Open menu
  • گەڕان
  • العربیة
  • گۆشه‌کان
    • ڕاپۆرت
    • به‌دواداچوون
    • ئه‌ده‌ب و هونده‌ر
    • دیمانـــــــــه‌
    • پارت و ڕێکخراوه‌کان
    • هه‌واڵ
    • کاریکاتێر
    • کامپین
    • پرسه‌کان
    • هه‌مه‌ڕه‌نگ
    • بابه‌تی به‌رجه‌سته‌کراو
    • هۆنراوە
    • تەواوی بابەتەکانی ٢٠١٣
  • په‌یوه‌ندی
  • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ری دیکه‌
  • ژنە نووسەرەکان
  • ماڵەوە
  • WhatsApp -Viber - 00964770768123
  • Contact - kurdistannet@hotmail.com Omar Faris Aziz

برایم لاجانی

با چیدی بە ئێسک و پرووسکی مردوەکانمان یەکتر نەکوتین ... برایم لاجانی

برایم لاجانی 15 August 2013

کورد نەتەوەیەکی بێبەشکراو لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی خۆیەتی. هێشتاش بەداخەوە جگە لەشاخەکانی کوردستان و تفەنگی دەستی پێشمەرگەکانی، دۆستێکی دیکەی جێی متمانەی بۆ پەیدا نەبووە. ئەوە بەومانایەیە کە ڕزگاری کورد وکوردستان لە ژێرچەپۆکەیی و ئەو ستەمە میللیەی لەسەریەتی کارێکی ئاسان نیە. بۆیە مۆبیلیزەکردنی هێزێک کە بتوانێ کۆتایی بەو وەزعە بینێ، پێویستی بە کارێکی جدی و شێلگیر لە هەموو زەمینەو بوارە جۆراوجۆرەکاندا هەیە.

ڕوونە کە هێزێکی ئەوتۆ ناتوانێ یەکپارچە بێت. کۆمەڵگای کوردستانیش وەک هەموو کۆمەڵگاکانی دیکە پڕە لە بیروباوەڕو عەقیدەو قازانج و بەرژەوەندیی جیاواز. لەوەش زیاتر لە هەندێک شوێن و لە هەندێک بواردا ناکۆکیەکان هێندە زەق و گەورەن کە هیچ هێزێک ناتوانێ لەنێویان بەرێ.

نە ڕێبەرێکی کاریزمای ئەوتۆمان هەیە کە لەعۆدەی ئەو ئەرکە بێتەدەر. نە هیچ هێزو لایەنێکیش بە بەکارهێنانی تووندووتیژی دەتوانێ خەڵکان و هێزو لایەنەکانی دیکەی نێومەیدانەکە بۆ هەمیشە ناچار بە پەیڕەوی لە خۆی بکات.

ئەزموون و تاقیکردنەوەکانی کورد لە قەڕنی رابردوودا ئەوەی دەرخستووە کە خەباتی ئێمە لە ئامانجی خەباتەکەمان جوداناکرێتەوە.

ئامانجی ئێمە لە ڕزگاری لەستەمی نەتەوایەتی بریتیە لە وەی کە دەستەڵاتی سیاسی بەدەستەوە بگرین و کۆمەڵگایەکی دێموکڕاتیک و پلۆرالیستی بنیات بنێین. کۆمەڵگایەک کە بە کاراترین و شارستانی ترین شێوازی سیاسەت و کۆمەڵگا لە قەڵەم دەدرێ. کوردستان هەر لەخۆیدا موزاییکێکی پلۆڕاڵە. پڕە لە ئایین و مەزهەب و تەریقەت و کولتورو فەرهەنگی جۆراوجۆر. پڕە لە شێوەژیانی جۆراوجۆر، پڕە لە قازانج و بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری جۆراوجۆر. ئەو ڕاستیە لەو حیزب و ڕێکخراوو کۆڕوکۆمەڵە سیاسی و مەدەنی و ڕووناکبیریە جۆراوجۆرانە کە لە گۆرەپانەکەدا دەبینرێن خۆی نیشاندەدات.  ئەو دابەشکردنەی بە سەر کوردستاندا سەپاوە هێندەی دیکەش ئەو وەزعەی پڕ رەنگ کردوە. کەواتە ئەو موزایکە پلۆڕاڵە دەبێ ببینرێ، وەبەرچاوبگیردرێ، مودیریەت و هیدایەت بکرێ.

پارچەکانی ئەو موزایکە هەمیشە بە یەک ئەندازەو بە یەک شێوە نین. بەردەوام لە حاڵی جووڵە و هاتووچۆدان. بەڵام لە پەنایەکن، پێکەوەن و لەگەڵ یەکتر وێنەکە پێکدەهێنن. لەوەش زیاتر لە چوارچێوە گشتیەکە ناڕۆنە دەرەوە. هیچ کاتێک دەگەڵ یەکتر ئەوەندە ناکەونە کەڵەوەکێشی کە وێنەکە تێکدەن. موزایکەکە وێران کەن.

ئەگەر پۆلیتیکی کوردی بگاتە ئەو ئەندازەیە لە پێشکەوتن و پەرەسەندن، توانیومانە بگەینە نیوەی ئەو ڕێگایەی لە پێشماندایە. ئەو هەوڵانەی بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد دەدرێن، سەرەڕای ئەو نیگەرانیانەی بەدەوروبەریەوە لە گۆڕێدان، لەو بارەوە جێگای ئومێدن.

ئێستا ئیدی بۆ هەموو ئەوانەی لە گۆڕەپانی سیاسەتی کوردیدا چالاکن، دەرکەوتووەکە گەیشتن بە هەندێک ڕێکەوتنی ئووسووڵی و داڕشتنی تەرح و بەرنامەیەکی گشتیی بۆ بزووتنەوەی کورد و خەباتە رەواکەی، وەک ئۆکسژین بۆ مانەوە و چوونە پێشمان پێویستن.

لە لایەک هێزو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، بەو هەموو جۆراوجۆریە سیاسیە و ناکۆکیانەی نێوانیان کە تەنانەت لە هەندێک شوێن دەگاتە دوژمنایەتیش، ناتوانن هەم دەگەڵ داگیرکەران و هەم دەگەڵ یەکتریش بەشەڕ بێن. لە لایەکی دیکەشەوە ئامانجی خەباتی ئێمە ئەوەنیە کە لەجێگای ئەو ستەم و هەڵاواردن و مەینەتبەشی و چەوسانەوەی کە دوژمنانی کوردوکوردستان بەسەریاندا سەپاندووین، بێین سیستەم و دەستەڵاتێکی پۆلیسی و سەرەڕۆ و دواکەوتوانەو عەشیرەتی و تەک حیزبی بنیاتبنێن. مەگەر ئەوەی کە بمانەوێ هەر لە ئەشکەوتی کەهفی دەیەکانی ڕابردووی خۆماندا وەمێنن؟ خۆ دەخەوکەین؟ بۆ نەبیستنی بانگەوازی میللەت و نەوەکانی تازەی کوردستان لۆکە بئاخنینە گوێمان؟ مەگەر ئەوەی هەر وەک ڕابردوو ئامانجی سیاسەت تەنیا هەر بە گەیشتنە دەستەڵات بزانین؟

ئاخر ئامانجی سیاسەت بێجگە لە دەستەڵات گرتنەدەست وەک ئەرستۆ دەڵێ بریتیە لە کاروخەبات بۆ ئەوەی کۆمەڵگای خۆت بگەیەنیە فەزیلەت. واتە لووتەکەی هەرە بەرزی پێشکەوتن و پەرەسەندنی مومکین.

ئەگەر دەستەڵات نەک تەنیا وەک ئامانجی کاری سیاسی، بەڵکوو وەک ئامڕاز بۆ بردنە پێشی خێری گشتی و خزمەت بە میللەت پێناسە بکەین، ئەودەم بۆمان دەردەکەوێ کە کاری ئێمە هێزە خەباتگێڕەکانی کوردستان هەر ئەوەنیە زەنجیری دەستەڵاتی بێگانە لە دەست و پێی میللەتەکەمان بکەینەوە و خۆمان بچینە سەرکورسی دەستەڵات. بەڵکوو دە بینین کە زۆر قازانج و بەرژەوەندی گەورەتریش هەن کە لەئێمە و حیزبەکەشمان گرنگتر و گەورەترن.

میللەتەکەمان زۆر لە مێژە چاوەڕوانی ئەوەدەکێشی سیاسەتی ئێمەش بەو پلەیە لە گەشەو پووختەیی بگات کە بەشی زۆری هێزەسیاسیەکانی کورستان، سەرەڕایی هەموو جیاوازیە سیاسی و بەرنامەیی و ئیدەئۆلۆژیکیەکانی نێوانیان، بگەنە جۆرێک سازان و هاوڕایی. واتە کۆنسێنسوس و کۆمپرێمیسconsensus and kompromisse

تا زووتر ئەو کارەبکەین دەرفەت و شانس و هەلی کەمترمان لە دەست دەچن.

بەو هەموو ئەزموونە تاڵەی لە دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان هەمانە، بەو هەموو خوێن و فرمێسک وئارەقە زۆرەی لەو رێگایەدا لە بەرمان چووە، لەوەش خراپتر بەو هەموو ئەزموونە تاڵەی لە شەڕوململانێ و کەڵەوەکێشی لە گەڵ یەکتر و نەخوێندنەوە و یەکتر وەلانان دا هەمانە، دەبێ دەرس و تەنانەت پەند و عیبرەتی ئەوەمان وەرگرتبێ کە ئیدی لە چەرخەکانی نێوەراستی سیاستی کوردی تێپەڕین و پێ بنێینە فەزای سیاسەتێکی ئاسایی. فەزایی ئاسایی سیاسی یانی چی؟ یانی فەزایەکی پر لە کێشە و ململانێ و بیروباوەڕ و عەقیدە و قازانج و بەرژەوەندی جۆراوجۆر، پڕ لە ڕێککەوتن و ڕێکنەکەوتن و لە هەندێک شوێن رێککەوتن لەسەر ڕێکنەکەوتن و سەرەڕای هەموو ئەوانەش، لەسەر مەسەلە بنەڕەتی و ئەساسیەکان، لەسەر قازانجە گشتیەکانی نەتەوەی کورد و ڕزگاری کوردستان، تاڕادەیەک هاودەنگی و کۆدەنگی و هاوڕایی و پێکەوە کارکردن.

بۆ گەیشتن بەو هاوڕایی و کۆدەنگیە، پێش ئەوەی پێویست بێ بەرنامەو دیدگا سیاسیەکانمان لێک نزیک کەینەوە، پێویستیمان بەوەیە بە فەرهەنگی سیاسی و کولتووری خەبات و  حیزبایەتیماندا بچینەوە و هەڵیان سەنگێنینەوە. واتە دەبێ لە بیری ئەوەدابین کە سیستەم و چوارچێوەیەک بە پۆلیتیکی کوردی بدەین و شورەیەکی پۆڵایینی مەسونیەتی بە دەورەدا بکێشین کە چیتر نە بێتە مایەی هەواو و هەوەسی برایم لاجانی و فڵانە رێبەر و فیسارە سکرتێرو ئەو دەستی دوژمن و ئەمدەستی فلانە داگیرکەر. وەختی ئەوە هاتووە کە بایەخە هاوچەرخ و ئینسانی و دێموکراتیکەکان ببنە مەخرەجی موشتەرەکی

هەموومان. تەنیا لە بارودۆخێکی ئاوادایە کە حیزبەکانمان،  سیاسەتمەدارەکانمان، ڕووناکبیرەکانمان، ئینتلێکتوێلەکانمان دەگەنە هاوڕایی.

