دا بڵاو كرابووه‌وه، ئه‌وه‌ی بۆ دامه‌زراندن له‌و ده‌زگه‌یه داواكاری پێشكه‌ش بكردایه، به نووسین تاقییان ده‌كرده‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من زۆر بابه‌تی وه‌رگێڕان و نووسین و شیعرم له هاوكاری و بڵاوكراوه‌و چاپه‌مه‌نی دیكه‌دا بڵاو ده‌كرده‌وه، داوای ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یان لێ نه‌كردم، پاش ماوه‌یه‌ك بڕیاریان دا له‌و ده‌زگه‌یه دامه‌زرێم، به‌ڵام ده‌بوو نووسراو بۆ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری بكه‌ن و ئه‌و فه‌رمانی دامه‌زراندن ده‌ربكات، بۆیه پاش ماوه‌یه‌ك له‌سه‌ر داواكاری ده‌زگه وه‌زاره‌ت قایل بوو له‌و ده‌زگه‌یه دامه‌زرێم، لێ مه‌رجێكیان دانابوو، ده‌بوو ئه‌وه‌ی دامه‌زرێت ماوه‌ی یه‌ك مانگ بچێته خولی شیاندن و كارگێڕییه‌وه، بۆیه نزیكه‌ی بیست تا بیست و پێنج كه‌س له‌وانه‌ی بڕیار درابوو له ده‌زگه جیا جیاكانی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری دامه‌زرێن، ڕه‌وانه‌ی ده‌زگه‌یه‌كی خول و ڕاهێنانی سه‌ر به‌و وه‌زاره‌ته كراین، ماوه‌ی یه‌ك مانگ چه‌ند وانه‌یه‌كی تیۆرییان به گوێدا داین و پاش ته‌واو بوونی مانگه‌كه سه‌رو نوسراویان بۆ ئه‌و ده‌زگه‌یه پێ داین لێی دامه‌زراوین بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌كار بین.
من له 2/5/1976 سه‌ربازیم ته‌واو كرد به‌ڵام له 6/7/1976 له ده‌زگه ده‌ست به‌كاربووم، بڕیار بوو ناونیشانی وه‌رگێڕم پێ ببه‌خشن، به‌ڵام سه‌ره‌تا ناونیشانم ئه‌مینداری كتێبخانه بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و كاته‌دا ناونیشانی دیكه‌ی ڕۆژنامه‌وانی نه‌بوو پێم ببه‌خشن، دواتر كه ده‌ست به‌كاربووم، كاری ڕۆژنامه‌وانییان له ڕۆژنامه‌ی هاوكاری پێ دام، له‌وانه‌یش كاری وه‌رگێڕانی هه‌واڵ و ده‌نگوباس و وتار، بۆیه دواتر ناونیشانه‌كه‌یان بۆ وه‌رگێڕ بۆ گۆڕیم.
ئه‌و كاته وه‌ك گوتم عوسمان فایق به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بوو، ده‌زگه به‌شێكی بۆ وه‌رگێڕان كردبووه‌وه، له‌و به‌شه‌دا چه‌ند كه‌سێك بووین له‌وانه: حه‌مید عه‌زیز (دكتۆر)، فه‌یسه‌ڵ مسته‌فا حاجی، فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، یاسه‌مین به‌رزنجی و، من، ئه‌وه‌ی به بیرم بێت جاروبار ڕایان دهسپاردین ناوه‌رۆكی گۆڤاری كوردی، یان ئه‌و بابه‌ت و وتارانه‌ی بۆ بڵاوكردنه‌وه ده‌گه‌یشتنه بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگه وه‌رگێڕینه سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به خۆی بیانخوێنێته‌وه‌و بڕیاری بڵاوكردنههیان بدات، چونكه به خوێندن كوردی نه‌ده‌زانی و زۆرتر به عه‌ره‌بی قسه‌ی دهكردو ده‌یخوێنده‌وه‌و، نه‌یده‌هێشت وشه‌یه‌ك تێپه‌ڕێت و هیماكانی لێك ده‌دایه‌وه، بیرمه به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی جارێكیان ناكۆكی له‌گه‌ڵا كۆمه‌ڵه‌ی ڕۆشنبیری كوردیدا هه‌بوو، یان وه‌ك ده‌یانگوت ڕاسپێررابوو سانسۆری ده‌زگه ڕۆشنبیرییه كوردییه‌كان و چاپه‌مه‌نییه كوردییه‌كان بێت، ئه‌و جاره ژماره‌یه‌كی گۆڤاری ڕۆژی كوردستان تازه چاپ و بڵاو بووبووه‌وه، بابه‌ته‌كانی ئه‌و ژماره‌یه‌ی به‌سه‌ر وه‌رگێڕه‌كاندا دابه‌ش كرد بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ریبگێڕنه سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی و بزانێت چی‌یان تێدایه، له‌و بابه‌تانه بابه‌تێكی شاعیر ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د سه‌باره‌ت به فهڕووغی فه‌ڕوخ زاد به‌ر من كه‌وت، منیش وه‌رمگێڕایه سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی و تا ئه‌م دواییه‌یش ڕه‌شنووسه‌كه‌ی لام مابوو، به‌ڵام حه‌زم نه‌كرد بڵاوی بكه‌مه‌وه.
