ئامانج کولیایی سکاڵانامە پێشکەش بە سێ لیژنەى پەڕلەمانى کوردستان و داواکارى گشتى و رێکخراوە مەدەنییەکان دەکا

 

 ئامانج کولیایی وەک رۆژنامەوان و پەنابەرێکى UNHCR   لە بابەت کردەوە نایاساییەکانى سیستەمى ئەمنى و دادوەریی حکوومەتى هەرێم، سکاڵانامە پێشکەش بە سێ لیژنەى پەڕلەمانى کوردستان و داواکارى گشتى/ سلێمانى و رێکخراوە NGO   ەکان دەکات.

 بەپێى لێدوانى ناوبراو، لەپاش چاوپێکەوتن لەگەڵ خاتوو کوێستان و خاتوو نەسرین، دوو لە ئەندامانى پەڕلەما نى کوردستان و شی کردنەوەى کێشەکانى، سکاڵانامەکان لە رێگاى نووسینگەى سلێمانیی پەڕلەمانەوە، بە جیا رەوانەى لیژنەکانى یاسایی، ناوخۆ و مافى مرۆڤ کراون و لەبابەت بەدوواداچوونیش پێوەندیی بە هەریەکە لە پەرلەمانتاران سەرگوڵ قەرەداغى، پەیمان عێزەدین، کاک نەریمان و کاک عەبدۆڵڵا، ئەندامانى لیژنەکانەوە، کردووە.

 هەروەها جیا لە کارى ئەو سێ لیژنەیە، نووسینگەى پەڕلەمان لە سلێمانى، لە نووسراوەیەکدا داواى لە پارێزگاى ئەو شارە کردووە هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنى یاسایی کێشەکانى ناوبراو بدات، دووابەدوواى ئەوەى پارتى ئازادیی کوردستان لە سلێمانییش لێنەگەڕاوە ژیانى ئەو ئارامی و ئاسایشى هەبێ و بەو هۆیەوە لە ئاسایشى سلێمانییش سکاڵاى تۆمار کردووە کە وەک پێویست لێکۆڵینەوەى لەسەر نەکراوە.

 هەربۆیە پارێزگاى هەولێر، هاوپێچ لەگەڵ داواکارییەکەى نووسینگەى پەڕلەمان، لە نووسراوەیەکدا داواى لە داواکارى گشتیی سلێمانى کردووە لێکۆڵینەوە و بەدوواداچوونى هەبێ. ئەو داواکارییانە ئێستا پێشکەش بە دادوەر فەرهاد حاتەم حوسەین، بەڕێوەبەرى داواکارى گشتتى سلێمانى کراون.

 هەروەها کولیایی ئاشکراى دەکات کە لە چەند رۆژى رابردوو فیدراسیۆنى پەنابەرانى عێراقى(ئامانج عەبدۆڵا)، رێکخراوى مافى مرۆڤى کوردستان(کاک هەڵشۆ) و لایەنێکى ترى ناحکوومى سکاڵانامەکەیان بۆ رۆیشتووە کە بە وتەى ئەو لەبەر هێندێک هۆکار هیوایەکى وایان بە فیدراسیۆنى پەنابەران نییە و رێکخراوى مافى مرۆڤیش چالاکییەکانى راگیراوە. بەڵام ئەو، ئاواتەخوازە هەوڵ و بەدوواداچوونەکانى لایەنە NGO   ەکەى تر بەردەوام بێت و ببێتە هۆى بەڕێوەچوونى قانوون.