 بەڵام ئەگەر ئەو هاوڕاییە تەنیا هەر بە قسە بێت، شوێنەوارێکی ئەوتۆی نابێت. لێرە هاوڕایی مانای ئیلتزام و تەعەهود بە بەرژەوەندیەکانی کورد بەگشتی و بەرژەوەندیەکانی کورد لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستاندایە. هاوڕایی ئەوەیە کە فەرق لە نێوان دوژمنایەتی و لە ژێر پێنانی ئوسوڵ لەلایەک و جیاوازی بیروڕا لە لایەکی دیکەوە دابنێین. دەرکێکی ئەوتۆ لە سیاسەت تواناو لێوەشاوەیی ئەوەمان دەداتێ کە سودوقازانجە کاتی و کورتماوەکان فیدای قازانج و بەرژەوەندیە باڵاو درێژماوەکانمان بکەین.

ئەو هێزو لایەنانەی بۆ هاوڕایی دەگەڵ ‌هێزو لایەنەکانی دیکە مەرجی ئەوە دادەنێن کە پشت لە ئامانجەکانی خۆیان بکەن و هەویەت و سەربەخۆیی سیاسی و تەشکیلاتی خۆیان وەلابنێن، هەندێک ئیمتیاز بۆخۆیان قایلن کە مەعلووم نیە کێ پێی داون؟

ئەوە کە ئەمن ئەمڕۆ وەزعم باشترە، ناتوانێ پاکانە بۆ ئەوەبکات کە براکانی دیکەم نادیدەبگرم و تێکۆشم بیان شکێنم و تەحقیریان بکەم.  یا لەسەر حیسابی ئەوان و بچوککردنەوەیان خۆم هەڵکێشمەسەر. ڕاست بە پێچەوانەوە ئەو برایەی دەستەڵاتی زۆرترە، توانای زۆرترە، وەزعی باشترە، ئەرکی ئەخلاقی زۆرتری بەرانبەر براکانی دیکەی لەسەر شانە.

هیچی دی نابێت بە چاوی گوناهکار تەماشای یەکتر بکەین. ئاخر هەن بەچاوی گوناهکار سەیری خەڵکانی دیکە دەکەن کە پێویستە بۆ ئیعتڕاف و تۆبە کردن دەستەو داوێنی پاكی ئەوان بن!

ئێمە لەو کۆنگرە میللیەماندا پێش هەمووشتێک پێویستیمان بەوەیە لەگەڵ مێژووی خۆمان ئاشتی بکەین. پێویستە مێژوومان تەئمیم و ناشناڵیزەبکەین. پێویستە داوا لە میللەتەکەمان بکەین عەفوومان بکات. جادوایەش پێویستە گەردنی یەکتر ئازاد کەین و ئامنیستی بدەینە یەکتر. ئاخر ئەو باروودۆخەی ئێستا کوردی تێدایە هەموو هەر ئاکامی پیلانی دووژمنانی کوردستان نیە، بەشێکیشی بەرهەمی شێوە و میتۆدی کاری سیاسی خۆمانە. ئەو میتۆدەیە نەی هێشتوە ئەو هەموو هێزو ئینێرژیەیەی لە نێومیللەتی کوردا وەک هەستی کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری لە گۆڕیدایە، دووکتۆر شەرەفکەندی وتەنی ببێتە هێزێکی ماددی و خەباتگێرانە.

 ساڵانێکی زۆر بەسەر ئەزموونە تاڵەکانی شەڕی براکوژیدا تێپەڕیون. با هیچی تر بە ئێسک و پرووسکی مردوەکانمان یەکتر نەکوتین. با لاپەرەیەکی تازەهەڵدەینەوە.

برایم لاجانی

١١. ٠٨. ٢٠١٣

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

با پردان درووستکەین نەک دیواران!. . . برایم لاجانی - ئەستنبووڵ

برایم لاجانی 29 July 2013

لەنێوان ساڵەکانی ٢٠٠ تا ٢٠٠٤ی زایینیدا، لە پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ، ئیدارەی موهاجەرەتی نۆروێژ و ڕێکخراوی نۆروێژی هیلسنکی بۆ مافەکانی مرۆڤد وەک دیلمانج کارم دەکرد.

ئەودەم خەڵکێکی لە وڵاتانی ڕۆژهەلاتی نێوەڕاستەوە وەک پەنابەر روویان دەکردە نۆرویژ و کەمپەکان هەرجمەیان دەهات. هیج کۆنە ساختمانێک نەمابوو نەکرێتە کەمپ، بەو حاڵەش هەر جێگا نەبوو.

مەبەست لەوپرۆژە بریتی بوو لە ئاشناکردنی ئەوپەنابەرانە بە مافەکانی مرۆڤ، پێکەوەژیانی بە ئاشتی لە کۆمەڵگایەکی دێمەکراتیک و فرەفەرهەنگیدا و هەروەها ڕاهێنانیان لە سەر چۆنیەتی چارەسەرکردن و ئیدارە و هێنانەخواری ئاستی کێشەکان. بەواتایەکی دیکە ئەوان کە لە ناوچە شەڕلێدراوەکانەوە هاتبوون، لە فەرهەنگیکی دووگم و پڕ لە تووندوتیژی و تەعەسوب و خۆبەحەقزانی کەللەویشکی سیاسی و مەزهەبی ئیدەئۆلۆژیکیدا گەورەببوون، دەبوایە سەرلەنوێ بازسازی بکرێنەوە، پڕگرامەکۆنەکانی نێو کامپێۆتێری زەینییان دیلیت بکرێن و پڕۆگرامی تازەیان لە جێ دامەزرێنرێ تا بۆ ژیانێکی تازە ئامادەبن.

لە کۆمۆنی هۆرداڵ نزیک گاردەمۆن واتە فرۆکەخانەی ئۆسلۆ سەلیبی سووری نۆروێژ خاوەنی ناوەندێکی گەشتیاریە بۆ ئەوکەس و بنەماڵانەی توانای سەفەریان نیە و سەلیبی سوور بە ئیمکاناتی خۆی ئەوخەڵکە دێننە ئەو شوێنەو سەیران و چالاکی جۆراوجۆریان بۆ رێکدەخەن. لەو ماوەیەدا بەشێک لە ناوەندە گەورە گەشتیاریە خرابووە خزمەت ئەو پڕۆژەیە.

هەر هەفتەی ٥٠ کەس لەولاوانەی لە کەمپەکاندا دەژیان دەهێنرانە هۆرداڵ و دەخرانە ژێر بەرنامەیەکی پەروەردەیی چروپڕ. باشترین مامۆستاکان وشارەزایانی مافەکانی مرۆڤ و دێموکراسی و چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکان لە شوێنە جۆراوجۆرەکانەوە دەهاتن و دەرسیان دەگوتەوە. کاری من ئەوەبوو کە دەبوایە ڕاستەوخۆ هەرچی مامۆستا لە زاری دەهاتەدەر تەرجومەی بکەم بۆ سەر زمانی بەشدارانی کۆرسەکان یا قسەو پرسیار و تێبینیەکانی ئەوان تەرجومەبکەمەوە بۆ مامۆستا. بەشدارانی کۆرسەکان جاری وابوو کوردبوون جاری وابوو خەڵکی ولاتانی ئێران و ئەفغانستان و جاری واش بوو خەڵکی وڵاتانی عەرەبی بوون. دەرسەکان بە شێوەی تیئاتر و پێداگۆگی موشاڕەکەتی دەوترانەوە. لە پێشدا مامۆستاکان کورتەیەکی تیئوریکی بابەت و زاراوەکانیان پێشکەش دەکرد و دواتر ئەو تیئوری و کۆنسێپتانە بە شێوەی عەمەلی و بە بەشداری قوتابیەکان ئیجرادەکران و ژیانیان وەبەردەنرا. لە پێداگۆگیدا دەڵێن باشترین شێوەی فێربوون فێرکرنە. بەڕاستی من بۆخۆم بە ئەندازەی هەموو عومرم لەو کۆرسانەدا فێربووم. چاویلکەیەکی دیکەم بۆ تەماشاکردنی ژیان و ژیان کردن وەرگرت. هەر چەند بە هۆی پێشینەی پەروەردەیی و تەمەن و. . . ئیمکانی نیە کەسێکی وەک من سەرلەنوێ لە سەداسەد بازسای بکرێتەوە، بەڵام لانی کەم دەزانم کە فڵان کار یا حەرەکەتی من درووست نیە و مەعقولیەتی تێدانیە. ئارەزووم بوو رۆژێک بێت ئەو ماتریاڵە بە کوردیش هەبێت و ئێمەش لە پەروەردەو فێرکردنی خۆماندا بەکاری بەرین.

بەخۆشیەوە چەندساڵ دواتر بەرێوەبەرانی پڕۆژەکە هەموو ئەو ماتڕیاڵەیان کۆکردەوە و لە دووتوێی کتێبێکدا بە ناوی " با پردان درووست کەین نەک دیواران" بلاویانکردەوە. کتێبەکە لە میدیاکانی نۆروێژ و ناوەندەکانی پەروەردەو فێرکردندا پێشوازی گەورەی لێکرا. هەر زوو وەرگێردرایە سەر بەشێکی بەرچاو لە زمانە گەورەکانی وەک ڕووسی و ئینگلیسی و سێربی و چینی و. . . . دواتر گەلێک خەڵاتی جۆرواجۆری وەرگرتن وەک خەڵاتی شوڕای ئورووپا و یونسکۆ.

من کە لە گەڵ نوسەرەکانی کتێبەکە شانازی هاوکاری چەنساڵەم هەبوو، هەروەها لە مێژیش بوو خەوم بەوەوەدەدی ئەو ماتڕیاڵە بە کوردی هەبێت، دەستبەجێ بڕیارم دا تەرجومەی بکەم. بەڵام بە هۆی ئەوەی کە کتێبی دیکەم لە بەردەستا بوون بۆ وەرگێران و وەختی بە تاڵیشم نەبوو، کارەکە کەمێک دواکەوت. دیارە چەند فەسڵم پار تەرجومەکردبوون و بەرێز کاک عەلی لالە کاری لە سەرکردبوون. سەرەتای ئەوبەهارە تەشویقی کردم کە کارەکە تەواوکەم. بریارم دابوو بۆ ساڵرۆژی شەهیدبوونی نەمر دوکتۆر قاسملوو تەوای کەم. بە خۆشیەوە ئێستا کتێبەکە تەواو بووە.

نوسەرانی کتێبەکە برتین لە. Enver Djuliman & Lillian Hjortn

هەردووکیان لە بەناوبانگترین مامۆستایانی ئەو بوارەن. خاتوو لیلیان ئێستا سەرۆکی ئەکادیمی فێرکردنی مافەکانی مرۆڤە لە نۆروێژ و لە ناوەندە جۆراوجۆرەکانی پەروەردەدا پڕۆژەکانی فێرکردنی مافەکانی مرۆڤ سەرپەرستی دەکات.

کتێبەکە هەشت فەسڵە. سێ بواری مافەکانی مرۆڤ، لێک تێگەیشتینی فەرهەنگەکان و چۆنیەتی ئیدارەو چارەسەری کێشەکان دەگرێتەخۆ. بێجگە لە باسە تیئوریکیەکان لەسەر ئەو بابەتانە، ٩٧ ڕاهێنان و مەشقیشی لە خۆگرتوە کە مامۆستایان دەتوانن بەکاری بێنن. کتێبە دەتوانرێ لە هەموو ئاستەکاندا، لە قوتابخانەکان، زانکۆکان، پۆلیس، ئیدارەدەوڵەتیەکان، کلاس و دەورە جۆراوجۆراوەکانی ڕاهێنانی کادر و پەروەردەی تەشکیلاتی و حیزبیەکاندا کەڵکی لی وەرگیردرێ.