جارێكیان وتارێكم له‌باره‌ی پێویستی پێشخستن و په‌ره‌پێدانی به‌رنامه‌كانی ڕادیۆی كوردی له به‌غدا نووسیبوو، كاتێكم زانی داوایان لێ كردم چۆن باسی ڕادیۆم كردووه‌و مه‌به‌ستم له‌و بابه‌ته چییه، منیش ناوه‌رۆكی وتاره‌كه‌م بۆ ڕوون كردنه‌وه كه وشه‌و هزری ئه‌وتۆی تێدا نییه له‌گه‌ڵا بیروبۆچوونی به‌ڕێوه‌به‌ردا نه‌گونجێت، بۆیه دوای دڵنیا بوون له وتاره‌كه ئه‌م جار بڕیار درا بڵاو ببێته‌وه. كاتێك له به‌شی وه‌رگێڕان بووین، كاك فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ڕاسپێررابوو وه‌ڵامی پۆسته‌ی خوێنه‌رانی گۆڤاری (ڕۆشنبیری نوێ) بداته‌وه، كه ئه‌و كاته مامۆستای خوالێخۆشبوو عه‌بدولعه‌زیز خانه‌قا سكرتێری نووسینی بوو، كاك فه‌رید ئه‌و بابه‌تانه‌ی ده‌خوێنده‌وه، كه بۆ بڵاوكردنه‌وه بۆ گۆڤاره‌كه ده‌هاتن و بۆ بڵاوكردنه‌وه نه‌ده‌شیان، پاشان چه‌ند بڕگه‌ی لێ هه‌ڵده‌بژاردن و به عه‌ره‌بی وڵامی ده‌دانه‌وه‌و دواتر وهریدهگێڕایه سه‌ر زمانی كوردی، له‌و وه‌رگێڕانه‌دا داوای لێ ده‌كردم یارمه‌تی بده‌م منیش له‌و ڕووه‌وه زۆرم یارمه‌تی ده‌دا.
ئه‌وه‌بوو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ده‌زگه عوسمان فایق له‌و وتار‌و بابه‌تانه‌ی له هاوكاری و چاپه‌مه‌نییه‌كانی ده‌زگه‌دا بڵاو ده‌بوونه‌وه وشه‌و ناوی كوردستانی قه‌ده‌غه‌كردبوو، له‌هه‌ر وتار‌و بابه‌تێكدا ناوی كوردستان بهاتبایه، ئه‌گه‌ر ده‌قی مێژوویی یان ده‌قی نێو سه‌رچاوه‌یه‌كیش بووایه، فه‌رمانی ده‌دا به زاراوه‌ی ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی بگۆڕرێت، ئه‌مه‌یش وای كردبوو هه‌موو نووسه‌رو ڕۆشنبیران ڕكیان لێ ببێته‌وه‌و نێوانیان له‌گه‌ڵ نه‌بێت، ئه‌و ساڵانه زۆر نووسه‌رو ڕۆشنبیری كورد له‌و ده‌زگه‌یه كاریان ده‌كرد، له‌وانه‌یش ئه‌حمه‌د غه‌فوور و غه‌فوور میرزا كه‌ریم و حوسێن عارف و سه‌ڵاح شوان و موختار فایه‌ق و مه‌حموود زامدارو فارووق ئامێدی و ئه‌حمه‌د جه‌زراوی و بورهان قانع و عه‌بدولعه‌زیز خانه‌قاو حه‌مید عهزیزو ئه‌كره‌م مه‌حموود سه‌مین و ئه‌حمه‌د حه‌یران و ئه‌حمه‌د زه‌هاوی و ئه‌حلام مهنسوورو عه‌بدوڵڵا عه‌باس و محه‌مه‌د عه‌بدولخالق و غازی سهعدوڵڵاو هه‌ندێكی دیكه له‌وانه‌ی هه‌نووكه ناویانم له یاد چووه‌ته‌وه. ئه‌وه‌بوو به‌یانیانێك تازه گه‌یشتبووینه دهزگهو هه‌ركه‌و له شوێنی خۆمان ده‌ستمان به‌كار كردبوو، كاتژمێر نزیكه‌ی نۆ چاره‌كی ده‌ویست، عوسمان فایه‌ق هه‌موو ڕۆژێك نۆ چاره‌كی بوێت ده‌گه‌یشت، ئه‌وه‌نده‌مان زانی له خواره‌وه‌ی ته‌لاری ده‌زگه‌كه، كه چوار پێنج نهۆم بوو، دوو سێ ته‌قه كرا‌و ده‌ست به هات و هاوار كرا، ئێمه‌یش هه‌ر یه‌كه‌و له ژووره‌كه‌ی خۆمان ده‌رپه‌ڕینه ده‌ره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بزانین چی ڕووی داوه، ئه‌وه‌مان به‌ر گوێ كه‌وت كه گوتیان كوژرا، پرسیمان كێ كوژرا، وتیان به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی، له‌وێوه چه‌كدارێك چاوه‌ڕێی دهكردو له‌گه‌ڵا گه‌یشتن و دابه‌زینی له ئۆتۆمۆبیله‌كه‌ی یه‌كسه‌ر به‌ر ده‌ستڕێژی ده‌مانچه دراو بریندار بوو، دواتر زانیمان هه‌ركه بریندار بووه یه‌كسه‌ر نابوویانه ناو ئۆتۆمۆبیله‌كه‌ی خۆی و ئه‌حلام مهنسوورو ئه‌كره‌م مه‌حموود سه‌مین و فوئاد حوسین له‌گه‌ڵی سوار بووبوون تا گه‌یاندبوویانه نه‌خۆشخانه ته‌واو بووبوو.
