نووسەرەناسراوەکان

ئەمريکا وچين؛ ململانێ وپيوەندييەکانيان، ئایا چين کۆتایی بە سەردەمی ئەمريکا دەهێنێت؟ ... ڕەنج نەوزاد - بەشی پێنجەم

چەن سەرنجێک لەو بارەیەوە...
 
یەکێ لە پرسە گرنگەکانی ململانێی نێوان ئەمريکا وچين، بريتييە لە ڕێڕەوی ئاوی یا گەرووی مەلەکا (Malacca Strait)، کە پرسێکی جيوپۆلەتيکی وئابووری گرنگە لەسەر ئاستی جيهان. کۆنترۆڵکردنی دەريا وئۆقيانووس وڕێڕەوە ئاوييەکانی جيهان بە گشتی، خالێکی گرنگی ناو پەيوەندی وململانێی نێوان ئەمريکا وچينە، بەشێک لەو ململانێ دەرياییە، بريتييە لە پرسی گەرووی مەلەکا. (لە بەشەکانی تری ئەم نووسينە باس لە لایەنەکانی تری ململانێی ئەمريکا وچين دەکرێت کە پەيوەندی بە ئۆقيانووس ودەرياکانەوە هەیە).
گەرووی مەلەکا دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسيا، لە نێوان ماليزيا وئەندەنوسيا، هەر وەها بەشێکی دەکەوێتە لای سەنگاپورە، واتە لە ژێر سەروەری ئەو سێ دەوڵەتەیە. ئەم گەرووە ئۆقيانووسی هيندی وئارام بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بە یەکێک لە گرنگترين ڕێگا ئاوييە بازرگانيەکانی جيهان دادەنرێت. ساڵانە زیاد لە (٥٠) هەزار کەشتی بازرگانی تيايدا تێدەپەڕێت، ساڵی ٢٠١٨ ژمارەی ئەو کەشتيانەی بە (مەلەکا)دا تێپەڕيوون گەيشت بە (٨٥.٣٠) هەزار کەشتی. ڕێژەی (٢٠-٢٥٪)ی جموجۆڵی دەریایی لە جيهاندا لە ڕێگەی ئەم ڕێڕەوە ئاويەوە ئەنجامدەدرێت. لە ٦٠٪ی ئەو بازرگانيەیی لە ڕێگایی دەرياییەوە ئەنجامدەرێت بە مەلەکەدا تێدەپەڕێت کە دەگاتە ٤٠٪ کۆی بازرگانی لە جيهان. ڕێگەیەکی سەرەکيە بۆ گواستنەوەی وزە لە وڵاتانی بەرهەمهێنی وزە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وئەفريقيا بۆ بەشێک لە سەرەکيترين بەکاربەرانی وزە کە چين ویابان وکۆریای باشورە، لە ٨٠-٩٠٪ ئەو وزەیەیی کە دەگاتە يابان وکۆريایی باشور وتايوان و لە ٤٠٪ ئەو وزەیەیی چين هاوردەی دەکات بەو ڕێگایەدا تێدەپەڕێت. هاوکات بە پێی داتای ٢٠١٦ لە ٦٤٪ی بازرگانی چين لە دەرياکاندا پشت بە مەلەکا دەبەستێت. هيندستان و چين ودەوڵەتانی ڕێکخراوی ئاسيان ویابان وکۆريا... ئەم ڕێگایە بەکاردەهێنن، کۆی دانيشتووانی ئەو وڵاتانەی کە ئەم ڕێگایە بەکاردەهێنن نزيک دەبێتەوە لە چوار مليار مرۆڤ، کە ئەمەش ئەو قەبارە گەورەیەیی هەناردە وهاوردە دەردەخات لەو گەرووەدا، بە تايبەت زۆربەی ئەو دەوڵەتانە، دەوڵەتانی پيشەسازی گەورەن.
ئەم ڕێگە ئاوييە خاڵێکی گرنگی ململانێی نێوان ئەمريکا وچين پێکدەهێنێت. بە داخستن یا کێشە درووست کردن بۆ هاتووچۆ لەم گەرووەدا، چين تووشی کارەساتێکی ئابووری گەورە دەبێت، چونکە هاوردە وهەناردەی چين، بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە ڕێگای ئاوی دەبەستێت، لە ڕێگەی ئاويشدا، بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە گەرووی مەلەکە دەبەستێت. بۆیە چين بۆ ئەم مەبەستە ساڵانێکە پرۆژەی گەشەپێدانی هێزی دەریایی دەستپێکردوە وهەر وەها ئەنجامدانی ڕێکەوتنامە لەگەڵ دەوڵەتانی ئەندام لە ڕێکخراوی ئاسيان (١٠ وڵاتی باشوری رۆژهەڵاتی ئاسيا لەخۆ دەگرێت، لە نێوانياندا سەنگاپۆر وماليزيا وئەندەنوسيا هەیە کە خاوەنی گەرووی مەلەکەن). هەر چەن داخستنی ئەم گەرووە یا کێشە درووست کردن بۆ هاتوچۆکردن تيايدا، ئەگەرێکی دوور ونایاساييە. جگە لە چين، هاوپەيمانە نزيکەکانی ئەمريکاش وەک یابان وکۆريایی باشور وتايوان وسەنگاپور... زیانی گەورەیان بەردەکەوێت لە ئەگەری داخستنی ئەم گەرووە. چين دەيەوێت هەژموونی ئەمريکا بەسەر ئەو گەرووە کەم بکاتەوە وهەژموونی خۆی زیاد بکات، چونکە لە ئەگەری پێکدادانی نێوان چين وئەمريکا لە ناوچەی زەریایی ئارام بە تايبەت لە ناوچەی دەريایی باشووری چين، ئەوا ئەمريکا توانای هەیە گەرووی مەلەکە دابخات، چين حيسابی بۆ ئەم ئەگەر بچوکەش کردوە، بۆیە زۆر بەلایەوە گرنگە، شادەماری ڕێگای بازرگانی وئابووری خۆی، کە گەرووی مەلەکەیە، لەژێر هەژموونی ئەمريکا نەبێت. گرنگيەکی تری مەلەکە ئەوەیە کە ئۆقيانووسی هيندی و دەريایی باشوری چين کە بەشێکە لە ئۆقيانووسی ئارام بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەم دەريایەش گرنگيەکی ستراتيژی وئابووری وجيوپۆلەتيکی زۆر گەورەی هەیە بۆ چين (لە بەشەکانی داهاتوو باس لە گرنگی ئەم دەريایە دەکەم).
ئەمريکا هەر لە دوای دووەم جەنگی جيهانيەوە وبە تايبەت لە شەڕی سارد، تا ڕادەیەکی زۆر، هەژموونی بەسەر ئۆقيانووسی هيندی وئارامدا هەیە، ئەمەش لە ڕێگەی بڵاوبوونەوەی کەشتيگەلی ئەمريکی لەو دوو ئۆقيانووسەدا ولە نزيک گەرووی مەلەکە، هەر وەها لە ڕێگەی بوونی ژمارەیەکی زۆر لە بنکەی سەربازی ئەمريکی لەو دوو ئۆقيانووسە ولە دەوڵەتانی هاوسنور بەو دوو ئۆقيانووسەدا. جگە لەوەی زۆرێک لە دەوڵەتانی نزيک بە گەرووی مەلەکە هاوپەيمانی ئەمريکان، یا دژی چينن. بۆ نموونە سەنگاپۆر کە یەکێکە لەو سێ دەوڵەتەی دەڕواننە سەر مەلەکە، هاوپەيمانی ئەمريکایە وئەمريکا بنکەی سەربازيشی هەیە لەو وڵاتەدا، دوو وڵاتەکەی تر کە دەڕواننە سەر مەلەکە، ماليزيا وئەندەنوسيان، کە هەردووکيان لەگەڵ چين کێشەی سنوريان هەیە لەسەر کۆمەڵێک دوورگە لە دەريایی باشوری چين. هەر چەن چين لەگەڵ زۆربەی ئەو دەوڵەتانە ڕێکەوتنامە ولەیەکتێگەيشتنی هەیە، بەڵام لە کاتی هەستياردا، ئەمريکا دەتوانێت لە دژی چين ئاڕاستەیان بکات. جگە لەو دەوڵەتانە، زۆربەی دەوڵەتەکانی نزيک لە مەلەکە لە رۆژهەڵات وباشوری رۆژهەڵاتی ئاسيا کە فلبين وڤێتنام برۆنای وتايوان ویابان... کێشەی سياسی وسنوريان لەگەڵ چين هەیە وزۆربەيان هاوپەيمانی ئەمريکان. دەوڵەتی هيند، کە نزيکە لە مەلەکە وبایەخێکی زۆر دەدات بەو ڕێگە ئاوييە، ديسانەوە هاوپەيمانی ئەمريکا ودژی چينە، هيندستان لە ڕووی هێزی دەرييایەوە توانایەکی زۆری هەیە لە زەريایی هيندی، کە ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ هەژموونی زیاتری ئەمريکا بەسەر مەلەکەدا. لە ئێستادا ئەمريکا زۆرترين هەژموونی هەیە بەسەر مەلەکەدا، لەو بارەیەوە گوزاشتێک هەیە بۆ وەسفکردنی هەژموونی ئەمريکا بەسەر مەلەکدا دەڵێت (قورگی ئاسيا لە ناو دەستی ئەمريکایە، کەی ويستی دەيگوشێت ودەيخنکێنێت).
