• واتساپ و فایبەر
  • 00964770768123
  • kurdistannet@hotmail.com Omar Faris Aziz
  • کوردستان نێت نێتی هەمووانە
Open menu
  • گەڕان
  • العربیة
  • گۆشه‌کان
    • ڕاپۆرت
    • به‌دواداچوون
    • ئه‌ده‌ب و هونده‌ر
    • دیمانـــــــــه‌
    • پارت و ڕێکخراوه‌کان
    • هه‌واڵ
    • کاریکاتێر
    • کامپین
    • پرسه‌کان
    • هه‌مه‌ڕه‌نگ
    • بابه‌تی به‌رجه‌سته‌کراو
    • هۆنراوە
    • تەواوی بابەتەکانی ٢٠١٣
  • په‌یوه‌ندی
  • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ری دیکه‌
  • ژنە نووسەرەکان
  • ماڵەوە

جەلال چوارتایی

ڕێکەوتنی یەکینەکانی پاراستنی گەل لەگەڵ ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا و دەرەنجامەکانی ...جەلال چوارتایی

جەلال چوارتایی 24 February 2013

ڕێکەوتنی یەکینەکانی پاراستنی گەل لەگەڵ ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا و دەرەنجامەکانی ...جەلال چوارتایی

بەشی یەکەم - سەرنج و تێبینی لەسەر بەندەکانی ڕێکەوتننامەکە :-

لە یەکەم ڕۆژی دروستبوونی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریاوە تا ڕۆژی تێکشکانیان لە "سەرێکانی"، هەمیشە تۆمەتی جۆراوجۆریان ئاڕاستەی لایەنی کوردی دەکرد و بە هاوکار و شەبیحەی ئەسادیان ناو دەبردن .بەڵام دوای سێ جار هێرشکردن بۆ "سەرێکانی" و تێکشکاندنە یەک لە دوای یەکەکانیان ناچار بوون کە هانا بۆ ڕێکەوتن بێنن و ڕێکەوتنێکی 11 بەندی واژۆ بکەن .کورتەی ڕێکەوتنەکە بریتییە لە :-

1- پاشەکشەکردن و نەهێشتنی دیاردەی چەکداری لە شارەکەدا .2- دامەزراندنی دەستەیەکی چاودێری کاتی لە هەردولا بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێکەوتننامەکە .3- دامەزراندنی ئەنجومەنێک لە تەواوی پێکهاتەکان بۆ بەڕێوەبردنی شارەکە .4- دەروازەی سنوور دەدرێتە دەست ئەنجومەنی شارەکە .5- ئەنجومەنی شارەکە بڕیاردەر و ڕێگرە لە دەستێوەردانی سەربازی لە کار و بارەکان .6- یەپەگە و ئارتەشی ئازاد زاڵگەی هاوبەش "خاڵی کۆنترۆڵی هاوبەش" دادەنێن لە دەروازەکانی شار .7- زاڵگە هاوبەشەکان کار ئاسانی دەکەن بۆ گواستنەوەی پێداویستی و دەربازبوونی خەڵک و هێزی چەکدار لە لایەکەوە بۆ لایەنی بەرامبەر.8- هەردوو لایەن هاوکار دەبن بۆ ئازادکردنی ئەو شارانەی کە بە داگیرکراوی ماونەتەوە .9- بە ڕاگەیاندنێکی هاوبەش دیاری بکرێت کە شارەکانی "درباسیە-عامودا-تەل‌تەمر-گرکی لەگێ" ئازادکراون لە دەست ڕژێم .10- کۆتایهێنان بە ڕاگەیاندنی دژ بە یەک .11- پێشەکی ڕێکەوتننامەکەش یەک لە خاڵە سەرەکیەکانە .

 بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە :-

http://www.welati.info/nuce.php?ziman=ar&id=5618&niviskar=192&cure=3&kijan=

بەندەکانی [ یەکەم و سێیەم و چوارەم و پێنجەم و حەوتەم و نۆیەم و دەیەم و یازدەهەم ] بریتین لە ئامانجە سەرەکیەکانی پەیەدە و یەپەگە و ئەنجومەنی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان .هەر لەگەڵ سەرهەڵدانەکانی گەلانی سوریادا پەیەدە زۆر چالاکانە کەوتە خۆ بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنی گەل لە لایەک و ئەنجومەنی ئەو شار و گوند و گەڕەکانەی کە دەکەوتنە ژێر دەسەڵاتی، هەوڵی زۆری دەدا کە تەواوی پێکهاتە جۆراو جۆرەکان لە ئاین و نەتەوەی جیاواز بەشدار بکات لە ئەنجومەنی شار و گوند و گەڕەکەکاندا و ئەنجومەنەکە بکاتە بڕیاردەری سەرەکی، پەیەدە هەوڵی زۆری دەدا هێزی چەکدار لە شارەکان بچنە دەر بۆ کۆنترۆڵکردنی سنورەکان و دەروازە و ڕێگە سەرکیەکان و شوێنی خۆی لە شار و گوندەکاندا بسپێرێتە هێزی ئاسایش .

پەیەدە هەوڵی زۆریدا خۆی لە ململانێی حیزبایەتی بە دوور بگرێت و زمانی زبر و ڕاگەیاندنی شەڕخوازانە جێگەی دیالۆگ و زمانی ئاشتیخوازانە نەگرنەوە، هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە خۆی بە بەشێک لەو شۆڕشە پێناسە کرد بە چەندین جیاوازیەوە، ئەو جیاوازیانەش ئەوە بوو کە هێڵێکی سەربەخۆیان هەڵبژارد و خۆیان گرێ نەدا بەو هێزانەوە کە لە تورکیاوە گەورە دەکران، لە هەمان کاتدا هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی ڕەت دەکردەوە و برایەتی گەلانی بە بناغە دادەنا و دەیخواست لە ڕێگەی خۆپیشاندانی جەماوەری و بە شێوەیەکی ئاشتیانە مافەکانی کوردان دەستەبەر بکات .بەڵام لایەنەکانی دیکە و لە سەروی هەموویانەوە ئیخوان‌الموسلمین و ئارتەشە بەناو ئازادەکەیان هیچ حسابێکیان بۆ خۆپیشاندانە جەماوەریەکان نەکرد و هەر لە سەرەتاوە خۆیان گرێدا بە تورکیا و هێزە دەرەکیەکانەوە و شەڕیان خستە نێو ماڵی خەڵک و تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی کە هێرش بکەنە سەر هەموو ئاین و مەزهەب و نەتەوە جیاوازاەکان و زۆرترین بێحورمەتیان بە سیمبوڵ و شوێنە ئاینیەکانی نەتەوە و ئاینە جیاوازەکان کرد و ئاڕاستەی سەرهەڵدانەکانیان لە شۆڕشەوە گۆڕی بۆ ئاژاوەگێڕی .

