دەسەڵاتی بەخت لە مەملەکەتی هەڵبژاردنا! ...هێمن حەسەن- سوید

دەسەڵاتی   بەخت لە مەملەکەتی هەڵبژاردنا! ...هێمن حەسەن- سوید

ڕاگەیاندنی تەندروست و ئازاد کەناڵێکە بۆ خستنەڕوی کەمو کورتیەکان بۆ گەیاندنی پەیامی تاکەکان بەڕای گشتی و دەسەڵات، میدیا هۆکارێکە بۆ بەئاگاهێنانی دەسەڵات لە کێشەکانی خەڵک تا دواتر لایەنی بەرپرس چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزێتەوە.

بێگومان ئەرکی سەرشانی دەسەڵاتی سیاسیە کە خوێندنەوە بۆ بچوکترین شەپۆلی ناڕەزایی ناو خەڵک بکات و هەڵوێستە لەسەر داخوازی ڕاوبۆچونەکانی کۆمەڵانی خەڵک وەربگرێت.

بەڵام بەداخەوە گرنگی نەدان و پشتگوێ خستنی ناڕەزایی و توڕەیی خاوەن پێنوسەکانی دنیای ڕۆژنامەوانی و ڕاگەیاندن لە کلتوری سیاسی حیزبەکانی کوردوستاندا بەئاقارێکی خراپدا گوزەر ئەکات.

بەهەند وەرنەگرتن وپاڵ پێوەنانی خاوەن داخوزیە ڕەواکان بەرەو توندوتیژی ڕاگەیاندن لەبەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نیە، وە بەتایبەتیش پێگەی دەسەڵاتی سیاسی لەق ئەکات.

هەندێک جار وەک گاڵتەجاری لەلایەن دەسەڵاتەوە خوێندنەوە بۆ پێنوسە توڕەکان ئەکرێ کە دەرئەنجامەکەشی دروست بونی چەندان میدیا توڕەی وەک کوردتسان پۆستی لێئەکەوێتەوە.پشتگوێ خستنی ماف و داخوازیە ڕەواکانی میدای توندوتیژ بەرهەم دێنێت.ماف زەوتکراوەکان نەک هەرهاوکار نابن لە بنیات نانی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و دیموکراسدا، بەڵکو فاکتەرێکیش ئەبێ بۆ شکاندنی پرنسیپی میدیاو ڕۆژنامەوانی.لەکاتێکدا ئەبێ دەسەڵات باش ئەو ڕاستیە بزانێ کە توندوتیژی ڕاگەیاندن زۆر لە توندوتیژی فیزیکی کاریگەرترە بۆ هەرەس پێهێنانی دەسەڵات.

مەبەست لەنوسینی ئەم بابەتە و بڵاوکردنەوەی لەسەر لاپەڕەی ڕۆژنامە و کەناڵەمیدیایەکان ئەوەیە کە ئاخۆ لەمەملەکەتی هەڵبژاردن وحوکمی بەختداتا چەند بەرپرسە حیزبیەکان چاوێکی پیا ئەخشێنن بەهەندی وەرئەگرێ.

هەڵبژاردن و دەسەڵاتی بەخت

ئێستا کە لەسەروبەندی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق و کوردستانداین بۆیە ئەمە بابەتێکی باشە تا هەندێ بۆچونی لەپاڵدا کلیک بکەم.

ئەوترێ دوو فاکتۆر هەن کە ژیانی زوربەی حیزبە کوردستانیەکانی لە قەیرانی پوکانەوە ڕزگار کردوە ئەوانیش.

یەکەم بونی سه‌رمایه‌یه‌کی ئابوری زۆر لەبەردەست حیزبەکاندا، جا سەرچاوەی ئەو دارایە لە بودجەی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیان داتاشرابێ یا سەرهەر چاوەی تری هەبێ، ئەمەیان بابەتەکەی من نیە، بەڵکو ئەوەی ئەمەوێ ئیشارەی پێبدەم بەکار هێنانی ئابوریەکی ئاوا زەبەلاحه‌ کە بەشیوەیەکی ناتەندروست ئەچیتە ناو پرۆسەی سیاسیەوە، دواتریش بەمەبەستی کۆکردنەوەی دەنگی خەڵک لەدەوری حیزبەکان بەکار ئەهێنرێت.کە بێگومان ئەمە لەکۆتایدا کاریگەری خراپ لەسەر نەریتی کۆمەڵگە جێ ئەهێڵی و مایە پوچ بونی حیزبیشی لێ ئەکەوێتەوە.

