مێژوویەکی ئافرەتان ...ئەحمەد میراودەلی - به‌شی سێهه‌م
ده‌وڵه‌ت و جێنده‌ر
پڕۆسەی گۆڕانکاریی گوندە پرش و بڵاوەکانی سەردەمی کۆتایی دوا چاخی بەردین بۆ کۆمەڵگەی کشتوکاڵکارە و ژیانی شار و دواتر دامەزراندنی دەوڵەت بریتییە لە شۆڕشی شارستێنی، بەواتای، سەرهەڵدانی شارستێنیێتی.ئەو پڕۆسەیەش لە جیهاندا لەشوێن و لە کاتی جیاوازدا هاتۆتە گۆڕێ.وەکو دەرکەوتووە کۆنترین شارستێن ئەوانەی رووخەکانی دەریای چین، نێوان دوو ئاوان/ مێزۆپۆتێمیا، میسر، هیندستان، میزۆئەمەریکا'' ئینکا و مایا'' و دواتریش لە باکووری ئەوروپا، مالایزیا و ئافریکا.ئەوەش زانراوە کە ئەگەر نەڵێین هەموویان ئەوا پێش سەرهەڵدانی زۆربەی زۆریان، خاوەنداریێتی تایبەت، چین و توێژ و رێکخراوەی هێڕاڕکی/ بەرپرسیاریێتی لەسەرەوە بۆ خوارەوە، ئەزموونگەری بەرهەمهێنان هەبووە و بازرگانی لەگەڵ نێوچەی دووردا رێکخراوە، هەروەها کۆمەڵی میلیتار، خزماێتی، سیستێمی کۆیلایێتی و پاتریارکی لە خێزاندا بووەتە باو.لە هەموو ئەو دەوڵەتانەشدا گۆڕانکارییەکی گرنگ لە پێگەی ئافرەت لە کۆمەڵگەکاندا روویداوە، ژێردەستەیی ئافرەت لەناو خێزاندا چەسپیوە و یاسای بۆ داڕێژراوە.کاری سۆزانیێتی جێگیر بووە و رێکخراوە، لەگەڵ پێشکەوتنی ئەزموونگەریی لە پیشەدا ئافرەتان وردە وردە لە هێندێک کار و کاسبی دوورخراونەتەوە.لەدوای داهێنانی نووسین و جێگیربوونی خوێندن، ئافرەت وەک پیاو هەلی فێربوونی خوێندنی بۆ نەڕەخساوە.لە ئاینیشدا خودا مێیینەکان بوونەتە ژێردەستەی گەورە خودا نێرەکان.
زۆربەی بیریارییەکان سەرهەڵدانی دەوڵەتە کۆنەکان دەگێڕنەوە بۆ تاکە هۆکارێک، وەک کۆمەڵبوونی سەرمایە کە بووەتە ئەنجامی درووستبوونی چینی تایبەت و زۆرانبازیی نێوانیان، وه‌ک'' مارکس و ئینگلس/ ئینجلس'' ده‌ڵێن، یان سەرهەڵدانی چینێکی بیڕۆکراتی بەهێز وەک'' ویتفۆگڵ'' دەڵێت، بە بڕوای'' کاڕنیرۆ'' ش زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و پەستێوی ئەو زیادبوونە کە دەبێتە پەیدابوونی میلیتاریزم'' هۆکاری سەرەکییە.هەموو ئەو بیریارییانەش رەخنەیان لێ گیراوە و تیۆری تێکەڵ و ئاڵۆزتر جێیان گرتوونەوە و درووستبوونی دەوڵەت دەگێڕنەوە بۆ چەند جۆرە هۆکارێک'' رۆبێرت مک ئادەم Robert Mc Adam '' بە نموونە.لەکاتێکدائەم تیۆرییە نوێیانە گرنگی هۆکاری دەورووبەر و تەکنۆلۆجیا بە گرنگ دەزانن بەڵام گۆڕانکاری لە رێکخستنەوەی کۆمەڵگەدا بە گرنگترینیان دادەنێن.بە بڕوای ئەوان چڕکردنەوەی کشتوکاڵ و کارامەیی لە بوارە جیوازەکانیدا بووەتە هۆی پەیداکردنی بەرهەمێکی بەردەوام و زیادەش، ئەویش بەدەوری خۆی بووەتە هۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و ئەوجا سەرپەرشتکاریی دابەشکردنی خۆراک کە لە سەرەتاوە لەدەست کڵێسە'' دەسەڵاتە ئاینییەکان'' دا بووە، ئەوەش لە رێی خۆیەوە بووەتە هۆی پەیداکردنی دەسەڵاتێکی تایبەت و توێژێکی دەوڵەمەند.درووستبوونی ئەو توێژە نوێیە رێگە خۆشکەر بووە بۆ گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا، بە واتایەکی دیکە گۆڕانکاری لە پێوەندی خزم و خوێنەوە بۆ پێوەندی چیناێتی لە کۆمەڵگەدا.بە بڕوای ئەوان.ئەو گۆڕانکارییە.گۆڕانکاریی لە پێوەندی خزماێتییەوە بۆ پێوەندی چیناێتی لە شیرازە و هه‌كه‌وته‌ی کۆمەڵگەدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە لە مێژووی ئافرەتاندا.بە بڕوای مرۆڤ ناس'' راینە راپ'' لە دژەکاریی نێوان بەرەی خزم و کەسوکار و ئیلیتە/ توێژە نوێکەدا، بەرەی خزم و خوێن، دۆڕاوێکی گەورەبووە لە بنیاتنانی شارستێنیدا.
(لە کۆمەڵگەکانی پێش دەوڵەتدا، هەموو بەرهەمهێنانی کۆمەڵگەکە لە رێگەی خزمانەوە رێکدەخرا.کە دەوڵەت وردە وردە سەریهەڵدا، پێکهاتەی خزماێتی داماڵدرا و ناچارکرا گوێڕایەڵی دەستەیەکی خاوەن دەسەڵاتێکی رەوا و زێدە دەسەڵاتدارتر و سیاسی بێت...........ئافرەتانیش لەو رێگەیەوە بوونە ژێردەستە.) ........گێڕدا لێرنەر ل55.
لێرەدا؛ لە باسی دەوڵەت و جێندەردا، هەوڵدەدەین بزانین چۆن ئەو گۆڕانکارییانە روویانداوە و بۆ ئەو شێوازەی وەرگرتووە.دیارە پێشەکی دەبێ ئەوە بزانین کە گۆڕانکارییەکان ئاسان نەبوون و لە ماوەیەکی کەمیشدا روویان نەداوە، بەڵکو لەشوێن و کاتی جیاوازدا و، خێرایی و رەنگە چٶنیێتیەکەشیان جیاواز بووبێت.
دەوڵەت چییە؟
له پێناسه‌یه‌کی ساده‌دا، ده‌توانین بڵێین؛ میریی ناوچه‌یه‌کی سنوورداره که کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک تێیدا، خوێن، زمان، ئاین، یان هه‌رسێکیان پێکییه‌وه به‌ستوون.میری له‌سه‌ر بنه‌مای خاوه‌نداریێتی تایبه‌ت سه‌ری هه‌ڵداوه.که‌سێک یان رێکخراوه‌یه‌ک، جاڕی خاوه‌نداریێتی ناوچه‌یه‌ک و دانیشتوانی ده‌دات، ره‌نگه خه‌ڵکه‌که‌ش خوێن و نه‌ریت و ئاین و زمانی هاوبه‌شیان هه‌بێت.وه‌لێ ئه‌وه مه‌رج نییه، وه‌ک ده‌زانین هه‌زاران نه‌ته‌وه هه‌ن به‌ڵام ژماره‌ی ده‌وڵه‌تان له سێسه‌ت تێناپه‌ڕێت.زۆربه‌ی میرییه‌کان؛ ده‌زگایه‌کن له‌ژێر دێوجامه‌ی خه‌ڵکدا خۆیان شاردۆته‌وه و ئابلوقه‌ی خه‌ڵکێکی جیاواز له رووی ئاینی و ئێتنی و نه‌ریته‌وه داوه و له‌لایه‌ن تویژاڵیکه‌وه به‌ڕیوه‌ده‌چێ که، یه‌کگرتنی خه‌ڵکه‌که به‌زۆره‌ملێ ده‌سه‌پێنێ و پێوه‌ندیی هاو وڵاتیبون/ ناشناڵیێتی به‌سه‌ر پێوه‌ندی خێزان و خوێندا زاڵده‌کات.جگه له‌وانه‌ش، یاسا و زمانێکی تایبه‌تیش ده‌سه‌پێنێ.
ده‌وڵه‌ت هه‌تا نزیکه‌ی پێنج هه‌زارساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ئارادا نه‌بووه.ئه‌وجا له‌به‌رئه‌وه‌ی پێش داهێنانی نوسین هاتۆته‌کایه‌وه، زانیاری ده‌رباره‌ی چۆنیێتی هاتنه‌کایه‌یه‌وه ته‌مومژاوییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش، ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ماوده‌م داکه‌وتوون و دواتر تۆمارکراون، زۆر بایه‌خدارن.له‌وانه‌یه ئه‌وکه‌سانه‌ی له سه‌ره‌تای سه‌رده‌می دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تدا ژیاون، هه‌ستێکی ئه‌وتۆیان به وه‌رچه‌رخان و گۆڕانکارییه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگه‌که‌یان نه‌کردبێ، به‌ڵام سه‌رگورشته‌ی زۆرینه‌ی کولتووره‌کان باسی پێکدادانێکی گه‌وره‌ی نێوان هێزی نێر و مێ ده‌که‌ن.له‌و سه‌رگورشتانه‌دا، هه‌میشه نێرینه ده‌یباته‌وه و زامه‌کانی ساڕ‌ێژ ده‌کا، وه‌لێ ساڕێژکردنی زامێکی نادیار.هه‌موو هونه‌ر و لیتێراتووره دێرینه‌کانیش، بۆ پاساودانەوەی ئه‌و سه‌رکه‌وتن و خۆ رزگارکردنانه‌ی نێرینه داڕێژراون.لێره‌دا ئه‌و پرسیارانه دێنه گۆڕێ، ئا‌یا له‌سه‌رده‌مێکدا پیاوان کۆیله‌ی ئافرەتان بوون؟ ئا یا مێسالاری بوونی هه‌بووه وه‌ک پیاوسالاری ئێستا؟ یان زامێکی ده‌روونی پیاوان ئه‌و سه‌رگورشتانه‌ی هه‌ڵبه‌ستووه؟ هێندێک لیتێراتوور و هونه‌ریش ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ده‌که‌ن که، حوکمڕانی سه‌رده‌مێک، ئابڕووی حوکمڕان و هونه‌ری پێش سه‌رده‌می خۆی بردووه، ده‌بێ ئه‌وه بزانین که، ئه‌و فه‌رهه‌نگه دێرینانه‌ی وه‌به‌ر ده‌ست که‌وتوون، زۆر به‌زیاده‌وه باسی سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆیان ده‌که‌ن.خۆ ئێستاش هه‌ر وه‌هایه، هه‌ر رێژیمێک دێ حه‌یاو نامووسی ئه‌وی پێش خۆی ده‌با و خۆی به جوانترین شێوه ده‌خاته پێش چاوان.
وه‌ک مرۆڤ، ده‌وڵه‌تیش کۆتایی ژیانی هه‌یه.زۆر ده‌وڵه‌ت له سه‌رده‌مانێکدا له ئارادابوون، ئێستا زۆربه‌ی خه‌ڵکی هه‌ر ناویشیان نه‌بیستوون، بۆ نموونه، ئۆگاریت و بایبڵۆس.وڵاتی به‌هێزی وه‌ک ئاسوور، یان خاوه‌ن کولتووری شارستانیێتی وه‌ک'' ئه‌سین'' هه‌ریه‌که و له‌سه‌رده‌مێکدا له‌ڕووی زه‌مین ئاوابوون.لێ ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی له‌وسه‌رده‌مانه‌دا ژیاون ئاگاداری ئه‌وه نه‌بوون.
له‌م به‌شه‌دا که باسی جێنده‌ره له‌سه‌رده‌می ده‌وڵه‌ت و شارستێنە دێرینه‌کاندا.تێڕوانین بۆ ده‌وڵه‌ت له‌یه‌کدوو، گۆشه‌نیگای جیاوازه‌وه، به پێویست ده‌زانم.
گڕاهام کۆننا: ده‌وڵه‌ت وه‌ک کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی خاون چینایه‌تی باسده‌کا که، ڕێکخراوه ده‌وڵه‌تییه‌کان، کۆنتڕۆڵی به‌رهه‌مهێنان، یان سه‌رچاوه سه‌ره‌کییه‌کان و مرۆڤه‌کانی ئه‌وکۆمه‌ڵگه‌یه ده‌که‌ن، هه‌میشه یه‌که‌مین مه‌به‌ستی حوکمڕانه‌کانیش، مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یانه نه‌ک خێروخۆشی هاو وڵاتیانیان.(ئه‌م شێوه ده‌وڵه‌ته زیاتر له ده‌وڵه‌تێکی دیکتاتۆری ده‌چێت.....نووسه‌ر)
مێژوو ناسان: ده‌وڵه‌ت وه‌ک کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ده‌ناسن که، داموده‌زگا/ ئینستیتووتی ده‌وڵه‌تی نێوه‌ندی''مه‌رکه‌زی'' و رێکخراوی خاوه‌ن پێشه‌ی جیاوازی هه‌بێت.
جگە لەو بڕوایانەی پێشتر باسمان کرد دەربارەی سەرهەڵدانی دەوڵەت، هێندێک وای بۆده‌چن گوایه ده‌وڵه‌ت له‌ئه‌نجامی پێکدادانی چینه ناهاوتاکانی نێو کۆمه‌ڵگه‌دا هاتبێته کایه‌وه و به‌سه‌رکه‌وتنی لایه‌نێک شکاوه‌ته‌وه و بۆته حوکمڕان.بێگومان ئه‌و کۆمه‌ڵه سه‌رکه‌وتووه ده‌بێ زۆردار بووبێ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌نده‌کانی خۆی بپارێزێ.هێندێکیش له‌وبڕوایه‌دان که ده‌وڵه‌ت، له ئه‌نجامی بڕیاری یه‌کگرتنێکی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی چه‌ند گرووپێکدا بووبێ له ژێر ده‌سه‌ڵاتێکدا، بۆ وه‌ده‌ستهێنانی سوودی ئابووری و سه‌ربازی.
هه‌تا ئێستا لێکۆڵینه‌وکان وایان ده‌رخستووه ده‌وڵه‌ت بۆ یه‌که‌م جار، له میسڕ یان له خاکی نێو دووئاوان ''مێزوپۆتێمیا'' سه‌ری هه‌ڵدابێ.لێ به‌داخه‌وه چۆنیێتی سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌ت له‌و وڵاتانه‌دا ئاشکرانییه.ئه‌وه‌ی زیاتر ئاشکرایه و لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ره، سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌تی'' ئینکا'' یه له نێو چیاکانی وڵاتی'' پێڕوو'' دا له باشووری کیشوه‌ری ئه‌مه‌ریکا.شایانه ئاماژه بۆ ئه‌وه بکه‌ین که سه‌رهه‌ڵدانی ئیمپڕاتۆریای ئینکا، لاساییکردنه‌وه‌ی هیچ ده‌وڵه‌تێکی دیکە نییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ناوچه‌یه‌کی ته‌واو دابڕاو له باقیمه‌ندی دنیادا سه‌ری هه‌ڵداوه.هه‌رچه‌نده چۆنیێتیی سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌ت ئاشکرا نییه وه‌لێ لێکدانه‌وه‌ی لۆجیکانه‌ی بۆ کراوه.به‌پێی ئه‌و لێکدانه‌وانه، کاتێک خه‌ڵکی ده‌ستیانداوه‌ته به‌رهه‌مهێنانی خۆراک و گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی که زیاده‌که‌ی که‌ندوو/ دابکەن، ژماره‌ی مرۆڤ زۆر به زوویی زیادی کردووه، له نێوان ساڵانی'' 8000 تا 3000 '' پێش سه‌رده‌مدا، ژماره‌ی مرۆڤ له 6 ملیۆنه‌وه گه‌یشتۆته 50 ملیۆن و خه‌ڵکانێک له نێو شاراندا ژیاون که سه‌رژمێریان ده هه‌زار و په‌نجا هه‌زار بووه.له شاره‌کاندا خه‌ڵکی کۆمه‌ڵێک بیر و ستڕوکتووری نوێی داهێناوه که دواتر ناوی نراوه شارستێنیێتی civilization که له وشه‌ی سیڤیتاس'' civitas '' ی لاتینی به مانای '' شار'' وه‌رگیراوه.خه‌سڵه‌ته‌کانی شارستێنیێتی به‌شێوه‌یه‌کی گشتیی بریتین له: داکردنی خۆراک، سه‌رهه‌ڵدانی توێژاڵی ئاینکار، ده‌سه‌ڵاتێکی نێوه‌ندیی، شاره‌زایان له‌بواری جیاوازدا، سه‌رهه‌ڵدانی چینی جیاواز، په‌ره‌سه‌ندنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، بلاوبوونه‌وه‌ی نووسین، سه‌پاندنی باج و خه‌راج به‌سه‌ر جووتیاراندا، پێکهێنانی سوپا، ده‌زگای کاری سۆشالی و زیادبوونی ناهاوتایی نێوان جێنده‌ر - نێر و مێ.
زۆر به جێی خۆی ده‌زانم ئاماژه بۆ ئه‌وه بکه‌م که مشتومڕێک له نێو مێژوونووسانی رۆژئاوییدا له‌سه‌ر وشه‌ی شارستانیێتی، په‌یدا بوو و ئێستا زۆرێکیان خۆیان له‌و وشه‌یه لاده‌ده‌ن و له‌جیاتی ئه‌وه زاراوه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی ئاڵۆز'' complex society '' به‌کار ده‌هێنن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له سه‌رده‌می کۆلۆنیالیزمی تازه‌دا مێژوونووسه‌کان زاراوه‌ی ناشارستێن'' uncivilized '' یان به‌کار ده‌هێنا بۆ جیاکردنه‌وه‌ی کۆلۆنییه‌کان له‌خۆیان.جگه له‌وه‌ش ئه‌مڕۆ بۆچوونی جیاواز ده‌رباره‌ی شارستێنیێتی له ئارادایه.سه‌رده‌مانێک بڕوا وه‌هابوو که شارستانیێتی بریتیه له سه‌رکه‌وتنی مرۆڤ به‌سه‌ر سروشته دڕنده‌ییه‌که‌یدا.ئێستا زۆر که‌س ده‌پرسێ، ئه‌گه‌ر مرۆڤی شارستێن له مرۆڤی‌سه‌رده‌می ژیانی چنینه‌وه و کۆکردنه‌وه‌ی خۆراک و راوکردندا، به‌تایبه‌تیش له ئاستی نایه‌کسانی سۆشیالی و ئه‌و هه‌موو جه‌نگ به‌رپاکردنه‌دا دڕنده‌تربێت، هیچی له‌و باشتر نییه، ئیدی شارستێنیێتی چ مانایه‌ک ده‌به‌خشێ؟
ئه‌وه‌ی هه‌تا ئێستا ئاشکرایه، ژیانی شار له نزیکه‌ی 3500 ی پێش سه‌رده‌م له گوێ روباره‌کانی ده‌چڵه/ دیجلە و فوڕات و نیل و هه‌روه‌ها له دۆڵه‌کانی پاکستانی ئێستا و دواتریش له گوێی روباری هوانگ له چین و زۆر دواتر له کیشوه‌ری ئه‌مه‌ریکاش له مه‌کسیک له ساڵی 1300 ی پێش سه‌رده‌م ده‌ستی پێکردووه.
