
#ئەدەبییات_شوانی
چوار هەفتە لەمەوبەر پۆستێکم بەو ناوونیشانەی سەرەوە کرد و بەڵێنم دا بابەتێک لەو بارەیەوە ئامادە بکەم. بەپێی سەرنج و تێبینی و دەستنیشانکردنەکانم کە زادەی خوێندنەوە و وەرگێڕان و بەدواداچوونی وردن، ئۆرهان پاموک بیرۆکەی چەند بەشێکی ڕۆمانی "بەفر"ی لە بیرەوەرییەکانی یاشار کەمال و موسا عەنتەر وەرگرتووە و زۆر زیرەکانە بەکاری هێناوە. لای خوارەوە، لە سێ سەرنجدا سێ ڕووداوی ناو بیرەوەرییەکانی یاشار کەمال و موسا عەنتەرم لەگەڵ سێ پەرەگرافی ڕۆمانی "بەفر" خستووەتە ڕوو و لە دوای هەر سەرنجێکیش بەراوردێکم کردووە. ئێوەیش دەتوانن بە تێبینی و بۆچوونەکانتان دەوڵەمەندتری بکەن. هەموو میدیا و سایتەکانیش ئازادن لە بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە، بەمەرجی دەستکاری نەکردنی ناوەڕۆک و ئاماژەدان بە ناوی نووسەر و سەرچاوە.
سەرنجی یەکەم:
یاشار کەمال و ڕۆژنامەنووس تەحسین بەگ لە دیاربەکر (ڕاستی):
ڕۆژنامەی "جمهورییەت" ساڵی ١٩٥١ یاشار کەمال دەنێرێت بۆ شارەکانی باکوری کوردستان بەمەبەستی سازکردنی زنجیرەیەک ڕیپۆرتاژ بۆ ڕۆژنامەکە. یاشار کەمال لە کتێبی "یاشار کەمال سەبارەت بەخۆی دەوێت"دا ، بەمجۆرە باس لە گەشتی خۆی لە ئیستانبوڵەوە بۆ دیاربەکر و گەیشتنی بەو شارە دەکات:
"لە ژوورێکی جوانی هۆتێلی کۆشکی نایب نیشتەجێ بووم. دەمەوئێوارە بەدوای وەفیق پیرینچچیئۆغڵودا گەڕام. نووسینگەکەیان پێشانم دا، بەڵام وەفیق بەگ لە دیاربەکر نەبوو. برا گەورەکەی لەوێ بوو. مەبەستی خۆمم بۆی بەیان کرد و باش پێشوازی لێم کرد. گوتی: 'وەفیق هەموو شتێکتان بۆ دەکات.' سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووەم، ڕۆژنامەنووس تەحسین جاهید چوپوکجوم دۆزییەوە. ڕۆژنامەیەکی بچووك و جوانی دەردەکرد و پیاوێکی باش و بەکولتوور بوو. دواتر بوو بە پەرلەمانتاری پارتی دیموکرات. ساڵانێك دواتر لە دوورگەی یاسیئەدا چاومان بەیەك کەوتەوە و زەردەخەنەیەکی بۆم کرد. ئەو ڕۆژە پێکەوە دیاربەکر و شووراکانی دیاربەکر گەڕاین. تەحسین بەگ نزیکەی هەموو کەسێکی دەناسی. منیشی بە ناسیاوەکانی خۆی دەناساند. دیاربەکر بەلای منەوە شارێکی نەبیندراوی ناو داستانێکی ئەفسووناوی بوو. هەموو حەوشەکانی گوڵزار بوون. هەریەکێك لە خانووەکانی شاکارێك بوو بۆ خۆی. خەڵکەکەیشی فرە میوانپەروەر و جوامێر بوون. لە سەربانە گڵینەکان چیمەن و گوڵی حەوتپەڕ سەوز ببوون. کچان، منداڵان، ژنانی بەساڵاچوو، پیاوانی ڕیش درێژ و بەتەمەن لەسەر شۆستەی شەقامی سەرەکیی شار ڕیزیان بەستبوو، سەبەتەیان لە بەردەمدا بوو و گوڵی وەنەوشەیان دەفرۆشت. تا ئەو کاتە ئەو هەموو وەنەوشەیەم پێکەوە لە یەك شوێن نەدیبوو. سەرانسەری شار بۆنی وەنەوشەی گرتبوو. خۆم خزاندە پارك هۆتێلەوە، ئامێری تایپی کاری سکاڵانووسیم نایە بەردەمم و دەستم بە نووسین کرد: دیاربەکر شاری وەنەوشە و گوڵە..." (سەرچاوە: یاشار کەمال سەبارەت بەخۆی دەدوێت، و. لە تورکییەوە: بەکر شوانی، بەڕێوەبەرێتیی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، ٢٠١١، ل: ١٠٦ – ١٠٧).
