• واتساپ و فایبەر
  • 00964770768123
  • kurdistannet@hotmail.com Omar Faris Aziz
  • کوردستان نێت نێتی هەمووانە
Open menu
  • گەڕان
  • العربیة
  • گۆشه‌کان
    • ڕاپۆرت
    • به‌دواداچوون
    • ئه‌ده‌ب و هونده‌ر
    • دیمانـــــــــه‌
    • پارت و ڕێکخراوه‌کان
    • هه‌واڵ
    • کاریکاتێر
    • کامپین
    • پرسه‌کان
    • هه‌مه‌ڕه‌نگ
    • بابه‌تی به‌رجه‌سته‌کراو
    • هۆنراوە
    • تەواوی بابەتەکانی ٢٠١٣
  • په‌یوه‌ندی
  • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ری دیکه‌
  • ژنە نووسەرەکان
  • ماڵەوە

عه‌ونی خۆشناو

په‌یڤێک بۆ شه‌هید دکتۆر قاسملوو قه‌ڵای وره‌ی به‌رزی تێکۆشان. . م. عه‌ونی خۆشناو

عه‌ونی خۆشناو 14 July 2013

شه‌هید به‌خوێنی گه‌شی گڕکانی خه‌بات ده‌جۆشێنێ، شێوازو میکانیزمی تێکۆشان ده‌خه‌ملێنێ، شه‌هید قاسملوو ئه‌ستێره‌یه‌کی پڕشنگداره‌ له‌ خه‌باتی بێ ووچانی کوردایه‌تی ئاوابوونی بۆ نی یه‌، ڕێبه‌ر و سه‌رکرده‌و مامۆستایه‌ ڕێگا وونبوونی نی یه‌، ڕێبوارانی له‌ تێکۆشان به‌ره‌و ئامانج له‌ شوێنیانن، شه‌هیدان سه‌رچاوه‌ی هێزو بازوی ڕاسته‌قینه‌و ڕێ نیشانده‌ری ڕێگای ڕاستیمانن، ئه‌وان ڕابردوو و ئاینده‌و نرخه‌کانی ئازادیمانن. .

گه‌لێک ئازادی بوێ ده‌بێ نرخی ئه‌و ئازادی یه‌ش بدا، هیچ میلله‌تێک به‌بێ خه‌بات و تێکۆشان، به‌بێ به‌ختکردنی ڕۆڵه‌ جوامێرو مێرخاس و دیارو به‌نرخه‌کان به‌ ئازادی نه‌گه‌یشتووه‌، گه‌لی کوردیش ئه‌و ڕاستییه‌ مێژوویه‌ ده‌زانێ، که‌ ئازادی و سه‌ربه‌خۆی فیداکاری ده‌وێ، خۆبه‌ختکردنی ده‌وێ، کاروانی شه‌هیدانمان درێژ، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ له‌وش درێژتربێ، بۆیه‌ له‌ماوه‌ی خه‌باتی سه‌دان ساڵه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان ده‌یان ڕێبه‌رو سه‌رکرده‌و هه‌زاران کادیری پێشکه‌وتوو ده‌یان هه‌زار پێشمه‌رگه‌ی ماندونه‌ناس و سه‌دان هه‌زار له‌ ڕۆڵه‌ دڵسۆزو به‌ ئه‌مه‌که‌کانی کردۆته‌ کۆچی قوربانی گه‌ل و نیشتیمان، یه‌کێ له‌و ڕێبه‌ره‌ دیارو بلیمه‌ته‌که‌ی کوردو کوردستان، سیمبولی خه‌بات و تێکۆشان، هه‌ڵگری په‌یامی ئاشتی و پێکه‌وه‌ژیان، سه‌رکرده‌ی دڵسۆزی گه‌ل و نیشتیمان، خۆشه‌ویستی نێو کۆمه‌ڵانی خه‌لکی کوردستان، مامۆستا و پێشمه‌رگه‌و داناو لێزان، که‌م وێنه‌بوو له‌ناو سه‌رکردایه‌تی کوردو جیهان، به‌خشییه‌ ڕێگای سه‌رفیرازی کوردو کوردستان. .

دکتۆر قاسملوو له‌ساڵی 1930 له‌ شاری ورمێ ی ڕۆژهه‌لاتی کوردستان له‌ خانه‌واده‌یه‌کی ناودارو ده‌وڵه‌مه‌ندو نیشتیمانپه‌روه‌ر له‌دایکبووه‌، خویندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی له‌شاری ورمێ ته‌واوکردووه‌، دوای بۆ درێژه‌دان به‌ خوێندن چۆته‌ تارانی پایته‌ختی ئێران له‌وێوه‌ به‌ره‌و ووڵاتی چیک بۆ ته‌واوکردنی خوێندنی بالا به‌ڕێکه‌وتووه‌، پسپۆری له‌ ئابووری سیاسی به‌ده‌ست هێناوه‌، له‌ یه‌ککاتدا زانست و فێربوون و نیشتیمانپه‌روه‌ری ئه‌و دووانه‌بوون، که‌ شه‌هید د. قاسملوو په‌ره‌ی پێده‌دا، چونکه‌ له‌م دووانه‌یه‌ ده‌توانیت خزمه‌تێکی باش به‌ گه‌ل و نیشتیمان بکات، ده‌ستپێکی خه‌باتی د. قاسملوو بۆ کۆتایی شه‌ری دووه‌می جیهان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌ ساڵانی 1945 له‌و سه‌رده‌مانه‌ له‌ بزاڤی خوێندکاران چۆته‌ نێو دونیای سیاسه‌ت و ببوه‌ ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ ناوداره‌ که‌ کورد شانازی پێوه‌ه‌ده‌کرد. .

دکتۆر قاسملووی نه‌مر، له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر شاره‌زاو به‌ تواناو لێزان بوو له‌بواری سیاسی و ئابوری، هه‌ربۆیه‌ به‌ گویره‌ی ڕۆژگار به‌رنامه‌ی سیاسی داده‌ڕشت، هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ دوای ئه‌و هه‌موو کێشه‌و گیروگرفت و کێشمه‌ کێشمه‌ی به‌رۆکی حیزبیان گرت، به‌ڵام به‌هۆی لێهاتوویی بناغه‌یه‌کی تازه‌ی بۆ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران داڕشت و توانی حیزبی دیموکرات بکات به‌ حیزبێکی مۆدێرن و هاوچه‌رخی ناوچه‌که‌و کۆمه‌ڵی کورده‌واری له‌ ده‌وری کۆبکاته‌وه‌، ببێته‌ یه‌کێک له‌و حیزبه‌ تێکۆشه‌رو به‌رگریکاره‌ سه‌رسه‌ختانه‌ی مافی ڕه‌وای گه‌لی کوردستان، که‌ هه‌موو لایه‌ک شانازی پێوه‌بکه‌ن، ته‌نانه‌ت حیزب و ڕێکخراوه‌ سیاسی یه‌کانی تری ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست و جیهانیش ڕێزی بۆ دانێن و حیسابی بۆ بکه‌ن، هه‌ربۆیه‌ دوژمنانی کوردو کوردستان به‌ هه‌موو شێوازێک به‌رنامه‌ و پیلانیان بۆ داده‌ڕشت بۆ نادیده‌گرتنی هه‌وڵه‌کانی و له‌ناوبردنی بیرو ئه‌ندێشه‌کانی، هه‌ندێ جار هه‌ندێک له‌ ئه‌ندامانی حیزب و حیزبه‌ هاوپه‌یمانه‌کانیش ده‌بوونه‌ جێ به‌ جێکاری ئه‌و به‌رنامه‌ چه‌واشه‌کاریه‌، به‌ڵام گه‌وره‌یی شاره‌زایی و بلیمه‌تی و لێ بوورده‌یی ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌ له‌وه‌دابوو به‌شێوازێکی لۆژیکانه‌ وه‌ڵامی ده‌دانه‌وه‌. .

ئێرانییه‌کان به‌وه‌ به‌ ناوبانگن ئه‌گه‌ر نه‌یانتوانی له‌ به‌ره‌ی شه‌ڕو به‌رنامه‌ گڵاوه‌کانیان سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌وه‌ له‌ ڕێگای دیالۆگ و ئاشتی پیلانی تیرۆر داده‌ڕێژن، 24 سال له‌مه‌وبه‌ر له‌ ڕۆژێکی گه‌رمی هاویندا له‌ ڕێکه‌وتی13. 07. 1989 له‌ کاتێکدا کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان به‌ گشتی و کوردانی رۆژهه‌ڵات به‌ تایبه‌تی چاوه‌ڕێی ئه‌و په‌یامه‌ ئاشتیخوازه‌ی شه‌هیدی ڕێبه‌رو سه‌رکرده‌ د. قاسملوو بوون، چونکه‌ هه‌ست و سۆزو مرۆڤ دۆستی و نیشتیمانپه‌روه‌ری د. قاسملوو هێزێکی له‌ بن نه‌هاتووبوو، هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵ و تێکۆشان بوو بۆ به‌رقه‌رارکردنی ئاشتی و پێکه‌وه‌ژیانی گه‌لان، بۆیه‌ خوازیاربوو کێشه‌ی کورد به‌شێوازێکی ئاشتیانه‌ به‌ ڕێگای دیالۆگ و لێکتێگه‌یشتن چاره‌سه‌ر بکرێت، دکتۆر قاسملووی نه‌مر ڕێبه‌ری بلیمه‌ت و زاناو شۆڕشگێرو نوێخوازو دیموکرات و داهێنه‌رو بیرمه‌ندی گه‌لی کورد، یه‌کێ له‌و سه‌رکرده‌ بوێرو نه‌مرانه‌یه‌ که‌ له‌پێناوی ئازادی و به‌خته‌وه‌ری نه‌ته‌وه‌که‌مان و پێکه‌وه‌ژیانی گه‌لانی کوردستان و ئێران سه‌رسه‌ختانه‌ تێکۆشاوه‌ و بۆته‌ قوربانی ده‌ستی تیرۆر، چونکه‌ بیرو ئه‌ندیشه‌ی شه‌هید قاسملوو ڕێبازێکی نوێ و داهێنه‌رانه‌و تیشکی خۆره‌هه‌تاوی ئازادی و هه‌قیقه‌ت بوو، هه‌ربۆیه‌ شه‌مشه‌مه‌کوێره‌کانی جه‌هاله‌ت و دژ به‌ مرۆڤایه‌تی له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ چرای ڕۆشنی ئه‌و مرۆڤ دۆستانه‌ شه‌هید د. قاسملوو هاوڕێکانی شه‌هیدان عبدوڵلای قادری و د. فازل ڕه‌سوڵ خامۆشکرد و ویستیان به‌ بێژه‌نگ به‌ر به‌ خۆره‌هه‌تاو بگرن، ئاخونده‌کان له‌ جیاتی به‌رزو پیرۆز ڕاگرتنی په‌یامی ئاشتی خوازانه‌ی گه‌لی کورد بۆ ئاشتی پێکه‌وه‌ ژیان، تیرۆریان کرده‌ پێشه‌نگ بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان!!

 له‌ 24 بیست و چوارمین ساڵیادی تیرۆرکردنی نه‌مران سه‌ری ڕێزو نه‌وازش بۆ به‌رده‌م گڵکۆی نه‌مران( د. عبدولڕه‌حمان قاسملوو، عبدوڵلای قادری، د. فازل ڕه‌سوڵ) داده‌نه‌وێنین، به‌ڵێن دووپات ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ درێژه‌پێده‌ری کاروانی نه‌پساوه‌ی شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزو نه‌مره‌کان بین، له‌ پێناو به‌دیهێنانی هیواو ئاواته‌کانی شه‌هیدان و سه‌رخستنی خه‌باتی ڕه‌وای گه‌له‌که‌مان، بۆ له‌ ناو بردنی تیرۆرو تیرۆریستان، با ساڵیادی تیرۆرکردنی ئه‌و نه‌مرانه‌ ببێته‌ هه‌وێنی یه‌کبوونی پلاتفۆرمی پارت و لایه‌نه‌ سیاسی یه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، بۆ به‌رنگاربوونه‌وه‌ی پیلانی گڵاوی داگیرکه‌ران و ده‌ستبه‌رکردنی مافی ڕه‌وای گه‌له‌که‌مان.

 نه‌مری سه‌ربه‌رزی بۆ ئه‌و نه‌مرانه‌و سه‌رجه‌م شه‌هیدان. .

 مردن و سه‌رشۆڕی و ڕووڕه‌شی بۆ بکوژه‌کان و تیرۆریستان. .

 هه‌رشه‌کاوه‌ بێت ئاڵا ڕه‌نگینه‌که‌ی کوردستان. .

 

 

 

 

 م. عه‌ونی خۆشناو

 12. 07. 2011 / هۆڵه‌ندا / لاهای

 

 


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

یه‌کێتی زامنی پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌کانه‌...م.عه‌ونی خۆشناو

عه‌ونی خۆشناو 08 July 2013

 ماوه‌یه‌که‌ گۆڕه‌پانی سیاسی کوردستان کێشمه‌کێش و گه‌رم و گوڕی زۆری به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، له‌سه‌ر پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌کان، وه‌ک پرسی ڕه‌شنووسی ده‌ستور و پرسی درێژکردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆکی هه‌رێم بۆ جاری سێیه‌م و هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و ڕه‌شنووسی ده‌ستور و یاسای هه‌ڵبژاردنه‌کان، هیچ پرسێک   له‌ کوردستان به‌و ڕێژه‌یه ‌و گه‌رم و گوڕیه‌ قسه ‌و باسی له‌سه‌رنه‌کراوه‌، به‌ڵام زۆرێک له‌ حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان له‌ دیدگاو به‌رژه‌وه‌نده‌ی ته‌سکی حزبایه‌تییه‌وه‌ ده‌یانڕوانیه‌ ئه‌و پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌، یه‌کێتی ئاراسته‌ی خۆی له‌ هه‌موو ئه‌و تێز و بۆچوونانه‌ جیاکرده‌وه‌، له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و پارێزگاریکردن له‌ ده‌ستکه‌وته‌کان و به‌ره‌وپێشچوون و گه‌شه‌کردنی ئه‌زموونی کوردستان، یه‌کێتی هه‌میشه‌ پێشه‌نگ و داهێنه‌ر بووه‌ له‌ پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌کاندا ..تێگه‌یشتنی هه‌م بۆ فاکته‌ری ده‌ره‌کی و ناوخۆیی و هه‌م بۆ ڕۆڵی کوردستانیان جیاواز بووه‌، له‌ تێگه‌یشتن و تێڕوانین و دنیابینی هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی دی، بۆیه‌ سازانی نیشتمانی کرده‌ نه‌خشه‌ڕێگایه‌کی سه‌رده‌میانه‌ بۆ به‌یه‌کگه‌یشتن و ده‌رچوون له‌و قه‌یرانه‌، ئه‌گه‌ر به‌ ویژدانه‌وه‌ ئاوڕێک له‌ ئاڵۆزی و قه‌یرانه‌کانی ڕابردوو بده‌ینه‌وه‌، ئه‌وه‌ بێگومان دوور له‌ پڕوپاگه‌نده‌ی حزبی و چه‌واشه‌کاری ڕاگه‌یاندن له‌ هه‌موو وێستگه‌کانی خه‌بات به‌ درێژایی مێژوو، له‌ کوێ قه‌یران و ته‌نگژه‌ ‌و کۆسپ هه‌بێت، له‌وێ یه‌کێتی وه‌ک فریادڕه‌سێک داهێنانێکی نوێی هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌ به‌ میتۆدێکی نوێگه‌ری که‌ ببێته‌ کلیلی چاره‌سه‌ری کێشه‌کان، ئه‌و قه‌یرانه‌ی دوایی هه‌رێم له‌سه‌ر پرسی ڕه‌شنووسی ده‌ستور و درێژکردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆکی هه‌رێم چه‌ند تێڕوانینێکی جیاواز له‌ ئارادا بوون، به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن له‌سه‌ر بنه‌مای یاسای سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم پێداگری ئه‌وه‌یان ده‌کرد، که‌ به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک نابێت بۆ ویلایه‌تی سێهه‌مینی سه‌رۆکایه‌تی خۆی کاندید بکاته‌وه‌، وه‌ک شه‌ڕێکی پێش وه‌خته‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ پێناوی به‌ده‌ستهێنان و مسۆگه‌رکردنی ده‌نگی زیاتر بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات، به‌ چاویلکه‌یه‌کی ڕه‌ش و ته‌سکی حزبایه‌تی ده‌یانڕوانیه‌ ئه‌و پرسه‌ چارنووسسازه‌.

