پاش پتر لە سێ دەیە لە خەبات و تێکۆشان، ئەو خەباتە خەریکە لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی رێژیمێکی دێموکراتیک لە وڵاتەکەماندا، دەبێتە هێزێکی کارساز و بڕیاردەر.
ئاسۆی بزووتنەوەی میللی دێمۆکراتی کوردستان ڕوون دێتە بەرچاو.ڕەوتێکی تازە لە سیاسەتی کوردیدا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەستی پێکردوە.هەر چەند ئەو ڕەوتە لە سەرەتا دایە بەڵام تازە گەڕانەوەی بۆ نییە.ئەو ڕەوتەش بریتیە لە بەرەوپێش چوونی هەوڵەکان بۆ دەست پێ کردنی دیالۆگی میللی، هاتنەدەر لە پرش و بڵاویی سیاسی، لێک نزیک بونەوە، تەنانەت رێکەوتنی چەندلایەنە و پێکگەیشن لە سەر مەسەلە بنەڕەتی و چوارچێوە ئەساسییەکانی کار و خەبات.
ئەو دیالۆگە لە نێوان بزووتنەوەی کورد و هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی وڵاتەکەشماندا، لەلایەکی دیکەوە هەر لە گۆڕێ دایە.لەوێشدا هەرچەند مەیدانی کار وەک مەیدانی مین دێتە بەرچاو، بەڵام کورد لەو بەرەیەشدا هیچ رێگای دیکەی نییە دەبێ لە گۆڕەپانەکە بێ و رێگای چوونە پێشی ئامانجەکانی خۆش بکات و یەک بە یەک مینەکان هەڵگرێتەوە.هیچ جێی نیگەرانی نییە، بزووتنەوەی کورد زۆر لەوە بە هێزترە کە ئەکتەرەکانی سیاسەتی ئێران و ناوچە حیسابی بۆ نەکەن.بەڵام دەبێ لە مەیدانەکەدا بین، بە هێز بین و چاکیش یاری بکەین.
ئەوەی هەتا ئێستا کۆماری ئیسلامی ڕاگرتووە، سەرەنێزە و دۆلارە نەوتییەکان بوون.ئێستا بەو ئابڵۆقە سەختە کە دونیا خستویەتیە سەر رێژیم، هەموومان گوێمان لە قرچەقرچی ئەو ئەستووندانەیە کە تاوڵی کۆماری ئیسلامیان بە پێوە راگرتووە.چوونە پێشی ئەو وەزعە، سەرەنێزەی سەرکوتی رێژیمیش دەکاتە چەقۆیەکی کول و بێ ئەسەر.
لە لایەکی دیکەشەوە، شەڕی نێوان دارودەستەکانی نێو حاکمیەت بە قوڵ بوونەوەی ئەو قەیرانە، جارێکی دیکە خەریکە سەرتاسەری دەستەڵاتی ئاخووندی دادەگرێ.وەزعی ناوچەش بەگشتی بە قازانجی ئازادی و دێمۆکراسی دەڕواتە پێش.کەیسی کوردستان و پرسی کوردیش ئیدی بۆتە کێشەیەکی گەورەی دونیا و هەموو تێگەیشتوون کە ئەو پرسە دەبێ چارەسەر بکرێ.
حیزبی دێموکڕات هەم لە گۆڕەپانی سیاسەتی کوردستان و پرسی کورددا دەتوانێ دەوری لێوەشاوەی خۆی بگێڕی و هەم لە ئاستی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیشدا دەتوانێ رۆڵی خۆی ببینێ.
بەرنامەی سیاسیی حیزبی دێموکڕات بەرنامەیەکە بۆ دێموکراتیزە کردنی ئێران، دیسانتڕالیزە کردنی دەستەڵاتی مەرکەزی و بۆ دابین کردنی مافی چارەیخۆنووسینی میللەتی کورد.ئەو بەرنامەیە بەرنامەی بنیاتنانەوەی ئێرانی دوای رووخانی کۆماری ئیسلامییە.بۆیە هەتا دێت پتر دەبێتە بەرنامەی سیاسیی کۆمەڵانی هەراوی میللەتی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان.ئەمڕۆ پەیامی حیزبی دێموکڕات بە گوێی هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەگا و بانگەوازی ئامانجە نەتەوەیی و دێمۆکراتی و ئینسانییەکانی لە گوێی خەڵکدا دەزرینگێتەوە.هەر بۆیە چ لە ئاستی سەرانسەریدا، چ لە ئاستی رۆژهەڵاتی کوردستان و چ لە ئاستی کوردستانی گەورەدا، هیچ هێزێکی سیاسی نیشتمانی و نەتەوەیی جیدی نابینی کە حیزبێ دێموکرات، بە هەموو ئیختلافەکانیشییەوە لەگەڵ خۆیدا، وەک هێزێکی کاریگەری مەیدانی خەبات نەبینێ و نەیەوێ هاوڕایی دەگەڵ بکا.کارنامە و بەرنامە و پراکتیکی حیزبی دێموکرات بۆتە جێگای بڕوا و متمانەی نەتەوەی کورد و هەموو گەلانی ناوچە.ئەوەش لە لایەکی دیکەوە حیزبی دێموکڕاتی کردۆتە حیزبێکی مەسئول کە بیروڕای گشتی حیسابی لێ دەکێشێ.ئێستا وەختی ئەوە هاتووە ئەو حیزبە تەشکیلاتی خۆی بە جۆرێک ئامادە بکا کە بتوانێت وا کاربکا کە حیزب بکاتە پاڕامیترێکی کاریگەری سەر ئەو وەزعە سیاسییەی کە هاتۆتە
گۆڕێ.
ئەوەش بەوە دەکرێ کە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران وەک هێزێکی میللی دەرکەوێ و بتوانێ هەموو هێزە خەباتگێرەکانی گۆڕەپانەکە لەگەڵ خۆی بدا.نابێ لە بیرمان بچێ کە هەر لە ئەساسدا حیزبی دێموکرات بۆ ئەو مەبەستە دامەزراوە.یانێ ئەوە ریسالەتی حیزبی دێمۆکراتە کە ببێتە داینامۆی خەباتی میللی و دێمۆکراتیکی گەلەکەمان و ئەو خەباتە بەرێتە پێش.
٤.١.٢٠١٢
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
