له راگه‌یاندنێکی رێکخراوی چاودێری کوردۆساید له‌ژێر ناوی (چاودێری کوردۆساید / چاک (9) ساڵ ته‌مه‌نی پڕ له چالاکی به‌ڕێکرد)دا، بانگێشه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن که ئه‌وان واته (رێکخراوی چاودێری کوردۆساید) هه‌وڵی به دادگایی‌کردنی تۆمه‌تبار (نزار خه‌زره‌جی)یان داوه.
راگه‌یاندنه‌که‌ی چاودێری کوردۆساید له رێکه‌وتی (4.1.2011)دا له چه‌ندین ماڵپه‌ڕی ئه‌لیکترۆنیدا بڵاوکراوه‌ته‌وه. ته‌نیا ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به دادگایی‌کردنی تۆمه‌تبار نزار خه‌زره‌جی که مه‌به‌ستی به‌نده‌یه و ده‌مه‌وێت روونکردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر بده‌م، رێکخراوه‌که به‌مشێوه‌یه نووسیوێتی: (چاک هه‌وڵی به‌دادگایی گه‌یاندنی نه‌زار خه‌زره‌جی، وه‌فیق سامه‌ڕائی، عه‌باسی بایز ئاغا و هادی شاوێس .... و سکاڵا تۆمار کردن له‌سه‌ر زۆر تاوانکاری دیکه‌ی کردووه).
به‌ر له هه‌موو شتێک ئه‌و ده‌ربڕینه‌ی چاودێری کوردۆساید سه‌باره‌ت به هه‌وڵه‌کانی دادگایی‌کردنی تۆمه‌تبار نزار خه‌زره‌جی له دانمارک، ئه‌گه‌ر بێتوو بۆچوونی ته‌واوی رێکخراوه‌که‌و ئه‌ندامه‌کانی بێت، کارێکی زۆر بێ ویژدانانه‌یه و به کۆده‌تایه‌کی ده‌زانم، ئه‌گه‌ریش که‌سێک یان چه‌ند که‌سانێک ئه‌و بۆچوونه‌یان هه‌یه له‌ناو رێکخراوه‌که‌دا یان هه‌ڵه‌یه‌ک بووه رێکخراوه‌که کردوویه‌تی پێویسته ئه‌و هه‌ڵه‌یه راست بکه‌نه‌وه و روونکردنه‌وه‌یه‌ک رابگه‌یه‌نن. خۆ ئه‌گه‌ر سووریشن له‌سه‌ر بۆچوونه‌که‌یان با به‌ڵگه‌کان بخه‌نه‌ڕوو!
لێره‌دا به‌کورتی تیشک ده‌خه‌مه سه‌ر هه‌ندێک له هه‌وڵه‌کانی خۆم له‌پێناوی به دادگایی‌کردنی تۆمه‌تبار نزار خه‌زره‌جی، که هه‌رگیز حه‌زم به‌وکاره نه‌کردووه، به‌ڵام کاتێک که مرۆڤ ده‌بینێ که‌سانێکی تر شه‌ونخوونی و ماندووبوونت به‌تاڵان ده‌به‌ن، ئه‌سته‌مه بۆت بتوانی دان به‌خۆتدا بگریت. بێده‌نگی له کارێکی ئاوا‌و وه‌ڵام نه‌دانه‌وه مانای په‌سه‌ندکردنی به‌فیڕۆدانی هه‌وڵه‌کانی مرۆڤ خۆیه‌تی، بۆیه هه‌روه‌کو گووتم به‌ناچاری ئه‌و وه‌ڵامم دانه‌وه، هه‌رکاتێک پێویستیکرد به‌ڵگه‌کانیش ده‌خه‌مه‌ڕوو:
- به‌نده رۆژی شه‌ممه، رێکه‌وتی (29.9.2001) په‌یوه‌ندی کردووه به هه‌ردوو که‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنییه زۆرتر ناسراوه‌که‌ی ئه‌وکاتی دانمارکی (DR1 + TV2) به مه‌به‌ستی بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵی بوونی سه‌رۆک ئه‌رکانی سوپای ئێراق فه‌ریق روکن نزار عه‌بدولکه‌ریم فه‌یسه‌ڵ خه‌زره‌جی له دانیمارک. ئه‌وکاته هێشتاکه رێکخراوی چاک (ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌و دژ به ئه‌نفالکردن و جینۆسایدی گه‌لی کورد) له دایک نه‌ببوو! ئه‌گه‌ر ئه‌و رێکخراوه که تا ئه‌وکات له‌دایک نه‌بووه، خۆ ناشکرێت بڵێن چاک نزار خه‌زره‌جی ئاشکرا کردووه، با وه‌ڵام بده‌نه‌وه.