(کا) و ڕۆژنامەنووس سەردار بەگ لە قارس (خەیاڵ):
لە ڕۆمانی "بەفر"ی ئۆرهان پاموکدا، دوای نزیکەی ٤٠ ساڵ لە گەشتەکەی یاشار کەمال بۆ دیاربەکر و لە ساڵانی ١٩٩٠دا ڕۆژنامەی "جمهورییەت" عەبدول کەریم ئالاکوش ئۆغڵو (کا-ی پاڵەوانی ڕۆمانەکە) دەنێرێت بۆ قارس بەمەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک ڕیپۆرتاژ دەربارەی هەڵبژاردن و دیاردەی خۆکوشتنی ژنان لەو دەڤەرە. لە بەشێکی ڕۆمانەکەدا هاتووە:
"(کا) دەمی بەیانی کاتێك لە میوانخانە هاتە دەرێ، یەکەم کاری ئەوە بوو خۆی بگەیەنێتە بەر دەرگای ماڵی ڕۆژنامەنووسی دێرین سەردار بەگ. لە ئیستانبوڵ ناوەکەیان دابوویێ و پێیان گوتبوو ئەمە (پەیامنێری هەرێمی)مانە. دەستبەجێ تێگەیشت ئەم کابرایە سەرانسەری قارس دەناسێت. ئەو پرسیارەی سەدان جار لە ماوەی سێ ڕۆژ مانەوەیدا لە قارس ڕووبەڕووی کرایەوە، یەکەمجار سەردار بەگ لێی کرد: 'بەخێر بێن بۆ شاری سەرحەد، ئوستادم، بەڵام لێرە چی کارێکتان هەیە؟' (کا) لە وەڵامدا گوتی: 'بۆ چاودێکردنی هەڵبژاردنەکان هاتووم و لەوانەیشە وتارێك لەسەر ژنانی خۆکوژ بنووسم.' یارۆی ڕۆژنامەنووس گوتی: 'لێرەیش وەك باتمان بەزیاد پێوەنانەوە باس لە خۆکوشتنی ژنان دەکرێت. با بچین سەرێك لە قاسم بەگی جێگری بەڕێوەبەری ئاسایش بدەین، کەس نازانێت چی دەقەومێت! با ئەویش لە هاتنتان ئاگادار بێت.' (سەرچاوە: ڕۆمانی بەفر، ئۆرهان پاموک، و. لە تورکییەوە: بەکر شوانی، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە، چاپی سێیەم، ٢٠١٦، ل: ٣٠).
بەراورد:
1. گێڕانەوەکەی یاشار کەمال بیرەوەرییە و لە ڕاستیدا ڕوویداوە. / گێڕانەوەکەی ئۆرهان پاموک خەیاڵی ئەدەبییە.
2. یاشار کەمال لە دیاربەکر لە هۆتێل دادەبەزێت. / (کا) لە قارس لە هۆتێل دادەبەزێت.
