
ئازادی هەمیشە لێو بەخەندە ئەم ووتەیەی چارلی چاپلنی لەسەر فەیس بوکەکەی خۆی دانابوو "ژیانم کێشەی زۆری تێدایە بەڵام لێوەکانم پێی نازانن. هەمیشە بەخەندەن". ئەمە کەسایەتی ئازاد ئەحمەد بوو. کەسایەتیەکی لێوانلێو لە شادی ژیان و دڵسۆز و ماندونەناس بۆ ئینسانیەت و باوەڕێکی پتەو بەیەکسانی و کۆمۆنیزم. ئازاو جەسور لە مەیدانی ناڕەزایەتی جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخوازی ڕانیەدا.
لەگەڵ کەوتنی ئازاد دا ئەستێرەیەکی گەش کە ئومێدی ژیانێکی باشترمان پێدەبەخشێ لە ئاسمانی ڕۆحماندا دەکوژێتەوە. گوڵێکی سەرشار لە خۆشەویستی ئینسان لەباخی ژیانماندا هەڵدەوەرێ. هاوڕێیەکی هەمیشە فیداکارت کە وزەی خەباتی لێوەردگری لە سەنگەردا شوێنەکەی خاڵی دەبێ.
ئەمانە هەستی هەر هاوڕێیەکی ئازادە کە لەم بیست ساڵەدا ئەوی ناسیبێ. قورسایی ئەم مەرگەی ئازاد مەگەر زیندویەتی ڕۆحی مرۆڤدۆستی و کۆمۆنیستی ئەو سەبوری بە ئێمە بدات. ئای کە خەمێکی گەورە و خەسارەتێکی گەورەیە ئینسانی گەورە و خۆشەویستی وەک ئازاد لە ژیاندا نەبینین. ئەمڕۆ هەموو بەشداری ئەم خەمە گەورەی ساکار گیان و [ژیلاو ئارین] ی ئازادین و لەگەڵ دایک و خوشک و براکانی ئازاد یەک خانەوادەی گەورەی خەمین کە خەندەکانی ئازادمان هەر لەسەر لێوە هەرچەند دڵمان پڕ ئازار بێ، ئەمە پەیامی وەفاداریمانە بەژیانێک کە ئازاد چرایەکی ئومێد و ئایکۆنێکی باوەڕ بوون بەباشترکردنی بوو.
ئاسۆ کمال
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
