ئێرە ئارشیفی ساڵی ٢٠١٢ یە، لە ڕێگای مینوی سەرەوە دەتوانیت تەواوی بابەتەکان بدۆزیتەوە. یان لەڕێگەی 

گەڕانەوە دەتوانیت بابەتی دیاریکراو بدوزیتەوە. لەگەڵ ڕیزمدا.

بژاردەی دووەم! ... ئومێد بابان

 

لەوەتەی پرسی (لامەركەزییەت) لە بەڕێوەبردندا خراوەتە رۆژەڤەوە، میدیا، نووسەر و رۆژنامەوانان، دیپلۆماتكار و چاودێرانی سیاسیی هەرێمی كوردستان، هەریەكە و بە جۆرێك تەفسیری ئەو پرسەی كردووە و ڕەنگە هەندێكیان بەمەبەست و ژمارەیەكیشیان بەئەنقەست چەمكی (لامەركەزیەتی ئیداریی)یان بە هەڵە شرۆڤە و بە لاڕێدا بردبێت.

بەشێكیان وەها وێنای لامەركەزییەتیان كردووە، كە دەشێ لە شارۆچكەیەكی بچووكیشدا، بەرپرسی یەكەمی یەكەی ئیداری، كۆی داهاتی شارۆچكەكە بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی تایبەت و لەوێوە ئیدارەی شارۆچكەكە بدرێت، كە بێگومان، ئەم تێگەیشتنە، یەكێك لە شكستەكانی خوێندنەوە و تێگەیشتن لە چەمكی لامەركەزییەتە، یان رەنگە ڕاستتر بێت بڵێین، ئەو بۆچوونە، ڕٍاستەوڕاست كرچ و كاڵ، نازانستی و دوور لە پرەنسیپەكانی بەڕێوەبردنە بە واتا شمولییەكەی.

هەندێكیشیان، كە غرووری سیاسی و جیۆگرافی دنەی داون هەرچی بەسەر زار و زمانیاندا هات نەیگێڕنەوە، وایان لە عەوام گەیاندووە، كە لامەركەزییەت، واتا پشتبەستن بە داهاتی زۆنێك، پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆ و، وردتر وەهایان بە خەڵك گوتووە كە نەگەڕانەوە بۆ ئیدارەی گشتی (حكوومەت)، مانای سەربەخۆیی كارگێڕی و دابینكردنی سەرجەم خزمەتگوزارییەكان و دەستەبەركردنی خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی.

هەموومان لێكەوتە نەخوازراو و نەرێنییەكانی ئەم جۆرە لە تێگەیشتن لە لامەركەزییەتمان بینی، كە بەداخەوە هەم خودی چەمكەكە بە هەڵە تەفسیر كرا و هەم مووچەخۆر و خانەنشینی خاوەن ماف، هەم دانیشتووانی ناوچەیەكی دیاریكراو لێی زەرەرمەند بوون.

بە كورتی، چەمكی (لامەركەزییەت) شرۆڤەی زۆر وردتر و زیاتر هەڵدەگرێت، كە دەكرێ رێگا بۆ شارەزایانی ئەو بوارە و مامۆستایانی زانكۆ و پسپۆڕان خۆش بكرێت، كە بە زمانێكی سادە بە هاووڵاتیان بڵێن، ئەوە لامەركەزییەتی ڕاستەقینە و ئەوەش لامەركەزیەتی سیاسی و ناوچەییە.

هەتا نەشگەینە ئەو باوەڕەی پێویستمان بە یەك ئیدارە و یەك حكوومەت و یەك خەزێنەی گشتی هەیە، دەرەنجامی ململانێی توندی سیاسی، كۆمەڵایەتی و شارچێتی و شتی دیكەش، باش نابێت.

دواجار، بژاردەی یەكەم، سازان و سازش و لێكتێگەیشتن و یەكترقبووڵكردنە، بژاردەی دووەمیش، گەڕانەوەیە بۆ بژاردەی یەكەم.