فاکتۆری دوەم ترس و دڵەڕاوکێی خەڵکە لە خەتەری دەرەکی و گەڕانەوە بۆ ژێردەستی و لەدەستدانی ئەو ئازادیەی کە ئەمڕۆ لەهەرێمی کوردستاندا بەدیهاتوە.

ناتوانم بڵێم لە غیابی ئەم دوو فاکتۆرەدا قەبارە زۆربەی حیزبە کوردستانیەکان یەکسان ئەبوو بە سفر.بەڵام بەدڵنیایەوە هێز و توانای مرۆییان زۆر بچوکتر ئەبوو لەوەی کەئەمڕۆ بەرجەستە ئەکرێ.

کەواتە بۆ ئەوەی حیزب بتوانێ متمانەی خەڵک بەدەست بهێنێ و هێزی جەماوەری لەخۆی کۆبکاتەوە و پرنسیپی حیزبی لەدەست نەدات، ئەبێ کار لەسەر خواست داواکاریەکانی کۆمەڵانی خەڵک بکات و لەناو ستراتیژ   و بەرنامەی حیزبدا جێگایان بکاتەوە.حیزب پێویستە خاڵە لاوازەکانی خۆی دەستنیشان بکات و بەدوای چارەسەری گونجاودا بگەڕێ بۆیان.هاوکات خاڵە پۆزەتیڤەکانیش پەرە پێبدات و پشتگوێیان نەخات.

حیزب تەندروست پیویستە گرنگی بەڕاو بۆچونی کادران و ئەندامانی بدات و لە پرسە گرنگەکاندا ڕاپرسیان پێبکات، وە لەسەر پرسە چارەنوس سازەکانیش بگەڕێتەوە بۆ تاک تاکی ئەندامان.ئەمە ڕێگەی ڕاست و تەندروستە بۆ بنیاتنانی پایەیەکی پتەوی حیزبی نەک کۆکردنەوەی خەڵک بەڕێگای پێدانی ئیمتیاز و کوچکۆڵ.

 هەرکاتێک خەڵک بەرژەوەندیەکانی خۆی لەناو بەرنامە و تێڕوانینی حیزبێکدا دۆزیەوە ئەوکات بەبێ دودڵی پشتیوان و لایەنگری ئەو حیزبە ئەبن و دەنگی پێ ئەدەن.کە دواتر ئەم دەنگانە ئەبنە سەرمایەیەکی ڕاستەقینە وگرنگ بۆ چونە سەرکاری ئەو حیزبە لە ڕێگەی هەڵبژاردن و دەنگدانەوە.

خۆ ئەگەر قەبارەی حیزبەکان راستەقینەیە و ئەوان بەڕاستی خەڵکیان لەدەوری بەرنامەو ئایدۆلۆژیای حیزب کۆکردۆتەوە، بەبێ هیچ ئامڕازێکی دەرەکی! باحیزبەکان دوای هەڵبژاردن بەراوردی ئەو دەنگانە بکەن کە بەدەستیان هێناوە بە ژمارەی ئەو موچە و دەرماڵانەی کە ئەدرێت بە ئەندام و لایەنگرەکانیان.هەر نەبێ بەو ناوانەی کە وەک ئەندام و لایەنگر لەداتابەیسی حیزبەکەیاندا تۆمار کراوە(ئەگەر داتابەیسێک بونی هەبێ).بائەوکاتە بزانن ژمارەی کامیان زۆرترە؟ واتە ئەگەر ژمارەی دەنگەکان لە ژمارەی ئەندام و لایەنگرانی حیزب کەمتر بوو یا هەتا هێندەی ژمارەی ئەندام و لایەنگرەکانیانیش بێت، ئەوا ئەبێ ئەم بابەتە لەلایەن سەرکردایەتی حیزبەوە خوێندنەوەی جدی بۆ بکرێ و چاو بە بەرنامەی کاری حیزبدا بخشێنرێتەوە.چونکە ئەگەر حیزبێک بەقەدەر ژمارەی ئەندامانی خۆی دەنگ نەهێنێ ئەوا ئەتوانین ناوی لێبنێین کارەسات!!.خۆ ئەگەر وا نەبوو ژمارەی دەنگەکان لە ژمارەی ئەندامان زیاتر بوو ئەوا ئەکاتە ئەتوانین بڵێین کە حیزب بە پرۆسەیەکی تەندروستدا تێئەپەڕێ.

