دەبێت کوردەکان یەکبگرن (دکتۆر مۆرداخای زاکین) ... وەرگێڕانی: مستەفا چوارتایی

دەبێت کوردەکان یەکبگرن (دکتۆر مۆرداخای زاکین) ... وەرگێڕانی: مستەفا چوارتایی

نزیکی سی ساڵ دەبێت بەسەر دەستپێکردنم بە توێژینەوە لەبارەی گەلی کوردەوە و، دانیشتوانی کورستان لە جوولەکە و مەسیحیی و موسوڵمان. لەڕووی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ئاڵوگۆڕی پەیوەندیی ئەوان لەنێوان خۆیاندا و هەروەها پەیوەندییان بە رژێمەکانی(عەرەب، تورك، فارس. )ەوە. تێزی دکتۆراکەشم(زانکۆی عیبریی- 2004) لەسەر بەراوردکردنی نێوان جوولەکە و ئاشوورییەکانی کوردستان، بووە. هەروەها کتێبەکەم "جوولەکەکان و سەرۆك خێڵەکانیان لە کوردستان ـ توێژینەوەیەکە لەسەر "مانەوە بەزیندوویی" دەزگای چاپەمەنیی و بڵاوکردنەوەی بریل- 2007. "

بەدرێژایی ساڵانی رابردوو چەندین کۆرسی فێرکردنم لەسەر کورد لە زانکۆی عیبریی لە ئورشەلیم بەڕێوەبردووە، دەیان محازەرەم لەبارەی کوردەوە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەوروپا و، لەمدواییانەشدا لە ئەڵمانیا و زانکۆکانی ئیسرائیل گوتووەتەوە. لە هیچ یەکێك لەوانەدا خوێندکارێکی عەرەبم نەبینی بەشادریی بکات. بۆ من جێگەی سەرسوڕمان و تێڕامان بوو، بۆچی عەرەبەکان بایەخ بە خەڵکی کورد نادەن؟ لە کلاسەکانیشدا، گوێ لەوانە و محازەرەکانیش ناگرن کە لەبارەی کوردەوە بێت، نایانەوێت هیچ لەبارەی کوردەوە ببیستن. وەڵامی ئەم پرسیارە ئاڵۆزە. پێکهاتە و ناوەرۆکێکی زۆری هەیە. هەفتەنامەیەکی ناوخۆییم بیردەکەوێتەوە بەناوی"کل هایر ـ کل المدینة" کە لە ئورشەلیم دەردەچوو، دیمانەیەکی تێدابوو لەگەڵ"محەممەد نەعامنی" سەرۆکی گرووپێکی توندڕەوی فەلەستینی؛ بەناوی(إبن البلد) ساڵی 1988، کە لەناوخۆی ئیسرائیلدا کاری دەکرد. پرسیاری لێکرا کە بۆچی لەسەر بۆمبارانکردنی هەڵەبجە بەچەکی کیمیایی و کۆمەڵکوژیی کوردەکانەوە هیچ ناڕەزاییەکیان دەرنەبڕیوە؟ محەممەد نەعامنی لەوەڵامدا دەڵێت:"چونکە کوردەکان لە سەدام یاخیی بوون، سەدام هەموو شتێکی داونەتێ؛ دەسەڵات، پەرلەمان، ئەوان زیاتر مافیان هەیە لە کوردەکانی ئێران و تورکیا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان دژی سەدام بوون. " بەشێوازێکی دیکە پاکانەی هێنایەوە و مەبەستیی بوو بڵێت:"ئەمە سزایەکی سەرۆکی ئەوسای عێراق سەدام حسێن بوو بەسەر کوردەکان"دا. نموونەیەکی دیکەی پەیوەندیدار بە بۆمبارانکردنی شاری هەڵەبجەوە بە گازی کیمیایی ساڵی 1988.