 پارتی دیموکراتی کوردستان به‌ پشتبه‌ستن به‌ ڕه‌شنووسی ده‌ستوری هه‌رێم، له‌ دیدگای ئه‌وان که‌ هه‌موو ڕێکاره‌ یاسایی و سیاسییه‌کانی بڕیوه‌ ته‌نیا ماوه‌ ڕیفڕاندۆمی له‌سه‌ر بکرێت و ڕه‌زامه‌ندی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانی له‌سه‌ر بدرێت، ئه‌وانیش شه‌ڕی مانه‌وه‌یان له‌ ده‌سه‌ڵات و پارێزگاریکردن له ‌سه‌روه‌ت و سامان و ده‌ستکه‌وته‌کانیان و هه‌یمه‌نه‌ی تاکڕه‌وی ده‌سته‌ڵاتی خۆیان به‌سه‌ر سه‌رجه‌م بیروبۆچوونه‌کان ده‌سه‌پاند، یه‌کێتی وه‌ک هێزێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌کان، له‌ پێناوی پارێزگاریکردن له‌ ده‌ستکه‌وته‌کان سازانی نیشتمانی کرده‌ په‌یام و ڕێڕه‌وی خه‌بات، له‌و ڕه‌هه‌نده‌وه‌ هه‌وڵی پێکه‌وه‌ سازان و لێکنزیکردنه‌وه‌ی بیروبۆچوونه‌کانی ده‌دا، به‌ مه‌به‌ستی گه‌یشتن و دۆزینه‌وه‌ به‌ ڕێگا چاره‌یه‌ک بۆ ئه‌و قه‌یرانه‌، دوای هه‌وڵ و کۆششێکی زۆر له‌گه‌ل سه‌رجه‌م پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و یاساناسان و ڕۆشنبیران و په‌رله‌مانتاره‌کان، به‌هۆی ململانی سیاسییه‌وه‌ هه‌وڵ و کۆششه‌کان نادیده‌گیران و نه‌سازان، هه‌ردوو بیرۆکه‌ی به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن و پارتی به‌ره‌و ئاراسته‌ی لێکترازانی کوردستان هه‌نگاوی ده‌نا، به‌ڵام یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان له‌ پێناوی به‌دیهێنان و پێکانی ئامانجه‌ گشتیه‌کان له‌ هه‌وڵ و کۆششه‌کان به‌رده‌وام بوو، دواجار به‌ گوێره‌ی ڕێکه‌وتنێکی نێوان هه‌ردوو مه‌کته‌بی سیاسی ( ی.ن.ک و پ.د.ک ) له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێکه‌وتن، ڕه‌شنووسی ده‌ستوری هه‌رێم بگه‌ڕێته‌وه‌ په‌رله‌مان و ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم درێژ بکرێته‌وه‌، که‌ ماوه‌که‌ی له‌ 24 مانگ زیاتر نه‌بێت، سیاسه‌ته‌ حه‌کیمانه‌که‌ی یه‌کێتی داهێنانێکی نوێگه‌ری داهێناو کوردستانی له‌و قه‌یرانه‌ تێپه‌ڕاند، ئه‌وه ‌بوو پرۆژه‌که‌ خرایه‌ به‌رنامه‌کاری په‌رله‌مان، به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن له‌ جیاتی ستایش و ده‌ستخۆشی بۆ هه‌وڵ و کۆششه‌کان دوور له‌ ئیته‌کێت و پڕنسیپی په‌رله‌مانتاری دیارده‌یه‌کی نامۆ دوور له‌ به‌ها و که‌لتوری کورده‌واری، په‌شێوی و ئاژاوه‌یان له‌ نێو هۆڵی په‌رله‌مان نایه‌وه‌، وه‌ک هه‌رزه‌کارێکی دوور له‌ به‌رپرسیاریه‌تی هه‌ڵس و که‌وتیان کرد، که‌ بووه‌ مایه‌ی نیگه‌رانی دڵسۆزانی گه‌ل و نیشتمان.به‌ گوێره‌ی لێدوانه‌کانی په‌رله‌مانتاران به‌ گشتی و لێدوانی په‌رله‌مانتار ( گه‌شه‌ دارا حه‌فید ) په‌رله‌مانتاری لیستی سه‌وز له‌ په‌رله‌مانی کوردستان، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ئۆپۆزیسیۆن ته‌نیا نیگه‌رانی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ڕه‌شنووسی ده‌ستور له‌سه‌ر ده‌ست و پێشنیاری یه‌کێتی گه‌ڕانرایه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان.یه‌کێتی سه‌لماندی که‌ هێزی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌کانه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان، چونکه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕه‌شنووسی ده‌ستوری هه‌رێم بۆ په‌رله‌مان کارتێکی ئه‌وان بوو بۆ هه‌ڵبژاردن، ئه‌گه‌رنا ئه‌وه‌ی کراوه‌ خواستی هه‌موو لایه‌ک بووه‌، به‌تایبه‌ت پێشتر پڕۆژه‌یه‌ک هه‌بوو بۆ درێژکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تی و هیچ ماوه‌و مه‌رجێکی تیا نه‌بوو، بۆیه‌ یه‌کێتی ئه‌وه‌یان ڕه‌تکرده‌وه ‌و پرۆژه‌یه‌کی جێگره‌وه‌یان پێشکه‌شکرد، منیش وه‌ک چاودێرێک و ڕۆژنامه‌نوسێک، له‌ سۆنگه‌ی دڵسۆزی و په‌رۆشیمان بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی ڕاستییه‌کان به‌دواداچوونێکم بۆ ئه‌و پرسه‌ هه‌ستیار و چاره‌نووسازه‌دا کرد، له‌ میانه‌ی گفتوگۆیه‌کمان له‌گه‌ل په‌رله‌مانتارێکی به‌ڕێزی لیستی سه‌وزی په‌رله‌مانی کوردستان، ده‌رباره‌ی شێوازی گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕه‌شنووسی ده‌ستورو درێژکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم بۆ دوو ساڵی تر بۆ به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی، به‌و شێوه‌یه‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی ئێمه‌ی دایه‌وه‌، گوتی ئێمه‌ وه‌ک په‌رله‌مانتارانی لیستی سه‌وز ئه‌و به‌ڵێنه‌ی به‌ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان و هه‌وادارانی حزبه‌که‌مان دابوو بردمانه ‌سه‌ر، ئه‌ویش به‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی ڕه‌شنووسی ده‌ستوری هه‌رێم بۆ په‌رله‌مان و گۆڕینی سیسته‌می حوکمڕانی له‌ سه‌رۆکایه‌تی بۆ په‌رله‌مانی، به‌ لۆژیکی ئه‌وه‌ی که‌ سه‌رۆک له‌ په‌رله‌مان متمانه‌ی پێدرایه‌وه‌ و ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تی بۆ دوو ساڵی تر درێژکرایه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ دێت که‌ ویلایه‌تی سه‌رۆکایه‌تی مه‌سعود بارزانی له‌ به‌رواری 19.08.2015 له‌ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم بۆ هه‌تاهه‌تایی کۆتایی دێت، هه‌موارکردنه‌وه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی که‌ ڕه‌هه‌ندی نیشتمانیان هه‌یه‌ و سازان و ڕێکه‌وتنیان له‌سه‌ر ده‌کرێت، ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ واده‌ی دیاریکراوی خۆیدا، ئه‌مانه‌ش هه‌موو به‌ یاسا ڕێکخراون له‌ یاساکه‌دا ئاماژه‌ به‌وه ‌دراوه‌، دوای واژۆکردنی ئه‌و یاسایانه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆکی هه‌رێم، هه‌موو یاساکانی پێشوو تایبه‌ت به‌ پرسی سه‌رۆکایه‌تی و هه‌موارکردنه‌وه‌ی ڕه‌شنووسی ده‌ستور له‌کار ده‌که‌ون لێره‌دا پرسیارێک سه‌رهه‌ڵده‌دات ئه‌مانه‌ هه‌مووی ده‌ستکه‌وت نین بۆ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان که‌ به‌ هه‌وڵ و کۆششی یه‌کێتی له‌ نێو په‌رله‌مان به‌ یاسا ڕێکخراون؟ ئه‌ی بۆچی ئه‌و هه‌موو درۆ و ده‌له‌سه‌و بوختانه‌ و ڕاگه‌یاندنێکی چه‌واشه‌که‌رانه‌ ده‌کرێته‌ سه‌ر سیمبوله‌کانی یه‌کێتی و یه‌کێتییه‌کان! ئیڕاده‌ و کێرڤی نیشتیمانپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان و یه‌کێتیه‌کان له‌وه‌ به‌هێزتر و له‌وه‌ هوشیارترو چاوکراوه‌ترن به‌ پڕوپاگه‌نده‌ی نابه‌جێ چه‌واشه‌و فریو بدرێن، بۆیه‌ باشتر وایه‌ هه‌موومان هه‌وڵ و کۆششمان له‌ پێناوی ئه‌وه‌ بێت، کوردستان به‌ره‌و که‌ناری ئارامی و ئۆقره‌یی به‌رین و بیکه‌ینه‌ سه‌کۆیه‌کی ئازاد و ئاوه‌دان و خۆشگوزه‌ران..

