ئێرە ئارشیفی ساڵی ٢٠١٢ یە، لە ڕێگای مینوی سەرەوە دەتوانیت تەواوی بابەتەکان بدۆزیتەوە. یان لەڕێگەی 

گەڕانەوە دەتوانیت بابەتی دیاریکراو بدوزیتەوە. لەگەڵ ڕیزمدا.

ئایە پلانەکەی پوتین لە ئوکراینا شکستی هێناوە؟ ... دکتۆر جەبار قادر

 

لە سەرانسەری دونیا چاودێران و شارەزایان و ڕۆژنامەوانان لێکدانەوە بۆ شەڕی ئوکراینا دەکەن. لێکدانەوەکان جۆراوجۆرن، چونکە هەر کەسەو بەپێی دید و بۆچوون، پاشخانی ئاگاداری و سیاسی خۆی یا ئەو هێز و بەرژەوەندییانەی نوێنەرایەتیان دەکات پرسەکان لێکدەداتەوە. بۆچوونێکی وا هاتووەتە ئاراوە پێی وایە کە ڕۆژئاواییەکانیش بەهەمان شێوەی ئەمریکاییەکان کە شتێکی ئەوتۆیان لە بارەی دانیشتوانی عێراق و جیهانبینییان و شیوازی بیرکردنەوەیانەوە نەدەزانی، ئەمانیش شتێکی کەم لە بارەی ڕووسیا و ڕووسەکانەوە دەزانن. لە چەند وتارێکی کورتدا سەرنجی خوێنەر بۆ هەندێ خاڵ ڕادەکێشم:

دەوترێ کە پوتین بەتەمای شەڕێکی کورتخایەن بووە بەڵام وادیارە شەڕەکە درێژە دەکێشێ!.

لە ساڵی ٢٠٠٣ تەنها ئەمریکا و بریتانیا ٣٠٠ هەزار سەربازیان بۆ شەڕی عێراق بردبووە بەرەکانی شەڕ و ٣٤ دەوڵەت، ئەگەر بەناویش بێ، لە شەڕدا بەشدار بوون و نزیکەی یەک ملیۆن سەربازیان ئامادە بوو. لەبەرامبەردا سوپای عێڕاق دەمێک بوو توانای بەرگری لەدەستدابوو و یەک فڕۆکەی شەڕکەری نەیدەتوانی بەئاسماندا بفڕێ، سزاکان ئابوورییەکان عێراقیان وێران کردبوو و خەڵکەکەی لە هەژاری و نەدارییەکی کەمەرشکێندا ژیانیان بەسەر دەبرد، بەلای کەمەوە ٨٠ – ٩٠٪ دانیشتوانیش خواخوایان بوو ڕۆژێک زووتر ڕژێمی بەعسیان لە کۆڵ ببێتەوە، چەندین گروپی چەکداری نەیاری ڕژێمیش ئامادە بوون شەڕ لە دژی بکەن. لەگەڵ هەموو ئەمانە و دەیان فاکتەری دیکەی گرنگدا، ئەوجا هێزەکانی هاوپەیمانان سێ هەفتەیان لە بۆمبارانی بەردەوام و هێڕشی زەمینی پێویست بوو بۆ ئەوەی بگەنە بەغدا و ڕژێم بڕووخێنن.

هیچ یەکێ لەو مەرج و فاکتەرانە لە شەڕی ئوکراینا لە ئارادا نین. نە ڕژێم لەو وڵاتە دیکتاتۆرییە و نە خەڵکەکەی دەیانەوێ بەدەستی دەرەکی، بەتایبەتی ئەو دەستەش ڕووسیا بێ، ڕژێمەکەیان بڕووخێنرێ. وڵاتێکی گەورەی ٦٠٠ هەزار کم٢ و چل و ئەوەندە ملیۆن دانیشتوو و لە ناوجەرگەی ئەوروپادا و خاوەن سوپای بەهێز و ڕاهێنراو بە دەستی ناتۆ، بە هەموو پێوەرێک نەدەبوو سوپای ڕووسیا وا بە ئاسانی لە ماوەی یەک دوو ڕۆژدا بگاتە دەوروبەری پایتەختەکەی و ئەو وڵاتە لە دەوڵەتێکەوە لە سەر هەردوو دەریای ئازۆف و ڕەش بکات بە وڵاتێکی داخراو بەسەر هەردوو دەریاکەدا و چەندین شاری گەورە داگیر بکات و ژێرخانی هێزی ئاسمانی و سەربازی لەکار بخات. ئەو دوو کۆمارەش (دانیتسک و ڵوگانسک) کە ڕاگەیاندراون و ڕووسیا دانی پێیاندا ناوە وا خەریکە هەموو ئەو سەرزەمینانە داگیردەکەن کە بە سنووری خۆیانی دەزانن و زیاتر لە ٥٠ هەزار کم٢ یە. ئەگەر سەیرێکی نەخشەی ئوکراینا بکەین دەبینین لە باکوور و ڕۆژئاوا و باشوورەوە ڕووسیا گەمارۆی داوە. دوای ٢٤ کاتژمێر لە هێڕشەکەی پوتین هەردوولا باسیان لە وتووێژ کرد و هیوایەکیان بەخەڵک بەخشی، پێدەچێ بەهاندانی ڕۆژئاوا شکست بەو پرۆسەیە هێندرا، ئەگەر ئەو ڕۆژە وتووێژەکان بکرابایەن نە سەدان کەس دەکوژران و نە ئەو هەموو کاولکارییە ڕوویاندەدا و نە یەک ملیۆن کەسی مەدەنی ئاوارە دەبوون.

کارەساتێکی مرۆیی ترسناک بەڕێوەیە لە کییف و خارکۆف. . . تاد.

تەنها کاتێک دەنگی تۆپ و تانک و فڕۆکەکان ڕادەوەستن، ئەو کاتە قەبارەی کارەسات و زیانەکان دەبینرێ و هەڵەی هەموو لایەنەکان دەردەکەون. پێموایە ئەو کاتە خەڵکی ئوکرانیا لێپرسینەوەی توند لە بەرپرسانیان دەکەن و پرسیارە سەرەکییەکە ئەوە دەبێ: کە ئامادە نەبوون بۆ شەڕ، بۆ هەوڵتاننەدا لە ڕێگای دیپلۆماسییەوە کێشەکان چارەسەر بکەن، کە شەڕیش دەستیپێکرد بۆ زوو کۆتاییتان پێنەهێنا؟.