بەندی یازدەهەم، پەیوەستە بە پێشەکی ڕێکەوتننامەکەوە و یەک لەو خاڵانەی دیکەیە کە ئامانجی پەیەدە بوو، پێشەکی بەیاننامەکەش باس لە ئازادی سوریا و پێکەوە ژیانی برایانە و قبوڵکردنی بیر و باوەڕە جیاوازەکان و یەکپارچەیی خاکی سوریا و سیستەمی پەڕلەمانی دەکات .

بەندی دووەم، پەیوەستە بە دامەزراندنی دەستەیەکی چاودێری کاتی بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێکەوتننامەکە .ئەم بەندە هێندە گرنگیەکی ئەوتۆی نییە و لە هەموو ڕێکەوتننامەیەکدا ئەو کارە دەکرێت، لە ڕاستیدا ئەو بەندە تەنها بۆ زیادکردنی بەندەکانە دەنا بەبێ زیادکردنی ئەو بەندەش ئەو دەستەیە هەر دادەمەزرا .

بەندی چوارەم باس لە دەروازەی سنوور دەکات و پێویستە ڕادەستی ئەنجومەنی شارەکە بکرێت .ئەم خاڵەش 100% لە بەرژەوەندی کوردان و پەیەدەدایە، چونکە هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانەکانی سوریادا ئەو دەروازە سنوورییە لەلایەن تورکیاوە داخرا، پاشان دەروازەکە ڕادەستی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا کرا و تەواوی چەتەکانی ئارتەشی (ئازاد) لەو دەروازەیەوە هێرشیان دەکردە سەر شاری سەرێکانی، ڕادەستکردنی دەروازەکە بە ئەنجومەنی شار هۆکارێک دەبێت بۆ کردنەوەی دەروازەکە لە لایەن تورکیاوە، ئەو کات هەم داهاتی دەروازەکە دەگەڕێتەوە بۆ گەل و هەم چەتەکانی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریاش لەو دەروازەیە دوور دەکەونەوە .بە حوکمی ئەوەی دەروازەکە لەسەر سنوورە ئەوا هیچ کاتێک یەکینەکانی پاراستنی گەل نەیاندەتوانی دەستی بەسەردا بگرن، دەنا ئەگەر وا نەبوایە ئەوا چۆن ئارتەشی (ئازاد) لە تەواوی شاری سەرێکانی دەرکران دەتوانرا لەو دەروازەیەش دەربکرێن .

بەندی شەشەم باس لە بازگەی هاوبەش "خاڵی کۆنترۆڵی هاوبەش" دەکات .ئەم بەندە زۆر ئاڵۆزە (واتە هەم لایەنی باشە و هەم لایەنی خراپی تێدا بەدی دەکرێت) .ئەگەر ئەم بەندە جێبەجێ بکرێت ئەوا :-

لایەنە خراپەکانی ئەوەیە کە :- دوو هێزی جیاواز بە دوو ئایدۆلۆژیای جیاواز و دوو مەرامی جیاوازەوە مەحاڵە تا سەر بتوانن پێکەوە لە بازگە هاوبەشەکاندا هەڵبکەن، لە هەمان کاتدا ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا هیچ پێگەیەکی ئەوتۆی نییە لە نێو شارەکەدا و زۆربەی چەکدارەکانی لەو کەسە جیهادیانە پێکهاتوون کە غەیرە سورین و لە وڵاتانی دیکەوە هێنراون .ئایا لە کاتێکی وەهادا چ جۆرە کەسانێک لەلایەن ئارتەشی ئازادەوە دەستنیشان دەکرێن بۆ زاڵگە هاوبەشەکان ؟ بێگومان کەسانی بێگانە و غەیرە سوری بۆ ئەو جێگانە نابن .هەروەها لە دیدی ئیخوان‌الموسلمینەوە نابێت ئافرەتان لە دەرگای ماڵەکانیان بێنە دەرەوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە یەکینەکانی پاراستنی گەل لە ئافرەتان پێکهاتوون و ئاسایشی شارەکە دەپارێزن .

لایەنە باشەکانی ئەم بەندەش ئەوەیە کە :- شارەکانی( کۆبانی و عەفرین و تەل‌حاسڵ و تەل‌عەران و کوردەکانی حەلەب) ڕزگاریان دەبێت لەو گەمارۆ دڕندانەیەی کە لە لایەن ئارتەشی (ئازاد)ی سوریاوە بەسەریاندا سەپێنراوە، چونکە جوگرافیای ڕۆژئاوای کوردستان یەکگرتوو نیە بەڵکو خاکەکەی لێک دابڕاوە و لە نێوان هەر شارێک و شارێکی دیکەدا ناوچەیەکی بەرفراوانی عەرەبی هەیە و تەواوی ئەو ناوچە عەرەبنشینانەش بە دەست ئارتەشی (ئازاد)ی سوریاوەیە .ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا لەگەڵ ئەوەی گەمارۆی دەخستە سەر ئەو شارانە لە هەمان کاتدا زۆربەی کاتەکان ڕێگەی هاتوچۆیان لە کەسە سڤیلەکانیش دەگرت، باشترین نموونەش لە کاتی شەڕەکانی "ئەشرەفیەی حەلەب و سەرێکانی"دا بەدەرکەوت، کاتێک ئارتەشی ئازاد لەو شەڕانەدا تێکشکا لە بەرامبەردا ڕێگەی هاتوچۆی نێوان (حەلەب - عفرین) و (کۆبانێ - سەرێکانی)یان لە ڕێبواران بڕی و بە سەدان کرێکار و ژن و منداڵی کوردیان بە بارمتە گرت .

بەندی هەشتەم باس لە هاوکاری نێوان یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە" و ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا دەکات بۆ ئازادکردنی ئەو شارانەی دیکەی جزیرە"پارێزگای حەسەکە" کە هێشتا لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمدان .ئەم بەندە هیچ سودێکی بۆ کوردان نییە، چونکە گەورەترین دوو شاری ناوچەی جزیرە واتە(حەسەکە و قامشلۆ) هێشتا ئازاد نەکراون .هاتنی ئیخوان‌الموسلمین و ئارتەشە بەناو ئازادەکەیان بۆ ئەو دوو شارە گەورەترین قەیران ساز دەکات، چونکە ئارتەشی ئازاد ڕووی لە هەر جێیەک کردبێت ئەو جێیەی لە خوێن هەڵکێشاوە و شوێنەکەشی دووچاری وێرانی کردووە .ئەگەر ئیخوان‌الموسلمین و ئارتەشە بەناو ئازادەکەیان بەم کردەوە قێزەونانەوە ڕوو لەو دوو شارە کوردیە بکەن دەبێت چ کارەساتێک ڕووبدات لە کاتێکدا وەکو سەرسەختترین دوژمن لە کوردان دەڕوانن ؟

درێژەی هەیە ...

