کاک پێشرەو دڵنییایی ئێستا راستی؟ ... حسێن حسێنی

کاک پێشرەو ئیسماعیل عارف لە وتارێکی دورودرێژدا کە لە سایتی سبەی بڵاوی کردوەتەوە، وڵامی وتارێکی کورتی من و کاک بەدران حەبیبی پێکەوە داوەتەوە و ئێمەی بە سابیرە فەندی شوبهاندوە، کە کاسبکارێکی موحافزەکاری شاری سلێمانی بووە .من لێرەدا بەس باسی وتارەکەی خۆم و وڵامەکەی کاک پێشڕەو دەکەم و ئەو بەشەی تری پێوەندی بە کاک بەدران حەبیب خۆیەوە هەیە.سەرەتا من کاک پێشرەو ناناسم، بەڵام دوایی خوێندنەوەی ئەو بابەتەی لە گەڕانێکی گوگڵ بینیم کە کۆمەڵێک بابەتی لە سایتی کوردستانپۆستدا بڵاوکردوەتەوە بە خوێندنەوەی ئەو وتارانە بۆم دەرکەوت پێشتر بەرپرسی پێوەندییەکانی پارتی بووە لە وڵاتی بەلجیکا و تاوەکو ساڵی( ٢٠٠٨) کاری بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە و هەروەها بە پێی نووسراوێکیتریشی لە هەرەتی گەنجەتییدا ئەندامی چالاکی کۆمەڵەی رەنجدەران بووە .بەڵام من لە تەمنەمدا ئەندامی هیچ پارت و رێکخراوێکی ئەم جیهانە نەبوومە ئەوەی کاری باشی کردبێت، پێم وتووە باش و ئەوەی کاری خراپی کردبێت پێمووتوە خراپ، دوایی ئەوەی ساڵی (٢٠٠٠ )کیژێکی خەلکی سلێمانییم خواست و لەم شارە چەقییم (بە شانازییەوە) ئەو رێگەیەی خۆم درێژە پێداوە لە لای من هەموو کورد لە ناو کەشتییەکدان هەموومان دەبێت پێکەوە ئەو کەشتییە بپارێزیین رق و کینە بەس رق و کینە بەرهەم دەهینێت، کاک پێشرەو کە چەندین بازبازێنی حیزبی کردوە و شارازای کاری سیاسییە دەبێت باش لەمە بگات .با ئەوەش بڵێم ئەو وتارەی من دورونزییک هیچ پیوەندێکی بە بارۆدۆخی کوردستانی باشورەوە نییە بەڵکو ئەوەی هەبوو بەراوردێک بوو لە نێوان تونس و ئێران، ئەوەش کە باسی شا و دوایی روخانی شام کردوە بە مانای ئەوە نییە کە بڵێم شای ئێران کەسێکی دادگەر بوو و کۆمەڵێک ستمکار روخاندیان بەلکو مەبەستم ئەوەیە، ستمکارێکی مودێرن و پێشکەوتنخواز گۆڕدرا بە ستمکارێکی تاریک بین و سەرکوتکارتر، گۆڕانی دیکتاتۆری پۆستاڵ بە دیکتاتۆری نەعلین ( مەلاکانی ئێران زۆربەی کات نەعل لە پێ دەکەن) .دیکتاتۆری پۆستاڵ لانی کەم کاری بەسەر ژیانی تایبەتی هاوڵاتیانەوە نییە بەڵام دیکتاتۆری نەعل هەموو خانەکانی مێشکیشت دەگەڕێت تاوەکو بزانێت چۆن بیردەکەیتەوە، ئەمە تەنها قسەی من نییە، موسەوی و کەروبیش کە رابەرانی ئۆپۆزسیونی ناوەوەی ئێرانن هەروەها دەڵێن کە خۆیان لە پێشرەوانی خەبات بە دژی شا و کاربەدەستانی هەرە پایەبەرزی پێشووی کۆماری ئیسلامی بوون .برای بەرێز لە کوردستانی باشوردا بنەماڵەگەرایی تا ناخی سیاسەت رۆیشتووە ئەوە تەنها یەکیەتی و پارتی نیین کە بنەماڵەکان دەستیان بەسەر داگرتووە، تەنانەت حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش وان بۆ نموونە من خەلک دەناسم نە نوێژ دەکا نە رۆژو دەگرێت بەڵام چونکو بنەمالەکەی سەربە حیزبێکی ئیسلامیە ئەویش لەسەر ئەو حیزبە حەسێبە، جەنابیشت هەرچەند بە قسە لە پارتی هەڵگەراویتەوە بەڵام هێشتا بە قسەکانتدا واهەستدەکەم نزیکتر لە پارتی بیت، تاوەکو هەر حیزبێکی تر.