3. ڕۆژنامەی جمهورییەت سەرەتای ساڵانی ١٩٥٠ یاشار کەمال دەنێرێت بۆ دیاربەکر بەمەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک ڕیپۆرتاژ. / هەمان ڕۆژنامە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠ (کا) دەنێرێت بۆ شاری قارس بەمەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک ڕیپۆرتاژ.
4. یاشار کەمال لە دیاربەکر ڕۆژنامەنووس تەحسین جاهید چوپوکجو دەدۆزێتەوە کە لە شارەکە ڕۆژنامەیەکی بچووک دەردەکات. / (کا) لە قارس ڕۆژنامەنووس سەردار بەگ دەدۆزێتەوە کە لە شارەکە ڕۆژنامەیەکی بچووک دەردەکات.
5. تەحسین بەگ نزیکەی هەموو کەسێک دەناسێت و یاشار کەمالیش بە ناسیاوەکانی خۆی دەناسێنێت. / )کا( کاتێک سەردار بەگ دەبینێت، یەکسەر تێدەگات کە ئەو کابرایە هەموو قارس دەناسێت.
سەرنجی دووەم:
سەردانی موسا عەنتەر بۆ خانەقای شێخ مەعشووق لە دیاربەکر (ڕاستی):
شێخ مەعشووق کوڕی شێخ مەعسووم گەورەی شێخەکانی نۆرشین بوو. ئەم بنەماڵەیە بە نزیکایەتییان لە دەوڵەتی تورکەوە ناسرابوون، بۆیە موسا عەنتەر ساڵی ١٩٥٨ لە ڕۆژنامەی "ئیلەری یورد"دا ڕەخنەی زۆری لێ دەگرێت. شێخ مەعشووق چەند جارێک دەروێش و موریدەکانی دەنێرێت بۆ دەرمانخانەی شەرق کە هی د. یوسف عەزیزئۆغڵوە و ئەو سەردەمە موسا عەنتەر کاری تێدا دەکات و ئارەزووی شێخی پێ دەگەیەنن بۆ سەردانی خانەقا. موسا عەنتەر سەرەتا ڕازی نابێت، بەڵام دواتر لەسەر داوای د. عەزیزئۆغڵو ڕازی دەبێت و بەمجۆرە باسی سەردانی خۆی بۆ خانەقای شێخ مەعشووق دەگێڕێتەوە:
"کاتێک شێخ مەعشووق منی بینی، یەکسەر هات و لەسەر پلیکانەکان پێشوازیی لێم کرد. دەستمی گرت، ماچمی کرد و منی لە دیوان لە تەنیشت خۆیەوە دانیشاند. دژبەرەکانم سەریان سووڕمابوو. دوای کەمێک تەنیا بۆ من و شێخ چای و قاوە هات. هەردووکمان بە دەنگی بەرز و کەیفی سازەوە باسی مێژووی ئیسلام و ئەدەبیاتمان کرد. بانگی عەسر درا. شێخ گوتی: 'موسا بەگ گفتوگۆکەمان خۆشە، بەڵام، -وەک ئەوەی بڵێت بەداخەوە- کاتی نوێژە.' منیش گوتم: 'بە خۆشحاڵی، منیش بە دەستنوێژم و نوێژ دەکەم.' کەیفی هاتێ و لە ڕیزی پێشەوە جێی بۆم کردەوە. نوێژمان خوێند. دیسان ڕووی لە من کرد و گوتی: 'ماشاڵا، بەڵام کارێکی تریشمان هەیە.' شارەزای سرووتەکانی ڕێبازی نەقشبەندی بووم، بۆیە گوتم: 'بەڕێزم، زیکرە؟' گوتی: 'بەڵێ.' منیش گوتم: 'ئێ، منیش بۆ تەبەڕوک دێمە کۆڕی زیکرتانەوە.' دیسان دڵی خۆش بوو و زیکرمان بە هەموو ڕێساکانییەوە بە ئەنجام گەیاند. سەرلێشێواویی موفتی و مەلا دەمارگیرەکان هێندەی تر زیادی کردبوو. دیسان سینییەکی پڕ لە میوەی نایاب بۆ من و شێخ هات. هەردووکمان بەدەم خواردنی میوەوە قسەمان دەرکرد. من تەنیا لەبەر ڕقی ئەو دەمارگیرانە کاتەکەم درێژ دەکردەوە. کات گەیشتە دەمەو ئێوارە و شێخ منی تا بەر دەرگا بەڕێ کرد و بۆم پاڕایەوە." (سەرچاوە: بیرەوەرییەکانم، موسا عەنتەر، وەشانخانەی ئاڤێستا، ئیستانبوڵ، ١٩٩٩، ل: ٩٣ - ٩٥، بە زمانی تورکی).
