ئایا میرە پترۆ دۆلارەکانی کەنداو دەتوانن شارستانی جیهان بکڕن؟ ... ئەردەڵان عەبدوڵڵا

ماوەیەکی زۆرە چاودێری باری سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی وڵاتانی کەنداوی فارسی دەکەم .ئەوەی لێم ڕوونە ئەم ووڵاتانە رۆژ لەدوای رۆژ، ڕٶڵیان لەناو سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئابووری جیهاندا بەهێزدەبێت .دیارە بەشێکی زۆری ئەم دەوڵەتانە لەپاش ساڵانی حەفتای سەدەی پێشوو بوونە دەوڵەتی سەربەخۆ .پێشتر هەموویان لەژێردەستی بەریتانیادا بوون.لەپاش گران بوونی نرخی نەوت و دروستبوونی رێكخراوی ئۆپیکی جیهانی بۆ نەوت، ناوی ئەم دەوڵەتانە هاتە ناو باسی سیاسی و ئابووری جیهانەوە.پێشتر کەس ناوی ئیمارات و قەتەر و کوەیتی نەبیستبوو، بەڵام نەوت و داهاتە زۆرەکەی، وێنە و ناوێکی تری بەم دەوڵەتانە بەخشی .

جوگرافیا/

بۆ هەموو بابەتێکی سیاسی، ناچارین سەرەتا چاوێک بە جوگرافیادا بخشێنین، دەنا هیچ کاتێک ناتوانین هەنگاوێک بەرەوە پێش بڕۆین .ناوچەی کەنداوی فارسی دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی نیمچەدوورگەی عەرەب و باشووری رۆژئاوای ئێرانەوە.درێژی دەگاتە نزیکەی 1000 کم و پانایەکەشی لەنێوان 200 بۆ 300 کم دەبێت .ڕووبەری گشتی دەگاتە نزیکەی 235.000 کم چوارگۆشە1.پلەی گەرما لەم ناوچەیەدا زۆربەرزە، زۆرجار دەگاتە نزیکەی 45 .

لەمبەرو ئەوبەری کەنداوەکەدا، کۆمەڵێک دەوڵەت خۆیان خستۆتە بەرگەرمای ئەم کەنداوە.ئەو وڵاتانەش بریتین لە ( ئێران، عێراق، کوەیت، بەحرەین، قەتەر، ئیمارات، عومان، عەرەبستانی سعودی) بەڵام ئەم باسەی ئێمە پەیوەندی بە عێراق و ئێران نییە، بەڵکە من زیاتر باسی میرنشینە عەرەبیەکانی ئەم ناوچەیە دەکەم.

داهاتێکی زۆرو خەڵکێکی کەم /

لە زۆر وڵاتدا ژمارەی دانیشتوان بەیەکێک لە کێشە گەورەکانی دەژمێرێت، هەمووکاتێک دەوڵەتان چەندین رێوشوێن دەگرنەبەر بۆئەوەی ژمارەی دانیشتوانیان زیادنەبێت، بۆ نموونە لە چین وابۆماوەی پەنچاساڵە، حکومەت یاسای یەک منداڵی بەسەر هەمووچیندا سەپاندووە.دیارە ئەمەش سیاسەتێکی حەکیمانەبوو، دەنا ئێستا ژمارەی دانیشتوانی چین دەگەیشتە 5 ملیار کەس.

