
حەزرەتی وەفا بەگ. هەموو مرۆڤێک پێویستی بە ئارایشتە. گوێم لێبگرن و خەیاڵی کۆنتان دەربارەی هونەری مەکیاژ بە هەڵەتاندا نەبات، ئارایشتی ژنانە، بەشێکی بچوکی هونەری ئارایشتکردنە، کەس نییە ئارایشت نەکات، هەموومان بە پلەی جیاواز ئارایشتدەکەین. مەعالیتان ڕەنگە بڵێن وا نییە، ڕەنگە بڵێن من ئارایشتم نەکردوە، بەڵام خۆی ئارایشت نەکردن ئەوپەڕی ئارایشتە. جەنابی حەزرەت... باشترین جۆری ئارایشت ئەوەیە مرۆڤ پۆدر و کرێم و مەیکاپ و ئەو شتانەی تێدا بەکارنەهێنێت، باشترین جۆری مەکیاژ ئەوەیە کە وا دەزانین زۆر سروشتییە، هەرخودی مرۆڤەکە خۆیەتی. بەڵام جەنابی حەزرەت یەکێک لەو وشانەی من حەزم لێی نییە، وشەی سروشتییە... سروشتی چییە؟ مرۆڤ دەتوانێت ئەم وشەیە بۆ کەر، بۆ ئەسپ، بۆ پشیلە بەکاربهێنێت، بەڵام بۆ مرۆڤ نا. مرۆڤ کەی بوونەوەرێکی تەبیعی بووە؟ لەو ڕۆژەوەی لە باوە ئادەم داکەوتووین، هیچ کات تەبیعی نەبووین. ئەوە ڕای منە حەزرەت گیان، لەوانەیە یەکێکی تر ڕایەکی تری هەبێت. تۆ ئەو منداڵە بگرە جەنابی مەعالی کە ئێستا لەدایکدەبێت، ئەو بگرە، دەتوانیت بڵێیت تەبیعییە؟... دەتوانیت؟ ڕاستەوخۆ بە کینە یان مەحەبەتی دەوروبەر گەمارۆدەدرێت، ڕاستەوخۆ بە جل و بۆدرە و زمان و گۆرانی و هاواری ناسروشتی گەمارۆدەدرێت. مرۆڤ لە یەک ساتدا تەبیعییە، ئەویش ئەو ئان و ساتەیە کە دەمرێت، لە ساتی ڕۆح دەرچووندا، بەڵێ ڕۆح دەرچوون تەبیعییە، لەوەدا قسەم نییە، بەڵام لەوە بترازێت کەس لەم جێگایەی ئێمەدا هەقی نییە باسی تەبیعیبوون بکات، وشەکە لای ئێمە قەدەغەیە.
باهیری بۆ وەفای ڕەفعەت بەگ. کەشتیی فریشتەکان. بەرگی 2