جەلال چوارتایی


 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

ئیسلامی سیاسی، گۆپاڵیك بۆ چەواشەکردنی شۆرشی خەڵک .نموونە میسر ...جەلال چوارتایی

جەلال چوارتایی 09 February 2013

ئیسلامی سیاسی، گۆپاڵیك بۆ چەواشەکردنی شۆرشی خەڵک .نموونە میسر ...جەلال چوارتایی

ڕەنگە زۆر کەس بەم گوتەیەم باوەڕ نەکەن کاتێک دەڵێم تەواوی لایەنە ئیسلامیەکان دروستکراوی "سی‌ئای‌ئەی" ئەمریکی و موسادی ئیسرائیلین، خۆ ئەگەر سەرنجێک بدەین ئەوا زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێت کە لە دوای شێخە بەکرێگیراوەکانی کەنداوەوە هیچ لایەنێکی دیکە هێندەی لایەنە ئیسلامیەکان خزمەتی بە هێزە ئیمپریالیستیەکان و لە سەروی هەمووشیانەوە بە ئەمریکا نەکردووە، هەموو کردەوەی لایەنە ئیسلامیەکان پڕکردنی گیرفانی ئەمریکا و ماڵوێرانی گەلان بووە، تاکو ئێستا لایەنە ئیسلامیەکان نەک هیچ دەستکەوتێکیان بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەدەست نەهێناوە بەڵکو ڕوویان لە هەر شوێنێک کردبێت ئەو شوێنەیان لە پێشکەوتن خستووە و لایەنە پێشکەوتنخوازەکانیان لاواز کردووە و دانیشتوانەکەشیان دووچاری ئاوارەیی و ماڵوێرانی کردووە، لە کۆتایشدا بە بیانوی "شەڕ لە دژی تیرۆر" ئەمریکا و ئەوروپیەکانیان کێشاوەتە شوێنەکە .نموونە زۆرن لەو بارەیەوە هەر لە ئەفغانستانەوە تا لوبنان، هەر لە کوردستانەوە تا سۆماڵ، هەر لە بۆرماوە تا مالی، خۆ دەبێت فاتیحە لەسەر دواڕۆژی میسر و لیبیا و یەمەنیش بخوێنین .ئەمە جگە لەوەی کە لایەنە ئیسلامیەکان خاوەنی قێزەونترین کردەوەن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، ئەو کردەوەیەش دیاردەی لەناوبردنی فەرهەنگ و کەلەپوری گەلانە وەک تەقاندنەوەی پەیکەرەکانی بودا لە ئەفغانستان و سوتاندنی مێژووی هەزاران ساڵەی مالییەکان، واتا کتێبی دەسنووسی کۆن و لەمێژینەی کتێبخانەکانی شارەکانی ژێردەسەڵاتیان .

 سەرهەڵدانی لایەنە ئیسلامیەکان لە دوو جێگە پەرەی سەندووە :-

1- ئەو شوێنانەی کە لەلایەن دەسەلاتدارانەوە هەوڵی خۆ دەربازکردن دەدەن لە کۆت و بەندی ئیمپریالیزم، وەک لیبیا و مالی .

بۆ نموونە کەسێک نییە کە لیبیای سەردەمی موعەمەر قەزافی لە بیر نەبێت، هەموو هەوڵی قەزافی ئەوە بوو کە لیبیا لە کۆتی هێزە ئیمپریالیستیەکان ڕزگار بکات و تەنانەت هاواری بۆ گەلە چەوساوەکانیش دەکرد کە خۆیان لە پیلانی ئیمپریالیزمی ئەمریکی بپارێزن و زۆرترین هاوکاریشی بە گەلانی ئەفریقا دەکرد تاکو ناچاری ئەوروپیەکان نەبن، لەو باوەڕەدام تا سەد ساڵی دیکەش لە نێو عەرەب‌دا کەسایەتییەکی ئازادیخوازی وەک قەزافی پەیدا نابێتەوە، ئەگەرچی لە درێژەی دەسەڵاتداریدا تووشی لەخۆ بایبوون هات و لە ناوخۆدا بووە دیکتاتۆر بەسەر خەڵکەکەیدا.

ئەوروپیەکان هەمیشە کەسانی وەک قەزافیان بە مەترسی دەزانی بۆسەر بەرژەوەندیەکانیان، هەر بۆیەش ئاسانترین ڕێگە و هەرزانترین خەرجی بۆ ئەوروپیەکان سازکردنی هێزی ئیسلامی بەکرێگیراو بوو تاکو بیانکەنە ئاستەنگی لەبەر دەم قەزافی‌دا و لەو ڕێگەیەوە جڵەوی لیبیا بخەنە دەستی خۆیان .

لیبیەکان لە سەدەی ڕابردوودا خوێنێکی زۆریان پێشکەشکرد تا ئەوروپیەکانیان لە وڵاتیان وەدەرنا، بەڵام لە سەدەی نوێ‌ و لە ڕێگەی چەند هێزێکی ئیسلامی داردەستەوە بە ئاسانترین شێوە دێنەوە وڵاتی لیبیا و هەر لە ڕێگەی ئەو داردەستە بێ بەهایانەوە قەزافی و دارودەستەکەی بە دڕندانەترین شێوە کۆمەڵکوژ کران بە پێش چاوی کامێراکانەوە .

وڵاتی مالیش یەک لەو نمونانەی دیکەیە کە لە خۆرئاوای ئەفریقادا کەمێک ئارامی بە خۆیەوە بینیبوو و بیریان لە بەرژەوەندی نیشتمانیان دەکردەوە، بەڵام لە بەدبەختی مالیەکاندا ئیسلامیە ئامادەکراوەکان لە کاردا دەبن تاکو وڵات لە قەیران وەربدەن و دەوڵەت ناچار بکەن هەموو بەرژەوەندی نیشتمانی وەلاوە بنێت لە پێناوی پاراستنی ملی ژن و منداڵیان لە شمشێری ژەنگاوی و بە دەستی خۆیان ئەوروپیەکان بێننەوە ناو ئەو وڵاتەی کە ژمارەیەکی زۆریان وەکو کۆیلە بەکارهێنرا بوون لە ڕابردوودا.

2- ئەو شوێنانەی کە لایەنە شۆڕشگێڕ و پێشکەوتنخوازەکان گەشەی تێدا دەکەن، وەک کوردستان و میسر.

لە کۆتایی سەدەی ڕابردوودا حیزبی بەعس لاوازکرا و کوردان بە ڕاپەڕینی سەرتاسەری هەنگاوێک بەرەوپێش چوون، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کورداندا هەم حوکمی بنەماڵەیی زیندو کرایەوە و هەم ئیسلامیە ڤایرۆسەکان قوت کرانەوە، ئەو کەسانەی سەرپەرشتی ئیسلامیەکانیان دەکرد دەموچاوێکی نامۆ نەبوون و لە گەرمەی ئەنفال و کیمیاباراندا "لبیک یا سەدام"یان دەچڕی و نیوەی گوتاری ڕۆژانی هەینییان بۆ پیاهەڵگوتن بە سەدامی پاڵەوانی ئەنفال‌دا تەرخان دەکرد، نموونەی ئەو دەموچاوانەش شێخ زاناکان و شێخ عەلی قەرەداخیەکان بوون .