           م.عه‌ونی خۆشناو

            هۆڵه‌ندا / لاهای


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

یه‌کێتی ڕێبازی ڕوون و ئامانجی ڕه‌وا. . . م. عه‌ونی خۆشناو

عه‌ونی خۆشناو 04 June 2013

ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌کێتی ڕێبازێکی ڕوون و ئامانجێکی ڕه‌واو ڕۆژێکی گه‌شه‌ له‌ ئاسمانی بێ گه‌ردی کوردایه‌تی، ڕۆژێکی مێژوویی و پڕشنگدار و مه‌زن، وه‌رچه‌رخانێکی نوێ و داهێنه‌رانه‌ له‌ شێوازی خه‌بات، له‌ کاروانی پڕ شکۆی یه‌کێتیدا له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه‌ تاکو ئه‌مڕۆ چه‌ندان جار کۆسپ و ته‌گه‌ره‌و ئاسته‌نگ و قه‌یران هاتۆته‌ ڕێڕه‌وی خه‌بات توشی هه‌ڵکشان و دابه‌زان هاتووه‌، به‌ڵام به‌ هه‌وڵ و کۆششی دڵسۆزانی گه‌ل و نیشتیمان، به‌ بڕوای پۆڵاینی ڕێکخستنه‌کان، به‌ ووره‌ی به‌رزی خۆڕاگری زیندانه‌ سیاسی یه‌کان، به‌ ماندوونه‌ناسی و شه‌ونخونی و ئازایه‌تی پێشمه‌رگه‌کان، به‌ ڕێنمایی و ڕابه‌رایه‌تیکردنی حه‌کیمانه‌ی سه‌رۆک مام جه‌لال، یه‌کێتی نسکۆی گۆڕی به‌ جۆشدانه‌وه‌ی خه‌بات، جیابوونه‌وه‌ به‌ هه‌ڵسانه‌وه‌و به‌هێزبوون، قه‌یران به‌ سه‌رکه‌وتن، له‌ جاران به‌هێزترو به‌گورترو به‌ باوه‌ڕتر له‌ مه‌یدانی تێکۆشان، بۆ به‌دیهێنانی ئامانج و ئاواتی گه‌له‌که‌مان له‌ پێناوی ئاشتی و ئازادی ودیموکراسی و دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و مافی مرۆڤ و مافی چاره‌نوس و ئاسوده‌یی و خۆشگوزه‌رانی و ئاوه‌دانی کوردستان، له‌ سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ی خه‌بات و به‌رخودان دابووه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ یه‌کێتی له‌ دیرۆکی هاوچه‌رخی گه‌له‌که‌ماندا لای کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان به‌ پارسه‌نگی دیموکراسی و چرای گه‌شی کوردایه‌تی دێته‌ ئه‌ژمارکردن، بۆیه‌ گرنگه‌ یادی38 ساڵه‌ی یه‌کێتی بکه‌ینه‌ وێستگه‌یه‌ک و وه‌رچه‌رخانێک بۆ به‌خۆداچوونه‌وه‌و نوێبوونه‌وه‌و لێپرسینه‌وه‌ له‌و پێشێلکاریانه‌ی که‌ به‌رۆکی حزبی گرتووه‌، ئه‌رکمانه‌ دروشم و ووته‌ به‌نرخه‌کانی جه‌نابی مام جه‌لال وه‌ک خۆی جێ به‌جێ بکه‌ین، که‌ ده‌فه‌رموێ سه‌روه‌ریمان و بوونمان و گه‌شه‌کردنمان به‌نده‌ به‌ یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان، بۆیه هه‌میشه‌ باس له‌سازان و پێکه‌وه‌کارکردن و ڕه‌خنه‌و ڕه‌خنه‌له‌خۆگرتن و گوێگرتن و په‌یڕه‌وکردنی سیاسه‌تی چه‌پکه‌ گوڵه‌که‌ ده‌کات، چونکه‌ به‌ڕێزیان باش ده‌زانێت به‌ ته‌نیا گوڵیک باخی کوردستان بۆنخۆش و ڕازاوه‌ نابێت. .

