ژن و نووسین ـ رەخنە و ئاگر ...مستەفا چوارتایی
هەموو زیندەوەرێك لە ئاگر دەترسێت تەنیا ژن نەێت، ژن رەخنەی پێ لەئاگر سووتێنەرترە، بۆیە هەندێ جار لەسەر رەخنەیەك خۆی دەسووتێنێ.
رۆژێکیان هاوڕێیەکی خۆشەویست بابەتێکی نووسیبوو، نیشانیدام تا رای خۆمی لەسەر بڵێم.سەرەتای دەستپێکردنەکەی بەمجۆرەبوو:" لەبەرەبەیانێکی پێشنیوەڕۆدا." گوتم گیانە، بەرەبەیان کاتژمێر 4 تا 5 دەکات و لەزۆر شوێن 5 ئیتر رۆژە.پێشنیوەڕۆش دیارە لە کاتژمێر 10 ەوە تا پێش 12یە.ئنجا بابزانم تۆ مەبەستت کامیانە؟ یان هەردووکیان؟ ئەو ئازیزە بۆخۆی کەوتە پێکەنین و هیچ دڵگران نەبوو، زانی کە هەڵەیە.خۆزگە هەموو مرۆڤێکی کورد کە هەڵەکەی خۆی دەخرایە بەرچاویی، راستیبکردایەتەوە و رەخنە بەشتی دیکە تێنەگەیشتایە.
هەندێك ژنی کورد لەسفرەوە دەستپێ ناکەن، بەڵکوو بەهۆی کەسێکی نزیك یان هاوسەرەکانیانەوە یان هاندانی حیزبیی، لە کونفەیەکونێکدا دەبن بەنووسەر و شاعیر و رۆژنامەنووس.ئەمەش بێئەوەی هیچ پێشینەیەکی هزریی و وێژەییان هەبێت.پڕئەدەنە هەموو شتێك، کاتێك لە سەروبەری قەیرانی هەمووشتێکدا، خۆیان دەبینن؛ واتێدەگەن کە گەیشتوونەتە ئاستی مارکس و لەهیچیان کەم نییە.بەکوردییەکەش ناوەستن کە هێشتا بەباشیی نایزانن، پەلدەکێشن بۆ زمانی تر و لەهەمووشیان نزیکتر"عەرەبیی"یە، کە بەبیرکردنەوەی خۆیان؛ زۆر بەئاسانی دەزانن! کاتێك خانمێك دەنووسێت(استيقظ الليل فجراً) یەکسەر بەرەبەیانی پێشنیوەڕۆی ئەو هاوڕێیەم بیردەکەوێتەوە.ئاخر "لیل" شەوە و "فجر"یش بەرەبەیانە.ئەمە هۆنراوەیە "گەمەی منداران" نییە، یان دەبێت بڵێیت شەو بەئاگادێم یان بەرەبەیان.
ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ژنی کورد نەبێت بەچەند زمان بنووسێت و لە زۆر بواردا ئەسپی خۆی تاودابێت، بەڵام ئەو جۆرانە قەدری رەخنە دەزانن و، سوپسگوزار دەبن نەك بەپێچەوانەوە.کاتێك دیوانێکی خانم "ڤینۆس فائق"م بەرچاو کەوت؛ کە لەسەر بەرگەکەی دوو ناونیشانی جیاواز نووسرابوو.لەکاتێکدا، لەفەیسبووکدا، لەژێر وێنەکەدا هەمووان دەستخۆشییان بۆ دەنووسی؛ من بۆمنووسی ئەمە چییە، لەجیاتی تۆبم بێ سێو دوو کۆیدەکمەوە و لەبازاڕدا نایهێڵم.چەند خولەکێکی پێنەچوو، ئەو خانمە نەك هەر دڵگران نەبوو، بەڵکوو سوپاسیشی کردم و کتێبەکەی لەبازاڕدا کۆکردەوە و، بەشێوەیەکی دروستتر چاپیکردەوە.بەڵام کاتێك رەخنەیەکی بچووك لە دوو دێڕ هۆنراوەی خانمێك دەگرم کە بە عەرەبییەکی سەرپێیانە نووسیوێتی و، جیاوازیی نێرینە و میینە نازانێ؛ بە (عەلی فۆنت)بۆمدەنووسێت:( ئەوەی تۆ دەڵێی هيچ نیە رەخنەگری عەرەب لەسەریان نووسیوە، ئيتر نازانم عەرەبییەکەی بەرێزتان باشترە يان عەرەبیی خودى عەرەبەکان؛ کەخۆیان نووسەر و رەخنەگرن)
ئەمڕۆ مەخابن لە کوردستاندا، سەقەتیی پرۆسەی سیاسیی؛ هەموو شتێکی تێکداوە و، قەیرانێکی گشتگیری دروست کردووە.هونەری "گۆرانیی" ئەوەیە کەدەیبینن.رۆژنامەوانیی بەقەدەر چینیمان هەیە و هیچیشمان نییە.نووسەر و شاعیر ئەوە لەژمارە نایەن.چاودێری سیاسیی بەشی هەموو رۆژهەڵاتمان هەیە.توێژەری کۆمەڵایەتیی ...هەیهووو...خاوەن دوکتۆرا و ماستەر بەقەدەر توور و گێزەر.جۆری لەشکر و سەرباز وەك جۆرەکانی سەوزە و پیاز.کەناڵی تەلەفزیۆن بەقەدەر چەند دەوڵەت، کەهیچ کەناڵێك بەرنامەی رۆژی داتووی نازانێت و یەك کەناڵیش "ڤیدیۆ تێکست"ی نییە.ماڵپەڕی ئەلکترۆنی وەك دەستەسڕی جارانە، ژنان و پیاوان هەیانە، کۆمپانیا بەقەد ئەمریکا و هەموو ئەوروپا و ژاپۆنە، نەشتێك بەرهەمدەهێنین، نە داهێنراوێکمان هەیە، نەهەناردە بێجگە لە"نەفت" لێممەپرسە چییە و چۆنە.رێکخراوی ژنان وەك خۆڵن، دەبزوێن بەبۆڵەبۆڵن، ژنان دەکوژرێن، دەسووتێن، دادگاکانیش هێشتا چۆڵن.بواری پزیشکیی و دوکتۆر، نۆڕینگە و نەخۆشخانەی زۆر، نەخۆش هەرئەوە نییە بە پا، بگاتە هیند و ئەوروپا.خواردن هەمووی بەسەر چووە، دەرمان خۆی دەردی تێ چووە.جێی ئەم هەموو شتە هەیە، ماڵەکەتە! تەنیا رەخنە قەدەغەیە!
07.04.2013
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
