نووسەرەناسراوەکان

کەر وەکو ئیلهامبەخشی ئەدیبان و هونەرمەندان ... بەکر شوانی

 

(٢٠١٢)

#کتێب_شوانی

#ئەدەبیات_شوانی

بەپێی کتێبی "مێژووی سرووشتیی ئاژەڵە ماڵییەکان" لە نووسینی کلۆتۆن برۆک، 12 هەزار ساڵ لەمەوبەر کەر لە سۆمال و هەرێمی نۆبەی سوودان پەروەردە و ماڵی کراوە. هەمان سەرچاوە دەڵێت ڕەچەڵەکی باپیرە گەورەی هەموو کەرانی جیهان دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی نۆبەی سوودان و لە ماوەی 1800 ساڵی پێش زایینیشدا قۆناخ بە قۆناخ گەیشتووەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەو حسێبە بێت، نزیکەی 4 هەزار ساڵە کوردیش ئاشنای کەر بووە و بەخێوی کردووە و دەکات. کەر بەهۆی ئەوەی بە ئەندازەی 20-30% کێشی خۆی بار هەڵدەگرێت، لە میسری کۆن و یۆنان و لای ڕۆمانییەکان لەپاڵ ئەسپدا گرنگترین هۆکاری گواستنەوە بووە و لەبەرئەوەی ئاژەڵێکی گوێڕایەڵ و پشوودرێژە، لە شارستانییەتە کۆنەکاندا بایەخی زۆری پێدراوە و وەک بوونەوەرێکی پیرۆز تەماشا کراوە. بۆ نموونە، لە یۆنانی کۆندا ناوی لەگەڵ ناوی دیۆنیسۆسی خواوەندی شەرابدا هاتووە. ڕۆمەکانیش ڕێزی زۆریان لە کەر گرتووە و لە سۆنگەی ئەو ڕێزەوە لە سرووتەکانی خۆپاککردنەوە لە گوناهدا بەکاریان هێناوە. کەر لە فراوانترین دەروازەوە چووەتە ئەدەب و هونەر و کولتووریشەوە و بەدرێژایی مێژووی ژیانی لەگەڵ مرۆڤدا، سەرچاوەی بزواندنی هەستی داهێنان و ئافراندنی ئەدیبان و هونەرمەندان بووە. کۆنترین ڕۆمانی مێژووی کۆن کە بەتەواوی و بێ کەموکورتی بۆ مرۆڤایەتی ماوەتەوە، ڕۆمانی "کەری زێڕین"ی نووسەر و فەیلەسوفی لاتینی-ئەمازیغی لۆکیۆس ئاپولایوسە کە لە ساڵانی 125-180 پ. ز. ژیاوە. لە ئەدەبیاتی هاوچەرخی جیهانیشدا جۆرج ئۆرێل لە ڕۆمانی "باخچەی ئاژەڵان"دا پلە و پایەکی بەرزی بە کاراکتەری کەرێک بەناوی بنیامین بەخشیوە. لە ئەدەبیاتی کلاسیکیی خۆمانیشدا دەکرێت شیعرەکەی نالی لە وەسفی کەرەکەیدا بە ترۆپکی وەفاداریی مرۆڤ بەرامبەر بە کەر دابنرێت.

هەی کەرێکم بوو، چ پەیکەر؟ تەیکەری هەوراز و لێژ

سینە پان و مووچە کورت و شانە بەرز و گوێ درێژ

. . . .

چەندە پێم خۆش بوو، زوبانی حاڵی دەیوت نالیا

هەردوو حەیوانین، ئەتۆ گوێ کورت و ئەمنیش گوێ درێژ

پێش ئەو شیعرەی نالی هیچ بەڵگەیەکی تۆمارکراو نییە سەبارەت بە ئاوڕدانەوەی مرۆڤی کورد لە کەر وەک ئاژەڵێکی خزمەتگوزار و بێوەی. لە دوای شیعرەکەی نالی-شەوە دەکرێت "پەی. . . کەر"ەکەی زیرەک میرە بە ترۆپکی ڕەنگدانەوەی کەر لە هونەری هاوچەرخی کوردیدا دابنرێت. بەڵام پێدەچێت سەرباری 4000 هەزار پێکەوە ژیان هێشتا لەناو کورددا مرۆگەلێک هەبن نەک خۆیان ڕێز لە ئەرک و ماندبوونی کەر ناگرن، بگرە لە کەسانی تریشی قەدەغە دەکەن و دوور نییە هەر ئەوەش هۆکاری شکاندنی "پەی. . . کەر" بێت. ئەو پەیکەرە کارێکی هێندە ناوازە و سەرنجڕاکێش بوو بەجۆرێک هەواڵی پەردە لەسەرلادان و دواتریش هەواڵی شکاندنی، لە میدیاکانی جیهاندا دەنگی دایەوە.

دیارە نموونەکانی بەکارهێنانی کەر لە ئەدەب و هونەردا لەسەر ئاستی جیهان گەلێک زۆرن و شتێکی باش دەبێت ئەگەر ئاماژە بۆ دوو نموونە بکەین.