شایانی باسە کە کاک عەلی لالە ئەوجاریش زەحمەتێکی زۆری لە گەڵ ساخکردنەوەی تێکستە دەستنوسەکانی من و دەسەر یەک کردنەوەیان و ویراستاری کتێبە کێشاوە. بەرێز کاک عەبدوڵا حیجاب بەرپرسایەتی تەتبیقی دەقە کوردیەکەی کتێبەکەی لەگەڵ دەقە نۆرویژیەکە و کۆنتڕۆڵی کەیفیەتی وەڕگێرانەکەی گرتۆتە ئەستۆ.

ئامانجی گەورەی دووکتۆر قاسملوو دێموکراسی بوو. جەوهەری دێموکراسی بریتیە لە پێکەوە حەوانەوە. هەموو هەوڵی دووکتۆر قاسملوو ئەوەبوو کە لە نێو پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کوردستان و ئێران دا پردان درووستکات. سەرەنجام لە رێگای ڕووخاندنی دیوارەکانی نێوان گەلی کورد و دەوڵەتی مەرکەزیدا گیانی لەدەستدا. ئەو دەیزانی ئەودیوارانە زۆر سەخت و بڵندن، بەڵام ئەوەشی دەزانی هیچ رێی دیکەمان نیە بێجگە لە کار و تێکۆشان بۆ رووخاندنی ئەو دیوارانە. بۆیە لەرێگای درووستکردنی ئەو پردەدا ئامادەبوو هەموو خەتەرێک قبوول بکات. بە بڕواوە ڕێی ئەو کارەی گرتەبەر و سەرەنجام گیانیشی لەسەر دانا. شەهیدبوونی دووکتۆر قاسملوو بەمانای بی ئیعتبار بوونی ئەو بیر و فەرهەنگ و ستراتیژیەنیە، ڕاست نیشانەی ئەوەیە کە ئەودیوارە سەخت و ئەستوورە بەڵام هەر دەبێت تێک بشکێ و لە جێگای ئەو پرد درووست بێ. بۆیە ئەمڕۆ دووکتۆ قاسملوو بۆتە سەمبوولی ئەوپردە کە پێویستە لە نێوان بزووتنەوەی کورد و دوڵەتی ناوەندیدا درووست بێت.

هەر بۆیە لە ٢٤ەمین ساڵی شەهیدبوونیدا، وەرگێرانی کتێبە پێشکەش دەکەم بە گیانی پاکی دووکتۆر قاسملووی نەمر.

٢٢. ٠٧. ٢٠١٣


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

پێڵاوی ژمارە ٤٢ ... ئیبڕاهیم لاجانی

برایم لاجانی 21 June 2013

ئەو مەسەلەو کێشە سیاسیانەی وڵاتەکەمان لەگەڵیان بەرەو ڕوویە زۆر و جۆراوجۆرن. هەر بەوپێیە ڕوانگەو بۆچوونی جیاوازیش بەرانبەر بەوان لە کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئێراندا لە گۆڕێدان.

بە پێی ڕاسپاردەو پەسندکراوەکانی کۆنڤانسوێنە نێونەتەوەییەکان کە ئێران پەسندی کردوون و بۆ وەبەرچاوگرتن و بەڕیوەبردنیان خۆی بەرعۆدەکردوە، پێویستە هەموو دانیشتوانی وڵاتەکەمان بێ جیاوزی لە بەرانبەر قانوون دا وەک یەک بن و وەک یەکیش لە ئیمکانات و خێروبێری وڵات کەڵک وەرگرن.

بەرانبەریی لە بەرامبەر قانوون

کەواتە ئێمە هاووڵاتیانی ئێران حەقی ئەوەمان هەیە دەرفەت و هەلومەرجی وەک یەکمان بۆ بڕەخسێ تا بتوانین کەسایەتی سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی خۆمان بەرینە پێش. مافی ئەوەمان هەیە تواناو لێوەشاوەیەکانی خۆمان بۆ بردنە پێشی وڵاتەکەمان دەکار کەین و چ بە تەنیا و چ بە کۆمەڵ لە گەڵ هاووڵاتیانی دیکەماندا بەدوای سەعادەت و بەختەوەری خۆمان و میللەتەکەماندا بگەرێین. ئەو ئەسڵە هەموو کەس، ژنان، پیاوان، کەمئەندامان، پەیڕەوانی نەتەوە و دین و مەزهەبە جۆراوجۆرەکان دەگرێتەوە.

 دابین کردنی ئەو ئەسڵە دەکەوێتە چوارچێوەی مافەکانی شارۆمەندی و لە لایەن کۆنڤانسوێنی مافەمەدەنی و سیاسیەکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان کە ئێران ئیمزای کردوە، دەپارێزرێت. بناخەی فەلسەفی ئەو پرینسیپە لە هاوبایەخ بوونی هاووڵاتیانەوە، کە وەک ئینسان هەموو خاوەنی بەهای وەک یەکن، سەرچاوەدەگرێ. بە پێی مافە سروشتیەکانیش ئینسانەکان بە ئازادی لە دایک دەبن و هاوبەهان و خاوەنی عەقل و شعورن و پێویستە بە گیانێکی برایانە ڕەفتار دەگەڵ یەکتر بکەن و دەوڵەتیش دەبێ بە یەک چاو تەماشایان بکات. ئەوەش تەنیا کاتێک ئیمکانی هەیە کە هەموو هاووڵاتیان دەرفەتی ئەوەیان بۆ پێک بێ کە لە بەرانبەر قانووندا مافی وەک یەکیان هەبێ و بشتوانن وەک یەک کاریگەریی سیاسی و شوێنەواری سیاسیی لەسەر پڕۆسەی چوونەپێشی کارووباری وڵاتەکەیان دانێن.

کەمایەتیە نەتەوەییەکان

ئەوەی وەک ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگر دەبینرێ، ئەوەیە کە ئێران وڵاتێکی فرەگەلە. واتە دەوڵەتی ئێران لە سەرخاک و نیشتمانی چەند نەتەوە کە هەرکامیان خاوەنی ناسنامەی نەتەوەیی و ئیتنیکی تایبەت بەخۆیانن درووست بووە. زۆربەی هێزولایەنە سیاسیەکانی ئێران، چ لە دەرەوە و چ لە نێوخۆی وڵاتدا لە سەر ئەو واقعیەتە کۆکن و لەوەش زیاتر دەڵێن ئەو فرەگەل بوون و فرەفەرهەنگی بوونە بۆ خۆی بۆتە سەرچاوەی دەوڵەمەندی و خێروبەرەکەت . بەوجۆرە دەبێ ئێران وڵاتێک بێت کە شانس و دەرفەتی وەک یەک بۆ گەشە و هەڵدانی هەموو نەتەوە و فەرهەنگەکان دەستەبەربکات.

 لێرەدا پرنسیپێک زۆرگرنگە ئەویش ئەوەیە کە هەموو نەتەوە و فەرهەنگە جۆراوجۆرەکانی ئێران دەبێ رێزیان لێ بگیردرێ و ئیمکاناتی وەک یەکیان لە سەروەت و سامانی وڵات بۆ دابینبکرێ. بەجۆرێک کە گەشەکردن و هەڵدانی هەمەلایەنەی هەرکام لە نەتەوە و فەرهەنگەکان لە جوگرافیای تایبەتی خۆیاندا، ببێتە مەرجی گەشەکردنی وڵاتی ئێران بەگشتی و لەو لاشەوە گەشەکردن و پێشکەوتنی ئێران بەگشتی ببێتە فاکتۆر و مەرجی هەڵدان و گەشەکردن و پێشکەوتنی نەتەوە و فەرهەنگە جۆراوجۆرەکانی پێکهێنەری وڵاتی ئێران. تەنیا لە هەلومەرجێکی ئاوادایە کە ئێران لە وەزعی ئێستادا وەک وڵاتێک دەتوانێ بمێنیتەوە و بڕواتە پێش.

نەتەوەبندەستەکانی ئێران ئەو گەلانەن کە وەک کەمایەتی نەتەوەیی دەژمێردرێن ولەباری نەتەوەیی و ئیتنیکی و کولتووری و زمانی و خاک و نیشتمان و هەڵکەوتی جوگرافیاییەوە، لە نەتەوەی دەستەڵاتدار جیان.

هەموو ئەو گەل و نەتەوانە ریشەی مێژوویی چەند هەزار ساڵەیان لەو خاکەدا هەیە و بە هەزاران ساڵە لەسەر زێدونیشتیمانی باوک و باپیرانی خۆیان دەژین و تەعەلووقی مێژوویی بەو خاکەیەوەی گرێداون.

گەلی کورد کە بەشێکی جیانەکراوەی نەتەوەی دابەشکراوی کوردە، یەکێکە لەو گەلانەی کە لە ئێرانی هەمڕۆدا لە هەموو مافەنەتەوایەتیەکانی خۆی بێ بەشکراوە و بە تووندترین شێوەش سەرکوت دەکرێ.

شێوەی دەوڵەتداری و سیستەمی سیاسی ئێستای ئێران وەک رێژیمێکی نادێموکراتیک و ناوەندگەرا و ئیدەئۆلۆژیک و مەزهەبی، هیچ دەرەتانێک بە ئێمە کوردەکان و کەمایەتیە نەتەوەییەکانی دیکە نادا تا بتوانین لە مافە نەتەوەیی و سیاسیەکانی خۆمان کەڵ وەرگرین. لەلایەک دەگوترێ کە زۆرایەتی لە ئێرانی ئەمڕۆدا نەتەوەی دەستەڵاتدارە و بە گوێرەی ئەسڵی زۆرایەتی و کەمایەتی دەبێ دەستەڵات دەبەردەست زۆرایەتی دابێ.

لەوەزعێکی ئەوادا لە چ رێگایەکەوە دەتوانرێ مافە میللی و سیاسیەکانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران دەستە بکرێ. ڕوانگەیەکی سیاسی هەیە دەڵێ ئەوە بەسە کە مافی شارۆمەندی بۆ هەموو هاووڵاتیان دابینبکرێ و هەموو هاووڵاتیان لەبەرانبەر قانوووندا وەک یەکبن و یەکجۆرەڕەفتاریان لەگەڵ بکرێ.

جارێ با لەوەگەرێین کە سیستەمی سیاسی ئێران نە ئێستاو نە لەڕابردوودا، قەت زەرفیەتی ئەوەی تێدانەبووە کە هەموو هاووڵاتیانی ئێران وەک یەک تەماشابکات . بە پێچەوانەوە سەرتاسەری مێژووی ئێران ئەوە نیشاندەدا کە دەوڵەتی ناوەندی هەموو تواناو دەستەڵات و ئیمکاناتی وڵاتی بۆ تواندنەوە و سەرکوتی نەتەوە بندەستەکانی ئێران واتە کەمایەتیە نەتەوەییەکان تەرخان کردوە.

