نووسەرەناسراوەکان

وڵاتی کوبا، خەونێک لە واقیعدا - بەشی یەکەم ... یاسین بانیخێڵانی

بوم و لێلی بەیانی بوو، هەورێکی قورس و دڵتەنگ بان ئاسمانی شاری زیورخی سویسرای داپۆشیبوو، هێشتا خەڵکی شار لە ژێر بەتانیدا نوقمی خەون بوون دەبوو من سواری فڕۆکە ببم و بەرەو شاری مەدریدی ئیسپانیا بکەومە ڕێ و لەوێوە درێژە بە سەفەرەکەم بەرە و شاری هاڤانای پایتەخی وڵاتی کوبا بدەم.
سەفەر و گەڕان بەشێکە لەخەونەکانی ژیانم، بەڵام زۆرجار سەفەریش بۆ هەندێک وڵات، کە زمانەکەیان نازانیت و شارەزای یاسا و کولتورەکانیان نیت سەرکێشییەکە بۆ خۆی.
ڕەنگە ئەمە بۆ هەندێکی تریش ڕاست بێت، کە لە پێش سەفەردا مرۆڤ توشی جۆرێک لە دڵەڕاوکێ و ترس دەبێت، بە تایبەتی ئەگەر ماوەی فڕینەکە زۆر بێت.
نێوان شاری زویرخ و مەدرید تەنها دوو کاتژمێر و نیوە، بەڵام نێوان شاری مەدرید و هاڤانا دە کاژمێرە بەسەر ئۆقیانۆسی ئەتڵەسیدا. بیرکردنەوە لە دە کاتژمێر فڕین بەسەر ئۆقیانۆسێکی بی بندا هەروا ئاسان نییە!.
کاتژمێر نۆ و نیوی بەیانی، خۆرێکی سارد تازە تیشکە زێڕینەکانی بەسەر شاردا بڵاوکردبووە گەشمە فڕۆکەخانە جەنجاڵەکەی مەدرید دەبوو. لانی کەم دوو کاتژمێر چاوەڕوان بکەم تا گەشتە درێژەکەم دەست پێ بکەم.
دوای لە کاتژمێرێک فڕین و تێپەڕبوون بەسەر شاری لیزابۆنی پورتوگالدا ئیتر ئۆقیانۆس دەست پێ دەکات و لە هاڤانا کۆتایی دێت. دە کاتژمێر لەناو فڕۆکەدا و لەبەرزایی نزیکە دوانزەهەزار مەتر بیرکردنەوە لە وڵاتێک، کە زۆرێک لەم دونیادا خەون بە بینینیەوە دەبینێت، کە بەوە ناسراوە لەسەردەمێکی تردایە.
کوبا دورگەیەکە لە باکورەوە کەوتۆتە سەر ئۆقیانۆسی ئەتڵەسی و لە باشورەوە کەوتۆتە سەر دەریای کاریبیک. شاری هاڤانا نزیکەی نەوەد و پێنج میل لە شاری میامی ئەمەریکاوە دوورە. ئەم وڵاتە لە دوای شۆڕشی کۆباوە ساڵی ١٩٥٣-١٩٥٩ بەسەر دووبەرەی دژ بەیەکدا دابەش بووە، بەرەی کۆمۆنیزم و چەپەکان لەگەڵ بەرەی سەرمایەداریدا بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا، ئەمەش وایکردووە بەبێ بڕانەوە نزیکەی حەفتا ساڵ گەمارۆیەکی ئابووری سەخت بخەنە سەری و لە دونیا و پێشکەوتنی پیشەسازی و تەکنەلۆژیا داببڕێت و لەهەمان سەردەمی کۆندا بمێنێتەوە، یەکێک لە هۆکارەکانیش ڕەنگە ئەوە بێت، کە هیچ سنوورێکی وشکایی لەگەڵ هیچ وڵاتێکدا نییە.
ئێوارە خۆر تازە خەریک دەبوو لە پشت سنوری بێ کۆتایی ئۆقیانۆسەوە نوقم ببێت، فڕۆکەکەمان لە فڕۆکەخانەی خۆزێ مارتی نیشتەوە. خۆزێ خولیان مارتی ١٨٥٣-١٨٩٥ نووسەر، شاعیر و بیرمەندێکی کوبییە، خۆی بە ڕەگەز ئیسپانییە، بەڵام بووە بە سمبولی نیشتیمانی کوبا، چونکە لە ڕێگای نووسین و هەڵوێستەکانییەوە کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە لە سەربەخۆیی کوبادا، بۆیە لە تەمەنی چل و دوو ساڵیدا لەلایەن ئیسپانییەکانەوە تیرۆر دەکرێت. لە دوای فڕۆکەخانەی ئیراکلیۆنی کرێتاوە، کە بە ناوی نووسەری ناوداری یۆنانییەوە نیکۆس کانزاکیەوە ئەمە دووەم فڕۆکەخانەیە بە ناوی نووسەرێکی ناودارەوە ببیستم.
دوای دابەزین لە فڕۆکەکە هێشتا ئەو ترسە لە دڵمدا بوو، کە ئەم وڵاتە وڵاتێکی دیکتاتۆری و پۆلیسییە دەشێت ئێستا بۆ هاتنی بێگانەیەک چەندین لێکۆڵینەوە و پرسیار ڕووبەڕووم بێتە، بەڵام ڕووخۆشی و میهرەبانی کاربەدەستانی ئەم وڵاتە منی شەرمەزار کرد.
.
یاسین بانیخێڵانی
هاڤانا. 28.01.2022

Related Articles