 لەساڵی 1989 کۆنفرانسێکی نێونەتەوەیی لەبارەی چەکی کیمیاییەوە لە پاریس بەسترا. لەو کۆنفرانسەدا، نوێنەری تەواوی وڵاتانی عەرەبیی و نوێنەری سەدام حسێن بەتوندیی رەتیانکردەوە کە هێزەکانی سەدام حسێن؛ لە دژی کورد چەکی کیمیاییان بەکارهێنابێت.

سەرۆکی رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین یاسر عەرەفات پیرۆزبایی لەسەدام حسەین کردبوو لە سەرکەوتنیدا بەسەر کورددا. هەروەها بەئاشکرا بەبۆنەی تێکشکاندنی راپەڕینی کوردەکانەوە ساڵی 1991؛ دوای رزگارکردنی کوەیت لەلایەن ئەمریکاوە، پیرۆزبایی لە سەدام کردبوو، . نموونەگەلێکی زۆر هەن، هەروەها هۆکاری زۆریش بۆ ئەم هەڵویستە رەق و ناهاوکار و بێبایەخانەی عەرەب سەبارەت بە کورد هەن. کاتێك لە بینای پەرلەمانی ئەڵمانیادا(بوندستاگ) لە ئۆکتۆبەری  2010دا محازەرەیەکم دەگوتەوە دەربارەی بەکارهێنان و بەتاڵانبردنی سامانەکانی کورد لە ئاو و نەوت، یەکێك لە ئامادەبووان؛ کە کورد بوو، وەڵامی دامەوە وگوتی:"ئەی لەبارەی بردنی ئاوی فەلەستییەنەکانەوە لەلایەن حکومەتی ئیسرائیلەوە چی دەڵێیت؟" ویستم لە کۆتایی محازەرەکەدا وەڵامی بدەمەوە، بەڵام بیرمەندو مێژوونووسی کورد"جەمال نەبەز" چوو بۆلای و رەخنەی لێگرت. د. جەمال نەبەز بەعەرەبیی لێیپرسی:"لەژیانتدا عەرەبێکت بینیوە بەرگریی لە کورد بکات؟" تۆ چ کار و قازانجێکت هەیە بەناوی فەلەستینییەکانەوە قسە بکەیت؟ ئایا ئەوان قەت بایەخێکیان بە کورد داوە؟

لە دیدێکی رەگەزپەرستانەوە؛ زۆر بەئاسانیی عەرەبەکان خۆیان لە کورد باڵاتر دەبینن؛ لەڕووی نەتەوەییەوە لێکنزیکن و، یەك زمان و یەك ئاینییان هەیە. گرووپێکی کۆمەڵایەتیین و کۆمکارێکی عەرەبییان هەیە. ئەوان زۆربەیان دەچنەوە سەر یەکێتیی خێڵەعەرەبەکان، لەکاتێکدا کوردەکان موسڵمانی نا عەرەبن. بەڵکو هەندێ عەرەب کورد بە موسڵمان نازانن. یەکێك لە فاکتەرەکانی رقی عەرەب بۆ کورد ئەوەیە کە ئەوان پەیوەندییان بەئیسرائیلەوە هەبووە و یارمەتییان لێ وەرگرتوون، لەبەرئەوە کوردەکان جێگەی رق و بێ متمانەیی عەرەبن.

