پێشمەرگە دێرینەکان بڕگەیەک لە یاسا؟ ...هێمن حەسەن - سوید
زۆر جێی داخە دوای 22 ساڵ ئازادی و حوکمڕانی لە کوردستان تا ئەمکاتەش یاسایەک نیە کە مافی پێشمەرگەدێرینەکان دەستەبەر بکات.ئەوەی کەزیاتر نیگەرانمان ئەکات ئەوەیە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک حیزبێک کە بەشێکی گرنگی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری هەرێمە، کەمتەرخەم بوە لەئاست قوربانی دان و فیداکاری پێشمەرگە دێرینەکانیدا و وەک پێویست کاری بۆ بەیاسایی کردن و بەدەستهێنانی مافەکانیان نەکردوە.
لەڕاستیدا ئەبوایە پێشمەرگە دێریەنەکان خۆشبەخت ترین و خۆشگوزەرانترین چینی کۆمەڵگە بونایە.بەڵام بەداخەوە تائێستاشی لەگەڵ بێت هەندێک لە پێشمەرگە دێرینەکا لە سەرەتایترین مافەکانیان بێبەشن.
گوایە پێشمەرگەدێرینەکان بەسەرکراونەتەوە ژیانیان دابین کراوە و گرنگیان پێدراوە! ئەشێ ئەمە ڕاست بێت کە هەندێک لە پێشمەرگە دێرینەکان بەشێوەیەک لە شێوەکان سودمەند بوبن یا بەشێک لەمافەکانیان دابین کرابێ.بەڵام ئەمە بەیاسا جێبەجێ نەکراوە کەواتە هیچ سەروەریەک بۆ دەسەڵات و حیزبەکان لەئەرشیڤدا تۆمار ناکرێ لەو بارەیەوە، تا کاتێک یاسایەک نەبێ کە بەڕونی هەموو مافەکانی پێشمەرگە دێرینەکان بێ جیاوزی دەستەبەر بکات.
بابزانین تا ئێستا پێشمەرگە دێرینەکان هیچ گرنگیەکی تایبەتیان پێدراو لەلایەن حیزب و حکومەتی هەرێمەوە.
یا بەپێچەوانەوە نەک هەر گرنگیان پێنەدراوە بەڵکو هەندێک لەوان هێندە پشتگوێ خراون تەنانەت وەک چینێکی ئاسایی ناو کۆمەڵگەش هەژمار نەکراون.
ئەگەر وانیە کام یاسا یا کام بڕیار دەرکراوەکە پێشمەرگە دێرینەکان وەک خەڵکانی قوربانیدەرو شۆڕشگێڕ بەکۆمەڵگە بناسێنێ؟ چۆن و بەکام شێوە ڕێز لە پیشمەرگەی دێرین نراوە، ئایا حیزب و حکومەتی هەرێم هێندە قەرزاری پێشمەرگە دێرینەکان نین کە نەیانتوانیبێ تا ئێستا بەیاسایەک کە گشت پێشمەرگە دێرینەکان بگرێتەوە پاداشت بدێنەوە و کاروبارەکانیان لە دەزگا حکومیەکاندا جیبەجێ بکرێ نەک لەبەر دەرگای بەرپرسەکاندا؟
من نازانم چۆن پێدانی پارچەیەک زەوی یا دابینکردنی موچەیەکی خانەنشینی بەدەستکەوت ئەژمێردرێ بۆ پێشمەرگەی دێرین؟ خۆ فەرمانبەرە حکومەیەکان و هونەرمەند و ڕۆژنامەنوسانیش شوێنی نیشتەجێبون و موچەیان بۆدابین کراوە.تەنانەت خەڵکانێک کە نەک هەر خزمەتیان بە گەل و نیشتیمانەکەیان نەکردوە بەڵکو زۆر کەس کە لە دژی نەتەوەکەی خۆی لەسەنگەردا بوە موچەی خانەنشینی و شوێنی نیشتەجێبونی پێدراوە؟
بێگومان نەک هەر هونەرمەند و فەرمانبەرەکان بەڵکو گشت چین توێژەکانی کۆمەڵگە ئەبێ خزمەت بکرێن و لە خێرو خۆشی ووڵات بێبەش نەکرێن.هەوەک چۆن پێویستە حکومەتی هەرێم وە بەتایبەت یەکیتی نیشتمانی زۆر بە بەرپرسیاریەوە بەرەوپیری پێشمەرگەدێرینەکان بچن و گرنگی تایەبت بە خۆیان کەس و کاریان بدەن وە هەوڵ بدەن مافەکانیان بەیاسایی بکەن، تا ئیتر پێشمەرگە دێریەنکان نەچیەن بەردەرگاو قاپی ئەم بەرپرس و ئەوکاربەدەست تا وەک خێر بڕیار بدەن کە بژێوی ژاین و شوێنی نیشتەجێ بونیان بۆ دابین بکرێ.