کەری بیرە

"کەری بیرە" یەکێک لە ڕێستۆرانتە هەرە مێژوویی و ناسراوەکانی شاری کۆڵنە لە ئەڵمانیا و مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵی 1297 زاینی. کاتێک لە مەیدانی فریزنپلاتسەوە ڕوو لە شەقامی "برایتەشتراسە" دەکەیت، لە سەرەتای ئەو شەقامەدا و بەسەر دەروازەی ڕێستۆرانتی "کەری بیرە"وە پەیکەری کەرێک دەبینیت بە چۆکدا هاتووە و خەریکە دەم بۆ لێوانێک بیرە دەبات. وەک لە ماڵپەڕی تایبەت بە ڕێستۆرانتی "کەری بیرە"دا هاتووە، تا ساڵی 1873 لەو شوێنە بیرەیش بەرهەم هێندراوە و کەر وەک ئامرازی گواستنەوە بۆ دابەشکردنی بیرە بەسەر ڕێستۆرانت و بیرەخانەکانی شاردا بەکارهێندراوە. دامەزرێنەرانی سەرەتایی ئەو ڕێستۆرانتە لەبەرئەوەی لەو ڕێیەوە سامانێکی زۆریان پێکەوە ناوە و لە ژیاندا سەرکەوتوو بوون، ناوی کەریان لە ڕیستۆرانتەکەیان ناوە، ئەویش بەمەبەستی ئەوەی بە نەوەکانی داهاتوو بڵێن کەر ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە دەوڵەمەندی و خۆشگوزەرانیی ئەواندا. ڕێستۆرانتی "کەری بیرە" یەکێک لە مارکەکانی شارە و پەیکەری کەرەکە و باڵەخانەی ڕێستۆرانتەکەیش لە خانەی پاشماوە مێژوویی و کولتوورییەکانی شاردا تۆمار کراون. لیستی خواردنەکانی ئەو ڕێستۆرانتە درێژە و جۆرەکانیش بەتام و چێژن، بەڵام خواردنی سەرەکیی ئەوان بریتییە لە گوێچکەماسی و ئەوەی جارێک لەوێ تاقی بکاتەوە، لە هیچ شوێنێکی دی دەمی بۆ نابات. ئەویش بەمەرجێک ئەگەر مرۆڤ بەختەوەر بێت و پێشوەخت جێگە بگرێت، چونکە "کەری بیرە" لەو ڕێستۆرانتانە نییە کە مرۆڤ بێ ژووانی پێشوەخت سەری پێدا بکات.

کەرەکانی کوێنیگسڤینتەر

ناوچەی کوێنیگسڤینتەر یەکێک لە ناوچەکانی "زیبنگەبیرگە"یە کە بە کوردی واتای (حەوت شاخ) دەگەیەنێت" و کەوتووەتە سەر کەناری ڕووباری ڕاین لە باشووی شاری کۆڵن. ئەو ناوچەیە بە هۆی سرووشتی جوان و ڕێگەی پێچاوپێچی ناو شاخەکانەوە شوێنی گەشتوگوزار و شاخ گەڕانە. قۆپی "دراخنفێلس" کە پاشماوەی قەڵایەکی مێژوویی بەسەرەوەیە، ڕاستەوخۆ دەکەوێتە پشت کوێنیگسڤینتەرەوە و مرۆڤ بە هەوازێکی سەختدا بۆی سەردەکەوێت. لەبەرئەوەی تا کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم مرۆڤ بەزۆری بە سواری کەر و تا ڕادەیەکیش بە ئەسپ بەو ڕێگەیەدا بەرەو لووتکە سەرکەوتووە، ڕێگەکە بە "شەقامی کەر" ناودەبرێت. لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە هێڵی ئاسن بۆ سەرکەوتن بۆ سەر ئەو شاخە دانراوە و کەر و ئەسپ ئەو ئەرکە قورسەیان لە کۆڵ بووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا لە وەرزی هاویندا بەردەوام 10-12 کەر بە بە بەشێکی کورتی ئەو ڕێگەیەدا هاتوچۆ دەکەن، بەڵام خاوەنەکانیان بۆیان هەیە تەنیا منداڵی بچووکیان لێ سوار بکەن، چونکە بەپێی یاسای پاراستنی مافەکانی ئاژەڵ، لە ئەڵمانیا ڕێ بە مرۆڤی پێگەیشتوو نادرێت بە سواری کەر بە هەورازدا سەربکەوێت. دانیشتووانی کوێنگسڤینتەر و دەوروبەری لە سەرەتای ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابردوودا هاتنە سەر ئەو باوەڕەی بە دروستکردنی پەیکەرێک وەفادارییەک بەرامبەر بە خزمەتی سەدان ساڵەی کەر بنوێنن. دواجار لە ناو خەڵکدا پیتاک کۆ کرایەوە و هونەرمەندی پەیکەرسازی ئەڵمان ئێرنەمان ساندەر (١٩٢٥ - ٢٠٢٠) پەیکەرێکی لە برۆنز بۆ جووتێک کەر دروست کرد و ساڵی 1984 لەسەر دەسپێکی "شەقامی کەر" لە کەناری ڕووباری ڕاین پەردەی لەسەر لادرا و ناوی لێنرا "کانیی کەران". چ ئەم پەیکەرە و چ پەیکەری ڕێستۆرانتی "بیرەی کەر" و هەزاران پەیکەری تری کەر لە ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەوروپا مایەی شانازیی دانیشتووانن و بەردەوام لەلایەن شارەوانییەکانەوە خزمەت دەکرێن.

{gallery}ker{/gallery}

 

Related Articles