ماوەیەکە دابەشکردنی خەڵاتی داهێنان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەسەر ژمارەیەکی زۆر لەخەڵکدا بۆتە وێردی سەر زمانی ڕۆژنامەو میدیاکان و خەڵکی پەیوەندیدار، وە لەوبارەیەوە ڕاوبۆچونی زۆر گوتراوە و نوسراوە، بەڵام هێشتا ئەخوازرێ زیاتر لەسەری بنوسرێ و بەدواداچونی زیاتری بۆ بکرێ تا پرۆسەکە سیمایەکی شارستانیانەو سەردەمیانە لەخۆ بگرێ، وە بتوانرێ بە هیمەتی هەموو لایەک پرۆسەیەکی ئاوا بە ئاقارێکدا ببرێ کە لەکۆتایدا لە بەرژەوەندی ووڵات و هاندانی خەڵکی خاوەن بەهرە و بەتوانا تەواو ببێ.
جارێ پێش هەرشتێک پێویستە حکومەتی هەرێم بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەکی ئاوا، ستاندارد و پێوەرە جیهانیەکان لەبەرچاو بگرێ، تا لە گرنگی خەڵاتی داهێنان کەم نەبێتەوە.ئەوانەی کە ناویان لە لیستی خەڵاتەکاندا هاتوە هەرکەس و لایەنێک بن من ڕێزم هەیە بۆیان، بەڵام لەڕاستیدا ژمارەیەکی ئاوا زۆر کە زیاتر لە ٦٠٠ کەس لەخۆ ئەگرێ و لەهەرێمێکی بچوکی وەک کوردستان دورە لە مەنتقەوە.
ئەگەر ڕاستە لە هەرێمەکەی ئێمەدا ئەو کۆمەڵە خەڵکە زۆرە داهێنەرە و بەتوانایە بونیان هەیە، کەواتە ئەبوایە کەناڵ و ڕۆژنامەکانمان بەبەردەوامی سەرقاڵی بڵاوکردنەوە و گەیاندی داهێنان و بەهرەی ئەو بەڕیزانە بونایە بۆ ڕای گشتی ناوخۆیی جیهانی.تا ئێمەو خەڵکانی تریش بمانتوانیانە لە داهێنان و بەهرەکانیان سود وەرگرین.
دەستنیشان کردنی خەڵک بۆ وەرگرتنی خەڵاتی داهێنان ئەویش لەسەر بنەمایەکی نادروست زیانێکی گەورە ئەگەیەنێ بە ئەزمونی کۆمەڵگەی مەدەنی.وە ئەمە نەک هەر هاندەر نابێ بۆ خەڵکانی بەتواناو خاوەن بەهرە لە بواری داهێناندا، بەڵکو ناڕەزایی و توڕەبونی ئەوانیشی لێ ئەوێتەوە.
من هەر لە ئێستاوە بە گومانم لە هەڵسەنگاندن و دەستنیشان کردنی زۆربەی ئەو ناوانەی کە ئامادە کراون بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە.ئەویش لەبەر ڕۆشنایی ئەم دوو هۆکارە.
یەکەم/ ئێمە وەک گروپی کوردئایتی گروپ لەدەرەوەی ووڵات لە دورو نزیکەوە بێ ئاگاین لەم خەڵاتانە.www.kurditgroup.org گروپی کوردئایتی لەسەرەتای ٢٠٠٠ وە دامەزراوە و خزمەتێکی زۆری بە زمانی کوردی کردوە لەبواری تەکنۆلۆجیادا، وە لەناو یاندا داهێنای یونیکۆدی کوردی کە ئەوەش وای کردوە زمانی کوردی کێشەی خوێندنەوە و نوسینی نەبێ لە سەر کۆمپیوتەرو ناو نێتدا.کەئەمەش بە شایەتی هەموو لایەک گرنگیەکی یەکجار زۆری هەیە بۆ ئەوکات و ئێستاو ئایندەی زمانی کوردی.کەواتە ئەگەر حکومەتی هەرێم ئەمە بە داهێنان نازانێ کەواتە ئەبێ ئەوداهێنانەی ئێوە لیستان بۆ کردون زۆر لەوەی کوردئایتی گروپ گرنگتر بن.
دوەم/ هەندێ هونەرمەند و کەسایەتی بەئەمەک ئەم خەڵاتەیان ڕەتکردۆتەوە، چونکە پێیان وایە پرۆسەکە کەمو کوڕی و ناهەقی تێدایە.ئێمە لەگەڵ ئەوەی پشتگیری تەواوی خۆمان بۆ ئەو بەڕیزانە دوبارە ئەکەینەوە و دەستخۆشیان لێئەکەین هیوامان وایە نمونەیان زیاد بێت.کە ئەمەش خۆی لەخزمەتکردنی ووڵاتدا ئەبینێتەوە.لەو بەڕێزانەش کە ئەو خەڵاتەیان ڕەتکردۆتەوە هونەرمەندی بەڕیز کاک بەهجەت یەحیا و بەڕێز مومتاز حەیدەری ئێمە هیوای سەرکەوتنتان بۆ ئەخوازین.
لە کۆتایدا هیوادارین بەرپرسان و کەسانی پەیوەندیدار زیار گرنگی بەم پرۆسەیە بدەن و لیکۆڵینەوەی جدی بۆ کەن بۆ ئەوەی ئەم بیرۆکەیە لەپێناو خزمەتکردنی گشتیدا بێت نەک بۆ مەبەستی سودگەیاندن بە کەسانێکی دیاری کراو پرۆسەکە جێ بەچی بکرێ.خۆ ئەگەر هەر سورن لەسەر جێ بەجێ کردنی بەم شێوەیە ئەوا ئەکرێ ناوی پرۆسەکە بگۆڕن بەهەرچی پێتان خۆشە تەنها با لەژیر ناوی خەڵاتی داهێناندا نەبێ.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