ئیمڕۆش لە ڕۆژئاوای کوردستان‌ کوردان هەنگاو دەنێن بۆ پێشەوە، کەچی ڕێک لە کاتێکی وەهادا "کە گەرمەی دەسەڵاتی بەعسیەکانە" چاوی لایەنە ئیسلامیەکان دەچێتە سەر کوردان و ئەوەی مەبەستی ئەمریکا و تورکیایە ئەم ڤایرۆسانە هەوڵی بە ئەنجام گەیاندنی دەدەن، ئەو ئەنجامەش ڕێگرتن لە پێشکەوتنەکان و دزینی سەر و ماڵی کوردان و قەیراناویکردنی ناوچەکەیە، خۆ ئەگەر خەلیفە ئەردۆغان بەو هەموو ئیمکانیاتەی لەبەر دەستیدایە هیچ ئەنجامێکی بە دەست نەهێنابێت لە باکووری کوردستاندا ئەوا دەستوپێوەندەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا لە مایەپوچ ڕیسواتر دەبن .

بەڵام ئەوەی مەبەستی ئەم باسەیە وڵاتی میسرە، چونکە لە مێژووی عەرەب‌دا بۆ یەکەم جار بووە کە شۆڕشێکی سەردەمیانە لە جێگەیەکی عەرەبنشینەوە سەری هەڵدابێت و ڕۆڵی شمشێری نەهێشتبێت،  ئەو شۆڕشەش سەرهەڵدانی دوو ساڵ بەر لە ئێستا بوو کە بە وێنەی شۆڕشگێڕانی وەک "چ .گیڤارا"وە ڕوویان لە مەیدانەکان کرد، شۆڕشەکە هێندە سەردەمیانە بوو سەرنجی هەموو لایەکی بەلای خۆی‌دا ڕاکێشا و نازناوی "بەهاری عەرەبی" بەسەردا بڕا، هەڵبەت ئەو ناوەش پڕ بە پێستی بوو، چونکە بۆ یەکەمین جار بوو کە عەرەب سەردەمیانە بیر بکەنەوە و شمشێری ژەنگاوی نەگەیەننە سەر ئێسک، یەکەم جار بوو عەرەب بگەنە ئەو بڕوایەی کە "چ .گیڤارا" هێمای شۆڕشگێڕی‌یە نەک ئەو شمشێرەی کە هێمای لەناوبردنی گەلان و مرۆڤ سەربڕینە .لێ مەخابن هێشتا شۆڕشی میسریەکان لە چەکەرەکردندا بوو کە هێزە ئیمپریالیستیەکان لە ڕێگەی داردەستی ئامادەکراو "ئیخوان‌الموسلمین"وە ئەو چەکەرەیەی لە ڕەگەوە وشک کرد .

بۆچ وەها بە زوویی بیر لە تێکدانی شۆڕشی میسر کرایەوە :-

میسر یەک لەو وڵاتانەیە کە لە ڕووی جوگرافی و دیموگرافی و کۆمەڵایەتیەوە زۆرترین گرنگی هەیە لای ئەمریکی و ئەوروپیەکان، بەشێک لەو گرنگیانە بریتین لە :-

1- تەنها وڵاتێکە لە خۆرئاوای ئیسرائیل هەڵکەوتووە .خۆ ئەگەر جڵەوی ئەو وڵاتە بکەوێتە دەست شۆڕشگێڕان ئەوا مەجالی ئیسرائیل نامێنێت هێندە یاری بە چارەنووسی گەلان بکات لە ناوچەکەدا.هەڵبەت مەبەستی ئەم خاڵە دەسەڵاتی ئیسرائیلە نەک جولەکە و گەلی عیبری کە کۆنترین خەڵکی ئەو ناوچەیەن کە لە سەری دەژین .

2- میسر تەنها وڵاتێکە کە ئەفریقا و ئاسیا لە لایەک و ئەوروپا و کەنداو لە لایەکی دیکەوە لە ڕێی "کەناڵی سوەیس"ەوە گرێ دەدات .بە هاتنە پێشەوەی لایەنە شۆڕشگێرەکان ئاستەنگیەکی زۆر بۆ ئەمریکا و ئەوروپیەکان ساز دەبێت و ناتوانن چی دیکە هێندە بە ئاسانی گەلانی ناوچەکە دادۆشن .

3- ئەگەر وڵاتی میسر بکەوتایە دەست شۆڕشگێڕان ئەوا جێگەی شێخە بەکرێگیراوەکانی کەنداویش بەو گەرمیە نەدەمایەوە و گڕی ئازادیخوازی تەخت و پای دەسوتاندن .

4- میسر زۆرترین قورسایی هەیە لە نێو عەرەبدا .عەرەبیش زۆرترین خاک و گرنگترین ناوچەیان بە دەستەوەیە، ئەگەر جڵەوی عەرەب بکەوێتە دەست کەسە شۆڕشگێڕەکان ئەوا هێزە ئیمپریالیستیەکان ناتوانن هێندە بە ئاسانی گەلانی بە ئیسلامکراو کۆیلە بکەن لە ڕێگەی نەزانی عەرەبەوە .چونکە لە ڕۆژگاری ئیمڕۆدا هەموو هێزە ئیمپریالیستیەکان بە سەر پشتی عەرەب‌دا هەنگاو دەنێن بۆ کۆیلەکردنی گەلانی ناوچەکە .

5- عەرەب خاوەنی ئایدۆلۆژیای ئیسلامە .ئەو ئایدۆلۆژیایە هەم ڕێ لە پێشکەوتنی گەلان دەگرێت و هەم لە ڕێی ئەو ئایدۆلۆژیایەوە عەقڵیەتی کۆنەپەرستی عەرەبی لە نێو گەلە بە مسوڵمانکراوەکاندا دەچەسپێت .بە هاتنە سەر دەسەڵاتی کەسە پێشکەوتنخوازەکان ئایدۆلۆژیای ئیسلامی ڕۆڵی خۆی لە دەست دەدات، ئەو کات هەم عەرەب هەنگاو بەرەو ڕزگاری دەنێن و هەم ئەو عەقڵیەتە کۆنەپەرستیەش لە نێو گەلە بە ئیسلامکراوەکاندا ئەو پیرۆزییەی نامێنێت .بە پێشکەوتن و ڕزگاربوونی گەلانیش بەرژەوەندی ئیمپریالیزم نامێنێت لە ناوچەکەدا.

6- بە هاتنە پێشەوەی ئیخوان‌الموسلمین سەقامگیری میسر تێک دەچێت و ڕێگەی دەستێوەردانی ئیمپریالیزم ئاسانتر دەبێت لە ناوچەکە .چونکە لایەنە ئیسلامیەکان لە پێناوی بە دەسەڵاتگەیشتندا هەموو تاوانێک ئەنجام دەدەن و هەموو کردەوەیەکی نەشیاویش قبوڵ دەکەن و مل بۆ هەر سازانێک دەدەن، ئەم پەلەقاژەکردنەش بۆ بە دەسەڵاتگەیشتن وا دەکات کە خەڵکی میسر ئیمپریالیزم لە بیر بکەن و زیاتر لە هەوڵی ڕزگاربووندا بن لە دەست ڤایرۆسی ئیسلامی .