ده‌وڵه‌تی ئینکا و جێنده‌ر 1
کۆمه‌ڵگه‌ی'' ئا‌ندیان'' ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ی وه‌ک ئینکا ناوبانگی ده‌رچووه و شارستانیێتێکی ئاڵۆز'' complex'' ی له چیاکانی وڵاتی پێروو دا پێکه‌وه ناوه و به‌ناوبانگیش بووه بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندی زێڕ و هونه‌ری زێڕینگه‌ری.پێش داگیرکردنیان له لایه‌ن ئینکاکانه‌وه، ناوچه‌که کۆمەڵگەیەکی ئیگالیتاری خزم و که‌سوکاریی''خزمخوێنی'' دا ژیاون که پێیان گوتووه'' ئایللو - ئایلو'' له‌و ئایلوانه‌دا هه‌موو که‌سێک مافی خاوه‌نیێتی زه‌وی و ئاژه‌ل و به‌شه ئاوی هه‌بووه.هه‌مووکه‌سێک داخوازییه‌کانی ژیانی دابینکراوه.ئیشوکاری کۆمه‌ڵاێتی به‌شێوه‌یه‌کی ساده و ئاسان، به ره‌چاوکردنی سێکس و ته‌مه‌ن له‌نێو خۆیاندا دابه‌شکردووه.کاری هه‌ردوو لایه‌نی نێر و مێ، ته‌واوکه‌ری یه‌کدی بوون و بۆ ئایلوه‌که‌یان گرنگ بووه، هه‌مووکه‌سێک هه‌ستی کردووه بوونی پێویسته بۆ خێزان و ئایلوه‌که‌ی.له‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا، پێناسه‌ی هه‌رکه‌سێک له‌سه‌ر بنه‌مای جێنده‌ر بووه، به واتای کوڕ کوڕی باوک و کچیش کچێ دایک، وه‌لی بنه‌ماڵه له رێگه‌ی دایکه‌وه ناسراوه.ئه‌و ئیشوکارانه‌ی ئافره‌تان کردوویانه له به‌خێوکردنی منداڵ، ته‌شی رستن، چێشتلێنان، ئاو‌هێنان و شوانکاری و.......هتد، به هاوکاریکردن له ئایلو دا ناسراوه نه‌ک به خزمه‌تگوزاریی باوک و برا و مێرده‌کانیان.پیاو به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی کاریان خاک کێڵان، دروستکردنی خانووبه‌ره، راکێشانی جۆگه‌ی ئاو و سه‌ربازی بووه، هه‌موو ئه‌و کارانه‌ش چ ژن چ پیاو کردوویانه به ئامرازی دروستکراوی ده‌ستی خۆیان ئه‌نجامیان داوه.
له هێندێک نه‌ریتی ئاینیدا پیاوان رێزێکی تایبه‌تییان لێگیراوه، ئه‌ویش بۆ سه‌رکه‌وتنیان بووە له جه‌نگدا.ئه‌وه‌ی شایانی باسه دوای سه‌رکه‌وتن و داگیرکردنی ناوچه‌یه‌ک، خۆیان نه‌کردۆته خاوه‌ن خاکه داگیرکراوه‌که یان دانیشتوانی ناوچه و به‌ر‌هه‌مه‌کانیان.ئا‌ندیانه‌کان، یه‌ک زمان نه‌بوون به‌ڵکو به چه‌ند زمانێکی جیاواز دوواون، له‌باره‌ی ئاینیشه‌وه هه‌روه‌ها.
ئینکاکانی کۆسکۆ هه‌تا سه‌ته‌ی پازده‌ش تیره‌یه‌کی ئا‌ندیانه‌کان بوون، له‌و سه‌ته‌یه‌دا ده‌ستیانداوه‌ته په‌لاماردان و داگیرکردنی ناوچه‌که به‌شه‌ڕوشۆڕ و هه‌روه‌ها له رێگه‌ی دیپلۆماسیشه‌وه.زۆری نه‌بردووه ئیمپڕاتۆریێته‌که‌یان، له‌باشووری کۆلۆمبیاوه هه‌تا باکووری رۆژئاوای ئه‌رجه‌نتین خۆی راکێشاوه.
دوابه‌دوای ئه‌و داگێرکارییه گۆڕانکاری سیاسی و ئایدیۆلۆجیای تازه هاتوونه کایه‌وه.لێره به‌دوواوه ئه‌وه‌ی له‌تیره‌ی ئینکا بووه، بووه‌ته که‌سێکی رێزدار (خانه‌دان) ئه‌وانه‌ی خانه‌دان نه‌بوون، به‌واتای له‌تیره‌ی ئینکا نه‌بوون بوونه‌ته سه‌پانی خانه‌دانه‌کان، به‌واتایه‌کی دیکه، جۆره چینایه‌تییه‌ک سه‌پێندراوه چینی ده‌سه‌ڵاتدار یان ئیلیت/ توێژاڵی ده‌سه‌ڵاتدار و چینی ژێرده‌سته.ئینکا کان خۆیان کردۆته خاوه‌نی هه‌موو شتێک، خه‌ڵکی به‌گشتی له‌سه‌رجۆری ژیاریی خۆیان به‌رده‌وام بوون، هه‌مان خاکیان کێڵاوه و ئاگاداری هه‌مان کۆمه‌ڵه ئاژه‌ڵیان کردووه، وه‌لی ده‌بوایه به‌رهه‌می کاره‌کانیان له‌گه‌ڵ ئینکاکاندا به‌شبکه‌ن و سه‌رده‌می ئایلوه‌کانیان رۆژی لێ ئاوابووه.
ئینکا: وه‌ک ده‌وڵه‌تێک، وڵاته‌که‌ی دابه‌شکردووه به چوار هه‌رێم و، به‌ده‌ستێکی پۆڵایین له‌گه‌ڵ هه‌ر سه‌رکێشییه‌کدا سه‌ری هه‌ڵدابێ جوڵاوه‌ته‌وه.ئه‌و گوند و شارگوندانەی سه‌رکێشییان کردبێ، ئاواره کراون، ئافرەتە‌کانیان لێ زه‌وتکراوه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش ملی پێ شۆڕ نه‌کردبن ئه‌وا سه‌رکرده‌کانیان له‌ناوبردوون.
ئینکاکان خۆیان کردۆته خاوه‌نی هه‌موو شتێک به خه‌ڵکه‌که‌شه‌وه.بۆ جێگیرکردنی خۆیان هه‌موو رێگه‌یه‌کیان گرتۆته‌به‌ر، له‌وانه‌ش به‌کرێگرتنی جاش و به‌رتیل و به‌خشینی پله‌وپایه به‌وانه‌ی له‌خزمه‌تیاندا بوون.
بۆ له‌ناوبردنی یه‌کسانی جێنده‌ر که له‌کۆمه‌ڵگه داگیرکراوه‌کاندا باو بووه، ئینکاکان پیاویان کردۆته نوێنه‌ری خێزان به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌ت و پیاوێک هاوسه‌ری هه‌بووبێ، سه‌ربازیان ناوناوه و هاوسه‌ره‌کانیشیان به ژنه سه‌رباز ناوبردوون.لێره‌دا ده‌بێ هه‌ست به‌وه بکه‌ین که پیاو و چه‌ک پێکه‌وه لکێنراون، پیاوان به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی ئینکای ره‌سه‌ن بوون، به‌واتای، دایک وباوکیان ئینکا بووه یان ئه‌وانه‌ی نیوه ئینکا بوون له‌لایه‌نی باوکه‌وه، پله‌وپایه‌ی گرنگیان پێ دراوه وه‌ک حوکمڕانی ناوچه‌یه‌ک یان دادوه‌ر....هتد.وه‌لێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئافرەتان وه‌ک سه‌رباز ره‌چاو نه‌کراون، به شایستی ئه‌وجۆره پله‌وپایانه‌یان نه‌زانیون، ئافرەتان ده‌بوایه له‌ش و به‌رهه‌می کاره‌کانیان بده‌نه سه‌رداره‌کانیان که هاوسه‌ره پیاوه‌که‌یان بووه.له‌مانه‌ش به‌ولاوه‌تر هه‌ڵبژاردنی ئافرەتان بووه له '' ئایه‌لو'' ه‌کاندا بۆ ئه‌وه‌ی ببنه ژنی'' رۆژ'' که خواوه‌ند بووه لایان.بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له ئایلوه‌کاندا کیژۆڵه‌ی جوان و زۆر منداڵیان هه‌ڵبژاردووه بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ره‌نتی ئه‌وه بکات کچێنی له‌ده‌ست نه‌داوه، زۆرجاریش ئه‌وانه کیژی سه‌رکرده‌ی ئایلوه‌کان بوون، ئه‌وکیژانه ناونراون'' ئه‌کلاس acllas'' یان'' مامه‌کۆناmamaconas '' و له‌لایه‌ن ده‌ڵاڵی تایبه‌تی ده‌وڵه‌ته‌وه هه‌ڵبژێردراون و له‌خێزانه‌کانیان دوورخراونه‌وه و بردوویانن بۆ شوێنی تایبه‌ت و له‌وێ پارێزگاری جه‌سته‌یان کردوون و فێری ئه‌وه‌ی ناویان ناوه '' کاری ژنان'' یان کردوون، وه‌ک گرتنه‌وه‌ی بیره''چیچا'' و چێشت لێنان و ته‌شی رستن.ئه‌و په‌روه‌رده تایبه‌تییه، بۆ سێ مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی بووه، یه‌که‌م؛ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک کیژێک هه‌میشه له‌خزمه‌ت ئایندابێت، دووهه‌م؛ بۆ ئه‌وه‌ی ببنه ژنی دووهه‌م یان دۆست و قه‌پاتمه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران و ده‌ست و پێوه‌نده‌کانیان.سێهه‌میش؛ ئه‌گه‌ر ئەو کچانە له ئاستی فیزیکی و مۆڕالیدا بێگه‌رد بوونایه، له هێندێک بۆنه‌ی تایبه‌تی و گرنگی ده‌وڵه‌تدا ده‌کرانه نه‌زر'' قوربانی''.(لە ئیمپڕاتۆریای ئینکادا داگیرکاران درێژەیان بەدەسەڵاتەکەیان داوە بە زۆرەملێلێکردنی گوندنشینەکان بۆ ئەوەی پاکیزەیان بدەنێ بۆ خزمەتی دەوڵەت و هاوسەریێتی پیاوە خانەدانەکان.ئەم دەستتێوەردانەی نەریتی جنسی و مارەبڕینەی داگیرکاران لە دووسەرەوە پێشێلیی پێکهاتەی خزماێتی کردووە و کەسانێکی دیار کردووە هاوکاری لەگەڵ داکیرکاراندا بکەن.هەمان شێوە کرداریش لە مێزوپۆتێمیادا دەبینین، کە شارە داگیرکراوەکان کاولدەکەن، پیاوەکان دەکووژن و ژن و منداڵەکان بە کۆیلە دەبەن.) ............................گێڕدا لێڕنەر ل 58
لە دەوڵەتی ئینکادا، به‌شێک له‌پیاوان به‌پێی هاوکارییان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا خه‌ڵات کراون، ئافرەتیش نه‌ک هیچ خه‌ڵاتێک نه‌کراوە به‌ڵکو وه‌ک کاڵایه‌ک بۆ خزمه‌تی پیاو هاتبێته کایه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا کراوه له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌ک سه‌رباز سه‌یر نه‌کراوە.
له‌و گوندانه‌ی ئینکاکان داگیریان کردوون، ماره‌بڕیی به‌کۆمه‌ڵیان هێناه‌وته ئاراوه، له‌و کاته‌شدا دایک و باوک بڕیاری ماره‌بڕیه‌که‌یان داوه به‌مه‌رجی ئه‌وه‌ی به مۆڵه‌تی پادشا بووایه.ئه‌م سیستێمی ماره‌کردنه سه‌پاندنی نه‌ریت و شێوه‌ی کۆنتڕۆڵی ئینکا بووه به‌سه‌ر ئافرەتاندا و به‌سیاسه‌تکردنی سێکسیش بووه.
ئه‌ندیانه‌کان، پێش ده‌وڵه‌تی ئینکا وه‌ک هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی هۆرتیکولتوورکار، کچێنی مێیینه هیچ گرنگ نه‌بووه به‌لایانه‌وه به‌ڵکو ها‌نده‌ری سێکس بوون له‌به‌رئه‌وه‌ی پێش هاوسه‌رگیریی توانای کیژانی له به‌رهه‌مهێنانی منداڵدا ئاشکرا کردووه.وه‌لی ده‌وڵه‌تی ئینکا کۆنتڕۆڵی سێکسواڵیێتی ئەکڵاسەکانی کردووه، ئه‌وانه حه‌رام بوون له هه‌موو پیاوان جگه له پیاوی ئینکا و ئه‌وانه‌ی له‌خزمه‌تیاندابوون.
ئه‌و خێزانانه‌ی کیژه‌کانیان کراونه ئه‌کڵاس، پێوه‌ندی سروشتیی خێزانه‌که‌یان تێک چووه، ئه‌کڵاسێک که له گونده‌که‌ی دورخراوه‌ته‌وه له‌وانه‌یه جارێکی‌تر نه‌دیترابێ و کوژرابێتیش.
بۆ بۆنه‌ی فێستیڤاڵی ده‌وڵه‌ت له ر‌ێزگرتن له رۆژ، کچه ئه‌کڵاسەکان له چوارقوڕنه‌ی وڵاته‌وه راپێچی پێته‌خت'' کوسکۆ '' کراون.
هێرناندێز پرینسیپ: له‌سه‌رده‌می داگیرکردنی ناوچه‌که له‌لایه‌ن ئه‌وروپاییه‌کانه‌وه.باسی سه‌ربڕینی سه‌دهه‌زار سه‌ر'' لاما''* و به‌چاڵکردنی چوار کیژی زۆر جوانی ته‌مه‌ن نێوان'' ده و دوازده‌ساڵ'' ی گێڕاوه‌ته‌وه که له‌سه‌ته‌ی حه‌ڤده‌دا به‌و بۆنه‌یه‌وه بینیوێتی.
ئه‌گه‌ر گوندێک له رووی حوکمڕانی ئینکاکاندا وه‌رگه‌ڕابێته‌وه، به له‌ده‌ستدانی ئافره‌تاکانیان سزایان داون.به واتایه‌کی دی، ئافره‌ت، مانایه‌کی سیمبۆڵی هه‌بووه که پیاو نه‌یبووه، راگواستنی ئافره‌تان له‌باره‌ی ئابوورییه‌وه سودمه‌ندتر بووه له کوشتنی پیاوه‌کانیان، وه‌ک باوبووه له‌لایه‌ن هێزه زاڵبووه‌کانه‌وه.
میسڕی دێرین و جێنده‌ر
هه‌تا ئێستا لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌ت وایده‌رخستووه که، یه‌که‌م جار له وڵاتی میسڕ و له ده‌وروبه‌ری روباری نیل سه‌ری هه‌ڵدابێت.ئه‌مه‌ش تیۆرییه‌کی پشتبه‌سته به هێندێک دۆزراوه‌ی ئاڕکیۆلۆجی و سروشتی هه‌ڵچوون و دامرکانه‌وه‌ی روباری نیل و که‌شوهه‌وای ده‌وروبه‌ری روباره‌که.به‌پێی ئه‌و تیۆرییه، روباری نیل له هه‌ڵچوونی ساڵانه‌یدا، لیتاوێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی فڕێداوه‌ته روخه‌کانی خۆی و، به‌هۆی که‌شوهه‌وا گه‌رمه‌که‌شیه‌وه توانراوه ساڵی دوو تا سێ جاران زەویەکان بەرهەم بدەن.له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وڵاته‌که‌ش به بیابان ده‌وره دراوه بۆ ماوه‌یه‌کی دوورودرێژ له شه‌ڕوشۆر دووره‌په‌رێز بووه.
ئه‌و پاشماوه ئاڕکیۆلۆجییانه‌ی باکوری میسڕ که ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ پێنج تا شه‌ش هه‌زارساڵ له‌مه‌وبه‌ر، ئاماژه بۆ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئیگالیتاری ده‌که‌ن، ئه‌م بۆچونه‌ش له‌وێکچوونی شێوه‌ی دروستکردنی خانوبه‌ره و داکردنی خۆراک و گۆڕه‌کاندا هه‌ڵێنجراوه.له باشووری میسڕدا، بەشێک له گۆڕه‌کان، خشل و ئامرازی زۆرتر و باشتری تێدا دۆزراوه‌ته‌ووه، گوایه ئه‌مه‌ش ئاماژه بۆ جیاوازی پله‌و پایه‌ده‌کات.به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی هۆرتیکوڵتوور توانای به‌رهه‌مهێنانی خۆراکی زێده‌له‌خۆی نییه، له‌به‌ر ئه‌وه لێکۆڵه‌ران له‌و بڕوایه‌دان، کۆمه‌ڵگه‌کانیان له لایەن پیاویک یان کۆمه‌ڵێک پیاوی مه‌زنەوە برابێتە رێوە.
له کۆمه‌ڵگه‌ی پیاوی مه‌زندا، هه‌ر مه‌زنێک ویستوویه‌تی به‌رهه‌می زۆرتری هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی به‌دیاری بیدا به هێندێک که‌س، ئه‌وه‌ش به ئومێدی کۆکردنه‌وه‌ی زۆرترین خه‌ڵک له‌ده‌وری خۆی.له کۆمه‌ڵگه‌ی پیاوی مه‌زندا وه‌کو کۆمه‌ڵگه‌ی'' تیلینجیت'' که نیشته‌جێی ئالاسکان له باکووری ئه‌مه‌ریکا، پیاوان ناسراوترن و پله‌یه‌کی گرنگتریان هه‌یه.ژنانیش به ئه‌ندازه‌یه‌کی زۆر به‌شداری له هه‌موو شتێکدا ده‌که‌ن و سه‌ربه‌خۆن و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتیشن.
