به مه‌به‌ستی بڵاوكردنه‌وه‌ی دوو كلیپی تازه و به‌شداریكردن له شه‌ش ئاهه‌نگ بۆ شه‌وی سه‌ری ساڵ، ئێستا گۆرانیبێژ عه‌زیز وه‌یسی له‌كوردستان و (سڤیل) ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدا
+ بۆچی ئێستا گۆرانییه‌كانت وه‌ك پێشوو ناچێته ناو خه‌ڵكه‌وه؟
عه‌زیز وه‌سی: من هه‌ر به‌ستایلی خۆم گۆرانیم گوتووه، به‌ڵام كاتێك كلیپه‌كانم نه‌گاته كه‌ناڵه‌كان ئه‌وانیش په‌خشی ناكه‌ن، جگه له‌وه ماوه‌یه‌كه زوو زوو ئه‌لبوومم بڵاوده‌كرده‌وه و ئینجا به‌هۆی به‌رنامه‌ی راسته‌وخۆ و پڕۆگرامی "ده‌شتی به‌هه‌شت" زۆر له‌به‌رچاو بووم، له‌به‌رئه‌وه ماوه‌یه‌ك خۆم ون كرد بینه‌ر لێم بێزار نه‌بێت، ئێستا به‌رنامه‌ی راسته‌وخۆ مۆدێلی نه‌ماوه، ده‌مه‌وێت له‌مه‌ودوا به كلیپ ده‌ركه‌وم، ئێستا دوو كلیپ و ئه‌لبوومی نوێم ئاماده‌یه، ئه‌گه‌ر كۆمپانیایه‌ك هه‌بێت و پاره‌ی باشم بداتی ئه‌لبوومی نوێم بۆ نه‌ورۆز ئاماده‌یه كه له نۆ گۆرانی پێكهاتووه.
+ هونه‌رمه‌ند هه‌یه ناتوانی دوو ساڵ جارێك ئه‌لبووم بڵاوبكاته‌وه، به‌ڵام تۆ هه‌موو ساڵێك ئه‌لبووم بڵاوده‌كه‌یته‌وه و له‌توانادایه ساڵی دوو ئه‌لبووم بكه‌ی، چۆن ده‌توانی خه‌رجی ئه‌لبووم كلیپه‌كانت دابین بكه‌ی؟
عه‌زیز وه‌یسی: یه‌كه‌مجار پشت به‌خۆم ده‌به‌ستم، ئه‌گه‌ر پشت به‌كۆمپانیاكان ببه‌ستین ناتوانین ئیش بكه‌ین، ئێستا دوو كلیپم هه‌یه ئه‌گه‌ر سپۆنسه‌ر هه‌بێت بڵاویانده‌كه‌مه‌وه ئه‌گه‌ریش نه‌بوو ناتوانم كلیپه‌كانم راگرم، به‌ڵام ئه‌و گۆرانیبێژانه‌ی تۆ باسیان ده‌كه‌ی له‌وانه‌یه باری مادیان زۆر باش نه‌بێت، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر بته‌وی دوو گۆرانی به‌كوالێتی باش بكه‌ی به‌لانیكه‌مه‌وه بۆ هه‌ر گۆرانییه‌ك دوو هه‌زار دۆلارت پێویسته، كه‌واته ئه‌لبوومێكی هه‌شت گۆرانی دوو ده‌فته‌ر دۆلاری ده‌وێت، ئه‌وه بۆ گۆرانیبێژێك كه هیچ ده‌رامه‌تێكی نه‌بێت زۆر زۆره، بۆ سی ساڵیش ناتوانی ئه‌و دوو ده‌فته‌ره كۆبكاته‌وه ئه‌گه‌ر كۆمپانیایه‌ك پشتگیری نه‌كات، به‌ڵام بۆ من كۆمپانیا پشتگیرم بكات و نه‌یكات زۆر موهیم نییه، كاتێك ئه‌لبوومه‌كه ته‌واو ده‌كه‌م كی پاره‌ی باشم بداتی پێیده‌ده‌م، تائێستا له‌گه‌ڵ ناوه‌ندی ئارۆ ئیشم كردووه داوای چه‌ند پاره‌م كردووه نه‌یگوتووه نا. چه‌ندم سه‌رفكردووه له‌وه زیاتریشی پێدوام، ئه‌وه وایكردووه نه‌وه‌ستم و به‌رده‌وام ئیش بكه‌م.