بەڵام لەم ناوچەیەدا پرسەکە زۆرجیاوازە.میرنشینەکانی کەنداوی فارسی، کەمی ژمارەی دانیشتوانیان، بۆتە کێشەبۆیان .چۆن ؟ .ئەم ووڵاتانە داهاتێکی زۆریان لە سامانی سروشتی ( نەوت وگاز) دەستدەکەوێت .ئەم داهاتەش لەچاو دانیشتوانی ئەو وڵاتانە زۆر زۆرە.لە پرۆسەی ئاوەدانی و هەنگاونان بەرەو مۆدێرنیتە، ئەم وڵاتانە هەستیان کرد کە خۆیان بەتەنها ناتوانن ئەم پرۆژەگەورانە ئەنجام بددەن، ناچار دەبێت پشت بە هێزی کاری بیانی ببەستن .دیارە ئەم دەوڵەتانە چ لەڕووی پسپۆرو زاناو دکتۆر، چ لە ڕووی هێزی کارەوە، زۆر پێویستیان بە کرێکارو پسپۆری بیانی بوو .یەکێک لە راوێژکارەکانی مەلیک فەیسەڵی سعودیە ووتی (لەناوەراست وکۆتایی حەفتاکاندا، لەسعودیە دوو بۆچوون هەبوون .یەکێکیان دەیووت، ئێمە دەبێت کرێکارو پسپۆری بیانی بهێنین تا لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەو مٶدێرنیزەکردنی وڵاتدا یارمەتیمان بددەن.گرووپێکی تر پێیان وابوو، نەخێر باشترە ئێمە تەنها پشت بەخۆمان ببەستین، هیچ کێشە نییه با پرۆسەی ئاوەدانی دوابکەوێت، تا ئەوکاتەی خۆمان کرێکارو پسپۆرمان دەبێت 2).دیارە لەهیچ کاتێکی مێژوویدا وەکوو ئەمڕۆ پرسی دانیشتوان قسەی لەسەر نەکراوە.ئەم کێشەیە تەنها ئەم ناوچەیە ناگرێتەوە، بەڵکە رۆژئاوای ئوروپاش، هەمان کێشەی کەمی دانیشتوانی هەیە ( یان بە واتایەکی تر کەم بوونەوەی دانیشتوان بەهۆی نەبوونی پرۆسەی خێزان دروستکردن و کەمی منداڵ بوون ) .دۆزینەوەی نەوت و گازی سروشتی، گۆڕانی زۆری بەسەر ئەم وڵاتانە هێنا.ئەم وڵاتانە هەتا نەوتی تێدا نەدۆزرابوەوە، ناویان لە کوولەکەی تەڕیشدا نەبوو، وەلێ کاتێک بۆنە خۆشەکەی نەوت دۆزرایەوە، هەمووجیهان ڕێی کردە ئەم ناوچەیە.گەر سەیری ژمارەی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە بکەین، دەبینین ژمارەیەکی ئێجگار زۆری بێگانە لەم دەوڵەتانەدا دەژین .لە زۆر وڵاتدا ژمارەی بێگانە زۆر لە دانیشتوانە رەسەنەکە زۆرترە.بۆ نموونە لە قەتەر رێژەی بێگانە لەم وڵاتەدا 80% ی دانیشتوان پێک دەهێنێت.کۆی گشتی دانیشتوان دەگاتە 1.699.435.لە بەحرەین کۆی گشتی دانیشتوانی 1.46.814، ژمارەی بێگانە دەگاتە 517.368 کەس 3 .بەڵام لە کوەیت و ئیمارات ئێجگار رێژەکە زۆرترە، بۆ نموونە ئیمارات کۆی گشتی دانیشتوانی دەگاتە 7 ملیۆن کەس 4.هەندێک سەرچاوە دەڵێن نزیکەی 8.200.000 دەبن .لەم ڕێژە زۆرەدا ژمارەی ئەو کەسانەی کە پاسپۆرتی ئیماراتییان پێیە دەگاتە .892 هەزار کەس.لە کوەیت رێژەی بێگانە دەگاتە 60% ی دانیشتوانی ئەم وڵاتە .کۆی گشتی ژمارەی دانیشتوانی دەگاتە 2.750 ملیۆن کەس.دیارە لەم بیست ساڵەی دواییدا رێژە ی بێگانە وا زۆربوو .کاتێک داهاتێکی زۆری نەوت هاتە دەستیان، ئەم دەوڵەتانە پێویستیان بە هێزی کار هەبوو، بۆئەوەی یارمەتییان بدات، دیارە ئەوکات ( دەتوانم بڵێم ئەمرۆش) ئەم دەوڵەتانە لە ڕووی پسپۆرو زانای پزیشکی و ئەندازیارو مامۆستای زانکۆ قووتابخانەکان، هیچیان نەبوو، ناچار ئەم خەڵکانەیان هێنا.گەر سەیری مێژووی ئەم دەوڵەتانە بکەیت، ئینجا بۆت دەردەکەوێت چەندە نەوت و داهاتە زۆرەکەی، چ کاریگەریەکی گەورەی بەسەر ئەم دەوڵەتانەدا کردووە.بۆ نموونە ساڵی 1950 ژمارەی دانیشتوانی قەتەر تەنها 47 هەزار کەس بووە.پاش دەساڵی تر واتە ساڵی 1960 ژمارەکە دەگاتە 59 هەزار کەس.بەڵام لەگەڵ دۆزینەوەی نەوت، بازێکی گەورە بەسەر ئەم رێژەیەدا دەدرێت .ئەمرۆ ژمارەی دانیشتوانی دەگاتە نزیکەی 1.700 ملیۆن کەس.بەهەمان شێوەش ئیمارات .ساڵی 1971 کاتێک ئیمارات بوو بە دەوڵەتی سەربەخۆ و لەدەستی ئینگلیز ڕزگاری بوو( هەرچەندە ئەم دەوڵەتانە یەک چرکە خەباتیان بۆ سەرخۆبوون نەکردووە!) ژمارەی دانیشتوانی 180 هەزار کەس بووە.کەچی ئێستا سەروو 8 ملیۆن کەسە .ئەم بازدانە گەورەیەش کاریەگەری باش و خراپی بەسەر ئەم ناوچەیەدا هێناوە.گەر سەیری عەرەبستانی سعودیش بکەین، ئێستا ژمارەی دانیشتوانی دەگاتە 26 ملیۆن کەس، بەڵام ژمارەی بێگانە لەم دەوڵەتدا دەگات نزیکەی 7 ملیۆن کەس 5.

بەشی زۆری ئەم بێگانانەش خەڵکانی ئاسیاوی بەتایبەت ( هیند، پاکستان، بەنگلادیش، فلیپین، سریلانکی، ئێرانی) رێژەیەکی زۆریان وەکوو کرێکاری رۆژانە، لەبەر گەرمای خۆر کە زۆرجار دەگاتە نزیکەی 45 پلە، کاری تاقەتپرووکێنیان پێدەکەن.لەپاش ئەمانیش ژمارەیەکی زۆری خەڵکانی عەرەبی لە وڵاتانی ( میسر، سووریا، ئوردون، عێراق، لوبنان) لەم وڵاتانە دەژین .دیارە ڕیژەیەکی کەمی ئەوروپی و ئەمریکی هەیە، بەڵام ئەوان لەئاستێکی باشی ژیاندا دەژین .