وێنه‌کارییه‌کان ده‌ری ده‌خه‌ن هه‌تا سه‌رده‌مێکی دره‌نگی میسڕ، پیاوان له کارکردن‌دا هاریکاری یه‌کدی بوون.لێ له‌کۆتایی مێلێنێۆمی چواره‌می پێش سه‌رده‌مدا له‌ناکاو، وێنه‌کان له‌کاتی هه‌ڵکه‌ندنی جۆگه‌ی ئاودا یان کوشتنی نه‌یارێکدا، یه‌ک پیاو له‌سه‌روو هه‌موو پیاوانی دیکه‌وه ده‌رده‌خا.
دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش به ماوه‌یه‌کی که‌م، وشه‌ی'' فێڕۆ'' به واتای فیرعه‌ون، که له وشه ره‌سه‌نه‌که‌ی''پڕۆوا'' وه‌رگێراوه و، مانای ماڵی مه‌زن ده‌به‌خشێ و ئاماژه‌یه‌که بۆ پادشا، هاتۆته کایه‌وه.هه‌تا ئێستا نه‌زانراوه بۆ ئه‌و پێکهاتە سۆشیالییه گۆڕدراوه.سکۆلاره‌کان تیۆرییه‌ک په‌سه‌ند ده‌که‌ن گوایه، پیاوه مه‌زنه‌کان که‌وتبنه به‌ربه‌ره‌کانێی یه‌کدی و خۆ چه‌کدارکردن، به‌ڕای منیش ئه‌مه تیۆرییه‌کی زۆر لۆجیکانه‌یه، ئه‌وه‌تا هه‌تا ئه‌وڕۆش له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌ی جوێ جوێ دا، له‌وانه‌ش کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری خۆمان، له‌پێناو ده‌سه‌ڵاتدا ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وتانه زه‌ق و ئاشکران.
ئاین له‌ژیانی گوندنشینانی دێرینی میسڕدا زۆرگرنگ بووه، هه‌رگونده و په‌رستگه‌ی تایبه‌تی ئێزدانی خۆی هه‌بووه، لێ رۆڵی کاریگه‌ری ئاین له‌سه‌ر ئاستی ئافرەتان له‌کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌ڵده‌گرین بۆبه‌شی تایبه‌ت به ئاین.سێ هه‌زاران ساڵ پێش سه‌رده‌م، وڵاتی میسر له‌ژێر سه‌رداریێتی'' فێڕۆ'' یه‌کدا یه‌کخراوه، فێڕۆ/ فیرعەونە که، وایده‌رخستووه له‌لایه‌ن ئێزدانه‌وه ئه‌و پله‌یه‌ی پێدراوه.بڕیاره‌کانی فێڕۆ به‌ردی بناخه‌ی حوکمڕانی ده‌وڵه‌ت بوون، له راستیدا فێڕۆ ده‌وڵه‌ت بووه، ئه‌و کۆنتڕۆڵی ئاینی کردووه وه‌ک سه‌رکرده‌ی هه‌موو که‌ڵته ئاینییه‌کان و ژنه‌که‌شی رۆڵی سه‌رکردایێتی زۆربه‌ی که‌ڵته ئاینییه گرنگه‌کانی هه‌بووه.وادەردەکەوێت له میسریش وه‌ک زۆربه‌ی ده‌وڵه‌ته دێره‌کانی رۆژهه‌ڵاتی نێوین، مافی گه‌یشتن به ته‌خت و پیرۆزمه‌ندی ئاینیش له رێگه‌ی مێینه‌ی خێزانی پادشاکانه‌وه گواسترابێته‌وه، بۆیه زۆرجار سه‌رکرده میلیتاره‌کان که ژنه‌کانیان له‌خیزانی پادشاکان بووه کچه‌کانی خۆیان یان خوشکی خۆیان ماره‌کردووه، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌لاری شاهانیێتی بۆخۆیان قۆرخ بکه‌ن، بۆ نموونه‌ش کوڕی کۆڕشی هاخامه‌نشی دوو خوشکی خۆی ماره‌کردووه.
له‌سه‌رده‌می ده‌وڵه‌ته کۆنه‌کانی میسردا، 2770 - 2182 پیش کاتی سه‌رده‌م و تا پێنج سه‌ته دواتریش ده‌وڵه‌ت و کڵێسه یه‌ک بوون و لێک جیانه‌کراونه‌وه.فێڕۆ؛ سه‌رۆکی ره‌وانیی ئاین بووه، له راستیدا هه‌رله ریزی ئێزداندا بووه و کۆمه‌ڵێک راوێژکاری ئاینی ده‌وری داوه و یه‌ک له‌وانه خوشکه به‌مێرده‌که‌ی بووه.به‌ماوه‌یه‌کی زۆرکه‌م له‌درووستبوونی ده‌وڵه‌ت چینایه‌تی له‌کۆمه‌ڵگه‌ی میسریدا به‌زه‌قی وه‌دیار که‌وتووه.فێڕۆ و خێزان و خزمەکانی''خاوه‌ن شکۆ'' کان و پله و پابڵنده‌کانی ده‌وڵه‌ت و قه‌شه‌کان له‌سه‌رو هه‌مووانه‌وه بوون، له‌ژێر ئه‌وانیشه‌وه حوکمڕانی ناوچه‌کان و ئه‌وجا چینی ناوه‌ند و له‌ژێر هه‌موانیشه‌وه هه‌ر وه‌ک ئێستا چینه هه‌ژاره‌که بووه که ئه‌وکات به‌زۆری جوتیاران بوون.کۆمه‌ڵگه‌ی میسڕ له‌و سه‌رده‌مه‌دا پاتریلینیالی بووه وه‌لێ ئافرەتان رێزیان لێگیراوه، له مافی ده‌نگدان له هه‌ڵبژاردنه نیوچه‌ییه‌کان و شایه‌تیدان له‌دادگاکاندا و له خاوه‌نیێتیدا هاوتای پیاوان بوون.وه‌ک پیاوان میراتیان بۆ ماوه‌ته‌وه و دوای شوکردنیش سه‌ربه‌ست بوون لە مامه‌ڵه‌کرندا به خاک و سامانی خۆیان.مێرد ده‌بووایه له گرێبەستی هاوسه‌ربووندا به‌ڵێنی یاریده و قه‌ره‌بوکردنه‌وه‌ی ژنه‌که‌ی بدایه ئەگەر هاتو جیابووەوە.
له نێونانی منداڵدا دایکانیش قسه‌یان وه‌رگیراوه و کچانیش بۆیان هه‌بووه له‌سه‌رکار و کاسسبی باوکیان رۆنیشن.چینی شکۆمه‌نددار''رۆیاڵ'' نه‌بێ به‌گشتی کۆمه‌ڵگه‌ی میسڕی له‌و سه‌رده‌مه‌دا مۆنۆگه‌م بووه – به‌واتای ئه‌وه‌ی فره‌هاوسه‌ری له ئارادا نه‌بووه.له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پیرۆزمه‌ندی و جێگری فێڕۆ له رێگه‌ی مێینه‌وه داکه‌وتوه که‌چی زۆربه‌ی فێڕۆکان نێرینه‌بوون، جێگری فێڕۆکان هه‌میشه نه‌وه‌ی ژنه گه‌وره‌که‌ی بوون.ژنه گه‌وره‌ی فێڕۆ، گه‌وره‌ترین پله‌ی ئاینی هه‌بووه له‌ناو که‌ڵته مه‌زنه‌کاندا و سه‌رپه‌رشتی هه‌موو زه‌ویوزار و خزمه‌تگوزارانی کڵێسه و شوێنه ئاینییه‌کانی کردووه، که‌ڵته ئاینییه‌کان خاوه‌نی سامانێکی گه‌وره‌بوون.گه‌وره‌ژنی فێڕۆ له کۆشکێکی دوور له فێڕۆ و حه‌ره‌مه‌که‌ی ژیاوه به‌ژماره‌یه‌کی زۆریش له ده‌ستوپێوه‌ند و راوێژکار له پیاوه گه‌وره‌ی وڵات ده‌وره‌دراوه، بۆدیده‌نی ژنه گه‌وره‌ی ده‌بووایه فێڕۆ بۆ لای بڕۆیشتایه.
باڕبره لیسکۆ ؛ ده‌ڵێ له تۆمارکراوی به‌ده‌ست که‌وتووی نێوی فێڕۆکان و دایکیان، ده‌رکه‌وتووه که هێندێک له فێڕۆکان مێینه بوون.فێڕۆ'' نیتۆکیرتی'' سه‌رده‌می کۆتایی پا‌دشایی کۆن به‌جوانترین و ئازاترین ژنی ئه‌وسه‌رده‌مه ناوبراوه، هه‌روه‌ها ده‌ڵێ پێنج تا شه‌ش ژن له‌و سه‌رده‌مه‌ی که ناوده‌برێ به سه‌رده‌می پا‌دشایی کۆنی میسر، '' فێڕۆ'' بوون.هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌شدا ئه‌و ژنانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی ماڵ کاریان کردووه، به‌های کاریان هاوتای به‌های کاری پیاوان بووه.وێنه و نه‌خش ونیگاره کێشراوه‌کانی نێو هه‌ڕه‌مه‌کانی مێلێنیۆمی سێهه‌می پێش سه‌رده‌م ده‌ریده‌خه‌ن که ئافرەتان له هه‌موو بوواره‌کانی ژیاندا وه‌ک پیاوان کارابوون.
لێکۆڵه‌ران گه‌شتوونه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که له‌ده‌وروبه‌ری کۆتایی مێلێنیۆمی سێهه‌می پێش سه‌رده‌مدا که‌له لایه‌ن مێژووناسانه‌وه به‌سه‌رده‌می پا‌دشایی کۆنی میسڕ ناسراوه، فێڕۆکانی میسر پشتگیری خانه‌دانه نێوچه‌ییه‌کانیان کردبێ له سه‌پاندنی باجی قورس به‌سه‌ر دانێشتواندا، هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌شدا بۆ هه‌ر هۆیه‌ک بووبێ نه‌هامه‌تی به‌روبوومی کشتوکاڵی به‌سه‌ر وڵاته‌که‌دا هاتووه به بۆچونی لێکۆڵه‌ران سه‌پاندنی باجی گرانتر، بووە‌ته هۆی به‌رپابوونی شه‌ڕو ئاژاوه له وڵاته‌که‌دا.له کۆتاییدا بنه‌ماڵه‌ی خانه‌دان'' تیبیس''سه‌رکه‌وتوون و پا‌دشایی خۆیان دامه‌زراندووه که به سه‌رده‌می پا‌دشایی نێوه‌ند لە میسردا ناسراوه.
فێڕۆکانی سه‌رده‌می نێوه‌ندی میسڕ، بۆخۆیان خانه‌دان بوون، سوودیان له‌مێژووی خۆیان وه‌رگرتووه و سیستێمێکی تازه‌یان دامه‌زراندووه بۆ ئه‌وه‌ی، خانه‌دانه‌کان نه‌توانن هێنده ده‌سه‌ڵات په‌یدابکه‌ن له ده‌وڵه‌تی نێوه‌ند وه‌رگه‌ڕێنه‌وه، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی پاداشتی خانه‌دانه‌کان به زۆرکردنی مڵکاێتی زه‌ویوزار بده‌نه‌وه، کردوویاننه حوکمڕانی ناوچەیەک و هه‌رکاتێکیش لێیان رازی نه‌بووبن لایانداون.
له‌و سه‌رده‌مه تازه‌یه‌دا، پیاوان ده‌سه‌ڵات و کاری سه‌ره‌کی ئاینییان له ده‌ست ئافره‌تان ده‌رێناوه، لێ زۆر مافی دیکه‌ی ئافره‌تان پارێزراو بووه، وه‌ک مافی خاوه‌نیێتی، بازرگانی، سه‌رپه‌رشتی زه‌وی و سامان و که‌نیزه و ره‌نجبه‌ر و کۆیله....هتد.ئافره‌تان توانیویانه وه‌سییه‌تی خۆیان بکه‌ن و واژووی گرێبەستیئ ماره‌بڕین به‌ناوی خۆیانه‌وه بکه‌ن، کۆیله ئازادکه‌ن و خه‌ڵکی به‌رنه دادگا.له به‌تاڵکردنه‌وه‌ی هاوسه‌ریێتیدا سزایه‌ک خراوه‌ته سه‌ر داواکار.ئافره‌تان له‌و سه‌رده‌مه‌دا له ئاستێکدابوون توانیویانه پاره به قازانج به هاوسه‌ره‌کانیان بده‌ن یان منداڵه‌کانیان بێبه‌ری بکه‌ن.نامه و فۆڕمی فه‌رمی ئه‌و سه‌رده‌مه که به‌رده‌ست که‌وتوون، ئاماژه بۆ ئافره‌تان ناکه‌ن وه‌ک ژن یان کچی فڵانه پیاو، به‌ڵکو به‌ناسنامه‌ی'' نب.ت، پڕ'' به‌واتای خانمی ماڵ یان'' نه‌هن نیووت'' به‌واتای مێینه هاوڵاتی، یاخود به ناونیشانی ئه‌وکارانه‌ی کردوویانه ناوبراون وه‌ک وه‌ستا فڵان.ئه‌و داینه‌ستییه‌ی به'' داینه‌ستی نێوه‌ندی میسر'' ناسراوه له‌ژێر هێرشی'' هیکسۆس'' ه کانی رۆژئاوی ئاسیادا روخا و وڵاته‌که که‌وته ژێرده‌ستی بیانییه‌وه.بۆ ده‌رکردنی بیانیان، ماوه‌یه‌ک شه‌ڕو ئاژاوه سه‌رانسه‌ری وڵاته‌که‌ی ته‌نیوه، لێ ئه‌و که‌سه‌ی هه‌موو میسڕییه‌کانی وێک خستووه و وڵاته‌که‌ی له ده‌ستی هیکسۆسی بیانی رزگارکردووه، شۆڕه ژنێک بوو به‌ناوی'' ئاهۆتیپ''.ئه‌و خاتوونه دوای کووژرانی کوڕه گه‌وره‌که‌ی له‌شه‌ڕدا، توانیویێتی هه‌موو هێزه‌کانی میسر وێک بخا‌و هیکسۆسه‌کان له وڵاته‌که وه‌ده‌رنێ.له ساڵی 1560 ی پێش سه‌رده‌مدا.ئامۆس: کوڕی ئه‌و شۆڕه‌ژنه، داینه‌ستی بنه‌ماله‌ی هه‌ژده‌هه‌می میسڕی دامه‌زراندووه.
هه‌ژده‌هه‌مین داینه‌ستی میسڕی سه‌رده‌مێک بووه چه‌ندین ئافره‌ت تێیدا دره‌وشاونه‌وه و فێڕۆی ووڵاته‌که‌بوون.
'' هاتشیپسوت'' ی ژنی فێڕۆ له رێگه‌ی بنه‌ماڵه‌که‌یه‌وه بۆ فێرۆیی له مێرده‌که‌ی له‌پێشتر بووه، دوای مردنی مێرده‌که‌ی، به‌یاریده‌ی هێندێک له وه‌زیره‌کان و پیاوی ده‌سه‌ڵاتداری وڵاته‌که‌وه له‌جیاتی کوڕه بچکۆله‌که‌ی له‌سه‌ر ته‌خت دانیشتووه.ئه‌و فێڕۆیه له‌شکری میسڕی پته‌و کردووه بۆ به‌رگریکردن دژی هێرشبه‌ره ئاسیاییه‌کان و جل وبه‌رگی پیاوانه‌ی پۆشیوه و سه‌رکرداێتی له‌شکرکێشی بۆ دابینکردنی ئاسایش له‌سه‌ر سنووری باشووری وڵاته‌که‌ی کردووه.به ئاڵۆگۆڕیی بازرگانی ئابووری وڵاته‌که‌ی به‌رزکردۆته‌وه، بایه‌خێکی زۆری داوه به نوێکردنه‌وه‌وی شوێنه‌واره‌کان و درووست‌کردنی کۆشک و کڵێسه‌ی نوێ، کڵێسه به‌ناوبانگه‌که‌ی گۆڕستانی'' دیرالبحری'' یه‌کێکه له‌وان و تاکه مۆنومێنتی دێر و گرنگه بۆ شکۆمه‌ندی ئافره‌ت دروستکراوه و هه‌تاش ئێستا به‌پێوه‌ماوه.
هاتشیپسوت؛ زڕکوڕه‌که‌ی خۆی'' توتمۆس'' ی سێهه‌می کردۆته سه‌رکرده‌ی سوپاکه‌ی و وێنه‌ی ئه‌ویشی له‌ته‌نیشت خۆیه‌وه له‌سه‌ر دیواری مۆنومێنته‌کان کێشاوه، وه‌لێ دوای مردنی، کوڕه‌که‌ی پاداشتی دایکی به کوژاندنه‌وه‌ی وێنه‌کانی دایکی له‌سه‌ر دیواری مۆنومێنته‌کان داوه‌ته‌وه.......................مێرلین فڕێنچ بەرگی یەکەم 80 – 67
له‌ژیانی شاژن هاتشیپسوت، ده‌توانین دوو شت هه‌ڵینجین، یه‌که‌م؛ له‌پێشی سێ هه‌زار و پێنج سه‌ت ساڵان له‌مه‌وبه‌ر له‌کۆمه‌ڵگه‌ی میسڕیدا رۆڵی سه‌ربازی و به‌تایبه‌تی سه‌رکردایێتی سوپا ناشایست بووه به ژنان، ئه‌گینا شاژن به‌رگی پیاوانی نه‌ده‌پۆشی، دووهه‌م؛ لابردنی وێنه‌کانی شاژن له‌سه‌ر دیواری مۆنومێنته‌کان، پێمان ده‌ڵی ئافره‌ت نابێ هاوتای پیاو نێوداربێ.به‌سه‌ته‌یه‌ک دوای هاتشیپسوت، فێڕۆ'' ئه‌خناتوون'' ئاینی رۆژ په‌رستی له‌میسڕدا داهێنا، بەشێک لێکۆڵەر رارایان وایه ئه‌و ئاینه له‌داهێنانی خۆی بووه، وه‌لێ زۆر لێکۆڵه‌رانی ئاین، به داهێنانی نازانن به‌ڵکو ده‌یگێڕنه‌وه بۆ هاوسه‌ربوونی له‌گه‌ڵ '' نه‌فه‌رتیتی'' میرزاده‌ی میتانی و له خۆشه‌ویستی نه‌فه‌رتیتیدا، ئه‌خناتوون ئاینی رۆژپه‌رستی میتانی وه‌رگرتوه و له‌حوکمڕانیشدا راوێژی پێ کردووه.وه‌لێ رۆڵی ئافرەتان له‌و سه‌رده‌مه‌شدا زۆری نه‌خایاندووه.ئه‌سپسواری و کاریۆت'' عه‌ره‌بانه'' که هیکسۆسه‌کان به‌میسڕییه‌کانیان ناساند، بووه خۆشه‌ویستی ئیلیتی میلیتار.
