نووسەرەناسراوەکان

وڵاتی کوبا، خەونێک لە واقیعدا - بەشی دووەم ... یاسین بانیخێڵانی

.
پاش ئەوەی لە فڕۆکەکە هاتینە خوارەوە و دەبوو بەرەو لای کۆنترۆڵی پاساپۆرت بڕۆین، من هێشتا ترس و ڕاڕاییەک لەناخمدا گینگڵی دەدا، چونکە ئیتر هەر مرۆڤێک لەگەڵ هەر دەسەڵاتێکی پۆلیسی و دیکتاتۆریدا ئەزموونێکی خراپی هەبووبێت بە بێ ئەوەی ئاگای لەخۆی بێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی هاوشێوەی ئەو جۆرە دەسەڵاتانەدا توشی دۆخێکی ناجێگیر دەبێت. بمانەوێت یان نا وەک ئەوەی تا ئێستا لەسەر کوبا گوتراوە وڵاتێکی پۆلیسی و سەرکوتکەرە، بەڵام بە پێچەوانەوە کاتێک گەشتمە بەر پەنجەرەی پۆلیسەکە و پاسپۆرتەکەم دایە دەستی بە ڕوویەکی خۆش بەخێرهاتنی کردم و مۆرێکی دا لە پاسپۆرتەکە و گوتی: "بۆێن ڤیاخێ" واتە سەفەرێکی خۆش، ئیتر وەک ئاو بکەن بە دڵمدا وەها بوو. ئەوەی یەکەمجار سەردانی کوبا بکات یەکەم تێبینی، کە لەلای درووست دەبێت 'ڕێزی مرۆڤ'ە ئەم ڕێزگرتنە لە مرۆڤ تەنانەت لەناو خەڵکە سادەی ناو کۆڵانە کۆنەکانی هاڤاناشدا هەست پێ دەکەیت. جارێک لەگەڵ کابرایەکی کوبی دانیشتین و لەسەر ئەو قسەو قسەڵۆکانەی لەسەر کوبا دەکرێت گوتی: هەندێ خەڵکان هەن بە زۆر دەیانەوێت ڕووی کوبا و خەڵکی کوبا لەدەرەوە ناشیرین بکەن بۆ ئەوەی گەشتیار لە هاتنی بۆ کوبا بترسێت، گوتی: ئەوە ئەخلاقی خەڵکی کوبی نییە دزی لە گەشتیار بکات و وەک هەندێ وڵاتی ئەمەریکای لاتین کاری نابەجێ بەرامبەریان ئەنجام بدات، گەشتیار میوانی خۆشەویستی ئێمەن، ئێمە هەڵگری ئەخلاقی چێ گیڤاراین، ئەو باوکی ئێمەیە، ئێمە کوڕی ئەوین، ئەو مەسیحی ئێمەیە.
ئەڵبەتە کاتێک پۆلیسەکە بەڕێزەوە پاسپۆرتەکەی دایەوە دەستم و بزەیەکی بۆ کردم، خەیاڵم ڕۆشتەوە بۆ فڕۆکەخانەکانی کوردستان، کە کەمجار لەگەڕانەوەدا ڕێککەوتووە توشی شەڕێک یان دەمەقاڵێیەک نەبم لەسەر ئەو بێ ڕێزی و تەحقیرەی بە میوانەکانی دەکەن، لە کاتێکدا نیشتیمانی خۆت و هاوزمانی خۆتن.
لە فڕۆکەخانەکە هاتینە دەرەوە ئیتر گەمە ڕاستییەکە لە شەیتان بازاڕەکەدا دەستی پێکرد، مەبەستم شەیتان بازاڕ شوێنی تەکسییەکانە، لەکەم شوێنی دونیا هەیە ئەگەر سیستەمی ژمێرەر (کاونتەر) ی نەبێت شۆفێری تەکسی قۆڵی بێگانە نەبڕێت. لەهەندێ وڵات تەنانەت سیستەمی ژمێرەریشیان هەیە بەڵام ئەگەر بزانن بێگانەیت مامەڵەت لەگەڵدا دەکات، ئیتر تۆ چەند بە کەمتریش لەگەڵی ڕێک بکەویت هەر خەڵەتاویت.
لەگەڵ تەکسییەک ڕێککەوتین بۆ شوێنی نیشتەجێبوونەکەمان بە بیست ئۆیرۆ، کە لەوێ بەرامبەر موچەی مانگانەی مامۆستایەکە. تەکسییەک لەم مۆدێل بەرزانە بوو، لە ڕێگا ساردییەکەی کردبووە، پێم گوت: کە بیکوژێنێتەوە، گوتی: ئاخر گەرمە، گوتم: نا گەرم نییە. ئەو نەیدەزانی من لە بەستەڵەکخانەوە هاتووم و ئەو گەرما ئەڵێی کرێمە بۆ سەر پێستم.
دوای نیوکاژمێرێک کردینی بەکۆڵانێکی کۆنی میلی قەرەباڵغدا، ژنان، پیاوان، کچان و کوڕان دەستە دەستە لەبەردەم ماڵەکانیاندا کۆبووبوونەوە و مۆسیقایان بەدەنگی بەرز لێدەدا، دەیانخواردەوە و سەمایان دەکرد. شۆفێرەکە لەبەردەم دەرگایەکدا وەستا، کە ژنێکی ڕەشپێست لەبەردەم دەرگاکەدا بوو، ئەو ژنە چاوەڕوانی ئێمەی دەکرد، خاوەنی خانووەکە بوو. ژنێکی ڕووخۆش، ڕۆحسوک وەک هەموو خەڵکانی تری کوبا بەڕێز لەگەڵ خۆیدا بردینیە سەرەوە و جێگا و ڕێگا و هەموو شوێنەکانی نیشان داین و کلیلەکانی خوارەوە و سەرەوەی نیشان داین، دوو ژمارە تەلەفۆنی بۆ بەجێ هێشتین، ئاماژەی بە تەلەفۆنەکەی دا، کە هەرکات پێویست بکات دەتوانین زەنگی بۆ بدەین، ئەڵبەتە تەلەفۆنکردن لەناو کوبادا بە خۆڕاییە.