بەو هیوایەی زەحمەتکێشانی میسر لە ڕاپەڕین و شۆڕشکردندا بەردەوام بن تا ئەو کاتەی ئیخوان‌الموسلمین و ئیسلامیە ڤایرۆسەکان دەخەنە زبڵدانی مێژووەوە، بێگومان تێکشکاندنی ئیسلامی سیاسی لە میسر سەرچاوە و نوێنگەیەک دەبێ بۆ درێژەی شۆڕشی دەوڵەتانی دیکەی عەرەبی و ناوچە و دامرکاندنەوەی ئەو کوڵ و کەفە درۆزنە ئیسلامی‌یەی کە بە پارەی سعوودی و قەتەر و پشتیوانیی ئیمپریالیستەکان وەرێ خراوە .

بۆ زانیاری زیاتر لە ناوەڕۆکی دیموکراتیانەی ئیخوان‌الموسلمین کرتە لەسەر ئەم لینکە بکە :-

http://so.firatnews.com/news/jyhn/mwrsy-boe-mwh-y-mngykh-bry-ny-syy-lh-mysr-rgh-ynd.htm

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

 

لە لێدوانی ئاشتیخوازیەوە بۆ کردەوەی شەڕخوازی و ڕەشەکوژی ...جەلال چوارتایی

جەلال چوارتایی 25 January 2013

هیچ سەردەمێک هێندەی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئەردۆغان و حکومەتەکەی ئاکەپە تاوان و فریودان پیادە نەکراوە، هەر لە کۆمەڵکوژیەوە بگرە تا پڕکردنی زیندانەکان، هەر لە هێرشی سەربازیەوە بگرە تا ڕاوەدونانی پەڕلەمانتار و سیاسەتمەدارە کوردەکان .هەر کاتێکیش ئەم دەسەڵاتە شوومەی ئاکەپە ئامانجەکانی نەپێکابێت ئەوا هانای بردوە بۆ فریودانی کوردان لە ڕێگەی چەند گوتەیەکی هەمەڕەنگی وەک (کرانەوە بە ڕووی کورداندا، چارەسەرکردنی ئاشتیانەی دۆزی کورد، کۆتایهێنان بە فرمێسکی دایکان، هانابردن بۆ تاوتوێکردنی گرفتەکان لە پەڕلەمان، دواجاریش درێژەدان بە گوتوبێژ لەگەڵ ئیمراڵی ) .

لێ بەڵێ ؛ هەر کاتێک دەوڵەتی تورک هێرشی کردبێت و هێرشەکان لە بەرژەوەندیاندا بووبێت ئەوا هەندێک لایەنی بە ناو کوردیش بێدەنگیان هەڵبژاردووە، خۆ ئەگەر هێرشەکان بە تێک شکاندنی دەوڵەتی تورک کۆتایی هاتبێت و ژمارەیەک جەندرمەی تورک کوژرابن ئەوا پەتی بێ دەنگی ئەو لایەنە کوردیانەش پچڕاوە و بەر لە تورکەکان ئەوان سەرەخۆشیان لە کەسوکاری جەندرمە کوژراوەکان کردووە و لایەنی کوردیشیان شەرمەزار کردووە .لە پاش هەر تێک شکاندنێکیش خودی ئەردۆغان هانای بردووە بۆ فریودان و باسی لە ئاشتی کردووە، لەگەڵ هەر باسکردنێکی ئاشتیشدا ئەو لایەنە بەناو کوردیانە شایی و لۆغانیان بۆ گوتە بێ سەروبەرەکانی ئەردۆغان گرتووە و هەموو ڕاگەیاندنەکانی خۆیان خستۆتە خزمەتی دەوڵەتی تورکەوە بۆ بە ئاشتیخواز ناوهێنانی ئەردۆغان و دارودەستەکەی .

لە چەند مانگی ڕابردوودا شاهیدی کۆمەڵە پێشکەوتنێکی کەم وێنەی لایەنی کوردی بووین لە بەرامبەر سیاسەتە شەڕخوازیەکانی دەوڵەتی تورکدا، کە گرنگترینیان بریتی بوون لە سەرکەوتنە سەربازیەکانی هێزی گەریلا لە ناوچەکانی شەمزینان و مانگرتنە 68 ڕۆژیەکەی زیندانە سیاسیەکانی باکوری کوردستان و پێشکەوتنە شکۆدارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان .

 هەرچی دەوڵەتی تورک بوو هەموو هەوڵی خۆی خستە گەڕ بۆ ئاستەنگی سازکردن لە بەرامبەر ئەم پێشکەوتنانە، لە لایەکەوە باسیان لەوە دەکرد کە تەنها یەک کەس مانی لە خواردن گرتووە و لە لایەکی دیکەوە دەیانگوت ئەم کردەوانە خۆنواندنی پەکەکەیە، لە لایەکەوە لە ڕێی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقەوە سنورەکانیان بە ڕووی ڕۆژئاوادا دەگرت و لە لایەکی دیکەوە ئارتەشی (ئازاد)ی سوریایان لە دژی کوردانی ڕۆژئاوا هان دەدا .کاتێک تەواوی ئەم کردەوانە شکستی خوارد ئەو کات هانایان بۆ فریودانی کوردان برد بە ناوی کۆتایهێنان بە شەڕ و درێژەدان بە ئاشتی .

چ هانابردنێک بۆ ئاشتی و کام کۆتایهێنان بە شەڕ ؟

لە سەرەتای دەستپێکردنی ساڵی نوێدا "2013"دا جارێکی دیکە ئەردۆغان باسی لە زمانی دیالۆگ و هانابردن بۆ ئیمراڵی کرد، هێشتا گوتەکانی ئەردۆغان کۆتاییان نەهاتبوو کە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و لایەنە ئیسلامیەکان کەوتنە دووبارەکردنەوەی گوتەکانی ئەردۆغان و ئەو مرۆڤە کوردکوژەیان وەکو ئاشتیخواز پێناسە کرد .هەرچی کردەوە شەڕخوازیەکانی ئەردۆغانیشە بە هیچ کوردێک نامۆ نییە و هەمیشە باسی لە "یەک دەوڵەت، یەک نەتەوە، یەک ئاڵا" کردووە و تەنانەت زۆر جار ڕوو قایمانە و بێ شەرم گوتویەتی (ئەگەر لە باشووری ئافریقاش چادرێک هەبێت و ناوی کوردستانی لەسەر نوسرابێت ئەوا دەچین و دەیسوتێنین) .