چين بۆ مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی مەلەکە چەندين هەنگاوی ناوە وچەندين پلانی داناوە: پرۆژەی بەهێزکردنی هێزی دەريایی تا بتوانێت رکابەری ئەمريکا بکات لە ئۆقيانووسی ئارام وهيندی. ٢-ڕێکەوتنامە ونزيکبوونەوە لە دەوڵەتانی باشوری رۆژهەڵاتی ئاسيا، بەشێکی مەبەستی پاراستنی ئارامی مەلەکەیە.٣- پلانی گەيشتن بە وزە (نەوت وگازی سروشتی) لە ئاسيای ناوەڕاست وڕووسيا، کە دراوسێی چينن، وچين دەتوانێت بە ڕێگەی هێلی بۆری وهێلی ئاسن وگواستنەوەی ووشکانی وزە بکڕێت وبيگوازێتەوە بۆ چين. هەوڵدانی ئەمريکا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاسيایی ناوەڕاست ودوورخستنەوەی لە هەژموونی ڕووسيا، بەشێکی دەگەرێتەوە بۆ پوچەڵکردنی ئەو پلانەی چين.٤- یەکێ لە ئامانجەکانی ئەوەی پێی دەڵێن پرۆژەی ڕێگا وپشتێنەی چينی، بريتييە لە دۆزينەوەی ڕێگای بازرگانی تر لە دەرەوەی ڕێگای ئاوی وگەرووی مەلەکە، ئەم پڕۆژەیە بەشێکی بريتييە لە ڕێگای ووشکانی، جگە لەوەی لە ڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە چين پەيوەندی بازرگانی ودۆستایەتی لەگەڵ دەيان دەوڵەتی ناوچەکە وجیهان درووست دەکات.٥- هەوڵدانی بەردەوامی چين بۆ پەرەپێدان بە وزەی نوێ، وەک ئاو وبا ووزەی خۆر، تا ئەوەندە پێويستی بە وزەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وئەفريقيا نەبێت، بەمەش کەمتر پێويستی بە زەریا ودەريا وڕێڕەوە ئاوييەکان دەبێت،کە تا ڕادەیەکی زۆر ئەمريکا کۆنتڕۆڵی کردوون.٦- پاراستنی مەلەکە لە ڕێگەی درووستکردنی بەندەر لە ماينمار وسريلانکا.٧- درووستکردنی ڕێگەی ئاوی ونۆکەند لە تايلاند کە ساڵانێک پێش ئێستا هەوڵی بۆ دەدرا لە لایەن چينەوە، بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی پشتبەستن بوو بە گەرووی مەلەکە.
لە بەرامبەردا ئەمريکا هەر لەسەردەمی ئۆباماوە، سياسەتی بایەخدانی زیاتر بە ناوچەی زەريای ئارام وئاسيا پەيرەو دەکات، ژمارەی کەشتيەکانی ئەمريکا لە زیادبووندایە لەو ناوچانەدا. لە ساڵی ٢٠١٢ لە ٦٦٪ هێزی دەريایی ئەمريکا لە ئۆقيانووسی ئارام بوو (ئەمريکا دەڕوانێتە سەر ئۆقيانووسی ئارام وئەتڵەسی)، پلان هەیە ئەو ڕێژەیە بەرزتر بکرێتەوە. ئەمريکا زیاتر هەوڵدەدات هاوپەيمانیی نوێ درووست بکات وهاوپەيمانەکانی بەهێزتر بکات لەو ناوچانەدا. هەر وەها ئامادەکردنی هيندسیتان وەک جێگرەوە بۆ چين (لە بەشەکانی داهاتوو باسی دەکەم) هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمريکایە بۆ ڕێگرتن لە هەژموونی چين لە ئاسيا ولە ئۆقيانووسی هيندی وگەرووی مەلەکە.
ماویەتی...
ت: بۆ زیانياری زیاتر لە بارەی گرنگی گەرووە دەرياییەکان بە گشتی وگەرووی مەلەکا بە تايبەتی، دەتوانن سوود لە توێژينەوەیەکم ببينن لەو بارەیەوە، لە کۆمێنت دانراوە.
Vertaling weergeven
 
 
 
 
 
Bekir Şiwanî, Peshawa Qaze en 92 anderen
 
19 opmerkingen
1 keer gedeeld
 
Leuk
 
 
 
Opmerking plaatsen
 
 
Delen
 
 

Related Articles