کاتێک لەباڵکۆنی خانووەکەوە سەیری کۆڵانەکەی خوارەوەم کرد، لە دڵی خۆمدا گوتم؛ بەڕاستی شوێنێکی زۆرخراپمان هەڵبژاردووە، ئەمە لەو کۆڵانانەیە، کە لەفیلمەکاندا دەبینیت، گەنجە سەرخۆشەکان خەڵک ڕووت دەکەنەوە و دەدیدەنە بەر چەقۆ، هەر لەخۆمەوە ترسێک ڕۆچووە ناخمەوە، تەنها شتێک دڵم پێی خۆش بوو ئەوە بوو تەنها دوو شەو لەو جێگا دەماینەوە و گوتم؛ دەی چییە دەتوانم ئەم دوو شەوە هەر لەماڵ نەڕۆمە دەرەوە.
پشوویەکی باشمان دا. نزیکەی یانزەی شەو ئیتر برسێتی سەرمانی بۆ دەرەوە دەخوراند، ئەوە بوو لە قادرمەکان هاتینە خوارەوە و بەبەردەم گەنجەکاندا تێپەڕین و کۆڵانێکی ترمان بڕی ڕاست کەوتینە سەر شەقامی 'پلازا دو مارتی' ئەم شەقامە کوت و مت هەر لە شەقامی 'لا ڕامبلای' بەرشەلۆنە دەچێت و هەر وەک ئەویش لەسەر دەریا کۆتایی دێت. شەقامێکی جەنجاڵ گەنجانێک لەمبەر و ئەوبەرە دانیشتبوون و دەیانخواردەوە، هەندێک لەناوەڕاستی شەقامەکەدا سەما و نمایشی سەیر و جوانیان دەکرد.
پاش ماوەیەک بەسەر ئەو شەقامەدا ڕۆیشتین ئیتر گومەزی کاپیتۆلمان لێوە دەرکەوت. کاپیتۆل ساڵی ١٩١٢ وەک شوێنی ئەنجومەنی یاسادانان پلانی بۆ دادەنرێت و لەساڵی ١٩٢٩ لەلایەن دکتاتۆری ئەو سەردەمی کوباوە 'گێراردۆ ماشادۆ'وە دەکرێتەوە و تا کۆتایی شۆڕشی کۆبا ساڵی ١٩٥٩ ئەنجومەنی یاسادانان بووە.
ئیتر ماوەیەک بەو ناوەدا پیاسەمان کرد و لەو باڵەخانە، پەیکەر و پارکە ڕەنگاو ڕەنگانەمان ڕووانی و گەڕاینەوە بەرەو ماڵەوە.
لەکاتی گەڕانەوەدا کاتێک دیسان گەشتینەوە گەڕەکە کۆنەکە، هێشتا دەستە دەستە گەنجەکان لەو کۆڵانەدا دەیانخواردەوە، مۆسیقایان لێ دەدا و بەدەنگی بەرز قسەیان دەکرد، ئێستاش تێ نەگەیشتم بۆ کوبییەکان کاتێک لەگەڵ یەکدا قسەیان دەکرد ئەوەندە بەدەنگی بەرز قسەیان دەکرد مرۆڤ وایدەزانی بووە بە شەڕیان!
دوو کۆڵانمان تێپەڕاند و سێهەم کۆڵان دەبوو بەرە و شوێنی نیشتەجێبوونەکەمان لا بدەینەوە گەنجێک بانگی کردین "هێی ئامیگۆ" واتە" هێی برادەر. منیش بەرەو ڕووی ڕۆیشتم داوای چەرخی کرد، جگەرەکەم بۆ داگیرساند، ئیتر دەستی برد پەرداخێکی پلاستیکی بۆ ڕاگرتم و پێکێک ڕومی بۆ تێکردم (ڕوم، خواردنەوەیەکی کهولی کوبییە، لە قامیشی شەکر درووست دەکرێت، لە هەموو دونیا بە هاڤانا کلوب ناسراوە).
ئەمە سەرەتایەکی باش بوو، کە چیتر لەو ترسە بێینە دەرەوە، بەڵام خۆ هێشتا ئێمە نازانین ئەمانە کێن! بەڵام پاش ماوەیەکی کەم سەیر دەکەین پەیوەندی کوڕ و کچی کوبی پەیوەندییەکی هەر زۆر سادە و ئاسانە، لەبەر ئەوەی زوو دەبن بە هاوڕێت و ڕۆحێکی یارمەتی سەیریان تێدایە، ئەوە بوو ئیتر ئەو شەوە ئێمەش وەک ئەوان تا چواری بەیانی لەسەر ئەو شەقام و کۆڵانانەدا چێژمان لەو ژیانە شاهانەیە بینی.
دەمەو بەیانی بە ماندووی کاتێک بەرەو شوێنی نیشتەجێبوونەکەمان گەڕاینەوە، گۆرانی شاعیر گوتەنی: "سەعات فڕی، شەو درەنگ بوو، هێشتا نیوەڕۆی ئاهەنگ بوو"
تا چاویشم چووە خەو لەو کوچەو کۆڵانانەدا هەر زرمەی مۆسیقا دەهات، ئینجا لەو ڕستە تێگەیشتم، کە دەیانگوت؛ لە هاڤانا خەو نییە.

Related Articles