من وەک پێشمەرگەیەکی دێرینی ساڵی هەشتاکان تەنها موچەیەکی کەمی خانەنشینی وەرئەگرم لەکاتیکدا لە هەموو مافەکانی تر بێبەش بوم.لەڕاستیدا تەنها موچەیەک نەک هەر بەمافی خۆمی نازانم بەڵکو بەسوکایەتی پێکردنیشی ئەزانم لەبەرانبەر ئەو قوربانی و خەباتەی کە من داومە لەپێناو ئەو ئازادی و سەروەریەی کە ئەمڕۆ هەمومان لەسایەیدا ئەژین.
من دڵنیام کە دەیان و سەدان پێشمەرگەی دێرینی تر هەن کە وەک من بێبەشن لە مافە سەرەتایەکانیان بەڵام دەنگیان ناگاتە هیچ شوێنێک تا داوای مافەکانی خۆیانی بکەن.بۆیە ئێستا لەناخیاندا تەنها ئازار و خەم بۆتە پاداشتی ڕۆژانی سەختی خەبات قوربانیدانیان.
من هیچ نەبێ قەڵەمێکم هەیە کە ئەتوانم ئازارەکانمی پێ بخەمە سەر لاپەڕەی ڕۆنامە و میدیاکان و کەمێک ئارامی بە ناخی توڕەی خۆم بدەم.بەڵام ئاخۆ ئەبێ ئازاری هاوڕێ پێشمەرگەکانم کە بەشیک لەتەمەنی خۆیان لەپێناو ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان بەخت کردوە و ئێستا هیج چارەیەکیان نیە بێجگە لەچاوەڕێیی، ئەبێ لە چ بارودۆخێکی دەرونی ناهەمواردا ژیان بەسەر بەرن؟
ئایا ئەو ڕۆژانەی کە بوین بە پێشمەرگە و تەمەنی لاوێتی و ئایندەی خۆمان کردە قوربانی و خاک و نیشتمان و دەستبەرداری خوێندن و خۆشی ژیان بوین وەک تاوان بۆمان نوسراوە یا وەک خەبات.ئەوڕۆژانە کە ژیانی خۆمان و کەس وکارمان خستە مەترسیەوە بۆ ئەوەبو کە ئیستا دوای 22 ساڵ ئازادی تەنانەت وەک خیانەتکارێکیش حسابمان بۆ نەکرێ.
من لێرەوە بە بەرپرسانی حکومی و حیزبی ئەڵێم کە بێدەنگی و دان بەخۆدا گرتن سنوری هەیە.زەوتکردنی مافی خەڵک وە بەتایبەت مافی پێشمەرگە دێرینەکان تاوانێکە هیچ ویژدانێک لێی خۆش نابێ.
ئەم نوسینەم بۆ بەرپرسانی خاوەن ویژدانە بەڵکو لەیادی کیمابارانی کوردستان و یادی ڕاپەڕیندا بیرێک لەرۆژانی سەختی پێشمەرگایەتی و قوربانیدان بکەنەوە و چیتر بێخەم نەبن ئاست دابینکردنی مافەسەرەتایەکانمان.
ئەگەر بێخەمی بەردەوام بیت ئەوا دەنگی ئێمە بەرزتر ئەبێتەوە، ئەگەر پشتگوێمان بخەن ئەوا زیاتر پەنا بۆ ڕای گشتی و میدیاکان ئەبەین.
هێمن حەسەن
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