هەر کاتێک ئەردۆغان و حکومەتەکەی بە گوتە باسیان لە ئاشتی کردبێت ئەوا بە کردەوە تەواو پێچەوانە جوڵاونەتەوە، ئەو کردەوەیەش بەرفراوانکردنی هێرشەکان و زیادکردنی کردەوە تیرۆریستیەکان بووە .ئەم جارەش کاتێک باسیان لە زمانی دیالۆگ و هانابردن بۆ ئیمراڵی کرد، یەکسەر بە دوای ئەم گوتەیەدا کۆمەڵکوژییەک لە شاری پاریس ئەنجام درا و سێ ژنی شۆڕشگێڕی کورد تیرۆر کران، یەکێک لەو ژنانە ساکینە جانسز"سارا" بوو کە یەکێک لە دامەزرێنەرانی پ‌ک‌ک بوو، هێشتا تەرمی ئەو سێ ژنە شۆڕشگێرە بە خاک نەسپێردرابوون کە هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆسەر قەندیل و باکووری کوردستان دەستی پێکرد، ئەنجامی ئەو هێرشانەش دەیان شەهیدی گەریلای لێکەوتەوە، هەر لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم هێرشانەشدا دڕندەکانی ئیخوان‌الموسلمین و ئارتەشی (ئازاد)ی سوریایان ئاودیوی شاری "سەرێ کانی" کرد و پشێویەکی زۆریان نایەوە لە ڕۆژئاوی کوردستان‌دا.

 هێرشەکانی "سەرێ کانی" لە کاتێکدا بوو کە کوردانی ڕۆژئاوا و هێزەکانی پەیەدە لە ئازادکردنی ناوچەکانی " ڕومێلان و گرزیرۆ "دا بوون لە بن دەستی ڕژێمە داگیرکەرەکەی بەعس‌دا، سەرسوڕمان ئەوەیە کە هەم تورکیا و هەم ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا باس لە کۆتایهێنانی بەعس و ئازادکردنی سوریا دەکەن لە دەستی بەشار ئەسەد، کەچی لە بەرامبەر ئازادکردنی "گرزیرۆ"دا هەردوو لایەن کەوتنە هاوکاریکردنی بەشار ئەسەد و هێرشی دڕندانەیان کردە سەر کوردانی ڕۆژئاوا لە " سەرێ کانی " .

لە نێوان "قەندیل" و "سەرێ کانی"دا :-

لە ساڵی 2011دا، کۆماری ئیسلامی ئێران هێرشێکی بەرفرەوانی کردە سەر کوردان و دەستپێکی هێرشەکەش بۆسەر قەندیل بوو، لە بەرامبەر ئەو هێرشەی کۆماری ئیسلامی‌دا هێزەکانی پژاک و گەریلاکانی "هەرەکە" بەرخۆدانێکی مەزنیان کرد و پاشەکشەیان بە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد .ئەو هێرشەی کرایە سەر قەندیل لە ڕاستیدا بۆسەر هەموو کوردان بوو بەڵام ئەوەی لەو کاتەدا "وەک هێزی سیاسی" خاوەن لە کوردان دەرکەوتوو لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا بەرخۆدانی کرد تەنها پژاک و گەریلاکانی "هەرەکە" بوون .هەرچەند لەو هێرشەدا دەیان گەریلای پژاک شەهید بوون کەچی هەندێک لایەنی ئۆردوگانشین بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و بەناوی کوردایەتیەوە کەوتنە هاوکاریکردنی کۆماری ئیسلامی و لە ڕاگەیاندنەکانیاندا چەندەها گوتەی بێ سەروبەریان بڵاوکردەوە وەک ( تێکدانی ئەمنیەتی کوردستان، زیاتر میلیتاریزەکردنی ڕۆژهەڵات، ئەم شەڕە تەنها لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامیدایە، سەرکەوتنی پژاک لە زەرەری کوردە، ...هتد ) .

ئێستاش لە ڕۆژئاوای کوردستان هێرشێکی هاوشێوەی قەندیل بۆ سەر شاری "سەرێ کانی" دەستی پێکردووە، لە ڕاستیدا ئەو هێرشە بۆسەر هەموو کوردانە و سەرەتاکەی لە "سەرێ کانی"یەوە دەستی پێکردووە، ئەوەی لەم کاتەدا "وەک هێزی سیاسی" خاوەن لە کوردانی ڕۆژئاوا دەرکەوتووە و بەرخۆدان دەکات تەنها پەیەدە و گەریلاکانی "یەپەگە"ن، هەرچەند لە هێرشی "سەرێ کانی"دا دەیان کەسی سڤیل و گەریلای "یەپەگە" شەهید بوون کەچی هەندێک لایەنی بەناو کوردیش لەژێر دەمامکی کوردایەتیدا ڕاستەوخۆ بوونەتە چاوساخی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا و هەرچی کردەوەی نابەجێ‌یە ئەنجامی دەدەن .

کاتێک لەو لایەنە کوردیانە دەڕوانین کە لە کاتی هێرشەکەی سەر قەندیل‌دا ناڕاستەوخۆ کەوتبوونە خزمەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە پژاک و بەراوردیان بکەین بەو لایەنە کوردیانەی کە ئیمڕۆ لە هێرشی"سەرێ کانی"دا ڕاستەوخۆ کەوتوونەتە خزمەتی دەوڵەتی تورک و ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا دژ بە پەیەدە، ئەوا سێ خاڵی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە :-

1- سەرجەم ئەو لایەنانە نیشتەجێی باشووری کوردستانن .ئەمە لە کاتێکدایە کە باشووری کوردستان ئارامترین جێگەیە بۆ دەزگا هەواڵگریەکانی تەواوی داگیرکەران و ئەم دەزگا هەواڵگریانەش زۆر چالاکن لە باشووردا .

2- سەرجەم ئەو لایەنانەی کە لە کاتی هێرشی داگیرکەراندا دەکەونە دژایەتیکردنی پژاک و پەیەدە و پ‌ک‌ک بریتین لەو لایەنانەی کە لە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقەوە نزیکن .ئاشکراشە کە لایەنی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بۆتە پارێزەری هەموو ئەنفالکەر و کۆنە بەعسی‌یەکان .

3- سەرجەم ئەو لایەنانە موچە و جیڕە لە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق وەردەگرن .ئەوە لە کاتێکدایە کە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقیش لە ڕابردوودا موچە و جیڕەی لە ئێران و تورکیا وەردەگرت و لە بەرامبەردا شەڕی کوردانی ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستانی دەکرد .

بەڵام، بەڵام، بەڵام :-

بەڵام ئەوەی جێگەی گومانە، لێدوان و کردەوەکانی ئەردۆغانە کە بۆتە وێردی سەر زاری هەندێک لایەنی کوردی .چونکە وەک لە سەرەتاوە ئاماژەم پێکرد هەر کاتێک ئەردۆغان باسی لە ئاشتی کردبێت ئەوا بە کردەوە درێژەی بە هێرش و ڕەشەکوژی داوە .ئەم جارەش کە باسی لە درێژەدان بە وتووێژەکانی ئیمراڵی‌ کرد یەکسەر بە دوای ئەو باسەدا سێ ژنی تێکۆشەری کورد شەهید دەکرێن و هێرشەکانی سەر قەندیل و باکووری کوردستان پەرە دەستێنن و چەتەکانی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریاش ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان و شاری "سەرێ کانی" دەکرێن بۆ کوشتنی کوردان .کەچی ڕێک لە کاتێکی وەهادا ڕاگەیاندنەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق دەکەونە خزمەتی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک و لایەنە مووچە خۆرەکانیشیان دەبنە چاوساخی ئیخوان الموسلمین و ڕاستەوخۆ دەکەونە شەڕی کوردان لە "سەرێ کانی".