+ ئه‌لبوومه‌كه‌ی تۆش وه‌ك ئه‌لبوومی هونه‌رمه‌نده‌كانی تر كۆپی ده‌كری، ئه‌ی چۆن كۆمپانیا پاره‌ی باش به ئه‌لبوومه‌كه‌ی تۆ ده‌دات؟
عه‌زیز وه‌یسی: نه‌مگوتووه كۆپی ناكری، به‌ڵام گۆرانییه‌كانی من به‌دوو، سی رۆژ ده‌ڕواته ناو خه‌ڵك، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌هه‌موو شوێنێك گۆرانی هه‌ڵپه‌ڕكی لێده‌درێت، حه‌وت رۆژ پێش نه‌ورۆز ئه‌لبووم بڵاوده‌كه‌مه‌وه حه‌وت رۆژ ئه‌لبوومه‌كه‌م كۆپی نه‌كری زۆرترین ئه‌لبوومی خۆم ده‌فرۆشم، ئه‌لبوومه‌كه‌ی پێشوو "هه‌رزانه" كه بڵاوم كرده‌وه دانه‌ی به‌هه‌زار دینار بوو، ئه‌وجا خه‌ڵك كۆپی كرد، نموونه‌ت بۆ دێنمه‌وه ئه‌وكاته‌ی تازه سمێلم داتاشی بوو له‌لای عاره‌بانه‌یه‌كی سێدیفرۆش وه‌ستابووم و هاواری ده‌كرد "عه‌زیز وه‌یسی به‌تووك و به‌بی تووك به‌پێنج سه‌د دینار" ئه‌گه‌ر ئه‌لبوومی من كۆپی نه‌كری له ئه‌لبوومێك 30 ده‌فته‌ر داهاتم ده‌بێت، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆپی ده‌كری ئه‌لبووم به دوو ده‌فته‌ر و نیو ده‌فرۆشم.
+ بیرت له‌وه نه‌كردۆته‌وه واز له‌گۆرانی بێنی؟
عه‌زیز وه‌یسی: بۆچی وازبێنم، ئه‌گه‌ر جه‌ماوه‌رم كه‌م بێته‌وه و بزانم لاواز بووم وازدێنم، به‌ڵام تاجه‌ماوه‌ر هه‌بێت و هانم بده‌ن گۆرانی ده‌ڵێم.
+ به‌ڵام واهه‌ست ناكه‌ی له‌وكاته‌ی ریكلامت بۆ لیسی كوردستانی كرد جه‌ماوه‌رێكی زۆرت له‌ده‌ستدا و ئه‌و جه‌ماوه‌ر فراوانه‌ی سه‌ره‌تات نه‌ماوه؟
عه‌زیز وه‌یسی: راسته، ئه‌وه له‌لای خۆمان وایه، ئه‌گه‌رنا چه‌ند گۆرانیبێژێكی گه‌وره‌ی ئه‌مه‌ریكی پشتگیریان له ئۆباما كرد و پێشی لاواز نه‌بوون، ئه‌وه حه‌زێكی خۆم بوو گۆرانی بۆ ئه‌و دوو سه‌ركرده‌یه بڵێم، به‌ڵام ئه‌وه دووباره ناكه‌مه‌وه و ئه‌گه‌ر بمزانیبایه دڵی خه‌ڵكم لی ده‌ره‌نجی و لای خه‌ڵك لاواز ده‌بم ئه‌و ئیشه‌م نه‌ده‌كرد، به‌ڵام كوردگوتنه‌ی "هه‌ركاتێك ماسی له‌ئاو بیگری تازه‌یه". ئێمه ده‌توانین له‌مه‌ودوا ئه‌و ئیشانه نه‌كه‌ین، زۆر به‌ڵێنیان به‌مندا، به‌ڵام جێبه‌جێیان نه‌كرد.
+ گوتیان چیت بۆ ده‌كه‌ین، كی به‌ڵێنی به‌تۆدا، ئێستا وازت له‌داواكارییه‌كه هێناوه؟
عه‌زیز وه‌یسی: له‌بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن 27 ئاهه‌نگم له‌شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان كرد، له‌گه‌ڵ چوار ڤیدیۆ كلیپ، به‌ڵێنیان به‌مندا شتی زۆرم بۆ بكه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه كه ته‌واو بوو هیچیان نه‌كرد خۆ شه‌ڕ ناكه‌م، كاك شۆڕش ئیسماعیل به‌رپرسی هه‌ڵبژاردنه‌كانی لیستی كوردستانی داوایكرد گۆرانی بڵێم، من داوام نه‌كرد ئه‌وه‌نده پاره‌م ده‌وێت، من له‌ڕێگه‌ی (پشتیوان گوڵپی) یه‌وه ته‌له‌فۆنم بۆكرا بۆ ئێران، گۆرانی لیستی كوردستانی پێدام، كه هاتمه‌وه بۆ كوردستان منی به شۆڕش ئیسماعیلی ناساند، ئه‌ویش پێی‌گوتم له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ریكلامانه‌ی