ئه‌و سوپایه‌ی بۆ ده‌رکردنی هیکسۆسه‌کان پێکهێنرابوو له‌شوێنی خۆیدا مایه‌وه و دواتر بوو به هێزێ هێرشبه‌ری ده‌وڵه‌تێکی ئێمپریالیستی و، سنووره‌که‌ی گه‌یانده ئاوی فوڕات له ئاسیا و لییبیای ئێستا له‌ئافریکادا.تاڵانی زێڕو زیو و سامانی وڵاتان، له‌سه‌ره‌تاوه داخوازی ئابووری به‌ڕێوه‌بردنی سوپای دابین کردووه، لێ وه‌ک هه‌ر ئێمپڕاتۆریێتێک کێشه‌ی کۆنتڕۆڵکردنی گۆڕه‌پانی ئیمپڕاتۆریێته‌که و دامرکاندنه‌وه‌ی یاخیبووان داخوازی ژماره‌یه‌کی زیاتری سوپا و دابینکردنی چه‌ک بووه که ته‌نها به باج و‌خه‌راجێکی گه‌وره‌تر له‌سه‌ر دانیشتوان دابین کراوه.له وڵاته داگیرکراوه‌کاندا ده‌وڵه‌ت خه‌ڵکێکی زۆری به‌کۆیله گرتووه، کۆیله پیاو توانیوێتی ببێته سه‌رباز و له کۆیلاێتی رزگاری ببێت، وه‌لێ ئافرەتی کۆیله هیچ ده‌ره‌تانێکی نه‌بووه جگه له کا‌رکردن له کێڵگه و خزمه‌تکاری ماڵه خانه‌دان و سه‌ما و گۆرانی چڕین له مه‌یخانه‌کاندا.
زیادکردنی باج و خه‌راج له‌سه‌ر دانیشتوان دادی قه‌یرانی ئابووری وڵاته‌که‌ی نه‌داوه، کاتێکیش نێوچه داگیرکراوه‌کان هه‌ستیان به لاوازی ده‌وڵه‌تی میسڕ کردووه لێی یاخی بوون، ئه‌وکاته‌ش میسڕ پێویستی به‌سه‌رکرده‌یه‌کی به‌هێز هه‌بووه، له‌ئه‌نجامدا'' سه‌ربازی به‌توانا رامسیس'' ی یه‌که‌م، داینه‌ستی خۆی دامه‌زراند.لێره به‌دواوه سه‌رده‌مێکی تازه‌ی حوکمڕانی بیڕۆکڕاتی میلیتاری له دانیشتوانی وڵات و کۆیله‌کان نه‌ک له که‌سوکار، پێکهاتووە و له میسڕدا به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت روویه‌کی پڕۆفێشناڵی/ کارامه‌یی وه‌رگرتوه.کارامه‌یی له‌هه‌موو سه‌رده‌مێکدا و هه‌تا ئێستاش وه‌لانانی رۆڵی ئافره‌تانی له‌خۆگرتووه.له‌وێ به‌دواوه له میسڕ داموده‌زگای ده‌وڵه‌ت له‌خزمه‌تگوزاری سیڤیله‌وه هه‌تا رۆڵی ئاینی بوونه کاری پڕۆفێشناڵی.خزمایه‌تی رۆڵی سه‌ره‌کی له‌ده‌ستداوه.پێش سه‌رده‌می رامسیس ئافره‌تانی خزمی خیزانی رۆیاڵ که له ئایندا رۆڵی سه‌ره‌کییان بینییوه، جگه له ژنی فێڕۆ، باقیمه‌ندیان هه‌موو ده‌سه‌ڵات و رۆڵی دیاری نێو کۆمه‌ڵگه‌یان له‌ده‌ست داوه.ژنه فێڕۆکانیش که له‌سه‌رده‌مێکدا په‌یکه‌ره‌کانیان وه‌ک په‌یکه‌ری پادشا گه‌وره و مانای ده‌سه‌ڵاتی ده‌به‌خشی، له داینه‌ستی نۆزده‌هه‌مینه‌وه به‌ره‌وخوار ملی ناوه هه‌تا سه‌رده‌می رامسیسی دووهه‌م گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته‌ی په‌یکه‌ری ژنی فێڕۆ له ئه‌ژنۆی فێڕۆ بڵندتر نه‌بووه.
له‌په‌رستگه‌ی ئاموون له که‌ڕنه‌ک، په‌یکه‌ری ژنی رامسیسی یه‌که‌م که له‌به‌رده‌میدا وه‌ستاوه، سه‌ری له‌ئاست و به‌قه‌ده‌ر سه‌ری''چووک '' ی رامسیسه.
په‌یکه‌ری کچی رامسیسی دووهه‌م له '' ئه‌بو سیمباڵ'' به بچووکی له‌نێو لینگی باوکی‌دا درووستکراوە، په‌یکه‌ری کوڕه‌کانیشی بچکۆله‌ن، لێ له ته‌نیشت باوکیانه‌وه‌ن.ئاشکرایه ئه‌و جۆرە پەیکەرتاشینانە سیمبۆڵیین، سییمبۆڵییش نامه‌یه‌کی ئاشکرا یا نهێنی ده‌گه‌یه‌نێ، ئه‌مانه نامه‌یه‌کی ئاشکرای نزمیی ئاستی مێیینه ده‌گه‌یه‌نن.لیتێراتووری سه‌رده‌می ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه وای ده‌گه‌یه‌نێ، ئافرەتان له باره‌ی سێکسکردنه‌وه تا راده‌یه‌ک ئازاد بوون، یاسا وه‌ک یه‌ک سزای هه‌ردوو لایه‌نی پیاو و ژنی بێ وه‌فای هاوسه‌ریێتی به‌مردن داوه، به‌ڵام له نووسراوه‌کاندا زیاتر کۆتایی کێشه‌ی گزی سێکسی به جیابوونه‌وه تۆمارکراون.کچێنی گرنگ نه‌بووه لایان و کچان له جێژوانیاندا له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌کانیان به ره‌زامه‌ندی خۆیان دسه‌تبه‌رداری کچێنیان بوون.زانیارییه‌کان زۆر به‌ده‌گمه‌ن باس له رێکخستنی به هاوسه‌ربوون، به‌واتای به‌شوودان یان ژنهێنان ده‌که‌ن، ئه‌و باسه‌ی هه‌شه، زامنی ته‌واوی ژیانی ژنانی کردووه دوای جیابوونه‌وه‌ش هه‌تا ئه‌و ئاسته‌ی پیاو بۆی نه‌بووه بێ ره‌زامه‌ندی هاوسه‌ره‌که‌ی'' ته‌سسه‌ڕوف'' به مڵک و سامانه‌که‌یه‌وه بکات.
وه‌ک ده‌زانین هێرشی ئه‌سکه‌نده‌ر ساڵی 323 ی پێش سه‌رده‌م کۆتایی به‌و داینه‌ستییه‌ی که به سه‌رده‌می پا‌دشایی نوێی میسڕ ناسراوه هێنا.لێ ئه‌سکه‌نده‌ر زۆر نه‌ژیا و دوای مردنی جه‌نه‌ڕاله‌کانی سوپاکه‌ی دوای پێکدادانێکی زۆر، هێندێکیان حوکمڕانی خۆیان به‌سه‌ر به‌شێکی ئێمپڕاتۆریاکه‌دا سه‌پاند.
جه‌نه‌ڕاڵ '' تۆلێمی'' وڵاتی میسڕ و ده‌وروبه‌ره‌که‌ی بۆخۆی پچڕی و له‌ساڵی 305 ی پێش سه‌رده‌مه‌وه بۆ نزیکه‌ی سێ سه‌ته تۆلێمییه‌کان حوکمڕانی میسڕبوون، سه‌رده‌مه‌که‌شیان به‌سه‌رده‌می هێلێنی میسڕ ناسراوه.
ئه‌و زانسته‌ی ده‌رباره‌ی جۆری ژیاریی وڵاتی یۆنان هه‌یه، به‌زۆری زانیارییه‌کانی شارده‌وڵه‌تی ئه‌سینا وێنایان کێشاوه.بۆیه وه‌هاش چاوه‌ڕوان ده‌کرێ مه‌کدۆنییه‌کانیش هه‌مان شێوه کولتووری ئه‌سینییه‌کانیان هه‌بووبێ.ئه‌وه‌ی زانراوه له کولتووری ئه‌سینیدا، ئافره‌ت بێ ده‌نگ و بێ وێنه‌ش بووه، به‌واتای ژنه ئه‌سینی له‌نێو چواردیواری ماڵدا به‌ند بووه و مافی راده‌ربڕینی لێ زه‌وتکراوه.له خۆشبه‌ختی ئافرەتانی میسڕدا تۆلێمییه‌کان یاسای یۆنانیان به‌سه‌ر دانیشتوانی میسڕدا نه‌سه‌پاندووه، له‌هه‌مان کاتیش‌دا رژێمێکی نێوه‌ندی زۆر توندیان مه‌به‌ست بووه، راسته‌وخۆ فه‌رمانڕه‌واییان کردووه و باج و خه‌راجیان له‌سه‌ر کاری، بازرگانی، خزمەتگوزاری گواستنه‌وه، کارگه و.....هتد، داناوه و به‌م کاره‌ش زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند بوون.له هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه رژێمێکی ئه‌ڕیستۆکڕاتییان به‌ڕێوه بردووه، رژێمی ئه‌ڕیستۆکڕاتیش، حوکمڕانی خێزانه و زۆر کات مێیینه تێیدا رۆڵ له رامیاری و ده‌سه‌ڵاتدا ده‌بینێ.له‌سه‌رده‌می تۆلێمییه‌کاندا زۆر ئافره‌ت ده‌سه‌ڵاتدار بوون، یه‌ک له‌و ئافره‌تانه (ئاڕسینۆ) ی کچی تۆلێمی یه‌که‌م که له ته‌مه‌نی شازده ساڵیدا دراوه به‌شوو به پادشایه‌کی ده‌وڵه‌مەندی شه‌ست ساڵه.ئاڕسینۆ، دوای مردنی مێرده‌که‌ی گه‌ڕاوه‌ته‌وه میسڕ و شووی به براکه‌ی خۆی کردووه و بووه به ژنی فێڕۆ.
'' بێرینیس'' ی دووهه‌م، فێڕۆیه‌کی دیکه بووه له‌گه‌ڵ مێرده‌که‌یدا هاوبه‌شی فه‌رمانڕه‌وایی کردووه، هه‌تا به‌ده‌ستی کوڕه‌که‌ی خۆی، تۆلێمی چواره‌م کوژراوه.
ئێمه ته‌نها ناوی یه‌ک کلیۆپاتڕامان بیستووه، لێ رسته‌یه‌ک کلیۆپاتڕا هه‌بون کلیۆپاتڕاکان زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندبوون.کلێۆپاتڕای سێهه‌م کوده‌تای به‌سه‌ر دایکیدا کردوه و شووی به خاڵی کردووه و له‌گه‌ل هه‌ردوو کوڕه‌کانیدا حوکمڕانی کردووه.
له‌نێوان هه‌موو ژنه به‌ناوبانگه‌کانی میسڕدا، ته‌نها ناوی کلێۆ پاتڕایه‌کمان بیستووه'' کلێۆپاتڕای حه‌وته‌م'' ئه‌ویش وه‌ک ژنه مارێکی سۆزانی و هه‌ڵخلیسکێنه‌ری پیاو کە مێژوو نووسی رۆم ''پلوتاڕچ-- پلوتاڕک'' به‌ئێمه‌ی ناساندووه.کلیۆپاتڕا له‌سه‌ره‌تاوه به ته‌نها حوکمڕانی کردووه، دواتر له‌گه‌ڵ دوو برای که یه‌ک له‌دوای یه‌ک شووی پێکردوون و له‌ناوی بردوون و جارێکی دیکه به‌ته‌نها ده‌سه‌ڵاتی گرتۆته‌وه ده‌ست.
له راستیدا ئه‌و کلێۆپاتڕایه‌ی ئێمه ناویمان بیستووه، شه‌نگه سوار و راوچییه‌کی باش و دیپلۆماتکارێکی بلیمه‌ت و سه‌رکرده‌یه‌کی سوپای لێهاتوو بووه.یه‌که‌مین تۆلێمی بووه به‌زمانی میسڕی ئاخاوتووه و وه‌ک میسڕییه‌ک ویستوویه‌تی سه‌ربه‌خۆیی وڵاته‌که‌ی بپارێزێ له ده‌ست رۆم که خوازیاری داگیرکردنی سه‌رانسه‌ری دنیا بوو.کلیۆپاتڕا له‌پێناو سه‌ربه‌خۆیی وڵاته‌که‌یدا په‌یمانی له‌گه‌ڵ سه‌ردارانی رۆم، پۆمپێ و سێزار و ئه‌نتۆنی به‌ستووه.دواتریش که دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ رۆمدا دادی نه‌داوه، سه‌رکرداێتی له‌شکری ده‌ریایی میسڕی کردوه دژی رۆم، کشانه‌وه‌شی له شه‌ڕی'' ئاختیوم'' دا نه‌خشه‌یه‌کی ستڕاتیجی شه‌ڕه‌که بووه نه‌ک راکردنێکی ترسنۆکانه.دوای دۆڕانی جه‌نگ له‌گه‌ڵ رۆم، له‌نێوان مه‌رگ و ژیانی رسوایی، مه‌رگی هه‌ڵبژارد.....ولیام تاڕن، ل 110.
ژنه میسڕییه‌کان به گرێبەستی تایبه‌تی شوویان کردووه، مافی ئه‌وه‌یان هه‌بووه به‌بێ ئیزن مێرده‌کانیان جێهێڵن، جیازییه‌کانیان وه‌رگرنه‌وه.هێندێک بڕگه‌ی یاسای میسڕیش رێگه‌ی بوونی دووژنه و قه‌پاتمه‌ی له‌پیاو به‌ستووه.له‌بواره‌کانی کشتوکاڵدا وه‌ک پیاو کاریان کردووه و وه‌ک پیاویش هه‌قده‌ستیان پێدراوه.
خۆشه‌ویستی پله‌وپایه دووره له کاڕێکتێری ئافرەتانه‌وه له پاتڕیارکیشدا به‌خشینی پله‌وپایه هه‌میشه له‌پێناو گۆڕینه‌وه‌ی ئازادیدایه، ئه‌و ئافرەتە میسڕییانه‌ی لاسایی چینی ده‌سه‌ڵاتدارانیان کردۆته‌وه و نه‌ریتی یۆنانییان وه‌رگرتووه و سه‌رپه‌رشتکار'' کیریۆس'' یان به‌سه‌رخۆیاندا سه‌پاندووه، سه‌ربه‌خۆیی خۆیان له‌ده‌ست داوه، وه‌لێ پرسیاری ئەوەی بۆ هێندێک ئافرەت له پێناو پله‌و پایه‌دا سه‌ربه‌خۆیی خۆیان به‌خشیوه؟ هه‌تا ئێستا پرسیارێکی بێ وه‌ڵامه.له‌سه‌رده‌می هێلینی میسڕدا گه‌وره‌ترین زه‌ره‌د که له‌سه‌ره‌تاوه به ئافرەتان که‌وتوه له‌بوواری هه‌قده‌ستدا بووه، خاوه‌ن کاره‌کان به خۆشحاڵییه‌وه لاسایی خاوه‌نکاری یۆنانیان کردۆته‌وه و هه‌قده‌ستی ئافرەتانیان داشکاندوه، ورده ورده کاریگه‌ریی نه‌ریتی یۆنانی له ئاستی ئافرەتانی هێناوه‌ته خوارێ، زۆر ئافرەت کراونه‌ته کۆیله و منداڵه‌کانیشیان کۆییله‌ییان له دایکیانه‌وه بۆ ماوه‌ته‌وه، پیاوان کچی منداڵیان رفاندوه و فرۆشتوویانن بۆ دابینکردنی کاری چڵێسی جینسی پیاوان.له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو له‌ده‌ستدانی ئاست و مافه‌شدا، هیڕۆدۆت که له‌سه‌ته‌ی پێنجه‌می پێش سه‌رده‌مدا سه‌ردانی میسڕی کردووه، نووسیویێتی؛ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی ئافره‌تانی میسڕی گریکه‌کانی سه‌رماس کردووه، ئه‌وان ده‌چوونه بازاڕ و سه‌رقاڵی بازرگانی بوون و پیاوه‌کانیشیان له‌ماڵه‌وه خه‌ریکی رستن و چنین بوون....Ancient Civilizations p 40
ده‌وڵه‌ته دێرینه‌کانی نێوان دوو ئاوان (مێزوپۆتامیا) و جێنده‌ر
سه‌رده‌می سۆمه‌ر و ئه‌کاد
ئه‌وه‌مان بۆ ئاشکرا بووه که ماڵیکردنی مه‌ڕ و بزن و چاندنی گه‌نم و جۆ له به‌رزایی ئه‌و وڵاتانه‌ی ئه‌مڕۆ ناویان ناوه (تورکیا، سوریا، ئێڕاق) به واتایه‌کی دیکه له کوردستان ده‌ستی دراوه‌تێ و دواتریش گه‌یشتوونه‌ته رووخه به‌پیته‌کانی ده‌چڵه و فوڕات له باشووری ئێڕاق.نزیکه‌ی پێنج هه‌زار ساڵان پێش سه‌رده‌م خه‌ڵکی ناوچه‌که'' رووخه‌کانی ده‌چڵه و فوڕات'' سیستێمێکی ئاودێری باشیان دۆزیوه‌ته‌وه.له نزیکه‌ی 3500 ساڵانی پێش سه‌رده‌م ئه‌و خه‌ڵکه کشتوکاڵکاره‌یه شارستێنێتێکیان پێکهێناوه و به‌زمانێک دوواون که ناونراوه سۆمه‌ری/ سومه‌ری'' Sumerian ''.گرووپی دیکه که به‌زمانی سامی دوواون وه‌ک - هیبڕوو، ئارامی، عاره‌بی، له‌باکووری سۆمه‌ردا له'' ئه‌کاد'' ژیاون و هێندێک جار چوونه‌ته ناو شاره‌کانی سۆمه‌ره‌وه و له ئه‌نجامدا فره‌زمانی سه‌ری هه‌ڵداوه، وه‌لێ زمانی سۆمه‌ری بۆ هه‌زاران ساڵ زمانی سه‌ره‌کی بووه.مێژوونووسان ئه‌م راستیانه‌یان به ئاسانی بۆ ده‌رکه‌وتووه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سۆمه‌رییه‌کان یه‌که‌مین که‌س بوون نووسینیان داهێناوه و تۆمارکراویان له‌دوای خۆیان به‌جێهێشتووه-- مه‌به‌ست له ناوچه‌ی سۆمه‌ر له به‌غداوه هه‌تا که‌نداوی فارسییه.ئه‌و ناوچه جیۆگڕفییه له ساڵی 3500 ی پێش سه‌رده‌مه‌وه هه‌تا وێرانکردنی شاری'' ئوڕ'' به‌ده‌ستی ئیلامییه‌کان ساڵی 2004 ی پێش سه‌رده‌م به‌واتای 1500 ساڵ له‌لای یۆنانییه‌کان به '' مێزوپۆتێمیا'' به‌واتای نێوان دوو ئاوان ناسراوه.به بڕوای مێژووناسان له چوار هه‌زارساڵ پێش کاتی سه‌رده‌مه‌وه، کۆمه‌ڵێک مرۆڤی گه‌ڕۆکی بێ به‌رنامه و ئاخێوه‌ری زمانێکی جیاواز له زمانه‌کانی'' ئوڕاڵ – ئاڵتاییک'' به واتای جیاواز له زمانی هیندۆ ئه‌وروپایی، به سۆمه‌ری ناوبراون و له‌گه‌ڵ گوندنشینه هۆرتیکولتوورکاری نێوچه‌ی باشوور و نێوه‌ندی مێزوپۆتێمیادا دامرکاون.گه‌وره‌ترین شاری سۆمه‌ر، ئووڕ/ ئوروک / وه‌رکا بووه.گوندنشینه‌کان ئاشنای گۆزه‌وگڵێنه و پۆشاک چنین و بڕێک کاری مێتاڵۆرجی/ کانزاکاری بوون.کۆمه‌ڵگه‌که‌شیان له‌سه‌ر بنه‌مای پاتریلینی دامه‌زراوه و ته‌مه‌ن رۆڵێکی گه‌وره‌ی تێدابینیوه.نێر و مێ پێکه‌وه راو و کاری کشت‌وکاڵیان ئه‌نجام داوه، لێ مێژوونووسان له وبڕوایه‌دان ئافره‌تان چێکردن و دابه‌شکردنی خۆراکیان دابین کردبێ که له په‌رستگه‌ی'' نامو- ئینانا'' دا که‌ندوویان کردووه له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی و چاودێرکاری په‌رستگه‌که‌دا.دیاره کشتوکاڵ له‌و ناوچه‌یه‌شدا وه‌ک ده‌وروبه‌ری روباری نیل پێوه‌ندی به هه‌ڵچوون و سه‌ره‌ڕێژه و پاشه‌کشێی روباره‌کانه‌وه هه‌بووه.