ژمارەی دانیشتوانی قەتەر

ساڵ

ژمارەی

 دانیشتوان

1950

47.000

1960

59.000

1970

111.000

1978

201.000

1986

369.000

1996

658.000

2010

1.699.435

گەورەترین خەزێنەی نەوت وگازی جیهان /

ئەم ناوچەیە بەگەورەترین خەزێنەی نەوت وگازی جیهان دەژمێرێت.هەندێک شارەزایانی بواری جیۆپۆلیتیک بە ( دڵی) جیهانی دەشووبهێنن.بەپێی هەندێک سەرچاوە، سامانی نەوتی خەمڵێنراو لەم ناوچەیەدا، دەگاتە نزیکەی 163، 5 ملیارد تەن .عەرەبستانی سعودی لەڕووی سامانی نەوتەوە بەگەورەترین ودەوڵەمەندترین وڵاتی جیهان دەژمێرێت.خاوەنی 35.9 ملیارد تەن .کوەیت نزیکەی 13.8 ملیارد تەن .ئیماراتی عەرەبی خاوەنی 13.3 ملیارد تەن نەوتن .لەڕووی سامانی گازی سروشتیشەوە زۆر دەوڵەمەندن، بەتایبەت وڵاتی قەتەر کەنزیکەی 381.000 ملیارد کۆپیک گازی سروشتی هەیە، کە دەگاتە لە 14% یەدەگی گازی سروشتی لەجیهاندا6.

ئەم سامانە سروشتیە زۆرەی ئەم دەوڵەتانە، بوو بەهۆی ئەوەی چ لەڕووی ئابووری و چ لە ڕووی سیاسی، بایەخێکی زۆریان هەبێت و لەناو سیاسەتی نێودەوڵەتیدا ببنە ژمارەیەکی حساب بۆکراوی گرنگ.

گەورەترین داهاتی نیشتمانی و تاک /

سیمایەکی گەورەی ئەم دەوڵەتانە ئەوەیە، کە خاوەنی داهاتێکی زۆری نیشتمانین، دیارە ئەمەش بۆ بوونی نەوت و گازێکی زۆر دەگەڕێتەوە.بەتایبەت لەم چەند ساڵەی دواییدا، پاش ئەوەی کە نرخی نەوت ئێجگار بەرزبوویە، زۆرجار نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتە 100 دۆلار .کاتێک سەیری ئەو داتا و ژمارانە دەکەیت، کەلەم چەند ساڵەی دواییدا دەست ئەم دەوڵەتانە کەوتووە، مرۆڤ تووشی سەرسامبوون دەبێت .بۆ نموونە داهاتی ساڵانەی نیشتمانی دەوڵەتێکی وەکوو ئیمارات گەیشتە نزیکەی 260 ملیارد دۆلار 7.داهاتی تاک دەگاتە نزیکەی 40 هەزار دۆلار.قەتەر داهاتی ساڵانەی نیشتمانی دەگاتە نزیکەی 83.910 ملیارد دۆلار.بەرزترین داهاتی تاکی هەیە لەناوچەکە دا، دەگاتە نزیکەی 68.872 هەزار دۆلار .ساڵی 2009 گەشەی سالانەی ئابووری قەتەر، بەرزترین ڕیژەی تۆمارکرد، گەیشتە 11.5% کەلە چینیش بەهێزتر بوو .وا چاوەڕواندەکرێت ئەمساڵ بگاتە 18.5% .8.گەر سەیری کوەیتیش بکەین، ئەویش لەسەر هەمان ئاواز دەخوێنێت .داهاتی ساڵانەی نیشتمانی دەگاتە 111.34 ملیارد دۆلار .داهاتی تاکی دەگاتە 33.634 هەزار دۆلار 9.لەکاتێکدا ساڵی 2009 هەموو جیهان تووشی کێشەی ئابووری بوو، کەچی میرنشێنەکانی کەنداو زۆرترین قازانجیانکرد.زیاتر لە 380 ملیار دۆلاریان لە فرۆشتنی نەوت وگاز دەستکەوت 10.بوونی ئەم داهاتە زۆرەی نەوت، وایکردووە کە ڕێژەیەکی ئێجگار زۆر لە خەڵکی ملیۆنێر و ملیاردلێر پەیداببن .بۆ نموونە تەنها لە وڵاتی ئیماراتی عەرەبی زیاتر لە 79 هەزار ملیۆنێر هەیە، سامانی هەمووویان دەگاتە نزیکەی 91 ملیار دۆلار .دیارە بەشێکی زۆریان دەکەونە میرنشینی ئەبوظبی یەوە11.بوونی ئەم هەموو ملیۆنێر وملیاردلێرە، کۆمەڵێک گۆرانکاری کولتووری و ئابووریان لەگەڵ خۆ هێناوە.