کە لەڕاستیدا ئەبێ وابێ چونکە لە هەموو جێگایەکی ئەم دنیایەدا حیزب ئەندام و لایەنگری هەیە و پاشان دەنگدەریشی هەیە.کەواتە ئەبێ لانی کەم ژمارەی دەنگەکان 10 دە بەرانبەر بە ژمارەی ئەندامەکانیان بێت.وەک نمونە حیزبی سۆسیالدیموکراتی سوید لە هەڵبژاردنەکانی 2010 دا بۆ پەڕلەمانی ئەو ووڵاتە زیاتر لە یەک ملیۆن و هەشت سەد هەزار دەنگیان بەدەست هێنا لەکاتێکدا ژمارەی ئەندامانیان لە سەرتاسەری ووڵاتی سویدا نزیکەی 100 هەزار ئەندامە.واتە بەڕێژەی 18 ئەوەندەی ئەندامەکانیان دەنگیان بەدەست هێناوە.خۆ ئەگەر بەراوردی ژمارەی موچەخۆرەکانی حیزبی ناوبراو بکەین بە بچوکترین حیزبی کوردستانی ئەوا دیسان کارەساتێکی تر بەدی ئەکەین.

ئەیش ئەوەیە ئەگەر بڵێم موچەخۆر یا کارمەندانی حیزبی سوسیالدیموکراتی سویدی کە گەورەتین حیزبی ئەو ووڵاتەیە ژمارەیان لەنێوان 100 بۆ 150 کەسە کە موچەی حیزبی وەرئەگرن لەسەرتاسەری ووڵاتدا، ئایا کەس ئەتوانێ باوەڕ بەم ڕاستیە بکات؟ بەکارەساتی ناو نەبات بەبەراورد بە حیزبەکانی کوردستان؟

دەنگدان و هەڵبژاردن:

دەنگدان و هەڵبژاردن لە دنیای ئەمڕۆدا پرۆسەیەکی دیموکراسی و سەردەمیانەیە.بەدڵنیایەوە بەدەست هێنانی دەسەڵاتی ئیداری و سیاسی ووڵات لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە گەورەترین دەستکەوتی هەرحیزبێکە.بەڵام گومانی تێدانیە کە سەرکەوتنی مسۆگەری یەک حیزبێک بەتەنها لەپرۆسەی دەنگداندا ئەمڕۆ کارێکی هەروا ئاسان نیە.خواست و داواکاریەکانی کۆمەڵانی خەڵک جۆراوجۆرن.جیاوازیە چینایەتیەکان کەم بونەتەوە، بیروباوەڕی بۆماوەیی حیزبی تا ئاستێکی زۆر لاواز بوە.ئەمانەو کۆمەلێک هۆکاری تر هەن کە وایکردوە لە دنیای گلوبالیزم و تەکنۆلۆجیای و سەرمایەداری ئەمڕۆدا دەنگدەرەکان دابەش ببن بە سەر چین و گروپی بچوکدا.بۆ بەدەستهێنانی ئەم دەنگانە، حیزب پێویستی بە ستراتیژی دور و بەرنامەی کاری تۆکمە و پتەو ئەبێ، کە بەهۆیەوە بتوانێ سەرنجی زۆربەی ئەو گروپ وچینانە بەلای خۆیدا ڕابکێشی.

بۆ ئەوەی حیزبەکان قەبارەو توانای مرۆیی خۆیان لەدەست نەدەن بۆئەوەی بتوانن زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بهێنن، ئەبێ بەرنامەکانیان لەپێناو خزمەتکردنی ئەو چین و توێژەدا بێت کە دەنگی لێ وەرئەگرێ.لەگەڵ هەموو ئەمانەدا هێشتا ئاسان نیە کە حیزبێک بتوانێ بەدڵنیایەوە بچێتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە و سەرکەوتن مسۆگەر بکات.هەڵبەت من باس لە هەڵبژاردنی کەش و هەوایەکی ئازاد و دیموکراسی ئەکەم.

کەواتە بۆ پڕکرنەوەی بۆشایی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری لە ووڵاتدا زۆرجار حیزبەکان پەنا ئەبەنە بەر هاوپەیمانی سیاسی.