لە دەوروبەرێکی ئیکۆلۆجی بەرتەسکدا زیادبونی سەرژمێری دانیشتوان یان بە هۆی زیادکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی یان بە هۆی داگیرکاری و بەرفراوانکردنی ناوچەکەوە دەکرێت، یەکەمیان- زیادبوونی بەرهەمی کشتوکاڵ، دەبێتە هۆی درووستبونی ئیلیتێک، داگیرکاریش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی میلیتاریزم کە لەسەرەتاوە خۆبەخشانە و کاتی دەبێت و دواتر دەبێتە کارێکی هەمیشەیی.لە مێزوپۆتامیادا پێکهاتە سۆشیالییەکان لە شێوەی '' کڵێسە شار'' دا لە ئەنجامی پێکدادانی تیرەکانی ناوچەکەدا هاتوونە ئاراوە.له نزیکه‌ی 3300 ساڵان پێش سه‌رده‌می نوێ، که‌می باران بووە‌ته هۆی لادانی ئاوی فوڕات له رێگه‌ی هه‌میشه‌یی خۆی و وشکبوونی په‌لێکی، لەبەر ئەوەش کاره‌ساتی قاتوقڕی به‌سه‌ر دانیشتوانی نێوچه‌ی فوڕاتدا هاتوه و خه‌ڵکه‌که رووی کردۆته شارەکانی کیش و ئوڕ و لاگاش.له‌سه‌ر رفان رفانی زه‌وی وزار، شه‌ڕو پێکدادانێکی زۆر له‌نێوان تیره و به‌ره و بنه‌ماڵه‌کاندا سه‌ری هه‌ڵداوه.ئه‌و تیره‌یه‌ی زاڵ بووه زه‌ویوزاری ئه‌وی دیکه‌ی داگیرکردووه و پیاوه‌کانیان کوشتوون و ئافرەت و منداڵه‌کانیان کۆیله کردوون.بێ گومان شه‌ڕوشۆڕ سه‌رکرده‌ی گه‌ره‌که و له‌وانه‌شه له‌سه‌ره‌تاوه بۆ کاتی شه‌ڕه‌که سه‌رکرده‌یه‌ک له‌لایه‌ن پیری خێڵه پاتریلینییه‌که‌وه ده‌ستنیشان کرابێ، لێ خه‌ستبوونه‌وه‌ی شه‌ڕ و درێژه‌کێشانی سه‌رکرده‌کانی کردۆته سه‌رکرده‌یه‌کی هه‌میشه‌یی، به‌پێی کات ئه‌و سه‌رکرده سه‌ربازیانه خۆیان به هه‌ڵکشاوتر له خه‌ڵکی دیکه زانیوه و تیره‌کانی خۆیان به‌کارهێناوه بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر شار و ده‌وروبه‌ره‌که‌یدا.هەر لەو سەردەمەی شەڕوپێکدادانانەدا، گوندنشینەکانی نزیک شار بۆ خۆپاراستن روویان کردۆتە شارەکان و بوون بە دەستی کار لە دەزگایەکی ئاینیدا کە لەو رێگەیەوە توانای درووست‌کردنی سیستێمێکی ئاودێریی بەرفراوانی بەدەست هێناوە، ئەوجا لێرەوە کڵێسە، لە بوارەکانی ئاینی ئاڵۆز/ کۆمپلێکس، سیاسی و ئابووریدا کارا بووە.بەڵگەی ئاڕکیۆلۆجی 3000 ساڵ پێش سەردەم ئەوە پیشان دەدەن کە دەزگایەکی هێڕاڕکی/ سەرتاپاخواری کڵێسە سەرپەرشتیی درووستکردن و راگرتنی ژمارەیکی زۆری جۆگە ئاوەکانی کردووە کە چەندین کیلۆمەتر درێژ بوون.کرێی دەستی کاریش لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکە دەرچووە، زیادەکەشی خراوەتە کار بۆ درووست‌کردنی کاڵای جیاواز لەوانەش کاری کانزایی.ئەو جموجۆڵەش بووەتە هۆی درووستبوونی بیرۆکڕاسی کڵێسە و ئیلیتێک/ دەستەیەکی کارامە بۆ دابینکردن و رێکخستنی کارە جۆراوجۆرەکان.لێرەوە سیمبۆڵ و هێمای تایبەت بۆ شتەکان دانراوە و وردە وردە بووەتە داهێنانی نووسین.بەپێی زانیارییەکانی بەردەست، نووسینی تەواو لە نزیکەی سێ هەزار ساڵ پێش سەردەم لە سۆمەر هەبووە.
دیارە ئێمە لەم نووسینەدا'' مێژوویەکی ئافرەتان'' مەبەستمان گێڕانەوەی سەربووردەی ئافره‌تان و پاڵەوانیێتی ئافرەتانێک یان ئافرەتانی ئیلیتێکی تایبەت نییە، بەڵکو زیاتر مەبەستمان دۆزینەوەی هۆکاری سەرهەڵدانی پیاوسالاری و پێگەیشتنی کۆنسێپتەکانی جێندەرە کە بە داخەوە ئەمڕۆ وشەی'' جێندەر'' بە مەبەست و بێ مەبەست، لێکدانەوەی جیاواز و دوور لە یەکدی بۆ کراوە کە هێندێکیان ناتەواو و بەهەڵەدابەرن.(جێندەر پێناسەیەیەکی کو‌لتووریی هەڵسوکەوتی شیاوی نێوان هەردووک جنسەکەیە لە کۆمەڵگەیەکی تایبەت و لەسەردەمێکی تایبەتدا، جێندەر، دەستەیەک رۆڵە.نەریتێکە، دەمامکێکە، بەرگێکە کە هەر یەک لە نێر و مێ، دەورە ناهاوتاکەی خۆیانی پێوە دەبینن.) وەلێ بەداخەوە ئەمڕۆ لە میدیادا واتایەکی جنسیی ناشیرینی پێ دراوە و تەمومژێک خراوەتە سەر مانا بایۆلۆجیاکەی و ئەوەی کو‌لتوور پێی داوە.
دیارە بۆ لێکدانەوە و تێگەیشتن لە سەرهەڵدانی پیاوسالاری و پێشکەوتنی بیروبۆچوونەکانی جێندەر لە کۆمەڵگە هەرە کۆنەکاندا و پێش پەیدابوونی نووسین، بەڵگە ئاڕکیۆلۆجییەکانن.کۆنترین دۆزراوەی شێوەکاریی لەسەر ئافرەت لە وڵاتی سۆمەر، لە شاری ئووڕ دۆزراوەتەوە کە بریتییە لە کەللە سەری ئافرەتێک کە زۆر بە جوانی تاشراوە.پەیکەرەکە ئاماژە بۆ کەساێتییەکی پایەبەرز دەکات، قەشەیەک، پادشایەک یان خودایەک.ئەو پەیکەرە کە سەردەمەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی سێ هەزا ساڵ پێش سەردەم، ئاماژە بۆ رۆڵێکی سەرەکی دەکات کە ئافرەتانی ئەریستۆکڕات تێیدا کارا بوون، وەک کڵێسەو سەرپەرشتی بازرگانی و کۆشک.
بەڵگە ئاڕکیۆلۆجییەکانی سەردەمی زۆر زووی ئووڕ- Uruk کە دەگەڕێنەوە بۆ 2800- 3500ساڵ پێش سەردەم و تایبەتن بە حوکمڕانی'' بنەماڵە/ داینەستی'' یەکی پێش مێژوو- بە واتای پێش داهێنانی نووسین، دەتوانرێت ئەوەی لێ هەڵێنجرێت کە لەو سەردەمەدا شانبەشانی ئیلیتی کڵێسە، ئیلیتی میلیتاریش سەریهەڵداوە و لە ماوەیەکی کەمدا بووەتە هێزێکی نەیار لە کۆمەڵگەدا.پیاوە میلیتارەکان لە پێشەوە دەبنە سەرۆکی گوندێک و دواتر بەهێزترینیان جاڕی پادشاێتی دەدات.دەسەڵات بەسەر کڵێسەدا دەسەپێنێت، مڵک و سامانی کڵێسە داگیر دەکات و وردە وردە ئاینکارەکان دەکاتە پاشکۆی خۆی و دواتر بەپێی کات لە ئەنجامی شەڕدا چەند شار و ناوچەیەک داگیر دەکات و دەوڵەت دادەمازرێنێ.پێگەیشتنی میلیتاریزم و داخوازی درووست‌کردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ کۆمەڵگە بووەتە هۆی بە کۆیلەکردنی دیلەکانی لە شەڕدا گیراون و ئەوجا بە دامودەزگاکردنی کۆیلایێتی و لەگەڵیشیدا پێکهاتەی تایبەتی چیناێتی.ئەوەی شایانی باسە ئەوەیە کە ئەو هەموو گۆڕانکارییانە هیچیان لە بەرژەوەندی ئافرەتاندا نەبوون، بە پێچەوانەوە لە هەموویدا ئافرەت زەرەدمەند و بەشخوراو بووە.................گێڕدا لێڕنەر ل 58-56
لیستی ناوی پادشاکانی سۆمه‌ر که دوای سه‌رده‌می ژیانیان کۆکراوه‌ته‌وه ده‌ڵی، دوای لافاوه‌که'' نازانین مه‌به‌ستی چ لافاوێکه'' پاشایێتی له ئاسمانه‌وه هاته‌خوارێ بۆ ناو شاری کیش.له‌به‌ر ئه‌وه مێژووناسان ده‌ڵێن له‌وانه‌یه پادشاێتی له شاری کێشه‌وه سه‌ری هه‌ڵدابێ و شاره‌کانی دیکه‌ش بۆ سه‌پاندنی سه‌رده‌سته‌یی خۆیان چاولێکارییان کردبێ.بۆ ئه‌وه‌ی له‌بابه‌ته‌که زۆر دوور نه‌که‌ومه‌وه ته‌نها ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌که‌م، کە له سه‌ره‌تاوه ئێزاتا'' ئێزدان'' ی سۆمه‌رییه‌کان'' نامو'' ئێزاتایه‌کی مێینه بووه، بەڵام دوای سه‌رهه‌ڵدانی شارده‌وڵه‌تی سۆمه‌ر، ئێزاتای نێر جێگه‌ی ئێزاتا مێینه‌کانی گرتۆته‌وه.
سۆمه‌رییه‌کان له‌سه‌ره‌تاوه ده‌ستکاری پێکهاتە/ ستڕه‌کچه‌ری تیره‌گه‌ری و خزموخوێیان نه‌کردووه، به‌ڵکو وه‌ک ئینکاکان سه‌رکرده‌کانیان به‌کار هێناون بۆ کۆکردنه‌وه‌ی باج و خه‌راج.هه‌روه‌ک ده‌وڵه‌تی ئینکا، جوتیار و کۆیله و کرێکاره‌کانیش هه‌موو سه‌نگی کاری کۆمه‌ڵگه‌که‌یان له ئه‌ستۆ بووه.هه‌موو کاری به‌رگدرووستکردن له ئه‌ستۆی ژنه کۆیله‌کاندا بووه و بەشێک کاری کێڵگه‌کانیشیان ئه‌نجام داوه ئه‌مه جگه له خۆشکردنی پێسته و کاری هاڕینی گه‌نم و خزمه‌تکاری له نێو په‌رستگه و کۆشکی پادشاکاندا.
باسی'' پڕۆستیتیووشن/ کاری سۆزانی'' بۆ یه‌که‌م جار له مێژووی سۆمه‌ردا به‌رچاو که‌وتووه، پیاوه ئاینیه‌کان ئافرەتی رفێندرا‌و و کۆیله‌یان به‌کارهێناوه بۆ راکێشانی پیاوان و کۆکردنه‌وه‌ی سامان بۆ په‌رستگه‌کانیان، ئه‌مه‌ش ده‌مانخاته ئه‌و ئاسته‌ی بیر له‌وه بکه‌ینه‌وه که له‌سه‌رەتاوه کاری سۆزانی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئاین و چڵێسی سێکسیی پیاو هێنرابێته کایه‌وه.له‌سه‌ره‌تای شارده‌وڵه‌تی سۆمه‌ردا، ئافرەتی رێزدار و خاوه‌ن شکۆ و ته‌لار، ده‌ستڕۆیوو بوون، خاوه‌ن بڕیاربوون له‌هه‌ڵسووڕاندنی کاروباری بنه‌ماڵه‌که‌یاندا، به‌شدارییان له به‌ڕێوه‌بردنی شار و په‌رستگه‌کاندا کردووه.هاوسەری دەستەی حوکمڕانه‌کان خاوه‌نی کاری بازرگانیی سه‌ربه‌خۆی وه‌ک فرۆشتن و کڕینی خوری و ئارد و زه‌ویوزار بوون.له هه‌مان کاتیش‌دا رۆڵی سه‌ره‌کییان له بەڕێوەبردنی په‌رستگه‌کاندا دیتووه.
پاش ئه‌وه‌ی ئێزاتای نێر جێگه‌ی ئێزاتای مێینه‌ی له‌ناو سۆمه‌رییه‌کاندا گرتۆته‌وه، کچ و ژنی حوکمڕانه‌کان رۆڵی زێوانی ئاینییان گرتۆته ده‌ست.بێگومان ئاڵوگۆڕکردنی ئێزاتا له مێینه‌وه بۆ نێرینه، له‌ده‌ستدانی پله‌یه‌کی گه‌وره بووه بۆ ئافره‌تان، وه‌لی زێوان که‌سێکی ده‌ست رۆیوو بووه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رپه‌رشتی رێکخستنی قوربانییه‌کانی کردووه.
کاسه‌یه‌کی دۆزراوه‌ی شاری'' ئوڕووک- وه‌رکا'' ی نێوان ساڵانی'' 2900-2500 '' پێش سه‌رده‌م وێنه‌کارییه‌کی ریزێک پیاو پیشانده‌دا، دیاری پێشکه‌شی مێیینه‌یه‌کی زۆر به‌رز ده‌که‌ن، له‌وانه‌یه ئینانا بێت، ...........مێرلین فڕێنچ بەرگی یەکەم ل 84
په‌رستنی مێیینه خودا'' ئینانا'' نه‌ریتی نه‌زرکردنی مرۆی تێدا به‌دی ده‌کرێ.له هه‌ڵدانه‌وه‌ی 755 گۆڕی سه‌رده‌می سۆمه‌رییه‌کاندا له لایه‌ن ئاڕکیۆلۆجیسته‌کانه‌وه (گێڕدا لێرنه‌ر نووسیوێتی 1850 گۆر.....گێڕدا لێرنه‌ر ل 59) له‌ناو ئه‌و گۆڕانه‌دا، شازده گۆڕیان مرۆڤی نه‌زرکراوی تێدا دۆزراوه‌ته‌وه.له‌نێو گوومبه‌زی'' پو - ئابی'' دا شه‌ست ئافرەت به‌ته‌واوی جلوبه‌رگ و خشڵه‌وه له‌گه‌ڵ ده پیاو به به‌رگی ته‌واوی سه‌ربازییه‌وه نێژراون.ئەوەی جێگه‌ی باسە ئەو کەسانەی لەو گۆڕانەدا بە جل و بەرگی تەواوەوە دۆزراونەوە هیچ ئاسەوارێکی زۆرەملێیان پێوە دیار نییە.وا دەردەکەوێت کە بەویستی خۆیان لەگەڵ پاشا یان شاژندا نێژرابن.
وه‌ک ئینکا و میسڕییه‌کان، سۆمه‌رییه‌کانیش بۆ لاوازکردنی پێوه‌ندی نێو خێزان ئاینیان کردۆته دارده‌ست.له‌کاتێکدا مێیینه ئێزدان'' ئینانا'' ئێزدانه گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ر بووه، پادشاکانی سۆمه‌ر به‌ناوی ئه‌وه‌وه بڕیاریان داوه و له‌ژێر ناوی ئه‌ودا خه‌ڵکیان هه‌ڵفریواندووه.به‌ڵام ورده‌ورده بیروباوه‌ڕه ئاینیه‌کانیان هه‌ڵپاچیوه.