ئه‌وانه‌ی ڕووداوه‌كه‌یان بینیبوو گێڕایانه‌وه كه ئه‌و چه‌كداره له‌به‌رده‌م ته‌لاری ده‌زگه‌كه، كه ده‌كه‌وته گۆڕه‌پانی (خلانی) یه‌وه، كه شووره‌یه‌كی ئاسنی له‌به‌رده‌مدا وه‌ك گه‌راج بۆ ڕاوه‌ستانی ئۆتۆمۆبیله‌كانی ده‌زگه كرابوو، له‌وێ ڕاوه‌ستابوو رَۆژنامهیهكی لوولدراوی پێ بووه، كاتێك عوسمان فایه‌ق له‌م لاوه، له ده‌رگه‌ی ده‌سته ڕاسته‌وه له ئۆتۆمۆبیله‌كه دابه‌زیوه، چه‌كداره‌كه یه‌كسه‌ر له‌وێوه ته‌قه‌ی لێ كردووه‌و پێكاویه‌تی و له شوێنێكی داوه بمرێت، بۆیه تا گه‌یاندوویانه‌ته نه‌خۆشخانه مردووه.
ئه‌وبوو له‌به‌ر ئه‌و ڕووداوه چه‌ند كه‌سێكیان له ده‌زگه گرت گومانی ئه‌وه‌یان لێ كردن ده‌ستیان له‌و ڕووداوه‌دا هه‌بووبێت، له‌وانه‌یش: حوسێن عارف و ڕه‌ووف حه‌سه‌ن و عه‌بدوڵڵا عه‌باس و عه‌بدوڵڵا بابه عه‌لی و ئه‌حمه‌د زه‌رده‌شت و هه‌ندێكی دیكه نازانم كێ بوون، ئه‌وانه ماوه‌ی چه‌ند مانگێك به‌ندبوون، باوه‌ڕ بكه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زۆریان له‌گه‌ڵدا كرا، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بوو، هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پاش شه‌ش مانگ ئه‌نجامده‌ری كردهوهكهو ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیدا بوون له لایه‌ن به‌كرێگیراوێكی ڕژێمه‌وه كه ئه‌ویش (كاوه فاتیح) بوو ئاشكرا كرا‌و گیران، باوكی ئه‌و كاوه فاتیحه كۆمۆنیست بوو، كاتی خۆی ڕژێم له سێداره‌ی دابوو، بۆیه خۆی بووبووه سیخوڕی ڕژێم، ئه‌نجامده‌ری كرده‌وه‌كه‌یش كوڕی ئافره‌تێكی كوردپه‌روه‌ری خانه‌قین بوو به ناوی (نازه نانه‌وا) به‌ناوبانگ بوو، هه‌ركه ئه‌وانه گیران و به زه‌بری لێدان و ئه‌شكه‌نجه ددانیان به كرده‌وه‌كه‌دا ناو دواتر وا بزانم له سێداره دران، ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی ده‌زگه‌ی ڕۆشنبیری و بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردی ئازادكران و وه‌ك خۆیان باسیان كرد مووچه‌ی ئه‌و مانگانه‌یان بۆ خه‌رج كردن كه له به‌ندیخانه بوون، چونكه له‌و ماوه‌یه‌دا مووچه‌كانیشیان ڕاگیرابوو، هه‌روه‌ها ئه‌حلام مه‌نسوور، كه ئه‌ویش له‌وێ كاری ده‌كرد، گوتبووی ئه‌ویشیان بۆ ماوه‌ی سه‌عاتێك بۆ لێپرسینه‌وه بردووه‌و دواتر ئازادیان كردووه، جا هیوادارم له‌وانه‌ی به هۆی ئه‌و ڕووداوه‌وه گیرابوون و زانیاری زۆرتریان لایه، یان من ناوم نه‌هێناون ئه‌و زانیارییانه بۆ خوێنه‌رو بۆ مێژوو تۆمار بكه‌ن و ئه‌گه‌ر كه‌م و كورتییه‌ك له گێڕانه‌وه‌كه‌ی منیش‌دا هه‌بوو ڕاستی بكه‌نه‌وه.
