گەر چاوێك بە مێژووی مرۆڤایەتیدا بخشێنین بە شێوەیەکی گشتی و شۆڕشی فەرەنسا وئەمەریکای سەروو لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی پیشەسازی لە ئەوروپادا بە تایبەتی، بۆمان دەرئەکەوێت کە کۆمەڵگایەکی ڕۆشنبیر و نیشتیمانپەوەر، ئەتوانێت سەرکردەیەکی لێهاتوو، دڵسۆز وخەمخۆر بەرهەم بهێنێت، کە میللەت لە ژێر سایەی فەرمانڕەوایدا، بگاتە ئامانجە سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، نیشتیمانی و ماف وئازادی یەکانی خۆی، بەهەمان شێوەش گەر لە هەر میللەتێکدا سەرکردەیەکی لێهاتووی نیشتیمانپەروەری دیموکراتخواز هەڵ بکەوێت وەك گاندی، ماندێلا و زۆربەی سەرۆکە دڵسۆزەکانی سەر ڕوی زەوی، ئەوا میللەتێکی ڕۆشنبیر و خاوەن هەستی نیشتیمانی و خەمخۆر بۆ خاك و نیشتیمانەکەی بەرهەم ئەهێنێت.
بەڵام چاوێك بە ووڵاتانی ناڕۆشنبیر و دواکەوتدا بخشێنین ئەبینین چۆن میللەت سەرکردەیەکی دیکتاتۆر، خۆپەرست، هەلپەرست شەیدای پلەوپایە بەرهەم ئەهێنن، کە دەسەڵات تەنها بۆ بەرژەوەندی تەسکی بنەماڵە و حزبایەتی بەکار ئەهێنن، بە هەمان شێوەش سەرکردەیەکی بیرتەسك ودیکتاتۆر، میللەتێکی مشەخۆر، دواکەوتوو، تەمەڵ، بێ هەستی نیشتیمانی ونادڵسۆزی بۆ خاك ونیشتیمان بەرهەم ئەهێنێت.
گەر چاوێکیش بە مێژووی کورد وکوردستاندا بخشێنین، زۆر بە خێرایی بۆمان دەرئەکەوێت، تا ئێستا کورد نەیتوانیوە سەرکردەیەکی نەتەوەیی ڕاستەقینە بەرهەم بهێنیت و هەوڵ بدات کورد بگەیەنێتە ئاست میللەتە پێشکەووتوەکانی سەر زەوی و خاکی کوردستان ئازاد بکات و کوردستانێکی سەربەخۆ ڕابگەیەنرێت، چیتر بە داگیرکراوەیی و ژێردەستەیی نەمێنێتەوە.
لە پاش سەدان ساڵ لە ژێردەستەیی و کوشتن و وێرانکردنی کوردستان، بە ڕێکەوت ولە ئەنجامی بەرژەوەندی یەکانی ئەوروپا وئەمەریکا بەشیکی کەمی کوردستانی داگیرکراو توانرا ئازاد بێت و هەرێمی کوردستانی لێ بەدی بهێنرێت .
بەداخەوە ئەبوایە لە دوای هەڵکەوتنی ئەم دەرفەتە، بەرپرس و دەسەڵاتداران و پارتەکانی کوردستان بکەوتنایەتە خۆ بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان و دروستکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی کوردستان، کەچی بە هەڵپە دەستکرا بە خۆ دەوڵەمەند کردن، شەڕی براکوژی و دەست تێکەڵ کردن لەگەڵ دوژمن ، بەتاڵان بردنی سامانی نیشتیمانی و دوژمنایەتی کردنی کردنی پارتە کوردی یەکان لەگەڵ یەکتر، دۆستایەتی کردنی هەر پارتێك لەگەڵ دوژمن و بازرگانی کردن لەگەڵیاندا، بڵاوبونەوەی گەندەڵی و زۆربونی مشەخۆر، دز، مافیا، پیاو کوژ ، بازرگانی چاوچنۆك.
کاتێك چەند گەنجێك لە نەوەی نوێ درکی بەم بارە نالەبارەی دەسەڵاتی کوردی کرد، نەیانتوانی بێ دەنگی هەڵبژێرن و ببنە داردەستی دەسەڵاتی گەندەڵ، ویستیان دەنگ بەرز بکەنەوە و نارەزایی دەرببڕن، هەر زوو دەنگیان کپ کرا و خەڵتانی خوێن کران، بە داخەوە ئەمانە بە پەنجەی دەست ئەژمێردرێن .
گەر چاوێك بە کۆمەڵگایەکی ٤ بۆ ٥ ملیۆن کەسی وەك هەرێم بخشێنین، ئەبینێن ٣ لە ٤ بەشی چەکدار، پۆلیس، ئاسایش، پاراستن، فەرمانبەر، خانەنشینێکی بە گەندەڵکراوە و بۆتە مشەخۆرێکی زیان بەخش بە سەر کۆمەڵگاوە، کە هیچ سودێکیان بۆ کۆمەڵگا نیە و بۆ دەستهێنانی دەستکەوتی ژیانی ڕۆژانەیان ڕازیین بەم جۆرە دەسەڵاتدارە و سەری خۆیان کز کردووە تاکو نان بڕاو نەکرێن، بەڵام کام دەسەڵات، دەسەڵاتێك، کە ژێر سایەی فەرمانڕەوایدا :
+ ڕۆژ بە ڕۆژ مشەخۆر و مۆرانە پەرە ئەسێنێت، خەریکە سامانی نیشتیمان لە ناو ئەبات.