 هەروەها ئامانج کولیایی رادەگەیەنێ کە لە هەوڵى رێکخستنى کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانییە، ئەگەر لەمپەرێک لە بەردەم ئەو کارە دروست نەبێ. ئەو لەمبارەوە دەڵێ:" بە شێوەى حزوورى کێشەکانم بۆ کەناڵەکانى راگەیاندنى وەک NRT   (کاک هیوا)، گەلى کوردستان(کاک هەڵگورد جەلال)، KNN   (کاک ئارى ئەبووبەکر)، تەلەویزیۆنى پەیام(کاک شوان هەورامى) و . . . هتد، باس کردووە و ئەگەر هەلەکەى بڕەخسێ، هەوڵ دەدەم نەک هەر ئەوان بەڵکوو هەموولایەک بانگهێشت بکەم و کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانى پێکبهێنم.

 بە وتەى ناوبراو"وردە ئازادی و دیموکراسییەک لە سلێمانى دەبینرێ"کە هیواى وایە "رێککەوتننامە ئستراتیژییەکەى نێوان پارتى و یەکێتى تێکى نەدا و وەک مەسەلەکەى پارێزگاى سلێمانى چیدیکە رووبەڕووى شتى وەک (ونبوونى فایل)" نەبێتەوە.

 لە سبەى پێنجى مانگى یەکەوە لێکۆڵینەوەى دادگاى سلێمانى بە دادوەریی حاکیم تاهیر بەردەوام دەبێ کە پێشتر(بەو هۆیەوە کە بەشێک لە رووداوەکان لە هەولێر روویانداوە) ئامادەى وەرگرتنى ئەو فایلە نەبووە و بە دەربڕینى ناڕەزایەتیی ئامانج کولیایی لە لاى رەئیسى دادگاى سلێمانى، وەئەستۆى گرتووە. (لەو فایلەدا وەک نووسراوەکانى نووسینگەى پەڕلەمان بە ناوى سێانى ناوبراو تۆمار کراوە: مورتەزا حوسەین میرزا)

 لە لایەکى ترەوە بەشى رامیاریی ئاسایشى گشتیی سلێمانى رێگاى بە کولیایی نەداوە لەو شارە نێشتەجێ بێت و وتوویانە: ناتوانن لەبەر خاترى هەڵکەوتى ئەو شارە و نزیکبوونى لە سنوور و مەسەلەى ئەمنییەوە، قبووڵى ئەوە بکەن و داوایانکردووە سلێمانى بەجێ بهێڵێت. ئەوە لە حاڵێکدایە کە پێشتریش ئاژانسى پاراستن (کە ئێستا بە هۆى "هاوکاریی تیرۆریزم- کردەوەکەى گەڕەکى موفتى" و "تەزویرى حاکیمى ئاسایش- کردەوەکەى ئەمین عامەکان")ەوە سکاڵاى لەسەر نووسراوە،  بڕیارى دابوو ئامانج کولیایی هەرێمى کوردستان بەجێ بهێڵێ.

 جێی ئاماژەیە کە زۆربەى ئەوراق و مەدارکى شەخسیی ناوبراو لە لاى پارتى ئازادیی کوردستانەوەیە و بە سکاڵا، داواکارى لە مەکتەبى سیاسیی پارتى، پۆلیسى ئیسکان، ئاسایشى گشتیی هەولێر و ئاژانسی پاراستنیش نەدراوەتەوە. بۆیە کولیایی رێگاى چوونەدەرەوەى وڵاتى نییە و حکوومەتی هەرێمیش ئەمە دەزانێ و دەیانهەوێ بەو گوشارانە ناوبراو ناچار بە خۆ تەسلیمکردنەوە بە کۆمارى ئیسلامى بکەن کە کۆنسوولخانەى ئەو حکوومەتە لە زیندان هەوڵى بۆ ئەوە داوە و ناوبراو ئامادەى خۆفرۆشتن نەبووە.

 لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ئامانج کولیایی ترسی خۆى لەوە ناشارێتەوە کە ئەگەرى ئەوە هەیە کە ئەو سێ لیژنەیەى پەڕلەمانى کوردستان بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان و هەڵوێستەکانى حکوومەت، رووبەڕووى گرفت و دانانى یاساى تازە بۆ سنووردارتر کردنى کارەکانیان ببنەوە.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.