نازانم ئه‌و وته‌یه هی کێیه یان هی چ نه‌ته‌وه‌یه‌که، به‌ڵام زۆرجار بیستوومه که ده‌ڵێن: (چه‌ک و پێنووس هه‌مان کاریگه‌رییان هه‌یه). به بۆچوونی به‌نده‌ش ئه‌وه‌ی که سه‌ربازێک، ئه‌فسه‌رێک، سیخوڕێک، خۆفرۆشێک، جاشێک یان سه‌رۆک جاشێکی جاشه سووکه‌کان له قادسیه دۆڕاوه‌که‌ی سه‌دام و شاڵاوه دڕنده‌کانی ئه‌نفالدا کردوویه‌تی، جاش نووسه‌رێک، جاش رۆشنبیرێک یان جاش مه‌لایه‌کی کورد هه‌مان شتی کردووه به پێنووسه‌که‌ی یان سه‌کۆی ووتاردانی مزگه‌وته‌کانیان، که هه‌ردوو لایان هه‌م پارێزگاری‌یان له رژێمی دکتاتۆری و ره‌گه‌زپه‌رستی سه‌دام و به‌عس کردووه، هه‌م بوونه‌ته داینه‌مۆی ته‌مه‌ن درێژی ئه‌و حزب و حکومه‌ته شۆڤینی و دژ به کورد و کوردستانه. بۆیه ئه‌وه‌نده‌ی پێویسته سه‌رکۆنه‌ی ئه‌و سه‌رۆک جاشه ئه‌نفالچیانه (که پێموایه هه‌ر هه‌موو سه‌رۆک جاشه‌کان ئه‌نفالچی نین) بکرێت، ئه‌وه‌نده‌ش سه‌رکۆنه‌ی جاش نووسه‌ره‌کان و جاش مه‌لاکانی قادسیه‌ی سه‌دام بکرێت، که سه‌دامی دیکتاتۆر خۆی نازناوی فه‌یله‌قی هه‌شتی له راگه‌یاندن نابوو. ئه‌وه‌ی که پێی ده‌ڵێن سوپای ئێراق حه‌وت فه‌یله‌ق بوو، به‌ڵام سه‌دام له‌به‌ر کاریگه‌ری پۆزه‌تیڤی راگه‌یاندن له سه‌ر شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی نێوان ئێراق – ئێران و خزمه‌تی زۆری ئه‌وان بۆ رژێمه‌که‌ی به‌عس، بۆیه راگه‌یاندنی به فه‌یله‌قی هه‌شته‌م ناوده‌برد. هیچ جیاوازییه‌ک نابینم له نێوان جاشێک یان جاش نووسه‌رێک و جاش مه‌لایه‌ک که گشتیان له لایه‌ک له خزمه‌تی داگیرکه‌ران و دوژمن‌دا بووینه واته به‌کرێگیراو و خۆفرۆش بووینه، له لایه‌کی تریشه‌وه دژی به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاکانی نه‌ته‌وه‌و نیشتمانی خۆیان (باشووری کوردستان) کاریان کردووه.
سه‌ره‌تا پێویسته ئه‌وه بڵێم، کێشه‌ی تایبه‌تیم له‌گه‌ڵ هیچ که‌سێک له سه‌رۆک جاشه‌کان، فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه تایبه‌تییه‌کان، جاش نووسه‌ر و جاش مه‌لاکان نه‌بووه و نییه، ئه‌وه‌ی که تاوه‌کو ئێستاکه نووسیومن و له داهاتووشدا ده‌ینووسم به‌پێی به‌ڵگه‌کانه. هه‌ر که‌سێکیش پێیوایه که به‌نده سووکایه‌تی پێده‌کات و ناوی ده‌زڕێنێت له رێگای ئاشکراکردنی به‌ڵگه‌نامه‌کان که به‌شداری ئه‌وان ده‌رده‌خات له شاڵاوی ئه‌نفاله‌کان، شه‌هیدکردنی هاووڵاتی و پێشمه‌رگه، به زیندانیکردن و له سێداره‌دانی قاره‌مانانی رێکخستن، یان هه‌ڵبه‌ست و ووتاره بێماناکانیان و ده‌ستخۆشی کردنیان له سه‌دامی دکتاتۆر و به‌ناو سوپای ئێراق و به‌کارهێنانی سه‌کۆی مزگه‌وته‌کان و پێگه‌ی ئایینی‌یان بۆ خزمه‌تی سه‌دام و رژێمه‌که‌ی، به‌ر له هه‌موو شتێک ئه‌و جۆره که‌سانه خۆیان بوونه‌ته هۆکاری سووککردن و ناوزڕاندنی خۆیان به‌کاره شه‌رم ئامێزه‌کانیان.
