دەستمان بگرن و هەڵمان کێشنە ئاستی خۆتان! ...ئیبراهیم لاجانی

دەستمان بگرن و هەڵمان کێشنە ئاستی خۆتان  !   ...ئیبراهیم لاجانی

دەوترێ گۆی زەوی ئەگەر لەسەر ئەومەدارەی ئێستای نەبوایە، وەک هەسارەکانی
دیکە خاڵی لە ژیان دەبوو.ئەودەم نە ئاو،  نە ئۆکسجینی لێ نەدەبوو تا
نەفەس بەبەر حەیات دا بکەن.ئەگەر ئەوە لەباری فیزیکی و بیۆلۆژیشەوە ڕاست
بێ، بە بڕوای من ئەوە ئێوە ژنانن ماناتان بە ژیان بەخشیوە .ئێمە لە
کوردستان شاعیرێکی گەورەمان هەیە بە ناوی گۆران.ئەو لە شعرێکیدا ئەو
واقعیەتە فەلسەفیەی بە باشترین شێوە کێشاوەتەوە.ناوبراو دەڵێ بەڵام
تەبیعەت هەرگیزاو هەرگیز، بێ ڕووناکیە بێ بزەی ئازیز.بەڕاستی ئەو
دونیایە ئەگەر ئێوەی تێدا نەبوایەن، ئەوەی نە دەهێنا پیاو حەسرەتی بۆ
بخوازێ و دلێ پێخۆشبێ.

لە خۆڕا نیە حاجی قادری کۆیی شاعێرێکی دیکەی ئێمە دەڵێ ژن زینەتی خودایە،
حەبیبی موستەفایە، قەڵاتن لە بۆ مێردان.موستەفا لێرەدا مەبەست موحەممەد
پغەمبەری موسوڵمانانە.ئاخر ئەو زۆری ژن خۆشویستووە.هەر ئەویش بوو
کاتی خۆی زیندەبە چاڵکردنی منداڵانی کچی قەدەغەکرد.ئەوە لە کاتی خۆی دا
کارێکی گەورەبوو.لە چەرخی بیست و یەکەمدا، مرۆڤایەتی ئێستاش لە چین و
هیند، ئەو دیاردەیەی وەک پەڵەی شەرم بە نێو چاوانەوەیە.
 
باسی شەریعەتی ئیسلام و مەوقعیەتی ژن کاری تیۆلۆگەکانە و من لێرەدا خۆی
لێ لادەدەم.چونکە ئێرە جێی باسێکی ئەکادیمکی لەو چەشنە نیە.ئەوەش
کەدەوترێ زینەتی خوایە، یانی لوتکەی دەست رەنگینی و شاکاری هەرەگەورەی
خالقی بە توانا بریتیە لەو وەستایەتیەی لە خوڵقاندنی ژندا لە خۆی
نیشانداوە.جا با ژنی لەئاوی کەلەکەی پیاویش خەڵق کردبێت، هیچ لە
مەسەلەکە ناگۆڕێ.لەو بارەوە ئەحمەد هەردی شاعیرێکی دیکەی ئێمە دەڵی
پەچەت لادە ببینم ڕووت خۆ ئەمن سەیری تۆناکەم، لە ڕووی تۆ تێدەگەم یەزدان
چلۆن نەخشی دەنەخشێنێ.

نازانم بۆ ئەوەتان بە من سپارد کە ئەم ئێوارەیە من لەدەوری مێزی
نانخواردنی یول قسان لە سەر ژنان بکەم.ڕەنگە لەبەر ئەوەبێ کە موسوڵمانم
و پێتان خۆشە بزانن موسوڵمانیک لەوبارەوە چۆن فکر دەکاتەوە.ڕەنگە لەبەر
ئەوەش بێ کە ئەو ڕۆژانە تەلەڤزیۆن و ڕۆژنامەکان زۆر سەبارەت بەوە دەدەوێن
کە لەنێو شار شەوانە ژنان لە خیابانەکانی ئۆسلۆدا لە دەست پیاوان و بە
تایبەتی پیاوانی بە پێشینەی کولتوری وەک منەوە، ئەمنیەتیان بۆ نەماوە.
دەتانەوێ من سۆنداژ بکەن تا بزانن ئێمە پیاوان بۆ وا ڕەفتار دەکەین.
رەنگە لە بەر ئەوەش بێ کە وەک خۆتان دەڵێن وەک جەنتڵمان دەگەڵ ژنان
ڕەفتاردەکەم.