له میسیۆلۆجیای سه‌رده‌مێکی زۆر زووی سۆمه‌ریدا'' سایدوری'' ئێزدانێکی مێینه‌یه و ئافڕێنده‌ری هه‌موو شتێکه.له‌سه‌رده‌مێکی دواتردا ئێزدانێکی نێر، ئێزدانی '' رۆژ'' جێگه‌ی گرتۆته‌وە و ئێزدانه مێینه‌کان به گشتی ئاستێکی نزمتریان وه‌رگرتووه.له سه‌رده‌مێکی دواتریشدا، سه‌رده‌می گه‌لگامێش، ئێزدان/ ئێزاتا سیدووری بووه‌ته شه‌رابگێڕ له مه‌یخانه'' فریشته‌ی سه‌رخۆشی''.له‌پێشاندا ئینانا ئێزدانێک بووه که له‌دایکبوون و مردن و زیندووبوونه‌وه‌ی له‌ده‌ستدا بووه.له میتیۆلۆجیای دواتری سۆمه‌ریدا'' بیلولو'' ئێزدانێکی هاوتای ئینانا سه‌ری هه‌ڵداوه.دواتریش ئێزدانێکێ نێر'' ئینکی'' بووه‌ته ئێزدانی هەرە گەورە.گۆڕاندنی خودای مێینه‌وه بۆ نێرینه، ته‌نها گۆڕانی نێو و سیکس نه‌بووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سروشتی ئێزدان'' ئینکی'' جیاوازه له گه‌ڵ سروشتی ئێزدانه مێینه‌کان.ئێزدانه مێینه‌کان، به‌خشنده‌بوون، په‌رستگه‌کانیشیان کراوه‌بوون بۆ په‌رستکارانیان.وه‌لێ ئێنکی بیرۆکرات بووه، سیستێمێکی هێڕاڕکی دامه‌زراندووه، بۆخۆی ئێزدانی گه‌وره بووه له‌سه‌روو ژماره‌یه‌ک ئێزدانی دیکه‌دا که ته‌نها دووانیان مێینه‌بوون و ئیناناش هێچکامێکیان نه‌بووه.ئینکیدو، دوو ئێزاتای مێی بۆ له‌دایک بوون و ئاسمان داناوه.دواتر ئێنانا بۆته ئێزدانی شه‌ڕ و خۆشه‌ویستی و ئه‌وجا ساڕێژکار'' هیله‌ر'' و له سه‌رده‌می ئه‌مموورییه‌کاندا، کراوه‌ته ئێزدانی سۆزانی.ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت له‌و سه‌رده‌مه‌دا سووکاێتی کردن به مێیینه له‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا گه‌یشتۆته تۆپه‌لاک.
وه‌رچه‌رخانی بڕوای ئاینی له ئه‌نجامی گۆڕانکاری راسته‌قینه‌ی ژیاری سۆشیالییه‌وه رووده‌دات.
بڕوا هێنان به'' ئینکیدو'' وه‌ک گه‌وره ئێزدانێک له‌سه‌روو ئێزدانه‌کانی دیکه‌وه، پێشنیازی له‌بارچوونی دیمۆکڕاسی و جێگیرکردنی هێڕاڕکییه‌ک ده‌کا که نێرینه تێیدا ده‌سه‌ڵاتداره.لێره‌وه مێیینه‌ی سه‌رده‌می سۆمه‌ر، ئاستی خۆیان وه‌ک کڕۆکی کۆمه‌ڵگه و رێز لێگرتنیان لێ داماڵراوه.بۆ زیاتر ریسواکردنی ئافره‌تان، پیاوان، ئافره‌تیان له نێو چوارچێوه‌ی رێلمی کلاسیکی توانای زاین'' منداڵبوون'' و مۆڕاڵی ئاینیدا قه‌تیسکردووه.
بیرۆچکه‌ی خۆشه‌ویستی و شه‌ڕ، پێکه‌وه سه‌ریان هه‌ڵداوه که له‌وانه‌یه پێشتر له ئارادا نه‌بووبن.ئافرەتیش به هه‌ردووک بیرۆچکه‌که‌وه لکێنراو، ئه‌م پێکه‌وه‌به‌ستنه پێشنیازی ئه‌وه‌ده‌کا که ئافرەت بووە‌ته ده‌ستکه‌للای خواسته‌کانی پیاو.ده‌ستنیشانکردنی ئینانا به خواوه‌ندی شه‌ڕ، ئاماژه‌یه‌که بۆ ئه‌وه‌ی ئافرەت سه‌رچاوه‌ی لێکترازان و پیسکردنە.
له‌و سه‌رده‌مانه‌ی شه‌ڕوشۆڕ زۆر به‌ربڵاو بوون، ئافره‌ت به چاککه‌ره‌وه و خاوه‌ن سۆز ناسراوه، دیاره ئه‌و بڕوایه له‌کاتی برینداری پیاو و بێ ده‌سه‌ڵاتیدا هاتووه، له کاتێکدا هاتووه که پیاو پێویستی به برینپێچی و به‌زه‌یی هه‌بووه.لێ له‌وسه‌رده‌مانه‌دا که پیاوان ته‌واو باڵاده‌ست بوون و شه‌ڕوشۆڕ له ئارادا نه‌بووه، مێیینه ته‌نها له رێگه‌ی سێکسه‌وه ده‌ستڕۆیو بووه و ئیناناش به ئێزدانی سۆزانیان ناسراوه.
پێش سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌ت، له‌کۆمه‌ڵگه سه‌ره‌تاییه‌کاندا به‌هۆی توانای نوێکردنه‌وه‌ی گڕووپه‌وه'' به‌واتای توانای زان/ توانای وه‌به‌رهه‌مهێنانه‌وه'' وه ئافرەتان رۆڵی سه‌ره‌کییان دیوه.وه‌لێ پیاوان به یه‌کگرتنیان، پاتریلینیالی و ئێکسۆگه‌می و ژنخوازی پاتریلۆکاڵییان سه‌پاندووه و زۆر که‌م له نه‌ریتی ماتریلینیالی و ماتریلۆکاڵی له کۆمه‌ڵگه‌کاندا ماونه‌ته‌وه و ژنان هێندێک رێز و کۆنتڕۆڵی ژیانی خۆیان پاراستووه.
به‌شێک له بیریارانی پیاو، له‌و بڕوایه‌دان له‌سه‌رده‌می ده‌ستپێکردنی شه‌ڕوشۆڕی به‌رفراواندا، ئافره‌ت به‌هۆی لاوازی فیزیکی و په‌روه‌رده‌کردنی منداڵه‌وه به‌شدارییان نه‌کردووه.وه‌لێ ئه‌وه راست نییه، ئافره‌ت له کۆنیشدا سه‌ربازییان کردووه، به‌تایبه‌تیش له‌نێو تیره جێڕمانیکه ئینگلۆساکسۆنه‌کاندا، له‌نێو ئه‌و تیرانه‌دا شاژنه‌کانیان سه‌رکرداێتی سوپایان کردووه له‌شه‌ڕه‌کاندا، ئافره‌تانیش وه‌ک پیاوان شمشێریان هه‌ڵسوڕاندووه و خه‌ڵکیان کوشتووه خۆ مێژووی عاره‌بیش'' سه‌رده‌می بڵاوبوونه‌وه‌ی ئیسلام'' به‌ڵگه‌یه‌کی دیکه‌یه به‌ڵام به شێوه‌یه‌کی گشتی باو نه‌بووه ئافره‌تان ببنه سه‌رباز، ئه‌وه‌ش ره‌نگه به‌هۆی سروشتی ناشه‌ڕه‌نگێزییانه‌وه بێت.
سیمبۆڵیزم کاریگه‌ره له‌سه‌ر بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤ، مرۆ وا راهاتووه گه‌نده‌ڵی سه‌رکرده‌که‌ی نه‌بینێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ربه‌ته‌مای باشه‌یه لێی، به‌هه‌مان شێوه‌ش له زۆربه‌ی کولتووره‌کاندا دایک که ژیان به‌خشه هه‌رگیز نابێته شه‌وه‌ی ژیان.بێ گومان شه‌ڕوشۆڕ کارێکی ناخۆش و پڕمه‌ترسییه، ئه‌و پیاوانه‌ی راپێچی شه‌ڕ کراون زۆر جاران خۆیان دزیوه‌ته‌وه، یاسای سه‌ربازیش هه‌ر وه‌ک یاسای سه‌ربازی سه‌رده‌م سزای قورسیان له‌سه‌ر راکردووان داناوه، وه‌لێ بێ هووده‌یی سزادان سه‌رکرده‌کانی ناچارکردووه سامان و پله‌وپایه ببه‌خشن به‌وانه‌ی خۆڕاگر بوون و شه‌ڕی چاکیان کردووه.بۆ هاندانی خۆڕاگری له شه‌ڕدا سه‌رکرده جێڕمان ره‌گه‌زه‌کان وه‌ک سه‌رکرده عاره‌به ئیسلامه‌کان سه‌ربازه‌کانیان کردۆته هاوبه‌شی تاڵانی و راوڕووته‌کانیان.له‌سه‌رده‌می هێلێنیدا سه‌ربازه یۆنانییه‌کان زۆربه‌ی ژیانیان له ماڵه‌کانیانه‌وه دوور بوون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش پاداشتێکی باشیان پێدراوه که زۆرکات زه‌ویوزار بووه.مانه‌وه له ریزی سوپادا بووە‌ته سه‌رچاوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی پێکه‌وه‌نانی سامان و پڵه‌ی سۆشیالی، به‌تایبه‌تیش کاتێک خزخزمێنه چیدی زامنکاریی بۆ نه‌کراوه و سیستێمی پادشاگه‌ریی و خانه‌واده‌یی کلاسیکی به‌سه‌رچووه.له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رباز نێرینه بوون، چینێکی تازه سه‌ری هه‌ڵداوه جێگه‌ی ژنانی تێدا نه‌بۆته‌وه، هه‌روه‌ها به‌هۆی له‌ئارادابوونی کاری سۆزانیی و ره‌یپ (زه‌وتی سێکسیی/ زه‌وتکردنی مێیینه) سه‌ربازه‌کان زۆر پێویستیان به هاوسه‌ر نه‌ماوه.درێژه‌کێشانی شه‌ڕ و پێکدادان داخوازی سه‌رکرده‌ی لێهاتوو و سوپایه‌کی ئاماده‌ی کردووه، لێره‌وه پا‌دشایی میلیتاری سه‌ری هه‌ڵداوه.پادشای میلیتار ئه‌وه‌ی به هزردا هاتووه که بۆخۆی ئه‌و پایه‌یه‌ی به‌ده‌ست هێناوه نه‌ک له رێگه‌ی دایکییه‌وه و له ئێزدانێکی مێ سروشته‌وه بۆی مابێته‌وه.دیاره ئه‌و بۆچوونه بێ بایه‌خی باوک و باپێرانی ئافرەتانیش له ژیانی پیاواندا ده‌گه‌یه‌نێ و لێره به‌دواوه داکه‌وتنی ده‌سه‌ڵات له رێگه‌ی کیژی ئه‌ڕیستۆکڕاته‌کانه‌وه کۆتایی هاتووه.
کۆنترین بڕگه‌ی نووسراوی یاسایی نزمکردنه‌وه‌ی ئافرەت به‌رده‌ست که‌وتبێ، بڕگه‌یه‌کی یاسای لاگاشه به نێونیشانی (رێکخستنه‌وه‌ی ئوڕوکاجینا - وڕوکاجینا) .نوسراوه‌که باسی هه‌ڵبژاردنی پادشا، وڕوکاجینا و داخوازییه‌که‌ی ده‌کا بۆ به‌خشینی وڵاته‌که‌ی به ئێزدانێکی مێ سروشت ''باو'' هه‌روه‌ها یه‌که‌مین یاسای تایبه‌ت به جێنده‌ره، یاساکه هه‌مووی تایبه‌ته به چۆنیێتی حوکمڕانیکردنی ئافرەتان.له‌و یاسایه‌دا ناوی تاوانێکی تازه'' ئەدەڵتری'' هاتۆته کایه‌وه که ته‌نها ئافرەتان ده‌توانن ئه‌نجامی بده‌ن'' ئه‌ده‌ڵتەری'' واتای گزی سێکسیی دێت.یاساکه ده‌ڵێ '' ژنان له رابووردوودا دوو پیاویان هه‌بووه، وه‌لێ ئێستا وامان لێکردوون ده‌ستبه‌رداری ئه‌و تاوانه ببن''.
لێره‌دا سکۆڵاره‌کان چه‌ند پرسیارێک ده‌که‌ن، ئا‌یا ئه‌و یاسایه ئه‌وه ده‌بخشێ که ژنی مێرد مردوو یان ته‌ڵاقدراو ده‌توانێ شووبکاته‌وه، یان پادشا مافی هه‌ڵگرتنی کچێنی بووکی نه‌بێ وه‌ک باو بووه، یان ژنی خاوه‌ن هاوسه‌ر مافی هه‌بێت دۆستی هه‌بێ؟ هه‌رچه‌نده یاساکه له‌وه ده‌چێ ژن توانیبیێتی له هه‌مان کاتدا دوومێردی هە بووبێت، ولێ سکۆڵاره‌کان له‌و بڕوایه‌دانین ئه‌وه مه‌به‌ستی یاساکه‌بێت.جگه له‌وه‌ش یاساکه له‌وه ده‌دوێ، ئه‌گه‌ر ژن به شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی'' روون نییه چ شێوه‌یه‌ک'' له رووی پیاودا دوا، ده‌بێ ده‌می بکوترێته‌وه.ئه‌م یاسایه، گوته‌یه‌کی باوی کۆمه‌ڵگه‌ی'' رۆمانیا'' م دێنێته‌وه بیر که ده‌ڵێت'' ئافره‌ت و داس، بۆ ئه‌وه‌ی کار بکه‌ن، ده‌بێ ناو به‌ناو، ده‌میان بکوترێته‌وه''
له ده‌وروبه‌ری ساڵی 2350 پێش سه‌رده‌م'' سه‌رجۆن'' ی ئه‌کادی هه‌ردووک ده‌وڵه‌تی ئه‌کاد و سۆمه‌ری وێکخست، سه‌رجۆن، بیژوویه‌ک بوو، کوڕی ژنێکی خۆ ته‌رخانکه‌ر بوو لە خزمه‌تی ئایندا که ده‌بووایه خۆی دووره‌په‌رێزی سێکس راگرێت.ئه‌و پیاوه که به یاریده‌ی ژنان گه‌وره‌بووه و دواتر ده‌سه‌ڵاتی گرتۆته ده‌ست، رێزی ئافرەتانی گرتووه و خواوەند'' عیشتار'' ی مێینه‌ی به پارێزگاری خۆی ناسیوه.ئه‌و نوسراوانه‌ی سه‌رده‌می سه‌رجۆن به‌ده‌ست که‌وتوون ئاماژه به رۆشنبیری کیژه‌کانی ده‌که‌ن.ئه‌وان کاتێک سه‌رکرداێتی ئاینیان له‌ده‌ستدا بووه، وزه‌یه‌کی تایبه‌تییان به گه‌شانه‌وه‌ی لیتێراتوور و هونه‌ر و رامیاریی داوه که له‌وه‌پێش له ناوچه‌که‌دا له ئارادا نه‌بووه.
یه‌ک له کیژه‌کانی سه‌رجۆن'' ئینهێندوانه'' گه‌وره قه‌شه‌ی کڵێسه‌ی خواوه‌ند''مانگ'' ی شاری ئوڕ بووه، هێندێکێش له‌و بڕوایه‌دان که، گه‌وره قه‌شه‌ی کڵێسه‌ی'' ئان'' گه‌وره خواوه‌ندی خواوه‌نده‌کانی ئاسمان'' ی شاری'' ئوڕوک''یش بووبێت و به خاوه‌نی یه‌که‌م سیستێمی تیۆلۆجی ناسراوه.ئه‌و خاتوونه بلیمه‌ت بووه له هۆزان هه‌ڵبه‌ستندا و به یه‌که‌م مێینه‌ی هۆزان هه‌ڵبه‌ست ناسراوه له‌مێژوودا.بەڵام گه‌وره‌ترین کاری، باسی وێکخستنی ئه‌کاد و سۆمه‌ره له‌لایه‌ن سه‌رجۆنه‌وه که، گوایه ئه‌وکاره به‌سه‌رپه‌رشتی ئێزدانه مێینه‌کانه‌وه ئه‌نجام دراوه.سه‌رجۆن له‌سه‌رده‌می حوکمڕانییه‌که‌یدا بۆ باج و خه‌راج زیاتر داوای زێڕوزیوی کردووه له‌جیاتی که‌لوپه‌ل و پیاویشی کردۆته به‌رپرسی باج و خه‌راجی خێزان، کاتێکیش پیاوان باجه‌که‌یان بۆ نه‌دراوه، رێگه‌یان پێدراوه خێزانه‌که‌یان بفرۆشن به خاوه‌ن قه‌رز یان خۆیان ببنه سه‌پانی خاوه‌ن قه‌رز و کڵێسه.پیاوان که به‌رپرسی باجدانه‌که‌بوون، فرۆشتنی کچه‌کانیان لا په‌سه‌ندتر بووه له فرۆشتنی کوڕه‌کانیان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کوڕ ناوی خێزانه‌که‌یانی پاراستووه.
کاربه‌ده‌ستانی کڵێسه‌کان هێزی ژنه کرێکاره‌کانیان پێویست بووه و وه‌ک هاووڵاتییه‌ک و یه‌که‌مین نموونه‌ی مڵکایه‌تی تایبه‌تیش سه‌یریان کردوون.لێره به‌دوادا، ورده‌ورده مڵکاێتی تایبه‌تی جێگه‌ی مڵکایێتتی گشتی گرتۆته‌وه و ستڕوکتووری ده‌وڵه‌ت به‌هێزتر بووه و کڵێسه‌ش وه‌ک جاران ده‌رگای واڵا نه‌بووه بۆ هه‌مووکه‌س.ورده‌ورده کڵێسه له‌جه‌ماوه‌ری ره‌شوڕووت دوورکه‌وتۆته‌وه و ده‌رگای له روویاندا داخستووه و ته‌نها بۆ که‌سانی سه‌ربه‌ده‌وڵه‌ت ده‌رگای واڵا بووه.له‌و سه‌رده‌مانه‌دا که شه‌ڕ هه‌میشه له ئارادا بووه، به‌ره‌ی دۆڕاوی شه‌ڕ پیاوه‌کانیان کوژراون یان خه‌سێندراون یاخود نابیناکراون.وه‌لێ مێیینەکان به کۆیله کراون.
