ئێرە ئارشیفی ساڵی ٢٠١٢ یە، لە ڕێگای مینوی سەرەوە دەتوانیت تەواوی بابەتەکان بدۆزیتەوە. یان لەڕێگەی 

گەڕانەوە دەتوانیت بابەتی دیاریکراو بدوزیتەوە. لەگەڵ ڕیزمدا.

له‌م وێسته‌گه‌یه‌ش دۆرٍاین ... عیماد عه‌لی

له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆماری عیراق، عه‌ره‌ب و به‌ تایبه‌تی چوارچێوه‌ هه‌ماهه‌نگی و به‌ تایبه‌تیتر مالیكی گۆڵی خۆیانان كرد و گره‌ویان برده‌وه‌ و براگه‌وره‌یی خۆیان نواند و به‌ كرده‌یی خۆیان كرد به‌ ده‌مراستی كورد. كوردیش به‌ ویست و ئیراده‌ی خۆی جڵه‌وی كاره‌كه‌ی دایه‌ ده‌ست ئه‌وانه‌وه‌. ئا ئه‌مه‌یه‌ كورتبینی و چاوت ته‌نها به‌رپێی خۆت ببینێت و، دووهه‌نگاوی دواتر له‌ هیج كونجێكی بیركردنه‌وه‌تدا نه‌بێت.

ساڵێكه‌ پرسی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار له‌ نێو ژووره‌كانی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌م دوو لایه‌نه‌ ده‌سورێته‌وه‌ و هیچ ده‌رچه‌یه‌كی لێ دروست نه‌بوو. نه‌زانین و كه‌له‌ره‌قی، به‌ فه‌رامۆشكردنی ستراتیج و ته‌نها به‌ بیركردنه‌وه‌ی حزبی، مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ پرسه‌كه‌دا كرد و گه‌یاندیانه‌ ئه‌وه‌ی به‌خۆیان براگه‌وره‌یی ئه‌ویتری جیاواز قبوڵ بكه‌ن، ئه‌گینا ئه‌گه‌ر هه‌ردوو لا مه‌به‌ستیان بوایه‌ ده‌كرا به‌ده‌ست و ره‌فتار و بیركردنه‌وه‌ی خۆیان بگه‌نه‌ چاره‌ه‌سه‌ر، پارتی له‌سه‌ر رای خۆی دانه‌به‌زی و برا گه‌وره‌یی گه‌وره‌ی نه‌نواند و یه‌كێتی به‌ دروستی مامه‌ڵه‌ی نه‌كرد و لایه‌نه‌ گرنگه‌كه‌ی پرۆسه‌كه‌ی نه‌خوێنده‌وه‌ و له‌سه‌ر تاكه‌ رای خۆی مكورٍ بوو، خاڵی ناوه‌راستی له‌به‌رچاو نه‌گرت و بیركردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ یه‌كلایی بووه‌ كه‌ سیناریۆكه‌ی 2018 دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، له‌وێشدا كه‌ به‌رهه‌م ساڵح زانی ئه‌م دوو لایه‌نه‌ له‌سه‌ر ئه‌م رابۆچونه‌ به‌رده‌وامن و هیچ رێگه‌یه‌كی لێكتێگه‌یشتن و رێككه‌وتنیان نیه‌، ئه‌ویش نه‌رجسیه‌ت و خۆویستیی زاڵكرد به‌سه‌ر خۆیدا و به‌ هیوای دووباره‌بونه‌وه‌ی ئه‌و سیناریۆیه‌ی پێشتر هه‌ڵوێستی كه‌وره‌ی مێژوویی خۆی نه‌نواند، كه‌ خۆی بكێشێته‌وه‌ و وه‌كو سه‌ركرده‌یه‌كی مێژوویی خۆنه‌ویست ده‌ركه‌وێت و هه‌موو تاكێكی ئه‌م كوردستانه‌ حسابی سه‌ركرده‌ی مێژووییی راسته‌قینه‌ی بۆ بكه‌ن و ئاینده‌ی سیاسی خۆیشی ده‌سته‌به‌ربكات. بۆیه‌ گرتنه‌به‌ری چاره‌سه‌ری ناوه‌راست به‌ ده‌ست و ویستی خۆیان خسته‌ ده‌ست ئه‌وانی عیراقی و ئه‌وان گره‌وی یاریه‌كه‌یان برده‌وه‌. ئه‌گینا ئه‌وه‌ی راستی بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانی سه‌در نه‌كشابایه‌وه‌ و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ته‌نها ویستی ئه‌وه‌ نه‌بوایه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌ خێرایی برٍوات، كاره‌كه‌ وا به‌ ئاسانی مه‌یسه‌ر نه‌ده‌ بوو و دكتۆر عه‌بدولله‌تیف به‌ ئاسانی ده‌رنه‌ده‌چوو و پارتیش ده‌كه‌وته‌ نێو سیناریۆی دیكه‌ و رازی نه‌بوو به‌ ده‌رئه‌نجامی دیكه‌ و لێكه‌وته‌ی زیانبه‌خشتری لێده‌كه‌وته‌وه‌ و ئه‌م قه‌یرانه‌ش ساڵانی تری ده‌كێشا.

ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كورد له‌ ژیانیدا بیری له‌ به‌رژه‌وه‌ندی میله‌ته‌كه‌ی نه‌كردۆته‌وه‌ و هه‌میشه‌ كێشه‌كانیان گه‌یاندۆته‌ مریشكه‌ ره‌شه‌ و هاوكێشه‌كانیان له‌ رووبه‌رێكی ته‌سكدا لێكداوه‌ته‌وه‌ وخه‌ڵكی نه‌یار ده‌ستی تێوه‌رداوه‌ و ئه‌مان به‌ زه‌لیلی تۆپینی كه‌ره‌ دێزه‌ و زیان گه‌یاندن به‌ خاوه‌نه‌كه‌ی رازیبوون و كۆتاییان به‌ هه‌موو پرسێك هێناوه‌. مێژوومان پره‌ له‌م شێوه‌ بیركردنه‌وه‌ و گوفتار و ره‌فتاره‌ و ئێمه‌ش له‌و ناوه‌دا گیرۆده‌ی عه‌قڵ و بیرو ده‌ستی ئه‌مانه‌ین و ئازاری بێ كه‌سی و نه‌بونی سه‌ركرده‌ی راسته‌قینه‌ گه‌یشتۆته‌ سه‌ر ئێسقانمان و هه‌میشه‌ چاوه‌رێی بارودۆخی ئاڵۆزیی زیاترین.