وەک چۆن هێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی سەر قەندیل و باکووری کوردستان بە فەرمانی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک بەڕێوە بران، بە هەمان شێوە هیچ گومانێکم لەوەدا نییە کە تیرۆری ئەو سێ ژنە شۆڕشگێڕە و هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستانیش کردەوەی ئاکەپە و دەوڵەتی تورکە بە کەمێک جیاوازیەوە، ئەو جیاوازیەش ئەوەیە کە هێرشەکانی سەر قەندیل و باکووری کوردستان تەنها لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجام دران، بەڵام تیرۆری سێ ژنی کورد و هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان بە هاوکاری دەزگا هەواڵگریەکانی جیهانی ئەنجام دراوە و لە سەروی هەمووشیانەوە دەزگا هەواڵگریەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و فەڕەنسا .مەخابن هەر کاتێک هێرشی داگیرکەران ئەنجام دەدرێت، ڕێک لە کاتی هێرشەکەدا هەندێک لایەنیش لە ژێر ناوی کوردایەتیدا جێگە لەو هێرشەدا دەگرن و تەواوی ڕاگەیاندنەکانیان دەخەنە خزمەتی داگیرکەران .

تا ئەو کاتەی کورد لە خەبات و بەرخۆداندا بێت ئەوا کەسانێکیش دەبن کە بکەونە خزمەتی داگیرکەران و لە بەرامبەر بەرخۆدانی نەتەوەکەماندا بوەستنەوە، بەڵام مەترسیدارترین ئەو کەسە بەکرێگیراوانە ئەوانەن کە سوود لە ووشەی " کوردایەتی" وەردەگرن بۆ ڕەوایەتیدان بە کردەوەکانیان .ئاشکراکردن و لە قاودانی ئەو بەکرێگیراوانەش ئەرکی سەر شانی ڕۆشنبیرانە، چونکە چەندی جیاوازی فکریش هەبێت ئەوا نابێت ئەو جیاوازیە فکریانە ببنە هۆی ئەوەی کە داگیرکەر لە لایەنێکی کوردی بە باشتر بزانرێت، بەڵام جێگەی داخە کە ئەو لایەنانەی لە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقەوە نزیکن هەمیشە داگیرکەریان لە لایەنە کوردیە بیرجیاوازەکانیان بە باشتر زانیوە .

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

قوربانییەکی تاوانبارکراو ...جەلال چوارتایی

جەلال چوارتایی 13 January 2013

رۆژی چوارشه‌ممە ڕێکەوتی 09/01/2013 بە یەکێک لە ڕۆژە تراژیدیەکان دادەنرێت لە دیرۆکی کورداندا، لەو ڕۆژەدا دەستی دوژمنان بە خوێکی سێ ژنە تێکۆشەری کورد ( سەکینە جانسز"سارا" – فیدان دۆغان"ڕۆژبین" - لەیلا سۆیلەمز"ڕۆناهی") ڕەنگین کرا، دڵتەزێنی ئەم ڕووداوە هاوشێوەی دڵتەزێنی تەواوی ئەو کۆمەڵکوژیانەی ڕابردووە کە نەتەوەکەمان دووچاری هاتووە بە دەستی داگیرکەران و دوژمنانەوە .

گومان لەوەدا نییە کە دوژمنان ناتوانن بەبێ هاوکاری دەزگایەکی هەواڵگری نێونەتەوەیی تراژیدیایەکی وەها مەزن ئەنجام بدەن لە پایتەختێکی ئەوروپی وەکو پاریس‌دا، وەکو چۆن لە ڕابردووشدا بە هاوکاری دەزگا هەواڵگریە نێونەتەوەیەکان توانرا بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان ڕادەستی سەرسەختترین دوژمنی نەتەوەکەمان بکرێتەوە و دکتۆر قاسملوش بخرێتە داوی کۆمەڵە ڕەشەکوژێک لەسەر مێزی وتووێژ .

بۆچی لەم کاتەدا ئەم تراژیدیایە ؟

هەر کاتێک کوردان هەنگاوێک پێش دەکەون و چارەسەریەکان ڕوو لە ئاسانی دەکەن ڕێک لەو کاتەدا پیلانەکانیش ڕوو لە زیادی دەکەن، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە بەرژەوەندی هێزە ئیمپریالیستیەکان لە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکەدا نییە و هەمیشە هەوڵی زیاتر ئاڵۆزکردنی ڕەوشەکە دەدەن .

 بۆ نموونە لە ساڵی 2003دا، کاتێک عێراق داگیرکرا و هیچ ئاستەنگیەک لەسەر ڕێگەی کوردان نەما بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، ڕێک لەو کاتەدا ویستی هێزە ئیمپریالیستیەکان ئەوە بوو کە هەم بە دەستی سەرانی کورد"بازرگانانی خوێن" هەوڵی سازدانەوەی ماڵی داگیرکەر بدەن و هەم لە ڕێگەی ئەقڵیەتی کۆنەپەرستانەی عەرەبی‌یەوە هەوڵی پاکتاوکردنی نەژادی کوردان بدەن لە پارێزگاکانی "نەینەوا و کەرکوک و دیالە و بەغدا"، ئەم پاکتاوکاریە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرا کە عێراق خۆی داگیرکراو بوو و هیچ تروسکاییەکی ڕزگاریش بۆ ئەو عەقڵیەتە کۆنەپەرستی‌یەی عەرەبی لە ئارادا نەبوو .

 لە سوریای ئیمڕۆشدا ئیخوان الموسلمینی بەگرێگیراو و ئارتەشە بەناو ئازادەکەیان کە هەر پەلەیان بە دەست هێزێکی دەرەکیەوەیە و ڕۆژانەش دووچاری ڕاونان و شپرزەیی دەبن بە دەست ڕژێمە دیکتاتۆرەکەی ئەسەدەوە کەچی بۆ مەرامی هێزە ئیمپریالیستیەکان بۆ یەک چرکە سات چاو لە ڕشتنی خوێنی کوردان لانادەن و ڕۆژانە هێرش دەکەنە سەر کوردان و تیرۆرکردنی کوردانیان کردۆتە سونەتی ژیان .

ئێستاش لە پاش مانگرتنە 68 ڕۆژیەکەی زیندانیە سیاسیەکانی باکووری کوردستان لە لایەک و سەرکەوتنە کەم وێنەکانی گەریلا لە ناوچەکانی شەمزینان لە لایەکی دیکەوە، دوژمن ناچارکرا کە ڕێگەی ئیمراڵی بگرێتە بەر بۆ هەنگاونان بەرەو چارەسەری، کەچی ڕێک لە کاتێکی وەهادا کۆمەڵکوژی پاریس ئەنجام دەدرێت .کە هیچ گومانم لەوەدا نیە ئەم کۆمەڵکوژییە بە دەستی داگیرکەران و ویستی هێزە ئیمپریالیستیەکان بووە بۆ زیاتر ئاڵۆزکردنی ڕەوشەکە .