سندوقی نیشتمانی /

یەکێک لە سیاسەتە گرنگەکانی ئەم دەوڵەتانە، دروستکردنی سندوقی تایبەتی بانکیە، بۆ ئەو پارە زۆرەی کە لە نەوت و گاز دەستیان دەکەوێت.ئەم دەوڵەتانە پاش ئەوەی بودجەی ساڵانەی خۆیان دادەنێن، ئەو پارەیەیەی کە لەخۆیان زیادە، ساڵانە دەیخەنە ناو ئەم سندوقەوە، کەبە سندوقی ( سیادی) دەناسرێت .ئەم سندوقەش زۆرجار وەکوو کۆمپانیایەکی حکومی، هەوڵی سەرمایەگووزاری ئەم پارەیە دەکات، بۆئەوەی قازانجی زیاتریان دەستبکەوێت .هەروەها زۆرجاریش وەکوو کۆمپانیایەکی بازرگانی لە بازاڕ و بۆرسەکانی جیهان کاردەکەن .دیارە ئەم سندوقانە لەزۆر بواری جیاجیادا سەرمایەگوزاری دەکەن ( پیشەسازی، گەشتووگوزار، بانک، بۆرسە جیهانیەکان ) .هەموو دەوڵەتانی کەنداو جگە لە عەرەبستانی سعودی، سندوقەی سیادیان هەیە .دەوڵەمەندترینیشیان، سندوقەی سیادی ئیماراتیە، کە سەرمایەکەی دەگاتە نزیکەی 800 ملیارد دۆلار 12.جێگای ئاماژەیە لە جیهاندا چەندین سندوقەی سیادی هەنە لەوانە ( سندوقەی سیادی سینگاڤوور، نەرویژی، تایوانی، چینی ) .سندوقەی سیادی ئیماراتی کەبە المجلس الإستثماري لحكومة أبوظبيADIA" ناسراوە، دەوڵەمەندترین سندوقی سیادی جیهانییه .

لە کڕینی حوشترەوە بۆ کڕینی فیراری و یەخت و فرۆکەی بۆینگ

هەتا ماوەیەکی زۆر لە بیابانی عەرەبیدا سەروەت و سامانی پیاوێکی دەوڵەمەند بەوە دەپێورا، کە خاوەنی چەندە سەر حوشترە.لە بیابانی عەرەبیدا حوشتر جێگایەکی تایبەتی هەیە لەناو ئاژەڵەکاندا.دیارە ئەوەش بەحوکمی گرنگی ئەم گیانلەبەرە، دەتوانێت بەرگەی گەرماو تینێتی زۆر بکات.وەلێ لەپاش دۆزینەوەی نەوت وگاز لە سەحرای عەرەبیدا، حوشتر هەمان ڕۆڵی جارانی نەما .بوونی داهاتێکی زۆری ئابووری، وایکرد کە ئەم میرنشینانە لە ڕووی دەرەکیەوە پۆشاکی خۆیان بگۆڕن .لەساڵانی هەشتای سەدەی پێشوەوە، میرانی کەنداو لە میدیای رۆژئاواییدا، وێنەی کەسێکی پارەدارو خۆشگووزەرانی لەخۆگرت.میدیاکانی رۆژئاوا پڕیەتی لە هەواڵی کڕین و فرۆشتنی شمەکە زۆرەکانی میرەکانی کەنداو.لەپڕ گوێت لێدەبێت کە فڵانە میری کەنداو هۆتێلێکی گرانبەهای پاریس کڕی .یان فرۆکەیەکی گرانبەهای کڕی .بەتایبەت لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەم هەواڵانە زۆربوون .بۆ نموونە پێش ماوەیەک میرنشینی قەتەر، سەفقەیەکی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە کرد، کە بریتی بوو لە کڕینی سەرفانیلەی بەرشەلۆنە، بە بڕی 200 ملیۆن دۆلار 13.میرنشینی قەتەر لەهەموویان زیاتر بەدوای ناو وشۆرەتدایە .لەم چەند ساڵەی دواییدا کۆمەڵێک بیناو پرۆژەی گەورەی لە ئەوروپا بەتایبەت پاریس و لەندەن کردووە.سەرمایەگووزاری قەتەری تەنها لە بەریتانیا گەیشتە نزیکەی 10 ملیارد پاوەندی ئینگلیزی.کۆمەڵیک پرۆژەو کۆمپانیای گرنگیان لەم ووڵاتەدا کڕیوە.بۆ نموونە لە 20% پشکی کۆمپانیای تشیلسفیلف یان کڕی .ئەم کۆمپانیایە خاوەنی کۆمەڵێک پرۆژەی بیناسازیە لە لەندەن .هەروەها کۆمپانیای ئاووی بەریتانیاش بە بەڕی 8 ملیارد پاوەند کڕی .هەر ئەمساڵیش 8% ی پشکی بانکی بارکلیزی کڕیوە14.لەهەمووشیان گرنگتر کڕینی بازاری هارودز بوو، کە بایی 1.5 ملیارد پاوەند بوو 15.ئەم بازارە یەکێکە لەبازارەگەورەکانی جیهان.لە ئەڵمانیاش کۆمەڵێک کۆمپانیاو پرۆژەی گەورەیان کڕیوە، لەوانە بەشێکی زۆری پشکەکانی کۆمپانیای ( پۆرشە، فۆلکس ڤاگن.هۆخ تیف) یان کڕیوە16.جگە لەکۆمەڵێک پرۆژەی تر .لەم چەند ساڵەی دواییشدا کڕینی یانەی مانشستەر سیتی لەلایەن میرەکانی ئیماراتەوە، بوو بەجێگای باسی میدیاکان .کاتێک سندوقی سیادی ئیماراتیش تەلاری کۆمپانیای کرایسلەری لە نیۆرک کڕی، ئەمەریکایەکان زۆریان پێ ناخۆش بوو.هەفتەی ڕابووردوش یەکێک لە میرەکانی بنەماڵەی ئال سعود، کۆنترین و گرانترین هۆتێلی شاری پاریسی کڕی .ئەم هۆتێلە پێشتر کۆشکی مەلیکی فەرنسا بووە.ساڵی 1758 دروستکراوە ناوی کۆشکی( دي لا كونكورد)، میرێکی بنەماڵەی سعودی بە بڕی 250 ئۆیۆن ئویرۆی کڕی 17.