بەڵام سەرەڕای ئەوەش بابزانین کە ئایا دابینکردنی مافە شارۆمەندیەکان و دەستەبەرکردنی بەرانبەریی هاووڵاتیان لە بەرانبەر قانووندا، تەنانەت ئەگەر بەکردەوە جێبەجێش بکرێ، دەتوانێ مافەسیاسیە تایبەتی و نەتەوەیی و کولتووریەکانی ڕۆڵەکانی گەلی کورد و گەلانی دیکەی بندەستی دانیشتووی ئێران دابین و دەستەبەربکات؟

خاک و نیشتیمان

دەوڵەتی ئێران لە سەر خاک و زێد و نیشتیمانی هەموو ئەو نەتەوانە درووستبوە، کە دەکەونە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەوە. کوردستان زێد و نیشتیمانی گەلی کوردە. بەلووچستان زێدونیشتیمانی گەلی بەلووچە. خوزستان زێدونیشتیمانی گەلی عەرەبە. ئازەربایجان نیشتیمانی ئازەریەکانە. تورکمەنستان زێدونیشتیمانی گەلی تورکمەنە. هەر وەک وتمان بە هەزاران ساڵە ئەو نەتەوانە لەسەر نیشتمانی خۆیان دەژین. مێژوویەکی دوورودرێژیان لەسەر ئەو خاکە هەیە. مێژوویەک کە هەویەت و کولتوور و فەرهەنگ و زۆر تایبەتمەندی دیکەی پێ بەخشیون کە لە گەلانی دیکەیان جیا دەکاتەوە. هەر بۆیە ئەوە بێ عەداڵەتیەکی گەورەیە کە ئەو نەتەوانە لە مافە سیاسی و نەتەوایەتیەکانی خۆیان بەهرەمەند نەبن. واتە نەتوانن لە سەر خاک و نیشتیمانی خۆیان چارەنوسی خۆیان بەدەستەوە بگرن و کارووباری سیاسی و ئیداری و کۆمەڵایەتی و تەندرووستی و فەرهەنگی خۆیان بەرێوەبەرن. لەوەش زیاتر ئەوە کە بەتاوانی داواکردنی مافە میللی و سیاسیەکانی خۆیان سەرکوت و قەلاچۆدەکرێن، جورمێکی سیاسیە کە دەوڵەتی ناوەندی بەرانبەر بەوان بەرێوەی دەبات .

هەوڵدانی دەوڵەتی ناوەندی بۆ تواندنەوە و لەنێوبردنی مەوجودیەتی سیاسی و میللی و کولتووری و کۆمەڵایەتی ئەو گەلانەو بردنەپێشی سیاسەتی حاشاکردن لە بوون و مەوجودیەتیان وەک نەتەوەیەکی خاوەن ناسنامەی تایبەتی و سەربەخۆ، لەلایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەیەوە و لەلایەن رێکەوتننامە نێونەتەوەیەکانەوە مەحکووم دەکرێ. زۆرن ئەو کۆنڤانسیۆن و رێکەوتننامە نێونەتەوەییانەی کە ئەرک و بەرپرسایەتی دەخەنە سەر دەوڵەتەکان تا مافە سیاسی و فەرهەنگی و کولتووری و زمانی و میللیەکانی گەلان و کەمایەتیە نەتەوەییەکان و خەڵکە بوومیەکان دەستەبەر بکەن.

 رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، گەلان و خەڵکانی بوومی بەو گەل و خەڵکانە پێناسە دەکات کە پێش لە درووستبوونی دەوڵەت بەوشکڵەی ئێستا، لەسەر ئەو خاکە ژیاون و بە درێژایی مێژوو توانیویانە زمان و کولتوور و فەرهەنگ و شێوەژیان و نیشتیمان و زێد و هەندێک بەهاو میتۆد و داب و نەریت و سوننەت و پڕاکسیس و ئەنستیتۆی کۆمەڵایەتی تایبەت بەخۆیان درووستکەن و بیانبەنەپێش و پشتاوپشت بیانگوێزنەوە.

مەوقعیەتی کەمایەتیە نەتەوەییەکان

ساڵی ١٩٨٩ی زاینی،  ڕێکخراوی جیهانی کار، سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆنڤانسیۆنێکی تازەی سەبارەت بە مافەکانی نەتەوە و گەل و خەڵکە بوومیەکان کە لە چوارچێوەی دەوڵەتە سەربەخۆکاندا دەژین پەسندکرد. بە پێی یاسای نێودەوڵەتی دەوڵەتەکانی ئەندام بەرعۆدەدەبن کە هەموو بەندەکانی ئەو کۆنڤانسیۆنە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلانی بوومی کە دەکەونە چوارچێوەی سنورەکانیانەوە، بەرێوەبەرن. واتە ئەو پەیماننامە نێودەوڵەتیە بەڵگەنامەیەکی قانوونیە کە بەرپرسایەتی قانوونی دەخاتە سەر ئەستۆی دەوڵەت و کاربەدەستانی دەوڵەت. ئەو دۆکیومێنتە یاساییەش مافی وەک یەک، وەک هاووڵاتی و سیتیزن، بۆ هەموو هاووڵاتیان لە چوارچێوەی سنورەکانی دەوڵەتدا دەستەبەردەکا. سەرەڕای ئەوەش ئەو دۆکیومێنتە قانوونیە نێودەوڵەتیە ئەرک و بەرپرسایەتی دەخاتە سەرشانی دەوڵەت کە مافە فەرهەنگی و کولتووری و مەزهەبیەکانی گەلان و خەڵکانی بوومی بەرەسمی بناسێ و رێزیان لێ بگرێ. هەروەها بەرپرسایەتی دەخاتە سەر دەوڵەت کە پراکسیس و داب و نەریت و بایەخ و بەها کۆمەڵایەتی و کولتووریەکانی ئەو گەلانە بە هێند بگرێ و مەیدانی هەڵدان و گەشەکردن و پەرەسەندنیان بۆ پێکبێنێ. هەر بە پێی ئەو بەڵگەنامە نێونەتەوەییە دەوڵەت ئەرکی لەسەرشانە تا دەرفەتی خوێندن لە هەموو قۆناخەکاندا، بۆ خەڵکانی بوومی بەزمانی زگماکی خۆیان پێکبێنێ و لەوبارەوە دەبێ هیچ چەشنە جیاوازیدانانێکیان دەرحەق نەکرێ.

دەوڵەتەکان لەسەریانە قانوونی ئەساسی، یاسا و قانوون و سیستەمی سیاسی و بەرێوەبەری خۆیان بەجۆرێک بگۆڕن،  کە رێفۆڕمی پێویستی بۆ وەڵامدانەوە بە جێ بەجێ کردنی ئەو پەیماننامە نێونەتەوەیە تێدا پێک بێ. مەبەست ئەوەیە لەو ڕیگایەوە مافە تایبەتیەکانی ئەو گەل و نەتەوەو خەڵکە بوومیانە دەستەبەر بکرێن، کە دەکەونە سنوورە سیاسیەکانی دەوڵەتەوە.

یەکێک لە هۆیەکانی پەسندکردنی ئەو کۆنڤانسێۆنە لە لایەن نەتەوەیەکگرتوەکان و کۆنڤانسیۆنی تایبەت بە کەمایەتیە نەتەوەییەکان لەلایەن شوڕای ئورووپاوە، ئەوەیە کە لە کردەوەدا دەرکەوتووە پرنسیپی زۆرایەتی و کەمایەتی، کە دێموکڕاتیکیش دێتە بەرچاو، ناتوانێ وەڵامدەری کێشەی میللی لە وڵاتە فرە گەلەکاندا بێت. هەروەها پرنسیپی بەرانبەریی شارۆمەندان لە بەرامبەر قانوونیشدا،  تەنانەت ئەگەر دەستەبەریش بکرێ، دیسان هەر ناتوانێ وەڵامی پێویست بەهەموو لایەنەکانی ئەو مەسەلەیە بداتەوە. بۆیە دەبێ رێگاچارەیەکی سیاسی بۆ مەسەلەی کەمایەتیە نەتەوەییەکان بدۆزرێتەوە، کە ئەویش بریتیە لەوەی بە شێوەی قانوونی ئۆرگان و ئەنستیتۆی تایبەت بەخۆیان بۆ پێکبێ تا لە رێگای ئەوانەوە مافە نەتەوەیی و فەرهەنگیەکانی خۆیان پڕاکتیزەبکەن و کاروباری سیاسی و ئیداری تایبەت بە ناوچەکانی خۆیان بەرێوەبەرن و لە پرۆسەی سیاسی و حاکمیەتیش دا بەشداری بکەن.

بۆ کەمایەتیە نەتەوەییەکان دەبێ مافی تایبەتی خۆیان هەبێ؟

Jarle Weigård کە یەکێک لە لێکۆڵەرەوە بەناوبانگەکانی بواری کێشەی کەمایەتیە نەتەوەییەکانە دەڵێ ( ئەگەر کۆمەڵە کەسێک دەستنیشان کەین و هەروا بێ وەبەرچاوگرتنی جیاوازی بە پێی پرنسیپی هەڵسوکەتی وەک یەک و یەکسان لەگەڵ هەموان، پێڵاوی ژمارە ٤٢ بەسەر هەموویاندا دابەشکەین و داوایان لێبکەین ئەو پێڵاوە بکەنە پێ، لە کردەوەدا دەردەکەوێ کە ئەو کارە هیچ رەفاهیەتێک بۆ هەندێک لەو کەسانە پێکناهێنی و لەوەش زیاتر تەنانەت ڕەنگە ئەو کەسە تەنگبێ یا گەورەبێ و ببێتە هۆی نەخۆشی بۆ ئەو کەسە. لەو حاڵەتەدا دەردەکەوێ کە ڕەفتاری وەک یەکمان لەگەڵ هەموو ئەوکەسانە نەکردوە. چونکە ئەو ڕەفتارەی ئێمە بۆتە هۆی ئەوەی ئەوکەسانە ئاکامی وەک یەکیان لەو سیاسەتەی ئێمە دەست ناکەوێ.

هەر بەو جۆرە ئەگەر دەنگی کەسانی سەر بە کەمایەتیەکی نەتەوەیی لەبەرانبەر دەنگی کەسانی سەربە زۆرایەتی دەستەڵاتدار و زاڵدا حیساب کەین، زوو بۆمان دەردەکەوێ کە شانسی ئەوە زۆر گەورەیە کە دەنگی کەمایەتیەکە لەنێو دەریای دەنگی زۆرایەتیدا بخنکێ).

بۆیە بە گوێرەی کۆنڤانسیۆنە نێونەتەوەییەکان ئەرکی سەرشانی دەوڵەتە کە هەموو سیاسەت و میکانیزمێکی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی کەمایەتیە نەتەوەییەکان لە چوارچێوەی سنوورەکانی دا بگرێتەبەر.

زۆرایەتی دەستەڵاتدار، هەمیشە دەستەڵات و ئیمکاناتێکی زۆری لەبەردەستدایە تا قازانج و بەرژەوەندیەکانی خۆی بەرێتە پێش. پرسیار ئەوەیە کە ئەو زۆرایەتیە چ ئەرکێکی لەسەرشانە بۆ درووستکردنی کۆمەڵگایەک کە بتوانێ قازانج و بەرژەوەندیەکانی هەمووان دابین بکات و باڵانسێک پێکبێنی کە هەموو لایەک هەست بە بوون و عەداڵەت بکەن؟

ئیبڕاهیم لاجانی

٣. ٦. ٢٠١٣

 


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

دیسکۆڕسی کوردستانی ... ئیبراهیم لاجانی

برایم لاجانی 19 June 2013

سەردەمی بەکارهێنانی تووندوتیژی دەگەڵ یەکتر لە پێوەندیی نێوان هێزە کوردستانیەکاندا بەسەر چووە. نەوەی نوێی کوردستان و بیروڕای گشتی ئیدی بە هیچ جۆر سیاسەتێکی لەو چەشنە لەکەس و لە هیچ لایەنێک قبووڵ ناکا. ئەوەش بۆخۆی سەرەتایەکە بۆ سڕینەوەی توندووتیژی لە سیاسەتی کوردیدا. میللەتی ئێمە بەداخەوە ئەزموونی شەڕی براکوژی هەیە. لە هەموو پاڕچەکانی کوردستان ئەو ئەزموونە تاڵەمان هەیە. کورد زیانێکی زۆری لە شەڕی براکوژی دیتوە. بۆیە بە هیچ بیانوویەک و لە ژێر هیچ عینوانێکدا، نابێ جارێکی دیکە ئەوە لە هیج کەس و لایەنێک قبووڵ بکرێ بۆ بردنە پێشی سیاسەتەکانی خۆی چەک لە کورد و ڕۆڵەی کورد بکێشی.