خۆم گله‌ییم به‌ته‌نیا له‌و پیاوانه‌ی رژێم نییه که کاتی خۆی خزمه‌تی رژێمی به‌عسیان کردووه، به‌ڵکو گله‌ییم له‌و رۆشنبیر، نووسه‌ر، هه‌ڵبه‌ستوان، رۆژنامه‌نووس، پیاوانی ئایینی و هه‌ڵگری باوه‌ڕنامه به‌رزه‌کان هه‌یه که ده‌بنه زوڕناژه‌نی ده‌سه‌ڵاتی کوردی و داکۆکی بێ‌مانا له گه‌نده‌ڵکارانی ناو حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ن، یاخود ژێر به‌ژێر مووچه، زه‌وی، خانوو، ده‌فته‌ره دۆلار و ده‌ستکه‌وتی تایبه‌تی له حکومه‌ت یان هه‌ردوو پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌ی باشووری کوردستان وه‌رده‌گرن و سامانی نه‌ته‌وه به شێوه‌یه‌کی ناڕه‌وا بۆ خۆیان ده‌به‌ن.
با ئه‌و چیڕۆکه‌تان بۆ بگێڕمه‌وه که له کۆتایی مانگی مارسی ساڵی (2010)دا به‌سه‌ر خۆم هات له‌کاتی سه‌ردانمدا بۆ باشووری کوردستان. له کۆتایی مانگی ئاماژه پێکراو له سه‌ره‌وه‌دا، دوای ته‌له‌فۆن کردنم بۆ رۆژنامه‌نووسێک، ئێواره‌که‌ی ته‌له‌فۆنی بۆ کردمه‌وه‌و هات به‌شوێنمدا و چووین له چێشتخانه‌ی ئه‌ستێره سه‌ر رێگای هه‌ولێر – که‌رکوک له هه‌ولێر نانێکمان به‌یه‌که‌وه خوارد. له‌کاتی گفتوگۆکردندا پێمگووت: (پێش چه‌ند رۆژێک ئه‌ندامێکی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتییم بینی، داوای‌کرد به‌ر له گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ دانیمارک سه‌ردانی بکه‌مه‌وه، پێمخۆشه له سه‌ردانی داهاتوومدا بۆلای ئه‌و، داوای ئه‌وه‌ی لێبکه‌م که یارمه‌تیت بده‌ن بۆئه‌وه‌ی هه‌م ماسته‌رنامه و هه‌م دکتۆرا بخوێنیت).
رۆژنامه‌نووسه‌که گووتی: نا کاکه گیان ئه‌و داوایه له‌و پیاوه و له‌وانه مه‌که له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک قسه‌ی ناشیرین کابراو به حزبه‌که‌شی.
گووتم: کاکه گیان تۆ ناچیت ببیت به یه‌کێتیی! خۆت ده‌زانی ئه‌وان ئه‌گه‌ر بۆت بکه‌ن له‌به‌ر خه‌باتی رابردووت و پاکی خۆت و بنه‌ماڵه‌که‌تانه ده‌یکه‌ن، که هه‌م شه‌هیدیشتان هه‌یه!