جێگای ئاماژەیە هاتنی سەرمایەی عەرەبی بۆ ڕۆژئاوا، بەگەرمی و خۆشیەوە پێشوازی لێناکرێت، بەڵکە بە پێچەوانەوە رۆژئاوایەکان زۆر بە ترس و گوومانەوە سەیری ئەم سەرمایە عەرەبیە دەکەن.بۆ نموونە پێش چەند ساڵێک لەمەوپێش، ئیمارات دەیوویست بەندەرێکی گەورەی کالیفۆرنیا بکڕیت، بەڵام کۆنگرێسی ئەمەریکی دژی ئەم کارە وەستایەوەو نەیهێشت ئەم کارە سەربگرێت .

بۆچی میرە عەرەبیەکان لە رۆژئاوا سەرمایەگووزاری دەکەن ؟

ئەم مەسەلەیە نەک لای من بەڵکە لای زۆربەی پسپۆرانی بواری سیاسی و ئابووری، رۆهەڵات و رۆئاوا دەکرێت .وەلێ بە بڕوای من ئەم کۆچی سەرمایەیە عەرەبیە بۆ باکوور، دەگەڕێتەوە بۆ سێ هۆکار :

1 .هۆکاری ئابووری /

ئامانجی بنەڕەتی هەموو سەرمایەگووزاریەک، دەستکەوتنی زۆرترین قازانجە.دیارە سەرمایەی عەرەبیش بەهەمان شێوە بەدوای دەستکەوتنی قازانجی زۆرەوەیە .هەربۆیە باڵندەی سەرمایەی خۆی، بەرەو باکوور دەفرێنێت.

2.هۆکاری سیاسی/

ئەم میرنشینانە بەگشتی هیچ کامیان خاوەنی سیستەمێکی دیموکراتی و ئازاد نین، بەڵکە زۆربەیان پێشتر سەرۆک خێڵ بوون و ئینگلیز کردوونی بە حاکمی ئەم ناوچەیە .لەبەرئەوە‌ی هیچ کاتێک پشت بە شەفافیەت و ئازادی نابەستن، هاوڵاتی ئەم وڵاتانە نازانن داهاتی دەوڵەتەکەیان چەندە .بەشێکی زۆریان لەترسی خەڵکی، لەترسی پلان و کودەتا، ترسیان هەیە سەرمایەکانیان لە وڵاتەکەی خۆیاندا دابنێن .بەشێکی زۆری ئەم دەوڵەتانە، هیچ بودجەیەکی شەفاف و داهاتی نەوت بە تەواوی دیارنییه .کەس نازانێت چەندی لەم داهاتە دەستدەکەوێت، یان مەلیک و میرەکان چەندیان لەم داهاتە دەستدەکوێت .

3.هۆکاری دەروونی ( گرێی خۆبەکەم زانینن)/

ئەمڕۆ لەپاش 11 سێپتەمبەرەوەو بەگشتی وێنەی عەرەب لای رۆژئاوایەکان، وێنەیەکی نێگەتیڤی هەیە .کەسایەتی عەرەبی لای بەشێکی زۆری خەڵکی رۆژئاوا، بە کەسایەتیەکی ناشارستانی دادەنرێت .دیارە میدیاکانیش تارادەیەکی زۆر رۆڵیان هەبووە لە دروستکردنی ئەم وێنەیە.بەڵام عەرەبەکانیش خۆیان بەشدارن لە نەخشەکێشانی ئەم وێنە ناشرینەی خۆیان .بە بڕوای من ئەم دۆخەی کەسایەتی عەرەبی بەگشتی و کەنداو بەتایبەتی تووشی نەخۆشێەکی دەروونی کردووە، کەزۆرجار هەوڵ دەدات بەرامبەر رۆژئاوادا واهەست بکات کە هیچی پێ نییه یان کەسێکی نابووتە.بەتایبەت میرنشینەکانی کەنداو، دەیانەوێت لە ڕێگای کڕینی ڤیلاو هۆتێلی گرانبەهاو شمەکی دەگمەن، ئەو هەستی خۆ بەکەم بوونەیان لەبەرامبەر رۆژئاوایەکان نەهێڵن .لەم چەند ساڵەی دواییدا، هەندێک میری کەنداو بەوەشەوە نەوەستاوون، خوویان داوەتە کڕینی وێنە گرانبەهاکانی جیهان، زۆرجاریش لەگەڵ میرەکانی تر یان دەوڵەمەدەنکانی تر، دەکەونە موونافەسەو جەنگی لاوەکیەوە18.