+ بە هەزاران گەنجی ئەم هەرێمەی بە کوشتدا بە شەڕی براکوژی و هاوکاری کردنی سوپای دوژمنی داگیرکارانی تورك، فارس وعەرەب و هێنانی سوپاکەیان بۆ داگیرکردنی کوردستان .
+ بڵاوبونەوەی گەندەڵی، مافیا، پیاوکورژ، ژن کوژ بە ناوی شەرەفەوە ، بازرگانی خۆراك و دەرمانی بەسەرچوو .
+ کوشتنی دەنگی ئازاد، مناڵ و مێرد مناڵ لە کاتی خۆپیشانداندا ، بەرتەسکردنەوەی ئازادی و مافی تاکی کۆمەڵگا و تێرۆرکردنی ناحەزانیان.
+ داخستنی سنور بەسەر بەشەکانی تری کوردستاندا، ڕێگرتن لە هاتنی بەرپرسەکانیان کە باوکی شەهیدی ڕێگای پارێزگاری لە کوردستانن، شان بەشانی ئەوەش، ڕاخستنی ڕاخەری سور بۆ دوژمنانی کورد و تەنینەوەی پایتەختەکەی هەرێم بە ئاڵای ووڵاتانی دوژمن.
+ بڵاوبونەوەی سیخۆڕ و دەزگا جۆراو جۆرەکانی دوژمن لە ناو خاکی هەرێمدا، جێگیر کردنی سوپای تورك لە خاکی کوردستاندا.
+ نەبونی هیچ دیاردە یان ئامانجی چاکسازی لە ناو دەسەڵات و فەڕمانڕەوایی کوردستاندا.
+ نەبونی سەروەری یاسا و دادگای سەربەخۆ کە هەمووی بە حیزبی کراوە، نەبونی ئارامی ، ، ئاسایش، کە تاکی کورد لە ترسدا ئەژی.
+ بە هەدەردانی سامانی نیشتیمانی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی . . . . . تاد
سەڕەرای ئەم دیاردە و نەهامەتیانەی بە سەر کۆمەڵگادا دێت لە ژێر سایەی دەسەڵاتدا ، کۆمەڵگا بەم فەرمانڕەوایە ئاسودەیە لە بەر ئەوەی :
+ لە هەڵبژاردندا دەنگیان پێ ئەدەن بۆ بە ڕەوا کردنی بەردەوام بونیان لە دەسەڵاتدا.
+زۆربەی گەنجان چەکدار وپۆلیس، ئاسایش و پاراستن و ئەندامی دژە تێرۆرن، ئامادەن گیانی خۆیان ببەخشن لە پێناوی پاراستنی دەسەڵات و، پلە وپایەی بەرپرسان، ئەوانیش مناڵەکانی خۆیان ئەنێرن بۆ ئەوروپا وئەمەریکا بۆ خوێندن لە خۆشترین ڤێللادا ئەژین و سامانی نیشتیمان بە هەدەر ئەدەن، کۆمەڵگاش بە خوێنی ڕۆڵەکانیان ئەیانپارێن.
+ لە کاتی تێرۆکردنی دەنگێکی ئازاد چەند خۆ پیشاندان وچالاکی یەك ئەنجام ئەدرێت لەگەڵ نوسینی چەند ووتارێك، دوای کۆتایی پێ ئەهێنرێت و چاوەڕێکی کپ کردنی دەنگێکی تر ئەکرێت.
لێرەدا بۆمان دەر ئەکەوێت زۆرینەی کۆمەڵگا پاڵپشتی ئەم دەسەڵاتەیە، کە بەردەوامی ئەدرێت بەم فەرمانڕەوایی یە، بۆیە لە کاتی کوشتنی دەنگێکی ئازاد، ناڕاستەوخۆ زۆرینەی کۆماڵگا تاوانبارە بەم ڕەفتارە کە لە ژێر سایەی ئەم دەسەڵاتە ڕوو ئەدات.
تا کۆمەڵگا چاو نەکاتەوە و خۆی ڕۆشنبیر نەکات و ئەرك و مافەکانی خۆی نەزانێت، ئەم نەهامەتی و نائارامی و نائاسیشتە بەردەوام ئەبێت لە هەرێمی کوردستاندا.
بۆیە پێویستە کۆمەڵگا لە هەرێمی کوردستاندا بەرپرس و دەسەڵاتداران ئاگادار بکەنەوە لە ڕێی کار و چالاکی شارستانیانە و دوور لە هەر کردارێکی خراپ و هێنانی بارگرژی و بەکارهێنانی هێز و کاری تۆقێنەر . ، تا دەسەڵات ناچار ئەبێت ملکەچی داواکاریی یە ڕەواکانی میللەت بێت و هەنگاو بنێت بۆ چاکسازی.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.