سەردانی (کا) بۆ خانەقای شێخ سەعادەدین لە ڕۆمانی "بەفر"دا (خەیاڵ):
لە ڕۆمانی "بەفر"ی ئۆرهان پاموکدا شێخ سەعادەدین ئەفەندی جەوهەر کە شێخێکی کوردە و لەسەر داوای موریدە ناشادەکانی ماڵی لە گوندێکی دووری ناو چیایەکانەوە بۆ قارس گواستووەتەوە، نامەیەک بۆ (کا)ی شاکەسی ڕۆمانەکە دەنێرێت و داوای لێ دەکات لە خانەقا سەری لێ بدات. (کا) سەرەتا دوودڵە، بەڵام پاشان لەسەر داوای ئیپەک و موختار و ئەوانی تر ڕازی دەبێت و دەڕوات بۆ سەردانی شێخ. پاموک دەنووسێت:
"(کا) بە ماوەی چوار خوولەك گەیشتە بەر دەروازەی خانەقای شێخ، دەرگای خانەقا بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کرایەوە. کاتێك بە پلیکانە قیتەکاندا سەرکەوت، شیعری "پلیکانە"ی موختاری بیرکەوتەوە و هێشتا هەر لە گیرفانی پاڵتۆکەیدا بوو. دڵنیا بوو لەوەی هەموو شتێك باش دەبێت، بەڵام خۆی وەك منداڵێك هاتە پێش چاو کە سوور دڵنیایە دەرزی لێ نادرێت، کەچی مل نادات بۆ چوونە ژوورەوەی تیمارخانەی پزیشك. لەگەڵ سەرکەوتنی بە پلیکانەکاندا، لە هاتنی خۆی پەشیمان بووەوە: سەرباری عارەق خواردنەوە، ترسێکی قوڵ هەناوی هەژاندبوو. جەنابی شێخ دەستبەجێ و لەگەڵ بینینی (کا)دا، شوێنەواری ئەو ترسەی لە ڕووخساریدا خوێندەوە. ئەمیش حاڵی بوو شێخ هەستی بە ترسەکەی کردووە، بەڵام ئاکارێکی وا لە شێخدا هەبوو، ئەم شەرمی لە ترسەکەی خۆی نەکرد. لە ڕێڕەوی کۆتاییی پلیکانەکەدا ئاوێنەیەکی چوارچێوە هەڵکۆڵدراو بە بزمار بە دیوارەوە داکوترابوو. (کا) سەرەتا جەنابی شێخی لەو ئاوێنەیەدا بینی. ماڵەکە زۆر پڕ و جەنجاڵ بوو، دەتگوت میوانەکان ماسین و لە قوتوودا ڕیز کراون. ژوورەکەیش بە هەڵمی هەناسە و گەرماییی مرۆڤەکان گەرم داهاتبوو. (کا) هەر هێندەی زانی وا خەریکە دەستی جەنابی شێخ ماچ دەکات. هەموو ئەمانە لە چاوتروکانێکدا ڕوویان دا، ئاپۆڕەی دەوروبەر و ناو ژوورەکە هیچ سەرنجی(کا)ی ڕانەکێشابوو. ئاپۆڕەیەکی بیست و چەند کەسی بۆ بەشداریکردن لە سرووتی سادەی ئاینی ڕۆژانی سێشەمە، بۆ گوێگرتن لە وتەکانی شێخ و بەیانکردنی دەردی دڵ لە ژوورەکەدا گرد ببوونەوە. ئەمانە بریتی بوون لە چەند کەسێکی خاوەن کارگەی شیرەمەنی، پیشەکاران، پێنچ شەش کەسی چایچی، لاوێکی نیوە ئیفلیج، بەڕێوەبەرێکی خێلی کۆمپانیای پاس و برادەرێکی، ئێشکگری شەوانی دامەزراوەی کارەبا، کابرایەکی ماوەی چل ساڵ دەرگاوانی نەخۆشخانەی قارس و چەند کەسێکی تر...