رووداوەکان وا نیشان دەدەن کە بەرژەوەندی تاکە کەس و بۆخۆپچڕین، بارودۆخەکە بەرەو لێکترازان دەباتەوەو جارێکی تر کورد بەدەستی خۆی ئەو بەشە ئازادکراوە دابەش دەکاتەوە.
وەک دەبینن، ئەو نەخشە رەنگینە قاوەیەی کە دیارە، شەش یەکی خاکی خوارووی کوردستانە، کە لەسایەی ئەمەریکاو بەریتانیا ئەو رەنگە قاوییە لەژێر دەسەڵاتی کوردی دایە، بە مانای خاکی خوارووی کوردستان پێش بەدیهاتنی ئیسلام شەش ئەوەندە بووە، لەشکری ئیسلامی عەرەبی تا بەدیهاتنی دەسەڵاتداریەتی تورکەکان، سێبەشی خوارووی کوردستانی داگیر کرد، تورکەکانیش بەشێکیان داگیرکردو تورکە لات و پاتەکانیان لەسەر نیشتەجێ کرد کە پێیان دەگورتێ تورکمان، دوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقیش لەو هەشتا ساڵەدا عەرەبەکان زیاتر هاتنە پێشەوە و بەشێکی تریشیان داگیرکرد، ئێستا لەو هەموو خاکەی خوارووی کوردستان ئەوەندە رەنگ قاوەیە بەدەست کوردەوەیەو وا ململانە لەسەر دەسەڵات، جارێکی تر دەیانەوێ ئەوندە خاکەش دابەش بکەنەوە.
وا بیست ساڵە ئەمەریکاو بەریتانیا ئەو سێ پارێزگایەی سلەیمانی و هەولێرو دهۆک دەپارێزێ و کوردەکانی هانداوە بۆ دروست کردنی فەرمانڕاوییەکی کوردی بۆ ئەوەی کوردەکان فێری خۆ بەرێوەبردن ببن، بەڵام داخەکەم لەجیاتی ئەوە فێری گەندەڵی لەیەکتر راستبوونەوە بوین.
ئێمە گوتمان کورد راپەرێ و بەهۆی راپەرینەکەوە گۆرانکاری لەدەسەڵات بکرێ و قەوارەی داوای کورد گەورەتر بکرێ بۆ بەدەستهێنانەوەی خاکە داگیرکراوەکان و یارمەتی بەشەکانی تری کوردستان، کەچی لەجیاتی ئەوە خەریکە دەنگی راپەرین بکرێتە چەقوەی دابەشکردنەوەی ئەو بەشەی خوارووی کوردستان.
هەڵسوکەوت و داوای بەشێک لە راپەریوان بۆ بەدەرنانی یەکتر لەژێر دەسەڵاتی خۆیان، رێرەوی راپەرینەکە دەگۆرێت و لەجیاتی لەیەکتر نزیک کردنەوەی خەڵکەکە، کۆمەڵگا لەیەکتر دووردەخاتەوەو دابڕانێک دروست دەبێت و وەک جاران دەبێتەوە دوو بەرێوەبەرایەتی، گۆران و کۆمەڵ و یەکگرتوو نەدەبوو هەوڵی بەدەرنانی پارتی بدەن لە بەشی سلەیمانی، پارتیش نەدەبوو هەوڵی بەدەرنانی ئەوانی بدابایە لەبەشی هەولێرو دهۆک، ئێمە وەک دەنگی نەتەوەیی هەڵوێستی هەردولایان بە کارێکی نارەوا دەزانین و پێمان وایە ئەو کارە دەبێتە هۆی دابەشکرانەوەی ئەو بەشەی کوردستان و دوو ئیدارەیی، کە ئەوەش دەبێتە هۆی دڵگران بوونی تێکڕای گەلی کوردو هاوپەیمانان.
پڕۆژەکەی ئێمە بۆ گۆڕانکاری دەسەڵات لەسەرەوە بۆ خوارەوەو هاتنە کایەی خەلکانێکی بێ لایەن بۆ ماوەی ساڵێک تا هەڵبژاردنی داهاتوو دەکرێ، ئەوەش دەبێتە هۆی لەناوبردنی ناکۆکیەکان و دڵخۆشی هاوپەیمانان و گەورەبوونی قەوارەی راپەڕینەکە بەرەو بەشەکانی تری کوردستان.
سەردار پشدەری
١ – ٣ – ٢٠١١
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
