ئایا گەڕانەوەی ئایدیا گەورەکان مومکینە! ... ئاسۆ کمال

هەموو شتێک بەرەو باشتر دەڕوا لەم دنیایەدا کە باشترینە لە نێو دنیا مومکینەکاندا "ڤۆڵتێر"

بە هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتی هێزی کار بۆ سەرمایە، کۆمەڵگە دەتوانێ لەسەر ئاڵاکەی دروشمی "لەهەر کەس بەپێی تواناکانی، بۆهەرکەس بەپێی پێویستیەکانی" بنوسێ. "مارکس"

دوو شۆڕش و دوو جەنگی جیهانی کە مێژوویان گۆڕێ

شۆڕشی فەرەنسی سەدەی هەژدە ئایدیای ئازادی ئینسانی وەک تۆپێک بەگوێی کۆمەڵگەی بەشەریدا تەقاندەوە، کە لە ڕینیسانسەوە ڕۆشنگەران کەرەسە فکری و فەلسەفیەکانیان ئامادەدەکرد. شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیە لەسەدەی بیستدا دنیای بە ئایدیای یەکسانی ئینسانەکان هەژاند، کە لە سەدەیەک پێشترەوە بزوتنەوە و شۆڕشە کرێکاریەکان ئاڵای خەبات بۆ جیهانێکی نوێیان دژی سیستەمی چەوسێنەری سەرمایەداری بەرزکردبۆوە. ئەمانە ئومید وئایدیایەکی گەورە بوون کە مێژووی تازەی مرۆڤ لە سەدەی نۆزدە و بیستدا بەمانە دەستی پێ کرد. بەڵام سەدەی بیست و یەک لە غیابی ئەم ئایدیا و ئامانجە گەورە ئینسانیانەدا لەسەدەی بێدەنگی دەچێ.

ئەم دوو پەیامەی ئازادی و یەکسانی لە سەرەتای ئەم قۆناغە سیاسی و ئابوریەی دنیای سەرمایەداری تێی کەوتبوو ئایدیا و ئومێد و ئەخلاق و پەروەردەیەکی ئینسانی گەورەی هێنا و بۆیەکەم جار لەمێژوودا مێژووی ئینسانیەت و مێژووی ڕیزگرتنی ئینسان لە مافەکانی خۆی دەستی پێکرد و قۆناغی تاریکی بێ ئاگایی لە ئازادی و یەکسانی ڕەویەوە. لیبرالیزم دوای شۆڕشی فەرەنسە و کۆمۆنیزم دوای کۆمۆنەی پاریس و ئۆکتۆبەر وەک دوو ئایدیا و مۆدێل کە باس لە ئازادی و یەکسانی سیاسی و ئابوریان دەکرد کەوتنە پێشبڕکێەکی مێژوویی. مێژووی دوو سەدەی ڕابردوو مێژووی کاریگەری ئەم دوو بزوتنەوەیە لیبرالی و کۆمۆنیستیە و چارەنوسی کۆمەڵگەی بەشەری بە چارەنوسی ئەم دوو بزوتنەوەیەوە گرێدرا.

لە سەرەتای سیەکانی سەدەی بیستەوە کە سیستەمی سەرمایەداری دەرگیری ئەزمەیەکی مەزنی ئابوری بوو. لیبرالیزم وەک سەرچاوەی ئیلهامی دیموکراسی و بازاڕی سەرمایە هەرەسی هێنا. بەرگی ئەم داڕمانە ئابوریە هەموو پیرۆزیەکی لە بەری مۆدێلی بازاڕی ئازاد داماڵی و یەکێک لە ئاکامەکانی سەر هەڵدانی فاشیزم و نازیزم لە نێوبازاڕی سیاسەت و مۆدیلی دەسەڵاتدا بوو. کۆنترۆلی بازاڕ و سیاسەت لەلایەن دەوڵەتەوە بونە سیمای دیاری سیستەمی سەرمایەداری و ئایدیا گەورەکانی ئازادی لە سایەی دوو جەنگی جیهانیدا ئاوابوو.