شێخ، دوای ئەوەی دانە بە دانەی بێئۆقرەیییەکانی لە ڕووخساری (کا)دا خوێندەوە، وەك ئەوەی ڕۆڵ بگێڕێت، دەستی ماچ کرد. ئەمەی بەجۆرێك کرد جۆری ئەوەی دەستی نازداری منداڵێکی ساوای ماچ کردبێت، نەك ڕێزی نواندبێت. (کا) سەرباری ئەوەی زۆر باش دەیزانی شێخ بەمجۆرە ڕەفتار دەکات، کەچی سەری سوڕمابوو. ئاگادار بوو لەوەی ئامادەبووان سەیریان دەکەن و بەوردی گوێیان لێ دەگرن، دەستیان بە قسان کرد." (سەرچاوە: ڕۆمانی بەفر، ئۆرهان پاموک، و. لە تورکییەوە: بەکر شوانی، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە، چاپی سێیەم، ٢٠١٦، ل: ١٨٦ - ١٨٨).
بەراورد:
1. گێڕانەوەکەی موسا عەنتەر بیرەوەرییە و لە ڕاستیدا ڕوویداوە. / گێڕانەوەکەی ئۆرهان پاموک خەیاڵی ئەدەبییە.
2. شێخ مەعشووق لە دیاربەکر پیاو بە دوای موسا عەنتەردا دەنێرێت و داوای لێ دەکات لە خانەقا سەردانی بکات. / شێخ سەعادەدین ئەفەندی لە قارس نامە بۆ (کا) دەنێرێت و داوای لێ دەکات لە خانەقا سەردانی بکات.
3. موسا عەنتەر سەرەتا دوودڵە و ڕازی نابێت، بەڵام دوایی لەسەر داوای د. عەزیزئۆغڵو ڕازی دەبێت و دەڕوات. / (کا) سەرەتا دوودڵە و ڕازی نابێت، بەڵام دوایی لەسەر داوای ئیپەک و موختار و ئەوانی تر ڕازی دەبێت و دەڕوات.
4. شێخ مەعشووق لەسەر پلیکانەکان پێشوازی لە موسا عەنتەر دەکات. / (کا) بەسەر پلیکانەکاندا سەردەکەوێت و دەچێتە ژوورەوە بۆ لای شێخ.
5. شێخ مەعشووق، موسا عەنتەر ماچ دەکات. / شێخ سەعادەدین دەستی (کا) ماچ دەکات.
6. ئامادەبووان تێکەڵەیەکن لە پیشەکارانی شاری دیاربەکر و هاتوون زیکر بکەن و گوێ لە وتەکانی شێخ مەعشووق بگرن. / ئامادەبووان تێکەڵەیەکن لە پیشەکارانی شاری قارس و هاتوون زیکر بکەن و گوێ لە وتەکانی شێخ سەعادەدین بگرن.
7. موسا عەنتەر و شێخ مەعشووق قسە و گفتوگۆ دەکەن. / (کا) و شێخ سەعادەدین قسە و گفتوگۆ دەکەن.