ساڵی 1977 یان 1978 بوو، ڕۆژنامه‌ی هاوكاری من و كاك فه‌یسه‌ڵ مسته‌فا حاجی ڕاسپارد ڕیپۆرتاژێكی ڕۆژنامه‌وانی له باره‌ی هه‌ڵمه‌تی نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری له هه‌ردوو پارێزگه‌ی دهۆك و هه‌ولێر ئه‌نجام بده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی له ڕۆژنامه‌كه‌دا بڵاوبكرێته‌وه، ئه‌و كاته‌یش میری تازه بایه‌خی به نه‌هێشتنی نه‌خوێنه‌واری دابوو، له سه‌رانسه‌ری عیراقدا ده‌ستی به هه‌ڵمه‌تێكی به‌رفره‌وان كردبوو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش هه‌ردووكمان به‌ره‌و دهۆك به‌ڕێ كه‌وتین و له ئوتێلێكی ئه‌و شاره دابه‌زین و یه‌ك دوو ڕۆژ سه‌رقاڵی ڕیپۆرتاژه‌كه بووین و چه‌ند به‌رپرسێكی ئه‌و بواره‌مان بینی و چه‌ند بنكه‌یه‌ك گه‌ڕاین و من پێش ئه‌و به‌ره‌و هه‌ولێر به‌ڕێ كه‌وتم و له هه‌ولێر چه‌ند به‌رپرسێكی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌م بینی و دواتر ئه‌و هات ڕیپۆرتاژهكهمان ته‌واوكردو كه چووینه له ده‌زگه ڕێكمان خست، به‌ڵام له یادم نییه به چ ناونیشانێك له هاوكاریدا بڵاو بووه‌وه.
ساڵی 1983 سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی عه‌ره‌ب كه باره‌گای له به‌غدا بوو، خولێكی ڕۆژنامه‌وانی ڕێكخست و داوای له ده‌زگه‌كانی ڕاگه‌یاندن كرد نوێنه‌رو كارمه‌ندانی خۆیان بۆ خوله‌كه ڕه‌وانه بكه‌ن، ئه‌وه‌بوو ئه‌و كاته ئیسماعیل ڕه‌سوول به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ده‌زگه بوو، ئه‌وانیش منیان ده‌ستنیشان كرد له‌و خوله‌دا به‌شداری بكه‌م، ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ی به‌شدارییان له خوله‌كه‌دا كرد بریتی بوون له‌ڕۆژنامه‌نووسانی ده‌زگه‌كانی ڕاگه‌یاندنی ئه‌و كاته‌ی عیراق، جگه له رَۆژنامهنووسانی وڵاتانی عه‌ره‌ب، له‌وانه‌یش ڕۆژنامه‌نووسان له لوبنان و ئوردن و كوێت و سعوودیه‌و یه‌مه‌ن و لوبنان و مه‌غریب به‌شدارییان كردبوو، من ته‌نیا دۆستایه‌تیم له‌گه‌ڵا ڕۆژنامه‌نووسێكی مه‌غریبیدا گرێ دا، به‌و سیفه‌ته‌ی خۆی ڕۆماننووس بوو ناوی (محه‌مه‌د ئهلئیحساینی) بوو له ڕۆژنامه‌ی (العلم) ی به‌ناوبانگی مه‌غریب كاری ده‌كرد، كه دواتر ڕۆمانێكی به ناوی (عناێر منفێمه) نووسیبوو دانه‌یه‌كی پێشكه‌ش كردم.
خوله‌كه زۆرتر سه‌باره‌ت به هه‌واڵا و ڕه‌گه‌زه‌كانی هه‌واڵا و چۆنیه‌تی داڕشتنی هه‌واڵا و ڕیپۆرتاژو ئه‌و بابه‌تانه‌ی پێوه‌ندییان به كاری ڕۆژنامه‌نووسییه‌وه هه‌بوو، به بیرم دێت له‌وانه‌ی وانه‌بێژییان له خوله‌كه‌دا ده‌گوته‌وه یه‌كێكیان دكتۆر سنان سه‌عید بوو، هه‌روه‌ها د. حه‌میده سمێسم، ناوی مامۆستاكانی دیكه‌م له یاد نه‌ماوه. له كاتی ئه‌و خوله‌دا شه‌ڕی نێوان عێراق و ئێران سێ ساڵا بوو به‌رده‌وام بوو، له كۆتایی خوله‌كه‌دا گه‌شتێكیان بۆ ناوچه‌ی قه‌سری شیرین بۆ ڕێك خستین، به‌شداربووانی گه‌شته‌كه‌یان سواری ئۆتۆبیسیكی گه‌روه كرد‌و له‌به‌غداوه به‌ره‌و باقووبهو له‌وێوه بۆ شاری خانه‌قین، نوێنه‌رێكی سهندیكاو چه‌ند گه‌وره به‌رپرسێكی ڕژێمیش له‌گه‌ڵا به‌شداربوواندا بوون، له‌وێ به‌ره‌و شوێنی مه‌به‌ست به‌ڕێ كه‌وتین، كاتێك چووینه قه‌سری شیرین ته‌نیا مزگه‌وتێكمان به پێوه بینی و چووینه سه‌ر باره‌گای ڕادیۆی قه‌سری شیرین كه شا بۆ ئه‌وه دروستی كردبوو ده‌نگی بگاته وڵاتانی عه‌ره‌ب تا ده‌گاته وڵاتی جه‌زایر و مه‌غریب، ئه‌و بارهگهیهمان به ڕووخاوی بینی، هه‌روه‌ها شاری قه‌سری شیرین دار‌و به‌ردی به‌سه‌ر یه‌كه‌وه نه‌مابوو، هه‌مووی ڕووخێنرابوو، ده‌رگه‌و په‌نجه‌ره به ماڵه ڕووخاوه‌كانه‌وه نه‌مابوو، له ماڵێكی ڕووخاودا پاشماوه‌ی په‌رتووك و كتێبم به‌رچاو كه‌وت ته‌نیا یه‌ك كتێبی ئه‌ده‌بیم تێدا بینی به كه‌ڵك بێت، كه ئه‌ویش كۆمه‌ڵه چیرۆكێكی چیرۆكنووسی كوردی به فارسی نووس (مه‌نسووری یاقووتی) بوو، ئه‌و كتێبه‌م له‌گه‌ڵا خۆم هێنایه‌وه، دواتر هه‌ندێك له چیرۆكه‌كانیم به زمانی كوردی وه‌رگێڕاو له گۆڤاره‌كاندا بڵاوم كردنه‌وه، هه‌مان كات لامان دایه ناو باخێكی ئه‌و ناوچه‌یه كه پرته‌قاڵا و لیمۆی شیرینی لێ‌بوو، بۆ یادگاری وێنه‌مان له ناو باخهكهو له‌سه‌ر باره‌گای ڕووخاوی ڕادیۆی قه‌سری شیرین گرت.