کۆمۆنیزمیش کە خاوەن پەیامی شۆڕشێکی جیهانی بوو، لە ئۆکتۆبەری ١٩١٧ ڕوسیای کردە مۆدیلی کۆمەڵگەیەکی جیاواز لەسەرمایەداری بازاڕی ئازاد و دەسەڵاتێکی کرێکاری دامەزراند. بەڵام هەروەک شۆڕشی فەرەنسە لە بەدیهێنانی ئازادیدا شکستی هێنا ئەمیش لە بەدیهێنانی ئایدیا و مۆدێلی یەکسانیدا شکستی هێنا. سۆڤیەت لە جیاتی دامەزراندنی مۆدێلێکی ئابوری سۆشیالیستی کە کۆتایی بە کاری بەکرێ بهێنێ و یەکسانی ئابوری بەپێی یاسای کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی "لەهەر کەس بەپێی توانای و بۆ هەرکەس بەپێی پێویستی" بەدیبێنێ، سەرمایەداریەکی دەوڵەتی لە ڕوسیادا هێنایەسەرکار کە دڕندەیی چەوسانەوەی هێزی کار هیچی کەمتر نەبوو لە بازاڕی ئازادی سەرمایە. هاوکات دەوڵەتی دیکتاتۆری حزبی جێگای دەوڵەتی کرێکاری و مۆدێلی خۆبەڕێوەبردنی شورایی کرێکاری و جەماوەری گرتەوە . ناسیونالیزمی ڕوسی بوە سیاسەتی قوتبێک کە هێشتا بەهەڵە لەوحەی ئەنتەرناسیونالی کۆمۆنیستی لەدەرگای کۆمینترن هەڵواسیبوو. ئەم کۆمۆنیزمە بورژوازیە هاوشانی دیموکراسی پەرلەمانی بورژوازی باڵێکی شەڕی جیهانی دووەم بوون. ئەگەر قێزەونی و وەحشیەتی ئوردوگای فاشی و نازی ڕەقیبیان نەبوایە کۆمەڵگەی بەشەری مەعلوم نەبوو چۆن قەناعەتی دەکرد لە دوای جەنگی جیهانی دووەم ئەمانە وەک مۆدێلی سەرکەوتوی سیاسی و ئابوری قبوڵ بکا.

 کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەدوای ئومێد و گەشبینیەک کە لەڕێنیسانسەوە تا شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەهەڵکشانا بوو لە جەنگی جیهانی دووەمدا ئیتر خۆری ئازادی و یەکسانی تێدا ئاوا بو. ئەم جەنگە پاشەکشەی گەورە بوو بە ئایدیا گەورەکانی ئازادی و یەکسانی . داڕمانێکی فکری و سیاسی کە جەنگی جیهانی دوەم و ئەزمەی ئابوری خولقاندی ڕێگای بە هەر دوو قوتبی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای بورژوازیدا کە کۆمەڵگەی بەشەری لە جەنگێکی ئایدیۆلۆژی و سیاسی "سارد"دا لەقاڵب بداو دنیا و بازاڕ و دەسەڵاتی تیایدا دابەش بکا. ناساندنی خواستی ئازادی فەردی و سیاسی لەلایەن سۆڤیەتەوە بە ناوی پرەنسیپی سەرمایەداری و باسکردنی ئایدیا یەکسانیخوازی بە پیلانی شەیتانی سووری کومۆنیزم لەلایەن ئەمریکا و ناتۆوە وەسیلەیەکی کارا بوو بەدەستی ئەم دوو قوتبە بورژوازیەوە تا ئایدیا ئازادی و یەکسانی و ڕەخنەی ڕادیکال لەسیستەمی سەرمایەداری، چ دەوڵەتی و چ بازاڕی ئازاد، لەبیر کۆمەڵگەی ئینسانی بەرنەوە. لەجێگای ئەم خواستە ڕۆشنانەی ئینسان بۆ ڕزگاری و گەشەکردن، بێباوەڕی و بەسوک سەیر کردنی ئایدیا گەورەکان و گومان لە تواناکانی ئینسان برەوی پەیداکرد لەچەشنی پۆست مۆدێرنیزم.