به‌ر له رۆیشتنمان رۆژنامه‌نووسه‌که سوێندی دام به گۆڕی شه‌هیدی برام که ئه‌و داوایه لای ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسییه‌که بۆ ئه‌و نه‌که‌م. سوێندم بۆی خوارد که واز له‌و بیرۆکه‌یه بێنم. به‌ڵام ئه‌وه وه‌کو شتێک هه‌ر له دڵم مایه‌وه. دوای چه‌ند رۆژێک که سه‌ره‌تای مانگی ئه‌پریل بوو بۆ کارێک له‌گه‌ڵ براده‌رێکم رێگامان که‌وته لای به‌رپرسێکی باڵای حکومه‌تی هه‌رێم. دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌رپرسه باڵایه کاره‌که‌ی بۆ کردین، داوای‌کرد هه‌ر ئیشێکی ترمان هه‌بێت به‌سه‌ر چاوان بۆمانی ده‌کات. یه‌کسه‌ر ئیشی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌م بیرکه‌وته‌وه و به‌و به‌رپرسه‌م گووت: (فلان کوڕی فلان، که رۆژنامه‌نووسه. به‌ڕاستی حه‌زده‌که‌م شتێکی بۆ بکه‌ن که بنه‌ماڵه‌که‌یان قوربانی زۆریان داوه و تێکۆشه‌رێکی ماندوو نه‌ناس بووه. خۆی سوێندی داوم به گۆڕی شه‌هیدی برام که ئه‌و داواکارییه‌ی لای ئه‌و برایه‌ی مه‌کته‌بی سیاسی بۆ نه‌که‌م، ئه‌گینا خۆم داوام ده‌کرد. به‌ڵام تۆ بۆی هه‌وڵبده و به‌لای که‌مه‌وه یارمه‌تی بده‌ن بۆئه‌وه‌ی ماسته‌رنامه‌و دکتۆرا ته‌واو بکات).
به‌رپرسه باڵاکه گووتی: (ده‌زانی به‌زه‌ییم به‌حاڵی تۆدا دێته‌وه، بۆ تۆ بۆ خۆت هه‌وڵ ناده‌ی و بۆ خه‌ڵک هه‌وڵده‌ده‌ی؟ ده باش بزانه ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ی که تۆ باسی ده‌که‌ی به‌خوێنی شه‌هیدی برام هه‌موو مانگێک مووچه‌ی (ئه‌ندام یان کارگێڕی مه‌ڵبه‌ند) له خۆم وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام پێی خۆش نییه که‌س بزانێت که بۆ ئێمه ئیش ده‌کات).
دوای ئه‌و قسانه‌ی ئه‌و به‌رپرسه باڵایه زۆر هه‌ڵچووم و قسه‌ی زۆرم به که‌سانی پاره‌په‌رست و مرۆڤی بووده‌ڵه گووت، کاتێک که به‌رپرسه باڵاکه زانی زۆر کاری تێ‌کردم بۆیه پێی گووتم: (کاک ده‌رسیم، به‌ڵام ئه‌و قسه‌یه (جه‌ست فۆر یوو – واته ته‌نیا بۆ تۆ و لای خۆت ده‌رنه‌چێت)، که خۆی پێی خۆش نییه خه‌ڵک بیزانێت)!
باوه‌ڕتان هه‌بێت له‌و رۆژه‌وه ئه‌و رۆژنامه‌نووسه لای به‌نده وه‌کو سیخوڕێکی سه‌رده‌می رژێمی سه‌دام که به‌نهێنی خزمه‌تی به‌عسی ده‌کرد لێهاتووه، ئه‌وه‌نده بچووک بۆته‌وه که له رێزی سه‌رۆک جاشه ئه‌نفالچییه‌کان، فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه تایبه‌تییه‌کان، به‌کرێگیراوانی به‌عس، خۆفرۆشان به سه‌دام و مه‌لایه‌کی ده‌ستخۆشکاری ئه‌نفال له سه‌دام و به‌عس ده‌یبینم. ئاخر ئه‌گه‌ر پێیوایه یه‌کێتیی بوون شه‌رم نییه، بۆ به ئاشکرا نابێت به یه‌کێتیی، خۆ ئه‌گه‌ر یه‌کێتیی بوونیش به شه‌رم ده‌زانێت، بۆ له‌پێناوی پاره ده‌بێت به یه‌کێتیی؟ ئایا کارکردن بۆ لایه‌نێک که باوه‌ڕت پێی نه‌بێت و ته‌نیا له‌پێناوی پاره به‌نهێنی ببیته ئه‌ندام، چ جیاوازییه‌کی هه‌یه له‌گه‌ڵ جاشێتی و سیخوڕێکی به‌عس؟ هه‌رچه‌نده ئه‌ندام بوونی که‌سانی تر به ئاشکرا له هه‌ر پارتێک به شه‌رمه‌زاری نازانم بۆ که‌سه‌کان، به مه‌رجێک خۆیان نه‌دۆڕێنن و هه‌رده‌م راسییه‌کان بڵێن و چاوپۆشی له که‌موکوڕی و گه‌نده‌ڵییه‌کانی پارته‌که‌یان نه‌که‌ن!
