کوشتنی دەنگی ئازاد و دواتر ئیدانە کردنێکی گاڵتەجاری ... خەبات لاوباخ

لە هەرێمی کوردستانی تەختی پاشایەتی فیرعەون و زوحاکەکاندا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەنگی ئازادی کپ تر ئەکرێت و ماف وئازادی یەکانی تاکی کورد تەسکتر ئەکرێتەوە ومیللەت چاوترسێن تر ئەکرێن لە پێناوی دانانی بەردی بناغەی سیستەمێکی زۆرداری بنەماڵەیی و گەندەڵ و دیکتاتۆردا . بە داخەوە ئەم ڕەفتارە قێرەوەنە تەنها بە دەستی لایەنێك ئەنجام نادرێت، بەڵکو ئەم ڕەفتارە لە خوێنی بەرپرس و پارتەکانی هەرێمدایە و لە مێشکیاندا چەکەرەی کردووە.

ئەوەی جێگای سەرسورمان و گاڵتەجارییشە، هەر لایەك کە هەست ئەکات لە بەشە دەسەڵاتەکی تردا ڕوداوێك  ڕوو ئەدات، دەست بەجێ لە هەموو لایەکەوە دەنگی ناڕەزایی و ئیدانەکردنێکی کارتۆنی لە لایەن بەرپرس و دەسەڵاتداران و سەرۆکایەتی هەرێمەوە بەرز ئەبێتەوە و داوای دۆزینەوە خێرا وسزادانی بکەرەکانیان ئەکەن، هەر چەندە ئەو داوا گاڵتەجارییە لە ناخی دڵەوە نیە و بۆ پەردەپۆشکردنی ڕەفتارە ناشیرینەکانیانە، هەوڵدان بۆ ناشیرین کردنی یەکتری بە تەنها بۆ موزایەدەکردنێکی سیاسی یە، ئایا ئەم بەرپرسانە لە خۆیان نەپرسیوە، ئایا میللەت هێندە گەمژەیە وا بە ئاسانی بڕوا بە ئیدانەکردنەکانی ئێمە بهێنێت، لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا بکوژانی مناڵ و مێرد مناڵەکانی ١٧ ی شوبات بە سزانەگەیەندراون ؟ بە ئازادانە ئەسوڕێنەوە، ئەی بکوژانی سۆران، سەردەشت، سەروەت، شاسوار، ژن و گەنجەکانی کاتی هەڵبژاردن کە بە بێ تاوان کوژراون ، یان بکوژانی کچان و ژنان بە ناوی پاراستنی شەرەفەوە ؟ یان هێرش کردنە سەر ئاسۆس هەردی .

گەر لە ژێر دەسەڵاتی پارتە فەرمانڕەواکاندا دەنگێکی نارەزایی بەرزبێتەوە، خۆی لە زیندان ئەبینێتەوە یان هێرش کراوەتە سەری یان لاشەی ساردی ئەدۆزرێتەوە ، خۆ گەر یەکێکیش بێ ڕیزی بەرامبەر بە پیرۆزییەکانی لایەنە ئیسلامیەکان بکات، ئەوە یەکسەر تێرۆر ئەکرێت وەك عەبدوڵخالق مەعروف یان دەربەدەر ئەکرێت وەك مەریوان هەڵەبجەیی، کەچی ئێستاش خۆیان ئیدانەی تێرۆرکردنی کاوە گەرمیانی ئەکەن و خۆیان بە لایەنگیری ماف و ئازادییەکانی تاکی کورد ئەزانن .

دەبا ئەو بەرپرسە کۆنەپەرست و خوێنمژانە چاك بزانن، تا دەنگی ئازادی کپتر بکرێت و لە ناویان بەرن، زۆرتر ڕیسواتر ئەبن و هەنگاوێك نزیکتر ئەبنەوە لە تێكدانی تەختی پاشایەتیە وەهمیەکانیان، خێراتر میللەت هان ئەدەن بۆ ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری وەك میللەتانی عەرەب بەرامبەر بە سیستەمی دیکتاتۆری و بنەماڵەییەکان.

بۆیە تەنها چارەسەر دابین کردنی ئاسایش و پاراستنی تاکی کۆمەڵگایە و هەوڵدان بۆ ڕادەستکردنی تاوانبارانی کاوە گەرمیانی و هەموو تاوانبارانی و تێرۆرکارانی دەنگە سەربەرزەکانی ترە.

خەبات لاوباخ


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.