   دڵم ئەلبوومێکی هێندە گەورەیە جێگای وێنەی هەموو ژنە جوانەکانی دونیای
تێدا دەبێتەوە.ئەوە قسەی لەتیف هەڵمەت شاعیرێکی گەورەی کوردە و لێرەدا
لێم قەرزکردوە.کە دەشڵێم ژنی جوان.بۆمن هەموو ژنەکان جوانن.وەک
دایک، خوشک، هاوسەر، ، دەزگیران، هاوکار، پوور، دایەگەورە، جیران
هتد...نوسەرێکی فەرانسەوی هەیە دەڵێ هیچ ژنێک ناحەزنیە.بەڵام هێندێکیان
زیرەکترن باشتر جوانیەکانیان و لایەنی ئینسانی و سۆز و هەستی ژنانەیان
دەردەخەن.هەندێکیشیان ئەو زیرەکیەیان نیە، دەنا لە ئەساس دا هەموویان
جوانن و سەرچاوەی خێروبەرەکەتن..بەڕاستی هەرواشە.گۆران شاعیری گەورەی
کورد کە لە ئەدەبیاتی ئێمەدا ئیبسنی ئێوەیە ئەو مەبەستە بە جۆرێکیتر
فۆڕمۆلەدەکات و دەڵێ.ئەو ئافرەتە زۆر دڵگیرە، دڵگیرترکات کوێی دڵگیرە.
مارکسیش دەڵێ سروشتی ترین پێوەندیی نێوان ئینسانەکان لە پێوەندیی نێوان
ژن و پیاودا دەردەکەوێ.
ئاخر نازانم لە ٤ دەقیقەدا چۆن بتوانم سەبارەت بە ژنان قسان بکەم.وشە و
مەبەبەست وەک شارە ژەنگەسورەی ئاڵۆزبوو دەنێو زەینمدا دێن و دەڕۆن وبۆم
سەروبەرنابن تا سیستەمیان پێبدەم و مانایان لێ سازکەم.
مێنتالیتەی نۆروێژی دەڵێ ماڵێک ژن و پشیلەو پەیس واتە شومینە یا ئاگردانی
گەورەی تێدا نەبێت، ماڵ نیە.کوردیش دەڵێ ژن و ماڵ.یانی ماڵ وەختێک ماڵە
کە ژنی تێدابێت.لێرەدا پەرانتێزێک دەکەمەوە.لای ئێمە جارێ وای لێ
نەهاتوە ژن بتوانێ ماڵیشی هەبێ و منداڵیشی هەبن و کەسیش لێی نەپرسێ بابی
منداڵانت کێ یە یا لە کوێ یە؟ لێرە کەس ئەو موشکیلەی نیە.لای ئێمە ژن
هەمیشە گوناهبارە، تەنانەت ئەگەر پیاوەکەشی بەدجنس بێ، ئەوە کۆمەڵ هەر
ژنەکە بە تاوانبار دەزانێ.

لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بزووتنەوەی ژنان بۆ ڕزگاری لە دەست
پیاوسالاری و هەژاری و تەبعیز و بی عەداڵەتی و ستەمی میللی و سیاسی
کاردەکا.ئاخر ژن و کۆمەڵ لە یەک کاتدا هەموو ئەو ستەمانەی لەسەرن.لێرە
بەرانبەریی ژن و پیاو بۆتە واقعیەت و چ لە قانوون و چ لە فەرهەنگ و چ لە
کۆمەڵدا جێی گرتووە.لە کوردستان ژنان بەدەست عەقڵیەتی خێڵەکیەوە گیرۆدەن
و ساڵانە بە سەدان و هەزارانیان دەکوژرێن و دەسوتێنرێن.لیرەش ژنان ئێستا
داوادەکەن دوو سەنگەری دیکە لە کۆمەڵگای نۆروێژدا فەتح بکەن.یەکیان فەتح
کردنی ناوەندەکانی دەستەڵاتی سیاسیە .ئەوی تریشیان ئەوەیە دەڵێن ئەملاک
واتە خانوبەرە، زەوی و زار، جەنگەڵەکان، هۆتێل و کارخانەکان، دووکان
رێستۆران و باڕ و دیسکۆکان زۆرتر لە سەر ناوی پیاوان سەبتن و دەبێ لەو
دووبوارەشدا پیاوان ناچار بە پاشەکشەو تەسلیم بوونی عەداڵەت بکەین.خوا
لەو کارەدا موەفەقیان کات.