- رۆژی سێشه‌ممه، رێکه‌وتی (2.10.2001)، ده‌یان جار په‌یوه‌ندیم کردووه به وه‌زاره‌تی دادی دانیمارکی و سه‌رۆکی دادگای باڵای دانیمارک هێنینگ فوذه (Henning Fode) و، هه‌مان رۆژ سکاڵام له‌دژی تۆمه‌تبار نزار خه‌زره‌جی تۆمارکرد و ناردم بۆ ناوبراو. ئه‌گه‌ر که‌سێکی تر پێش به‌نده ئه‌وه‌ی کردووه یان رێکخراوی چاک که هێشتاکه دروست نه‌ببوو سکاڵای له‌دژی خه‌زره‌جی تۆمارکردووه، با بێنه وه‌ڵامم!
- ئێمه له دانیمارک کۆمیته‌یه‌کمان له‌سه‌ر پێشنیازی خۆم دامه‌زراند، که تا ئه‌وکاته به‌ته‌نیا زۆر هیلاک بووم و کاره‌کانم بۆ نه‌ده‌کرا. یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌مان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له رۆژی یه‌کشه‌ممه، رێکه‌وتی (28.10.2001) له شارۆچکه‌ی غۆسکیله (Roskilde)ی نزیک پایته‌ختی دانیمارک کۆپنهاون بوو، که هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ش (کۆمیته‌ی خستنه‌گه‌ڕی هه‌وڵه‌کان بۆ دادگایی‌کردنی تۆمه‌تبار نزار خه‌زره‌جی له دانیمارک) راگه‌یه‌نرا، که دوو مانگ و یه‌ک هه‌فته دواتر ئینجا رێکخراوی چاک دامه‌زرا! گومانیش له‌وه‌دا نییه که هێشتاکه رێکخراوێک بوونی نه‌بووبێت، که‌واته به‌دڵنیایی نه نوێنه‌ری ئاماده‌ی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه بووه نه ئه‌ندامێکیشی!
- دامه‌زراندنی کۆمیته‌یه‌ک له دانیماک به‌م ناوه‌ی سه‌ره‌وه، بێگومان بۆ هه‌وڵی به‌دادگاییکردنی تۆمه‌تبار (نزار خه‌زره‌جی) بووه به تاوانی ئه‌نفال و جینۆسایدکردنی گه‌لی باشووری کوردستان، که‌واته هه‌ر رێکخراوێکی تر جگه له کۆمیته‌ی خستنه‌گه‌ڕی هه‌وڵه‌کان بۆ دادگایی‌کردنی تۆمه‌تبار نزار خه‌زره‌جی، وانیشان بدات که ئه‌و هه‌وڵی به‌دادگاییکردنی تۆمه‌تبار نزار خه‌زره‌جی داوه دووره له‌ڕاستی و جێگای متمانه نییه. به‌ڵام له هه‌مان کات نه کۆمیته‌ی خستنه‌گه‌ڕی هه‌وڵه‌کان بۆ به‌دادگاییکردنی تۆمه‌تبار نزار خه‌زره‌جی له دانیمارک و نه به‌نده‌ش نکۆڵی له پشتیوانی و هاوکاری ژووری پێشکه‌وتن خوازان له پاڵتاک، رێکخراوی چاک که ئێستاکه بوونه دووبه‌ش (ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌و دژ به ئه‌نفالکردن و جینۆسایدی گه‌لی کورد) و رێکخراوی چاودێری کوردۆساید، رۆشنبیران، نووسه‌ران، سیاسه‌تمه‌داران، کوردپه‌روه‌ران، پێشمه‌رگه