سه‌یرکردنی ئافرەتان وه‌ک مڵکاێتی تایبه‌تی و به‌کارهێنانیان بۆ کاری سۆزانی و به‌کۆیله کردنیشیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که له‌و ده‌وڵه‌ته‌دا، پیاو وه‌ک کاڵایه‌ک له‌ژنی روانیوه.
له‌وسه‌رده‌مانه‌دا به‌شێکی زۆری خه‌ڵکی چ نێر‌و چ مێ ئازاد نه‌بوون و له جۆراوجۆر کاری کشتوکاڵی و کارگه سه‌ره‌تاییه‌کاندا به نانه‌سکێ کاریان پێکراوه.یه‌ک له‌و دیاردانه‌ی ئاماژه بۆ ئاستێکی نزمتری ئافرەتان ده‌کات، دابه‌شکردنی خۆراکه.له لیستی دابه‌شکردنی خۆراکدا له شارده‌وڵه‌تی'' گاسوور و سوسه'' دا.له سه‌رده‌می سه‌رجۆندا، ئافره‌ت نیو ئه‌وه‌نده‌ی خۆراکی پیاوی پێدراوه.
زۆربه‌ی زانیارییه‌کانی سه‌رده‌می سۆمه‌ری له یاسا تۆمارکراوه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه که له ده‌ورووبه‌ری 2100 تا200 ساڵی پێش سه‌رده‌می نوێ‌دا تۆمارکراون و به‌رده‌ست که‌وتوون.له‌و یاسایانه‌دا کچێکی بێ مێرد وه‌ک براکه‌ی سامانی به‌رکه‌وتووه و هه‌تا ئه‌وکاته‌ی ویستبیشیێتی له‌ماڵی باب و دایکیدا بێ هاوسه‌ر ژیانی بردۆته‌سه‌ر.مافی ژنان بووه ماره‌بڕیه‌که‌یان بۆ منداڵه‌کانیان به‌جێهێڵن و پیاویش نه‌یتوانیوه له ژنه‌که‌ی له‌سه‌ر منداڵ نه‌بوون جیابێته‌وه.له هێندێک شاری سۆمه‌ریدا به‌تایبه‌تی شاری'' ئیشنوونا'' سزای ئه‌و پیاوانه‌یان داوه له ژنی منداڵداریان جیابوونه‌وه، وه‌لێ سزای ژنی نادڵسۆزی مێرد و پیاوی هۆمۆسێکسواڵ و زه‌وتکاری مێینه‌ی خاوه‌نداریشیان داوه، هه‌مان شار رێگه‌ی کڕینی ئافرەتی بۆ مه‌به‌ستی هاوسه‌ری داوه، ئه‌مه‌ش له راستیدا به‌کۆیله‌کردنی هاوسه‌ره مێیه‌که ده‌به‌خشێ.له هه‌مان کاتیش‌دا ئافرەتان توانیویانه له دادگادا شایه‌تی بده‌ن و له‌سه‌ر تاوانکردنیش دادگایی کراون.رەنگە هێندێک کەس دادگایی‌کردنی ئافرەتان له به‌رژه‌وه‌ندی ژناندا نه‌بینن، وه‌لێ ده‌بێ ئه‌وه بزانین ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی چاوپۆشی له تاوانی ئافرەتان ده‌که‌ن و دادگاییان ناکه‌ن، یاساکانیشیان ئافرەت به هاوتای پیاو دانانێن.
له یاسای شاری '' ئیشنونا'' دا، دووفاقییه‌ک به‌دی ده‌کرێ، وه‌ک ژنان له‌سه‌ر تاوانه‌کانیان دادگایی کراون ده‌بوو له‌مافیشدا هاوتای پیاوان بوونایه، وه‌لێ له کاتی زه‌وتکردن'' ره‌یپ'' ی مێینه‌یه‌کدا، ئه‌وه‌ی گرنگ بووه پاراستنی مافی پیاوه خاوه‌نه‌که‌ی بووه نه‌ک مافی مێینه‌که وه‌ک مرۆڤێک.بۆ نموونه؛ زه‌وتکردنی ژنێکی بێ مێرد یان کیژێکی بێ خاوه‌ن'' بێ که‌س'' شتێکی گرنگ نه‌بووه، زه‌وتکردنی کیژێکی کۆیله‌ی که‌سێکی دیکه، قه‌ره‌بووی خاوه‌ن کۆیله‌که به پاره دراوه‌ته‌وه، وه‌لێ زه‌وتکردنی کیژێکی نیشانه‌کراو که هێشتان له‌گه‌ڵ داک و بابی ژیابێ، سزای کوشتنی له‌سه‌ربووه.کیژی نیشانه‌کراو وه‌ک ژنی مێرددار سه‌یرکراوه و ده‌ست درێژی له‌سه‌ری به ده‌ست درێژکردنه سه‌ر مافی مێرده‌که‌ی سه‌یر کراوه.کیژێکیش به ئاگاداری و ره‌زامه‌ندی داک و بابی نیشانه نه‌کرابێ و نه‌درابێ به‌شوو، ماره‌بڕینه‌که‌ی له رووی یاساوه نه‌ناسراوه.
ئه‌گه‌ر ژنێک ره‌دووی پیاوێکی دیکه که‌وتبێ، مافی مێرده‌که‌ی بووه بیکوشتایه، وه‌لێ مافی کووشتنی پیاوه‌که‌ی نه‌بووه............مێرلین فڕێنچ - به‌رگی یه‌که‌م ل 91.
دیاره ئه‌و جۆره یاسایانه ته‌نها له‌کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا پێڕه‌وده‌کرێن که تێیدا مێیینه هیچ ده‌نگێکی نه‌بێ و وه‌ک ره‌گه‌زێکی جیاواز له پیاو سه‌یر بکرێ.له‌و سه‌رده‌مه‌شدا ئافرەتانی خاوه‌ن زه‌ویوزار هێندێک مافی خاوه‌نیێتی سامانه‌کانیانیان پارێزراو بووه، وه‌لێ جه‌سته‌یان موڵکی نێرینه‌ی خێزانه‌کانیان بوون.کاتێکیش مرۆ خاوه‌نی جه‌سته‌ی خۆی نه‌بێ له‌و بڕوایه‌دام نه‌شتوانێ سوود له ئاوه‌ز و هزری خۆی وه‌رگرێ.
زۆر کۆمه‌ڵگه له سه‌رده‌می قاتوقڕی و نه‌بوونیدا منداڵیان کوشتووه، وه‌لێ ته‌نها کوشتنی کچان چه‌مکی کولتووری له‌خۆ گرتووه.سکۆلاره‌کان له‌سه‌ر ئه‌و به‌ڵگه نوسراوانه‌ی به‌رده‌ستیان که‌وتووه که باس له‌وه‌ده‌که‌ن له هێندێک گه‌وره‌ماڵدا، زێده له حه‌فتاو پینج ده‌رسه‌دیان پیا بوون، به‌واتای چوار پیاو به‌رامبه‌ر یه‌ک ژن و 69% ی منداڵ و 96% ی ره‌نجبه‌رانیش نێرینه بوون، گه‌یشتوونه ئه‌و بڕوایه‌ی که له‌و سه‌رده‌می سۆمه‌رییه‌ی به سه‌رده‌می سه‌رجۆنی ناسراوه کوشتنی منداڵی مێ باوبووبێ.کوشتنی مێینه له‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا روویداوه که ته‌نها نێرینه مافی خاوه‌نیێتی تایبه‌تییان هه‌بووه و پاساویشی به داخوازی نێرینه‌یه‌کی میراتگر دراوه‌ته‌وه.ده‌مه‌وێ وه‌بیر خوێنه‌رەوەی بهێنمه‌وه که له‌سه‌رده‌مانێکی پێشتردا، ئافره‌تان به‌هۆی توانایان له نوێکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌دا له رێگه‌ی'' توانای زاین'' ه‌وه پله‌یه‌کی به‌رزیان هه‌بووه.له‌ناوبردنی کچان له منداڵییه‌وه، ئاماژه‌ی بێ به‌هایی توخمی مێینه‌یە له‌لای پیاوان و خه‌مساردیشه به‌رامبه‌ر نوێکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه.
یه‌کێک له خه‌مه سه‌ره‌کییه‌کانی خاوه‌ن زه‌وییه‌کان ئه‌وه بووه، خاکه‌که دابه‌ش نه‌بێت به ورده خاوه‌نیێتی که به‌رهه‌می نه‌توانێ خێزان به‌ڕێوه به‌رێ، له‌هێندێک کۆمه‌ڵگه‌دا ته‌نها کوڕه‌گه‌وره به پێی یاسا هه‌موو خاوه‌نیێتیێکه‌ی بۆ ماوه‌ته‌وه.ئه‌م یاسایه هه‌تا ئێستاش له ئینگلستان له‌کاردایه و کوڕه بچوکه‌کانیش له خاوه‌نیێتی خاک بێبه‌ری کراون.یاسای دابه‌شنه‌بوونی زه‌وی له مێزوپۆتامیادا باو نه‌بووه، وه‌لێ یاساکانیان فرۆشتنی زه‌ویی میراتییان یاساخ کردووه و ده‌بوو پشتاوپشت بۆ نه‌وه نێرینه‌کان دابه‌زێ، ئه‌م نه‌ریته هه‌تا ئێستاش له‌نێو بەشێک له خێڵ و تیره‌ی کوردستاندا هه‌ر باوه.هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌شدا کچان خاوه‌نیێتی زه‌وی یان لێ زه‌وتکراوه و له‌بریتیدا ده‌بوایه، له‌کاتی شووکردندا، به ئه‌ندازه‌ی به‌های به‌شه زه‌وییه‌کانیان'' جیازی'' له‌گه‌ڵ خۆیان به‌رن بۆ مالی مێرد.جیازی، نه‌ریتی ئه‌وکۆمه‌ڵگه‌یانه‌یه که تێیدا خاوه‌نیێتی زه‌وی بووه‌ته خاوه‌نیێتی تایبه‌تی، ئه‌مه‌ش زۆر کات بۆته قورسایی سه‌ر ملی خێزانی کچ، بۆ خۆ رزگارکردن له‌جیازی، زۆرجار باوکان کیژه ساواکانیان له‌ناوبردووه.هه‌ڵبه‌ت باوک کیژی خۆی نه‌ده‌کوشت ئه‌گه‌ر بیزانیایه کیژه‌که‌ی ده‌توانێ ببێته سه‌رچاوه‌یه‌کی په‌یداکردنی سامان له رێی شووکردنه‌وه.
دیاره کوشتنی مێینه‌ی ساوا ته‌نها له‌کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا ده‌کرێ که مێینه هیچ بایه‌خێکی نه‌بێت و وه‌ک مرۆ نه‌یخوێنێته‌وه.کوشتنی مێینه‌ی ساوا، له یاسای هیچ دێره ده‌وڵه‌تێکدا باسی لێوه نه‌کراوه، وه‌لێ سکۆلاره‌کان له تاوتوێکردنی ئه‌و نوسراوه دێمۆگڕافیانه‌ی به‌رده‌ست که‌وتوون که ژماره‌ی پیاوان زۆر زیاد له ژماره‌ی ژنان پیشان ده‌دا هه‌ڵێنجاوه.هه‌رچه‌نده ئه‌مه هه‌ر بۆچوونێکه و نه‌سه‌لمێنراوه بەڵام ئه‌گه‌ر راست بێت ئه‌وا ده‌توانین بڵێین خاوه‌نداریێتی'' وه‌ک کۆمیۆنزمیش ده‌ڵێت'' هۆکارێکی گه‌وره‌بێت بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی ئافرەت و پیاوسالاری، بەڵام لێره‌شدا کێشه‌ی ئه‌وه دێته پێشێ که پێشتر بۆمان ده‌رکه‌وت پێش بوونی سه‌رمایه و خاوه‌نداریی تایبه‌تی، پیاوسالاری و چه‌وسانه‌وه‌ی مێیینه له ئارادا بووه.
له مێزوپۆتامیادا لە سه‌رده‌می سه‌رجۆنەوە و بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر دواتریش شەڕ و پێکدادان به‌رده‌وام بووه، هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌شدا، چیناێتی بارگه‌ی هه‌میشه‌یی له‌کۆمه‌ڵگه‌دا خستوه و بیرۆچکه‌ی خاوه‌نیێتی سه‌ربه‌خۆی زه‌ویوزار و کاڵا سه‌ری هاڵداوه.ئاستی ئافره‌تانیش نزمکراوه‌توه‌وه بۆ ئاستی به‌شه مڵکایێتییه‌ک، پیاو به‌پێی ستانداردی یاسایی و مۆڕاڵی جیاواز مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا کردوون و له‌کۆتایی سه‌رده‌می سۆمه‌ریدا سیستێمی ئیگالیتاری له‌بیرچۆته‌وه.
جێنده‌ر له وڵاتی'' بابل'' دا
بابلییه‌کان تیره‌یه‌کی'' ئه‌ممووری'' سه‌ر به ره‌گه‌زی سامی بوون 3900 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له ڕۆژئاوای روباری فوڕات جێگیر بوون و ناوه‌که‌شیان'' بابلی'' له ناوی پێته‌خته‌که‌یان''بابل'' ه وه وه‌رگرتووه و له‌سه‌ردمێکدا گه‌وره‌ترین ده‌سه‌ڵاتی نێوان دووئاوان بوون، بابلییه‌کان ده‌وڵه‌تێکی ئۆتۆکڕاتییان دامه‌زراندووه و به له‌شکرکێشی سنووریان فراوان کردووه.
وه‌ک دیاره له‌سه‌رده‌می زووی بابلدا، ته‌نها ئافره‌تی چینی باڵای ئه‌مووری له بواری ئابووری و رامیاریدا، رۆڵێکی دیتبێت.به‌ڵگه‌نامه به‌ده‌سته‌وه‌ن که له شاره‌کانی'' نوزی'' و ''ماری'' دا له سه‌ته‌ی هه‌ژده‌ی پێش سه‌رده‌مدا، ئافرەتان خاوه‌نی مڵکاێتی تایبه‌ت بوون و به‌ڕێوه‌شیان بردووه، په‌یمانی کاریان به‌ستووه و خه‌ڵکیان راپێچی دادگا کردووه، وه‌ک پیاو له‌دادگادا توانیویانه شایه‌تی بده‌ن، منداڵیان هه‌ڵگرتۆته‌وه'' تبنی کردووه'' وەک پیاوان باجیان داوه.باجدانیش ئاماژه بۆ بوونیان وه‌ک که‌سێکی سه‌ربه‌خۆ ده‌کات.سه‌رکرده‌کانیش ده‌رباره‌ی جه‌نگ رایان وه‌رگرتوون و هێندێک ژنیش راوێژکاری پادشاکان بوون.نموونه‌یه‌کی باشی به‌شداریکردنی ئافرەتان له بواری رامیاری و راوێژکاری پادشاکاندا، کیژه‌کانی پادشای ده‌وڵه‌تی''ماری'' پادشا '' زیمری لیم'' ی هوورین.2
خانزاده ئیباتووم، له نامه‌یه‌کدا بۆ پادشا '' زیمری- لیم'' ی باوکی، داکۆکی له‌مێرده‌که‌ی ده‌کا له به‌شداربوونی له کووده‌تای داگیرکردنی شاری'' ئاماس'' و باسی بارودۆخی رامیاری شاره‌که و دڵسۆزی مێرده‌که‌ی بۆ ده‌کا.کیژێکی دیکه‌ی زیمری لیم '' ئینیب- ساری'' ئاگاداری باوکی له کووده‌تای مێرده‌که‌ی خۆی کردۆته‌وه.
له‌نێوانی 2000 - 1600 ساڵی پێش سه‌رده‌مدا له بەشێک شاری ئه‌ممووریدا یاسای'' نادیتو'' یان هێناوه‌ته کایه‌وه، مه‌به‌ست له یاساکه '' به بووره'' هێشتنه‌وه‌ی مێیینه بووه، به‌پێی ئه‌و یاسایه مافی منداڵبوون له کاهینه ژنه‌کان زه‌وت کراوه، نادیتو مانای بووره ده‌گرێته‌وه و ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی مڵکاێتی تایبه‌ت له بابل دا هاتۆته کایه‌وه.به‌پێی یاسای مڵکاێتی بابلی ئه‌وسه‌رده‌مه، کوڕانی به‌ره‌بابێک توانیویانه پێکه‌وه خاوه‌نی زه‌وییه‌ک بن، وه‌لی ئه‌گه‌ر کچ به‌شداری میرات بایه مێرده‌که‌ی له‌جێگه‌ی ده‌بووه میراتگر.جا بۆ ئه‌وه‌ی مڵکاێتی له‌نێو خێزانه‌که‌دا بمێنێته‌وه، باوکان کچه‌کانیانیان کردۆته نادیتو و به‌زۆریش ره‌وانه‌ی کڵێسه‌یه‌کیان کردون و ژیانێکی ئاسووده‌یان بۆ دابین کردوون، وه‌لێ ئه‌گه‌ر رێگه‌ی سێکسیشیان لێ نه‌گیرابا ئه‌وا مافی شوکردن و منداڵ بوونیان نه‌بووه.ئه‌مه‌ش به یه‌که‌م هه‌نگاوی زه‌وتکردنی مافی ژنان ره‌چاوده‌کرێ له سه‌رده‌می بابلدا، لێ نادیتو له‌گه‌ڵ رووخانی رژێمی یه‌که‌م بنه‌ماڵه‌ی بابلیدا به‌سه‌رچووه.
حامۆڕابی: به‌هۆی دانانی کۆده یاساییه‌که‌ی''چاو به چاو و ددان به ددان'' به به‌ناوبانگترین پادشای بابلی ناسراوه.حامۆڕابی پادشایه‌کی داینه‌ستی/ بنه‌ماڵه‌ی دووهه‌می بابلی بوو و له‌جێتی زێده پێشێلکردن و زه‌وتکردنی مافی ئافرەتان که به‌رهه‌مێکی سه‌رهه‌ڵدان و به‌ره و پێشچوونی ده‌وڵه‌ته کۆنه‌کان بووه، زۆر جێگه‌ی سه‌رسڕمانه که دوو له‌سه‌ر سێی'' 282 '' ی بڕگه یاساییه‌کانی حامۆڕابی، ده‌رباره‌ی ماماڵه‌کردنه له ته‌ک مێیینه‌دا.
ئه‌نسرۆپۆڵۆجیست، جۆرج دۆرسی: چه‌خت له‌وه ده‌کا که کۆدی حامۆرابی'' لای ئێمه به میلی حامۆڕابی'' ناسراوه، به بارنتایه‌ک دانی به مافی ئافرەتاندا ناوه، هه‌تا سه‌ره‌تای سه‌ته‌ی بیستیش هاوتای نه‌بووه.