دووبارە بوونەوەی مێژوو :-

میکاڤیلی دەڵێت [ بۆ سەرکەوتنی پیلانەکەت، تاوانەکانی خۆت بخە ئەستۆی دوژمنەکەت ] .

لە 27/2/ 1995دا بە پیلانێکی لە پێشدا ئامادەکراو کۆمەڵکوژیەک لە شاری زاخۆ ئەنجامدرا لە ڕێگەی بۆمبی چێنراوەوە، ئەوەی لەو کۆمەڵکوژیەدا کرایە ئامانج "سندی"یە زەحمەتکێشەکانی شاری زاخۆ بوون "کە نەیاری تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بوون"، کەچی یەک سەعات بەسەر کۆمەڵکوژیەکەدا دەرباز نەببوو کە ڕاگەیاندنەکانی تورکیا و پارتی بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک تاوانەکەیان خستە ئەستۆی سندیەکان (واتە قوربانی ئەو ڕووداوە سندیەکان بوون و ئەوەی تاوانباریش کرا بەو ڕووداوە هەر سندیەکان بوون)، بەهۆی ئەو تاوانبارکردنەشەوە سەدان سڤیلی دیکەی سندیەکان کرانە ئامانج و لەلایەن تورکیا و پارتیەوە گیران و کۆمەڵکوژ کران، تاوانبارکردنەکەش بە دروستکردنی شانۆگەریەک بوو (بە هێنانە سەر تەلەفزیۆنی دوو کەس کە هەردووکیان پاراستنی پارتی بوون و ڕایانگەیاند کە ئەوان ئەو تاوانەیان ئەنجام داوە)، ئەو دوو کەسەش لە جیاتی ئەوەی بگیرێن و بدرێنە دادگا کەچی لە لایەن خودی بارزانیەوە ڕەوانەی وڵاتی کەنەدا کران .پاش ماوەیەک دەرکەوت کە ئەوەی ئەو کۆمەڵکوژیەی ئەنجامداوە خودی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بوو بە هاوکاری میتی تورک، هەم بۆ کوشتنی سندیە نەیارەکانیان و هەم بۆ ناشیرینکردن و تۆمەتبارکردنیشیان .

ئێستاش بە تیرۆرکردنی ئەو سێ ژنە شۆڕشگێڕە تراژیدیایەکی هێجگار مەزن ئەنجام دراوە دژ بە تەواوی نەتەوەی کورد و شۆڕشە ئازادیخوازیەکەی، کەچی سەرسوڕمان ئەوەیە کە یەک سەعات بەسەر تراژیدیەکەدا دەرباز نەببوو کە راگەیاندنەکانی دەولەتی تورک بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک تاوانەکەیان خستە ئەستۆی پارتی کرێکارانی کوردستان و ژمارەیەک ڕاگەیاندنی ئەوروپی و کۆمەڵێک کوردی کاسەلێس و نۆکەر سیفەتیش هەمان ڕاگەیاندنیان وەک خۆی دووبارە کردەوە (واتە ئەوەی کرایە ئامانج پ‌ک‌ک بوو، ئەوەی هەوڵی تاوانبارکردن و ناوزڕاندنیشی دەدرێت هەر پەکەکەیە) .

لێرەدا گلەیی و گازندە لە داگیرکەر و هێزە ئیمپریالیستیەکان ناکرێت جونکە ئەوانە ئاشکران کە چ پیلانێکی کوشندە و ژەهراویان لەژێر سەردایە دژ بە نەتەوەی کورد و پارتی کرێکارانی کوردستان، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە ئەو کۆمەڵە کوردە خۆفرۆش و نیشتیمانفرۆشەیە کە تووتی ئاسا لێدوانەکانی دوژمنان دووبارە دەکەنەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک، زۆربەی ئەو کوردە خۆفرۆشانەش لەلایەن هێزە ئیسلامیە کۆنەپەرستەکانی وەک یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامیەوە گۆش دەکرێن و دەخرێنە خزمەتی داگیرکەران .

سەرنج و تێبینی :-

نووسەری ئەم بابەتە هیچ دژایەتیەکی لەگەڵ هیچ ئاین و مەزهەبێکدا نییە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە لە هەموو نەتەوە مسوڵمانەکاندا هێزە ئیسلامیەکان دەکەونە خزمەتی نەتەوەکەیان و ئاینیش وەکو وەسیلەیەک بەکار دەهێنن بۆ ئامانجە نەتەوایەتیەکانیان، کەچی لە کۆمەڵگای کوردەواریدا ڕێک ڕەوشەکە پێچەوانەیە، واتە هێزە ئیسلامیە بەناو کوردیەکان هەمیشە هەوڵیان داوە کە کورد بکەنە وەسیلەیەک و بیانخەنە خزمەتی داگیرکەرانەوە .

تا ئەو ڕۆژەی سەدام و حیزبی بەعس برەویان هەبوو ئەوا کێشی فایلی هەر یەک لە سەرکردەکانی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی لە کێشی خودی خۆیان زیاتر بوو، لە دوای گۆڕکرانی سەدام و بەعسیەکانیش قیبلەی ئەم سەرکردە فایلدارانە لە بەغداوە گۆڕدرا بۆ تاران و بە پۆل پێشمەرگەی لایەنە ڕۆژهەلاتیەکانیان ڕادەستی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکردەوە بۆ بەر پەتی سێدارە، ئێستاش بەهۆی دابڕانی کۆماری ئیسلامی لە جیهان قیبلەی لایەنە ئیسلامیە بەناو کوردیەکان لە تارانەوە گۆڕدراوە بۆ ئەنقەرە و دەوحە .لە کاتێکدا لە هیچ کەسێک شاراوە نییە کە دەوڵەتی تورک و دەوڵەتە خلیجیەکان چ داردەستێکی ئەمریکا و هێزە ئیمپریالیستیەکانن .

بۆ زانیاری زیاتر کرتە لەسەر ئەم لینکانەی خوارەوە بکە :-

http://rudaw.net/kurdish/index.php?news=19890

http://www.youtube.com/watch?v=MQrubXmM6SY

http://so.firatnews.com/index.php?rupel=nuce&nuceID=10128

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

Page 2 of 2

  • 1
  • 2
© kurdistan Net 2026

میوانی سەرخەت

We have 264 guests and no members online

  • گەڕان
  • العربیة
  • گۆشه‌کان
    • ڕاپۆرت
    • به‌دواداچوون
    • ئه‌ده‌ب و هونده‌ر
    • دیمانـــــــــه‌
    • پارت و ڕێکخراوه‌کان
    • هه‌واڵ
    • کاریکاتێر
    • کامپین
    • پرسه‌کان
    • هه‌مه‌ڕه‌نگ
    • بابه‌تی به‌رجه‌سته‌کراو
    • هۆنراوە
    • تەواوی بابەتەکانی ٢٠١٣
  • په‌یوه‌ندی
  • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ری دیکه‌
  • ژنە نووسەرەکان
  • ماڵەوە