 یه‌کێتی و سازان

له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌ی یه‌کێتی ده‌ستپێشخه‌رو پێشه‌نگ و داهێنه‌ربووه‌ له‌ پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌کاندا، تێگه‌یشتنی هه‌م بۆ فاکته‌ره‌ ده‌ره‌کی و هه‌م بۆ ڕۆڵی کوردستانیان جیاواز بووه‌ له‌ تێگه‌یشتن و دونیابینی هێزه‌کانی دی، ئێستا کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ یه‌کێتی به‌ به‌رنامه‌یه‌کی گشتگیرو هه‌مه‌لایه‌نه‌ ناوه‌ندگیری نێوان هێزه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن و پارتی بکات، له‌ پێناو دۆزینه‌وه‌ی ڕێگا چاره‌یه‌ک و سازان له‌ سه‌ر پرسه‌ ڕه‌هه‌نده‌ نیشتیمانیه‌کان بکرێت، دوور له‌ مناوه‌ڕه‌ی سیاسی و گه‌له‌کۆمه‌کی و نادیده‌گرتنی هێزو لایه‌نه‌ سیاسی یه‌کان، له‌ پێناوی چاره‌سه‌رکردنی گرفته‌ سیاسی و یاسایه‌کان، پێویستیمان به‌ سازانی نیشتیمانی هه‌یه‌ له‌ نێوان هه‌موو هێزو لایه‌نه‌ سیاسی یه‌کان و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان، تاکو هه‌رێمی کوردستان به‌ره‌و قه‌یرانی سیاسی نه‌چێت، چونکه‌ یه‌کێتی له‌گه‌ل ئه‌وه‌ نی یه‌ نێوان لایه‌نه‌ کوردستانیه‌کان تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ ئاڵۆزو دژ به‌یه‌ک بێ، که‌ ده‌رفه‌تی پێکه‌وه‌ دیالۆگکردن و له‌یه‌کترگه‌یشتن و سازان نه‌مێنێ، بۆیه‌ تاکو زووه‌ هه‌نگاو هه‌ڵێنێ بۆ سازانی نێشتیمانی. . .

 یه‌کێتی و داهێنان. . .

یه‌کێتی هه‌میشه‌ پێشه‌نگ و داهێنه‌رو ڕچه‌شکێن بووه‌، به‌ زۆر قۆناغ گوزه‌ری کردووه‌، چۆن له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕه‌شی نوێ به‌ بیری نوێ و ڕێبازێکی هاوچه‌رخانه‌ی نوێ کۆڕی خه‌باتی جۆشدایه‌وه‌ و کاریگه‌ر بوو، له‌سه‌ر گۆڕانکاری له میتۆد و‌ شێوازی خه‌بات و به‌رنگاری و به‌رخودان و ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی بۆ گه‌ل و نیشتیمان، ئه‌مڕۆش له‌م یاده‌ پڕ شکۆیه‌دا داهێنانێکی نوێ به‌ میتۆدێکی نوێگه‌ری، به‌ گوێره‌ی پێوه‌رو بنه‌ماکانی حزبه‌ سۆسیال دیموکراته‌کان گونجاوو هاوته‌ریب وهاو ده‌نگ بێت له‌گه‌ل که‌شی سیاسی کوردستان، چونکه‌ ئێستا کاروانی خه‌بات له‌ وێستگه‌یه‌کی گرنگ و پڕهه‌ستیار گوزه‌ر ده‌کات، شمشێرێکی دوو سه‌ره‌ له‌ڕێگاماندا هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌کی شایسته‌ به‌کاری نه‌هێنین، جارێکی تر جه‌سته‌مان زامدار ده‌که‌ین، بۆیه‌ پێویستیمان به‌ یه‌کده‌نگی و یه‌کڕه‌نگی و یه‌کهه‌ڵوێستی و یه‌کیتی کوردان هه‌یه‌، پێویستیمان به‌ سازانی نیشتیمانی هه‌یه‌ له‌سه‌ر پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌کان به‌ تایبه‌تی پرسی ڕه‌شنوسی ده‌ستوور، خه‌ریکه‌ نێو ماڵی کورد هه‌راسان ده‌کات، تا له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ پارێزگاری له‌ ده‌ستکه‌وته‌کان و ئه‌زموونه‌که‌مان بکه‌ین و زیاترو زیاتر له‌ خزمه‌تی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان دابین و گرنگی به‌ ئازادی و ئازادی ڕاده‌ربڕین و مێرگی دیموکراسی سه‌وزتربکه‌ین و دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ نێو هه‌موو چین و توێژه‌کان هاوسه‌نگ بکه‌ین و ئاسوده‌یی و خۆشگوزه‌رانی و ئاوه‌دانی گه‌شه‌ی پێبده‌ین، به‌م میتۆده‌ ده‌توانین خزمه‌تێکی گه‌وره‌و به‌ گه‌ل و نیشتیمان و داهێنانێکی نوێگه‌رانه‌ له‌ شێوازی خه‌بات ئه‌نجام بده‌ین. .

 

 یه‌کێتی و ئاینده‌

 لای هه‌موومان ئاشکراو ڕوونه‌ یه‌کێتی له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه‌ هێزێکی پێشه‌نگ بووه‌ له‌ جۆری خه‌بات و کۆڵنه‌دان، کۆله‌که‌یه‌کی سه‌ره‌کییه‌ له‌ بڕیاره‌ هه‌ستیارو نه‌ته‌وه‌یی و چاره‌نوسسازه‌کان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا گرنگه‌ دانانی به‌رنامه‌و پلانه‌ بۆ ئاینده‌یه‌کی گه‌ش، بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخه‌کانه‌، کارکردنه‌ له‌سه‌ربنه‌ماکانی ده‌وڵه‌ت بوون، گرنگیدانه‌ به‌ یه‌کڕیزی و ته‌بایی و هاوکاری نێوانمان بۆ پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌کان، له‌ پێناوی دابینکردنی ئاینده‌یه‌کی گه‌ش ئه‌رکمانه‌ هه‌رسێ یه‌کێتی یه‌که‌ یه‌کێتی ناو یه‌کێتی، یه‌کێتی ڕیزه‌کانی گه‌ل، یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان وه‌ک سۆمای چاومان بپارێزین،  بۆ دابینکردنی ئاینده‌یه‌کی گه‌ش بۆ نه‌وه‌کان و داهاتووی گه‌له‌که‌مان، ئه‌رکمانه‌ به‌ به‌رنامه‌ گرنگی به‌ بواری په‌روه‌رده‌ و فێرکردن بده‌ن، گرنگی به‌ پێگه‌یاندنی خولی کادیران بده‌ن به‌شێوازێکی زانستیانه‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، پێویسته‌ هه‌زاران لاوی کورد ئه‌کادیمیانه و به‌ شێوازێکی زانستیانه‌‌ له‌ بواری سیاسی و ئابووری و دیبلۆماسی و سه‌رکردایه‌تی په‌روه‌رده‌ و گۆشبکرێن و سوود له‌ ووزه‌ توانای خوێندکاران و لاوانی کورد له‌ده‌ره‌وه‌ی ووڵات وه‌ربگیرێت، وه‌هه‌روه‌ها کوردستانیانی ده‌ره‌وه‌ی ووڵات گرنیگیان پێبدرێت و هانبدرێن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ناو پارته‌ سیاسی یه‌کانی ووڵاتی خانه‌خۆ کاری ڕێکخراوه‌یی بکه‌ن و سوود له‌ شاره‌زایی و توانایی ئه‌وان وه‌ربگیرێت و له‌ هه‌مانکاتیشدا ببنه‌ ده‌نگێکی گوێ لێگیراو له‌و وولاتانه‌دا، وه‌ ئه‌وه‌ی زۆر پێویست و گرنگه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌ پاراستنی شوناس و ئایدیای یه‌کێتی یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جیاوازتر له‌وانی تر کاری ڕێکخراوه‌یی ئه‌نجام بده‌ین، له‌ پێناوی ئاینده‌یه‌کی گه‌ش بۆ کورد و یه‌کێتی به‌ گوێره‌ی قۆناغ و پێداویسته‌کانی سه‌رده‌م له‌ تازه‌گه‌ری و نوێبوونه‌وه‌ پێشه‌نگی خه‌بات بین، هه‌روه‌ها سوود له‌ ئایدیاو خه‌رمانی خه‌باتی مام جه‌لال ببینین، چونکه‌ مرۆڤێک ئه‌وه‌نده‌ مه‌زن و به‌خشنده‌و میهره‌بان و خه‌باتگێرو به‌ ئه‌زموون و لێزان بێت، ئایا کاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ بیرمه‌ندان و شاره‌زایان بیر له‌ نوسینی داهێنانێکی نوێی هاوچه‌رخ بکه‌نه‌وه‌، که‌ تایبه‌ت بێت به‌ ئایدیایه‌کی نوێ سوود له‌ ئه‌زموونی 65 ساڵه‌ی خه‌بات و تێکۆشانی به‌رده‌وامی مام جه‌لال وه‌ربگیرێت، ده‌رباره‌ی ووڵاتپارێزی و دادپه‌روه‌ری و مرۆڤدۆستی و ئاشتی و ته‌بایی و پێکه‌وه‌ژیان، چونکه‌ له‌ سایه‌ی سیاسه‌ته‌ حه‌کیمانه‌که‌ی مامی گه‌وره‌و به‌ڕێزماندا کوردستان به‌ره‌و که‌ناری ئارامی و ئۆقره‌یی و سه‌قامگیری و گۆشگوزه‌رانی و ئاوه‌دانی ده‌چێت. .

