نووسەرەناسراوەکان

بۆ زارا محەمەدی - (٢) میر ئانێتە خانم ...  بەکر شوانی

 
لەو باوەڕەدام بۆ زۆربەتان زانیارییەکی نوێ و سەرسووڕهێنەرە کاتێک دەبیستن میرزادەیەکی کوردی نیوەی دووەمی سەدەی هەژدەیەم و چارەکی یەکەمی سەدەی نۆزدەیەم ناوی "ئانێتە" بووبێت و هەر ئەوەندەیش نا، بەڵکو دامەزرێنەری "مەدرەسە"یەک بووبێت کە بە درێژایی دوو سەدە ڕۆڵێکی گرنگی لە پاراستنی زمانی کوردیدا هەبووە!
میر ئانێتە خانم کچی میر ئەیوب خانی میری مکویس و پووری مەحموود خانی میری هەمان میرنشینە کە دوای مردنی ئەیوبی خانی باپیری، جێگەی گرتەوە و لە سەردەمی ئەمدا میرنشینی مکویس گەیشتە چاخی زێڕینی خۆی و تەنانەت ئەگەر ناپاکی و خۆخۆری نەبوایە، مەحموود خان لەوەدابوو دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێنێت. ئەم شامیرە ساڵی ١٨٦٦ لە تاوراگەی ڤارنا (بولگارستان) دوور لە کوردستان مرد و دەوڵەتی عوسمانی ئەوەندە لێی بەداخ بوو، تەنانەت مۆڵەت نەدرا تەرمەکەی بۆ کوردستان بگەڕێندرێتەوە.
مکویس لەم سەردەمەدا قەزای باخچەسەرای (بە کوردی: میکس / موکسی)ی سەر بە پارێزگای وانە.
دوای ئەوەی میر ئانێتە خانم بە بووکی دەگوازرێتەوە بۆ ناوچەی نۆرشینی سەر بە بتلیس و دەبێت بە هاوسەری عەبدی بەگی میری نۆرشین، تەماشا دەکات نۆرشین مەدرەسە یان فەقێخانەی نییە. پرسیار دەکات و دەڵێت: "بۆچی لە میرنشینی باوکم مەدرەسەی میر حەسەن هەیە و ئێرە بێ مەدرەسەیە؟" پاشان قوڵی لێ هەڵدەماڵێت و لە بناری چیای گوندی "تاغ"ی نزیک لە نۆرشین مەدرەسەی نۆرشین بە بنیاتنان دەدات و باشترین شارەزایانی ئاینی و مەلاکانی ئەو سەردەمە لێی کۆ دەبنەوە.
یەکێک لەو کەسانە فەقێیەکی گەنج دەبێت بە ناوی مەلا محەمەد. ئەم مەلا محەمەدە جێگەی خۆی لە دڵی میر ئانێتە خانم و میر عەبدیدا دەکاتەوە و میر ئانێتە خانم لە ساڵانی دوایی تەمەنیدا وەسێت دەکات مەدرەسەی تاغ پشتاوپشت لەلایەن نەوەکانی مەلا محەمەدەوە بەڕێوە ببرێت. تەنانەت دەڵێت ئەگەر سەردەمێک هات و پیاویش لە بنەماڵەکەدا نەما، ئەوا دەبێت ژنێک لە نەوەی مەلا محەمەد مەدرەسەکە بەڕێوە ببات.
وەسێتەکەی میر ئانێتە خانم جێبەجێ کرا و مەلا محەمەد لە دوای خۆی مەدرەسەکەی بۆ شێخ عەبدولڕەحمانی تاغی (١٨٣١ - ١٨٨٦) کە دەکاتە کوڕە گەورەی کوڕی خۆی، بەجێهێشت.
شێخ عەبدولڕەحمانی تاغی باپیرە گەورەی شێخەکانی ئەمڕۆی نۆرشینە کە سەر بە تەریقەتی نەقشبەندین و تا ئەم سەردەمەیش سەروکاری مەدرەسەی تاغ ڕادەپەڕێنن. شێخ سەعیدی نورسی ماوەیەک لە مەدرەسەی تاغ خوێندوویەتی و یەکێک لە فەقێ و زانستخوازە دیار و بەناوبانگەکانی شێخ عەبدولڕەحمانی تاغی بووە.
سەرەنجام:
مەدرەسەی تاغ کە لەسەر دەستی خاتوو ئانێتە خانم بنیات نراوە، بە درێژایی دوو سەدەی ڕابردوو ناوەندێکی گرنگی بڵاوبوونەوەی زانستە ئاینی و زانستە باوەکانی تر بووە و هاوکات چ مەدرەسەکە خۆی و چ ئەو لق و پۆپانەی لە شوێنانی تر لێی بووەتەوە، ناوەندی زیندووڕاگرتن و گەشەسەندن و بڵاوبوونەوەی زمانی کوردی بووە.
ساڵی لەدایکبوونی میر ئانێتە خانم دیار نییە، بەڵام ساڵی ١٨٢١ی زایینی کۆچی دوایی کردووە.
من زۆر بە میر مەحموود خانی میری مکویس و میر ئانێتە خانی پووری سەرسامم. هەزاران دروود بۆ ڕوحی پاک و بێگەردیان.
سەرچاوە: لە ئینتەرنێت و لە کۆمەڵێک کتێبدا بە زمانەکانی کوردی/کرمانجی و تورکی بابەتی زۆر هەن.

Related Articles