 نابێ بە هیچ کەس و لایەنێک ڕێگا بدرێ، بە بیانووی تۆڵەکردنەوە و خوێن وەرگرتنەوە، ئەو شەڕوکێشە و ململانێ خوێناویانەی ڕابردوو بۆ نەوەکانی ئێستاو ئایندەی کوردستان درێژ کاتەوە. پێویستە پوختەیی سیاسیی بەسەر مەیدانی سیاسەت و بیری کوردا زاڵ بێ و پۆلیتیکی کوردی لە ڕق و قین و تووڕەیی بشۆردرێتەوە.

بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە باسی ئەو شەڕو ململانێ خوێناویانە نەکەین کە ئێمە هێزە کوردستانیەکان دەگەڵ یەکتر هەمان بووە. مانای ئەوەنیە خۆ لە واقعیەتەکانی مێژووی خۆمان نەدەین و ڕاستیەکان بشارینەوە. یا پێچەوانەیان نیشان دەین. نەوەی نوێی کوردستان دەبێ ئەو مێژووە تێبگات و دەرس و پەندی لێوەرگرێت. دەبێ لە حافیزەی میللی و نەتەوەییماندا، ئەو ئەزمونانە بە پۆزەتیف و نێگەتیفیانەوە، عەمبار بکرێن و ببنە مایەی دەوڵەمەندی ئەزموونی سیاسی و خەباتگێڕانەمان. دەبێ باسی شەڕی براکوژی نێوان دێموکرات و کۆمەڵە، پارتی و دێموکرات، یەکیەتی و پارتی، پارتی و پ. ک. ک،  پ. ک. ک و یەکیەتی، دێموکرات و ڕیبەرایەتی شۆڕشگێر و هتد بکەین. بەڵام مەبەست لەوە دەبێ تەنیا یەک شت بێ و بەس. ئەویش خزمەت کردن بە ئێستاو ئایندەی کورد و کوردستان و بە هێزکردنی هەستی نەتەوایەتی و کوردایەتی و کوردستانی.

 ئەوە ئازایەتیەکی گەورەبوو کە بەرێز مام جەلال لە پەرلەمانی کوردستاندا داوای کرد شەڕی براکوژی تەحریم بکرێ. لەوەش گرنگتر ئەوەبوو بەرێز کاک مەسعود بارزانی سەرۆکی کوردستان سەبارەت بە شەڕی براکوژی، داوای لێبووردنی لە میللەتی کورد کرد. ئێستا دەبێ ئەو ڕووحیەیە بەرینە پێش و بیکەینە پڕۆژەیەکی سیاسی لە کوردستان.

ئەوەش دەبێ فێربین کە گرتنی هەر هەڵوێستێکی سیاسی و هەبوونی هەر عەقیدەیەکی سیاسی، جا با منیش لەگەڵی نەبم، یا تۆش دەگەڵی نەبی، بەمانای تاوانی سیاسی نیە. تەنیا شتێک جورمە کە بە پێێ قانوون بە تاوان و جورم پێناسە دەکرێ. ئەوە کەمن هەڵوێستێکی سیاسی دەگرم و عەقیدەیەکی سیاسی تایبەتیم هەیە، یا لە ڕابردوودا هەڵوێستێکی سیاسی تایبەتیم هەبووە، نابێ بۆم بە تاوان دابنرێ. ئەوە لە کولتووری چاخەکانی نێوەڕاستدایە، کە هەبوونی عەقیدەی سیاسی جیاواز و جیابیری بە تاوان و جەریمە دادەنرێ. هەڵوێستی سیاسی جیاواز لە هەڵوێستی سیاسی دەستەڵاتداران، تاوانی سیاسی نیە. چونکە ڕاستی و درووستی هەڵوێستی سیاسی بەستراوەتەوە بە هەلومەرجی زەمانی و مەکانیەوە.

ئەمڕۆ بە پێچەوانەی ساڵانی رابردوو ئیدی ئەوە کەللەویشکی و بیرتەسکی سیاسی نیە کە قسەی یەکەم لە سیاسەتی کوردیدا دەکا. دەستی مەزهەب لە سیاسەتی کوردیدا خەریکە بە تەواو لە هەموو شكڵ و شێوە کانیدا کورت دەبێتەوە. پێمان وانەبێت کە ڕووحیەی مەزهەبی لە سیاسەتکردندا هەر لەلای ئیسلامیەکان هەیە. هێزە چەپ و میللی و دێموکڕات و نەتەوەییەکانیشمان زۆر جار هەر بە ڕووحیەی مەزهەبیەوە سیاست دەکەن. ڕووحیەی مەزهەبی لە سیاسەتدا ئەوەیە کە لە بیر و فکری سیاسیدا حەقمەدار و وشک و دووگماتیست بین، مەرجەع و ئیمامان هەبێ، لە کردەوەی سیاسیشدا تووندووتیژی دەکاربکەین و ئەدەبیاتی سیاسیشمان جوێن و تەوهین و سوکایەتی و تەحقیری موخالیفانی خۆمان بێت.

سیاسەتی کوردی خەریکە ئەو دەورانە دیمۆدەبووە بەجێ دێڵێ. کۆمەڵگای کوردستان لە هەموو پارچەکانی کوردستان خەریکە سەرتاسەر دەگۆڕێ.

کرانەوەی کوردستان بە ڕووی دونیای دەرەوەدا، خوێندەواربوونی خەڵک،  پێگەیشتنی کۆمەڵگای مەدەنی، ڕۆڵی مێدیای جیهانی و ناوچەیی و کوردستانی، چوونەسەری ئاستی وشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵک، بوونەتە هۆی تێک ڕووخانی دیوارەکانی دونیای داخراوی سیاسەت و حیزبایەتی بە مۆدێلی ڕابردوو.

نەوەی تازەی کوردستان دەزانێ رێگای رزگاری کوردستان تەنیا بریتیە لە پچڕاندنی زەنجیرەکانی ستەمی نەتەوایەتی و پەرەپێدانی هەموو لایەنەی کوردستان. مۆدیلی ئێمە نە قومە، نە سعودیە، نە تالیبان و نە قاعیدە و نە کۆریای شیمالی.

بە خۆشیەوە هەلومەرج بۆ هاتنەگۆڕێ دیسکۆڕسێکی کوردستانی ئامادە دەبێت. بەرەبەرە هەموو ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد دەگەنە ئەو قەناعەتە کە کوردستانی بیربکەنەوە و کوردستانیش عەمەلی سیاسی لەخۆیان نیشاندەن. نێوەرۆکی کوردستانی بیرکردنەوە بریتیە لە کوردایەتی،  ئازادیخوازی، دێموکڕاسی و مافەکانی مرۆڤ. ئەوەیە دیسکۆڕسی کوردستانی.

ئیبراهیم لاجانی

١٧. ٠٦. ١٣

 

 


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

کاتێک پەرواز دەبێتە بادی خۆشمروور و پەیکی شارەزا بە وادی شارە زوور ... ئیبڕاهیم لاجانی

برایم لاجانی 13 June 2013

چەند رۆژ لەمەوبەر وتارێکم بۆ بەرگریکردن لە ژنە هونەرمەندی کورد، خاتوو پەرواز حوسەین، کە بە ناڕەوا کەوتبووە بە شاڵاوی بەدناوکردن، لە چەند ماڵپەرێکی کوردیدا بڵاوکردەوە. لەو وتارەدا من لە ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤەوەو بە ڕیتۆریکی مافەکان چوومەتە نێوباسەکە. پەروازم وەک سوژە بەکارهێناوە کە تیشک بخەمە سەر شوێن و پێگەی ژن لە کۆمەڵگای سوننەتی کوردستان و رێکارەکانی بە هێزکردنی مەوقعیەتی ژنانیشم لەوکۆمەڵگایەدا دەستنیشان کردوون.

چەند دۆستی نزیکم بە تەلەفۆن و ئێمەیل بەجۆرێک گلەییان لێکردم کە ئەو مەسەلەیە چ پێوەندیەکی بە منەوە هەیە کە دەبێ لەسەری بنوسم. ئەوان لەو بروایە دابوون کەوەخت دانان و ئینێرژی سەرفکردن لەسەر بابەتێکی لەو چەشنە، بۆمن درووستنیە.

بەڵینم بەو دۆستانەم دا تۆزێک بە وردی مەسەلەکەیان بۆ ڕوونکەمەوە.

لەوساڵانەی دواییدا، ژمارەیەکی زۆر عەرەبی شارەکانی بەغداو نێوەڕاست و باشووری عێراق وەک پەنابەر هاتوونەتە نۆروێژ. ئەوانە پێشتر لە سوریە و ئۆردۆن ژیاون و ئەزموونێکی زۆری ئاوارەییان وەپشت سەری خۆیان ناوە. مۆس یەکێک لەو کۆمۆنانەیە کە هەموو ساڵێ ژمارەیەک لەو ئاوارانە وەردەگرێ. من وەک مامۆستا لە یەکێک لە قوتابخانەکانی ئەو کۆمۆنەدا کاردەکەم و هەربۆیەش ژمارەیەکی بەرچاو لە قوتابیەکانمان ئەو قوتابیە عەرەبانەن.

ماوەیەک لەمەوبەر رۆژێک یەکێک لەو قوتابیانەم بەناوی مریەم کە قوتابی کڵاسی نۆیە وتی مامۆستا ئەتۆ دەنگ دەدەی بە پەرواس. منیش لەڕاستیدا حاڵی نەبووم باسی چ دەکا. وتم نازانم دەڵیی چی؟ لەوەڵامدا گوتی پەرواس کوردە و پێم سەیرە تۆ کوردی و دەڵێی پەرواس ناناسم. وتی پەرواس کچە کوردێکە لە کوردستانەوە لە بەرنامەی عەرەب ئیدۆلدا بەشدارەو چاک دەرواتە پێش و هەموو عەرەبەکان پێی موعجیبن. قەولی پێدام دوای دەرس بە مۆبیلەکەی ڤیدیۆی پەرواسم نیشاندا. بەمجۆرە دوای دەرس گۆرانیەکی پەروازی نیشاندام کە کۆپڵەیەکی کوردی تێدابوو. کە گوێم لێگرت، یەکسەر وەک ئەحمەد هەردی دەڵێ شریتی عومری ڕابردوومی هێنامەوە بەرچاو.

گۆرانیەکە ئەوەبوو.