نیاز وانه‌بوو بوڕهان هه‌ژار بکه‌م به به‌شی یه‌که‌می زنجیره ووتاره‌که‌م، به‌ڵام کاتێک که بینیم له دوو به‌شی دیمانه‌که‌ی که رۆژنامه‌نووس رزگار چوچانی له‌گه‌ڵی ئه‌نجام داوه، ئه‌ویش هه‌ر به‌شێوه‌ی سه‌رۆک جاش و فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه تایبه‌تییه‌کانی رژێم که به‌شداری ئه‌نفالیان کردووه تاوانه‌که له‌سه‌ر خۆیان لاده‌ده‌ن، بۆیه ئه‌وم پێشخست.
بوڕهان هه‌ژار به‌لای به‌نده‌وه قسه‌کانی ئه‌وه‌نده جێگای متمانه نین که له هه‌ردوو به‌شی دیمانه‌که‌دا کردوونی، چونکه ئه‌و ته‌نیا ئاماژه به چه‌ند کورته نوسینێکی شلۆق ده‌کات، که گوایه دوای ده‌رچوونی له زیندان له ساڵی (1986)دا له رۆژنامه‌ی هاوکاری بۆ به‌رژه‌وه‌ندی رژێم به‌ناوی خۆیه‌وه نووسیونێتی! ئه‌وکاره‌شی گوایه له‌پێناوی ئه‌وه کردووه تا گومان له‌سه‌ر خۆی لابدات لای ده‌زگا سه‌رکوتکه‌ره‌کانی رژێم، نه‌وه‌ک جارێکی تر بیگرنه‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌یخه‌مه‌ڕوو، که نووسینێکی بوڕهان هه‌ژاره و له‌ژێرناوی (بێ تۆ حه‌رامه کوردستان)، له لاپه‌ڕه (2)ی ژماره (1133)ی رۆژنامه‌ی هاوکاری، رۆژی پێنجشه‌ممه، رێکه‌وتی (7.12.1989)دا بڵاویکردۆته‌وه، سنووری ئه‌و نووسینه شلۆقانه ده‌به‌زێنێ! بۆیه له خوێنه‌رانی ده‌پرسم، ئایا نووسینه‌که ته‌نیا له‌پێناوی گومان لادان له‌سه‌رخۆ بووه، یان ده‌چێته خانه‌ی به‌گرێگیراوێتی و جاشێتی نووسه‌ری ئه‌و بابه‌ته؟ بوڕهان هه‌ژار ئه‌و ووتاره‌ی له کۆتایی ساڵی (1989)دا نووسیووه نه‌ک ساڵی (1986)، که لێره‌دا ته‌نیا ئاماژه به‌یه‌ک کۆپڵه ده‌ده‌م و ئه‌وه‌ی تر خوێنه‌ر ده‌توانێت خۆی بیخوێنێته‌وه، که له‌و کۆپڵه‌یه‌دا نووسیوێتی: (کوردستان به تۆوه شیرینه ئه‌ی به‌چکه‌شێری عێراق .. گه‌ر تۆ نه‌بی حاڵی کوردستان حه‌ڵوه‌لایه به ده‌ست سه‌گ و گورگه‌وه. چونکه عه‌شق و خۆشه‌ویستیت بۆ کوردستان له دڵه گه‌وره‌که‌تا، حه‌شارداوه، حه‌ز ده‌که‌یت رۆژ له‌دوای رۆژ کوردستان ئاوه‌دان بێت و گه‌شاوه‌تر بێت .. خه‌ڵکی به به‌ختیاری و کامه‌رانی زامنتربێ و ده‌ستی چه‌په‌ڵی خۆفرۆشانی لێوه دووربێت).
جا توو ویژدانتان ئه‌و هه‌موو ستایشه‌ی بوڕهان هه‌ژار به خوێن رێژێکی وه‌کو سه‌دامی دیکتاتۆر و سووکایه‌تی کردن به پێشمه‌رگه‌و تێکۆشه‌رانی نه‌ته‌وه‌که‌مان و ناوهێنانیان به سه‌گ، گورگ و خۆفرۆشان، ده‌چێته خانه‌ی گومان لاده‌ن له‌سه‌ر خۆ؟ یان ئه‌وه خزمه‌تکردن به دوژمنان و نۆکه‌رێتییه بۆ سه‌دام و به‌عس؟

|
|
|
10.1.2011 دووشه‌ممه |
|
|
|
|