سەرنجی سێیەم:
موسا عەنتەر و ساڵح ئەفەندی (ڕاستی):
ساڵی ١٩٧٢ موسا عەنتەر لەگەڵ نزیکەی ٢٠ کەسی تردا لە دیاربەکر دەدرێنە دادگا. لە ناو بەشدارانی ئەو دۆزەدا جگە لە شەرافەدین ئەلچی و ئەو، ئەوانی تر زمانی تورکییان نەزانیوە، بۆیە دادگا ساڵح ئەفەندی موفتیی ئەو سەردەمەی دیاربەکر وەک وەرگێڕ بۆ دادگا بانگ دەکات. ساڵح ئەفەندی گوتەی ئەو هەژار و نەدارانە ڕێک دەخاتەوە و بە شێوەیەک وەریان دەگێڕێت کە زیانی بۆ کەسەکان نەبێت. موسا عەنتەر دەنووسێت:
"هەرگیز لەبیرم ناچێت، هاوڕێیەکمان بە ناوی محەمەد بە گرانی تووشی نەخۆشیی سیل ببوو. هەموو داخوازییەکانی ڕەت کرابوونەوە. ڕۆژێک محەمەد لە دانیشتنی دادگادا هەڵسایە سەرپێ و بە زمانی کوردی سووکایەتی بە دەوڵەت و حکوومەت و دادگا کرد. کاتێک دادوەر داوای لە ساڵح ئەفەندی کرد وتەکانی وەربگێڕێت، ئەو بە نزیکی بەمجۆرە وەری گێڕا: 'بەڕێزم، من بێتاوانم. وەک دەبینن نەخۆشییەکی گرانم هەیە. خاوەنی ماڵ و منداڵم. تکا لە دادگای باڵاتان دەکەم ئازادم بکەن با لە ناو ماڵ و منداڵی خۆمدا بمرم.' دواجار دادگا محەمەدی ئازاد کرد و بڕیاری دا پێویست ناکات لە دانیشتنەکانی داهاتووی دادگا ئامادە بێت. پاشان ئێمەیش ئازاد کراین. دوای چوار یان پێنج ساڵ سەرم لە ساڵح ئەفەندی دا. لە هەلێکدا بە گاڵتەوە لێم پرسی: 'خۆجەم، تۆ وەرگێڕی سوێندخۆر بوویت. چۆن بەو جۆرە وەرت گێڕا؟' ئەو بەم بەسەرهاتەی سەعدی شیرازی وەڵاممی دایەوە:
"لە نێوان شای ئێران و فەرمانڕەوای هندستاندا شەڕ دەقەومێت. شای ئێران بەسەر سوپای هندستاندا سەردەکەوێت و فەرمانڕەوا بە دیل دەگرێت. فەرمانڕەوا دەهێننە دامێنی تەختی شا و ئەم سەرزەنشتی دەکات و پێی دەڵێت بۆچی خۆی لە قەرەی کاری گەورە داوە و بیری لەم ڕۆژە نەکردووەتەوە. پاش ئەوەی وەرگێڕ قسەکانی شای ئێران بۆ فەرمانڕەوای هندستان وەردەگێڕێت، ئەم لە وەڵامدا دەڵێت: 'بەدڕەوشتی مەکە! ئێمە لە دژی یەکدی شەڕمان کرد. هەر دەبوایە یەکێکمان ببەزین. ئێستا من بەزیوم و دیلی دەستی تۆم. پێویست بە جنێودان ناکات، چیت لە دەست دێت، درێغی مەکە.' دوو وەرگێڕ لە نێوان شا و فەرمانڕەوادا ئەرکی وەرگیڕان بەجێ دەهێنن. شا داوایان لێ دەکات قسەکانی فەرمانڕەوای بۆ وەربگێڕن. وەرگیڕی یەکەم قسەکانی فەرمانڕەوای هندستان بەمجۆرە وەردەگێڕێت: 'بەڕێزم، من دەمزانی هاوتای ئێوە نیم. بەڵام ناپاک و لێبووکەکانی