کە دەڵێن ئەمڕۆ دەشت و کێو شینە

چەندە مەڵبەندی ئێمە شیرینە

بچۆ سەر گردی یارە بیبینە

لە جیهاندا گوڵێکی ڕەنگینە

ئەوە شعری شاعیری ناوداری میللەتەکەمان پیرەمێردی نەمرە و یەکێک لەو تابڵۆ ئەدەبیە بەرزانەی شعری کوردیە کە قۆناخی ناسیۆنال ڕۆمانتیزمی ئەدەبی کوردی پێدەناسرێتەوە. ئەو قۆناخە لە درووستکردنی میزاج و ڕووحی میللیی و نەتەوەیی لە نێو ڕۆڵەکانی هەر نەتەوەیەکدا، قۆناخێکی گرنگی مێژووییە. میللەتێک بەوە درووستدەبێ کە ڕۆڵەکانی نیشتمان و وڵاتی خۆیان خۆشبوێ. خۆ لەخۆڕانەبوو دووکتۆر قاسملوو وەک ئیدۆلێک بۆ ئەوەی ئێمە فێرکا هەمیشە سروودی خوایە وەتەن ئاواکەی زەمزەمە دەکرد. ئەوەم وەختێک بۆ دەرکەوت کە لەزانکۆدا مێژووی ئەدەبیات و قۆناخەکانی گەشەکردن ودرووستبوونی میللەتی نۆروێژم خوێند.

ئێستا بۆمنی کورد لەو سەری دونیا و لە قوتبی شیمال، لە ژینگەیەکی نۆرویژیدا، ئەو کۆپڵە شیعرەم گوێلی بێ، ئەویش بە دەنگی کچێکی کورد و لە بەرنامەی تەلەفزیۆنێکی عەرەبی وەک ئێم بی سی دا، بەڕاستی شتێکی چاوەڕوان نەکراو بوو. بەتایبەتی ئەوە کە کچێکی عەرەب بێت و نیشانتبدا، هێندەی دیکەش هەستی کوردایەتیت تەحریک دەبێت. بەوجۆرە لەدوورەوە دەگەڵ پەرواز ئاشنابووم و ئیتر بەخاتری ئەو ئەرەب ئیدۆلم تەماشادەکرد و هەر ئەوەش بوو کاتێک پەرواز کەوتە بەرپەلامار،  ئەو وتارەم بۆ دیفاع لە پەرواز و باسکردنی مەوقعیەتی ژنی کورد نووسی.

بەڵام ئەو گۆرانیە بۆمن هەرئەوە نەبوو کە باسی سرووشتی جوانی کوردستان دەکا و دەمباتەوە بەهاری وڵات و وەسفەکانی دیکەی سرووشتی کوردستانم لە شعیری کوردیدا بیردەخاتەوە. وەک باهار هات بە گاڵەگاڵی هێمن، وتم بەبەختی خەواڵووی حاجی قادری کۆیی و تابڵۆ جوانەکانی دیکەی گۆران و شاعیرانی دیکەمان کە قەت لێیان تێرنابم و زوو زوو ڕووحی ماندووم دەبەمە سەر کانیەکانیان و بینیان پێوەدەنێم. ئەو پارچە شعرە پێوەندیەکی ڕووحی زۆر نزیکیشی لەگەڵ من و ژیانی نەوجەوانی و جەوانی من هەیە. بۆیە کە لەپڕ گوێم لە پەرواز بوو ئەو شیعرەی بە گۆرانی دەوت، بوومە لەرزە کەوتە ڕووحمەوە و دەنگی گەرم و سەمیمی ئەو شۆخە کوردە، وەک گۆران لە دەروێش عەبددوڵادا دەڵێ،  کەوتە سکاڵا لەگەڵ ڕووحی کڵۆڵمدا. بەو دەنگە مەلی خەیاڵم فریەوە بۆ سلێمانی، بۆ سەیوان، بەردەرکی سەرا، مامەیارە، سەرچنار، تووی مەلیک، برایم پاشا، شەقامی ئوورزی و جادەی کاوە و چاخانەی شەعب. هەزاران خاتراتی تر وەک شانە زەردەواڵە لەسەرمدا ئالۆز بوون. غەریبی و دوورە وڵاتی، ئەزموونێکە کە مرۆڤ تا خۆی تاقی نەکاتەوە، سەری لێدەرناکا. مەولانای ڕۆمی و ناڵی و حاجی قادری کۆیی زۆرجوان ئەو ئەزموونە ئینسانیە دەگێرنەوە. ناڵەی جودایی هێمن، ئاو لەبەردی دێنێ. ئاخر بەرد لەبەردی بێتەوە دەنگی هەیە. بادی خۆشمرووری ناڵی لە ئەستەمبووڵەوە بۆ شارەزوور ناڵی دەخاتە سەر باڵەکانی و دەیباتەوە وڵات. حاجی قادری کۆیی بەخەو لە ئەستەمبووڵەوە دێتەوە کۆیە، ئەو شارەی خۆی وتەنی، لەبەهارا قووبەی کشمیر دەداتە بەر شەق وەکو گۆ. دێتەوە هەیبە سوڵتان، حەمامۆک، ئۆمەرخوچان، دیتەوە بۆ ئەوشارەی خۆی وتەنی کوڕیان غیلمانن و کچیان عەینی حۆری.

مامۆستا هێمن جارێک لە بەغدا بە کۆڵانێک دا ڕەتدەبێ و لەپڕ گوێی لە ژنێک دەبێ کە کچە بچکۆلەی بانگ دەکا و دەڵی مەهاباد مەهاباد وەرە مەوەستە. بۆ هێمنی ئاوارەو غەریبی مەهابادی، لەو بەغدایە و لە کوچەیەکدا، بیستنی ناوی مەهاباد، هێندە چاوەڕوان نەکراو دەبێ کە شاگەشکەی دەکا. بیستنی ئەوکۆپڵە شیعرەش بۆمن ئەزمونێکی شەخسی لەو جۆرە بوو. پەرواز بادی خۆشمروور بوو، پەیکی شارازا بوو بە هەموو وادی شارەزووردا و منی بردەوە سلێمانی. خەوێک بوو لە چەشنی بەختی خەواڵووی حاجی قادری کۆیی. هەڵی گرتم و بردمیەوە ئەوشارەی منداڵی و نەوجەوانی من و کەسایەتی منی شکڵ پێدا.

گردی یارە یا مامەیارە ئەودەم کەمن لە سلێمانی بووم دەکەوتە قەراخی شار و نزیکی گردی سەیوان. بەهاران خەڵک دەڕژانە ئەو ناوە و سەیرانگای خەڵک بوو. لەوەش زیاتر ئارامگای پیرەمێرد دەکەوێتە سەرگردەکە. حافز و سەعدی بۆ خەڵکی شیراز چۆنن، ئیبسن بۆ خەڵکی ئۆسلۆ چەند بەرزە, پیرەمێردیش بۆ خەڵکی شاری سلێمانی بەو جۆرەیە. دەگێڕنەوە پیرەمێرد کاتی خۆی نەورۆزان یاپراخی درووستکردوە و بۆ نەورۆزکردن خەڵکی شاری جاڕداوە بێنە مامەیارە و لەوێ نەورۆزی کردوە. ئەوە کە ئێستاش نەورۆزی سلێمانی لە چاو نەورۆزی شارەکانی دیکەی کوردستان تامێکی تایبەتی هەیە لەو نەریتەوە سەرچاوەدەگرێ کە پیرەمێرد بۆ خەڵکی ساری سڵیمانی بەجێ هێشتوە.

پتر لە نیوسەدەیە چارەنووسی من و بنەماڵەکەم بە چارەنووسی بزووتنەوەی کوردو چۆنیەتی تێکۆشانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانەوە گرێدراوە. دوای دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلوول کە تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش دەکەوێتە بەر پەلاماری پۆلیسی شا، بەشی زۆری کادرو ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕێبەری حیزب، بە کردەوە ئیمکاناتی حیزب دەخەنە خزمەت شۆڕش. ئەودەم لە قۆناخێکدا سەنگەسەر ناوەندی سەرکردایەتی شۆڕش دەبێ و بارزانی و شەهید ئەحمەد تۆفیق لە قشڵەی سەنگەسەر دەبن. ئێمەش بەهۆی ئەوە کەباوکم پێشمەرگە دەبێ، ماڵمان وەک ماڵی بەشێکی زۆر لە ئەندامانی حیزب لە سەنگەسەر و دەوروبەری سەنگەسەر جێگیر دەبێ. من خۆم ئەو دەورانەم لەبیرە و زۆر منداڵبووم وێنەم لە گەڵ شەهید باپیر شکاک هەیە لە بەردەکی و قشڵەی سەنگەسەر کە ناوەندی تێکۆشانی حیزب و شۆڕشیش بوو.

ناچمەوە سەر ڕووداوەکانی دواتر و چۆنیەتی درووستبوونی کۆمیتەی ئینقلابی حیزبی دێموکرات و دەستپێکردنی جوڵانەوەی ٤٦ و٤٧ و چۆنیەتی تەسلیم کردنەوەی باوکم ساڵح لاجانی و هاوڕیکانی بە رێژیمی شا لە لالەیەن سەرکردایەتی شۆڕشەوە. ئەوەدەڵێم کە بنەماڵەی ئێمە دوایی هەموو ئاڵوگۆڕەکان دیسانیش هەر لەسەنگەسەر ماینەوە چونکە خزممان لەوێبوون و بە هۆی ئەو غەدرەش کە سەرکردایەتی شۆڕش لێمانی کردبوو، خەڵکی سەنگەسەر بەگشتی و تەنانەت ئەندامان و پێشمەرگەکانی پارتیش تەعاتوفیان بۆمان هەبوو و وەک خەڵکی خۆیان تەماشایان دەکردین. تا دەرچوونی بەیاننامەی ١١ی ئازار. لەو قۆناخەدا بە هاتنەوەی قاسملووی نەمر و کاک کەریمی حیسامی، حیزب خۆی دەگرێتەوە و دەورانی گەشەی سیاسی و تەشکیلاتی حیزب دەست پێدەکاتەوە.

بەڵام تەنانەت دوایی دەرچوونی بەیاننامەی ١١ی ئازاریش کە شۆڕش سەرکەوت بوو، دیسانیش فشارو پاڵەپەستۆ خرایە سەر حیزبی ئێمە کە دەبێ لە ناوچە سنووریەکان دوورکەونەوە و چالاکیتان نەبێت. بەمجۆرە هەموو ئەندامان و لەیەنگرانی حیزبیان کۆکردینەوە ناردیانین بۆ هیران و نازەنین و دواتر بۆ کۆیە. کە وتووێژی نێوان بەغداو شۆڕش بە بنبەست گەیشت و شەردەستی پێکردەوە ئێمە ماڵمان چووەوە سەنگەسەر نێو خزمەکانمان. سەنگەسەر کەوتە بەر پەلاماری دەوڵەت و خەڵکەکەی ئاوارەبوون. ئێمەش ئاوارەی ئاڵیە ڕەش و بەستێ سۆفیان بووین. دوو گووندن لە نزیک سونێ. بەشێک لە خەڵکەکە ڕایان کردە دیوی ئێران و لە ئۆردووگاکاندا دەحەوانەوە. بەشێکیش دوای ماوەیەک گەڕانەوە سەر جێگاورێگای خۆیان لە سەنگەسەر. وەزعی ئێمە زۆر دژوار بوو. نە دەمانتوانی بچینەوە سەنگەسەر، ناوچەیەکی شەڕلێدراو بوو، نە دەشمانتوانی بڕۆینە ئەودیوو. لەوبنارە لەوپەڕی سەختی مەینەتبەشیدا دەژیاین.