كاتێك گه‌ڕاینه‌وه داوایان لێ كردین هه‌ر یه‌كه‌و ڕاپۆرتێك بنووسین بۆ ئه‌وه‌ی ببێته تێزی خوله‌كه، من لای خۆمه‌وه ڕیپۆرتاژێكم له‌سه‌ر گه‌شته‌كه نووسی، به ناوی (گه‌شتێك به شاری قه‌سری شیرین) دا له ڕۆژنامه‌ی هاوكاریدا بڵاو كرایه‌وه به چه‌ند وێنه‌ی گه‌شته‌كه ڕازێنرابووه‌وه، كاتێك ئاكامی ده‌رچووانی خوله‌كه ده‌رچوو، كارته‌كه‌ی من زۆر باشی لێ نووسرابوو، به‌ڵام به مه‌ره‌كه‌بی سپی سڕابووهو ده‌ستكاری كرابوو، له جیاتی ئه‌وه (باشه) یان نووسیبوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌ی من له ڕاپۆرتی به‌شداربووانی دیكه باشتربوو، به‌ڵام كه زانیبوویان من كوردم نه‌یانویستبوو یه‌كه‌م ده‌ربچم، بۆیه پله‌ی یه‌كه‌مه‌كه‌یان به ڕۆژنامه‌نووسێكی یه‌مه‌نی به‌خشی.
له ڕۆژنامه‌ی هاوكاری له كاتی كاركردن و چاپكردنی له ده‌زگه‌ی (الجمهوریه) خه‌فاره‌ت هه‌بوو، جارێكیان غازی ئه‌حمه‌د سه‌عدوڵڵا خه‌فه‌ر بوو، ئه‌و شه‌وه ڕێكه‌وت منیش له‌وێ بووم، بابه‌تێكی ڕامیاری بڵاوكرابووه‌وه، ده‌بوو وێنه‌ی به‌رپرسێكی میری له‌گه‌ڵدا دابه‌زیبایه، به‌ڵام له جیاتی وێنه‌ی ئه‌و به‌رپرسه وێنه‌ی یه‌كێكی دیكه دانرابوو، بۆ به‌یانی هه‌ر غازی به خۆی هات و وتی ئه‌و وێنه‌یه به هه‌ڵه دانراوه‌و وا بزانم كه‌س نازانێت، من حه‌ز ده‌كه‌م تۆیش لای كه‌س باسی نه‌كه‌یت، چونكه ئه‌گه‌ر باس كرابایه به‌رپرسیاریه‌تی تێدابوو، ده‌كه‌وته به‌ر لێپرسینه‌وه‌و تووشی ده‌رده‌سه‌ری ده‌بوو، بۆیه په‌رده‌پۆش بوو كه‌س نقه‌ی نه‌كرد.