دەوروبەرم هانمیان دا و منیش ئەو ملهوڕییەم کرد.' شا ئەم قسانەی زۆر پێ خۆش دەبێت و فەرمانڕەوای هندستان دەبەخشێت. وەرگێڕی دووەم خۆی پێ ناگیرێت و هاوارد دەکات: 'گەورەم، فەرمانڕەوای هندستان وای نەگوت. سووکایەتی و جنێوی بەسەرتاندا باراند.' شا لە وەڵامدا دەڵێت: 'دە واز بێنە توخوا! درۆکەی ئەو لە ڕاستییەکەی تۆ زۆر باشترە. ئەو ژیانێکی ڕزگار کرد، تۆیش هانی ئەنجامدانی تاوان دەدەیت.'" ساڵح ئەفەندی دوای گێڕانەوەی ئەو بەسەرهاتە بەردەوام بوو و گوتی: "وەرگێڕانی من لەو دۆزەدا وەک ئەم بەسەرهاتە وابوو. دەمزانی سوێندەکەم دەشکێنم، بەڵام ئەو چاکەیەی کە پێم وابوو لەو ساتەدا ئەنجامی دەدەم، بەزیادیشەوە کەفارەتی ئەو گوناهەکەمە.'" (سەرچاوە: بیرەوەرییەکانم، موسا عەنتەر، وەشانخانەی ئاڤێستا، ئیستانبوڵ، ١٩٩٩، ل: ٩٧ - ٩٩، بە زمانی تورکی).
گفتوگۆی شینە و (کا) لە ڕۆمانی "بەفر"دا:
کەسایەتیی "شینە" کە لە ڕۆمانی "بەفر"دا ئاشنای دەبین، ئیسلامییەکی توندڕۆیە و زۆری مەبەستە (کا) ببینێت و بزانێت بۆچی بۆ قارس هاتووە. پاموک دەنووسێت:
"لەپڕ هەردوو شانی (کا)ی گرت، لە خۆی نزیك کردەوە، ڕوومەتەکانی ماچ کرد و پێی گوت: 'تۆ دەروێشێکیت تەمەنی خۆت بە شیعر بەخشیوە. نابیت بە ئامێری ئەوانەی خراپە دەرهەق بە موسڵمانان و لێقەوماوان دەکەن. هەروەك چۆن من متمانەم بە تۆ کرد، تۆیش بە منت کرد و بەناو ئەم بەفرەدا هاتیت بۆ لام. دەمەوێت لەبری سوپاسکردن، بەسەرهاتێکی واتادارت بۆ بگێڕمەوە.' بە ڕیتمێکی نیوە شانۆیی و نیوە ئاسایی نیگای بڕییە ناو چاوەکانی (کا) و گوتی: 'بیگێڕمەوە؟'... 'بیگێڕەوە.'
'لە زەمانی زۆر کۆندا، لە ئێران قارەمانێکی بێهاوتا و شەڕڤانێکی ماندوونەناس هەبوو. هەمووان دەیانناسی و خۆشیان دەویست. با ئێمەیش وەك ئەو کەسانەی لەو سەردەمەدا خۆشیان دەویست، بڵێین ناوی ڕۆستەم بوو. ڕۆستم ڕۆژێك لە کاتی ڕاودا ڕێی لێ وێڵ دەبێت، کاتێك شەویشی بەسەردا دێت و خەوی لێ دەکەوێت، ئەسپەکەی ون دەبێت. بەدەم گەڕانەوە بەدوای ئەسپەکەیدا کە ناوی ڕەخش بوو، دەچێتە خاکی دوژمن، واتە وڵاتی توورانەوە. لەبەرئەوەی ناوبانگی پێش خۆی گەیشتبووە ئەوێ، ناسرایەوە و هەڵسوکەتێکی باشی لەگەڵ کرا. دوای نانخواردن دەچێتە ژووری حەسانەوە، لەو کاتەدا کچی شا دەچێتە کنی، ئەڤینی خۆی بەیان دەکات بۆی و پێی دەڵێت دەیەوێت منداڵێکی لێی ببێت. بە جوانی و زمانی