بێگومان یەکگرتنی دوو حیزب یا چەند حیزبێک لە دنیای دیموکراسی و لە ووڵاتانی ڕۆژئاویشدا کە قۆناغێکی باشیان لە پرۆسەی دیموکراسی بڕیوە کارێکی شیاو و سەردەمیانەیه‌.بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە حیزبەکان لیستەکانیان تێکەڵ بەیەک بکەن و بەلیستی هاوبەش بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن.بەڵکو هەر حیزبە بە لیست و قەبارە و توانای خۆیەوە بەشداری هەڵبژاردن ئەکات.

پاش هەڵبژاردن لایەنی براوە ئه‌و لایه‌نه‌یە‌ که‌ زۆرینەی دەنگەکانی به‌ده‌ست هێناوه‌.خۆ ئەگەر حیزبێک بەتەنها نەیتوانیبێ زۆرینەی دەنگ بەدەست بهێنێ ئەوا لەگەڵ ئەو حیزبانەی کە ڕێژەی یاسایی دەنگەکانیان مسۆگەر کردوە هەوڵی بەستنی هاوپەیمانی ئەدەن، بەمەرجێک ئەم هاوپەیمانیە کاریگەری نه‌رێنی لە سەر بەرنامەی کارو ئایدۆلۆژیای حیزبی و فکری ئەندامان دانەنێ.کەدواتر بە یەکگرتنی دوو حیزب یا چەند حیزبێک حکومەت پێک ئەهێنن، هەڵبەت بە پێی قەبارە و قورسایی دەنگەکان بەشداری لەو پێکهاتە حکومیەدا ئەکەن نەک بە ڕێکەوتن.

ئەمە ئەو مۆدێله‌ دیموکراسیەیە کە ئەبێ بگوازرێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگەی ئێمەش، نەک بەمەبەستی بەدەست هێنانی دەسەڵات بەهەر نرخێک بێت یاخود بۆ مانەوە لەسەر دەسەڵات بێ گوێدانە ئایدۆلۆژیای حیزب و خواستی کۆمەڵانی خەڵک هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و هاوپەیمانی نێوان حیزبەکان گرێ بدرێت.

پێویستە لەبەر ڕۆشنایی بەرنامەی کارو بیرو بۆچونە ئایدۆلۆژیەکاندا هاوپەیمانی هەبێ لە نێوان حیزبەکاندا نەک لە پێناو بەدەستهێنان یا مانەوە لە دەسەڵاتدا.جا ئیتر گرنگ نیە ئەو بەرنامەی کارو ئایدۆلۆژیایە لە خزمەت کام چین و توێژی کۆمەڵگەدایە! گرنگ ئەوەیە ڕەنگدانەوەی خواست و ویستی زۆربەی دەنگدەران بێت.

ئەمەوێ بڵێم وروژاندنی ئاوا بابەتێک هەروا سەرپێی نیە.ئێمە لە ناو حیزبە سیاسیەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژئاوادا ئەزمونی کاری سیاسی و پرۆسسەی هەڵبژاردن فێربوین.لەبەر ئەوە باش لەم بابەتانە تێگەیشتوین و بەرچاومان ڕونە.ئەزانین کام حیزب لەپێناو بەرژەوەندیە گشتیەکانی کۆمەڵگەدا ئەسوتێ و کام حیزبیش مەرامی تایبەتی هەیە لە بەشداریکردنی هەڵبژاردن و گریدانی هاوپەیمانیە سیاسیەکاندا.

پشت بەستن بە هەڵبژاردنی دیموکراسی و دەنگی کۆمەڵانی خەڵک تەندروسترین ڕێگایە بۆ سەرکەوتن و گەشتن بە دەسەڵات و گێڕانەوەی متمانەی خەڵک بۆ حیزب، وە ته‌نها سەرچاوە و فاکتۆری مانەوەی هێزو دەسەڵاتە.بێگومان ئاوا دەسەڵاتێکیش بناغەیەکی پتەو و پشتیوانیەکی مەزنە بۆ هەر حیزبێک.

بەپێچەوانەشەوە دورکەوتنەوە لەخەڵک و گوێ نەدان بە ڕاو بۆچونی ئەندامانی حیزب وە بەکارهێنانی خەڵک وەک سوتەمەنی هەڵبژاردن بێجگە لە لەدەستدانی متمانەو هێزی ڕاستەقینە، شتێکی ترنیە.مێژو و ڕوداوەکانی ئەم دوایەی ناو گۆڕەپانی سیاسی ووڵاتانی دەوروبەر و ناوچەکەش ئەو ڕاستیەیان بەباشی بۆ هەموو لایەک سەلماندوە.

هێمن حەسەن/ سوید   This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.