به‌پێی کۆدی حامۆڕابی، ئافرەت مافی ده‌نگدان و شایه‌تکاری له دادگادا و مافی میراتگرتن و کاری نووسینگه‌شیان پێ ڕه‌وا بووه.باوک و مێردیش مافی زه‌وتکردنی مڵکاێتییه‌کانیانیان نه‌بووه.له‌و سه‌رده‌مه‌ی بابلدا ئاوفرەت، جگه‌له‌وه‌ی کاری بازرگانی ده‌ره‌کیشیان کردووه، شان به شانی پیاو داهێنه‌ری جۆری جیاوازی بازرگانی و به‌رهه‌می نوێ بوون و سه‌رپه‌رشتی داهاتی کاروکاسسبی و سامانی خۆیانیان له‌ده‌ست خۆدابووه و سامان و جیازی ماره‌بڕینیشیان به میرات بۆ منداڵه‌کانیان ماوه‌ته‌وه.له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا یاساکانی حامۆڕابی مافی ژنانی وه‌به‌رچاو گرتووه، وه‌لێ مێیینه‌ی چینی هه‌ژار مافیان که‌متر بووه له مێیینه‌ی چینه باڵاکان.ژن و کچی هه‌ژاره‌کان کراونه‌ته بارمته‌ی قه‌رزی باوک و مێرد، ئه‌گه‌ر قه‌رزدار توانای دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌که‌ی نه‌بووبێ ئه‌وا کچ و ژنه‌کانیان له‌بریتی قه‌رزه‌که به‌کۆیله‌کراون.
کۆده‌که‌ی حامۆڕابی هه‌رچه‌نده بەشێک له‌مافی ئافره‌تانی پاراستووه و دوو له‌سه‌ر سێی یاساکانی ده‌رباره‌ی جیاوازی نێوان جێنده‌ره، ئه‌وه‌شمان پێ ده‌ڵێ که به شێوه‌یه‌کی گشتی ئافره‌ت له‌ئاستێکی زۆر نزمدا نرخێندراوه.پیاو توانیویه‌تی له‌سه‌ر نه‌زۆکی''منداڵ نه‌بوون'' یان به هه‌ر شێوه‌یه‌ک به هۆی ژنه‌که‌یه‌وه شه‌رمه‌زار بووبێت جیابێته‌وه، هه‌رچه‌نده هۆی منداڵ نه‌بوون وه‌ک زانست بۆی ده‌رخستووین ده‌شێ پیاوه‌که بێت، وه‌ک ئاشکرایه لێمان هه‌تا ئێستاش له کۆمه‌ڵگه‌ی پیاوسالاریدا و له‌وانه‌ش کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانی هه‌میشه ژن تاوانبار و نه‌گریسه.ئه‌مه‌ش به رای خۆم یه‌کێکه له‌و مه‌ترسییه نادیارانه‌ی پیاو، که پێشتر باسمان لێوه‌کرد.جگه له‌وانه‌ش پیاو مافی هه‌بووه ژنه‌که‌ی بکووژێ ئه‌گه‌ر به‌رگری سه‌رجێیی لێ کردبێت.له‌سه‌ر تاوانه سووکه‌کان پیاوان سزایه‌کی که‌می دارایی دراون وه‌لێ له‌سه‌ر هه‌مان تاوان ئافره‌تان ژیانیان لێ تاڵ کراوه.ئه‌گه‌ر پیاوێک بیسه‌لماندایه ژنه‌که‌ی له‌گه‌ڵ که‌سێکی دیکه‌دا سه‌رجێیی کردووه ده‌یتوانی ژنه‌که‌ی بکووژێ.پیاو بۆی هه‌بووه بڵی یه‌که‌مین ژنی بێسووده و بیکاته کۆیله و ژنێکی دیکه بهێنێ.بۆ تاوانێک که پیاو به‌سزای چه‌ند پووڵێک توانیبیێتی رزگاری ببێت، ئافره‌ت بۆ هه‌مان تاوان جگه له‌سزادانی به‌پووڵێکی زێده‌تر، ژیانیشی لێ تاڵکراوه.تاوانی کوشتنی مێرد بۆ مه‌به‌ستی شووکردنه‌وه به پیاوێکی دیکه، به‌گه‌وره‌ترین تاوانی ژنان ناسراوه، سزاشی له خاچ یان له قیسپدان بووه.
ژماره‌ی یاسای تایبه‌ت به جێنده‌ره‌وه ده‌ری ده‌خات که له سه‌رده‌می بابلییه‌کاندا، ئافرەتان له نزمترین ئاستدا سه‌یرکراون و له‌میسیۆلۆجیاکانیشیاندا ئه‌وه به‌دی ده‌کرێ، له‌سه‌ره‌تاوه خواوه‌نده‌کانیان مێینه بوون، دواتر نێرینه‌یان تێکه‌ڵاوبووه و له‌کۆتاییدا خواوه‌نده مێیه‌کان بوونه‌ته ژێرده‌سته‌ی خواوه‌ندێکی نێر.
جێنده‌ر له ئیمپڕاتۆریای ئاسووردا.
له‌سه‌ته‌ی شازده‌ی پێش سه‌رده‌مدا، بابل له‌لایه‌ن '' هیتیتی'' یه‌کانه‌وه تاڵان کرا'' ئاسووری'' یه‌کان که گڕووپێکی دیکه‌ی ئه‌ممووری رۆژئاوایی بوون، له سه‌ته‌ی سێزده‌ی پێش سه‌رده‌مه‌وه، بوونه گه‌وره‌ترین ده‌سه‌ڵاتی مێزوپۆتێمیا.مێژووناسان سه‌رده‌می ئاسوور به سه‌رده‌می'' که‌ڵتی تۆقێنه‌ر'' ناوده‌به‌ن و وه‌ک که‌سانێکی زۆر میلیتار و بێ به‌زه‌یی و خوڵقه‌تگرتوو به ئافرەتان ده‌ناسن.
زێده له‌نیوه‌ی یاساکانی ده‌وڵه‌تی ئاسووری پێوه‌ندیداره به مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئافره‌تاندا.
به‌و شێوه‌یه‌ی سه‌رچاوه‌کان باسیده‌که‌ن، مامه‌ڵه‌ی ئاسوورییه‌کان له‌گه‌ڵ مێیینه‌دا له ئاستێکی ئه‌وتۆدابووه پیاو، قێز له‌خۆی ده‌کاته‌وه.لێره‌دا به کورتی ئه‌وه‌ی له کتێبه‌که‌ی'' مێرلین فڕێنچ '' دا هاتووه له‌سه‌ر ئاست و مامه‌ڵه‌کردنی ئافرەتان له وڵاتی ئاسووردا، ده‌خه‌مه به‌رچاوی خوێنه‌رەوەی به‌ڕێز.
مێرلین: ده‌ڵێ؛ ئاسوورییه‌کان، له خراپ مامڵه‌کردنی ئافرتاندا، بۆڕی هه‌موو رژێمه‌کانی دوو هه‌زار ساڵه‌ی مێزوپۆتامیای پێش خۆیانیان داوه که هه‌موویان خاوه‌نیێتی ژنانیان کردووه و وه‌ک کاڵایه‌ک مامڵەیان کردوون.
وه‌ک مێرلین باسده‌کات، پیاو تووانیوێتی ژن بکڕێت، بیکووژێ، ئه‌شکه‌نجه‌ی بدات.کیژان فرۆشراون بۆ ماره‌بڕین و هیچ مافی میراتگریی باوک و دایکیان نه‌ماوه.کچێنی مه‌رجێکی سه‌ره‌کی بووه، ئه‌گه‌ر بووکێک پێش شووکردنی کچێنی له‌ده‌ست دابێت، زاوا مافی گێڕانه‌وه‌ی بۆ سه‌ر ماڵه‌بابانی و بگره کوشتنیشی هه‌بووه.پیاو، هه‌رکاتێک ئاره‌زووی گرتبێتی ژنه‌که‌ی ده‌رکردووه بێ هیچ قه‌ره‌پووکردنه‌وه‌یه‌کی.
یه‌کێک له یاساکانی گزیکردنی نێوان ژن ومێرد، ماف به‌مێرده‌که ده‌دات ژنه نا دڵسۆزه‌که‌ی و دۆسته‌که‌شی بکووژێ، یاسایه‌کی دیکه‌یان، مافی به مێرد داوه شکات له‌و پیاوه بکات سێکسی له‌گه‌ڵ ژنه‌که‌ی کردووه و یاساش مۆڵه‌تی داوه‌تێ به‌و شێوه‌یه‌ی بیه‌وێ تۆڵه‌ی خۆی بکاته‌وه، به‌مه‌رجێک ئه‌گه‌ر پیاوه‌که‌ی کوشت ده‌بێ ژنه‌که‌ی خۆیشی بکووژێ.
ژنێک له‌کاتی نه‌خۆشی هاوسه‌ره‌که‌ی یان دوای مردنی، سامانه‌که‌ی بردبێت، کوشتوویانه.ئافره‌ت مافی خاوه‌نیێتی، شکاتکردن و شایه‌تی دادگاشی نه‌بووه.له راستیدا، ئافره‌ت، وه‌ک ئاژه‌ڵێک که پیاو خاوه‌نیه‌تی مامڵه‌ی کراوه.
ئه‌گه‌ر کیژێکی بێ ده‌سگیران زۆره‌ملێی سێکسی لێ کرابا، زۆرداره‌که‌ی نه‌ده‌کوژرا، له‌جێتی کوشتنی ده‌بوو کیژه‌که ماره بکات ئه‌گه‌ر پیاوێکی ژندار نه‌بووایه.ئه‌گه‌ر پیاوێکی ژندار بووایه، ده‌بوو ژنه‌که‌ی خۆی وه‌ک کۆیله‌یه‌ک یان قه‌پاتمه‌یه‌ک'' به‌واتای کاڵایه‌کی سێکس'' بدایه‌ته باوکی کچه زه‌وتکراوه‌که.پیاوێک ئه‌گه‌ر له ژنێکی سکپڕی پیاوێکی دیکه‌ی دابێ و به‌و هۆیه‌وه ژنه‌که منداڵه‌که‌ی له‌بار چووبێ، پیاوه تاوانکاره‌که بۆخۆی سزا نه‌دراوه به‌ڵکو ژنه‌که‌ی دووچاری هه‌مان ئه‌شکه‌نجه‌ی منداڵ له‌باربردن کراوه.
دڕنده‌نه‌ترین یاسای ئاسووری ده‌ره‌رباره‌ی ئافرەتان، له‌سه‌ر منداڵ له‌به‌رباردن بووه.هه‌ر ژنێک منداڵی له‌بار خۆی بردبا یان یاریده‌ی ژنێکی دیکه‌ی دابێ، به‌زیندوویی له قیسپیان داوه.ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه نه‌بووه که منداڵ له‌باربردن وه‌ک تاوانی منداڵ کوشتن بووبێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی یاسا ره‌وایی به منداڵ کوشتن داوه و کارێکی به‌ربڵاویش بووه، سزاکه له‌سه‌ر پێشێلکاری مافی باوک بووه که بڕیاری مردن و ژیانی له‌ده‌ستدا بووه.
له‌باربردنی منداڵ و گزی جنسیی، تاوانێک بووه ته‌نها بۆ ژنان.بڕیارێکی سه‌ربه‌خۆ له‌لایه‌ن ژنه‌وه وه‌ک گه‌وره‌ترین تاوانه‌کانی سه‌ر'' ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی'' و سووکایێتیکردن به پادشا ژمێردراوه، که سزاکه‌ی له‌قیسپدان بووه.لێره‌دا ده‌بێ ئه‌و راستییه هه‌ڵێنجین که سزاکه بۆیه هێنده قورس بووه چونکه سه‌رکێشی ده‌سه‌ڵاتی پاتریارکی تێدا بینراوه ئه‌ویش که ئه‌وه‌یه ته‌نها پیاو ده‌توانێ بکووژێ!!
له‌ناو خێزانی ئاسووریدا باوک ده‌سه‌ڵاتی ره‌های هه‌بووه، به‌ئاره‌زووی خۆی یاسا بۆ خێزانه‌که‌ی و کۆیله و خزمه‌تکاره‌کانی داناوه.مێردیش به‌ته‌واوی کۆنتڕۆڵی سامانی هاوسه‌ره‌که‌ی کردووه ئه‌گه‌ر هه‌یبووبێ.وه‌ک ئاژه‌ڵ مێیینه نرخی هه‌بووه و فرۆشراوه بۆ هاوسه‌ری و قه‌پاتمه‌یی و کۆیله‌یی و کاری سۆزانی.له‌ژێر یاسای ئاسووریدا مێرد، مافی هه‌بووه ژنه‌که‌ی بێ ئاگای که‌س ئه‌شکه‌نجه بدات، وه‌ک ئه‌وه‌ی قژێ ده‌رکێشێ، لێیبدا، گوێی که‌ڕکات.وه‌لێ ئه‌گه‌ر ویستبێتی مه‌مک یان لوتی ببڕێ، به‌پێی یاسا ده‌بووایه به ئاشکرا و به‌به‌رچاوی خه‌ڵکه‌وه ئه‌نجامیدایه.به‌مانای ئه‌وه‌ی پیاو ئه‌و مافه‌شی هه‌بووه و هیچ کۆسپێکی یاسایی له رێگه‌یدا نه‌بووه.
به‌کورتی له‌سه‌رده‌می مێزوپۆتێمیای کۆندا یاسا سه‌ره‌کییه‌کان ده‌رباره‌ی موڵکاێتی و مامه‌ڵه‌کردن به موڵکایێتییه‌وه بوون و مێینه‌ش موڵکی نێرینه بووه....................................مێرلین فڕێنچ بەرگی یەکەن ل 105 -98
مه‌گه‌ر هه‌ر ژنانی ئه‌وسه‌رده‌مه بزانن چ ژیانێکیان بردۆته سه‌ر.!!
پەراوێز
1 - ده‌وڵه‌تی ئینکا: که له‌کۆمه‌ڵگه‌ێکی بێستانچیێتی'' هۆرتی کوڵتوور'' ی ئێگالیتاری و بێ زێده به‌رهه‌مهێنان و کۆمه‌ڵکردنی سامان سه‌ری هه‌ڵدا، به‌ته‌واوی ناکۆکه له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌که‌ی ئه‌نگلس ده‌رباره‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌ت.
2 - به‌شێک له لێکۆڵه‌ره‌وانانی مێژووی ئافره‌تان له هێندێ سه‌رچاوه‌دا'' هووری'' یه‌کانیشیان وه‌ک بابلی، به‌واتای ئه‌مووری له قه‌ڵه‌م داوه و ئاماژه‌شیان بۆ سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌که‌یان نه‌کردووه.له‌و چه‌ند رسته‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، سه‌رچاوه‌که به‌ڵگه‌نامه‌ی شاره‌کانی نوزی و ماری وه‌ک دوو شاری بابلی هێناوه‌ته‌وه، وه‌لێ مێژووی هوورییه‌کان سه‌لماندوویێتی، دانیشتوان و پادشاکانی ئه‌و دووشاره، هووری زمانه‌کان بوون و له هیچ لایه‌که‌وه پێوه‌ندییان له‌ته‌ک ره‌گه‌زی سامی دا نه‌بووه و له‌و سه‌رده‌مانه‌دا سه‌ره‌تای'' مه‌لێنێۆمی دووی پێش سه‌رده‌م'' هوورییه‌کان له چیاکانی هه‌ورامانه‌وه و له‌نێوانی هه‌ردوو ئیمپڕاتۆریی بابلی و ئاسووریدا هه‌تا ده‌گاته سه‌ر ده‌ریای سپی'' به‌واتای به نزیکه‌ی پانتایی باشور و رۆژئاوای کوردستان'' چه‌ند بادیشایێتی و ئیمپڕاتۆرییان دام
سه‌رچاوه‌کان
Silver Moon Sun، and Witches.1987
Barbara Lesko، the Remarkable Women of Ancient Egypt 1987
Sarah B.Pomeroy، Women in Hellenistic Egypt: From Alexander to Cleopatra 1984
Sir William Tarn، Cambridge Ancient History، Vol.10 1970،
George Dorsey، Man’s Own Show: Civilization (New York: Harper& Brothers، 1931)
Bernard Batto، Studies on Women at Mari (Baltim0re، Md: Johns Hopkins University press، 1974
Gernot Wilhelm، the Hurrians، translated from German by، Diana L.Stein 1994
Marilyn French، From Eave to Dawn، vol.1، 2 &3.2002
Ancient Civilizations، General Editor: Professor Greg Woolf، First publishing 2005
Chinese women: past&present، by Easter S.Lee Yao 1983
Women in early Imperial China، by Bret Hinsch، 200
On becoming human، Nancy Makepeace Tanner.Cambrbidge Univesity press 1981
The creation of patriarchy.Gerda Lerner.Oxford University press 1986
In defense of Atheism Michel Onfray، translated by Jeremy Leggatt 2005
Sex، Time and Power، Leonard Shlain.How women’s sexualty shaped Human Evolution.2003
Big history، from the BIG BANG to the present، by Cynthia Stokes Brown.New York، ، NY 2008
Grassroots by Jennifer Baumgardner and Amy Richards ….2005
Richard A.Gold، Yiwara: Foragers of Australian Desert ………1969
Georg Bancroft، History of the United States of America، From the Discovery of the Continent vol.1.1967
Catal Huyuk: A Neolithic Town in Anatolia، by، James Mellaart (New York: McGraw-Hill، …1967)
Marija Gimbutas، Gods and Goddesses of Old Europe (Berkeley: University of California press …….1974
Michal Dames، the Silbury Treasure (London: Thames and Hudson.…..1976)
Anton، Ferdinand، Women in pre-Colombian American.…..................1973
Anderson، Karen.Commodity Exchange and Subordination: Montagnais-Naskapi and Huron Women، 1600-1650، ”………………………………..1986
Simone De Beauvoir.Second Sex، copyright Alfred، A، Knopf Vintage Book Edition، 1989
Richard B.Lee، Population growth and bigining of sadentry، life among the Kung Bushmen 1972
Marjorie Shustak، Nisa: The life and world of Kung women.Harvard University press 1981
Carol Beckwith and Angela Fisher، African Ceremonies II (New York: Harry N.Abraham Inc.1999
Robert S.McElvaine، Eve’s Seed………………………………………………2001
Myth0logy، the illustrated anthology of world myth and storytelling، general editor، C Scott Littlton …..2002.
Encyclopedia of the ancient Greek world، David Sacks، revised edition by Lisa R.Brody ….2005
Political and and social life in the great age of Athens، edited by John and Kitty Chisholm.Open Univerty.1978.
All you need to know، from Zeus’s Throne to the Fall of Rome، by Carolline Taggart.Michael O’ Mara Books Limited 2010.
Keuls Eva C.The reign of the phallus: Sexual politics in Ancient Asthens.New York: Harper & Row، 1986
The secret history of Mongol Queens.by Weatherford 2010
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
