ئێرە ئارشیفی ساڵی ٢٠١٢ یە، لە ڕێگای مینوی سەرەوە دەتوانیت تەواوی بابەتەکان بدۆزیتەوە. یان لەڕێگەی 

گەڕانەوە دەتوانیت بابەتی دیاریکراو بدوزیتەوە. لەگەڵ ڕیزمدا.

کوڕی عایلە ... بڵندنەوڕەس

ئەم دەستەواژەیە ھەمووان گوێیان لێبووە، وەک پەندێکی باویشی لێھاتووە بۆ جیاکردنەوەی کەس و ناکەس لەیەکتر. کاتێک بە کەسێک دەگوترێت فڵان کەس کوڕی عایلەیە، راستەوخۆ ئاماژەیەکت دەداتێ کە کەسێکی باشە و پێی ئارام دەبیت.
ئەوەی کوڕی عایلە لەوانی تر جیادەکاتەوە کۆمەڵێک پێوەرن، کە ئەو پێوەرانە دروست ناکرێن بە کەسی تر و دەبێت کەسەکە ھەڵگری ئەو بنەمایانەبێت و ریشەیەکی بۆماوەیی کۆمەڵایەتی و خێزانیشی ھەیە.
ئەوانەی کوڕی عایلەن، خێزان و پاشخانی کۆمەڵایەتییان ھەمیشە مەدەنییە، واتە لەسەر بنەمای تێگەیشتن و عەقڵ گەورەکراون و فێرکراون، نەک بە ھەڕەمەکی.
ھەمیشە رەچەڵەکییان دیارە و بەلای کەمەوە ٧ پشتییان ناسراوە و دەچنەوە سەر خێزانێکی ناسراو لە رووی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و فەرھەنگی و ھوونەرییەوە.
ھەڵسوکەوت و شێوازی جل و بەرگ و ئاخاوتنییان جیاوازە لە خەڵکی ئاسایی و گرنگی بە خۆیان دەدەن و چاولێکەرنین. ناو و ناوبانگ و پێگەی کۆمەڵایەتییان دەپارێزن و وەک پاسەوانی رابردووی باوک و باپیرانییان مامەڵە دەکەن، بەڵام کۆنەپەرستنین.
خاوەنی گوفتاری خۆیانن و پیاوی بڕیارن و کوڕی تەنگانەن، بەڵام ناگلێن بە کێشەی کەسانێکەوە کە لە ئاستی ئەواندا نەبێت.
بڕوایان بە پۆڵێنی چینایەتی ھەیە لەسەر بنەمای رۆشنبیری و فەرھەنگی و ناوبانگ و ئەزموونی پێشینانییان، نەک تەنھا لایەنی دارایی. ھەمیشە ھەنگاوێک لە پێش خەڵکی ئاساییەوەن و قۆناغێک لە پێشترن لە بیرکردنەوەدا، چونکە راھێنراون کە ئایندەبینبن.
بواری رۆشنبیری و کەشی روناکبیری ئاوێتەی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانییانە و بەشێکی گرنگی یادگارییەکانییان بریتییە لەو جۆرە کۆبونەوە خێزانییانە.
گەورە و بچوک و نان و نمەک رێزگیراوە لایان و بەڵێن ناشکێنن، چونکە کەسایەتی خۆیانییان خۆشدەوێت.
بە کورتی کوڕی عایلە ئەوانەن کە خاوەنی ئامانجن لە ژیانداو بڕوایان بە شتێک ھەیە کە لەسەری بژین و گەشە بکەن و خاوەن مەبدەئن، جا ھەرچیبێت.
---
ھەمان پێوەر بۆ کچی عایلەش راستە.