کوردەکانی سووریاش بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەشاراوەیی و هێڵدرابوونەوە و باسیان نەدەکرا. بەدڵنیاییەوە بەبەراوردکردنێك بە کوردەکانی ئێران و تورکیا، کوردەکانی سوریاش؛ لەلایەن رژێمی سوریاوە دووچاری ئینکارکردن و جیاکاریی رەگەزیی و راوەدوونانی سیاسیی و ئاوارەکردن بوونەتەوە. لە ساڵی 1960دا رەگەزنامەی سوریی لە%20 ی کوردەکان سەندرایەوە و وەك بیانیی هەژمار کران. لەمافە بنچینیەییەکانیان بێبەش کران. لە مافی فێربوون، دەنگدان و هەڵبژاردن، خوێندنی کوردیی قەدەغە کرا. زۆریان بێ کار و پیشە بوون و بووبەهۆی ئەوەی روو لە رۆژائاوا بکەن بەتایبەت ئەڵمانیا. لەسەرەتای دەستپێکردنی شۆرشی عەرەبیی لە سوریا؛ چاوەڕوانی ئەوەیان لە کورد دەکرد کە بەگوێرەی بەرژوەندیی عەرەب و تورك بجووڵێنەوە و لایەنی ئەوان بگرن. لایەنە پەیوندیدارەکانی تورك و عەرەب هەوڵی ئەوەیان دا کە رەواییبوون لە لایەنە سیاسییە کوردەکان داماڵن. هەروەها هەمیشە تووڕەیی و ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر کوردەکان نیشاندەدەن کە ئەوان وەك پێویست لە شۆرشی سوریادا بەشدار نین. تورکەکان و عەرەبەکان دەیانەوێت کورد بخەنە ژێر چاودێریی خۆیانەوە و ئەوەندەش هاوکارییان نەکەن کە بە ئامانجە سیاسییەکان بگەن. لە سووریادا، لەبارەی شەڕی ناوخۆوە؛ دوو رەوشی جیاواز هەن. زۆرینەی عەرەبە سوننەکان باوەڕیان بەوە هەیە کە دەبێت رژێمی سوریا بە شەڕی چەکداریی بڕوخێندرێت. کەمایەتییەکانی کورد و مەسیحیی و دروزەکانیش کە باوەڕیان بە ئیخوان موسلمین و قەومییە عەرەبەکان نییە؛ پێیانوایە کە بەڕێگەی ئاشتیی کێشەکە چارەسەر بکرێت.

زۆر ئەستەمە بزانرێت کە لەداهاتوودا، قەیرانی سوریا چۆن کۆتایی پێدێت. بۆ هەموو کوردەکانی سوریا و کوردەکانی جیهان؛ تەنیا یەك رێگە هەیە، رێگەی یەکێتیی و یەکگرتن. جێی ئاماژەیە کە لەساڵی 1946دا کاتێك رووسەکان ئێرانیان بەجێهێشت چۆن کۆماری مەهاباد رووخا، ساڵی 1975 لەئەنجامی رێکەتننامەی ئەلجەزائیر لەنێوان ئێراق و ئێراندا شۆرشی کوردەکانی ئێراق شکستی پێهێنرا. لەساڵی 1991 راپەڕینی کوردەکانی عێراق شکستی پێهێنرا، بێ ئەوەی ئەمریکییەکان هیچ بایەخێکی پێبدەن هەرچەند لە ناوچەکەدا بوون. زۆر نموونەی حاڵەتی شکت لەناوچەکەدا هەن. بەڵام ئەگەر کوردەکان یەکگرتووبن هەروەك ئەوەی لەعێراق روویدا؛ دوای ساڵانێکی زۆری ململانێ و خوێنرشتن لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دێمۆکراتی کوردستان، لەکۆتاییدا بەیارمەتی ئەمریکیی و ئەوروپییەکان لەدامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا سەرکەوتن.

کوردەکانی عێراق ئێستا ناوك و سەرچاوەی وڵاتێکی کوردیی و سەچاوەی هیوا و سرووشی کوردەکانی هەموو جیهانن. ئەمەش دەبێت ئەو هۆکارە بێت کە کوردەکانی سوریا و عێراق و تورکیا و ئیران؛ بەهەموو جیاوازییەکانیانەوە یەکبگرن. بەتایبەتیی لەم کاتەدا بەرەنگاری رژێمی سوریا دەبنەوە.

 

 

 

By Dr. Mordechai (Moti) Zaken, 
Jerusalem, 7 April 2013

 

تێبینی:

دکتۆر مۆرداخای زاکین، دامەزرێنەری "کۆمەڵەی دۆستایەتیی کوردستان ـ ئیسرائیل) و راوێژکاری پێشووی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل"بنیامین نەتانیاهۆ" لە خولی پێشوودا.

وێنەکە لەئەرشیفی : مستەفا چوارتایی لەگەڵ دکتۆر مۆرداخای زاکین


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.