لووسیی خۆی ڕۆستەم لەخشتە دەبات و پێکەوە دەنوون. بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر ڕۆستەم قۆڵبەستێك بۆ ناسینەوەی منداڵەکەی بەجێدەهێڵێت و بۆ وڵاتی خۆی دەگەڕێتەوە. کوڕەکەی -ئەوان ناویان ناوە زۆراب و با ئێمەیش هەروا ناوی بهێنین- کاتێك دوای ساڵانێکی درێژ تێدەگات کوڕی ڕۆستەمی پاڵەوانی داستانە، دەڵێت: "ڕوو لە ئێران دەکەم، کەیکاوسی شای زۆردار لە تەخت دەهێنمە خوارەوە و باوکم دەخەمە جێی... پاشان دەگەڕێمەوە بۆ تووران، شا ئەفراسیابی شای زۆرداری توورانیش وەك کەیکاوس لە تەختی پاشایەتی دەهێنمە خوارەوە و خۆم تاجی پاشایەتی لەسەر دەکەم! ئەو کاتە ڕۆستەمی باوکم و خۆم، ئێران و تووران، واتە هەموو جیهان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەڕێوە دەبەین!" ئەمە گفت و بیرکردنەوەی زۆرابی سادە و نیازپاك دەبێت، بەڵام هێشتا تێنەگیشتبوو دوژمنەکانی چەند قرێژ و تەڵەکەبازن. شای تووران شا ئەفراسیاب سەرەڕای ئەوەی نیازی زۆرابی بۆ ئاشکرا دەبێت، بەبیانووی شەڕی دژ بە ئێران پشتیوانی لێ دەکات، بەڵام کۆمەڵێك سیخوڕ دەخاتە ناو سوپاوە بۆ ئەوەی نەهێڵن زۆراب ڕۆستەمی باوکی بناسێتەوە. دوای فڕوفێڵ، دەسیسە، گەمەی چارەنووسی بەد و ڕێککەوتە نهێنییەکانی یەزدانی پەروەردگار، ڕۆستەمی داستان و زۆرابی کوڕی دێنە مەیدانی شەڕ و ڕیزی سوپا لە پشتیانەوە ڕادەوەستێت. ئەمان لەبەرئەوەی زرێیان پۆشیوە، مەیدان لە یەکتری دەگرن و یەکدی ناناسنەوە. ڕۆستەم بۆ ئەوەی شەڕڤانی بەرامبەری فریا نەکەوێت هێزی خۆی کۆ بکاتەوە، بێ ئەوەی بزانێت کێیە، هەڵمەتی بۆ دەبات. زۆرابیش چاوەکانی لە دانانی باوکی لەسەر تەختی پاشایەتیی ئێران هیچ شتێکی تری نەدەبینی و باکی نەبوو لەبەرامبەر کێدا شەڕ دەکات. بەمجۆرە ئەم دوو شەڕڤانە دڵفراوان و گەورەیە، ئەم باوك و کوڕە، لە یەکتر دێنە پێشێ، شمشێر هەڵدەکێشن و سەربازەکانیش لە پشتیانەوە سەیریان دەکەن.' (سەرچاوە: ڕۆمانی بەفر، ئۆرهان پاموک، و. لە تورکییەوە: بەکر شوانی، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە، چاپی سێیەم، ٢٠١٦، ل: ١٥٣ - ١٥٥).
بەراورد:
ساڵح ئەفەندی بە گێڕانەوەی بەسەرهاتێکی کۆنی ئێرانی هەڵویست و ئامانجی خۆی بۆ موسا عەنتەر ڕوون دەکاتەوە. / شینە بە گێڕانەوەی بەسەرهاتێکی کۆنی ئێرانی هەڵویست و ئامانجی خۆی بۆ (کا)ی شاکەسی ڕۆمانی "بەفر" ڕوون دەکاتەوە.