پەرواز سیمبوڵی کوردە ...خەبات لاوباخ

پەرواز سیمبوڵی کوردە ...خەبات لاوباخ

‌کاتێك مرۆڤێك ئەکرێتە سیمبۆڵی میللەتێك و ئەو نازناوەی پێ ئەبەخشرێت، لە ئەنجامی کارێکی بێ وێنە و خزمەتێکی باڵای کۆمەڵایەتی، سیاسی، نەتەوایەتی، مرۆڤایەتی ، هونەری یان هەر کارێکی سودبەخشی تر بێت بۆ نەتەوەکەی و جێ پەنجەی دیار بێت بەو هەنگاوەی کە بۆ یەکەم جار ناوێتی بە ئازایی و لێهاتوویی و بە وورەییەکی بەرزەوە بە بێ سڵەمینەوە ئەرکەکەی بە جێ بگەیەنێت، هیچ کەسێکیش بە زۆر ناکرێت بە سیمبۆڵی میلەتێك وبە سەر تاکی کۆمەڵدا ناسەپێنرێت، چونکە کارێکی وا ئاسان نیە و بە کەسانی ئاسایی ناکرێت .
‌ئەوەی ئێمە لە ڕۆژانەدا ئەیبینین،  ژنە دەنگخۆشێکی کوردە، کە بەو پەڕی ئازایی و سەلیقەیی و لێهاتوویەوە لە بەردەم چوار دادوەری گەورە هونەرمەندی عەرەب و سەدان ملیۆن بینەر و گوێگری عەرەب، ئەیەوێت لێهاتووی خۆی بسەلمێنێت، کە پێویستە دەستخۆشی لە خۆی و هاوسەرەکەی بکرێت بۆ ئەم دەسپێشخەرییەی کەهەنگاوییان بۆ ناوە، هیوادارم سەرەتایەك بێت بۆ هەموو بەهرەمەندێکی کورد .
‌ئەو مەبەست و ئەنجامەی ئەم ژنە کوردە بەدەستی هێناوە و پێکاوێتی بۆ خۆی و میللەتەکەی تا ئێستا زۆر لەو هونەرمەندانەی کوردستان کە بە هەزاران دولار و پارچە زەوییان پێ بەخشراوە، نەیان توانیوە بە دەستی بهێنن، کە بەداخەوە هەوڵییان داوە بۆ خۆدەرخستنی خۆیان و هونەرەکەیان لە ناو کەلتوری عەرەب، تورک و فارس دا بتوێننەوە و لاساییان بکەنەوە، تا ئێستاش نەیانتوانیوە گوێگرێکی ئەو میللەتانە بە لای خۆیاندا ڕابکێشن، بەڵام ئەوەی ئەم ژنە کوردە لە ماوەیەکی کورتدا توانی خزمەتێکی گەورەی کورد بکات، لەسەر گەورەترین شانۆی عەرەبی، بە ناوبانگترین ( تی ڤی شۆ) ی عەرەب، زۆرترین بینەر و بیسەری عەرەب، بونی خۆی بسەلمێنێت و نمونەی لێهاتووی ژنی کورد نیشان بدات، ووشە و ئاڵا و نەخشەی پیرۆزی کوردستانی سەر گەردنی، جلی کوردی و گۆڕانی و کەلتوری کوردستانی خۆشەویست بەسەدان ملیۆن عەرەب بناسێنێت، تەنانەت وا لە دادوەرانی گەورە هونەرمەندی عەرەب بکات، کە بە ئاواتەوە بن کوردی بزانن و لێی تێبگەن وبە کوردی گۆرانی بڵێن، یان دانی پێدا بنێت، کە بە گۆرانییەکانی و دەنگی ئەو ژنە کوردە نەخشەی هونەری کوردستان لە نەخشەی هونەری عەرەب نزیک کردبێتەو، یان بگەنە ئەو بڕوایەی کە هەستی ژنی کورد لە قوتابخانەکاندا بخوێنرێت وقوتابیان فێر بکەن، تەنانەت ڕەگەزپەرستانی عەرەب بهێنێتە قسەکردن لە سەر نەخشەی کوردستانی سەر ملوانکەکەی، ڕەخنە بارانی بکەن .
‌بۆیە من پەرواز بە سیممبوڵی کورد و کوردایەتی ئەزانم، ئەو تەنها مەبەستی نیە وەك زۆر لە هونەرمەندانی تر بۆ خۆدەرخستن ، لایەنی نەتەوایەتی و هەستی کوردایەتی پشتگوێ بخات و خۆی لە ناو کەلتوری تورکی و عەرەبی و فارسیدا نقوم بکات، بەڵکو پەرواز ئەڵێت، من کوردم، ئاڵام هەیە، جلی کوردیم هەیە، خاکی کوردستانم هەیە، زمانی خۆم هەیە،  بێ ئەوەی زمانی عەرەبی بزانم ئەتوانم بەلێهاتووی یەوە گۆرانی بە زمانی ئێوەی عەرەب بڵێم، شان بەشانی ئەوەش کەلتور و هونەر وگۆرانی کوردی خۆشمتان پێ ئاشنا ئەکەم و ئەشمەوێت پێشەنگ بم و بە هونەرەکەی خۆشم هەست کوردایەتی خۆمتان نیشان بدەم، ڕێز لە عەرەب و کەلتورەکەشی ئەگرم، چونکە ئێمەی کورد مرۆڤ دۆست و ئاشتیخوازین .
‌بۆیە پڕ بەدڵ هیواخوازین خوشکە پەرواز تا کۆتایی سەرکەوتو بێت، گەر نەشگەیشتە کۆتایی، بە دڵنیاییەوە مێژوویەکی بۆ خۆی و گەلەکەی دروست کردووە، ئەرکێکی نەتەوایەتی بە جێ گەیاندووە و بۆتە سیمبۆڵی کوردایەتی ، بۆیە شایانی ڕێز و پشتگیری هەموو لایەکە، هیوای دوا سەرکەوتنی بۆ ئەخوازین.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر