بەیادی فەرهادی کۆڵبەر... ئێوەی گیانبەختکردووانی ڕێگەی خەبات لەپێناو پارووە نانێ هەردەم لە یادمانن.
فەرهادی سەدەی دیگیتاڵم
بست بە بستی دەشت و بانان تەی دەکەم
بەدووی بوونی خۆمدا وێڵم
شیرینی من پارووە نانێکە و
لە قوڕگی شێردایە
بە کێواندا هەڵدەزنێم
تۆشەبەرەم خەم و ژانە
باری کۆڵم
لە عەرشی خوا قورسترە
کڕێوەیە و بەفرانبارە
نەئەشکەوتێ نەپەنایەک
نەئەستێرەیەکی دەستکرد
لەم هەڵەموتەم دەرباز دەکەن
شەو شەو نییە
تارمایی مەرگە و دەرگەی ژیانی لێ گرتووم
فەرهادی سەدەی دیگیتاڵم
وەلێ چاوی گشت تەکنۆلۆژیای دنیا
بوونی منی ئینسان و
ڕێگەی ماڵی هەژارانیان لێ پەنهانە...
ڕووناک شوانی
2019/12/22