نووسەرەناسراوەکان

پیانۆژەن لێڤی و پیری ئێزیدییان ... بەکر شوانی

{gallery}pyano{/gallery}
#موزیک_شوانی
سەد و حەفتا ساڵ لەمەوبەر ڕۆژنامەی ئەڵمانی "نۆیە بەرلینەر موزیک تسایتونگ" کە ڕۆژنامەیەکی تایبەت بە موزیک بووە، لە لاپەڕە ٣٩ی ژمارەی ڕۆژی ٣٠/١/١٨٥٠ دا (بڕوانە وێنەکان) نووسیوێتی ڕیزە کۆنسێرتەکانی ئۆرکێسترای زانکۆی پێتەرسبورگ بە سەرۆکایەتیی مایسترۆی کەمانچەژەن شوبێرت کە ڕۆژانی یەکشەمە پێشکەش دەکرێت، سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە و بوون بە مایەی ڕەزامەندیی ئامادەبووان. موزیکژەنەکانی ئۆرکێسترا کە لە هونەرمەندانی نەمسایی و ئەڵمانی و ڕووسیایی پێکهاتبوون، چاوەڕێی پیانۆژەنی نەمسایی لێڤی-یان کردووە بگەڕێتەوە و لەگەڵیان لە کۆنسێرتەکاندا بەشدار بێت. ڕیچارد لێڤی (١٨١٣-١٨٨٣) لەودەمەدا لەلایەن سوڵتانی ئەو سەردەمەی عوسمانییەوە بانگهێشت کرابوو بۆ سازکردنی ڕیزێک ئاهەنگی ژەنینی پیانۆ لە ئیستانبوڵ. ڕۆژنامەی ئاماژەبۆکراو بە بۆنەی سەرکەوتنی زنجیرە کۆنسێرتی ئۆرکێسترای زانکۆی پێتەرسبورگ و گەڕانەوەی پیانۆژەن لێڤی-یەوە دەنووسێت:
"پیانۆژەن لێڤی ماوەیەکی کەم لەمەوبەر لە ئیستانبوڵ گەڕایەوە. ئەو سەردانە هەلێکی زێڕین بوو بۆ ئەوەی لە کۆشکی سوڵتاندا هونەری خۆی نمایش بکات. سوڵتانی پایەبڵندیش خەڵاتی شادمانی و دیارییەکی موزیکی پێشکەشی بە میوانی خۆی کردووە کە لە ٤٠ میلۆدیی تورکی پێک هاتوون و خراونەتە سەر کاغەز. بەڵام بەئەگەری زۆر ئەوانە جگە لە موزیکی یەنیچەرە کە دنیا پڕ دەکەن لە تەق و تۆق، شتێکی تر نییە. وەلێ بەڕێز لێڤی لە سەروبەندی گەڕانەوەیدا لە ڕێگە پیرێکی ئێزیدی ناسیوە کە لە کوردستانەوە بۆ ئەو ناوە کۆچی کردووە و لێڤی لای ئەو پیرە کوردە گەوهەرێکی ڕاستەقینەی موزیکی دەست کەوتووە. لێڤی، میلۆدیی مەقامێک لە پیری ئێزیدی فێر بووە کە ئاوازەکەی کار لە دڵ دەکات. ئەم میلۆدییە زۆر جیاوازە لە میلۆدییەکانی تری ڕۆهەڵات و بەهۆی دەوڵەمەندییەوە باش دەگوترێت. میلۆدیی کوردی لە دێرینترین میلۆدییەکانی مرۆڤایەتییە کە تا ئەمڕۆ ماوەتەوەو بە ئێمە گەیشتووە."