لەو وڵاتەدا ئەوە ژنانن کاروباری رۆژانە بەرێوە دەبەن.دەچیە هەرکوێ
هەرژنن کارەکان هەڵدەسوڕێنن.قوتابخانە، زانکۆکان، بازاڕەکان،
نەخۆشخانەکان، کارگەو کارخانەو کەشتی و قەتار و بوس و فڕۆکەخانە و
ساڵۆنەکانی وەرزشی و هتد...

من لە هەموو ئەو شوێنانەی سەروکارم دەگەڵیان هەیە، رەئیسەکانم ژنن، لە
قوتابخانە مودیرەکەم ژنە.لێرە کە ئێواران کاردەکەم هەروایە.دەچمەوە
ماڵی هەر خانم رەئیسە.لە تەشکیلاتێکی سیاسیدا، واتە حیزبی دێموکڕاتی
کوردستانی ئێراندا کاردەکەم،  لەوێشدا ئێستا لە کۆمیتەی حیزبی نۆروێژدا
رەئیسەکەم بۆتە ژن.هیوادارم ئەوە سەرتاسەری تەشکیلاتی حیزبی دێموکڕات
بگرێتەوە.باڕووتیش لە هیند دۆرایەوە و بڵاو بۆوە.تەگەر لە دۆڵی ڕافدین
ڕا بە هەموو دونیادا بڵاو بۆوە.هەروایە هەموو شتێک لە جێگایەک و لە
نوختەیەکەوە دەست پێدەکات.

دەگوترێ ئەو وەزعە نالە بارەی ئەمڕۆ دونیای تێدایە، ئاکامی مودیریەت و
سیاسەتگوزاریی پیاوانەیە.ژنان دەڵێن ئەگەر دەمانەوێ ئەو دونیایە
بگۆڕێن، دەبێ مودیریەتەکەی لە دەست پیاوان دەربێنین.گوتۆرم فلۆی ستاد،
فەیلەسوفی گەورەی نۆروێژی لەوبارەوە دەڵێ.دووشت دەتوانن ئەو وەزعە
نالەبارە بگۆڕن کە ئەمڕۆ دونیای تێدایە.ژن و پووڵ.بەڵام عەیبی ژنان
ئەوەیە کە ئەگەر دەستەڵاتیان بە دەستەوە گرت، ئیدی دەبنە پیاو و وەک
پیاوان ڕەفتاردەکەن.پوولێش بەرەکەتە و ڕووی دەهەرجێ یەک کرد،  ڕەفاه و
ئاوەدانی دەگەڵ خۆی دێنێ.بەڵام عەیبی پووڵیش ئەوەیە ئەگەر ڕووی دەجێ یەک
کرد، هەر بەوجێ یە دەزانێ.بۆیە دەبێ پووڵ هیدایەت بکرێ.ئەوەنیە لە
نۆروێژ سۆسیال دێموکڕاسی دەڵێ کاری ئێمە ئەوەیە پووڵ لەو جێ یە بەکار
بێنین کە بەکار هێنانەکەی مەعقولیەتی تێدایە.هەروەها ژنانیش دەبێ لەهیچ
بارودۆخێکدا تەنانەت ئەگەر بوونە وەزیر و مودیریش هەویەتی ژنانەی خۆیان
ون نەکەن.هەڵبەت ئەگەر بیانەوێت دنیایەکی عادڵانەتر درووست کەن.
ئێوارێ کە هاتمە ئێرە، کاترینە گوتی چ هەستێکت هەیە لە نێو ئەو هەموو
ژنانە دای کە ئەمشەو لەو ساڵۆنە بۆ یولەبوور لە دەوری یەک کۆبوونەتەوە.