جارێكی دیكه من خه‌فه‌ر بووم، ئه‌م جاره‌یان هاوكاری له ده‌زگه‌ی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی (الحریه) چاپ ده‌كرا، له لاپه‌ڕه دوازده‌ی ڕۆژنامه‌كه‌دا دوو گۆشه‌ی دوو ستوونی گه‌وره هه‌بوو، به‌ناوی (هه‌ر جاره‌ی نووسینێك) و (بڵاوكراوه‌ی نوێ)، كه یه‌كه‌میان له دوو ستوونی یه‌كه‌می لای ده‌سته ڕاست و دووه‌میان له دوا دوو ستوونی لای ده‌سته چه‌په‌وه بوو، منیش هه‌موو لاپه‌ڕه‌كانم ته‌ماشا كردبوو، به ناونیشان و ئارم و ناوی نووسه‌رو وێنه‌و ناونیشانه لاوه‌كییه‌كاندا چووبوومهوهو ئارمی ئه‌و دوو گۆشهیهیش هه‌ر یه‌كه‌و له شوێنی دروستی خۆیاندا دانرابوون، به‌ڵام بۆ ڕۆژی دواتر كاتێك ڕۆژنامه‌كه بڵاوبووه‌وه موسڵح جه‌لالی، كه ئه‌و كاته به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگه بوو، به دوایدا ناردم و لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵا كردم، چونكه ئارمی ئه‌و دوو گۆشه‌یه ئاڵا و گۆڕیان پێكرابوو، له‌سه‌ر ئه‌وه‌یش سزا دراین، دواتر ده‌ركه‌وت كه ده‌ستێك له مۆنتاژ هه‌بوو دوای ته‌واوبوونی كاری ئێمه‌و ڕۆیشتنهوهمان یاری به ئارمی ئه‌و دوو گۆشه‌یه كردبوو، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه به كه‌مته‌رخه‌م له‌قه‌ڵه‌م بدرێین، چونكه گۆڕینی ئه‌و ئارمهیه زۆر ئاسان بوو، نه‌خشه‌ی لاپه‌ڕه‌كه له سه‌ر ئهستهرلۆن بوو، ئارم و وێنه‌كان به تێپ به لاپه‌ڕه‌كانه‌وه دهچهسپێنران و شوێن گۆڕكێیان زۆر ئاسان بوو پێش ئه‌وه‌ی بكرێنه پلێت.
ئه‌و ماوه‌یه‌یش له ساڵی 1978 له به‌شی وه‌رگێڕان بووم، جارێكیان ئه‌كره‌م مه‌حموود سه‌مین كه به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی ڕۆشنبیری ده‌زگه بوو، به دوایدا ناردم و پێی ڕاگه‌یاندم كه دیوانه شیعرێكی (ئه‌نوه‌ر شاكه‌لی)، كه هه‌نووكه به ناوی (فه‌رهاد شاكه‌لی) ده‌ناسرێت، پێگه‌یشتووه‌و چامه‌ی وای تێدایه دژ به ڕژێمه‌و، گوتی حه‌ز ده‌كه‌م وه‌ك ئه‌ركێكی فه‌رمی تۆ بیبه‌ت وه‌ریبگێڕیته سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی، چونكه باشتر له عه‌ره‌بییه‌كه دهگهیهشت نه‌ك له كوردی، هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند ئه‌و وه‌رگێڕانه‌ی بۆ ئه‌وه‌یه تا بزانێت چی تێدایه، ڕێش له‌وه بگیرێت ئه‌و دیوانه زۆرتر له ناوه‌ندی ڕۆشنبیریدا بڵاو نه‌بێته‌وه، بۆیه دیوانه‌كه‌ی دایه ده‌ستم و پێی ڕاگه‌یاندم با كه‌س نه‌یبینێت، منیش كه چوومه‌وه له ماڵا به یه‌ك دوو شه‌و هه‌موو دیوانه‌كه‌م كرده عه‌ره‌بی به تایبه‌تی نامیلكهیكی بچووك بوو، هه‌موو شیعره‌كان دژ به ڕژێم بوون، له‌وانه‌یش شیعرێكی تێدابوو بۆ شه‌هاب شێخ نووری شێخ ساڵح نووسرابوو، كه ڕژێم له سێداره‌ی دابوو، خۆیشم ئاره‌زووم ده‌كرد دیوانه‌كه بخوێنمه‌وه‌و بزانم چی تێدایه، بۆیه به‌و هۆیه‌وه ئه‌و هه‌له‌م بۆ ڕه‌خسا، ئه‌وه‌بوو دوای ته‌واوكردنی وه‌رگێڕانه‌كه ڕه‌شنووسی وهرگێڕانهكهو دیوانه‌كه‌م بۆ گێڕایه‌وه.
دواتر بۆم ده‌ركه‌وت كه ئه‌كره‌م مه‌حموود سه‌مین به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی ڕۆشنبیری ڕه‌شنووسه‌كه‌ی كۆپی كردووه‌و به‌رپرسانی سه‌رووی خۆی ئاگه‌دار كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌و هه‌فته‌یه‌دا كه مۆڵه‌تی وه‌رگرتووه، به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگه كه موسڵح جه‌لالی بوو، له‌گه‌ڵا فوئاد حوسێن ئه‌حمه‌ددا چوونه‌ته ژووره‌كه‌ی و چه‌كمه‌جه‌ی مێزه‌كه‌یان شكاندووه‌و ڕه‌شنووسی وهرگێڕانهكهو دیوانه‌كه‌یان بینیوه‌و یه‌كسه‌ر ڕاپۆرتیان بۆ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری نووسیوه گوایه ئه‌كره‌م مه‌حموود سه‌مین ده‌ستی له‌گه‌ڵا نه‌یاراندا هه‌یه‌و ئه‌و دیوانه‌و وه‌رگێڕانه‌كه‌ی لایه‌و به‌رپرسانی لێ ئاگه‌دار نه‌كردووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌یش وای كرد له وه‌زاره‌ته‌وه به دوایدا بنێرن و لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵا بكه‌ن، دواتر به دوای منیشیاندا نارد‌و ئیفاده‌یان لێ وه‌رگرتم و پرسیاری ماوه‌ی وه‌رگێڕانه‌كه‌یان لێ كردم و به چ سیفه‌تێك وه‌رمگێڕاوه، منیش پێم ڕاگه‌یاندن كه به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی ڕۆشنبیری ڕایسپاردووم و به دوو شه‌و وهرگێڕانهكهم ته‌واو كردووه.