کۆنترۆڵکردنی میدیای عەرەبی /

کۆتایی ساڵی حەفتاکانی سەدەی پێشوو داهاتی گشتی عێراق زۆربوو، بەعسیەکان دەستیانکرد بە کڕینی کۆمەڵیک رۆژنامەو گۆڤاری عەرەبی بەتایبەت لە لوبنان و فەرەنساو بەریتانیا.ئەوکات لەوێندەر زۆر گۆوارو رۆژنامەی گەورەی عەرەبی چاپدەکران.ئامانجی سەرەکی بەعسیش لەم سیاستەیدا، کۆنترۆڵکردنی میدیای عەرەبی و بەکارهێنانی دژی نەیارەکانی بوو.وەلێ پاشان بەحوکمی جەنگی ئێران و عێراق، خەزێنەی بەعس ڕووی لە کزی بوو.وەلێ بەعس ئەم سیاسەتەی بۆ خلیجیەکان بەجێهێشت .سەرەتا عەرەبستانی سعودیە هاتە ناومەیدانەوە.هەر لەسەرەتای هەشتاکانەوە دەستی کرد بە کڕینی کۆمەڵێک رۆژنامەو گۆڤاری عەرەبی .گرنگترینیان رۆژنامەی ( الحیاة) ی لوبنانی بوو .ئەم رۆژنامەیە بەربڵاوترین رۆژنامەی عەرەبی بوو .پاشان لە لەندەن دەردەچوو.پاش ئەمیش رۆژنامەی ( الشرق الاوسط ) و گۆڤاری ( المجلة) یان دامەزراند .لەپاش ساڵی نەوتەوە، کاتێک مۆدێلی سەتەلایت پەیدابوو، سعودیە یەکەمین کەنالی سەتەلایتی ( ئیم بی سی) لە لەندەن کردەوە.ئەمەش سەرەتای سەتەلایتی عەرەبی بوو.لەپاش سعودیە دەوڵەتانی قەتەر و ئیماراتیش هاتنە ناو مەیدانی میدیاوە.قەتەر کەناڵی جەزیرەی کردەوە.پاشتر بوو بەیەکێک لە کەناڵە بەهێزەکانی جیهانی عەرەبی .ئەمڕۆ ئەم کەنالە یەکێکە لە دەزگا گەورەکانی جیهانی عەرەبی و جیهان .گەر ئەمڕۆ سەیری میدیای عەرەبی بکەین، دەبینین بەگشتی لەژێردەستی میرەکانی کەنداوان.بۆ نموونە گرنگترین کەناڵی تیڤی عەرەبی ئەمانەن ( رۆتانا، ئیم بی سی، عەرەبییه" کە چەند میرێکی سعودی خاوەنیانن.پاش ئەوان کۆمەڵە کەناڵەکانی جەزیرە، سیاسی و وەرزشی و دۆکۆمێنتی، کە خاونەکەی میری قەتەرە.) جگە لەوکۆمەڵە میدیا زۆرەی کەلە بوارەکانی ئایینی و سەلەفیەتدا هەیە، گرنگترینیان کەناڵی( اقرا) کەئەویش هی عەرەبستانی سعودیە..پارادۆکس لەوەدایە بەشێکی زۆری کەناڵە ئایینی و سەلەفیەکان، لەگەڵ کەناڵی گۆرانی و خۆشی و سەماو مۆزیک، خاوەناکانیان میرەکانی سعودیەن .ئەمڕۆ میرەکانی سعودیە کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری میدیای عەرەبیان کردووە، چ ئەو کەناڵانەی ئیسلامین یان دژە ئیسلامین .لەلایەکی تریشەوە دەستیانکردووە بە کڕینی زۆربەی زۆری قەلەم و رۆژنامەنووسە گەورەکانی عەرەب، بەتایبەت لوبنانی و میسری وعێراقی.ئەمڕۆ گەر سەیری ئەوکەناڵ و رۆژنامانە بکەیت، بەشێکی زۆری کارمەندەکانیان خەڵکی لوبنان و میسر وعێراقن.هێشتا ئەم دەوڵەتانە نەیانتوانیوە لە ڕووی پیشەیی و پسپۆریەوە، کادیری ئیعلام بۆ خۆیان دروستبکەن .

بەڵام ئایا مەبەستیان لەکۆنترۆڵکردنی ئەم بوارە چییه؟ ئەمەش بە بروای من د ەگەڕیتەوە بۆ دوو هۆ :

یەکەم : ئەم دەوڵەتانە لەپێش هەموویانەوە عەرەبستانی سعودی، دەیەوێت کۆنترۆلی میدیای عەرەبی بکات، تا ڕۆڵی سیاسی و فەرهەنگی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت .

دووەم : بۆئەوەی ڕێگا لە ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆیان بگرن، بۆ ئەوەی هیچ کاتێک میدیای عەرەبی لەدژی دەسەڵاتی ئەوان بەکارنەیەت .

دیارە جگە لە میدیا، ئەمڕۆ هەوڵیان داوە کۆنترۆڵی دراماو موزیکی عەرەبیش بکەن .بۆ نموونە ئەمڕۆ بەشێکی زۆری درامای سووری و میسریەکان، لەلایەن ئەو کۆمپانیایانەوە بەرهەم دەهێنرێت، کە خاوەنکانیان خلیجین .ئەمەش دیسانەوە ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت، کەچۆن داهاتی نەوت دەتوانێت نەک ژیانی ئابووری و سیاسی کۆنترۆل بکات، بەڵکە دەتوانێت ژیانی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی خەڵکیش کۆنترۆل بکات .