ئێمە سێ پیاوین و ١٩ ژن.لەو بارەوە دەبێ بڵێم کە لە کولتوری ئێمەدا
پیاوی موسوڵمان دەبێ سەرتاسەری عومری نوێژ و تاعەت بکات، بچیتە حەج و سەر
فیترەو زەکات بدات و زکروتەلیلان بکات و بەسەر پردی سیراتێدا تێپەرێ تا
خوا ڕووحمی پێبکاو بچێتە بەهەشت.بە هەشتیش بە گوێرەی ئەو وەسفەی قورئان
لێی دەکا، دەبێ جێەک بێ وەک ئێرە.مێزی ڕازاوە، خواردنی خۆش و شەڕابی پاک
و ژنی جوان و گوڵ و گوڵزار.ئەو ئێوارەیە بۆمن وەک خوێچێژکردن لە بە
هەشتێ یە.هیوادارم خەو وام لێنەکا لە نیوەرۆی ئاهەنگدا، ئەو بە هەشتەم
لە کیس بدا.ئەمشە هەموو هەستەکانم دەخەمە ژێر توانی ١٠ تا دەرکی ئەو
بە هەشتە بکەم کە خوا موژدەی دەدا.دیارە ئەو ژنانەی لێرە لە دەوری مێز
دانیشتوون، فەرقێکیان هەیە .ئەویش ئەوەیە کە لە جوانی و خانومانیەدا
هیچیان لەو ژنانە کەمترنیە کە خوای ئێمە موسوڵمانان لە قورئاندا وەسفی
برۆ و موژگان و لەش ولاری جوان و نازدار بونیان دەکات.بەڵام ئەو ژنانەی
ئێرە کاریان تەنیا ئەوەنیە ڕەفاه بۆ پیاوان بخوڵقێنن، ئەوانە لێرە بە
ماندووبوونی بێ وچانیان کۆمەڵگا دەبەنەپێش و لەسەر ڕووی ئەو دونیایە
خەریکن بە هەشت درووست دەکەن.کاتی خۆی ئێوە بوون بوونە هۆی ئەوەی خوای
گەورە لێمان تووڕەبێ و لە فیردەوسی خۆی فڕیمانداتە دەر.لەسەر ئەوەی
قەپاڵەمان لە سێوی زانیاری و عیلمداوە وەبەر غەزەبی خوای گەورە کەوتین.
لە ئاکامدا خوا لە گەڵ ئێوە لە فیردەوسی بەرینی خۆی وەدەری ناین.بەڵام
چونکە ئێوەمان دەگەڵ بوون و تامی سێوی زانستیشمان کردبوو، ئەوەتا بە شەر
بەقووەتی شان و پیل و بیری خۆی ئەو شارستانیەتە پێشکەوتوەی درووست کردوە
کە دەی بینین.نازانم خوا بۆ دەبێ پێی ناخۆش بێ عەبدەکانی پرسیاران بکەن
و شتی بزانن؟
لە کۆتاییدا دەڵێم ئێمە پیاوان بەختەوەرین کە لەو سەفەری ژیانەدا ئێوە
ژنانمان لە گەڵن و هاوسەفەرمانن.ئێوە نەبوایەن، ئێمە مۆتیڤۆشۆنمان بۆ
ژیان و کارو چوونە پێش نەدەبوو.بەڵام ئێوە لە مەعجونێکی پڕ رەمزو ڕموز
دروست بوون.بە ڕاستی تێگەیشتن لە ئێوە و دەرک کردنی ئێوە و هەڵسوکەوت
دەگەڵ ئێوە و ژیان دەگەڵ ئێوە و کۆمونیکاشۆن دەگەڵ ئێوە پێویستی بە
لێوەشاوەیەکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی گەورەهەیە، کە ئێمە پیاوان جارێ
نەمانتوانیوە وەدەستی بێنین.جا ئەوە چ کونگ هەڕاڵد، شای نۆروێژ بێ،    چ
یەنس، سەرەک وەزیرانی نۆروێژبێ یا مەسعودبارزانی سەرۆکی کوردستان یا هەر
پیاوێکی دیکە بێت، فەرق ناکا.ئاخر ئێوە تواناتان هەیە پیاوی عارف و
گەورەی وەک شێخی سەنعان لە دین وەرگێرن و بیکەنە شوانی بەرازان.توانای
ئەوەتان هەیە قەیس، بە قانوونی تەجەنوون، ڕەوانەی کێو و سەحرابکەن.
توانای ئەوەتان تێدایە قولنگ بدەنە دەست فەرهاد و ڕەوانەی شاخی بێستوونی
بکەن.بەڵام توانای ئەوەشتان هەیە دایکبن، کەسێک کە خوای گەورە دەڵێ بە
هەشت لە ژێر پێی ئەو دایە.تواناتان هەیە خوشکبن، هاوسەر بن، هاوکار و
غەمخۆربن.نازانم خوا بۆ تۆزێک لەو شیرینی و نازەنینیەی ئێوەشی نەداوە
بە ئێمە پیاوان.
 