 

 یه‌کێتی و قوربانیدان

 یه‌کیتی له‌ مێژووی دامه‌زراندنیه‌وه‌ قوربانیه‌کی زۆری داوه‌، له‌ قۆناغی به‌رنگاری و به‌دیهێنانی ده‌ستکه‌وته‌کان، شه‌هیدانی یه‌کێتی ئه‌ستێره‌ی گه‌شی ئاسمانی کوردایه‌تین، که‌ له‌ شه‌وه‌ زه‌نگی نائومێدیدا ڕێگای رزگاری و ئازادی و سه‌رفیرازی کوردستان و چرای گه‌شی کوردایه‌تیان ڕۆشنکرده‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌رکمانه‌ هه‌یشه‌ له‌ یادو بۆنه‌کاندا سه‌ری ڕێزو نه‌وازش بۆ به‌رده‌م گڵکۆی ئه‌و نه‌مرانه‌ دانه‌وێنین و به‌ڵێن و وه‌فا دووپاتکه‌ینه‌وه‌ درێژه‌پێده‌ری ڕێبازه‌ پیرۆزه‌کانیان بین، سڵاوو دروود بۆ گیانی پاکیان بنێرین و گرنگی به‌ خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان بده‌ین، چونکه‌ ئه‌وان ئه‌و نه‌مرانه‌ن که‌ گیانی خۆیان کرده‌ قوربانی له‌ پێناوی کوردستانێکی ئازاد و ئاوه‌دان، بۆیه‌ یه‌کێتی ئه‌رکییه‌تی وه‌ک باوکێکی میهره‌بان ده‌ستی میهره‌بانی به‌سه‌ری خانه‌واده‌ی شه‌هیدان بێنێت و خۆشگوزه‌رانیان بکات و پێداویسته‌کانی ژیانیان بۆ دابین بکات، هه‌روه‌ها ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌ ماندونه‌ناسه‌ گیان له‌سه‌رده‌سته‌کان و زیندانی یه‌ سیاسی یه‌ خۆڕاگره‌کان و ڕێکخستنه‌ دێرینه‌کانی ڕێ نیشانده‌ری خه‌بات و جوتیارانی لادێ ئه‌وانه‌ی نانی ده‌می منداڵه‌کانیان ده‌کرده‌ خۆراکی پێشمه‌رگه‌، ئه‌وانه‌ خه‌باتکارو ئه‌کته‌ری شانۆی رۆژه‌ سه‌خته‌کانی خه‌باتن، ئاوردانه‌وه‌یه‌ له‌وانه‌ ئاوردانه‌وه‌یه‌ له‌ خانووه‌ قوڕه‌کان، ئه‌و به‌ڵێنه‌ له‌ گوفتاره‌وه‌ ببێت به‌ کردار. .

 له‌ کۆتاییدا به‌ پێویستی ده‌زانین پیرۆزبایی خۆمان بکه‌ینه‌ چه‌پکه‌ گوڵێکی قه‌شه‌نگ له‌ باخچه‌ رازاوه‌کانی کوردستان گوڵبژێر بکه‌ین و پێشکه‌ش به‌ خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و خه‌باتگێری بزاڤی ڕزگاریخوازی گه‌له‌که‌مان هه‌ڤاڵ مام جه‌لال و سه‌رجه‌م کادیرو ئه‌ندام و دۆست و لایه‌نگرو ته‌واوی کۆمه‌لانی خه‌لکی کوردستان بکه‌ین، هیوای باشتربوونی ته‌ندروستی مام جه‌لال و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ کۆڕی خه‌بات، ئاواته‌ خوازین یادی 38 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان ببێته‌ هه‌وێنی برایه‌تی و ته‌بایی و پێکه‌وه‌ژیان، بیکه‌ینه‌ وه‌رچه‌رخانێکی نوینبوونه‌وه‌ له‌سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌کان و سزادانی خراپه‌کاران. .

 

 م. عه‌ونی خۆشناو

 هؤله‌ندا / لاهای

 


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

سه‌رنجێک له‌ زنجیره‌ درامای گه‌رده‌لوول. ... م. عه‌ونی خۆشناو

عه‌ونی خۆشناو 28 May 2013

 زنجیره‌ درامای گه‌رده‌لوول وه‌کو هه‌موو ده‌زانین، باسی ڕووداوه‌کانی سه‌رده‌مێکی دیاریکراو ده‌کات، وێرای نه‌بوونی پێداویستی گرنگ و تایبه‌ت و که‌مده‌رامه‌تی بۆ تێچووی ئه‌و مێژووه‌ پڕ له‌ سه‌روه‌رییه‌، تا ڕاده‌یه‌کی باش سه‌رکه‌وتوون له‌ نمایشکردنی دراماکه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنج و تێڕوانینی من و سه‌ده‌های وه‌ک منه‌، بێ به‌شکردنی هه‌ندێک ناوچه و‌ ده‌ڤه‌ره‌ که‌ له‌و سه‌رده‌مه‌ کاراکته‌رێکی سه‌ره‌کی شانۆی سیاسی ئه‌و کاته‌ بوون، یه‌کێ له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ شارۆچکه‌ی شه‌قڵاوه‌ و ده‌وروبه‌ری بوون، که‌ له‌ هه‌موو کات و ساته‌کاندا پێشه‌نگ و لانه‌ی شۆڕش و به‌رخۆدان بووه‌، له‌گه‌ل هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕ‌شی نوێی گه‌له‌که‌مان سه‌دان لاو و خوێندکاری کورد بۆ پشتیوانیکردن له‌و شۆڕ‌شه‌ هاوچه‌رخه‌، چ وه‌ک دۆست و لایه‌نگر و ئه‌ندام له‌ ئاماده‌سازی دابوون، هاوکار و پشتیوان و کاراکته‌ری سه‌ره‌کی بن، له‌ پێناوی گه‌شه‌پێدان و سه‌رخستنی شۆڕ‌ش، دوای ئه‌وه‌ی هه‌زاران که‌س له‌ هه‌موو شار و شارۆچکه‌کانی کوردستان له‌ نێو ڕا‌یه‌ڵه‌ی ڕێکخستن خۆیان ڕێکخست، ئا له‌و کاته‌دا به‌ ڕێنمایی سه‌رکردایه‌تی و ڕێکخستنه‌کانی ناو شار هه‌و‌ڵدرا له‌ هه‌شته‌مین ساڵیادی شه‌هیدانی بۆردومانی قه‌ڵادزێ به‌ پاڵپشتی جه‌ماوه‌ری کۆڵنه‌ده‌ر له‌ دام و ده‌زگا سه‌رکوتکه‌رانی به‌عس ڕاپه‌ڕن، ئه‌وه‌ بوو خۆپیشاندانه‌کان زۆربه‌ی شار و شارۆچکه‌کانی کوردستانی گرته‌وه‌، شارۆچکه‌ی شه‌قڵاوه‌ یه‌کێ بوو له‌و شوێنانه‌ی ده‌نگی ناڕه‌زایی و ڕق و تۆڵه‌ به‌رامبه‌ر ڕژێم هه‌میشه‌ له‌ زیاد بوون دابوو.