دواتریش كێشه‌كه‌یان گه‌وره‌تر كرده‌وه‌و له‌لایه‌ن ئه‌منی عامه‌ی به‌دناوه‌وه به دوایاندا ناردم، به‌ڵام ئه‌و ماوه‌یه‌ی به دوایاندا ناردم ئیشێكم بۆ هه‌ڵكه‌وت ده‌بوو بچم و ته‌واوی بكه‌م، بۆیه سه‌فه‌رم بۆ خانه‌قین كرد‌و ئیشه‌كه‌م ته‌واوكرد، كه گه‌ڕامه‌وه موسڵح جه‌لالی به دوایدا ناردم و، پێی گوتم: بۆچی نه‌ڕۆیشتوویت بۆ ئه‌من عامه، منیش پێم ڕاگه‌یاند كه مۆڵه‌تی فه‌رمیم وه‌رگرتووه‌و ئیشێكی پێویستم هه‌بووه، ڕۆیشتووم و ته‌واوم كردووه. یه‌كسه‌ر فه‌رمانی كرد شوفێرێك له‌گه‌ڵم بێت و لای ئه‌من عامه دامبه‌زێنێت، پێشتر پرسگهیشی ئاگه‌دار كردبووه كه من ده‌ڕۆم، هه‌ركه چوومه ناو پرسگه‌وه هێز له ئه‌ژنۆمدا نه‌ماو بیرم له‌وه كرده‌وه كه ئیدی ده‌رچوون و ڕزگاربوونم نییه.
جارێك سه‌ره‌تا چه‌ند تهلهفزیۆنێكم له‌پرسگه بینی ژووری زیندانییه‌كانیان پیشان ده‌دا، ئه‌ویش بۆ چاودێری كردنیان بوو، ئه‌وانیش هه‌ندێكیان له سه‌ر جێگه‌كانیان دانیشتبوون، هه‌ندێكیان به‌ناو قاوشهكهدا ده‌هاتن و ده‌چوون، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م بینی كابرای پرسگه لێی پرسیم چیت ده‌وێت، تێم گه‌یاند كه منیان لێره‌وه ویستووه، كاتێك ناوه‌كه‌م پێ گوت، گوتی به‌ڵێ ئه‌وه‌ته ناوت هه‌یه، تۆ وهرگێڕهكه نیت، گوتم به‌ڵێ، جا داوای ناسنامه‌كه‌ی لێ كردم و لای خۆی گلی دایه‌وه‌و ناسنامه‌یه‌كی دیكه‌ی به یاخهدا كردم، یه‌كێك پێشم كه‌وت و به پلێكانهیهكدا سه‌ركه‌وتین و له‌سه‌ره‌وه له ژوورێكی بچو‌وكدا دایاننام، كاتژمێر نۆی به‌یانی بوو، كه چوومه سه‌ره‌وه، تا سه‌عات یازده‌و نیو كه‌س به لامدا نه‌هات، له یازده‌و نیو كابرایه‌كی كورد هات به شێوه‌زاری هه‌ولێری پرسیاری لێ كردم: تۆ وهرگێڕهكهیت؟، منیش به به‌ڵێ وه‌ڵامم دایه‌وه، ئیدی چاوه‌ڕوانی درێژه‌ی كێشا‌و له‌و ماوه‌ی چاوه‌ڕوانییه‌دا هه‌زار غایلهو ختوورهم به‌دڵدا تێده‌په‌ڕی و بیرم له زۆر شتی خراپ ده‌كرده‌وه، ده‌مزانی شه‌ڕی ده‌روونیم له‌گه‌ڵا ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت وره‌م پێ به‌ربده‌ن، بۆیه نائوێدی و بێ ده‌سته‌ڵاتی زه‌فه‌ری بۆ ده‌هێنام و پێڵووی چاوی قورس ده‌كردم و خه‌وم ده‌هات و ده‌چوومه دنیایه‌كی دیكه‌وه، له‌و بیركردنه‌وانه‌دا بووم نزیكه‌ی كاتژمێری یه‌ك و چاره‌كی پاش نێوه‌ڕۆ، یان كه‌متر، یان زیاتر بوو، یه‌كێكیان هات و به‌ره‌و لای به‌رپرسه‌كه‌یان پێشم كه‌وت، كه چوومه ژووره‌كه‌یه‌وه، ته‌ماشای نه‌كردم و هه‌ر له نووسراوه‌كانی به‌رده‌می خۆی ده‌ڕوانی و فه‌رمانی به به‌رده‌سته‌كه‌ی دا بچێت ئامێرێكی بۆ بهێنێت، كه وای لێ تێگه‌یشتم ئامێری ئه‌شكه‌نجه‌دان بێت، دوای ماوه‌یه‌كی بێ ده‌نگی ههڵیكێشاو گوتی: كه داوامان كردبوویت بۆچی نه‌هاتیت؟ منیش ئاگه‌دارم كرده‌وه كه مۆڵه‌تم وه‌رگرتبوو، ئیشێكی تایبه‌تیم هه‌بوو، ده‌بوو بچووبام و ته‌واوم كردبایه، بۆیه ئه‌ویش گوتی: ئێمه خه‌ریك بووین فه‌رمانی ده‌ستگیركردنت بۆ ده‌ربكه‌ین!!