بەداخەوە ئەم پۆلین کردنە تا رادەێکی زۆر راستە.هەرچەند من نامەوێت کوردستان لەگەڵ تونس و میسر بەراورد بکەم چونکو لانی کەم ئەوان وڵاتی سەربەخۆن، بەڵام لەسەر ئەوباوەڕم هێشتا بارۆدۆخ و بێزاری لە کوردستان نەگەیشتوەتە ئاستی تەقینەوەو بێزاری تەواو .راستە خەلکی هەژار زۆرن راستە ناعەداڵەتی گەورە بوونی هەیە، راستە خزمەتگوازری تا رادەیەک کەمە، بەڵام لە بیرت نەچێت بەشی هەرە زۆری خەلک تێرن و بە نانی شەو موحتاج نیین کە میسر و تونس وانەبوون و وا نیین، لەپاڵ ئەو هەموو راگەیاندنە حیزبییەدا چەند گۆڤارو رۆژنامەو سایتیش هەن کە قسەی خەلک دەکەن و نیشانەی بوونی لانی کەمی دیموکراسییە کە برام میسرو تونس، یەمەن وانەبوون .بەڵام ئەمە بەو مانا نییە کە دوساڵی تریش هەروا دەبێت.لەگەڵ بوونی بەرپرسی گەندەڵ و سیستەمی حوکمڕانی کۆن و گەندەل خوڵقێن، مەلای توندرەو و تاریکبین و خەلک بە کافرکەریش هەیە، ( هەر لە سڵێمانی واتە شاری روناکبیران رۆژانە دەیان کیژۆڵەی بێتاوان خەتێنە دەکرێن و لایەک لە جەستەیان لێدەکرێتەوە ) جەهەلات کێشەێکی زۆر گەورەترە لە گەندەڵی کە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات هیچ پرۆگرامێکیان بۆی نییە بە هەردولا راستەوخۆو ناراستەوخۆ پشتگیری لێدەکەن .حوکمدانەکەی د.فەرهاد پیرباڵمان لە بیرە، هەروەها زیندانی کرانی نووسەرێکی سەربە حیزبە حاکمەکەی سلێمانی ماوەیەک لەوەو پێش لەسەر بیروڕای پێشکەوتوو لە سلێمانی، ئەمانە نموونەن بۆ یەکیەتی و پارتی هەروەها سەرۆکی گۆڕانیش پارێزگاری لە سەوابتی ئیسلام (کە بە ئاسانی ئەم سەوابتە بە پێی بەرژەوەندی دەکشێت)بە کارێکی سەرەکی خۆی دەزانێت.جگە لە هەموو ئەمانە کوردستانی باشور کێشەیەکی گەورەی تریشی هەیە هەرلەم رۆژانەدا بوو لە کەرکوک دەیان کەس شەهید و بریندار بوون کە پێنیشان دەدات ئێمە هێشتا تا رادەیەک نەک زۆر کەمیش لە جەنگدایین با پارتی و یەکیەتیش بڵێن کوردستان ئارامە !.ئەوانەی لە کەرکوک شەهید کران بۆ ئەوە بوو کە خەلک لە هەولێر و سلێمانی ئارام بژیین.سەبارەت بە سابیرە فەندیش کە منت پێشوبهاندووە، هەرچەند شوبهاندنێکی هەڵەیە، ئێستا بیربکەرەوە (کە پیاوێکی کامڵیت) تۆ راست بوویت کە مێرمنداڵێکی (١٣) ساڵە بووی یان سابیرەفەندی پێم وابێ وڵامەکەی روونە و مێژوو وڵامەکەی داوەتەوە.

پەراوێزەکان

بابەتەکەی من لە سەر شۆڕشی تونس لەم لینکەدا

http://www.kurdistannet.info/2011/index.php?option=com_content&view=article&id=548:2011-01-18-23-15-06&catid=504:2010-09-04-11-08-56&Itemid=146

بابەتەکەی کاک پێشرەو ئیسماعیل عارف لەسەر بابەتەکەی من لەم لینکەدا

http://sbeiy.com/ku/article_detail.aspx?ArticleID=4017&AuthorID=782

کۆمەڵێک لە بابەتەکانی کاک پێشرەو ئیسماعیل عارف لەم لینکەدا

 http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=7347

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.