 ئه‌وه‌بوو له‌ مانگی 5/ 1982 سه‌دان لاوی خوێن گه‌رمی شه‌قڵاوه‌ وه‌ک ناره‌زایی ده‌ربڕین گردبوونه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ریان ڕێکخست، به‌رامبه‌ر دام و ده‌زگا سه‌رکوتکه‌ره‌کان ڕاپه‌رین و پشتیوانی خۆیان بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیوی شارو شارۆچکه‌کان ده‌ربڕی و ئه‌رکه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی خۆیان به‌ ئه‌نجام گه‌یاند، له‌ ساڵی 1983 و دوایش له‌ ساڵی 1987 به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌نگی ناڕه‌زاییان به‌رزکرده‌وه‌ و به‌شێک له‌ شه‌قڵاوه‌ که‌وته‌ ژێر ڕێکفی خه‌ڵکی ڕاپه‌ریو و چه‌ند مه‌فه‌ره‌زه‌یه‌کی هێزی پێشمه‌رگه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنج و تێرامانی ئێمه ‌بوو له‌ زنجیره‌ درامای گه‌رده‌لوول زۆربه‌ی خۆپیشاندن و ناره‌زاییه‌کانی شارو شارۆچکه‌کانی کوردستانی ئاماژه‌یان پێدرا، جگه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌کانی شه‌قڵاوه‌ نه‌بێت.

 شارۆچکه‌ی شه‌قڵاوه ‌و ده‌ڤه‌ری خۆشناوه‌تی یه‌کێک بوونه‌ له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی کوردستان، هه‌میشه‌ گیانی به‌رگری و به‌رخودان و شۆڕ‌شگێری و پێشمه‌رگایه‌تی له‌ لووتکه‌ بووه‌، دیاره‌ نامانه‌وێ له‌ هه‌ڵوێستی جوامێری و شۆڕشگێرانه‌ی هیج ناوچه ‌و ده‌ڤه‌رێک که‌م بکه‌ینه‌وه‌، هه‌موو شوێنه‌کان و شۆڕ‌شڤانه‌کان جێگای ڕێز و ستایشن، به‌ڵام ناکرێ شارۆچکه‌ی شه‌قڵاوه و ده‌وروبه‌ری له‌و سه‌روه‌ریانه‌ی که‌ تۆماریانکردووه‌ و سه‌دان قوربانییان له‌و پێناوه‌دا داوه‌، نادیده‌و په‌ڕاوێز بخرێن، هه‌رچه‌نده‌ له‌ دابه‌شکردنی سه‌روه‌ت و سامان و سه‌رمایه‌و پله‌و پایه‌ی کوردستان فه‌رامۆش و په‌راوێز خراوین، به‌ڵام له‌ تۆمارکردن و گێرانه‌وه‌ی سه‌روه‌رییه‌کان که‌ قوربانییه‌کی زۆرمان له‌و پێناوه‌ داوه‌، ناکرێت پشتگوێ و په‌راوێز بخرێین!! هه‌موو شتێک ده‌ستکاری و پێشێلکاری و سه‌رپێجی تێدا بکرێت، هه‌رگیز نابێت ئه‌و سه‌روه‌رییانه‌ی ڕابردوو که‌ مێژووی تۆماریکردووه‌، پێشێلکاری تێدا بکرێت، چونکه‌ شه‌قڵاوه‌ و ده‌وروبه‌ری گه‌ر له‌ ده‌ستپێکی خه‌بات سه‌رمه‌شق و هاوشانی ناوچه ‌و ده‌ڤه‌ره‌کانی کوردستان نه‌بن، ئه‌وه‌ هیچ کاتێک پاشکۆ نه‌بوون، ئه‌گه‌ر له‌ گێرانه‌وه‌ی روووداوه‌کانی ساڵانی 1983 و دوایی به‌رده‌وام بوون، ئه‌وه‌ پێویسته‌ سه‌رنجه‌که‌مان بایه‌خی پێبدرێت، له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌ی که‌ناڵی کوردسات ئه‌و درامایه‌ په‌خش ده‌کات، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا به‌ پێویستی ده‌زانین ڕه‌خنه‌و گله‌یی ئاراسته‌ی که‌ناڵی کوردساتی ڕه‌نگین بکه‌ین، له‌ ساڵیادی که‌ناڵه‌که‌یاندا داهێنانێکی نوێ و جوانیان نیشاندا، که‌ به‌ چه‌پکێ گوڵه‌وه‌ سه‌ردانی زۆربه‌ی مۆنه‌مێنته‌کانی شه‌هیدانیان کرد له‌ کوردستان، جگه‌ له‌ مۆنه‌مێنتی شه‌هیدانی شه‌قڵاوه‌، ئایا سه‌ردانی نه‌کردنی شاندی کوردسات بۆ سه‌ر گۆڕی شه‌هیده‌کانمان به‌ چ مه‌به‌ستێکه‌وه‌ بووه‌؟ ئه‌وانیش وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌رانی درامای گه‌رده‌لوول سه‌روه‌ری و قوربانییه‌کانی ئێمه‌یان نادیده‌ گرتووه‌ یاخود په‌یامنێره‌که‌یان ئه‌رکه‌که‌یان به‌ باشی ڕانه‌په‌ڕاندووه‌؟ به‌ هیوای پێداچوونه‌وه‌ به‌ کاره‌کانیان و ده‌ستخۆشی و سوپاس و پێزانین بۆ ستافی ماندوونه‌ناسی زنجیره‌ درامای گه‌رده‌لوول و که‌ناڵی کوردساتی ڕه‌سه‌ن و ڕه‌نگین. .