بۆ لیستی كوردستانی ده‌یكه‌ی شوقه‌یه‌كمان بۆ دانای، تائێستا هیچم نه‌بینیووه، ئینجا دكتۆر به‌رهه‌م پێی‌گوتم "تاكۆتایی جێ‌مان مه‌هێڵه، پێویستیمان پێته" ئیتر له‌كۆتایی رۆژ كه دكتۆر به‌رهه‌مم بینیووه پێی‌گوتم لاپتۆپێكم بۆ كوڕه‌كه‌ت داناوه، گوتم (سه‌هه‌ند) ی كوڕی من چوار لاپتۆپی هه‌یه، زۆر سوپاس به‌كه‌سێكی تری بده، به‌ڵام له‌و رۆژه تائێستا دكتۆر به‌رهه‌مم نه‌بینیووه‌ته‌وه وه‌ك وه‌فایه‌ك پێم بڵێت سوپاس، چه‌نده‌ها دوژمنم له‌لیسته‌كانی تر بۆ دروستبووه، 500 هه‌زار كه‌س جه‌ماوه‌ری گۆڕانه، كه‌واته 406 هه‌زار كه‌س حه‌زی نه‌كردووه من گۆرانی بۆ لیستی كوردستانی بڵێم، من به زه‌حمه‌ته‌وه بووم به عه‌زیز وه‌یسی یه‌ك كه‌س لێم دووركه‌وێته‌وه بۆ من گرنگه، 406 هه‌زار كه‌س پشتی تێ‌كردم دكتۆر به‌رهه‌م یه‌كجار نه‌یگوت سوپاس، ئێستا من ته‌نیا گله‌یم له دكتۆر به‌رهه‌م هه‌یه، شه‌ش مانگه ده‌مه‌وێت دكتۆر ببینم هێشتا نه‌مبینیووه، ئێستا ده‌مه‌وێت بیبینم بۆ پاره‌م نییه، چونكه من قه‌ت بۆ پاره خۆم بچووك ناكه‌مه‌وه.
+ له‌گه‌ڵ هه‌ر گۆرانیبێژێك گۆرانی دوێتت كردبی دووباره گۆرانی دوێتت له‌گه‌ڵ ناكردۆته‌وه، ئه‌وه بۆچی؟
عه‌زیز وه‌یسی: من ده‌یانناسێنم. گۆرانیبێژ هه‌یه پێمده‌ڵی حه‌زده‌كه‌م له‌گه‌ڵ تۆ گۆرانییه‌ك بكه‌م، چونكه ئه‌گه‌ر به‌ته‌نیا گۆرانییه‌كه بكات خه‌ڵك نایناسی، به‌ڵام كاتێك خه‌ڵك له‌ڕێگه‌ی منه‌وه ناسی، ئیتر پێویست ناكات دووباره گۆرانی له‌گه‌ڵ بكه‌مه‌وه، حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌تان هانیان بده‌م، به‌تایبه‌ت كچه‌كان، پێم خۆشه بێنه ناو بازاڕی هونه‌ره‌وه.
+ زۆربه‌ی گۆرانیبێژه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان گله‌یی ئه‌وه ده‌كه‌ن "بۆچی له‌باشووری كوردستان ئه‌وه‌نده گرنگی به‌عه‌زیز وه‌یسی ده‌كرێت، هونه‌ری عه‌زیز وه‌یسی شیاوی ئه‌وه نییه گرنگی پێ بدرێت". تۆ ده‌ڵێی چی؟
عه‌زیز وه‌یسی: ئه‌گه‌ر دره‌ختێك میوه‌ی نه‌بێت خه‌ڵك به‌ردی ناهاوێژێت، نازانم گۆرانیبێژه رۆژهه‌ڵاتییه‌كان هه‌موو ده‌ڵێن بۆچی له‌باشوور بۆ عه‌زیز وه‌یسی واده‌كه‌ن، من ئیش ده‌كه‌م و زه‌حمه‌تی ده‌كێشم، یه‌كه‌مجار له كه‌ناڵی كوردسات ده‌ركه‌وتم به‌رنامه‌یه‌كیان بۆ كردم له‌گه‌ڵ گۆرانییه‌كان هه‌ڵپه‌ڕكێم ده‌كرد، له‌ئێرانه‌وه سه‌دان ته‌له‌فۆن كرا ده‌یانگوت "ئه‌وه هونه‌ری كوردی سه‌قه‌ت كردووه". كه‌واته من خۆم كرده قوربانی تائه‌و ستایله‌م دروستكرد، ئێستا كلیپێكی من ئه‌گه‌ر هه‌ڵپه‌ڕكێی تێدا نه‌بێت خه‌ڵك ته‌ماشای ناكات، له‌كلیپه‌كه تازه‌كه‌م هێشتا بڵاونه‌بۆته‌وه حه‌ره‌كه‌ی تازه‌م كردووه، ئێستا گۆرانیبێژه‌كانی تریش له‌گه‌ڵ گۆرانییه‌كانیان دانس و هه‌ڵپه‌ڕكی ده‌كه‌ن، له‌قسه و قسه‌لۆك و دژایه‌تیكردن ئێران هیچ شتێكی تری بۆ من نه‌بووه.
سه‌رچاوه: سڤیل
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
کوردستان نێت نێتی هەمووانە