لیبرالیزمی نوێ و ترسی گەڕانەوەی تارماییە سورەکە

کۆتایی سەدەی بیست کۆتایی جەنگی سارد بوو کە جەنگی سێهەمی جیهانی سەرمایەداری بوو و قوتبی سەرکەوتووی ڕۆژئاوا بەسەرکردایەتی ئەمریکا نیزامی نوێی جیهانی لە چوارچێوە و مۆدێلی لیبرالیزمی نوێی کۆنەپارێزدا ئارایش دایەوە. نیزامێک کە لەژێر دروشمی دیموکراتی و مافی مرۆڤ و کۆتایی دیکتاتۆریەتەکان خۆی ناساند. بەڵام نمونەکانی ئەم دیموکراسی پەرلەمانی کۆتایی سەدەی بیست شێوازی کۆمیدی و گاڵتەجاڕی بەخۆیەوە گرت، وەک دیموکراسی تایفی و مەزهەبی و قەومی وەک عێراق . دیموکراسی عەسکەری وەک میسر . دیموکراسی ئۆتۆکراتی وەک کوردستان. بۆ دەستکەوتەکانی بواری مافی مرۆڤیش ئەوەندە بەسە سەیری میدیا و ڕاپۆرتەکانی ئەمنستی ئەنتەرناشنال و هیومان ڕایت وەچ بکەی تا لەسەر کوشتاری سوپای ئەمریکی لە عێراق و ئەفغانستان خەبەرت هەبێت. کۆتایی دیکتاتۆریەکانیش تەنیا شمولی دیکتاتۆرە نەیارەکانی ئەمریکای کرد. ئەگەر ئاکامی شەڕەکانی دوو دەیەی ڕابردووی سەرکەوتنی ئەمریکا لە جیهاندا سەیربکەین دەزانین چ نائارامی و توندوتیژیەک و بەرەو دواگەڕانەوەیەکی فکری و ئەخلاقی لەگەڵ خۆی هێنا. ئەم مۆدێلی لیبرالیزمە نوێ یە و بەرنامەی حزبە پارێزگارە تازەکانی ڕۆژئاوا هەموو ئەو نەرمیەی بەرنامەی کینزی وەلا نا کە دوای جەنگی جیهانی دووەم لە کاتی گەشەی زێڕیندا بۆ گێڕانەوەی ئیعتبار بۆ بازاڕ و دەسەڵاتی سەرمایە و لە ڕەقابەت لەگەڵ بلۆکی سۆڤیەتدا ملیان پێ دابوو.

ئەم لیبرالیزمە نوێیە ئێستا "ئۆباما" بە سۆشیالیست ناو دەبا لەبەرئەوەی باسی بیمەی تەندروستی لە دەوڵەمەندترین دەوڵەتی دنیادا دەکا. "کامیرۆن" بە " میلیباند"ی حزبی کریکاران دەڵێ "بەرنامەی ٢ساڵ تەجمیدکردنی چونەسەری نرخی ووزەت، لە کتێبی "کاپیتاڵ"ی مارکسەوە وەرگرتوە و بە کۆمۆنیست تاوانباری دەکا. ئەم شان خاڵیکردنەوەیەی دەوڵەتی دیموکراسی لە بیمە کۆمەڵایەتیەکان و ناوبردنی دەوڵەتی خۆشگوزەران بە "ماڵی نەنە گەورە کە ئیتر کاتی بەسەر چوە"، ڕاستی ئەوەمان دەخاتە بەرچاو کە ئایدیا گەورەکانی ئازادی و یەکسانی لە سایەی سەدەی سێهەمی سەرمایەداریدا شارەزایانە و بەبەرنامە چ هێرشێکی گەورەی کراوەتە سەر و چۆن بەرهەمی شۆڕشەکانی فەرەنسە و ڕوسیا وخەباتی دوو سەدەی کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراو دەسڕنەوە. پاشەکشە بەم ئومێد و ئاواتە گەورانەی ئینسان لەژیانێکی ئازاد و یەکسان کراوەتە فکر و ئایدیۆلۆژیای زاڵی کۆمەڵگە، بەشێوەیەک بیر کردنەوەی جارێکی تر لەم مافە گشتی و جیهانداگرانە بە سیستەمی تۆتالیتار و لێسەندنی مافی فەردی و بەزاندنی سنوری دین و فەرهەنگە خۆماڵی و لۆکاڵیەکان دەناسێنێت.