 

م. عه‌ونی خۆشناو

یه‌کێ له‌ به‌شداربووه‌کانی خۆپیشاندانه‌کانی شه‌قڵاوه‌ له‌ ساڵانی 1982/ 1983

هۆڵه‌ندا / لاهای


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

ده‌نگدان به‌ په‌رواز ده‌نگدانه‌ به‌ نیشتیمان...م.عه‌ونی خۆشناو

عه‌ونی خۆشناو 12 May 2013

ده‌نگدان به‌ په‌رواز ده‌نگدانه‌ به‌ نیشتیمان...م.عه‌ونی خۆشناو

هونه‌ر شێوازێکه‌ له‌ شێوازه‌کانی خه‌بات و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ناخی ئه‌و مرۆڤه‌یه‌ که‌ ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگای هونه‌ر په‌یامی مرۆڤدۆستی و خۆشه‌ویستی بگه‌یێنێت، هونه‌ر جیهانبینی و گوزارشتکردنه‌ له‌ بیرۆکه‌ی تاکه‌ که‌سه‌کان و له‌ بیر و ئه‌ندێشه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ش به‌وه‌ ناسراوه‌، که‌ جوانی ده‌خوڵقێنێ، هونه‌ر ئاوێنه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌یه‌ که‌ هونه‌رمه‌ند تێدا ده‌ژی، له‌ هه‌مانکاتدا هونه‌ر سۆز وهه‌ست و نه‌ستێکی مرۆڤه‌، که‌ ئه‌و به‌هره‌یه‌ له‌ هه‌موو که‌سێک بوونی نی یه‌، بۆیه‌ هه‌ندێک له‌و به‌هره‌مه‌ندانه‌ ده‌بنه‌ پێشه‌نگی گه‌ل و هه‌ندێکیش ته‌نها بۆ ئاره‌زوو و به‌سه‌ربردنی کاتی خۆیان چاو له‌ هونه‌ر ده‌که‌ن!! له‌ سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی، که‌ هونه‌ر زمانی گه‌لانه‌، هه‌ر بۆیه‌ زۆربه‌ی گه‌لانی جیهان گرنگی زۆر به‌ بواری هونه‌ر ده‌ده‌ن، ئه‌مرۆ هونه‌ری کوردی له‌ سایه‌ی به‌شداریکردنی هو‌نه‌رمه‌ندانی کورد له‌ ڤیستیڤالی هونه‌ری و پێشبڕکێ و به‌رنامه‌ جیهانیه‌کان ناو وناوبانگێکی باشی په‌یداکردووه،  یه‌کێ له‌و هونه‌رمه‌نده‌ تازه‌ پێگه‌یشتووانه‌‌ کچه‌ شۆخ و شه‌نگی گۆرانیبێژ په‌رواز خانه‌، که‌ له‌ به‌رنامه‌یه‌کی ناودارو پڕ بینه‌ری که‌ناڵی MBC   به‌ناوی عه‌ره‌ب ئایدل به‌شداریکردووه‌، ئاشنایه‌تی و هاوسۆزی بۆ هونه‌ری کوردی له‌ نێو هونه‌رمه‌ندانی عه‌ره‌ب سه‌ریهه‌ڵداوه‌، له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌ عه‌ره‌بییه‌کان گرنگیه‌کی زۆریان پێداوه‌، ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنج و تێڕامانه‌ تاکو ئێستا میدیای کوردی و هو‌نه‌رمه‌ندانی کورد، به‌ شێوازێکی به‌رفراوان پشتوانی خۆیان بۆ ئه‌و خانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌ کورده‌ ده‌رنه‌بڕیووه‌!! هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و خانمه‌ له‌ ده‌ستپێکی ڕێچکه‌ی هونه‌ری دایه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ک کوردێک و هاونیشتیمانیه‌ک هاوکار و پشتیوانی بکه‌ین، دوا ڕۆژێکی پڕشنگدار له‌به‌رده‌م ئه‌و خانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌ واڵا ده‌که‌ین، ئه‌ستێره‌ی هونه‌ری له‌ ئاسمانی بزاڤی هونه‌ردا دروشاوه‌ ده‌بێت، بۆیه‌ وه‌ک ئه‌رکێکی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی به‌ ئه‌رکی سه‌رشانی هه‌موو تاکێکی کوردستانیانی ده‌زانم هاوکاری و پشتیوانی له‌م کچه‌ خانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌ کورده‌ بکه‌ین، به‌ ناردنی کورته‌ نامه‌یه‌ک بۆ ژماره‌ 6 که‌ تایبه‌ته‌ به‌و خانمه‌ به‌ردێک ده‌خه‌نه‌ سه‌رخه‌رمانی هونه‌ری کوردی، ئه‌رکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریه‌ هه‌وڵی خۆیان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ سه‌رخستنی په‌روازخان له‌و به‌رنامه‌ هونه‌ریه‌ عه‌ره‌بی یه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ی گه‌لی کورد چه‌ندان که‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ندامان هه‌یه‌ له‌ هه‌موو بواره‌کانی هونه‌ری کوردی که‌ جێگای شانازی ئێمه‌ن، به‌ڵام له‌ ڕێگای به‌شداریکردنی په‌روازخان له‌ به‌رنامه‌ی عه‌ره‌ب ئایدل، به‌و هۆیه‌وه‌ بۆته‌ باڵوێزی گورانیبێژی کوردی له‌ جیهانی عه‌ره‌بیدا، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ ئه‌رکی هه‌موو لایه‌کمانه‌ کار بۆ سه‌رخستن و به‌ده‌ستهێنانی نازناوی عه‌ره‌ب ئایدل بکه‌ین، بۆ کچه‌ خانمی شۆخ و شه‌نگی کورد هونه‌رمه‌ند په‌رواز حوسێن، بۆیه‌ دووباره‌ی ده‌که‌ینه‌وه‌ ده‌نگدان به‌ په‌رواز ده‌نگدانه‌ به‌ نیشتیمان ده‌نگدانه‌ به‌ کوردستان..

     چاوه‌ڕێی هه‌وڵ و هیمه‌تی هه‌مووتانین

تێبینی/ به‌ڕێزان..من له‌ سۆنگه‌ی دڵسۆزی و په‌رۆشیم بۆ ناوی کورد و کوردستان له‌ به‌رنامه‌ جیهانیه‌کاندا و‌ په‌رۆشیم بۆ به‌ره‌وپێشچوون و گه‌شه‌کردن و ناودارکردنی هونه‌ری کوردی، به‌ ئه‌رکی خۆمم زانی، ئه‌و چه‌ند دێره‌ بنوسم و ئاڕاسته‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانی بکه‌م، له‌ دوور و نزیک ئاشنایه‌تیم له‌گه‌ڵ ئه‌وخانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌ نی یه‌، ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی کچێکی کورده‌ و منیش له‌ ڕوانگه‌ی کوردایه‌تیه‌وه‌ به‌ ئه‌رکی نیشتمانی خۆمم زانیووه‌..

              م.عه‌ونی خۆشناو

              هۆڵه‌ندا / لاهای

           


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

  1. خالێکی سه‌رنجڕاکێش له‌ زنجیره‌ درامای ( حریم السلطان ) ... م. عه‌ونی خۆشناو
  2. به‌رزو پیرۆز بێت بیست و دووه‌مین ساڵیادی ڕاپه‌رینه‌ شکۆداره‌که‌ی گه‌له‌که‌مان ...م.عه‌ونی خۆشناو
  3. خالێکی سه‌رنجڕاکێش له‌ زنجیره‌ درامای ( حریم السلطان ) ...م.عه‌ونی خۆشناو
  4. به‌رپرسیاره‌تی له‌پێناوی چیدا؟؟ ...م.عه‌ونی خۆشناو

Page 2 of 2

  • 1
  • 2
© kurdistan Net 2026

میوانی سەرخەت

We have 216 guests and no members online

  • گەڕان
  • العربیة
  • گۆشه‌کان
    • ڕاپۆرت
    • به‌دواداچوون
    • ئه‌ده‌ب و هونده‌ر
    • دیمانـــــــــه‌
    • پارت و ڕێکخراوه‌کان
    • هه‌واڵ
    • کاریکاتێر
    • کامپین
    • پرسه‌کان
    • هه‌مه‌ڕه‌نگ
    • بابه‌تی به‌رجه‌سته‌کراو
    • هۆنراوە
    • تەواوی بابەتەکانی ٢٠١٣
  • په‌یوه‌ندی
  • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ری دیکه‌
  • ژنە نووسەرەکان
  • ماڵەوە