منیش گوتم: من هیچ تاوانێكم نه‌كردووه تا ئه‌و فهرمانهم بۆ ده‌ربكه‌ن، ئه‌گه‌ر تاوانێكم كردبایه به پێی خۆم نه‌ده‌هاتم، ئه‌وه‌ی كردوومه ته‌نیا كارێكه به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ڕایانسپاردووم بیكه‌م. كابراكه‌ی دیكه كه ڕۆیشت نه‌هاته دواوه، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی داوای ناو‌و ساڵ و شوێنی له‌دایكبوون و جۆری پیشه‌و چه‌ند زانیاریه‌كی تایبه‌تی خۆمی لێ كردم، فه‌رمانی پێدام بچمه ژوورێكی دیكه، كه له ته‌نیشتی ده‌سته ڕاستییه‌وه بوو، كه چوومه ژووره‌كه كابرایه‌كی دیكه له پشتی مێزێكهوه دانیشتبوو، من به پێوه ڕاوه‌ستام، ئه‌ویش بێ پێشه‌كی پرسیاری لێ كردم و گوتی: تۆ وهرگێڕهكهیت، منیش به به‌ڵێ وه‌ڵامم دایه‌وه، ئه‌م جار ناوی ته‌واوو ساڵ و شوێنی له دایكبوون و پیشه‌و ئه‌و جۆره زانیارییانه‌ی لێ پرسیم، ئه‌م جار پرسیاری لێ كردم تۆ ئه‌و دیوانه‌ت وه‌رگێڕاوه‌و به چه‌ند ڕۆژ وهرتگێڕاوهو بۆ كێ وهرتگێڕاوهو وه‌رگێڕانه‌كه‌ت داوه‌ته ده‌ستی كێ و بۆچی داوای لێ كردوویت ئه‌و دیوانه وه‌ربگێڕیت، كاتێك وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌م ده‌دایه‌وه ئه‌و هه‌مووی ده‌نووسی، كه پرسیاری نه‌ماو لێ بووه‌وه، پێی ڕاگه‌یاندم له خواره‌وه ناوی سیانی خۆم بنووسم و مۆری بكه‌م و به‌رواره‌كه‌ی تۆمار بكه‌م، كه ناوی خۆم نووسی و مۆرم كرد، پێی ڕاگه‌یاندم كه ئێسته ده‌توانم بڕۆم، بۆیه یه‌كێك تا پرسگه له‌گه‌ڵم هات و ناسنامه‌كه‌ی خۆیانیان له‌سنگ كردمه‌وه‌و ناسنامه‌كه‌ی خۆمیان پێ دامه‌وه‌و له پرسگه چوومه ده‌ره‌وه، هیچ بڕوام نه‌ده‌كرد، بۆیه دوو قاچم هه‌بوو، دووی دیكه‌م بۆ قه‌رد كرد‌و جاروباریش ئاوڕی دواوه‌م ده‌دایه‌وه نه‌وه‌ك بێن و بمگرن، بۆیه هه‌ركه گه‌یشتمه سه‌ر شه‌قامی گشتی تاكسییه‌كم ڕاگرت و خۆم تێ هاویشت و تا ماڵا ڕانه‌وه‌ستام.
ئه‌و به‌یانییه‌ی پێش ئه‌وه‌ی له ماڵ ده‌ربچم به دایكمم ڕاگه‌یاند كه من له ئه‌منی عامه داواكراوم، ئه‌گه‌ر هاتو نه‌هاتمه‌وه، ئه‌وه ده‌بێت بچن یاخه‌ی موسڵح جه‌لالی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ده‌زگه بگرن، كه به فیتی ئه‌و منیان له ئه‌من عامه بانگ كردووه، به‌ڵام كار نه‌گه‌یشته ئه‌و ڕادهیهو دوای ئه‌و شه‌ڕه ده‌روونییه ڕزگارم بوو، ئه‌و كاته‌یش خێرێكم كرد‌و بهشیمهوه.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌و كاره‌ی موسلح جه‌لالی و فوئاد حوسێن ئه‌حمه‌د بۆ ئه‌وه بوو ملی ئه‌كره‌م مه‌حموود سه‌مین بشكێنن و منیشی له‌گه‌ڵا تێوه بگلێنن، به‌ڵام دواتر زانیم ئه‌كره‌م مه‌حموود سه‌مین پێش ئه‌وان به‌رپرسانی سه‌رووی خۆی له مه‌ڕ بابه‌ته‌كه ئاگه‌دار كردبووه‌وه، بۆیه پیلانه‌كه‌ی ئه‌وان سه‌ری نه‌گرت و به‌سه‌ر خۆیاندا شكایه‌وه.