ئێوە هەنگوینی ژیانن.ئێمە پیاوان بێ ئێوە ناژین.هێندەشمان خۆشدەوێن،
نازانین چۆن خۆشەویستی و سوپاسگوزاریی خۆمانتان بۆ دەربڕین.ناشزانین
چۆن نیازی خۆشمان بە موحیبەتی ئێوە بە شێوەیەکی درووست بە ئێوە بگەیەنین.
هەر بۆیەشە زۆر جار ئاوا خراپ لێک حاڵی دەبین و بیلکلینتۆن گوتەنی
ڕەفتاری هەڵنەسەنگێنراو بەرانبەر ئێوە لە خۆمان نیشان دەدەین.ئێمە لە
ئاستی گەورەیی و دڵفرەوانی و موحیبەت و بەزەیی و میهرەبانی و جوانی و
عیشق و گەرمی ئێوەدانین.پیاو پێویستی بە گەشەکردنی فەرهەنگی زۆرە تا
بتوانێ لێوەشاوەیی ئەوە پەیدا کا شایانی ئەوەبێ دەگەڵ ئێوەبێ.
هیوادارم ئێوە ژنان دەستی ئێمە پیاوەکان بگرن و هەڵمانکێشنە ئاستی خۆتان.
بۆ ئەوەش دەبێ دەگەڵمان لەسەرەخۆبن و لێمان وەرەس نەبن و سەبرو
حەوسەلەتان دەگەڵ ئێمە بەسەر نەچێ.مامۆستا دەبێ دەگەڵ قوتابیەکەی زۆر لە
سەرەخۆبێ تا بتوانێ بیباتە پێش و فێری بکا و گەشەی پێبدا.ئاخر بە راستی
ئێوە ژنان بۆ ئێمە پیاوان مامۆستان.
سکۆڵ بەسڵامەتی هەموو ژنان و بەتایبەتی ئەو خاتوونانەی لێرە حزووریان
هەیە و لەو جلە جوانانەدا، لە دەوری ئەو میزە ڕازاوەدا وەک چرا
دەدەروشێنەوە.



ئیبراهیم لاجانی

ئەوە نێوەرۆکی وتارێکی کورتە لەکاتی نانخواردنی جەژنی یولدا، کەدواوام
لێکرابوو من لەسەر ژنان قسەبکەم، پێشکەش بە هاوکارەکانمم کردوە.چونکە
ڕووی قسەکان لە گوێگری نۆروێژیە، ڕەنگە زۆرشتی بۆ خوێنەر یا بیسەری کورد
زیادە یا درێژدادڕێ بێت.داوای لێبووردن دەکەم.
   لە بەرەبەری ٨ی مارس دا بە بیرم دا هات کە بە کەمێک ئاڵوگۆڕەوە بە
کوردی دایڕێژمەوە.


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.