دێرینه‌کان و چه‌ندین پارت، کۆمه‌ڵه‌و رێکخراوی تری کوردستانی و کوردی له کوردستان و هه‌نده‌ران ناکه‌ین، که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هاوکاری و پشتیوانی خۆیان بۆ ئێمه راگه‌یاند. له‌هه‌مان کاتیش‌دا رێگه ناده‌ین نه به رێکخراوی چاودێری کوردۆساید و نه به هیچ لایه‌ن و که‌سانێکی تر به‌ری ره‌نج، خه‌بات، تێکۆشان و ماندووبوونی هه‌وڵه‌کانی ئێمه بۆ به‌دادگاییکردنی تۆمه‌تبار نزار خه‌زره‌جی سه‌رۆکی به‌ناو ئه‌رکانی سوپای سه‌دام و ئێراق، بکه‌ن به‌هی خۆیان و وا نیشان بده‌ن که ته‌نیا خۆیان تاقه شۆڕه‌سواری گۆڕه‌پانی هه‌وڵه‌کان بووینه له‌پێناوی سه‌رکه‌وتنی ئه‌و هه‌وڵه‌ی کۆمیته‌که‌مان له دانیمارک!
- بۆ زانیاری زۆرتر، بەندە لە ژمارە (3)ی ساڵی سێهەمی رێکه‌وتی (14.4.2006)ی ساڵنامەی ئەنفالستاندا، دیدارێكم لەگەڵدا سازدراوە‌و ئەو پرسیارەیان ئاراستەكردووم، ئایا هەرخۆت بیرت لەم ئەركە نیشتمانیە كردەوە یان رێكخراوەكانی تر‌و كەسایەتی تر هاوكارت بوون؟ لەوێ وەڵامی تەواوم داوەتەوە، كێ دەیەوێت بابچێت وەڵامەكەم لە لاپەره‌کانی (15+16)دا بخوێنێتەوە. ئەوكاتە سەرنووسەری ئەو ساڵنامه‌یه بەڕێوەبەری لقی سلیمانی ناوەندی چاك بوو. ئەمەو لە چەندین رۆژنامەو بڵاوكراوەی ئەو سەروەختەدا راستی ئەم پرسه‌یە ساغكراوەتەوە.
- لێره‌دا له‌پێناوی دووباره نه‌بوونه‌وه‌ی کارێکی وا له‌لایه‌ن هه‌ر رێکخراوێک و لایه‌نێک له داهاتوودا، به‌ناچاری رایده‌گه‌یه‌نم که به‌نده له مانگی ئه‌پڕیڵی ساڵی (2007)دا فه‌رمانده‌ی پێشووی فه‌یله‌قی پێنجی بنکه له هه‌ولێری سه‌رده‌می ئه‌نفاله‌کان له ساڵی (1988)دا لیوا روکن نوعمه فارس حوسێن ئه‌لمحیاوی به هاوکاری پۆلیس و دادگای دانیمارکی توانیم ئه‌و تاوانباره له نه‌مسا – ڤیه‌نا بدۆزمه‌وه‌و، دواتر له‌سه‌ر پێشنیازی دادگای دانیمارک که وایان پێ باشتر بوو هه‌ریه‌ک له چه‌ند ئه‌ندامێکی سه‌ربه کوردۆساید و رێکخراوی چاودێری کوردۆساید سکاڵامان له‌سه‌ر تۆمه‌تباری ناوبراو تۆمارکردو سکاڵاکانمان بۆ پۆلیسی نه‌مساوی نارد. هه‌ر که‌سێک یان لایه‌نێک رۆژێک له رۆژان شتێکی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه باس‌بکات، به‌دڵنیاییه‌وه دووره له راستی.
|
6.1.2011 پێنجشه‌ممه |
|
ده‌رسیم دیبه‌گه‌یی |
|
|
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