ڕەخنەیەک کە پۆست مۆدێرنیزم لە دیکتاتۆریەتی ئایدیا گەورەکانی دەگرێ کە گوایە خەونە بچوکەکان سەرکوت دەکا . لەئێستادا لەوەدا خزمەتێکی گەورەی کرد بەم لیبرالیزمە نوێ یە کە خوازیاری پوکانەوەی ئایدیا گەورەکانی ڕزگاری ئینسانە. ئەم بۆچونەی گومان لە خواستی ئازادی و یەکسانی ئینسانیەت بۆ ڕزگاربون لەم سیستەمە ئابوری و سیاسیەی ئێستای سەرمایەداری دەکا، هەوڵی داپاچینی جەستەی ئەم خواستە جیهانگیرەی ئینسان دەکا لەسەر تەختەی پێوەری پۆست مۆدێرنی خۆی . ڕەخنە گرتن لە سەرکوتی ئازادیە فەردی و مەدەنیەکان و سەپاندنی سیستەمی پۆلیسی کۆنترۆڵی دەوڵەت بۆ ئازادیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان و قۆرخکردنی هەموو جومگەکانی دەسەڵات و ژیانی سیاسی و ئابوری لەلایەن حزبێکی سیاسی یەوە، وە ڕەخنە لەسیستەمێکی بیروکراتی ئیداری حزبی و دروستکردنی عیبادەتی فەردی، پێویستە خواستی شۆڕش بۆ گۆڕینی ئەم سیستەمە بە سیستەمێکی ئینسانی گوزراشت لێ بکا. پێویستە ئازادی و یەکسانی تاکەکان لە ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا بنەمای بەدیهێنانی سیستەمێکی ئابوری و سیاسی جیاواز بێت لە سیستەمی موڵکایەتی دەسەڵات و سامان لەلایەن کەمینەیەکی کۆمەڵگەوە. پۆست مۆدێرنیزم بەڕەخنە لەتۆتالیتاریزم ناگاتە ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی کەمینە بەڵکو هەمان کۆنترۆڵی ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی لەلایەن دەزگا هەڵبژێردراوەکانی کەمینەوە بەدەست لێنەدراوی دەهێڵێتەوە. لیبرالیزمی نوێ لە بناغەدا خاوەنی ئەم ئایدیۆلۆژیە پۆست مۆدێرنیزمەیە کە تاک مل کەچ پێ دەکا لەبەرامبەر دەسەڵاتدارێتی کەمینەی بورژوازی ئێستادا بەڵام لەژێر ناوی پاراستنی ئازادی و سنوری فەرد لەدەست زۆرداری دەسەڵاتی زۆرینە . ئەم فەلسەفەیەی لیبرالیزمی نوێ هەموو چەکێکی شۆڕش کردن لەدەست تاکی چەوساوەی ژێرسایەی بازاڕی ئازاد دادەماڵێ و فۆبیای خەونی ڕزگاری ئینسان و گێڕانەوەی ئومێد بە ئازادی و یەکسانی دەکاتە بنەمای کاری ئەو میدیایەی ئێستا جێگای کەنیسە و مزگەوتی گرتۆتەوە بۆ دانانی سنورەکانی بیرکردنەوە و ڕاستکردنەوەی هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی کۆیلەکانی ئەم نیزامەی ئێستا.

ئایدیا گەورەکانی ئازادی و یەکسانی کە کۆمەڵگەی بەشەریان گەیاندۆتە ئەم ئاستەی ئێستای لە ناسین و ڕێزدانان بۆ ئینسانیەت و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە قۆناغی بەجێهێشتنی بەربەریەتی شەڕ و کوشتن و کۆیلایەتی کار و سوکایەتی و پلەدوویی و هەژاری، بەرهەمی ڕەخنەگرتن لە بیروباوەڕی باو و دەسەڵاتدار بوە. هەربۆیە گێڕانەوەی ئیعتبار بۆ ئەم ئایدیا گەورانە، کەهێشتا کۆمەڵگەی بەشەری نیازی گەورەی بەبەدیهێنانیانە، پێویستی بەڕەخنەگریەکی بێ بەزەییانەی ئەو هێرشە فکری وسیاسی و ئایدیلۆژیانەیە کە لەسەدەیەکدا و لەژێرزەبری سێ جەنگی جیهانیدا بەسەر ئینساندا سەپێنراوە.

شۆڕشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خۆپیشاندانەکانی دژی کاپیتالیستی و دژی دەسەڵاتی بانکەکان لەڕۆژئاوا نیشانەکانی سەرەتایەکی تازە لە ڕەخنە و شۆڕشێکی جەماوەریە لەدژی نەبونی ئازادی و یەکسانی لە جیهاندا. شۆڕشی میسر و تونس بۆ ئازادی و خۆپیشاندانەکانی یۆنان و ئیسپانیا و فەرەنسە بۆ یەکسانی سەرهەڵدانەوەی ئومێد و درێژەپێدان بە خەبات بۆ گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی نمایش دەکەن. بەڵام هەرچۆن شۆڕشی فەرەنسە و ئۆکتۆبەر ئومێدە گەورەکانیان لەگەڵ ڕەخنەگری گەورە و ڕیشەیی لەسەرتاپای ئەم سیستەمی چەوسانەوەیەی ئینسان لەدایک بوو، کۆمەڵگەی بەشەری ئیستا پێویستی بەڕەخنەگریەکی ڕیشەیی و سەرتاپاگیرە لە هەموو پایەکانی فکر و بەرنامەی دەسەڵاتداری ئەمڕۆ. لابردنی دەسەڵاتی ئیخوان موسلمین لەماوەی ساڵێکدا و دوای ئەوەی لە ڕێگەی دیموکراسی پەرلەمانیەوە بەرنامەی کوشتنی ئازادی هەبوو، ئاماژەیەک بۆ وجودی "بالقوە" ی ئەم ڕەخنە ڕادیکاڵەی جەماوەری ئازادیخواز دەکا. لە کوردستان هێشتا ئەم ڕادیکالیزمە بەم هێزەوە دەرنەکەوتوە و سەرباری ڕێگریەکانی دەسەڵات بزوتنەوەی گۆڕانیش بوەتە یەکێک لە ڕێگریەکانی بەردەم ئەم ڕادیکاڵ بونەوەیەی ڕەخنە لەئیسلامی سیاسی و پارێزگاری کردن لە کۆنەپارێزی ئیسلامی بۆ مەرامی سیاسی و سود وەرگرتن لێی دژ بە دەرچونی ناڕەزایەتیەکان لە فەلەکی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە پارتی و ئاڵوگۆڕ لە سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆپارێز و نائازاددا.

سەدەی بیست و یەک لەبەردەم ژانێکی گەورەی تری بەدیهاتنی خەون و خواستی گەورەی ئازادی و یەکسانی ئینساندایە. ئەوەی ئەم ژانە دەکاتە لەدایک بونێکی نوێی ڕەخنەگریە لە هەرچی موقەدەساتێکی دینی و سیاسی و کەلتوری کە کۆیلایەتی ئینسان دەپارێزێ. هیچ بیانو و تەبریرێکی تیوری نابێ لەبەردەم ڕەخنەی ڕیشەیی و ڕادیکال لە مومکین نەبوونی ڕزگاربونی ئینسان لەدەست سیستەمێکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی کە زادەی دەستی ئینسان خۆیەتی بتوانێ خۆی ڕاگرێ. ئەو ئینسانەی توانی تیۆریەکانی سوڕانەوەی خۆر بەدەوری زەوی و دەسەڵاتی نوێنەرایەتی خوا لەلایەن کەنیسەوە لە کار بخا، وە توانی لە یاسای کۆیلایەتی بەرهەمهێنانی سوود بۆ کەمایتیەک و پیرۆزی موڵکایەتی سەرمایەداران هەڵگەڕێتەوە، دەتوانێ لە تەجروبەی دوو سەدەی ڕابردوو دەرسی ئەوە وەرگرێ کە هەر مۆدێل و فکر و بەرنامەیەک کە بە خواستی ئازادی و یەکسانی ڕاستەقینەی نەگەیاندوە بخاتە پاڵ ئەو ناپیرۆزیانەی تر کە شوێنیان مۆزەخانەی خورافاتی مێژووی پێش لەدایک بوونی کۆمەڵگەیەکی ئینسانی ئازاد و یەکسانە. کاتێک ئەو ڕەخنەیەی مارکس لە کار توانرا دنیای ئێستا بخاتەوە سەرپێی خۆی و کاری ئینسان لە کۆیلایەتی بۆ کرێ و سەرمایەوە گۆڕدرا بۆ پێداویستی باشترکردنی ژیانی هەموان، ئەوکات ئەو دنیایەی ڤۆڵتێر دێتەدی کە هەموو شتێک تیایدا بەرەو باشتر و بوژانەوەی ئینسان و ئازادی ڕەهای سیاسی و ئابوری لە دەست زوڵمی کەمینە و زۆرینە دەڕوا. ئەمە کارێکە کە لەگرەوی ڕەخنە و پراتیکی شۆڕشگێڕانەدایە و قەدەر نیە. سەرمایە لە هەفتاکانی سەدەی ڕابردوەوە "دەیەکانی ئەزمە" ی تێدەپەڕێنێ و لەئەزمەی ئەمجارەی بانکەکاندا وێنەی تارماییە سورەکەی کتێبی "سەرمایە" ترسی گەڕانەوەی ئەم جۆرە ڕەخنە ڕیشەیی و سەرتاپاگیرەی ژیاندۆتەوە.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.