رێبەرایەتی حیزب بڕیاریدا بەشێک لە رێبەری حیزب لە ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی شۆڕشدا وەمێنن. بەشێک لە ئورروپابێ و بەشێکیش لە بەغدا و سلێمانی وەمێنێ. لەبیرمە ئەوبەشەی کە لە نێو شۆڕش مابووە وە لەلایان بەرێز مامۆستا عەبدوڵا حەسەنزادەوە سەرپەرستی دەکرا.

من کە عاشقی خوێندن بوم بۆخۆم و بەهاوکاری مامی شەهیدم، بڕیارم دا بڕۆم وەدوای خوێندنەکەم کەوم. تازە شەڕ دەستی پێکردبووە وە. هەموو کوردستان ئاوری لێدەباری. لەگەڵ ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی حیزب واتە بەڕیز کاک سمایلی حاجی بە دۆڵی شینکایەتیدا، بەپێ رۆیشتین و پاش چەند شەوو ڕۆژ گەیشتینە دەوورووبەی سلێمانی. من ئێستا پێم سەیرە چۆنم توانیوە ئەو هەموو رێیە بڕۆم. ئاخر پۆلی دووی متەوەستە بووم. لەبیرمە بەشەو بە دۆلێکدا کە ناوەکەی دۆڵی قەیوانبوو، لە گەڵ خەڵکی گوندەکانی دەووروبەر کە باری ترێ و میوەیان پێبوو، خۆمان بە نێو شاری سڵیمانیداکرد و بەیانیەک زوو گەیشتینە جێگایەک کە گەرەكێکی شاربوو بە ناوی کارێزە وشکە. کاک سمایل زۆر دەترسا، حەقی بوو، دەمانچەیەکی حیزبی پێ بوو دەبوایە بیباتە نێوشار، ئەگەر بە دەمانچەوە گیراباین، هەر لەوێ ئیعدام دەکراین. بەمجۆرە بەسلامەتی گەیشتینە نێو شار.

من زوو لە قوتابخانەی ناوەندی کاوە ناونوسیم کرد و دەستم کرد بە خوێندن. لەبیرمە بۆناونوسینم و جێبەجێ کردنی کارەکانم، کاک کەریمی حیسامی ئەرکەکەی خستە سەر شانی مامۆستا کەریم زەند. من لە مێژبوو ناوم بیستبوو. ئێستا لە نزیکەوە لە خزمەتی دابووم. ئەوەم بە شانازی دەزانی کە کاک کەریم زەندم بینی. ئەو یەکەم وەرگێڕی ئینجیل بوو . چونکە شەر دەستی پێکردبووە و خەڵکێکی زۆری دەوورووبەری شار بۆ خوێند روویان لە شاری سلێمانی کردبوو، بە زەحمەت لە قوتابخانەکان جێ دەست دەکەوت. بە هیمەتی مامۆستا کەریم زەند لە متەوەستەی کاوە دەستم بە خوێندن کرد. لە سەرەتادا لە ماڵی کاک سمایلی حاجی و دواتر لە ماڵی دەروێش ئەحمەد و پاشانیش لە ماڵی کاک فایق و دواتریش لە ماڵی سەدیقی ئیبڕاهیمی کە نوێنەری حیزب بوو لەسلێمانی دەژیام. لێرەوە سوپاسی هەموویان دەکەم و مەمنوونی ئەو هەموو لوتف و موحیبەتەم کە لەو دەوەرە سەختەدا دەگەڵ منیان کرد. دواتر کاک حەمەدەمینی سیڕاجی کە نوینەری حیزب بوو لە بەغدا، مەسەلەکەی منی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی عێراق باس کردبوو و بەمجۆرە بە کتابێکی ڕەسمی تەربیەی سولەیمانیان ئاگادار کردبوو کە لە قسمی داخلی جێگاو رێگام بۆ دابین بکەن. دەبێ بگوترێ من کاک کاریمی حیسامی و کاک حەمەدەمینی سیڕاجیم لە مێژبوو دەناسین و پێشتر دیتبوومن. ئەو شەوەم لەبیرە کە کاک حەمەدەمین لە سەنگەسەر کۆبوونەوەی دەگەڵ باوکم و دەستەیەکی دیکە لە هاورێانی حیزبی کرد لە خانوێکدا کە ئێستاش شووینەکەی پێدەزانمەوە، خانووی سۆفی ئاسکەی دایکی کاک ئەحمەد رەجەب و بەم جۆرە لە کۆبوونەوەوەڕا چەحماخەی چولانەوەی ٤٦ و ٤٧ لێدرا و باوکم و ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگەکانی حیزب ئەو شەوە گەڕانەوە نێوخۆی وڵات. پیشتر لە رێبەرانی حیزب بە خزمەت مۆمۆستا حەسەنزادە و کاک حەسەنی ڕستگار، کاک ئەمیری قازی و کاک رەسولێ پێشنماز و کاک سەید ڕەسوڵی دەهقان و کاک کەریم حەداد و کاک قادری وێردی و مەلاسەید ڕەشید و کاک سولەیمانی موعێنی و کاک سمایلی شەریفزادە گەیشتبووم. دواتر لە بەغدا دەگەڵ کاک حەسەنی شیوەسەڵی، کاک جەلالی میراوەیی، کاک رەحمان کاژەیی و مامۆستا هێمن و یوسفی ڕیزوانی ئاشنابووم. کە ئینتشاراتی حیزبیان هەڵدەسوڕاند و رۆژنامەی کوردستان و نامیلکەی تێکۆشەریان چاپدە کرد.

بەو شێوەیە من لە داروتەڵەبەی برایم پاشا شوێنی ژیان و خوێندنم دیاری کرا. ئەو جێگەیە لە گردی سەیوان و گردی مامەیارە نزیکە. لەماوەی ئەو هەموو ساڵانەدا کەمن لە سلێمانی دەمخوێند،  بۆ دەرس حازرکردن و سەعی کردن دەچوومە گردی یارەو دەوروبەری. دواتر کە کەمێک فراژووتر بووم لەگەڵ رەفیقەکانم، بۆ عارەق خواردنەوەش هەر دەچوینە ئەوێ.

هەر لەو قۆناخەشدا، بە رەسمی بووم بە ئەندامی حیزب. من بە کاک سەدیقم وت کە دەمەوێ ببمە ئەندامی حیزب. کاک سەدیقی ئیبڕاهیمی کە خەڵکی بانەبوو و نوینەری حیزبوو لە سلێمانی داوای لێکردم کە بە نوسراوە داوای ئەندامەتی حیزب بکەم. پێموایە هێشتا تەمەنم نەیدەگەیاندێ. من هەر لە منداڵیەوە لە حیزب و باوەشی حیزبدابووم. بەڵام ئەندامەتی حیزب شتێکی دیکە بوو و دەبوایە پڕۆسەی ئەساسنامەیی خۆی ببرێ. سەرەنجام وەرگیرام. کاتێک هەواڵیان پێدام کە حیزب وەک ئەندامی خۆی قبووڵی کردووم، لە خۆشیان و لە شانازیان دەپێستی خۆمدا جێم نەدەبۆوە. ئاخر ئەو دەم حیزبایەتی و کوردایەتی و خەبات تێکەڵاوێک بوو لە ڕۆمانتیزمی ئینقلابی و قاەرمانبازی و لەخۆبردووی، دەورانی مائۆ و هوشیمینەو کاسترۆ بوو.

 لەبیرمە مەسئوولی حیزبیم برای گەورەو تێکۆشەرم کاک کەریم حەداد بوو. کەسێک کە بەماڵ و سەروەت و سامانی خۆی خزمەتی حیزبی دەکرد. مانگی جارێک کۆبوونەوەی حیزبیمان هەبوو. ئەدەبیاتی حیزبیمان دەخوێندەوە و باسی خەبات و ڕووداوەکانی کوردستان و ئێرانمان دەکرد. بەمجۆرە ئەلفوبێی کاری حیزبایەتی و تەشکیلاتی لەکاک کەریم فێربووم و کاک کەریم منی بۆ نێو تەشیلاتی حیزب و حیزب هیدایەت کرد. کاک کەریم بوو هەستی نیشتمان پەروەری و حیزب خۆشەویشتی لە مندا مشتوماڵ کرد و دواتر بوو بە هیزێکی مادی کەسەرتاسەری ژیانی منی گرتەوە و حیزبایەتی کردە پڕۆژەی ژیانی من. ئەو هەستە بوو منی کردە رێبواری رێگای عیشق و ئازادی. ئەگەرچی هێمن وتەنی جگە لەناکامیش، نەمدیوە بەرهەمێکیتر. ئەودەم ماڵی کاک کەریم لە نزیک ئوورزی هەر لە حەوشەی ماڵی کاک کەریم زەندا دەژیان. ئێمە زۆرتر ڕۆژانی تەعتیل بۆ کۆبوونەوە دەچوینە ماڵی کاک کەریم. هەمیشە براژنە خەدیجەی خێزانی کاک کەریم بە ڕووی خۆشەوە دەرگای لێدەکردینەوە. قەت نەمدی براژن جارێک نێوچاوانی تێکنێ و ڕووی گرژبێت. هەزار سڵاوی لێبێ و لە هەرکوێە هەر ساخ و سلامەت و تەمەن درێژبێ.

هەر لێرە بوو لەگەڵ مامۆستا هاشمی کەریمی ئاشنابووم. ئێمە پێمان دەگووت کاک حەسەن. هاوکلاسیەکی خۆم، تەها ڕەسووڵ، برای دووکتۆر شوکریە ڕەسوڵ، بۆ فێربوونی فارسی دەهاتە لای کاک هاشم، . ئەوە منیشی هاندا خۆم فێری فارسی کەم و ئەدەبیاتی فارسی بخووێنمەوە. بەتایبەتی بەرتوڵت برێشتم بە فارسی دەخووێندەو کەیفم دەکرد. هەر لێرەبوو لەگەڵ کاک مستەفای شەڵماشی ئاشنابووم. لەبیرمە جارێک جێژنی دامەزرانی حیزبمان لەو دەورەیەدا لە ماڵی کاک مەلاسمایلی حاجی گرت. هەموو ئەندامانی حیزب لە سلێمانی و دەووروبەر کۆببوینەوە لەسەر سفرەیەک پێکەوە نانمان خوارد. ژمارەمان لە قامکەکانی دەستان تێنەدەپەڕی. یەکەم جار بوو لێرە لە جەژنی ٢٥ گەلاوێژدا،  بیرە واتە ئابووجۆم خواردەوە و لەبیرمە کاک حەمەدەمینی سیڕاجی نەمر، بۆی تێکردم. هەزارجار یادی بەخێر. ئاخر من حیزبی دێموکراتم ئاوا لە خەباتدا دیوە. ئێستاش ٢٥ گەڵاوێژ لێرە هەزاران کەس لە ساڵۆنی جەژنی ٢٥ گەلاوێژدا ئامادەدەبن.

