ئێرە ئارشیفی ساڵی ٢٠١٢ یە، لە ڕێگای مینوی سەرەوە دەتوانیت تەواوی بابەتەکان بدۆزیتەوە. یان لەڕێگەی 

گەڕانەوە دەتوانیت بابەتی دیاریکراو بدوزیتەوە. لەگەڵ ڕیزمدا.

خۆڵبارین لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ... بورھان شیخ رەئوف

گەردەلوول و گێژەڵووڵکەو خۆڵبارین ھەموو ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە ھەر لە عێراق و ئێران و سوریاوە تا  عەرەبستانی سعوودیە ،بەجۆرێک ھەزاران کەس ڕوویان کردە نەخۆشخانەکان ، ھەموو گەشتە ئاسمانیەکان لە فرۆکەخانەکانەوە وەستێنران ،ئەم خۆڵبارینە بووە مایەی سەرسووڕمانی دانیشتووان ، شارەزایان و کاربەدەستان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کەئەمە ئاکامی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەواو خراپ ھەڵسوکەوتی حکومەتەکانە لە گەڵیدا .
ئێستا ڕەنگی پرتەقاڵی لە شارە گەورەکانی تاران و بەغداو ریاز و شام نیشانەی ھاتنی شەپۆلێکی تازەی خۆڵبارینە ، جاران لە کۆتایی وەرزی بەھارو سەرەتای ھاویندا ئەم گێژەڵووڵکانە دەھاتن بەڵام ئێستا بە تایبەتی لە مانگی ئازاری ٢٠٢٢ ەوە ھەفتانە دووبارە دەبێتەوە .
لە عێراق حکومەت  مۆڵەتی گشتی ڕاگەیاند و ھاوڵاتیان و کارمەندانی خۆی ئاگادار کردەوە کە لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە ، خۆیان ئامادە بکەن بۆ گێژەڵووڵکەی دەیەم کەلە دوومانگی ڕابردوودا بەرەو ڕووی وڵاتەکەیان بووەتەوە ، تەنانەت وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند تا ئێستا زیاتر لە ھەزار کەس تووشی تەنگەنەفەسی بوون  و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.
لە کوەیەتیش فڕۆکەخانە نێودەوڵەتی بۆجاری دووەم ھەموو گەشتەکانی خۆی وەستاند بە ھۆی خراپی کەشوھەواو خۆڵبارینەوە ، تەنانەت کوەیتیەکان  وێنەی ڤیدیوییان بڵاوکردبووەو کە ھەموو شەقامەکان چۆڵ بوون لە ھاوڵاتیان بەھۆی کەمبوونەوەی مەودای بینین  .
دەستەی پێشبینی کەشناسی سعودیە رایگەیاندبوو کە مەودای بینین کەم دەبێتەوە تا ئاستی سفر لە سەر رێگاکانی ریازی پایتەخت لەم ھەفتەیەدا ، بۆیە شۆفێرەکانیان ئاگادارکردەوە لە پابەند بوون بە ڕادەی خێرایی ،لە لایەکی ترەوە زیاتر لە ١٢٨٥ کەس سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردبوو بە ھۆی تەنگەنەفەسی و بوونی کێشە لە ھەناسەداندا .
شارەزایان و پسپۆران ھۆکاری ئەم خۆڵبارینە دەگەڕێننەوە بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوھەواو وشکە ساڵی و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ،لە لایەکی ترەوە عێراق یەکێکە لەو پێنج  وڵاتەی لەسەر ئاستی جیھان  کە زۆرترین کاریگەری گۆڕانکارییەکانی  کەشوھەواو و بەبیانبوونیان  لە سەرە ،بە ھۆی بێ بارانی و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کە لە ڕۆژەکانی وەرزی ھاویندا دەگاتە سەروی پەنجا پلەی سەدی .
ئێرانیش ھەفتە پێشوو قوتابخانەو فەرمانگە حکومیەکانی تارانی پایتەختی داخست  بە ھۆی گەردەلوولی خۆڵەوە کە وڵاتەکەی گرتەوە ، دەیان گەشتی فڕۆکەوانی ھەڵوەشێنرایەوە ،زیاتر لە ھەشت سەد کەس سەردانی نەخۆشخانەکانیان کرد بە ھۆی کێشە لە ھەناسەداندا ، ناوچەی خوزستانی بیاباناوی لە خۆرئاوای ئێران گەورەترین زیانی بەرکەوت .
لە سوریاش نەخۆشخانەکان خرانە دۆخی ئامادەباشیەوە بۆ پێشوازی ھەموو ئەوانەی کێشەیان لە کۆئەندامی ھەناسەدا ھەیە بە تایبەتی ڕەبو ، دوای ئەوەی پارێزگای دیرزۆری نزیک سنووری عێراق خۆڵبارین گرتیەوە .
لە کۆتاییدا بە ھۆی خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و ژینگە عێراق  زەرەرمەندترین وڵاتانی ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستە ، ئێستاش تاکە ڕێگە چارە بۆ خۆپارێزی لە خۆڵبارین ، ڕووپۆشکردنی زەوی بە ڕووەک و سەوزایی بە شێوەیەکی  فراوان و چڕ بۆ کەمکردنەوەی تەوژمی با و بەرگرتن لە گەردەلوولی خۆڵین .