دروستکردنی شارستانی نوێ /

ئەوەی چاودێری ناوچەی کەنداوبکات، دەبینیت ماوەی چەند ساڵێکە بەشێکی زۆری ئەم دەوڵەتانە دەستیانکردووە بە پرۆسەیەکی بیناسازی ئێجگارگەورەو سەیروسەمەر .بەتایبەت دوبەی.ئەمڕۆ دوبەی بۆتە جێگای باس و هەواڵی جیهان .ئەڵمانیەکان ئەم شارەیان ناوناوە شاری ( Superlativ، هەرەبەرز) لەم چەند ساڵەی دواییدا دوبەی کۆمەڵێک پرۆژەی سەیروسەمەری دروستکردووە، هەر لەدروستکردنی هۆتێلی 5 ئەستێرەی گەورەی وەکوو ( بورج عەرەب) تا دروستکردنی دوورگەی دارخورما و جیهان.دروستکردنی بەرزترین تەلاری جیهان ( بورج خەلیفە) .ئەم پرۆژانەش ڕاستە لایەنێکی ئابووریان هەیە، کەبۆ مەبەستی قازانج دروستکراون، بەڵام لەهەمانکاتیشدا پەیامێکی کولتووریشیان هەیە .ئەم دەوڵەتانە لەڕووی مێژوویەوە تووشی گرێیەکی دەروونی بوون، چونکە هیچ بەشداریەکی واییان نییه لە مێژووی شارستانی ناوچەکەو جیهان .بۆ نموونە میسرو عێراق و سووریا، لە چەندین قۆناغی مێژووی ئیسلامی و کۆندا، ڕۆڵیان هەبووەو خاوەنی کۆمەڵێک پێگەی شارستانی کۆنن .بەڵام ئەم دەوڵەتانە هیچ سەردەمێک ناویان لەناو کوولەکەی تەڕیشدا نەبووە.پێش ماوەیەک لە کەناڵی دوبەی ریکلامی گەشتیاری بۆ شاری دوبەی دەکرد.لەناو ریکلامەکەدا کۆمەڵێک وێنەی سەیرم بینی .سەرەتا ئەهرامی میسری پیشاندا، ئینجا زەقوورە و کۆشکە هەڵواسراوەکەی بابل، پاشان بورجی ئیفل، لەکۆتایشدا هۆتێلی بورج عەرەب .لەکۆتایی فیلمەکەدا دەیووت ( ئێستا کاتی ئێمەیە!) .دیارە هەر دوبەی نییه، بەڵکە هەموویان بەتایبەت قەتەر، ئەویش لەم چەند ساڵەی دواییدا پەتای بینای گەورەی گرتووە.کۆمەڵێک بینای گەورو هۆتێلی 5 ئەستێرەی دروستکردووە.دیارە بۆ دروستکردنی ئەم شارستانییه نوێیه‌ش تەنها پشت بە کرێکار و پسپۆری بیانی دەبەستن .کێشەکە لەوەدایە کە خەڵکی ئەم ناوچەیە، هیچ بەشداریەکی بەرچاویان لەم پرۆسەیەدا نییه .کاتێک سەیری شارستانی میسری و یان میزۆپۆتامیا یان ئەوروپی دەکەیت، خەڵکی ئەم ناوچەیە خۆیان بەدەست وبازووی خۆیان ئەم شارستانیەیان دروستکردووە.بەڵام لێرە وانییه .

سازدان و بەستنی فیستیفاڵ وکۆبوونەوەی جیهانی /

سیمایەکی تری ئەم دەوڵەتانە، لەم چەند ساڵەی دواییدا کۆمەڵێک فیستیفاڵ و کۆبوونەوەی گەورە لەم ووڵاتانەدا سازکران .بگرە ئەمەش بۆتە بەیەکێک لە سیاستەکانیان .بەتایبەت لەهەردوو بواری وەرزش و سیاسەتدا.ئەمڕۆ دوبەی ودەوحە وئەبوزەبی، دەیانەوێت کێبرکیی نیۆرک و پاریس و لەندەن بکەن .رۆژانە یان فیستیفاڵی وەرزشی یان کۆبوونەوەی زانستی و سیاسی دەکرێت .زۆرجار بۆ سازدانی ئەم جۆرە کۆبوونەوانەش پارەی خەیاڵی سەرف دەکەن .بۆ نموونە پێش چەندساڵێک لەمەوپێش، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بیل کلینتون، بۆ سازدانی کۆرێک لە دوبەی، بڕی 400 هەزار دۆلاری وەرگرتبوو.ئەمەش بوو بەیەکێک لە هەوالەگرنگەکانی ئەوکات.ئایا چی وادەکات لە میری دوبەی، ئەم هەموو پارەیە لەم کۆرو میهرەجانانە سەرف بکات؟ .ئەم نەخۆشیە تەنها ئیماراتی نەگرتۆتەوە، بەڵکە قەتەر لەمە زیاتر دەکات .لەم چەند ساڵەی دواییدا قەتەر خۆی لەهەموو مەسەلەیەک هەڵدەقوورتێنێت .ئەمەش بۆتە هۆی ناڕەزایی لای دەوڵەتانی تر بەتایبەت میسرو سعودیە.کێشەی میری قەتەر لەوەدایە، لەڕووی جەسەدیەوە زۆر گەورەوقەبەیە، بەڵام ووڵاتەکەی زۆر بچووکە.هەربۆیە زۆرجار خۆی دەخاتە ناومەسەلەی گەورەوە بۆ نموونە لەم چەند ساڵەی دواییدا خۆی تێکەڵی کێشەکانی ( فەلەستین، لوبنان، سودان، یەمەن) کردووە.لەدوا کارەکانی ئەم میرە عەرەبیە، سازدانی جامی جیهانی تۆپی پی 2022 .هەرچەندە لەناوجیهاندا نارەزایی زۆر دەربرا، چونکە هیچ کاتێک قەتەر بەشداری جامی جیهانی نەکردووەو هیچ کاتێکیش یاریزانێکی باشی بەرهەم نەهێناوە.قەتەر تەنها دەیەوێت ناوو شۆرەتی خۆی دروستبکات، دەنا باوەرناکەم لەڕووی ئابووریەوە هێندە قازانج بکات .چونکە بۆ سازادانی ئەم فیستیفاڵەگەورەیەی جیهان، پارەیەکی خەیاڵی سەرف دەکەن .