من وەک ئێستا عاشقی خوێندنەوە بووم. ئەودەم سەرچاوی بڵاوکردنەوەی ئەدەبیاتی کوردی و گۆڤارو رۆژنامە کوریەکان لە سلێمانی کتێبفرۆشی کاک عومەری مەکتەبە بوو. کە بەداخەوە بە غەریبی ئەو ماوەیە لە سوئێد مرد و گوایە ئەمڕۆ تەرمەکەی دەگێرنەوە بۆ سڵێمانی. ئەودەم ڕۆژنامەی هاوکاری هەفتەی یەکجار بڵاودەبووە. من ڕۆژانی جومعە دەچووم تا دەهات ڕادەوەستام و هەوەڵین کەسبووم دەمکڕی. کاک عومەر دەیزانی کە بەوەخت دەگەیشتمە لای و خۆشی دەویستم چونکە دەمخوێندەوە. جار جار شتی تایبەت بەخۆشی دەدامێ بۆ هاندانم بۆ خوێندنەوە. چیرۆکی پێشمەرگەی ڕەحیمی قازی و ژانی گەلی برایم ئەحمەدم لە کاک عومەر بە قەرز وەرگرت بۆ خوێندنەوە. ئەودەم رێگای بەغداو سلیمانی وا ئاسان نەبوو. گۆڤاری بەیان و ڕۆشەنبیری نوێش مانگانە بلاودەبوونەوە. هەموویانم بە عیشق و عیلاقەوە دەخوێندنەوە. دەستم کرد بەنوسین بۆ هاوکاری و یەکەمین وتاری درێژم لە پێوەندی دەگەڵ جوڵانەوەی ساڵانی ٤٦ و ٤٧ دا لە هاوکاردیدا دابەزی و بۆم بوو بە تەشویقێکی گەورە بۆ نوسین. شعرێکیشم بۆ ئیعدامی پەرویزی حیکمەت جۆ، کە شا ئیعدامی کرد لە بیری نوێدا بڵاکرایەوە و دواتر بە عەرەبیش بڵاوم کردەوە. من کە شەووڕۆژ لە گردی یارە بووم بە چاوی خۆم دەمدیت کە ئارامگای پیرەمێرد خەریکە دەرووخێ و نە شەهرداری و نەکەس خەمی لێدەخوا. بۆیە وتارێکم لەوبارەوە نارد بۆ ڕۆژنامەی بیری نوێ و مەسەلەکەم وروژاند وئەوەش لە سلێمانی دەنگی دایەوە. کە ئەو وتارەم لە مەدرەسە پێشانی مامۆستاکانمدا، زۆریان پێ باش بوو و ئافەرینیان پێ وتم.

ڕۆژنامەی بیری نوی، زمان حاڵی حیزبی شیوعی کوردستانیش دەردەچوو، کە ئەویشم موو بە موو دەخوێندەوە. بەو جۆرە کەوتمە نێو گۆمی مەندی بزووتنەوەی ئەدەبی و ڕووناکبیری و سیاسی سلێمانی. لەگەڵ گۆران مەریوانی، مامۆستا حوسێن بەفرین، محمەد عومەر عوسمان، جەمال غەمبار، عوسمان شەیدا، محمەد ڕەنجاو، خەبات عارف کە ئەودەم پرینسیەسەی حیزبی شوعی بوو، ئومێد ئاشنا، دڵشاد مەریوانی شەهید، بەرزان فەرەج، رێبوار مەریوانی، فاتح عیزەدین، شێخ ئەنوەر، حەسیب قەرەداخی، وشاعیر و نوسەرانی دیکەی سولەیمانی ئاشنابووم. ئەوەی لە گەردەولوولدا باسی دەکرێ کە مامۆستا هێمن و تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات لە زیندووکردنەوەی ڕووحیەی کوردایەتیدا لە دوای هەرەس کاریگەر بوون، تەواو راستە. بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستانی ئۆرگانی حیزب و کتێبەکانی دیکەی بنکەی پێشەوا، لەسەر بەرز راگرتنی ڕووحیەی خەبات شوێنەواری باشیان دانا. ڕێبەران و کادرەکانی حیزب چ لە بەغدا و چ لە سلێمانی و چ لە شارو شاڕۆچکەکانی تر پێوەندیەکی نزیک و پتەویان دەگەڵ خەڵک و نوسەران و ڕوونابیرانی کوردستان هەبوو. لە بیرمە هەموو جارێ کە مامۆستا هێمن بەسەردان دەهاتە سلێمانی، سلێمانی دەکەوتە جوڵە. تەواوی شار دەخرۆشا. کاتێک یەکیەتی نوسەرانی کورد کۆڕێکیان بۆ مامۆستا هێمن بەست لە سلێمانی تا ئەزمونی شعری خۆی بگێرێتەوە، شار جۆشا بوو. حکومەت لە ترسی تەقینەوەی وەزعەکە، ئامادەباشی راگەیاندبوو. ئای کە سەربەرز و ڕووسوور بووم کە لەماڵی کاک کەریمی حەداد دەگەڵ مامۆستا هیمن بەرەو ساڵۆنی کۆڕەکە چوین. مەپرسە خەڵک چیان بۆ هێمن دەکرد. ئاخر هێمن لەو هەلومەرجە سەختەدا، ئەو شعرەی بلاوکردەوە کە دەڵێ

دەمگرن ئەمما لە گرتووخانە ڕق ئەستوورترم

لێمدەدەن ئەمما لەسەر داوا ڕەواکەم سورترم

دەمکوژن ئەمما بە گژ جەلادەکەمدا دێمەوە

کوردم و ناتووێمەوە، ناتوێمەوە.

ئەو شعرە لەسەر لێوی گەورەو بچوکی خەڵکی سلێمانی بوو.

با ئەوەش بگێرمەوە کە حیزبی بەحس، وەزعێکی پێک هێنابوو کە دەبوایە هەموو کەس بەحسی بێت. ڕۆژانی جۆراوجۆر ئێمەیان لە مەدرەسەکانەوە دەهێنا سەرجادەو ڕێژەیان پێدەداین. یەکێک هەمیشە پێش دەکەوت و بە عەرەبی دەیگووت.

هەموو عێراق بەحسیە. هەموو کڕیکارێک بەحسیە، هەموو خوێنکارێک بەحسیە، سلێمانی هەمووی بەحسیە.

ئێمەش کە دەبوایە تیکرای کەینەوە و بۆیان بڵێینەوە. دەستەجەمعی دەمان گووت.

سلێمانی گشتی بەحسیە. هەورامانیش بەحسیە. دارگوێزەکانیش بەحسیە، پشت دارگوویزەکانیش بەحسیە.

یا دەمان گووت

دەسکی بە پێنج فلسە کەوەر

مەزەی ساوارە کەوەر

ماڵی فەقیرە کەوەر

بەوجۆرە مەسیرەکانی قوتابخانەکانمان دەکردە کۆمدیدیەکی سیاسی و رێژیم بۆخۆی بەدەستیەوە گیرۆدە دەبوو.

بەڵی تا دەستپێکردنی شۆڕشی سەرانسەر گەلانی ئێران بە دژی شا من لە سلێمانی بووم. لەوێ فێری خوێندنەوە بەزمانی عەرەبی بووم. لەوێ مارکسیسمم بە عەرەبی خوێندەوە. سەرمایەی مارکس و کتێبەکانی دیکەی فەلسەفەم خوێندەوە. لەوێ لەگەڵ سوخەنڕانیە ئاگراویەکانی مامۆستا شێخ جەلالی حوسەینی ئاشنابووم کە بەدزیەوە بۆمان دەهاتن.

منداڵ و لاو لەو شوێنە سۆسیالیزێرە دەبێ کە لێی گەورە دەبێ. بەڵی ئەو ساڵانە شکڵیان بە کەسایەتی من داو دواتریش ئەو بارگە کولتوریەی لە سلێمانی خستمە سەرکۆڵم، لە سەرتاسەری قۆناخەکانی دیکەی ژیانمدا، تەنانەت لە ئورروپاشدا بەکەڵکم هات و وەک زەخیرەی وزەو ئینێرژی بۆ بردنە پێشی خۆم دەکارم کرد. ئێستاش پێم خۆشە بڕۆمەوە سلێمانی و بە جادەکانی دا بڕۆم. حەزم لێ یە شەربەتی مێوژی سلێمانی بخۆمەوە، کەبابی سلێمانی بخۆم، یاپراخی سلێمانی بخۆم. گەزی سلێمانی بخۆم. ئای کە شێلمی کوڵیوی سەر عارەبانە دەستیەکان چەن بە لەزەت بوو، پاقڵاوەکەی چی؟ حەزم لێ یە بە برایم پاشاو سابوونکەراندا جاریکی دیکە لە گەڵ هاوڕێکانی دەورانی مەدرەسەمدا، لە گەڵ کاک عومەر ئەمین عەلی ڕانیەیی، رەفیق واتە ناڵی لە مەڕ خۆمان و موەفەق، ناسح، ئایار، ئەوانی تردا بێمەخوار، تەماشای کچە جوانەکانی سەرجادەکانی بکەم وەک ئەودەم. ئەوانەی بە جادەی کاوەدا دەهاتنەخوار و پێی نازیان لە سەر ئەرزدا دادەنا و گۆران وتەنی نەزەریان نەدەکرد و ئەرۆیشتن ئۆغر.

هەژار دەڵی

دەشتی لاجانە بەهەشتی پێشووم

هونەرم گەر هەبێ لەوێیە تێشووم

ئەوێ بوو لانکی یەکەم دڵداریم

لەوێ هەڵبوو سەرەتای خەمباریم

بەڵێ بۆ منیش سلێمانی دەشتی لاجانەکەی مامۆستا هەژارە. خەمی گەورەی من لەوێ سەوز بوو کە خەمی وشیاری و بە دەربەست بوونە. ئەگەر هونەرێکیشم هەبێ، بەڕاستی ئەوە تێشووەکەیم هەر لەوێ وەرگرتووە. بەڕاستی هەر سلێمانیش بوو لانکی یەکەم دڵداریم. لەوێ فێربووم گوڵ نەچنم بۆ گوڵدانی مردووی سەرمێز لەبەرۆکی کچانی دەم پێش ئەوەی بیانگرمە ئامێز. سڵاو لە سلێمانی و دارووبەردی و درشت و وردی.

 ئێستا بڵێی ئەو دۆستە خۆشەویستەم پاش ئە داستانەش کە بۆم گێڕایەوە و تەنیا گۆشەیەکی بچووکی ژیانی منیشە لە سلێمانی، حەقم پێنەدا بە دەنگی پەرواز و ئەو کۆپڵە شعرە جوانەی و ناوی گردی یارە، لەوسەری دونیا ڕانەچڵەکێم و پەرواز نەکەمە بادی خۆشمررور تا بمباتەوە سلێمانی و دەشتی شارەزوور.

ئیبڕاهیم لاجانی

١١. ٠٦. ٢٠١٣

 

 


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

  1. دیفاع لە پەرواس دیفاع لە هەموو ژنانی کوردستانە! ... ئیبڕاهیم لاجانی
  2. بانگی ئازادی ... ئیبڕاهیم لاجانی
  3. با مێژوومان میللی بکەین و شكڵی میللی و نیشتمانیش بە خەبات بدەین ...ئیبڕاهیم لاجانی
  4. کەمایەتیە نەتەوەییەکان و بەشداریی کاریگەریان لە پرۆسەی سیاسیدا ...ئیبڕاهیم لاجانی

Page 2 of 3

  • 1
  • 2
  • 3
© kurdistan Net 2026

میوانی سەرخەت

We have 544 guests and no members online

  • گەڕان
  • العربیة
  • گۆشه‌کان
    • ڕاپۆرت
    • به‌دواداچوون
    • ئه‌ده‌ب و هونده‌ر
    • دیمانـــــــــه‌
    • پارت و ڕێکخراوه‌کان
    • هه‌واڵ
    • کاریکاتێر
    • کامپین
    • پرسه‌کان
    • هه‌مه‌ڕه‌نگ
    • بابه‌تی به‌رجه‌سته‌کراو
    • هۆنراوە
    • تەواوی بابەتەکانی ٢٠١٣
  • په‌یوه‌ندی
  • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ری دیکه‌
  • ژنە نووسەرەکان
  • ماڵەوە