سەدەی نۆزدەیەم سەردەمی دۆزینەوە و توێژینەوەی زمان و وێژەو موزیک و مێژوو و ئەتنۆلۆژیای کوردان بوو لەسەر دەستی ڕۆژهەڵاتناسانی ڕۆژئاوایی. سەرچاوە ڕۆژئاوایییەکان باس لە ڕەوشی گۆرانی و موزیکی کوردی لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمدا دەکەن و ڕاپۆرت و بۆچوونەکانیان شایەنی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی بەرفراوانن. شوێنەوارناس و زمانزانی ئینگلیز کلاودیۆس جەیمس ڕیچ (١٧٨٧-١٨٢١) ساڵی ١٨٢٠ لە سەردانیدا بۆ باشووری کوردستان، ژمارەیەکی زۆر موزیکژەن و گۆرانیبێژی کورد دەبینێت و گوێیان لێ دەگرێت. ڕیچ لە ناوچەی شێخان بە چاوی خۆی جوامێری و میوانپەروەریی کوردانی ئێزیدی دەبینێت و گوێ لە گۆرانی و موزیکیان دەگرێت و بە دەنگ و تەمبوورژەنینی هونەرمەندێکی ئێزدی زۆر سەرسام دەبێت. ڕیچ دەنووسێت کە ناوەڕۆکی گۆرانییەکە دەربارەی کچێکی زۆر شۆخ و شەنگی شەنگالی بووە کە لەلایەن حەسەن پاشای باوکی ئەحمەد پاشای ناوداری بەغداوە ڕفێندراوە. سترانبێژ لە هەمان دانیشتندا مەقامی کوشتنی هۆڤانەی حەسەن بەگی میری ئێزیدییانی شێخان دەچڕێت کە لەسەر دەستی زوبێر پاشای میری ئامێدی کوژراوە.
شوێنەوارناسی ناسراو ئاوستن هێنری لایارد (١٨١٧-١٨٩٤) لە کاتێکدا لە موسڵ سەرقاڵی کاری کنە و پشکنین دەبێت، شێخ ناسر ساڵی ١٨٤٩ بانگهێشتی دەکات بۆ بەشداربوون لە جەژنی گەورەی ئێزیدخان لە لالش. لایارد دەنووسێت کە بە ناو گوندی خاوێن و ڕێک و پێک و مرۆڤی ئارام و سەنگیندا گەیشتووەتە گوندی باعەدرێی زێدی شێخ ناسر و حوسێن بەگ. لایارد هەروەها دەنووسێت؛ لە شەنگالەوە بگرە تا دەگەیتە سنوورەکانی کافکاسیا، ژمارەیەکی زۆر ژن و پیاو ڕەشماڵ و شوێنەکانی نیشتەجێبوونی خۆیان بەجێ هێشتووە و هاتوون لە جەژنی گەورەی ئێزیدخاندا بەشدار بن. لە یەکەم ڕۆژی جەژندا ژنان و پیاوان جوانترین جلوبەرگیان پۆشیوە و ڕوویان لە گۆڕی شێخ ئادی کردووە. باشترین موزیکژەنەکانی ئێزیدخانیش بە دەم ژەنینی تەمبوور و بلوێرەوە لە پێشی خەڵکەکەوە ڕۆیشتوون. لایارد لە نووسینەکانیدا بە دوور و درێژی باسی موزیک و گۆرانیی کوردی دەکات و دەنووسێت لای ئێوارە نزیکەی ٥ هەزار کەس مەشخەڵی ئاگریان بەدەستەوە گرتووە و تیشکی ئاگر لە چەم و کانیاوەکاندا ڕەنگی داوەتەوە. بەشێک لە خەڵکەکەیش لەسەر سەربانی ماڵان دانیشتوون و سەیری ئاهەنگەکەیان کردووە و ئەوان و هەموو بەشدارانی تر تا دواساتەکانی شەو گوێیان لە گۆرانی و حەیران و میلۆدیی زەلال و بێگەردی کوردی گرتووە.
ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەو بیرەوەرییەکانی ڕۆژهەڵاتناسان دەربارەی گۆرانی و موزیکی کوردی لە زۆر ساڵنامە و ئەنسکلۆپیدیای ئەوروپیدا تۆمارکراون. لە ژمارەی ساڵی ١٨٣٧ی ساڵنامەی ئەدەبیاتی "یار بویشەر دێر لیتێراتور"ی ڤییەنادا هاتووە: "کورد میللەتێکی دڵخوازی موزیک و گۆرانین و بەزۆریش موزیکی ئەوان موزیکێکی خەمگینە. هەندێک لە گۆرانییەکانیان زۆر تایبەت و بەچێژن و هەندێکیشیان بە کۆرس یان بە دووقۆڵی دەگوترێن. ئاوازی بەیتەکانی شیرین و فەرهاد ئاوازی گۆرانیی تاسۆی بەلەموانەکانی ڤینیسیام بیردەخاتەوە." نەریتی گۆرانی چڕینی بەلەموانەکانی ڤینیسیا شوێنێکی تایبەتی لە مێژووی زانستی موزیکدا هەیە و بە تەرزێکی زۆر بەناوبانگی موزیکی باشووری ئەوروپا دادەنرێت.
ڕووەکناسی بەناوبانگی نەمسایی تیۆدۆر کۆجی (١٨١٣-١٨٦٦)، ساڵی ١٨٤١ بەمەبەستی کۆکردنەوەی هەندێک لە جۆرەکانی ڕووەک چووەتە ناوچەی گارای نزیک لە ئامێدی و لەوێ کەوتووەتە ئەڤینی گۆرانی و موزیکی کوردییەوە. کۆجی دەنووسێت: "هەرگیز کاریگەریی ئەو موزیک و گۆرانییە کوردییانە لەبیر ناکەم کە ساڵی ١٨٤١ لە ناوچەی گارای نزیک لە ئامێدی گوێم لێ گرتن. دواتر ٥ ساڵان لە ناو عەرەبدا مامەوە و هەرگیز گوێم لە میلۆدییەکی خاوێن نەبوو. من لەو چیایانەی گارا دوو کوڕم دۆزییەوە کە وەک دوو گۆرانیبێژی بەناوبانگ دەناسران. کاتێک لە چیا دەهاتینە خوارەوە، ئەم دوو گەنجە گۆرانییان دەگوت و ئاوازەکانیان لە دڵ و گیانەوە هەڵدەقوڵان. ئەم کوردانە کە زۆر کەس لێیان دەترسن، ئەگەر مرۆڤ بزانێت چۆن هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکات، بۆی دەردەکەوێت ئەوان لە ڕاستیدا مرۆڤی زۆر دڵپاک و میوانپەروەرن."
لەبەرئەوەی لەو سەدەمەدا لەمێژ بوو موزیک وەک زانستێکی سەربەخۆ پێشکەوتنی گەورەی بە خۆیەوە دیبوو، ڕۆژهەڵاتناسەکانی ئەوروپا کاتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوێیان لە گۆرانی و موزیکی کوردی و گەلانی تر گرتووە، بە گوێیەکی پاقژ و بە هەستێکی پەروەردەکراوی موزیکەوە گوێیان گرتووە و توانیویانە جیاوازیی نێوان موزیکی کوردی و گەلانی تر دەستنیشان بکەن. ئەوان لە گۆرانی و موزیکدا زیاتر سەرنجیان خستووەتە سەر خاوێنی و جدییەتی میلۆدی و ناوەڕۆک.
توێژەرانی ئەوروپایی زۆر وەسفی پێکەوە گونجانی ناوەڕۆک و میلۆدیی موزیک و گۆرانیی کوردییان کردووە، چونکە گۆرانی و بەیت تا خاوێنتر گوترابێت، ناوەڕۆکەکانیان بۆ ڕۆژهەڵاتناسانی کوردی نەزان دیارتر و ئاشکراتر بووە. خاڵێکی تری گرنگ ئەوەیە کورد لەپاڵ گۆرانیی ئەوین و خۆشەویستیدا بەشێکی زۆر لە ڕووداوە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانیشی لە قاڵبی بەیت و لاوکدا هۆنیوەتەوە و ئەم ئەزموونەیش لە هونەری موزیک و گۆرانیی کوردیدا لە قوڵایی مێژووەوە هەڵدەقوڵێت و بووە بە نەریتێکی فرە دەوڵەمەند.
 

Related Articles