پێدەچێت سازدانی ئەم کۆبوونەوەو فیستیفاڵانەش، لەڕووی ناو شۆرەتەوە کەمێک خزمەتیان بکات، بەڵام چ لە رووی سیاسی یان ئابووری یان فەرهەنگی، هیچ خزمەتێکی ئەم ناوچەیە ناکات .

جەنگی نێوان شارستانی و خێڵ/

راستە ئەم دەوڵەتانە لەڕووی بیناسازی و ئامێری مۆدێرن و تەکنەلۆژیای نوێ، تارادەیەکی ئێجگار باش پلەیەکی باشیان بەدەستهێناوە.بەڵام لەڕووی فکری و کۆمەڵایەتی و سیاسیەوە، هێشتا نەیانتوانیوە خۆیان بخەنە ریزی سیستەمی نویی جیهانیهەوە.ئەمەش نووسەری ناوداری عێراقی عەلی وەردی بە جەنگی نێوان ( شارستانی و خێڵ، صراع الحضارة والبداوة) وەسفی دەکات .هێشتاوەکوو سیستەمی خێڵایەتی بەسەر ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم دەوڵەتانە زاڵە.هێشتا ژنان بۆیان نییه بەبێ مێردەکان یان وەلی ئەمری پێ بنێنە دەرەوەی دەرگای مالەکەی خۆیان بەتایبەت لە عەرەبستانی سعودی.راستە لە دوبەی کۆشکی مۆدێرن و هۆتێلی 5 ئەستێرە، ریستۆرانتی گەورە هەیە، بەڵام کاتێک کە کچ و کوڕێک یەکتری ماچ بکەن دەبێت سزابدرێن چونکە ئەمە لەگەڵ یاسای ئیماراتدا نایەتەوە.ئەوەی کەئەمڕۆ قسەی لەسەر دەکرێت، ئایا ئەم جەنگەی نێوان شارستانی و عەقلی خێڵایەتی چەندە بەردەوام دەبێت ؟ ئایا ئەم دەوڵەتانە بەراستی دەتوانن لەگەڵ ژیانی نوێی مرۆڤایەتیدا تێکەڵ بن ؟ .

دەرئەنجام /

ئەوەی کە زۆر ڕوون و ئاشکرایە ئەم دەوڵەتانە هێشتا قۆناغیکی زۆریان ماوە بۆئەوەی بتوانن ببنە هێزێکی جیهانی و شوێن پێی خۆیان بەسەر سیاسەتی ئابووری و سیاسی جیهاندا بسەپێنن.بەڵام لەهەمان حالەتیشدا بوونی سەرمایەیەکی زۆری عەرەبی، کە بە 2 بۆ 3 هەزار ملیارد دۆلار مەزندە دەکرێت .ئەم سەرمایە زۆرە، بۆچوون و هزری چۆنە بۆ ژیان؟، چۆن دەتوانێت پێگەی خۆی لەجیهاندا بەهێزبکات ؟ ئەمانەو چەندین پرسیاری تر، کەپێویستە بە ووردی هەوڵی شرۆڤەکردنیان بددەین .بە بڕوای من دەوڵەتەکانی کەنداو ناتوانن لەسنووری عەرەبی و ئیسلامی زیاتر بپەرێنەوە، چونکە ئەوان هێشتا لەڕووی فکری و مۆڕالیەوە زۆر لەپاش شارستانی رۆژئاواو چین و هیندن.ئەمان دەتوانن تەنها رۆلی تەواوکەر یان خزمەتکاری شارستانیەکانی تر ببینن .

 سەرچاوەکان :

1.Persische Golf.www.Wikipedia.org.Deutsch.Der

House of Saud.Geschichte am Mitwoch.08.02.2008.www.arte.tv.de.2.

3.Katar.www.Wikipedia.org.Deutsch

Vereinigten Arabischen Emirate.www.Wikipedia.org.Deutsch 4

Saudi arabien.www.Wikipedia.org.Deutsch.5

6.Der Persische Golf www.Wikipedia.org.Deutsch,

7..www.Auswertigeamt.de Vereinigten Arabischen Emirate

8..الانفاق العام يحد من تراجع اقتصادات الخليج.سایتی بی بی سی .1ی مارسی 2009

9.Kuwait , Katar.www.Wikipedia.org.Deutsch

10.الانفاق العام يحد من تراجع اقتصادات الخليج.سایتی بی بی سی .1ی مارسی 2009

11.غياب العمل الخيري في الإمارات رغم الثروات الطائلة.سایتی الجزیرة نت.25.06.2008.

12.أبوظبي تشتري بناية كرايسلر في نيويورك.سایتی بی بی سی .10، یولیو، 2008

13.نادي برشلونة يبرم صفقة إعلانات قياسية.سایتی بی بی سی .10.12.2010

14.، تدوير اموال الغاز القطرية في شراء الاصول البريطانية.سایتی .بی بی سی.09.05.2010

15.هەمان سەرچاوە.

16.Nils-Viktor Sorge.Deutsche Firmen in Katar.WWW.Spiegel.de.09.12.2010

17.أحد أعضاء العائلة المالكة السعودية يشتري فندقا فخما في باريس.سایتی .بی بی سی.23.12.2010

18.صراع خفي بين الأثرياء العرب على الفن النادر.سایتی .بی بی سی.31.05.2010

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.